سنوورەکانی ژمارە یەک

12:18
20/09/2023
جیهانی

فۆتۆ: میدیاکان

هاوبەشی بکە

نووسینی: دۆگ باندۆ
وەرگێڕانی: تاک


جیهان یارییەکی جیهانیی شەتڕەنج نییە تێیدا داڕێژەرانی سیاسەتی ئەمەریکا مافی خوڵقاندنی ترس و دڵەڕاوکێ و ئاژاوەگێڕییان هەبێت و وەک بەشێک لە سەربازی یاریی شەتڕەنج قوربانی بە کەسایەتیی سەربازیی ویلایەتە یەکگرتووەکان و هاووڵاتییانی بیانی بدەن.

جیهان فەوزایە، بەڵام واشنتۆن سوورە لەسەر چاککردنی. وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکان بە سەرتاسەری جیهاندا گەشت دەکات و ڕێنمایی بۆ هاوڕێ و دوژمنان وەک یەک دەردەکات. کاتێک بەرپرسە بیانییەکان ڕەتی دەکەنەوە گوێی بۆ بگرن، مامە سام [مەبەست لە حکومەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانە] مشتەکۆڵەی هێز پیشان دەدات.
سەرەتا ئابڵۆقەکان دەردەکەون وەک پاڵپشتییەک بۆ فەرمانەکان. توانا و ئامادەیی واشنتۆن بۆ بەرپاکردنی جەنگی ئابووری بێ هاوتایە. ویلایەتە یەکگرتووەکان و هاوپەیمانەکانی حەقی خۆیانە نیگەران بن لە زۆردارییە ئابوورییەکانی چین، بۆ نموونە لە سنووردارکردنی بازرگانی و قەدەغەکردنی گەشتیاری و سنووردارکردنی وەبەرهێنان. بەڵام وەزارەتی گەنجینەی ویلایەتە یەکگرتووەکان ڕۆژانە ئابڵۆقەی ئابووریی نوێ دەردەکات. لە ئێستادا هەزاران حکومەت و بەرپرس و خاوەنکار و چەندین کەسایەتی و لایەنی دیکە لە لیستی خراپەکارانی ئەم وەزارەتەدان.
بێ ئەوەی هەرگیز بیری لێ بکاتەوە، یاخود دیبەیتێکی جددی بۆ ڕێکبخات، کۆنگرێس بە هەمان شێوە سزا بەسەر ئەو نەتەوانەدا دەسەپێنێت کە ویستیی ئەم جێبەجێ ناکەن، جا هاوڕێ بن، یان دوژمن. لە هەمووی خراپتر سەپاندنی ئابڵۆقەی ئابوورییە بەسەر گەلێکی هەژاردا وەک هەوڵێک بۆ ڕووخاندنی حکومەتەکەیان، یان دروستکردنی کاریگەرییەک لەسەر حکومەتەکەیان. هاووڵاتیی ئەمەریکی تێچووی ئەو جۆرە کۆنترۆڵکردنانە دەگرنە ئەستۆ، کە بە ڕادەیەکی زۆر دەبنە هۆی ئاڵۆزکردنی بازرگانی و وەبەرهێنان و خزمەتگوزارییە نێودەوڵەتییەکان، بەڵام گەلانی بیانی ئێش و ئازارێکی زۆر زیاتر دەچێژن.
کاتێک ویلایەتە یەکگرتووەکان تەواوی ئابوورییەک دەکاتە ئامانج، ئەو بارگرانییەی دروست دەبێت، بارگرانییەکی بەرفراوانە و هەندێک جار کوشندەیە. بەرپرسە ئەمەریکییەکان ئاگادارن لەو زیانەی بەر کەسانی بێ تاوان دەکەوێت، بەڵام زۆر بێباکن. بۆ نموونە، کاتێک ڕووبەڕوو کرایەوە لەگەڵ مەرگی بەکۆمەڵی منداڵانی عێراقی بە هۆی ئابڵۆقەکانەوە، لە کاردانەوەیەکی بەدناودا (مادلین ئۆلبرایت) وتی: "ئێمە پێمان وایە ئەو باجە شایستەیە".
