ئێران لە هەفتەیەکدا 26/9 تا 3/10/2023

04:49
03/10/2023
کوردستان مۆنیتەر

فۆتۆ: میدیاکان

هاوبەشی بکە

تاک

چالاکییەکانى ئێران لە سوریا
حکومەتی سوریا و ئێران هاوکاری هۆزە عەرەبەکانی دێرەزوور دەکەن دژی هەسەدە

1- هێزەکانى سەر بە ڕژێمى سوریا هاوکارى هۆزە عەرەبییەکان دەکات بۆ بەردەوامیدان بە شەڕیان دژ بە هێزەکانى سوریاى دیموکرات کە لە لایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکاوە پشتیوانى دەکرێت، ئەم کارەش ئاسانکارى دەکات بۆ دەرکردنى هێزەکانى سوریاى دیموکرات لە بەشێک لەو ناوچانەى کە دەکەوێتە ژێر دەسەڵاتییەوە.
هاوپەیمانى نێوان هێزەکانى سوریاى دیموکرات و هۆزە عەرەبییەکان درزى تێکەوتووە لە پارێزگاى دێرەزوور بەهۆى ئەو ستەمکارییەى دەرهەق بە هۆزەکان کراوە. ئامانج لە یاخی بوونى هۆزەکان دەرکردنى هێزەکانى سوریاى دیموکراتە لە دێرەزوور و دروستکردنى دەسەڵاتێکە بە سەرکردایەتى سەرۆک هۆزەکان.

2- لە 14 ئەیلوول سەرکردەى یاخییەکان (ئیبراهیم الهفل) ڕایگەیاند، کە هۆزەکان دەیانەوێت خۆیان ناوچەکەى خۆیان بەڕێوەبەرن و ڕاپەڕینەکەشیان بەردەوام دەبێت تا ئەو کاتەى هێزەکانى سوریاى دیموکرات دەردەکەن.

3- دوابەدواى ئەو ڕوداوانە هێزەکانى ڕژێمەکەى ئەسەد ئەو دەرفەتەیان قۆستەوە و هەڕەشەى ناردنى هێزیان کرد بۆ ناوچەکانى ژێر دەسەڵاتى هێزەکانى سوریاى دیموکرات دواى دەستگیرکردنى سەرکردەیەکى لۆکاڵى لەو ناوچەیە لە 27ی ئاب.  لەو کاتەوە هێزەکانى ڕژێمى سوریا کاردەکات لەسەر درێژکردنەوەى وادەى شەڕ لەو ناوچەیە.

4- لە 31 ئاب چەکدارى هۆزە شەڕکەرەکان ڕەتیان کردەوە کە هاوکارى لە هێزەکانى نزیک لە ڕژێمى سوریا وەربگرن و ڕەتیان کردەوە کە هیچ جۆرە هاوکارییەک هەبێت لە نێوان هێزەکانیان و ئێران و تورکیا، بەڵام دواتر هۆزەکان هاوکارییان لە هێزەکانى سەر بە ڕژێمى سوریا وەرگرت.

5- هێزەکانى سوریاى دیموکرات لە شەڕەکانیدا لەگەڵ هۆزە عەرەبیەکان، لە 25 ئەیلول دەستیگرتووە بەسەر مووشەکى ئێرانى دژ بە تانک کە لە لایەن هۆزەکانەوە بەکارهێنراوە.  

6- هێزەکانى سەر بە ڕژێمى سوریا سەرەتا ئەو کەسانەیان دەستگیر دەکرد کە لە ناوچەکانى ژێر دەسەڵاتى هێزەکانى سوریاى دیموکرات دەپەرینەوە بە تۆمەتى ئەوەى کە سەر بە ئۆپۆزسیۆنن، بەڵام لە ئێستادا ناوچەیەکى ئارامى بۆ ئەو کەسانە دروست کردووە بە مەبەستى ئامادەکردنەوە و ناردنەوەیان بۆ شەڕى هێزەکانى سوریاى دیموکرات.

7- لە 20ی ئەیلوول (الهفل) سەرکردەى یاخییەکان، چاوى کەوتووە بە فەرماندەیەک لە هێزەکانى ڕژێمەکەى ئەسەد، هەر لە هەمان ڕۆژدا (الهفل) دروستبوونى هێزێکى سەربازى ڕایگەیاند. ناوبراو دەیەوێت بنکەى جەماوەرى هێزەکانى بەهێزتر بکات لەڕێگەى بانگهیشتکردنى هۆزەکانى دیکە بۆ گێڕانەوەى کولتوور و میراتى عەرەبی بۆ پارێزگاى دێرەزوور.


