زۆرینەى بێدەنگ یاخود (توێژى خۆڵەمێشی) لە جوڵانەوەى ژن، ژیان، ئازادیدا

10:47
16/09/2023
ناوچەیی

فۆتۆ: میدیاکان

هاوبەشی بکە

نووسینی: علیرضا مناف زاده
وەرگێڕانی: تاک

هەفتەی داهاتوو 19ی ئەیلوولی 2023 ساڵوەگەڕی کوژرانی ژینا (مەهسا) ئەمینی-یە بە دەستی پۆلیسی گەشتی ئیرشادی کۆماری ئیسلامی ئێران. جووڵانەوەیەک کە ساڵێک لەمەوبەر بە دروشمی (ژن، ژیان، ئازادی) دەستی پێ کرد لە سەرتاسەری ئێراندا و زیاد لە چەندین مانگی خایاند، یەکێک بوو لە بەشکۆترین جووڵانەوەکانی مێژووی ئێران، هەندێک لە چاودێرانی نێودەوڵەتی لەوانە ژان فرانسوا لۆرا پێی وایە کە ئەو جووڵانەوەیە سەرەکیترین ڕووداوی ساڵی ڕابردوو بوو، شارەزایان و شرۆڤەکارانیش بەردەوامن لە لێکۆڵینەوەکانیان سەبارەت بە چۆنێتی دروستبوونی ئەو جووڵانەوەیە و پەیامەکانی.
بە لەبەرچاوگرتنی بەربڵاوی، بەردەوامی و کەم وێنە بوونی دروشم و خواستەکانی ئەو جووڵانەوەیە و هاوپشتی کەم وێنەی گەنجەکان، زۆرێک لە مێژوونووسەکان پێیان وایە ئەوە وەرچەرخانێکی مێژوویی بوو، لەبەر ئەوەی ئەو جووڵانەوەیە سەرەتای دروستبوونی جووڵانەوەیەکی سیاسی، کولتووری بوو بە ناوی (ژن، ژیان، ئازادی) کە هێشتا بەردەوامیی هەیە.
جووڵانەوەی (ژن ژیان ئازادی) ئومێدی زۆری دروست کرد، ڕەهەندە سەرسووڕهێنەکانی لە مانگەکانی یەکەمدا هەموانی غافڵگیر کرد، بە شێوەیەک کە زۆرێک پێیان وابوو بە بەرفراوانبوونی، درەنگ یان زوو کۆماری ئیسلامی ئێران دەڕووخێنێت، هەڵبەت هێشتا کەسانێک هەن ئەو ئومێدەیان هەر ماوە.
یەکێک لە پرسە سەرنجڕاکێشەکانی جووڵانەوەی (ژن، ژیان، ئازای)، هەر لە سەرەتاوە خۆبەدوورگرتنی (توێژی خۆڵەمێشی) بوو لە بەشداری ڕاستەوخۆ، یاخود ناڕاستەوخۆ لە جووڵانەوەکەدا. لە گەرمەی ڕاپەڕینی گەنجەکان، زۆرێک لە شارەزایان چاوەڕوانی ئەوەیان دەکرد ئەم توێژە ئەگەر پەیوەستیش نەبێت بە جووڵانەوەکەوە، لانی کەم بەرگری لێ بکات و هاوپشتی خۆی ڕابگەیەنێت.
توێژی خۆڵەمێشی ئەو گرووپە کۆمەڵایەتییە بەربڵاوە دەگرێتەوە، کە گرێدراوی چینە جیاوازەکانی کۆمەڵگەن کە تێیاندا کەمینەیەک لایەنگری دەسەڵاتە و بەشەکەی تر، گرووپە سەرکێش و سەرپێچیکارەکان پێکی دەهێنن. ئەم توێژە لە سیستمە ستەمکار و سەرکوتکارەکاندا، سەرباری مەیلی ناوەکیان، بە خامۆشی و بێدەنگی دەمێننەوە و هەندێک جار بە ترسەوە پشتیوانی لە گرووپە سەرکێش و سەرپێچیکارەکان دەکەن.
جووڵانەوەی (ژن، ژیان، ئازادی) وەک ئەوە کە چاوەڕوانی لێ دەکرا، نەیتوانی ئەو توێژە خۆڵەمێشییە ڕابکێشێت بە لای خۆیدا، لە ڕاستیدا ئەم توێژە پشتیوانییەکی بەربڵاوی لە جووڵانەوەکە نەکرد، تەنها چەند گرووپێکی بچووک لە هونەرمەند و کەسایەتییە ناودارەکان پشتیوانییان لە جووڵانەوەکە کرد.
