فایلی جموجۆڵەکانى ئێران 14/9/2023

05:48
16/09/2023
کوردستان مۆنیتەر

فۆتۆ: میدیاکان

هاوبەشی بکە

وەرگێڕانی: تاک
چالاکییەکانی ئێران لە سوریا
سوپای قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی و حزبوڵڵای لوبنان لە هەوڵی ئەوەدان ژێرخانی سەربازی خۆیان لە مەیادین لە ڕۆژهەڵاتی سوریا بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد بکەن. سوپای قودس بەنیازە بنکەی سەربازی (سلێمانی) (بە ناوی قاسم سلێمانی) دروست بکات وەک گەورەترین بنکەی سەربازی ئێران لە دەرەوەی وڵات، بەپێی ڕاپۆرتە ناوخۆییەکان ئەم پلانەی سوپای قودس بریتییە لە گواستنەوەی چەکی دیارینەکراو لە بنکەی ئیمام عەلی لەسەر سنووری عێراق و سوریا بۆ بنکەی سلێمانی. بنکەی ئیمام عەلی گەورەترین بنکەی سەربازی ئێرانە لە دەرەوەی وڵات، کە سوپای پاسداران بۆ دانانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەک و شەڕکەر بەکاری دەهێنێت، پێشتر هێزی قودسی سوپای پاسداران لە مانگی حوزەیرانی ساڵی ٢٠٢٣ بارەگایەکی هاوبەشی لە مەیادین دامەزراندووە بۆ پشتیوانیکردن لە ئۆپەراسیۆنەکانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە نزیک مەیادین. ئەم ئامادەبوونە لە مەیادین بەشێکی بۆ پشتیوانی کردنە لە هەڵمەتی ئێران بۆ دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا لە سوریا. مەیادین شوێنێکی گرنگە بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە دەکەوێتە بەرامبەر پێگەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی سوریا.

چالاکییەکانی ئێران لە عێراق
ئەو لایەنە سیاسییانەی عێراق کە لە لایەن ئێرانەوە پشتیوانیان لێ دەکرێت، خۆیان ئامادە دەکەن بۆ سوود وەرگرتن لە ڕێکارە یاساییەکان بۆ دوورخستنەوەی نەیارەکانیان بۆ خۆپاڵاوتن بۆ هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق کە بڕیار وایە لە مانگی کانوونی دووەمی 2023 ئەنجام بدرێت. حەیدەر حەنون سەرۆکی دەستەی دەستپاکی سەر بە ڕێکخراوی بەدر کە لە لایەن ئێرانەوە پشتگیری لێ دەکرێت لە 14 ئەیلوول ڕایگەیاند، کە بەر لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان، لیژنەکەی دەست دەکات بە پێداچوونەوە بە دۆسیەی پاڵێوراوەکان، خێزانەکانیان و کۆمپانیاکانیان بۆ دۆزینەوەی تێوەگلانیان بە کاری گەندەڵی، ئەم ڕاگەیاندنەش دوای ئەوە دێت کە چوارچێوەی هەماهەنگی لە مانگی ئازاری 2023 ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر ڕێگری کردن لە خۆپاڵاوتنی ئەو کەسانەی کە تۆمەتبارن بە کاری گەندەڵی. پێشبینی دەکرێت کە لە ئێستادا دەستەی دەستپاکی بەکار بهێنرێت بۆ پەراوێزخستنی ڕکابەرە سیاسییەکان لە ڕێگەی تۆمەتبار کردنیان بە گەندەڵی.

کاروباری ناوخۆ و سیاسی ئێران
- هێزە سەربازییەکانی ئێران لە چەند هەفتەی ڕابردوودا یەکەکانی لە باکووری ڕۆژئاوای ئێران جێگیر کردووە بۆ ڕێگریکردن لە هەڵگیرسانی ناڕەزایەتییەکان دژ بە ڕژێم، ڕابەرانی ئێران نیگەرانی خۆیان دەربڕیوە لە ئەگەری هەڵگیرسانی ناڕەزایەتییەکان بە تایبەت لە ناوچە کوردنشینەکان لە باکووری ڕۆژئاوای ئێران، بەهۆی یادکردنەوەی ساڵڕۆژی یەک ساڵەی کۆچی دوایی ژینا ئەمینی لە ١٦ی ئەیلوول. پێشبینی دەکرێت دەسەڵات لە ئێران بە شێوەیەکی توند بەرپەرچی خۆپیشاندانەکان بداتەوە.
- سەرکردەکانی ئێران لەگەڵ دەسەڵاتدارانی عێراق دانوستان دەکەن بۆ داماڵینی چەک و گواستنەوەی پارتە کوردییە بەرهەڵستکارەکانی ئێران کە لە کوردستانی عێراقدا چالاکی دەکەن. سەرکردەکانی ئێران ئەو پارتانە تۆمەتبار دەکەن بەوەی کە هۆکارن بۆ دروستبوونی نائارامی لە ئێراندا و هۆشدارییان داوە کە ئەگەر عێراق تا ١٩ی ئەیلوول ئەو پارتانە لە چەک دانەماڵێت و نەیانگوازێتەوە، ئێران هێرش دەکاتە سەر کوردستانی عێراق. بەرپرسانی باڵای ئێران ئاماژەیان بەوە کردووە کە حکومەتی ناوەندی عێراق داواکارییەکانیان جێبەجێ دەکات، ئەمەش وای کردووە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا ئەگەری هێرشی ئێران بۆ سەر کوردستانی عێراق بە دوور بزانرێت.

ناوچەکە
- سەرکردەکانی ئێران لە چەند هەفتەی ڕابردوودا پەیوەندییان کردووە بە بەرپرسانی ئەرمینیا، ئازەربایجان و تورکیا بۆ گفتوگۆکردن لەسەر هەڵکشانی بارگرژییەکان لە قەوقاز . سەرکردەکانی ئێران چەندین جار نیگەرانی خۆیان دەربڕیوە لەوەی کە ئازەربایجان هەوڵ دەدات گوزەرێکی وشکانی دروست بکات کە ئازەربایجان، لە ڕێگەی ئەرمینیاوە، دەبەستێتەوە بە ناوچەی نەخجەوان، گوزەرێکی لەو شێوەیە ڕاستەوخۆ ئازەربایجان بە تورکیاوە دەبەستێتەوە و ڕێگری لە دەست ڕاگەیشتنی ئابووری ئێران دەکات بۆ گەیشتن بە بازاڕەکانی ئەوروپا و ڕوسیا. دووبارەبوونەوەی ئەو پەیوەندیکردنانە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، جەخت لەسەر خواستی سەرکردەکانی ئێران دەکاتەوە بۆ کەمکردنەوە بارگرژییەکان لە ڕێگەی کاری دیپلۆماسییەوە.


https://www.criticalthreats.org/analysis/iran-update-september-14-2023

#ئێران
بینێرە لە ڕێگەی