ناردنی 50 ئەفسەری هەواڵگری لەلایەن ئێرانەوە بۆ سوریا
ئێران 50 ئەفسەرى هەواڵگرى لە ڕۆژهەڵاتى سوریا بڵاوکردووەتەوە لە چوارچێوەى پرۆسە هەمەچەشنەکانى بۆ دابینکردنى چالاکییە سەربازییەکان و دەرکردنى هێزەکانى ئەمریکا لە سوریا. ئەفسەرە هەواڵگرییەکانى ئێران لە 26ی ئەیلول لە چوار شارى سەرەکى سوریا بڵاوبوونەتەوە لە ڕۆژهەڵاتى سوریا، پلانى سەرەکى ئێران لەم هەنگاوە بۆ ئەم کارانەى لاى خوارەوەیە:

- درێژە دان بە شەڕ و ملانێى نێوان هێزەکانى سوریاى دیموکرات و هۆزە عەرەبییەکان. ئەو هۆزانەى کە لەلایەن ئێرانەوە هاوکاری دەکرێن ئامانجیان ئەوەیە کە ئەو هاوپەیمانییە هەڵبوەشێننەوە کە لە نێوان هێزەکانى سوریاى دیموکرات و هۆزەعەرەبییەکانى دیکە هەیە لە پارێزگاى دێرەزوور.

- ئێران و هێزەکانى نزیک لە ڕژێمى سوریا پرۆسەى سەربازى هاوبەش ئەنجام دەدەن بە ئامانجى دابینکردنى ئاسایشی جموجوڵى هێزەکانیان لە بیابانەکانى ناوەندى سوریا و ڕێگە سەرەکییەکان.

- هێزەکانى نزیک لە ڕژێمى سوریا سوود لەو هەلومەرجە وەردەگرن کە هاتووەتە ئاراوە دژ بە هێزەکانى سوریاى دیموکرات، لەو بارەوە کارى تێکدەرانەیان ئەنجام داوە لەو ناوچانەى کە لەژێر دەسەڵاتى هێزەکانى سوریاى دیموکراتدایە لە کۆتاییەکانى مانگى ئاب و سەرەتاى مانگى ئەیلول. ئەم کارانەش دێتەوە لەگەڵ ئەو هێرشەى بە شێوەیەکى هەماهەنگ لە نێوان ئێران و ڕوسیا و سوریا لە مانگى تشرینی دووەمەوە دەستى پێ کردووە بۆ دەرکردنى هێزەکانى ئەمریکا لە سوریا، ئەو 50 ئەفسەرە هەواڵگرییەى ئێرانیش لەو بارەوە دەتوانن پاڵپشتێکى بەهێز بن بۆ ڕژێمى سوریا بۆ تێکشکاندنى ئەو هێزانە.

- ڕژێمى سوریا ڕێگە بە گەڕانەوەى هێزى هۆزە عەرەبییەکان دەدات کە بگەڕێنەوە بۆ ناوچەکانى ژێر دەسەڵاتى خۆیان تا ئەو کاتەى کە شەڕى هێزەکانى سوریاى دیموکرات دەکەن، ئەم هەڵوێستەش بە گۆڕانێکى جۆرى دادەنرێت لەبەر ئەوەى پێشتر ڕژێمى سوریا ئەو کەسانەى دەستگیر دەکرد کە لە ناوچەکانى ژێر دەسەڵاتى هێزەکانى سوریا دیموکرات هەڵدەهاتن بەهۆى شەڕى ئەو هێزانە لەگەڵ هۆزە عەرەبییەکان. ئەم کارەى ڕژێمى سوریاش بۆ دروستکردنى متمانەیە لەگەڵ هێزى ئەو هۆزانە بە ئامانجى درێژەدان بە شەڕ لە پارێزگاى دێرەزوور.

