تورکیا لە هەفتەیەکدا 23/9 تا 29/9/2023

12:24
01/10/2023
کوردستان مۆنیتەر

فۆتۆ: میدیاکان

هاوبەشی بکە

تاک

- وەزیری بەرگری تورکیا: بەردەوامین لەسەر ئاگادارکردنەوەی بافڵ تاڵەبانی و داوامان کردووە پشتیوانییەکانی بۆ پەکەکە ڕابگرێت
- وەزیری بەرگری تورکیا: چالاکییەکانی پەکەکە لە سلێمانی لە زیادبووندان
- وەزیری بەرگری تورکیا: هیوادارم بافڵ تاڵەبانی لە نزیکترین کاتدا ئەم پشتیوانی و کاری هاوبەشەی لەگەڵ گرووپە تیرۆریستییەکاندا بپچڕێنێت

- وەزیری بەرگری تورکیا لە وەڵامی پرسیاری پەیوەندی بافڵ تاڵەبانی لە سلێمانی لەگەڵ پەکەکە وتی: ئەوانەی لەگەڵ تورکیادا پێکەوە کار دەکەن لە ئایندەدا قازانج دەکەن

لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا کە لە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا ڕێکەوتی 28/9/2023 کە بۆ ڕۆژنامەنووسان ڕێکخرابوو بۆ ئەوەی پرسیارەکانیان ئاڕاستەی وەزیری بەرگری تورکیا بکەن، یاشار گیولەر Yaşar Güler وەزیری بەرگری تورکیا ڕایگەیاندووە:
"بەردەوامین لەسەر ئاگادارکردنەوەی بافڵ تاڵەبانی و داوامان کردووە پشتیوانییەکانی بۆ پەکەکە ڕابگرێت".
"چالاکییەکانی پەکەکە لە سلێمانی لە زیادبووندان، بەردەوامین لە ئاگادارکردنەوەی بافڵ تاڵەبانی بۆ ڕاگرتنی پشتیوانییەکانی لە پەکەکە، بە پێچەوانەوە لە ئایندەدا بارودۆخ دەگۆڕێت. بە هەرجۆرێک بێت لە زیانی ئێوە دەبێت. دۆخەکەش بەمجۆرە پەرە دەستێنێت، چاودێری وردی هەموو چالاکییەکانی دەکەین، هەمووی دەزانین، بەڵام نامانەوێت جموجوڵێکی توندتر بکەین، چەندین جار ئەمانەی پێ وتراوە. بەڵام بە هیچ جۆرێک پاشگەز نەبووەتەوە و بەردەوامە. ئێستا پەیوەندییەکانمان بە تەواوی لەگەڵ فرۆکەخانەی سلێمانی پچڕیوە. هیوادارم بافڵ تاڵەبانی لە نزیکترین کاتدا ئەم پشتیوانی و کاری هاوبەشەی لەگەڵ گرووپە تیرۆریستییەکاندا بپچڕێنێت".[1] 
"چوونە ناو ڕیزەکانی پەکەکە تا ئاستی تەواو بوون ڕۆیشتووە. پەکەکە وەک ساڵانی نەوەدەکان ناتوانێت هێرشی چەکداری ئەنجام بدات. لە ڕاستیدا ئەگەر بڵێین چوونە ناو ڕیزەکانی پەکەکە تەواو بووە ڕاست نییە، بەڵام هەروەک بەردەوام جەختمان لەسەر کردووەتەوە لە ڕاستیدا گەشتووەتە ئاستی کۆتایی و تەواو بوون".
"دایکانی دیاربەکر ڕۆڵێکی بێوێنەیان گێڕاوە. گرووپی تیرۆریستی پەکەکە جورئەتی نەماوە منداڵ بڕفێنێت".
"ئەو گەنجانەی کە لە ناو پەکەکەوە هەڵاتوون قسە لەگەڵ خەڵکی دەکەن و دۆخەکەیان بۆ ڕوون دەکەنەوە، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و ڕاگەیاندنەکاندا هاووڵاتییان زانیاری و قسەکانی ئەو گەنجانە دەبینن و دەبیستن. ڕاستییەکان باشتر دەبینن و دەبیستن".
"ئیدی ئەو چالاکییانەی لە نەوەدەکاندا دەیانکرد، ناتوانن هەمان کار ئەنجام بدەنەوە. ئێستا پەکەکە سەرقاڵی ڕێگریکردنە لە دابەشبوون و هەوڵی پاراستنی خۆی دەدات".
"لە ئێستادا زیاتر لە سوریا و ئێرانەوە خەڵکی دەچنە ڕیزەکانی پەکەکەوە. جوانترین شت ئەوەیە ئیدی چوونە ناو ڕیزەکانی گرووپی تیرۆریستی پەکەکەی جوداخوازەوە لە تورکیاوە نییە".
لە وەڵامی پرسیار دەربارەی پەیوەندی بافڵ تاڵەبانی لە سلێمانی لەگەڵ پەکەکە، یاشار گیولەر وتی:
"ئەوانەی لەگەڵ تورکیادا پێکەوە کار دەکەن لە ئایندەدا قازانج دەکەن. پەکەکە/یەپەگە، یاخود هەر ناوێکی دیکەیان هەبێت گرووپی تیرۆریستین، لە ڕاستیدا لە قۆناغی کۆتاییهێنانداین بەم گرووپە تیرۆریستییانە، کەسانێک وەک پاشکۆی ئەمانە خۆیان نیشان دەدەن و هەوڵی لەبەرگرتنەوەیان (کۆپیکردنیان) دەدەن. ئێمە ئەمە دەزانین، چاوەڕێ دەکەین، گرووپی تیرۆریستی لەناو دەبەین، گومانمان لەمە نییە. ئەمە تەواو دەبێت، بەڵام لەوانەیە بەڵایەکی دیکە لە ملمان بئاڵێنن. ئەوان لە پێناو ئیدارەدانی سیستم و کاری خۆیان بەردەوام دەبن لەم کارەیان. بەڵام تورکیا بەهێزتر دەبێت، لە ناوچەکە و جیهاندا دەبێت بە خاوەن قسەی خۆی".[2]