دەڵێن ئەگەر جووڵانەوەکە بیتوانیایە قۆناغی نەرێنی تێبپەڕێت و بگات بە قۆناغی ئەرێنی، بە ئەگەری زۆر توێژە خۆڵەمێشییەکەش پەیوەست دەبوو بە جووڵانەوەکەوە، ئەم توێژە دەبێت لەوە دڵنیا بێت کە بە هەڵوەشاندنەوە و ڕووخاندنی ڕژێم، شیرازەی کۆمەڵگا تێکناچێت، لە قۆناغی نەرێنیدا جووڵانەوەکە بەڕێوە دەبرێت و هەوڵ دەدرێت کە ڕژێم بخرێتە هەلومەرجێکەوە تێیدا توانای کۆنترۆڵ کردنی دۆخەکە لەدەست بدات، دواتر قۆناغی ئەرێنی دەست پێ دەکات. هەر لەم قۆناغەدایە کە ڕیزەکانی جووڵانەوەکە بەربڵاوتر دەبێت، لەبەر ئەوەی بەڕێوەبردن جێگەی خۆی دەدات بە ڕابەرایەتی کردن، جووڵانەوەکە ڕێکخراوتر دەبێت و سەبارەت بە هێڵە گشتییەکانی ئەو سیستمەی کە جێگەی ڕژێمەکە دەگرێتەوە، ڕێککەوتنێک دێتە ئاراوە لە نێوان ڕابەرایەتی جووڵانەوەکە و دواتر خەڵکی لێ ئاگادار دەکرێتەوە تا لە ئایندە دڵنیا بن. ئەرکی ڕابەرایەتی، بە ئەنجامگەیاندنی جووڵانەوەکەیە لە قۆناغی ئەرێنیدا کە جگە لە وێناکردنی ئایندەیەکی ڕۆشن ئەگەری سەرکەوتنی نابێت.
زۆرێک لە کۆمەڵناسان لەو باوەڕەدان کە ڕژێمە سەرکوتکەرەکان زۆر ترسیان لە توێژی خۆڵەمێشی، یان زۆرینەی بێدەنگ هەیە. توێژی خۆڵەمێشی بە هۆکاری جۆراوجۆر و بە گشتی بە شەرمەزارییەوە پشوودرێژە لەگەڵ زۆربڵێییەکانی ڕژێمدا، بەڵام ئەگەر پەی بە سستی و لاوازی ڕژێم بەرێت و ترسی لە ئایندە نەبێت، پەیوەست دەبێت بە ڕیزی ناڕازییەکانەوە، بەو پێیەی کە خودی ئەم توێژە بە لەبەرچاوگرتنی خواستە ئابووری، کولتووری و سیاسییەکان دژ بە سیستمە داپڵۆسێنەر و سەرکوتکەرەکانە.
هەر وەک پێشتر باسمان کرد، توێژی خۆڵەمێشی تەواوی گرووپە جیاوازەکانی کۆمەڵگا لەخۆ دەگرێت، ئەم توێژە بە شێوەیەکی گشتی لە ڕووی سیاسییەوە پابەند نییە بە پارت، یاخود باڵێکی سیاسییەوە، بۆ نموونە ئەگەر ئەم توێژە لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی کۆمار، یاخود ئەنجومەنی نوێنەران بەشداری بکات، ڕەوایەتی بۆ ڕژێم دەگەڕێتەوە، هەر لە بەر ئەم هۆکارە بایکۆت کردنی هەڵبژاردنەکانی پێشووی سەرۆکایەتی کۆمار، بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی تۆقاند، بەو پێیەی کە بەشداری نەکردن لە هەڵبژاردنەکان خۆی لە خۆیدا کارێکی سیاسییە.
زۆرینەی کۆمەڵگا لە چینی ناوەند پێکدێت، فەرمانبەرەکان، مامۆستایانی زانکۆ، ئەندازیاران، هونەرمەندان، ئەکتەرەکان، لێکۆڵەرەکان و ئەو گرووپانەی دیکە، کە وەک چینی ناوەندی کۆمەڵگا هەژمار دەکرێن.
بە گشتی چینی ناوەند بە هۆی پێگە ئابوورییەکەیەوە دەناسرێتەوە، بەڵام بایەخی ئەم توێژە زیاتر لە بواری کولتوور و سیاسەتدا بەدیار دەکەوێت. ئەم توێژە بەو پێیەی کە بەشێکی زۆر لە کۆمەڵگەی شاری پێکدەهێنێت، خواستەکانی یەکدەست و گونجاو نییە لەگەڵ یەکدیدا. پشکی ئەم توێژە لە سیستمی ئابووری وڵاتەکان بە تایبەت لە وڵاتەکانی وەک ئێران کە ئابوورییەکەی تاک بەرهەمییە، بە ئەندازەی پشکی لە گۆڕانی کولتوور و سیاسەت نییە، هەر بۆیە دەسەڵاتەکان زۆرترین هەڕەشەی سیاسی و کولتووری لە لایەن ئەم توێژەوە هەست پێ دەکەن، لەبەر ئەوەی چاکسازییە سیاسی و کولتوورییەکان لە لایەن ئەم توێژەوە داوا دەکرێت و کاری لەسەر دەکرێت. زۆرینەی ئەو گەنجانەی کە جوڵانەوەی (ژن، ژین، ئازادی)یان خستە سەر پێ، لەم توێژەوە سەرچاوەیان گرتبوو.
