تاریکی؛ ئەو ڕێڕەوەی شەڕی ئۆکرانیا دەیگرێتەبەر

05:19
04/10/2023
جیهانی

فۆتۆ: میدیاکان

هاوبەشی بکە

نووسینی: جۆن میرشایمەر
وەرگێڕانی: تاک

لەم نووسینەدا تیشک دەخەمە سەر دوو پرسیار، بەڵام بەر لەوەی یەکسەر بچمە سەر پرسیارەکان، سەرەتا باسکردنی سێ خاڵ پێویستە. من خەریکی هەوڵدان بۆ پێشبینی ڕێڕەوی ئایندەم، کارێک کە بە هیچ شێوەیەک ئاسان و جێی دڵنیایی نییە. لەبەر ئەوە بانگەشەی ئەوە ناکەم کە ڕاستی لای منە و بە دڵنیاییەوە پێشبینییەکەم دێتە دی. بە تایبەتی کە ئێمە لە جیهانێکدا دژین هیچ دڵنیاییەک نییە. لە واقیعدا لەوانەیە هەندێک لە بانگەشەکانی من هەڵە بن. بێجگە لەوە پێشبینی من شتێک نییە کە پێم خۆش بێت ڕوو بدات. لایەنگری هیچ لایەکیان نیم و تەنیا بیروڕای خۆم لەسەر بنەمای ئەوەی هەیە دەریدەبڕم. لە کۆتاییدا پاساو بۆ ڕەفتاری ڕوسیا، یان کردارەکانی هیچ یەکێک لە وڵاتانی ناو شەڕەکە ناهێنمەوە. تەنیا کردارەکانی ئەوان ڕوون دەکەمەوە.

ئایا ئاشتی بەدی دێت؟

ئەم نووسینە لێکدانەوە بۆ ئایندە و ڕێڕەوی شەڕی ئۆکرانیا دەکات. تیشک دەخەمە سەر دوو پرسیار: یەکەم؛ ئێمە ئێستا لە شەڕێکداین کە هەر دوو لا (ئۆکرانیا و ڕۆژئاوا لە لایەک و ڕوسیا لە لایەکی تر) یەکتر وەک هەڕەشە دەبینن، کە دەبێت شکست بخوات. بە سەرنجدانە ئامانجەکانی هەر دوو لا، گەیشتنە ڕێککەوتنێکی واقیعی بە نزیکەیی مەحاڵە. بێجگە لەوە هەر دوو لا ناکۆکییان لە بارەی پەیوەندی بە قەڵەمڕەوی و پەیوەندییەکانی ئۆکرانیا بە ڕۆژئاواوە هەیە. لە باشترین باردا لەوانەیە شەڕەکە بوەستێت و سارد بێتەوە، بەڵام لەم بارەدا بە ئاسانی دەتوانێت دووبارە بۆ شەڕێکی گەرم بگۆڕێت. خراپترین دۆخیش شەڕێکی ناوەکییە، هەڵبەت دوورە ڕوو بدات، بەڵام ناتوانرێت بە تەواوی ئەگەری ڕوودانی لەبەرچاو نەگیرێت.

کێ سەردەکەوێت؟

پرسیاری دووەم کە تیشکی دەخەمە سەر ئەوەیە کە کام لایەن سەردەکەوێت؟ بە بۆچوونی من لە کۆتاییدا ڕوسیا سەردەکەوێت، هەرچەندە بە تەواوی ئۆکرانیا شکست نادات. بە دەربڕینێکی تر ڕوسیا بۆ ئەوەی بە زۆرینەی ئامانجەکانی بگات، واتا ڕووخاندنی حکومەتی ئۆکرانیا و پچڕاندنی پەیوەندییە ئاسایشییەکانی ئۆکرانیا بە ڕۆژئاواوە، دەبێت تەواوی ئۆکرانیا داگیر بکات، بەڵام ناتوانێت ئەو کارە بکات. بەڵام لە کۆتاییدا بەشێکی بەرفراوانی ئۆکرانیا دەخاتە سەر ڕوسیا و ئۆکرانیا بۆ وڵاتێکی ناکارا دەگۆڕێت. بە واتایەکی تر ڕوسیا سەرکەوتنێکی پیس بە دەست دەهێنێت.

