وردەکاری ڕێککەوتنی بەغدا و تاران سەبارەت بە گرووپە کوردییە بەرهەڵستکارەکانى ئێران

04:15
02/09/2023
کوردستان مۆنیتەر

فۆتۆ: میدیاکان

هاوبەشی بکە

تاک
باسم ئەلعەوادی وتەبێژی حکومەتی عێراق لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی فەرمی عێراق ڕایگەیاند، عێراق و ئێران گەیشتوونەتە ڕێککەوتن بۆ ڕێگریکردن لە دزەکردنى چەکداری کورد لەعێراقەوە بۆ ئێران و ڕادەستکردنی کەسانی داواکراو و داماڵینی چەک و نەهێشتنى بنکە و بارەگاکانیان.
ئەم قسانە دوای چەند کاتژمێرێک لە لێدوانەکەى ناسر کەنعانی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران هات کە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندبوو: ڕێککەوتنێک لە نێوان ئێران و حکومەتی عێراق پێکهێنرا، بەو پێیەش حکومەتی عێراق لەسەر بنەمای لێکتێگەیشتن پابەند بوو کە لە ١٩ی ئەیلول، یەکەم  گرووپە تیرۆریستییە چەکدارە جوداخوازەکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان چەک بکرێن و ئەو بنکە سەربازییانەى دروستیان کردووە چۆڵ بکرێن و بگوزارێنەوە بۆ ئەو کەمپانەی کە حکومەتی عێراق پلانی بۆ داناوە.
کەنعانی لە درێژەى قسەکانیدا دەڵێت: حکومەتی عێراق مەرجەکانی ئەم لێکتێگەیشتنەی گەیاندووە بە بەرپرسانى هەرێمى کوردستان بۆ جێبەجێکردنی، ئێمە چاوەڕێی جێبەجێکردنی ئەم ڕێککەوتنە دەکەین. ئەو کاتەى کە دیارى کراوە (١٩ی ئەیلول) بە هیچ شێوەیەک درێژ ناکرێتەوە. دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان ئاگادارى بۆچوونەکانى ئێمەن و لە گفتوگۆی جۆراوجۆردا ئەم بابەتە بە دەسەڵاتدارانی عێراق و هەرێم گەیشتوە. نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان و نوێنەری کۆمیساریای باڵای پەنابەران لە عێراق ئاگاداری بۆچوونەکانی ئێرانن.
هەروەها وتیشی: پەیوەندییەکانی ئێران و عێراق دۆستانە و برایانەیە و لەسەر بنەمای دراوسێیەتی باش دامەزراوە. پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات گەرم و گوڕ و بوونیادنەرانەن، بەڵام بوونی هێزی چەکداری تیرۆریستی جوداخواز لە هەرێمی کوردستانی عێراق پەڵەیەکی ڕەشە لە پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان. چاوەڕوانی ئێمە ئەوەیە کە ئەم پەڵە ڕەشە نەمێنێت. لەم بارەوە ئێمە چاوەڕێی جێبەجێکردنی تەواوی ئەو ڕێککەوتنەی ئێستای نێوان ئێران و عێراقین.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران جەختی لەوە کردەوە کە: ئاسایش بۆ ئێران گرنگە و ئێمە پابەندین بە ئاسایشی ئێران. دوای ئەو وادەیە، ئەگەر ڕێککەوتنەکە جێبەجێ نەکرێت، بەپێی بەرپرسیارێتی خۆمان لە چوارچێوەی ئاسایشی ئێراندا جێبەجێى دەکەین.
بەرپرسێکی عێراقی، کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، لەو بارەوە جەختی لەوە کردەوە کە بە پێی ئەم ڕێککەوتنە، ئێران بۆردومانی موشەکی سەر بنکە و بارەگاکانى پارتە بەرهەڵستکارەکانى ڕاگرت.
بە پێی وتەى ئەم بەرپرسە: ئەم پرسە بابەتى سەرەکی دانوستانەکانی نێوان ئیسماعیل قائانی فەرماندەی سوپای قودسی سوپای پاسدارانی ئێران بوو لەم سەفەرەی ئەم دواییەیدا بۆ عێراق.
بە وتەی ئەم بەرپرسە، لە دیدارێکدا لەگەڵ محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق و سەرۆکی چوارچێوەی هەماهەنگی هێزە سیاسییە شیعەکان، قائانی جەختی لەسەر پێویستی جێبەجێکردنی تەواوی ئەم ڕێککەوتنە ئەمنییە کردەوە و ڕایگەیاند، ئەگەر عێراق شکستی هێنا لەو کارەدا، ئێران بەرگری لە ئاسایشی نیشتمانی خۆی دەکات.
ئەم بەرپرسه عێراقییه جەختی لەوە کردەوه که حکومەتی عێراق هەنگاوی گرنگى بۆ جێبەجێکردنی ئەم ڕێککەوتنه گرتووەتەبەر و هێزی زیاتری ڕەوانەی ناوچه سنوورییەکان کردووه بۆ ڕێگریکردن له هەر چالاکییەکی چەکداری کورد دژ بەئێران، بەتایبەتی له سنوورى شارۆچکەکانى کۆیە و پێنجوێن لە سنووری پارێزگای سلێمانی.
بە وتەی ئەم بەرپرسە عێراقییە، ڕێککەوتنی ئەمنی نێوان عێراق و ئێران جەخت دەکاتەوە لەسەر ڕێگریکردن لە جوڵەی نایاسایی چەکدارەکان، ڕادەستکردنی کەسانی داواکراو، چەکداماڵین، هەڵوەشاندنەوەی بنەکانى مەشق و ڕاهێنانەکانیان. ئەم ڕێککەوتنەش بە هەماهەنگی لەگەڵ هەرێمی کوردستان جێبەجێ دەکرێت.
ئەم بەرپرسە سەبارەت بە چارەنووسی ئەندامانی ئەو گرووپانە، کە ژمارەیان لەگەڵ بنەماڵەکانیان دەگاتە نزیکەى ٢٠ هەزار کەس، دەڵێت: "پێشنیاری جۆراوجۆر لەم بارەوە هەیە، کە خاڵى هاوبەشیان ئەوەیە لە سنووری ئێران دوور بخرێنەوە و بەچڕی چاودێری چالاکییەکانیان بکرێت.
بە پێى وتەى ئەم بەرپرسە، جێبەجێکردنی تەواوەتى ئەم ڕێککەوتنە ئاسان نییە و ڕەنگە نەشکرێت، بەڵام بەغدا و هەولێر سوورن لەسەر داخستنى ئەم دۆسیەیە.

سەرچاوە: میدڵ ئیستی فارسی
https://mdeast.news/2023/08/29/%d9%85%d9%86%d8%a8%d8%b9-%d8%a2%da%af%d8%a7%d9%87-%d8%ac%d8%b2%d8%a6%db%8c%d8%a7%d8%aa-%d8%aa%d9%88%d8%a7%d9%81%d9%82-%d8%a7%d9%85%d9%86%db%8c%d8%aa%db%8c-%d8%a8%d8%ba%d8%af%d8%a7%d8%af-%d9%88-%d8%aa/

#ئێران #باشووری_کوردستان #سوپای_پاسداران #عێراق #ڕۆژهەڵاتی_کوردستان
بینێرە لە ڕێگەی