تورکیا لە هەفتەیەکدا 30/9 تا 6/10/2023

04:20
07/10/2023
کوردستان مۆنیتەر

فۆتۆ: میدیاکان

هاوبەشی بکە

تاک

کونسوڵی تورکیا لە هەولێر: هەرێمی کوردستان هاوبەشێکی گرنگە بۆ تورکیا
مەهمەت مەولود یاقوت لە وتارێكیدا لە یەکەمین کۆڕبەندی بازرگانی و پیشەسازی عێراق کە ڕۆژی پێنج شەممە ٢٨ی ئەیلوول لە هەولێر ئەنجامدرا، ڕایگەیاند:
"ئامادەبوونمان لێرەدا ئەوە دەردەخات کە تورکیا پابەندە بە بەهێزکردنی هاوکارییە ئابوورییەکان لەگەڵ هاوبەشەکانی. ئێمە لەگەڵ هەرێمی کوردستان سنوورێكی هاوبەش و مێژووییەکی دوور و درێژمان هەیە، هەرێمی کوردستان لە ڕووی كولتوور و وەبەرهێنان و ئاڵوگۆڕی بازرگانییەوە هاوبەشێکی گرنگە بۆ تورکیا، کۆبوونەوەی ئەمڕۆش لە داهاتوودا دەرگای هاوکاری زیاتر دەکاتەوە".
"ئەم كۆڕبەندە دەرفەتێکی گرنگە بۆ رەخساندنی ھەلی کار و نیشاندانی ئەو توانایانەی کە لە پێشمانن بۆ بەهێزکردنی هاوکارییەکانمان، با پێکەوە دەرفەتی نوێ بدۆزینەوە، بۆچوونەکانمان هاوبەش بکەین و هەماهەنگی بەردەوام دروست بکەین، زۆر گەشبینم بە پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان تورکیا و هەرێمی کوردستان".[1]

ئەمینداری یەکگرتوو بە سەردانێکی چەند ڕۆژە لە تورکیا بووە
سەڵاحەدین محەممەد بەهادین ئەمینداری گشتی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان سەردانی تورکیای کرد و ڕۆژانی ٣٠ ئەیلوول و ١ی تشرینی یەکەم بەشداری لە دیداری دادپەروەری و دیموکراسی Adalet ve Demokrasi Buluşması کرد. دوو ڕۆژی دواتریش لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوە و ئاکەپە کۆبووەوە.
دیداری دادپەروەری و دیموکراسی لەلایەن دامەزراوەی دیموکراسی و دادپەروەری ئەنجام دراوە و نزیکەی ٢٠ پارتی سیاسی و ڕێکخراو لە وڵاتانی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفەریقا بەشدارییان تێدا کردووە.[2]
لەلایەکی دیکەوە سەڵاحەدین بەهادین ئەمینداری یەکگرتوو لە ئەنقەرە سەردانی مەکتەبی سیاسی ئاکەپە و وەزارەتی دەرەوەی تورکیای کردووە.
بەگوێرەی هەواڵی سایتی Speda.net کە زمانحاڵی یەکگرتووە، ڕۆژی ٣ی تشرینی دووەم سەڵاحەدین بەهادین سەردانی بارەگای سەرەکی پارتی داد و گەشەپێدانی (ئاکەپە)ی دەسەڵاتداری تورکیای کردووە و چاوی بە زەفەر سارکایا Zafer Sarıkaya جێگری ڕەجەب تەیب ئەردۆگان سەرۆکی ئاکەپە و بەرپرسی پەیوەندییەکانی ئەو حزبە کەوتووە.[3]
هەروەها ڕۆژی ٤ی تشرینی یەکەم ئەمینداری یەکگرتوو سەردانی وەزارەتی دەرەوەی تورکیای کردووە و لەگەڵ ئەحمەد یڵدز Ahmet Yıldız جێگری وەزیری دەرەوە کۆبوونەوەی ئەنجام داوە.[4]

عێراق و تورکیا بە هیچ ڕێککەوتنێک نەگەیشتوون
عێراق داوای ٦٠٠ ملیۆن دۆلاری دیکە لە تورکیا دەکات. ئەم هەوڵەی عێراق هێمایە بۆ نەبوونی هیچ بەرەوپێشچوونێک و ئەنجامی ئەرێنی لە دانوستانەکانی هەر دوو لا سەبارەت بە هەناردەکردنەوەی نەوت.
بەگوێرەی هەواڵی سایتی iraqoilreport، عێراق لە ئەمەریکا داوایەکی لە سەر تورکیا تۆمار کردووە و داوای قەرەبووی ٦٠٠ ملیۆن دۆلار دەکات، ئەمەش بە هۆی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بەبێ ڕەزامەندی بەغدا.
هەواڵەکە لە ٣٠ ئەیلوولدا بڵاوکراوەتەوە تێیدا ئاماژە بەوە دراوە، حکومەتی عێراقی لە ٢٨ی ئەیلوول داوا یاساییەکەی تۆمار کردووە.[5]