جیهان یارییەکی جیهانیی شەترەنج نییە تێیدا داڕێژەرانی سیاسەتی ئەمەریکا مافی خوڵقاندنی ترس و دڵەڕاوکێ و ئاژاوەگێڕییان هەبێت و وەک بەشێک لە سەربازی یاریی شەترەنج قوربانی بە کەسایەتیی سەربازیی ویلایەتە یەکگرتووەکان و هاووڵاتییانی بیانی بدەن.
مخابن شتێکی پراکتیکیی کەم بەدەست هێنراوە بەرامبەر بەو باجە مرۆییە زۆرە. هەرچەندە دەشێت سەرەنجام ئابڵۆقەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان ببنە هۆی لاوازکردنی ئەو ڕژێمانەی کراونەتە ئامانج، بەڵام واشنتۆن شکستی هێناوە لە سەپاندنی ویستی خۆی بەسەر هەر کام لە دوژمنەکانیدا. سەرباری چەندین ساڵ و تەنانەت چەندین دەیە لە سەپاندنی ئابڵۆقەکان، کوبا وەک دەوڵەتێکی کۆمۆنیستی و ڤەنزوێلا وەک دەوڵەتێکی دیکتاتۆری ماوەتەوە. کۆریای باکوور دەستبەرداری چەکە ئەتۆمییەکانی نەبووە، سووریا بەشار ئەسەدی دەرنەکردووە و ئێران دەستبەرداری چالاکییە ئەتۆمییەکانی نەبووە. لە هەمان کاتدا واشنتۆن ئابڵۆقەی ئامانجکراوی لە ژێر (یاسای جیهانیی ماگنیتسکی)دا تاقی کردووەتەوە، بەڵام ئەمانە تەنانەت کاریگەرییەکی کەمتریشیان هەبووە لەسەر حکومەتە نەیارەکان.
بەڵام ئابڵۆقەکان بە شێوەیەکی یەکگرتووانە بوونەتە هۆی چڕکردنەوەی دوژمنایەتی و نەیارێتی دژ بە ئەمەریکا. ئەو دەوڵەتانەی لە ڕێی ئابڵۆقەکانەوە کراونەتە ئامانج لە جێی دیکە بە شوێن هاوکاریدا گەڕاون، بە تایبەتی ڕوویان کردووەتە ڕووسیا و چین. "سیاسەتی نەیارانە"ی واشنتۆن بووە بە پاساوێکی دیکە بۆ بەرنامەی ئەتۆمیی کۆریای باکوور.
بە ئەگەرێکی زۆرەوە ئابڵۆقە بەردەوامەکانی سەر ئەفغانستان و ڕووسیا بە هەمان شێوە شکست دەهێنن. دوای ساڵێک، حوکمی تاڵیبان لە ئەفغانستان تا بێت ڕادیکاڵتر دەبێت و گەلی ئەو وڵاتە دووچاری مەینەتییەکی زیاتر بوونەتەوە بە هۆی داڕمانی ئابوورییەوە. مۆسکۆ توندتر هەڵمەتە سەربازییەکانی دژ بە ئۆکرانیا بەرپا دەکات. هەرچەندە ئابووریی ڕووسیا زەبری زیاتری بەردەکەوێت، بە تایبەتی لە بواری تەکنەلۆژیای باڵادا، بەڵام مۆسکۆ هێشتا لە توانایدا دەبێت ڕێژەیەکی زۆر لە سوپای سەربازی بەکار بهێنێت. پێدەچێت ڕژێمی ڕووسیا سەرەنجام کەمێک وەک کۆریایەکی باکووری گەورە دەربکەوێت: هەژار و دابڕاو، بەڵام دوو هێندە توندڕەو.