ئەم توێژە بەراورد بە توێژەکانی دیکەی کۆمەڵگا، زیاتر کاریگەرە بەو گۆڕانکارییە کولتووریانەی کە لەسەر ئاستی جیهان دێتە ئاراوە. ئەگەر چاوێک بە جووڵانەوە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی ئەم سەدەیەی دوایی بخشێنینەوە، بە ڕوونی هەست بە ڕۆڵی یەکلاکەرەوەی ئەم توێژە دەکەین لە جووڵانەوەکاندا.
خواستەکانی توێژی ناوەندی نوێ بەراورد بە خواستی توێژی ناوەندی تەقلیدی وەک بازاڕییەکان، نەوەک هەر یەک نییە، بەڵکو دژ بە یەکیشە، کۆماری ئیسلامی ئێران لە ڕووی کولتووری و سیاسییەوە زیاتر گونجاوە لەگەڵ خواستەکانی توێژی ناوەندی تەقلیدی. توێژینەوەکان دەریانخستووە کە بەشێکی گرنگی جووڵانەوە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی ساڵانی ڕابوردوو بە هۆی ناسازگاری ڕژێمی ئیسلامییەوە بووە لەگەڵ داواکارییەکانی توێژی ناوەندی نوێدا.
توێژی ناوەندی نوێ لە ماوەی چەند دەیەی ڕابردوودا و بە پەرەسەندنی شارنشینی لە ئێران، بە شێوەیەکی نائاسایی زیادی کردووە، ئەگەر چی ڕژێم هەوڵی داوە پایەکانی ئەم توێژە هەڵبوەشێنێتەوە، بەڵام کۆمەڵێک بنەما وەک نۆڕمەکانی ڕەفتار، سەلیقەی هونەری، بیرکردنەوە و خولیا، شێوەی ئامادە بوون لە فەزای گشتی و فەزای تایبەت، ئەم توێژەی جیا کردووەتەوە لە توێژەکانی دیکە کۆمەڵگا.
پابەندبوونی نەتەوەیی ئەم توێژە بەراورد بە توێژەکانی دیکە، زیاترە، هەر بۆیە لە مەراسیمەکانی ماتەمینی مانگی موحەڕڕەمی ئەم ساڵ، دەسەڵات بە مەبەستی ڕاکێشانی ئەم توێژە بەلای خۆیدا زیاتر سوودی لە دروشمە نەتەوەییەکان وەرگرت لەبری بەکارهێنانەوەی لاواندنەوە تەقلیدییەکان، کە تایبەتە بە گێڕانەوەی ئەو کارەساتانەی کە بە سەر ئیمامەکاندا هاتووە.
کۆماری ئیسلامی ئێران بە هۆی سروشتی ئایینی دەسەڵاتەکەی تا ئێستا نەیتوانیوە خۆی بگونجێنێت لەگەڵ خواستەکانی ئەم توێژە پڕ لە جموجۆڵ و چالاکەی کۆمەڵگا، ناڕازییەکانی ئەم توێژە بەرامبەر بە دەسەڵات بەراورد بە توێژەکانی دیکە، هەم زیاتر و هەم توندترە، دەبێت بزانرێت کە بۆچی بەشی زۆرینەی ئەم توێژە لە ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییە بەبێ دەنگی مانەوە؟

سەرچاوە:

https://www.rfi.fr/fa/%D9%BE%D8%A7%D8%AF%DA%A9%D8%B3%D8%AA/%D8%AA%D8%A7%D8%B1%DB%8C%D8%AE-%D8%AA%D8%A7%D8%B2%D9%87-%D9%87%D8%A7/20230905-%D8%A7%DA%A9%D8%AB%D8%B1%DB%8C%D8%AA-%D8%AE%D8%A7%D9%85%D9%88%D8%B4-%DB%8C%D8%A7-%D9%82%D8%B4%D8%B1-%D8%AE%D8%A7%DA%A9%D8%B3%D8%AA%D8%B1%DB%8C-%D8%AF%D8%B1-%D8%AC%D9%86%D8%A8%D8%B4-%D8%B2%D9%86-%D8%B2%D9%86%D8%AF%DA%AF%DB%8C-%D8%A2%D8%B2%D8%A7%D8%AF%DB%8C

#ئێران #خۆپیشاندانەکانی_ئێران
بینێرە لە ڕێگەی