ئەو شوێنەی ئەمڕۆ لەوێین

بۆ درک کردن بەوەی کە شەڕی ئۆکرانیا بەرەو کوێ دەچێت، سەرەتا دەبێت دۆخی ئێستا هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت. ئەوە گرنگە کە بزانین سێ کارەکتەری سەرەکی (ڕوسیا، ئۆکرانیا، ڕۆژئاوا) لە بارەی ژینگەی هەڕەشەی خۆیان چۆن بیر دەکەنەوە و چۆن وێنای ئامانجەکانی خۆیان دەکەن. پێویستە بوترێت کاتێک باس لە ڕۆژئاوا دەکرێت، زیاتر لە بارەی ئەمەریکاوە دەدوێین، چونکە هاوپەیمانە ئەوروپییەکانی ئەمەریکا بەرنامەی کاری خۆیان لە ئەمەریکا وەردەگرن و بە ڕابەرایەتی ئەمەریکا هەنگاو دەنێن. هەروەها تێگەیشتن لە دۆخی مەیدانی شەڕ بۆ تێگەیشتنی هەلومەرجەکان گرنگە. سەرەتا با بە ژینگەی هەڕەشەی ڕوسیا و ئامانجەکانی دەست پێ بکەین.

ژینگەی هەڕەشەی ڕوسیا

لە مانگی 4ی 2008وە دیار بوو کە بەرپرسانی ڕوسیا لە هەوڵەکانی ڕۆژئاوا بۆ بردنی ئۆکرانیا بۆ ناو ناتۆ و گۆڕینی بۆ سەنگەری ڕۆژئاوا لە سەر سنوورەکانی ڕوسیا وەک هەڕەشەیەک دەیانڕوانی. لە واقیعدا پووتن و یاریدەدەرەکانی چەندین جار ئەم خاڵەیان لە مانگەکانی بەر لە هێرشی ڕوسیا ڕاگەیاند، کاتێک کە بۆیان دەرکەوت ئۆکرانیا بە نزیکەیی ئەندامێکی دیفاکتۆی ناتۆیە.
لەو کاتەوەی شەڕی ئۆکرانیا لە 24/2/2022 دەستی پێ کردووە، ڕۆژئاوا بە دیاریکردنی کۆمەڵێک ئامانجی نوێ، چینێکی تری بۆ ئەو هەڕەشەیە زیاد کردووە. لێرەدا ئەوەندە بەسە بڵێم کە ڕۆژئاوا، یان بە دوای ئەوەوەیە کە ڕژێمی سوریا بگۆڕێت و وەک یەکێتی سۆڤێتی 1991 دابەشی بکات، ئەگەر ئەوەش نەکرا، بە لایەنی کەمەوە پێداگرە لەسەر ئەوەی ڕوسیا لە ئۆکرانیا شکست بدات و لە ڕیزی زلهێزەکان بیهێنێتە دەرەوە.
پووتن لە وتارێکیدا لە شوباتی 2023دا جەختی کردەوە، کە ڕۆژئاوا هەڕەشەیەکی گەورەیە بۆ ڕوسیا. پووتن وتی "لە ساڵانی دوای لێکهەڵوەشانی یەکێتی سۆڤێت، هەرگیز ڕۆژئاوا دەستی لە هەوڵەکانی بۆ سووتاندنی وڵاتانی جیابووەوە لە یەکێتی سۆڤێت و لە هەموویان گرنگتر لەناوبردنی ڕوسیا وەک گەورەترین پارچەی جێماوی قەڵەمڕەوی یەکێتی سۆڤێت هەڵنەگرتووە.
ئەوان تیرۆریستە نێودەوڵەتییەکان هان دەدەن بۆ ئەوەی هێرشمان بکەنە سەر، ڕووبەڕووبوونەوە ناوچەییەکان بە درێژایی سنوورەکانمان هان دەدەن، بەرژەوەندییەکانی ئێمە لەبەرچاو ناگرن و هەوڵیان دا ئابووری ئێمە کۆنترۆڵ و سەرکوت بکەن".
هەروەها پووتن وتی "نوخبە ڕۆژئاواییەکان وەک خۆیان دەڵێن ئامانجەکەیان ناشارنەوە، کە شکستی ستراتیژی ڕوسیایە. ئەمە بۆ ئێمە چی واتایەکی هەیە؟ ئەمە بەو واتایەیە کە ئەوان دەیانەوێت بۆ کۆتا جار ئێمە لەناو ببەن". بە وتەی پووتن "ئەمە هەڕەشەیەکی وجودییە بۆ وڵاتەکەمان".
دەسەڵاتدارانی ڕوسیا کیێڤ بە هەڕەشە لە سەر ڕوسیا دەزانن، نەک تەنیا بە هۆی ئەوەی هاوپەیمانی نزیکی ڕۆژئاوایە، بەڵکو لەبەر ئەوەی ئەوان ئەم ڕژێمە بە زادەی هێزە فاشیستییەکانی ئۆکرانیا دەزانن، کە لەپاڵ ڕژێمی نازی دژی یەکێتی سۆڤێت لە شەڕی جیهانی دووەمدا شەڕیان کردووە.