دووەم ئامڕازی دەستوەردانی واشنتۆن بریتییە لە کرداری سەربازیی. بەرەنگاری ئەمەریکا ببنەوە و ببینن واشنتۆن هەمیشە ئامادەیە وڵاتی ئێوە بۆمباران بکات و داگیری بکات! تێچووی ئەم سیاسەتە زۆر زەبەلاحە، هەر لە بودجەی پنتاگۆنەوە دەستپێدەکات. کۆنگرێس تۆمارێکی پێوانەیی پەسەند کرد لە خەرجیی بواری بەرگریدا (لە ڕاستیدا بواری هێرشکاری) کە بڕەکەی 858 ملیار دۆلاری ئەمەریکی بوو. تەنها ئەو جەنگەی ناونراوە جەنگی جیهانی دژ بە تیرۆر سەرەنجام 8 ترلیۆن دۆلاری تێدەچێت، کاتێک تێچووی خزمەتکردنی برینداران و کەمئەندامانی ئەو جەنگە حیساب دەکرێت. ئەمەش بە نزیکەیی سێ یەکی ئەو قەرزە نیشتمانییەیە کە لە ئێستادا بە شێوەیەکی گشتی ئاماژەی پێ کراوە.
تەنانەت لەمەش تراژیدیتر ژیانی ئەو کەسانەیە کە شێوێنراوە و لەدەست چووە. خەمڵاندنێکی پارێزگارانە بۆ تێکڕای ژمارەی قوربانیانی جەنگەکانی ئەمەریکا لە دوو دەیەی ڕابردوودا نزیک یەک ملیۆن کەسە. بەڵام بە هەندێک لە پێوەرەکان، تەنها ژمارەی ئەو عێراقییانەی دوای داگیرکردنی عێراق لە لایەن واشنتۆنەوە کوژراون، نزیک دەبێتەوە لەو ژمارەیە. ژمارەی گیانلەدەستدانی کەسایەتیی سەربازی و بەڵێندەرانی ویلایەتە یەکگرتووەکان چەند هەزارێکە. ئامارە فەرمییەکان ژمارەی برینداران کەمتر لە ژمارەی ڕاستەقینەی خۆی هەژمارە دەکەن، کە ژمارەیان دەیان هەزار کەس دەبێت. پێشکەوتنی چارەسەرە پزیشکییەکان بووەتە هۆی ڕزگارکردنی ژیانی بەشێکی زۆر لەو کەسانەی لە جەنگی سەردەمانی پێشووتردا گیانیان لەدەست دەدا، بەڵام ژمارەیەکی بێشوماری خۆکوشتن لە ناو تێکڕای ژمارەی مردووەکاندا زیادی کردووە، کە چوار هێندەی ژمارەی ئەو کەسانەیە لە ئەرکدا کوژراون و هەزاران کەس لەگەڵ برینی سەخت و گرفتی دەروونی دوای جەنگدا دەژین.
تەنها ئەمەریکییەکان دووچاری ئێش و ئازار نەبوونەتەوە. سوپای هاوپەیمانان، بە تایبەتی هێزە خۆجێییەکان، دەیان هەزار کەسیان لێ کوژراوە. سەدان هەزار هاووڵاتیی مەدەنی لە عێراق و سوریا و یەمەن کوژراون. دەیان هەزار لە ئەفغانستان کوژراون. هەزاران، یاخود دەیان هەزار، خەمڵاندنەکان جیاوازییەکی زۆریان تێدایە، لە لیبیا کوژراون. ژمارەیەکی زۆر بریندار بوون و ملیۆنان کەس بە هۆی ئەم ناکۆکییانەوە ئاوارە بوون.