کەرتی نەوتی ئێران و سوریا

- جەلیل سالارى جێگرى وەزیری نەوت ئێران لە 25 ئەیلوول ڕایگەیاند، کە ئێران و سوریا و ڤەنزوێلا یادداشتێکى لێکتێگەیشتنیان واژۆ کردووە بۆ دروستکردنى پاڵاوگەیەکى نەوتى نوێ لە سوریا  و ئەمەش جگە لە بەهێزکردنى ڕژێمى سوریا دەبێتە هۆى زیاتر کردنى هەژموونى ئابوورى ئێران بەسەر ڕژێمى سوریاوە.
ئێران و ڤەنزوێلا نەوتى خاو هەناردەى ئەو پاڵاوگە نوێیە دەکەن کە بڕیار وایە 140 هەزار بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا بەرهەم بهێنێت، هەروەها سالارى ڕایگەیاند، کە ئەندازیار و کۆمپانیا ئیرانییەکان پاڵاوگەى نەوتى پارێزگاى (حمص) چاک دەکەنەوە، کە بە هۆى شەڕى ناوخۆى سوریا وێرانکراوە و بەمەش 100 هەزار بەرمیلی دیکە زیاد دەبێت بە تواناى بەرهەم هێنانى نەوت لە سوریا.

- ئێران ژێرخانى نەوتى پێویستى نییە بۆ باشتر کردنى تواناى دابینکردنى پێداویستییەکانى ناوخۆ و پێداویستییەکانى هەناردەکردن، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەى ئەو حاڵەتە ئێران لە هەوڵدایە کە لەسەر ئاستى ناوخۆ پەرە بە دامەزراوەکانى بدات و پرۆسەکانى پاڵاوتنى نەوتیش لە دەرەوەى سنوورەکانى پەرە پێ بدات. بەم کارە ئێران دەتوانێت تواناى بەرهەمهێنان و هەناردەکردنى نەوتى زیاتر بکات، لە ئێستادا ئێران لەسەر ئاستى هەناردەکردنى نەوت توانیویەتى بگاتەوە بەو ئاستەى کە بەر لە سەپاندنى سزاکان هەیبوو.

- ئێران و فەنزێلا لە کاتى سەردانەکەى ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک کۆماری ئێران بۆ کاراکاس لە مانگى حوزەیرانى 2023، چەندین ڕێکەوتنیان ئەنجامدا، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا ئەو دوو وڵاتە لە وڵاتێکى دیکە لە پڕۆژەى نەوتیدا هاوکارییان نەکردووە.

- جێگرى وەزیری نەوتى ئێران ڕایگەیاند کە نوێکردنەوەى پاڵاوگەکە دەتوانێت پشتیوانى دابین بکات بۆ بەرەى بەرگرى. جێگەى ئاماژە پێدانە کە سوریا لە ئێستادا گرفتی هەیە لەگەڵ کەمى سووتەمەنى، ناڕەزایەتییەکانى مانگى ئاب ئەو کاتە سەریان هەڵدا کاتێک کە ڕژێمى سوریا ویستی پشتیوانى بەهاى سووتەمەنى کەم بکاتەوە. هێزەکانى سوپاى پاسداران و ئەو هێزانەى کە ئێران پشتیوانیان لێدەکات لە ڕۆژهەڵاتى سوریا دانیشتوانى ناوچەکەیان توڕە کرد کاتێک دەستیان گرت بەسەر ئەو سووتەمەنییە سنووردارەى کە هەبوو لەناوچەکە بەمەبەستى دابینکردنى پێداویستى بارەگا و پڕۆسە سەربازییەکانیان. هێزەکانى نزیک لە ئێرانیش نەوت بەرهەم دەهێنن لە ڕۆژهەڵاتى سوریا، بەڵام گرفتیان هەیە لەگەڵ پاڵاوتنەکەیدا.

 

