پرۆگرامى مووشەکی ئێران لە نێوان بەئامانجگرتنى ئیسرائیل و پاراستنی توندی هەواڵگری

06:36
05/09/2023
کوردستان مۆنیتەر

فۆتۆ: میدیاکان

هاوبەشی بکە

تاک
پرۆگرامى پەرەپێدانی مووشەکی ئێران لە سەرەتای دەستپێکیدا، بابەتێک بوو کە بە پەردەیەک لە نهێنی داپۆشرابوو بۆ ئەمەریکا، وڵاتانی عەرەبی و ئیسرائیل، زانیارییەکان لەسەر ئەو پرۆگرامە کەم و پچڕپچڕ بوون، هەموان دەبوو چاوەڕێی ئەوە بن کە ئێران چی ئاشکرا دەکات لە پرۆگرامە مووشەکییەکەى.
ئێران لە ماوەی ٢٥ ساڵ لێکۆڵینەوە و تاقیکردنەوەکاندا توانی بزوێنەری مووشەکەکانی کە بە سووتەمەنی ڕەق کاریان دەکرد بە قەبارەی بچووک بەرهەم بهێنێت، هەروەها ئێران توانى چەندین مۆدێلی مووشەکی کورت مەودا دروست دەکات، کە مەودایان لە نێوان 30 بۆ 200 کم دا بوو.
سەرەتا ئێرانییەکان ڕووبەڕووی چەندین کێشەی تەکنیکی بوونەوە، ئەمەش وایکرد سەرەتا نەتوانن بزوێنەری گەورە پەرەپێبدەن بۆ مووشەکە مامناوەند و دوورمەوداکان، بەڵام دواتر توانیان بەسەر ئەم گرفتەدا زاڵ بن و مووشەکی دوورمەودا و هایپەرسۆنیک دروست بکەن.
لەگەڵ هەر دەستکەوتێک کە وەزارەتی بەرگری ئێران لە بواری پیشەسازی مووشەکیدا ئاشکرای دەکات، نهێنی نوێ سەبارەت بە پرۆگرامى مووشەکی ئێران ئاشکرا دەبێت، وەک چۆن زۆرێک لە شارە مووشەکییە ژێرزەمینییەکان لەگەڵ کاتدا دەرکەوتن، کە تەیارکراو بوون بە تەکنەلۆژیای سەردەمیانە لە ڕووی ڕێکخستنی پلەی گەرمی و هەواگۆڕکێى ناو حەشارگەکان، بە شێوەیەک کە ئەوەى تێی دەچێت باوەڕ ناکات ئەم حەشارگەیە لە قووڵایی ٥٠٠ مەتر لە ژێر زەویدایە.
فەریق ئەمیر عەلی حاجی زادە، فەرماندەی یەکینە مووشەکییەکان لە سوپای پاسداران دەڵیت "ئەم بنکەیە لە هەموو پارێزگا و شار و گوندەکانی ئێراندا هاوشێوەى هەیە" هەروەها دەڵێت "هەموو ناوچەیەک لە ئێران بێبەش نەکراوە، لان یکەم، بنکەی مووشەکی تێدایە".
بەم شێوەیە ئێران هەموو لایەنەکانی ناوچەکەی تووشی سەرسووڕمان کرد، بەو پێیەی سەرەڕای ئەو سنووردارکردن و گەمارۆیانەی بەسەریدا سەپێنراوە، دیدێکی ستراتیژیی هەبوو بۆ داڕشتنی توانای بەرگری سەربازی و تەکنەلۆژیی خۆی و بە پێشکەوتنەکانى لە بوارى سەربازیدا ئەو پەیامە بەهێزەی گەیاند کە ڕێگری کردن لە پێشکەوتن و گەشەسەندنی لە بواری پیشەسازی سەربازیدا شکستی هێناوە.
لەگەڵ زیادبوونی نیگەرانییەکانی ئیسرائیل لە پرۆگرامى مووشەکی ئێران، وەزارەتی بەرگریی ئێران هەوڵی تێکدەرانەی زۆری ئاشکرا کرد لە بواری پیشەسازی مووشەکی و پیشەسازییەکانی دیکەی بەرگری، هەروەها ئێران ئیسرائیلی تۆمەتبار کرد بەوەی کۆمەڵێک ئۆپەراسیۆنی نهێنی لەسەر خاکەکەی ئەنجامداوە.

گەورەترین تێکدان
دەزگای دژە هەواڵگرى وەزارەتی بەرگری ئێران ڕایگەیاند، کە پلانێکی ئاڵۆزیان پووچەڵ کردووەتەوە کە ئامانج لێی تێکدانی پیشەسازییە بەرگرییەکانی ئێران بووە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی فەرمی لە دەزگای هەواڵگری ئێران، بە سەرنجدان لە کاریگەریی ستراتیژی هێزی مووشەکی ئێران لە دروستکردنی لەمپەڕ لە بەرامبەر هەڕەشەکانی دوژمن، پیشەسازی مووشەکی ئێران هەمیشە بەشێک بووە لە ئامانجی دەزگا هەواڵگرییەکان، بەو پێیەش کە ئێران لە بوارى دروستکردنى مووشەکەکانى پشتى بە تواناى خۆى بەستووە، ئێران لەم ساڵانەى دواییدا چەند پڕۆژەیەکى هەواڵگرى ئەنجامدا لە ژێر پەردەى کڕینی پارچەى یەدەگ بە مەبەستى هەڵخەڵەتاندنى دوژمن.
ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوەش کرد، لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا تۆڕێکی هەواڵگرى زۆر شارەزا ئاشکرا کرا کە لەژێر ڕێنمایی ڕاستەوخۆی دەزگاى مۆسادی ئیسرائیل، پلانی دانابوو پارچەی ساختە و لێدراو بخاتە ناو پرۆسەی بەرهەمهێنانی مووشەکی پێشکەوتووی ئێرانەوە، کە ئامانجی کردنى مووشەکەکە بوو بە بۆمب تا لە کاتى گواستنەوە، یاخود هەڵگرتندا بتەقێتەوە و زیان بە شوێنى هەڵگرتن و ئەو کەسانە بگەیەنێت کە لەم بوارەدا کار دەکەن.
ئەو بەرپرسە جەختی لەوە کردەوە کە سەرەڕای پلانی زۆر ئاڵۆزی ئیسرائیل، ئەم کارە هەر لە سەرەتاوە لەژێر چاودێری دەزگاى هەواڵگری ئێراندا بووە و بەدەستگیرکردنی جێبەجێکارەکان، بە تەواوەتى پڕۆسەکە پووچەڵ کراوەتەوە.
بە وتەی ئەو بەرپرسە هەواڵگرییە، تا ئەم دواییانە ئیسرائیل بە تەواوی دڵنیا بوو لە سەرکەوتنی پلانە تێکدەرانەکەی کە بریتی بوو لە هێنانە ناوەوەی پارچەى لێدراو بۆ ناو پیشەسازی مووشەکی وەزارەتی بەرگری ئێران، بەڵام دوای ئەو گورزەى لەو تۆڕە تێکدەرە درا، ئیسرائیلییەکان تووشی شۆک بوون.


سەرچاوە: جادە ایران
https://jadehiran.com/archives/73859

#ئێران #ئیتڵاعات #ئیسرائیل #ئەمەریکا #سوپای_پاسداران #هەواڵگری
بینێرە لە ڕێگەی