بە وتەی خۆیان، واشنتۆن بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ هۆکاری بەشێکی زۆر لەم زیانانە نەبووە، هەرچەندە هێرشی ئاسمانیی ویلایەتە یەکگرتووەکان ژمارەیەکی زۆر زیاتری هاووڵاتیی مەدەنی کوشتووە بەراورد بەو ژمارەیەی لە لایەن ئیدارە یەک لە دوای یەکەکانەوە دانی پێدا نراوە. پسپۆڕیی ئەمەریکا بریتی بووە لە شێواندنی حکومەتەکان و دابەشکردنی وڵاتان و ڕێگەخۆشکردن و بەردەوامیدان بە ناکۆکیی دڕندانە و کوشتنی بەکۆمەڵ. لە هەمان کاتدا واشنتۆن پاڵپشتیی دارایی جەنگاوەری دیکەی کردووە، بۆ نموونە سعودیە، کە بەردەوامن لە کوشتن و ئاژاوەگێڕی تەنانەت لە کاتێکدا کە هیوای سەرکەوتن نەماوە. هیچ کام لە جەنگەکانی ئەم دواییانەی ئەمەریکا نەبوونەتە هۆی بەدیهێنانی ئاشتی و سەقامگیری و خۆشگوزەرانی و دیموکراسیی بەڵێندراو.
هاوکات واشنتۆن جەنگی درۆنیشی نایاب کردووە و وەک یەک مەرگ دەکاتە میوانی تاوانبار و بێ تاوان لە خاکە دوورە دەستەکان. هەرچەندە ئەم پراکتیزە سنووردارترە بەراورد بە داگیرکاریی تەواوەتی، بەڵام شیاوێتیی کوشتن لە ڕێی درۆنەوە وای کردووە بەکارهێنانی ئەم ئامڕازە زۆر ئاسان بێت. هەرچەندە چەکێکی کاریگەرە، بەڵام درۆنەکان بە شێوەیەکی هەڕەمەکی و بێ باکانە بە کار هێنراون و کاریگەریی کوشندەیان هەبووە. دیمەنی بەرپرسانی ئیدارەی ئۆباما کاتێک بە ئارامی دانیشتوون و گفتوگۆی ئەوە دەکەن کێ بکوژرێت تیشک دەخاتە سەر کاریگەریی گەندەڵکاری دەسەڵات.
لەوەش خراپتر کوشتنی "واژۆکراو"ە، کە پشت دەبەستێت بەو هەڵسوکەوتەی دەبینرێت لە بری ئەو کردارەی تێبینی کراوە. نموونەیەک لەو جۆرە هەڵە کوشندانەی دەکرێت لە دەرەنجامی ئەم جۆرە کوشتنەوە ڕوو بدەن بریتییە لەو هێرشەی لە کاتی دەرچوونی ئەمەریکا لە ئەفغانستان کرایە سەر شاری کابول، کە بووە هۆی کوژرانی کرێکارێکی هاوکاریی کۆمەڵایەتی و ژمارەیەک منداڵ. بە داخەوە هێرشە درۆنییە کوشندەکان دەبنە هۆی هاندانی تۆڵەسەندنەوەی تیرۆریستان، بە هاووڵاتییانی ئەمەریکیشەوە. شایەنی دەستخۆشییە کە ئیدارەی بایدن یاسای بەکارهێنانی درۆنی توند کردووەتەوە.
لە دوای کۆتاییهاتنی جەنگی ساردەوە، ویلایەتە یەکگرتووەکان مەترسیدارترین دەوڵەتی جیهان بووە. هەرچەندە لە ئێستادا و دوای داگیرکردنی ئۆکرانیا لە ساڵی ڕابردوودا ڕووسیا بووە بە ڕکابەری ئەمەریکا بۆ بەدەستهێنانی ئەو نازناوە، بەڵام ئەمەریکا هێرشی کردووەتە سەر ژمارەیەکی زیاتری وڵاتان و ئاژاوەیەکی زیاتری دروست کردووە و قوربانییەکی زیاتری خوڵقاندووە لە ناو هاووڵاتییانی مەدەنیدا بەراورد بەوەی تا ئێستا مۆسکۆ ئەنجامی داوە. کاتێک دێینە سەر باسی چین، دەبێت نیو سەدە بگەڕێینەوە دواوە و بچینە سەردەمی شۆڕشی مەزنی کولتووریی پرۆلیتاری بۆ ئەوەی ببینین حکومەتی چین چی زیانێکی گەورەی بە مرۆڤایەتی گەیاندووە، ئەو زیانەش دانیشتوانی چین خۆی بوون.