پەیوەندییەکانى ئێران و ڕوسیا
فرۆشتنی فڕۆکەى بێفڕۆکەوان  و مووشەک بە ڕووسیا

گەورە بەرپرسانى سەربازى ئێران و ڕوسیا پیاچوونەوەیەکیان بەو چەکانەدا کردووە کە ئێران لە مانگەکانى ئاب و ئەیلوولى 2023 ناردوویەتى بۆ ڕوسیا، ئەگەر هەیە گرێبەست بکەن لەسەر فرۆشتنى فڕۆکەى بێفڕۆکەوان  و مووشەک دواى کۆتاییهاتنى ڕێگرییەکانى نەتەوە یەکگرتووەکان لە 18 تشرینی یەکەم.
لەو بارەوە سێرجى شویگۆ وەزیرى بەرگرى ڕوسیا لە 19 ئەیلوول سەردانى تارانى کرد بۆ گفتوگۆ لەسەر باشترکرنى هاوکارى سەربازى لەگەڵ ئێران. لەو سەردانەدا عەمید ئەمیر عەلى حاجى زادە بەرپرسی هێزى ئاسمانى ئاسمانى سوپاى پاسداران لە 20 ئەیلوول هاوڕێیەتى شویگۆى کرد لە گەشتێکدا بۆ بینینى فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانى ئێران و مووشەک و بەرگرى ئاسمانى لە بارەگاى هێزى ئاسمانى سوپاى پاسداران لە تاران.
لەو سەردانەدا شویگۆ گفتوگۆى کرد لەسەر کۆتایی هاتنى ڕێگرییەکانى فرۆشتنى مووشەک کە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە سەپێنراوە بەسەر ئێراندا بەپێی بڕیارى ئەنجومەنى ئاسایش ژمارە 2231. کۆتاییهاتنى وادەی ڕێگرییەکانى فرۆشتنى مووشەک لە لایەن ئەنجومەنى ئاسایشەوە ئەو دەرفەتە بە ئێران دەبەخشێت کە مووشەک و تەکنەلۆجیاى پێشکەوتووى تایبەت بە مووشەک بفرۆشێت بەبێ چاودێرى نێودەوڵەتى و ئەمەش هەل دەڕەخسێنێت بۆ ڕوسیا بۆ دابینکردنى پێداویستییەکانى لە چەکى ئێران.
ئاشتیانى لە 5 ئەیلول ڕایگەیاند کە وەزارەتى بەرگرى ئێران ئامادەیە پەیوەندییە ستراتیژییەکانى لەگەڵ تەواوى وڵاتە سەربەخۆ و هاوپەیمانەکان پەرە پێ بدات دواى کۆتاییهاتنى وادەى ئەو ڕێگرییانەى سەپێنراوە بەسەریدا لەلایەن ئەنجومەنى ئاسایشەوە بە پێی بڕیارى 2231. پێشبینى دەکرێت لە دواى ئەو وادەیەوە ئێران مووشەک ڕەوانەى ڕوسیا بکات.
لە مانگى ئایارى 2023، ئیدارەکەى بایدن ڕایگەیاند کە ڕوسیا لەهەوڵدایە فڕۆکەى بێفڕۆکەوانى زیاتر لە ئێران بکڕێت دواى ئەوەى کە زۆرینەى ئەو (400) فڕۆکەیەى کە پێشتر لەئێرانى کڕیبوو، بەکارى هێناوە لە شەڕى ئۆکرانیا. لە هەمانکاتدا ئێران هاوکارى ڕوسیا دەکات لە دروستکردنى کارخانەیەک بۆ دروستکردنى فڕۆکەى بێفڕۆکەوان لە ناوچەى یەیلابۆگا لە ڕوسیا.
بەپێى زانیارییە هەواڵگرییەکانى ئۆکرانیا  وئیسرائیل، ڕوسیا لە هەوڵدایە مووشەکى جۆرى فاتح 110 و زولفەقارى بالیستی بکڕێت کە مەوداکەیان دەگاتە 300 کیلۆمەتر. بەپێى زانیارى بەرپرسە سەربازییە ئۆکرانییەکان، ڕوسیا گرفتى کەمى مووشەکى هەیە و ئەوەى کە هەیبووە بەکاری هێناوە لە هێرشەکەى بۆسەر ئۆکرانیا.
ئێران خاوەن گەورەترین جبەخانەی مووشەکى گەورە و هەمەچەشنە لە خۆرهەڵاتى ناوەڕاست و لە ماوەى پێنج ساڵى ڕابردوودا بە چڕى وەبەرهێنانى تێدا کردووە، تا ئێستاش ئێران پشت بە پارچەى دەرەکى دەبەستێت لە دروست کردنى مووشەکەکانیدا، لەگەڵ کۆتایی هاتنى وادەى بڕیارى 2231 ئەنجومەنى ئاسایش، ئێران دەستکراوەتر دەبێت لە کڕینی تەکنەلۆژیا و پارچەى پێویست بۆ دروستکردنى مووشەکەکانى بە بێ چاودێرى نێودەوڵەتى. لە ئێستادا ئێران لە دانوستاندایە لەگەڵ چین و ڕوسیا بۆ بەدەست هێنانى (بیکلوراتى ئەمۆنیۆم) بۆ بەکارهێنانى لەو مووشەکانەى بە سوتەمەنى ڕەق کار دەکەن.
ئێران لەهەوڵدایە لە بەرامبەر فرۆشتنى فڕۆکەى بێفڕۆکەوان بە ڕوسیا، پارەى پێویست بەدەست بهێنێت، ئێران لە ڕووى داراییەوە بەدۆخێکى سەختتدا تێپەڕ دەبێت، لە بەروارى 27 ئەیلوول بەهاى ڕیالى ئێرانى گەیشتە 494.000 بۆ هەر دۆلارێک. لە ئێستادا بە پێی زانیارییەکانى ناوەندى ئامارى ئێران، هەڵاوسان لە وڵاتە گەیشتۆتە ڕێژەى 46.1%.
پێشبینی ناکرێت فرۆشتنى مووشەک بە ڕوسیا کاریگەرییەکى زۆرى هەبێت لەسەر بووژاندنەوەى کەرتى ئابوورى، ئەوەى کە زیاتر پێویستە بۆ ئابوورى ئێران بریتییە لە کەمکردنەوەى هەژمونى ڕێکخراوە ناحکومییەکان بەسەر ئابوورى ئێران، ڕووبەڕووبوونەوەى گەندەڵى و مەحسووبییەت. هەوڵەکانى ئێران بۆ بۆ بەرفراوانکردنى پەیوەندییە بازرگانی و ئابوورییەکان لەگەڵ وڵاتانى ناوچەکە، کاریگەرى زۆرى دەبێت لەسەر ئابوورى ئێران و داهاتەکەى زیاتردەبێت لە داهاتى فرۆشتنى چەک، ئیدارەکەى ڕەئیسی سەرۆککۆمارى ئێران هەوڵەکانى چڕ کردۆتەوە لە بوارى دیبلۆماسییەتى ئابوورى لەماوەى ئەم چەند مانگەى ڕابوردوودا.
ئەگەر هەیە ئێران لەبەرامبەر فرۆشتنى چەک بە ڕوسیا داواى هاوکارى بکات لە ڕوسیا لە بوارى پەرەدان بە پڕۆگرامەى مووشەکییەکەى، بە پێی زانیارییە هەواڵگرییەکان تەکنیککارە ڕوسەکان هاوکارى پڕۆگرامە مووشەکییەکەى ئێران و کەشتییەکانى بۆشایی ئاسمانى ئێران دەکەن. پەرەدان بە پڕۆگرامى کەشتییەکانى بۆشایی ئاسمان بۆی هەیە بەکاربهێنرێت لە بوارى پەرەدان بە مووشەکە درێژمەودا کیشوەر بڕەکانى ئێران، بە پێی زانیارییەکان ئێران مانگە دەستکردەکانى بەکارهێناوە بۆ کۆکردنەوەى زانیارى لەسەر بنکە سەربازییەکانى ئەمریکا.