یەسەپە: دەکرێت هەدەپە و یەسەپە لە هەندێک ناوچەدا پشتیوانی لە کاندیدی پارتە ئۆپۆزسیۆنەکانی دیکە بکەن
ئەگەری پشتیوانی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) و پارتی چەپی سەوز (یەسەپە) لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا بە کراوەیی ماوەتەوە. سەزایی تەمەللی Sezai Temelli پەرلەمانتاری یەسەپە لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا ئاماژەی بەوەدا، "هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ٢٠٢٤ جیاوازە لە هەڵبژاردنی سەۆک کۆمار، بۆیە دەکرێت هەدەپە و یەسەپە لە هەندێک ناوچەدا پشتیوانی لە کاندیدی پارتە ئۆپۆزسیۆنەکانی دیکە بکەن.
لەو چاوپێکەوتنەی لەگەڵ Arti TV تەمەللی جەختی لەسەر جیاوازی هاوپەیمانی ناوەندی و ناوچەیی کردووەتەوە و باسی لەوە کردووە، پشتیوانی یەسەپە و هەدەپە لە کەمال کلیچدارئۆغڵو کاندیدی هاوپەیمانی میللەت و بەرەی ئۆپۆزسیۆن بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار بە بڕیارێکی ناوەندی بووە و بۆ هەڵبژاردنێکی گشتی و ناوەندی بووە، بەڵام هەڵبژاردنی شارەوانییەکان وەک لە ناوەکەیەوە دیارە "هەڵبژاردنی ناوچەییە Yerel Seçim"، بۆیە دەکرێت لە هەندێک پارێزگا و قەزا و ناحیەدا هەدەپە و یەسەپە پشتیوانی لە کاندیدی پارتە ئۆپۆزسیۆنەکانی دیکە بکەن.
لەگەڵ ئەوانەشدا سەزایی تەمەللی بە پێویستی دەزانێت وەک هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ٢٠١٩ و سەرۆکایەتی کۆماری ٢٠٢٣ بەرپرس و ئەندامانی هەدەپە و یەسەپە بێ بەرامبەر پشتیوانی کاندیدی هیچ پارتێک نەکەن.[3] 