ئامانجەکانی ڕوسیا

دەبێت ڕوسیا لەم شەڕەدا براوە بێت، چونکە پێی وایە مانەوەی لە مەترسیدایە، بەڵام سەرکەوتنی ڕوسیا چۆنە؟ بۆ ڕوسیا دەرەنجامی نموونەیی بەر لە شەڕەکە لە مانگی شوباتی 2022 گۆڕینی ئۆکرانیا بوو بۆ وڵاتێکی بێ لایەن و چارەسەر کردنی شەڕی ناوخۆی دۆنباس، کە دەوڵەتی ئۆکرانیای خستبووە بەرامبەر ئیتنیکی ڕوسەکانی ئۆکرانیا و ڕوسی زمانەکان، کە خوازیاری سەربەخۆیی زیاتر بۆ ناوچەکەیان بوون. پێدەچێت ئەو ئامانجانە لە مانگەکانی سەرەتای شەڕەکەدا واقیعبینانە بووبن و لە واقیعدا بنەمای گفتوگۆکانی ئیستەنبوڵی نێوان کیێڤ و مۆسکۆیان پێکدەهێنا لە ئازاری 2022دا. ئەگەر ڕوسەکان لەو کاتەدا بەو ئامانجانەیان بگەیشتنایە، یان ڕێگری لە شەڕەکە دەکرا، یان بە خێرایی کۆتایی دەهات.
بەڵام مامەڵەیەک کە ئەو ئامانجانەی مۆسکۆ بهێنێتە دی، ئیتر بوونی نییە. ئۆکرانیا و ناتۆ لە ئایندەیەکی پێشبینیکراودا یەک دەگرن و هیچ یەکێکیان ئامادە نییە ئۆکرانیا بێ لایەن بێت. بێجگە لەوە ڕابەرانی ڕوسیا نەک تەنیا لە بارەی لەناوبردنی نازییەکانی ئۆکرانیا، بەڵکو لە بارەی لە چەک داماڵینی ئەو وڵاتەوە دەدوێن، واتا دوو ئامانج، کە پێویستیان بە داگیرکردنی ئۆکرانیا بە تەواوی و ناچارکردنی هێزە سەربازییەکانی بە خۆبەدەستەوەدان و دانانی ڕژێمێکی گرێ دراو بە مۆسکۆ لە کیێڤ. بە هۆکاری جیاجیا ئەو سەرکەوتنە ڕەهایەی ڕوسیا ڕوو نادات. بۆ ئەو جۆرە سەرکەوتنە سوپای ڕوسیا لانی کەم پێویستی بە دوو ملیۆن سەرباز هەیە و ڕوونە کە ئەو سوپایەی بەو گەورەییە نییە و توانای داگیرکردنی ئۆکرانیا و بەڕێوەبردنیشی نابێت.
لە واقیعدا سوپای ڕوسیا لە داگیرکردنی دۆنباسیشدا ڕووبەڕووی گرفت بووەتەوە. بێجگە لەوە ڕۆژئاوا بۆ ڕێگری لە داگیرکاری تەواوی ئۆکرانیا لەلایەن مۆسکۆوە، هەوڵی تەواو دەدات. لە ئەنجامدا بە بۆچوونی من و بە ئەگەری زۆر ڕوسەکان بەشێکی زۆری خاکی ئۆکرانیا داگیر دەکەن. دەبێت سەرنج بدرێت کە ئەو خاکەش پڕ دەبێت لەو ئۆکرانیانەی ڕقیان لە ڕوسەکانە و بە توندی دژیان دەوەستنەوە و گرفتی زۆر بۆ ڕوسیا دروست دەکەن. لەبەر ئەوە هەوڵدان بۆ داگیرکردنی هەموو ئۆکرانیا و سەپاندنی خواستەکانی مۆسکۆ، بە دڵنیاییەوە بە کارەسات کۆتایی دێت.