داواکاری 18 وڵات بۆ کڕینی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێران
محەمەد باقری سەرۆک ئەرکانى سوپاى ئێران ڕایگەیاند کە لە مانگى ئەیلول وڵاتەکەى داواکارى لە 18 وڵاتەوە بەدەست گەیشتووە بۆ کڕینی فڕۆکەى بێفڕۆکەوان بە شێوەیەک کە خواستەکان زیاترە لە تواناى بەرهەم هێنانى فڕۆکەکە لە سەر ئاستى ناوخۆ.
لەگەڵ ئەوەشدا کە ئێران بزوێنەر و زۆرپارچەى فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانى لە دەرەوەى دەکڕێت، بەڵام سەرکەوتوو بووە لە بەرهەمهێنانى فڕۆکەى بێفڕۆکەوانى جۆرى هێرشبەر و هەواڵگرى کورت و درێژ مەودا.
ئیبراهیم ڕەئیسی لە دوا سەردانیدا بۆ کینیا لە مانگى تەممووزى ئەمساڵ، بانگەشەى بۆ فڕۆکەى بێفڕۆکەوانى ئیران کردووە، بڕیاریش وایە ئێران فڕۆکەى بێفڕۆکەوان بفرۆشێت بە بۆلیڤیا لە چوارچێوەى ئەو لێکتێگەیشتنەى کە لە نێوانیاندا واژۆکراو لە مانگى تەمموزى 2023.

 

سەرچاوە:
https://www.criticalthreats.org/analysis/iran-update-september-29-2023

#ئێران
بینێرە لە ڕێگەی