ئەمەریکا وەک بەهێزترین دەوڵەتی جیهان ماوەتەوە، خاوەنی گەورەترین ئابووری و کاریگەریی کولتووری و کوشندەترین سوپای سەربازییە، بەڵام سیاسەتی دەرەوەی واشنتۆن زۆر بە شێوەیەکی دراماتیکی شکستی هێناوە کاتێک ویلایەتە یەکگرتووەکان بە هێزێکی زۆر توندەوە، جا چ لە ڕێی ئابڵۆقەی ئابوورییەوە بووبێت، یان لە ڕێی هێزی سەربازییەوە، هەوڵی دەستوەردانی وڵاتانی دیکەی داوە. شکستی هەوڵە مەزنەکانی ئەمەریکا لە ئەندازیاریی کۆمەڵایەتیی نێودەوڵەتیدا بە شێوەیەکی تراژیدی لەو دیمەنەدا بەدی کرا کاتێک خەڵکی لەو فڕۆکەیە بەردەبوونەوە کە فڕۆکەخانەی کابولی جێ دەهێشت.
ئەگەر بە شێوەیەکی فراوان گوزارشتی لێ بکەین، ویلایەتە یەکگرتووەکان توانی جەنگی سارد بباتەوە، ئەویش لە ڕێی سنووردارکردنی مۆسکۆوە بە بەکارهێنانی چەندین هەڕەشەی متمانەپێکراو لە بری کردەوەی هێرشکارانە. یەک ناکۆکیی سەرەکی، جەنگی کۆریا، بێ بوونی براوەیەکی ئاشکرا کۆتایی هات، بەڵام تێیدا سەربەخۆیی کۆریا باشوور پارێزرا. بێجگە لە دوو پرۆسەی داگیرکاریی خێرا، بۆ نموونە داگیرکردنی (گرانادا) و (پاناما)، دەستوەردانە چەکدارییەکانی دیکەی واشنتۆن بە شێوەیەکی گشتی کارەساتی تراژیدی بوون، بە تایبەتی جەنگی ڤێتنام و عێراق و ئەفغانستان.
تەنانەت ئەو دەستوەردانانەش کە ژمارەیەکی کەم لە قوربانیانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی لێ کەوتەوە، بۆ نموونە هێرشی ئەمەریکا بۆ سەر ناوچەی باڵکان، نەیانتوانی دابەشبوونی نەژادی بنبڕ بکەن و دیموکراسیی لیبراڵ بەدی بهێنن. هیچ کام لەو دەستوەردانانە نەیانتوانی بەرگری لە بەرژەوەندییە جددی و جەوهەرییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان بکەن. جەنگی ئابووریش دەرەنجامێکی باشتری نەبوو، تێیاندا واشنتۆن بە شێوەیەکی گشتی هەژاریی بەسەر دانیشتوانی خۆجێییدا دەسەپاند و جاڕی دووڕووانەی بۆ بەهاکان دەدا.
جێی سەرسووڕمانە کە ئەندامانی ئەم کۆمەڵە بچووکە، کە (بێن ڕۆدس)ی جێگری پێشووی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی پێی دەوت، دامەزراوەی سیاسەتی دەرەوە، هێندە بێ توانا بوون و دووچاری زیانێکی پیشەیی زۆر کەم بوونەتەوە. ئەم بێ متمانەییە ئابڕووچوونە. ئێلیتەکانی واشنتۆن هەرگیز دوودڵ نەبوون لە بە ناشناڵکردنێکی دڵڕەقانەی ئەو قوربانییە بیانییانەی هەندێک جار زۆر گەورە و ئاشکرا بوون.