باسە پەیوەندیدارەکان بە لەناوبردنی نازییەکان و لە چەک داماڵینی ئۆکرانیا، ئامانجی بەرجەستە و بەردەستی ڕوسیا پێکدێت لە داگیرکردنی بەشێکی زۆری خاکی ئۆکرانیا و خستنە سەر ڕوسیا، هاوکات دەیەوێت ئۆکرانیا بۆ وڵاتێکی ناکارا بگۆڕێت. بەم شێوەیە تواناکانی ئۆکرانیا بۆ شەڕ دژی ڕوسیا زۆر کەم دەبێتەوە و دوورە ئەو مەرجانەی تێدا بێت کە ببێتە ئەندامی یەکێتیی ئەوروپا، یان ناتۆ. بێجگە لەوە ئۆکرانیایەکی شکستخواردوو، بەرامبەر دەستوەردانەکانی ڕوسیا لە سیاسەتی ناوخۆیدا لاواز دەبێت. بە کورتی ئەگەر ڕوسیا بتوانێت بەشێک لە خاکی ئۆکرانیا بخاتە سەر وڵاتەکەی و دەوڵەتی ئۆکرانیا ناکارا بکات و شکستی بدات، ئەو کاتە ئۆکرانیا سەنگەری ڕۆژئاوا لە سەر سنووری ڕوسیا نابێت.
ئەو دۆخە ناکارایەی دەوڵەتی ئۆکرانیا چۆن بۆ ڕوسیا بەدەست دێت؟ بۆ ئەم ئامانجە دەبێت مۆسکۆ بە ڕەسمی کریمیا و چوار پارێزگای تری ئۆکرانیا، واتا دۆنیتسک، خیرسۆن، لۆهانسک، زاپوروژە بخاتە سەر خاکی ڕوسیا. ئەو چوار پارێزگایە تا بەر لە قەیرانی شوباتی 2014 نزیکەی 23٪ تەواوی خاکی ئۆکرانیایان پێکدێنا.
دەسەڵاتدارانی ڕوسیا جەختیان کردووەتەوە کە مەبەستیان نییە ئەو سەر زەوییانە ڕادەست بکەنەوە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە ڕوسیا هێشتا بە تەواوی ئەو ناوچانەی کۆنترۆڵ نەکردووە. لە واقیعدا تێکڕای ئەوانە پیشانی دەدەن کە ڕوسیا ئەگەر توانای سەربازی پێویستی بۆ ئەنجامدانی ئەو کارەی بە تێچووی گونجاو هەبێت، ئەو سەر زەوییانەی ئۆکرانیا دەخاتە سەر ڕوسیا. وەک پووتن خۆی بە ڕوونی دەیڵێت، دژوارە بڵێین مۆسکۆ بە دوای خستنە سەری چەندێک لە خاکی ئۆکرانیایە بۆ سەر ڕوسیا.