ئاسایشی تورکیا دەپرسێت کوردستان کوێیە؟
"کوردستان کوێیە؟"، ئەو پرسیارەی بەردەوام بەرپرسانی تورکیا دووبارەی دەکەنەوە. دوای ئەوەی ڕۆژی ٢٠ی ئەیلوول کامیل گیۆک تاش Kamil Göktaş بەرپرسی لقی سیڤەرەک Siverekی پارتی دیموکراتی هەرێمەکان (دەبەپە) Demokrat Bölgeler Partisi (DBP) لە ساڵیادی گیانلەدەستدانی ئیبراهیم ئایهان İbrahim Ayhan کەسایەتی سیاسی باکووری کوردستان دەستەواژەی "شەهیدانی کوردستان Kürdistan Şehitleri" بەکارهێناوە. دوو ڕۆژ دواتر لە لایەن ئاسایشی سیڤەرەکەوە دەست بەسەر کراوە و لە کاتی لێکۆڵینەوەدا ئەفسەری ئاسایش چەندین جار پرسیویەتی "کوردستان کوێیە؟"[4]

ئەردۆگان سەردانی ئازەربایجانی کرد
ڕۆژی ٢٥ی ئەیلوول ڕەجەب تەیب ئەردۆگان سەرۆک کۆماری تورکیا لەسەر بانگهێستی فەرمی ئیلهام عالیەڤ İlham Aliyev سەرۆک کۆماری ئازەربایجان سەردانی هەرێمی کۆماری ناهچیڤان Nahçivan Özerk Cumhuriyeti کرد. سەردانەکەی ئەردۆگان هەفتەیەک دوای ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی سوپای ئازەربایجان دێت لە ناوچەی قەرەباغ بۆسەر "ئەرمەنییە جوداخوازەکان Ayrılıkçı Ermeni" و کۆتایی ئۆپەراسیۆنەکە بە ڕاگەیاندنی ئاگەربەست لە نێوان ئەرمەنستان وئازەربایجان.
سەردانەکەی ئەردۆگان وەک پشتیوانی تورکیا بۆ ئازەربایجان لە شەڕی دژی ئەرمەنستان ڕاڤەی بۆ دەکرێت. دوای واژۆکردنی ژمارەیەک ڕێککەوتن لە نێوان هەردوو وڵآتدا سەرۆک کۆماری ئازەربایجان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا سوپاسی تایبەتی ئەردۆگانی کرد بۆ ئەوەی لە وتارەکەیدا لە ٧٨هەمین کۆبوونەوەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بەرگری لە ئازەربایجان کردووە بەرامبەر ئەرمەنستان، عالیەڤ بە شانازییەوە جەختی لەوە کردەوە کە "ئەرمەنستان مەرجاکانمانی قەبوڵ کردووە".[5]

بۆ ماوەی 2 هەفتە پارێزگای شرناخ وەک ناوچەی ئەمنی قەدەغەکراو ڕاگەیەنرا
دوو هەفتەی دیکە پارێزگای شرناخ  وەک "ناوچەی ئەمنی قەدەغەکراو بەشێوەی کاتی Geçici Özel Güvenlik Bölgesi" ڕاگەیەنرا. بەگوێرەی بڕیارێکی پارێزگاری شرناخ، ناوەندی پارێزگاکە و قەزاکانی جەزیرە، سلۆپی، ئوڵودەرە، گیوچلوکۆناک و بەیتوشەباب لەگەڵ زنجیرە چیاکانی جودی، بەستلەر، کورت، کوڕەشین، کاراچاڵ، کەل مەهمەت، سەرین، کوچوک سو، گابار، ئاڵتن داغ، ئینجەبەل، ئۆیماکایا، تانین و گوند و پێدەشتەکانی نێوان ئەو چیایانە  لە ٢٨ی ئەیلوول تاوەکو ١٢ تشرینی یەکەم وەک "ناوچەی ئەمنی قەدەغەکراو بەشێوەی کاتی" ڕاگەیەنراوە و هاووڵاتییان بۆیان نییە هاتووچۆی پێدا بکەن.[6]
بڕیاری ڕاگەیاندنی ناوچەی ئەمنی قەدەغەکراو بەشێوەی کاتی لە پارێزگای شرناخ کە هەندێکجار پارێزگاکانی هەکاری و وانیش لە باکووری کوردستان دەگرێتەوە، بەڵگەیە لەسەر بوونی گەریلاکانی پەکەکە و کاریگەرییان لەو ناوچانە و مەترسی دەسەڵاتدارانی ناوچەکە لێیان.

