چین ڕاوکردنی سیخوڕ بە گرنگتر دەزانێت لە ئابووری

06:29
05/09/2023
کوردستان مۆنیتەر

فۆتۆ: میدیاکان

هاوبەشی بکە

تاک
دەیان ساڵە چین بەڵێنی کرانەوەی داوە بە وەبەرهێنەرە بیانییەکان. کەچی ئێستا پەکین بەنیازە هەندێک لە دەروازە کراوەکانی دابخات.
دەسەڵاتداران هەوڵەکانیان بۆ سنووردارکردنی دزەکردنی زانیاری چڕتر دەکەنەوە، لە هەمان کاتدا تۆڕی پسپۆڕیان دامەزراندووە لە چوارچێوەی ئەو هەڵمەتی دژە سیخوڕییەی ماوەی چەند مانگێکە دەستیپێکردووە.
یەکێک لە یاریزانە سەرەکییەکانی وڵاتەکە تۆمەتبارە بە هاندانی ڕاوێژکارە سەربەخۆکانی بۆ ئاشکراکردنی نهێنییەکانی دەوڵەت و وەرگرتنی پڕۆژە لەو کۆمپانیایانەی پەیوەندییەکی نزیکیان لەگەڵ دەزگا هەواڵگرییە بیانییەکاندا هەیە.
ڕوونە بۆچی ئێستا پیشەسازییەکەی چین جێی نیگەرانییە، لە کاتێکدا ڕۆژێک لە ڕۆژان گرنگییەکی یەکلاکەرەوەی هەبووە لە گەشەپێدانی بازاڕە داراییەکانی چین. دەستڕاگەیشتن بە بەرپرسانی پێشووی حکومەت، پسپۆڕانی بابەتە هەستیارەکان و بوونی کەم وکورتی لە چاودێریکردنی شێوازی بەڕێوەبردن، کەرتەکەی کردووەتە جێگای لێکۆڵینەوە.
بەڵام بەرزبوونەوەی کێبڕکێ لەگەڵ ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی گرەوەکانی سەرۆک شی جین پینگ گۆڕیوە و لە ئەنجامدا توندکردنەوەی کۆنترۆڵی سەر زانیارییەکان بووەتە پێشینەی کارەکانی.
ئەمەش بە ڕوونی لە دەزگا حکومییەکان، زانکۆکان و کۆمپانیاکانی سەر بە دەوڵەتدا دەبینرێت، چونکە ئەم دامەزراوانە ڕاهێنان دەکەن لەسەر چۆنێتی پاراستنی نهێنییەکانی دەوڵەت لە ڕێگەی ئەپێکەوە بە ناوی (باومیگوان)، یان چەند شێوازێکی دیکەوە بۆ پاراستنی نهێنییەکان.
گۆڕانی ئەولەویەتەکانی چین گورزێکی بەهێزی داوە لە وەبەرهێنەران و کۆمپانیا بیانییەکان، چونکە ڕووبەڕووی بەربەستی گەورەتر دەبنەوە بۆ تێگەیشتن لە یەکێک لە ناڕوونترین ئابوورییەکانی جیهان.
دوای ساڵانێک لە ڕاکێشانی سەرمایەی بیانی، دەسەڵاتداران پرسیاری ئەوە دەکەن کە ئایا بەبێ ئاگایانە زۆر شتیان ئاشکرا نەکردووە؟ لە ئێستادا پەیامەکەی چین ڕوونە و بریتییە لەوەی: ئاسایشی نیشتمانی لە گەشەی ئابووری گرنگترە.

سەرچاوە: ڕێبیکا ویڵکینز، گۆڤاری بلومبێرگ
https://www.bloomberg.com/news/newsletters/2023-05-24/china-prioritizes-hunt-for-spies-over-economy#xj4y7vzkg

#ئابووری #هەواڵگری #چین
بینێرە لە ڕێگەی