ئێران بە هاوکاریی ڕوسیا هێرشەکانی بۆسەر ئەمەریکا لە کوردستان چڕدەکاتەوە

04:10
02/09/2023
کوردستان مۆنیتەر

فۆتۆ: میدیاکان

هاوبەشی بکە

تاک
ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆستی ئەمەریکی لەڕاپۆرتێکدا ئاشکرای کرد، ئێران هەوڵدەدات هێرشە کوشندەکانی بۆسەر سەربازە ئەمەریکییەکان لە سوریا و ڕۆژئاوای کوردستان پەرەپێبدات، ئەمەش لە چوارچێوەی ستراتیژێکی پاڵپشتیکراوی ڕوسیادایە بۆ ناچارکردنی ئەمەریکا بۆ کەمکردنەوەی بوونی خۆی لە ناوچەکەدا.
ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوە کردووە، ئەو ڕاپۆرتە نهێنییە ئەمنییە دزەپێکراوانەی کە لەلایەن چەند بەرپرسێکی هەواڵگرییەوە بڵاوکراونەتەوە، سەرچاوەی ئەم ڕاپۆرتە تایبەتەی واشنتۆن پۆستە.
ئەم ڕاپۆرتە باس لەوە دەکات، ئێران هەوڵدەدات لە سوریا هێرش بکاتە سەر هێزەکانی ئەمەریکا بە بەهێزکردنی گرووپە چەکدارەکان، لەوانەش ڕاهێنان ‌و تەیارکردنی گرووپە هاوپەیمانەکانی ئێران بۆ بەکارهێنانی بۆمبی بەهێزتری ڕۆخی ڕێگاکان بۆ بە ئامانجگرتنی زرێپۆشەکانی ئەمەریکا، هاوشێوەی ئەو بۆمبانەی کە گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران لە کاتی داگیرکاریی ئەمەریکادا لە عێراق بەکاریان دەهێنا.
ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن، ئێران پلانی هەیە هێرشەکانی بۆ سەر هێزەکانی ئەمەریکا چڕتر بکاتەوە لەگەڵ خێراتربوونی پێشهاتە دیپلۆماسییەکان لە ناوچەکەدا، لەوانەش مەزەندە دژبەیەکەکان سەبارەت بە ئەگەری ڕێککەوتنی کاتی لەسەر بەرنامەی ناوەکی ئێران.
هەرچەندە لەم ڕاپۆرتانەدا هیچ ئاماژەیەک بە ڕۆڵی ڕاستەوخۆی مۆسکۆ لە پلاندانان ‌و جێبەجێکردنی هێرشی سەربازی بۆ سەر ئامانجە سەربازییەکانی ئەمەریکا نییە، بەڵام بەڵگەی بوونی چالاکانەی کاربەدەستانی ڕوسیا لە ئاڕاستەکردنی هەوڵی دژە ئەمەریکا هەیە، کە پێشتر بەو هەمەلایەنیی‌ و چڕییە ڕانەگەیەنراوە.
ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست بەکارهێنانی بۆمبی پێشکەوتووی ڕۆخی ڕێگه‌کانی بە "چڕکردنەوەی هەڵمەتی درێژخایەنی ئێران بۆ بەکارهێنانی میلیشیاکان بە وەکالەت" لە دژی ئەمەریکا لە سوریا وەسف کردووە.
ڕۆژنامەکە بە پشتبەستن بە ڕاپۆرتێکی هەواڵگریی کە لەناو کۆمەڵێک بەڵگەنامەی هەواڵگریی ئەمەریکادا دۆزراوەتەوە، دەڵێت، کە بەرپرسانی سوپای قودس سەرکردایەتی ‌و هەڵسەنگاندنیان بۆ تاقیکردنەوەی تەقەمەنی لە ناوچەی ئەلزەمیر لە دەوروبەری دیمەشق لە کۆتایی مانگی یەکدا کردووە و لەم تاقیکردنەوەشدا بۆمبە تەوقیتکراوەکە سەرکەوتوبوو لە شکاندنی زرێی تانکەکە.
هەر وەک ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست ڕاپۆرتێکی تری ئەمنی بڵاوکردەوە، کە باس لە فراوانکردنی هەوڵە ستراتیژییەکانی ڕوسیا دەکات بۆ دەرکردنی ئەمەریکا لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا (ڕۆژئاوای کوردستان).
بە گوێرەی ئەو بەڵگەنامە دزەپێکراوانە، تاران، دیمەشق ‌و مۆسکۆ پلانیان دانابوو ناڕەزایی جەماوەری ‌و گشتیی دژی بوونی ئەمەریکا لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا (ڕۆژئاوای کوردستان)  بوروژێنن‌ و بەرپرسانی باڵای هەواڵگری ‌و سەربازیی ئەو سێ وڵاتە لە مانگی نۆڤەمبەری ساڵی ڕابردوو بڕیاریان داوە (ناوەندێکی هەماهەنگی) بۆ بەڕێوەبردنی ئەو هەڵمەتە دابمەزرێنن.
زۆرێک لە شارەزایان ‌و شرۆڤەکارانی کاروباری سەربازی‌ و نێودەوڵەتی بە ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆستیان وتووه‌، بە هۆی داڕمانی پلانی کاری هاوبەش (ڕێککەوتنی ناوەکی لەگەڵ ئێران)‌ و پەلاماری ڕوسیا بۆ سەر ئۆکرانیا، پەرەسەندنی هێرشە چەکدارییەکانی سەر بە ئێران دژی ئەمەریکییەکان لەباریاندا هەیە ببنە هۆی دەستپێکردنی خولێکی مەترسیداری گرژکردنی دۆخەکە.
هەر چەندە وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا هیچ لێدوانێکی لەسەر ئەم ڕاپۆرتە دزەپێکراوانە نەداوە، بەڵام دوو بەرپرسی ئێستا و بەرپرسێکی پێشووی حکومەتی ئەمەریکا کە دەستیان بە زانیارییە هەستیارەکان گەیشتووە، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئەم ڕۆژنامەیە پشتڕاستیان کردەوە کە ئێران هەوڵەکانی چڕتر دەکاتەوە بۆ هێرشکردنە سەر ئامانجەکانی ئەمەریکا لەسوریا.

سەرچاوە
https://www.sharpress.net/all-detail.aspx?Jimare=219320

#ئێران #ئەمەریکا #سوریا #سوپای_پاسداران #ڕۆژئاوای_کوردستان
بینێرە لە ڕێگەی