پەرلەمانتارێکی پێشووی هەدەپە بە زیاتر لە 4 ساڵ زیندانی حوکمدرا
سەلما ئیرماک Selma Irmak ئەندامی پێشووی پەرلەمانی تورکیا لەسەر لیستی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) سزای ٤ ساڵ و ٢ مانگ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێنرا.
سزاکەی سەلما ئیرماک لەلایەن دادگای سزاکانی ئامەد-ەوە دەرکراوە، لە بڕیارەکەدا دادگا "بە تۆمەتی سوکایەتیکردن بە سەرۆک کۆمار ٢ ساڵ و ١١ مانگ سزای زیندانی و دوو جاریش بە تۆمەتی سوکایەتی بە حکومەت بەشێوەیەکی ئاشکرا سزای ١ ساڵ و٣ مانگ سزای زیندانی" بەسەر سەلما ئیرماکدا سەپاند.
ئەو پەرلەمانتارەی هەدەپە لە ساڵی ٢٠١٥دا لە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنیدا ڕەخنەی ئاڕاستەی حکومەت و سەرۆک کۆمار کرد دەربارەی بەشداریکردن لە مەراسیمی بەخاکسپاردنی کەسایەتییەکان و کوشتنی دوو کارمەندی تەندروستی لەلەیان حکومەت خۆیەوە.
جێگای ئاماژەپێدانە دۆسیەکەی سەلما ئیرماک لەلایەن پارێزەرەکەیەوە گەیەنراوەتە دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا و لەلایەن دادگاکەوە بڕیاری بێتاوانی بۆ ناوبراو دەرکراوە، هەرچەندە پارێزەری پەرلەمانتارەکە بڕیارەکەی دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپای پێشکەشی دادگاکەی ئامەد کردووە، بەڵام لەلایەن دادوەرەوە ڕەتکراوەتەوە.[7]
ئەمە لە کاتێکدایە تورکیا یەکێکە لەو وڵاتانەی پابەندی خۆی بۆ بڕیارەکانی دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا پیشان داوە. بەڵام جگە لە بڕیاری دادگاکە بۆ بێتاوانی سەلما ئیرماک، لە دۆسیەی هەریەک لە سەلاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەلداغ هاوسەرۆکانی پێشووی هەدەپە، دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا بڕیاری بێتاوانی هەردوو هاوسەرۆکەکەی دەرکردووە، بەڵام تورکیا چەند ساڵێکە سەرجەم بڕیارەکانی دادگاکە ڕەت دەکاتەوە.

[1] https://kuzey24.com/turkiye-savunma-bakanindan-bafil-talabaniye-suleymaniye-uyarisi/
[2] https://www.aydinlik.com.tr/haber/milli-savunma-bakani-yasar-guler-pkkya-katilim-bitme-noktasinda-421721
[3] https://www.youtube.com/watch?v=Of5zpkXQ9Io
[4] http://mezopotamyaajansi35.com/GUNCEL/content/view/219582
[5] https://www.bbc.com/turkce/articles/cl7xwvj0kxwo
[6] https://twitter.com/OOktayyildiz3/status/1707130232308679038/photo/1
[7] https://youtu.be/PxHFZJl3WaI?si=1qR1ySV5nRWceCtq

#تورکیا
بینێرە لە ڕێگەی