سێ لێکدانەوەی ڕوسیا

بیری ڕوسی لەوانەیە بکەوێتە ژێر کاریگەری سێ لێکدانەوەوە. یەکەم؛ مۆسکۆ پاڵنەری بەهێزی بۆ داگیرکردنی هەمیشەیی ئەو بەشەی خاکی ئۆکرانیا هەیە بۆ ئەوەی بیخاتە سەر ڕوسیا، کە بە ڕەگەز ڕوسین و بە ڕوسی دەدوێن. ڕوسیا دەیەوێت لە بەرامبەر ئۆکرانیا بەرگریان لێ بکات، ئەو ئۆکرانیایەی دژی هەموو شتێکی ڕوسی وەستاوەتەوە. ڕوسیا دەیەوێت دڵنیا بێت کە هیچ شەڕێکی ناوخۆیی لە هیچ شوێنێکی ئۆکرانیا هاوشێوەی ئەوەی لە دۆنباس لە شوباتی 2014 و شوباتی 2022 ڕوویدا، ئیتر ڕوو نەدات.
دووەم؛ ڕوسیا دەیەوێت خۆی بە دوور بگرێت لەو ناوچانەی لە زۆرینەیان ئۆکرانین، چونکە ئەو ناوچانە بە هۆی ئەو دوژمنایەتییەی لەگەڵ ڕوسیا هەیانە، سنوورداری بۆ پەلهاویشتنی زیاتری ڕوسیا دروست دەکەن. سێیەم و کۆتایی؛ گۆڕینی ئۆکرانیا بۆ وڵاتێکی ناکارا پێویستی بەوەیە کە مۆسکۆ بەشێکی بەرچاوی خاکی ئۆکرانیا داگیر بکات، چونکە لەو بارەدا دەتوانێت زیانی زۆر بە ئابووری ئەو وڵاتە بگەیەنێت. بۆ نموونە کۆنترۆڵکردنی تەواوی کەناراوەکانی ئۆکرانیا بە درێژایی دەریای ڕەش، چەکێکی بەهێزی ئابووری دەداتە دەستی مۆسکۆ.
ئەم سێ لێکدانەوەیە پیشانی دەدات کە ڕوسیا هەوڵی زۆر دەدات کە چوار پارێزگای تری ئۆکرانیا، واتا دنیپروپتروفک، خارکێف، میکولایف، ئۆدێسا، بخاتە سەر خاکی خۆی. ئەو چوار پارێزگایە لە ڕۆژئاوای ئەو چوار پارێزگایەی ترن کە پێشتر ڕوسیا بانگەشەی خستنە سەر ڕوسیای کردبوو، واتا دۆنیتسک، خیرسۆن، لۆهانسک، زاپوروژە. ئەگەر ئەوە ڕوو بدات، ڕوسیا نزیکەی 43٪ی خاکی ئۆکرانیای بەر لە ساڵی 2014 داگیر دەکات.
بە پێی خەمڵاندنی (دیمیتری ترنین) ستراتیژیستی بەرجەستەی ڕوس، بەرپرسانی ڕوسیا بە دوای داگیرکردنی قەڵەمڕەوی زیاتر لەوەن. ئەوان دەیانەوێت بە فشار بەرەو باکووری ڕۆژئاوای ئۆکرانیا تا ڕووباری (دنیپر) و داگیرکردنی بەشێک لە کیێڤ، کە لە کەناری ڕۆژهەڵاتی ئەو ڕووبارەیە بەرەو پێشەوە بڕۆن. ناوبراو نووسیویەتی، هەنگاوی لۆژیکی دواتر، دوای دەرکردنی ئۆکرانییەکان لە خارکیف بەرەو ئۆدێسا، "بەرفراوان بوونی کۆنترۆڵکردنی تەواوی ئۆکرانیا لە ڕۆژهەڵاتی ڕووباری دنیپر، لەوانە بەشێک لە کیێڤ لە کەناری ڕۆژهەڵاتی ئەو ڕووبارە دەبێت. ئەگەر ئەمە ڕوو بدات، دەوڵەتی ئۆکرانیا زۆر بچووک دەبێتەوە و تەنیا ناوچەکانی ناوەند و ڕۆژئاوای وڵاتەکە دەمێننەوە".


سەرچاوەی ئینگلیزی
https://mearsheimer.substack.com/p/the-darkness-ahead-where-the-ukraine?utm_source=profile&utm_medium=reader2

سەرچاوەی فارسی
https://www.eghtesadnews.com/%D8%A8%D8%AE%D8%B4-%D8%A7%D8%AE%D8%A8%D8%A7%D8%B1-%D8%B3%DB%8C%D8%A7%D8%B3%DB%8C-57/584465-%D8%AC%D8%A7%D9%86-%D9%85%D8%B1%D8%B4%D8%A7%DB%8C%D9%85%D8%B1-%DA%86%D9%87-%DA%A9%D8%B3%DB%8C-%D9%BE%DB%8C%D8%B1%D9%88%D8%B2-%D8%AC%D9%86%DA%AF-%D8%A7%D9%88%DA%A9%D8%B1%D8%A7%DB%8C%D9%86-%D9%85%DB%8C-%D8%B4%D9%88%D8%AF


#ئەمەریکا #ئەوروپا #جەنگی_ئۆکرانیا #ڕوسیا
بینێرە لە ڕێگەی