بۆ نموونە، (ئۆلبرایت) بە شێوەیەکی لووتبەرزانە سوور بوو لەسەر ئەوەی کە ویلایەتە یەکگرتووەکان زۆر قووڵتر لە ئایندە دەڕوانێت بەراورد بە دەوڵەتانی دیکە و بەم چەشنە پاساوی بۆ سیاسەتە سەربازی و بەردەوام توندڕەوەکانی ئەمەریکا دەهێنایەوە. بۆچوونی ئەو هاوڕاییەکی زۆری هەیە لە ناو واشنتۆندا سەرباری ئەوەی تەواو بێ مانایە، بە دیاریکراوی کاتێک لەو کارەساتانە دەڕوانین کە لە دوو دەیەی ڕابردوودا بە هۆی دەستوەردانی ویلایەتە یەکگرتووەکانەوە خوڵقێنراون. بێجگە لە بیرۆکراتی واشنتۆن، کێ بە هەوڵەکانی ئەمەریکا دەڵێت دووربین و سەرکەوتوو؟
بە هەر حاڵ، وەک پێشتر ئاماژەمان پێی کرد، ئۆلبرایت مەرگی سەدان هەزار منداڵی بە کەم نرخاند کاتێک وتی: "ئێمە پێمان وایە ئەو باجە شایستەیە". گومانی تێدا نییە کە جۆرج دەبلیوو بووش لە عێراق و باراک ئۆباما لە ئەفغانستان و دۆناڵد ترەمپ بە هەمان شێوە بیریان کردووەتەوە. بەڵام تەسەور بکەن ئەمەریکییەکان چۆن کاردانەوەیەکیان دەبێت ئەگەر بەرپرسێکی بیانی، بۆ نموونە ڤلادمیر پووتن، یان شی جین پینگ، وتەیەکی هاوشێوە دەرببڕن. چی دەبێت ئەگەر سەرۆکی ڕووسیا ڕوونی بکاتەوە کە ژمارەی قوربانیانی مەدەنی لە شەڕی ئۆکرانیادا دۆخێکی غەمگینە، بەڵام زەروور بووە. پاشان دەوڵەتی سەرۆک پۆتین دووربینییەکی ناوازەی نیشان دا و باجی کردەوەکانی "شایستە بوو".
ئاسانە پاساو بۆ هەر باجێک بهێنرێتەوە، جا هەر چەندە قورسیش بێت، بە مەرجێک کەسێکی دیکە ئەو باجە بدات. لەمڕۆدا سیاسەتی دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکان بە تەنها سیاسەتێکی گەمژانە و نابەرهەمهێنەر نییە. بەڵکو لە هەمان کاتیشدا بە قووڵی سیاسەتێکی نائەخلاقییە. واشنتۆن گەلانی کردووە بە ئامڕازێک بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکانی مامە سام جێی هێشتوون، ئەوان باجی کۆتایی بدەن.
پێویست دەکات ئیدارەی داهاتوو سەرلەنوێ فێری چەند بەهایەکی سیاسەتی دەرەوە ببێتەوە، وەک سادەیی، هاوسۆزیی، دان بە خۆدا گرتن، میهرەبانی، پراگماتیزم و ڕیالیزم. جیهان یارییەکی جیهانیی شەترەنج نییە تێیدا داڕێژەرانی سیاسەتی ئەمەریکا مافی خوڵقاندنی ترس و دڵەڕاوکێ و ئاژاوەگێڕییان هەبێت و وەک بەشێک لە سەربازی یاریی شەترەنج قوربانی بە کەسایەتیی سەربازیی ویلایەتە یەکگرتووەکان و هاووڵاتییانی بیانی بدەن.

سەرچاوە:
https://www.cato.org/commentary/limits-number-one

#ئەمەریکا #جەنگی_ئۆکرانیا #تیرۆر
بینێرە لە ڕێگەی