ڕێکخراوی چاودێری مافی مرۆڤ: ئێران لە ساڵیادی ژینا ئەمینی فشارەکانی زیاد کردووە

05:29
16/09/2023
کوردستان مۆنیتەر

فۆتۆ: میدیاکان

هاوبەشی بکە

تاک

بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی چاودێری مافی مرۆڤ (Human Rights Watch) لە تاران، کۆماری ئیسلامی ئێران سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکانی چڕتر کردووەتەوە و هەوڵەکانی بەردەوام کردووە، تا ساڵیادی ژینا ئەمینی بەڕێوە نەچێت.
ڕێکخراوی چاودێری مافی مرۆڤی لە دوایین ڕاپۆرتیدا ڕایدەگەیەنێت، بەرپرسانی ئێران سەرکوتکارییەکانییان دژی ناڕازییەکان زیاتر کردووە، ئەوەش لە ڕێی ترساندن، دەستگیرکردن، لێپێچینەوە و دادگاییکردنی چالاکوان، هونەرمەندان، پارێزەران، ئەکادیمییەکان، خوێندکارەکان و ئەندامانی خێزانی ئەوانەی کە لە ماوەی خۆپیشاندانەکانی ساڵی ٢٠٢٢دا کوژران. هەروەها هەوڵەکانییان زیاتر کردووە بۆ سەپاندنی باڵاپۆشی بەسەر ژناندا، ئەوەش لە ڕێی بەکارهێنانی چەندین تاکتیکەوە، لەوانەش: بانگهێشتکردنیان بەپێی یاسا، دەستپێشخەریکردن بۆ پڕۆژە یاسای نوێ و زیادکردنی فشارەکان بۆ سەر کارە تایبەتەکان تاوەکو یاساکانی باڵاپۆشی بسەپێنن بەسەر کارمەندەکانیاندا.
توێژەرێکی باڵای ئێرانی لە ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ، تارا سەفیری فەر، دەڵێت "بەرپرسانی ئێران هەوڵدەدەن ناڕازییەکان بخنکێنن، ئەوەش بەمەبەستی ڕێگریکردن لە یادکردنەوەی مەرگی ژینا ئەمینی لە ژێر دەستی پۆلیسدا، کە بووەتە سیمبولی سەرکوتکاریی حکومەت دژی ژنان بە شێوەیەکی ڕێکخراو و نادادپەروەری و بێ سزایی".
وتیشی "بەرپرسانی ئێران ناتوانن زیادبوونی نائومێدییەکان بسڕنەوە، ناتوانن داوا بەرزترەکان بۆ گۆڕانێکی بنچینەیی بسڕنەوە، ناتوانن بەرخۆدان و هاودەنگی کۆمەڵگەی ئێرانی بە ڕووی زیادبوونی سەرکوتکارییەکاندا بسڕنەوە".
ڕێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ لێکۆڵینەوە لە کوژرانی زیاتر لە ٥٠٠ کەس دەکەن لە ماوەی خۆپیشاندانەکاندا، کە لە نێویاندا ٦٩ منداڵ هەن.
ئاماژەی بەوەش داوە، پارێزەرەکەی خێزانی ژینا ئەمینی، ساڵح نیکبەخت کە بە تۆمەتی (پڕوپاگەندە دژی وڵات) تۆمەتبار کراوە، ڕایگەیاندوە "بەرپرسانی ئێران سزای ئەو پارێزەرانە دەدەن کە کار بۆ پشتگیریکردن لە مافی خۆپیشاندەر و خێزانەکانییان دەکەن".
تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، کە ماڵپەڕێکی هەواڵیی سەربەخۆیە، بڵاویکردەوە کە دەسەڵاتی دادوەری ئێران لە مانگی حەوتدا بانگی ٥٥ پارێزەری کردووە بۆ لقی دووی ئۆفیسی گشتی دەسەڵاتی دادوەری پاسداران لە بۆکان، لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە دەڵێت "دەسەڵاتی دادوەری بۆکان سکاڵای دژی ئەو پارێزەرانە تۆمار کردووە بە تۆمەتی واژۆکردنی بەیاننامەیەک کە تێیدا خواستی خۆیان ڕادەگەیەنن بۆ دابینکردنی یارمەتی یاسایی بۆ خێزانەکەی ئەمینی".
ئەوەشی خستووەتەڕوو، فشارەکان بۆ سەر خوێندکارانی زانکۆکان زیاد بووە. ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ چەند دۆسییەیەکی کۆکردووەتەوە کە تێیدا لانیکەم ٢٧ مامۆستای زانکۆ کە ڕەخنەیان لە سیاسەتەکانی حکومەت کردووە دەرکراون یاخود دوورخراونەتەوە و ناچارکراون خۆیان خانەنشین بکەن، یاخود لە کۆتایی مانگی حەوتەوە گرێبەستەکانییان نوێ نەکراوەتەوە.
هونەرمەندانیش بە دوور نەبوون لەم فشارانە، ئەو هونەرمەندانەی بە ئاشکرا پشتگیرییان لە خۆپیشاندانەکان کردووە ڕووبەڕووی سەرکوتکاری و دەستگیرکردن و لێپێچینەوە بوونەتەوە. بۆ نموونە، لە ٢٨ی مانگی هەشتدا بەرپرسانی ئێران گۆرانیبێژ مەهدی یەراحیان دەستگیر کرد، ئەوەش دوای ئەوەی گۆرانییەکی بڵاوکردەوە، کە تێیدا پشتگیری خۆی بۆ خۆپیشاندانەکان دەردەبڕێت، دەزگای هەواڵی میزانی سەر بە دەسەڵاتی دادوەری ئێران ڕایگەیاندووە یەراحی بە تۆمەتی (بڵاوکردنەوەی گۆرانییەکی نایاسایی) تاوانبار کراوە.


https://rojnews.news/?p=387673

#ئێران #خۆپیشاندانەکانی_ئێران #سوپای_پاسداران #ڕۆژهەڵاتی_کوردستان
بینێرە لە ڕێگەی