هاووڵاتییانی تورکیا هۆکاری هێرشەکەی ئەنقەرە بۆ ناکۆکی نێوان دوو وەزیری ناوخۆ دەگێڕنەوە
لە ئەنجامی تەقینەوەی ئۆتۆمبێلێک و پێکدادانی چەکداری لە ئەنقەرە ٢ کارمەندی ئەمنی برینداربوون. بەگوێرەی هەواڵی دەزگا میدیاییەکانی تورکیا ڕۆژی یەک شەممە ١ی تشرینی یەکەم لە بەردەم بینای وەزارەتی ناوخۆی تورکیا کە نزیکەی ١٠٠ مەترێک لە بینای پەرلەمانی ئەو وڵاتەوە دوورە، دوو چەکدار بە ئۆتۆمبێلێکەوە هەوڵیان داوە بڕۆنە ناو بینای وەزارەتی ناوخۆوە، دوای ڕووبەڕووبوونەوەی پۆلیس و پاسەوانانی وەزارەتەکە لەگەڵ چەکدارەکان یەکێکیان کوژرا و ئەوی دیکەیشیان لەناو ئۆتۆمبێلەکەدا خۆی تەقاندووەتەوە، ٢ کارمەندی ئەمنیش برینداربوون.
ڕۆژی تەقینەوەکە هاوکات بووە لەگەڵ کۆتایهاتنی پشووی هاوینەی پەرلەمان و دەستپێکی وەرزی نوێی یاسادانانی پەرلەمانی تورکیا.[6]
لای خۆشیەوە هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) بەرپرسیاری هێرشەکەی گرتە ئەستۆ و ڕایگەیاند، دوو شەڕڤانیان لە "بەتالیۆنی نەمران Ölümsüzler Taburu" هێرشەکەیان ئەنجام داوە.
بەگوێرەی ڕاگەیەنراوەکەی هەپەگە، هێرشەکەی ئەنقەرە لەلایەن هەریەک لە ڕۆژهات زیلان Rojhat Zilan و ئێرداڵ شاهین Erdal Şahin ئەنجام دراوە.[7]
لەلایەکی دیکەوە توندبوونەوەی ململانێکانی دوو وەزیری ناوخۆی تورکیا بە هۆکاری لاوازبوونی توانای هێزە ئەمنییەکان لێکدەدرێتەوە. هاوڵاتیانی تورکیا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان باسیان لەوە کردووە، عەلی یەرلیکایا کە چەند مانگێکە بووە بە وەزیری ناوخۆ هێندەی سەرقاڵی پاکتاوکردنی کەسە نزیکەکانی سولەیمان سۆیلۆ وەزیری پێشووی ناوخۆی تورکیایە، هێندە ئاگادری دۆخی ئەمنی ناوخۆی وڵاتەکە نییە، هەربۆیە "تیرۆریستان ململانێکانی نێوان ئەو دوو وەزیرەیان بە دەرفەت زانیوە بۆ ئەنجامدانی هێرش و تەقینەوە".

لە باکووری کوردستان 338 کەس دەستگیر دەکرێن
دوای تەقینەوەکەی ئەنقەرە لە تورکیا و باکووری کوردستان ٣٣٨ کەس دەستگیر کراون و ٢ کەسیش کوژراون.
دوای هێرشەکەی بەردەم وەزارەتی ناوخۆی تورکیا سێ ڕۆژی لەسەریەک هێزە ئەمنییەکانی تورکیا هەڵمەتێکی گەڕان و پشکنینی فراوانیان لە زۆربەی شار و شارۆچکەکانی تورکیا و باکووری کوردستان ئەنجام داوە و بە تۆمەتی ئەندامێتی و پشتیوانی لە "پەکەکە" ٣٣٨ دەستگیرکراون و دوو کەسیش بە تەقەی هێزە ئەمنییەکان کوژراون.
ڕۆژی دووشەممە ٢ی تشرینی یەکەم لە پارێزگاکانی ئیستەنبووڵ، کرکڵارئەلی تورکیا ٢٠ کەس بە تۆمەتی ئەندامبوون لە پەکەکە دەستگیران.
هەروەها ڕۆژی سێ شەممە ٣ی تشرینی دووەم بە بەشداریی ١٣ هەزار و ٤٤٠ کەس لە ئەندامانی پۆلیسی تایبەت، کۆماندۆی جەندرمە و گوندپارێز لە ١٨ پارێزگای باکووری کوردستان و تورکیا ٤٦٦ ئۆپەراسیۆن ئەنجامدران و ٩٠ کەس دەستگیرکران.[8]
لە لایەکی دیکەوە ڕۆژی ٤ی تشرینی یەکەم تیمەکانی سەر بە فەرماندەیی گشتیی جەندرمە، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایش لە پارێزگاکانی وان، ڕووها (ئورفا)، خارپێت، ئامەد، کیلیس، ئیغدر و مەڕەشی باکووری کوردستان و پارێزگاکانی ئیستەنبووڵ، دوزجە، بورسا، ئەدیرنە، کرکڵارئێلی، هاتای، ئادانا و دەنیزلی-ی تورکیا هەڵیانکوتایە سەر چەندین شوێن و ٣٧ کەس بە تۆمەتی ئەندامبوون و هاوکاریکردنی پەکەکە دەستگیرکران و دوو کەسیش کوژران. 
هەر لە چوارچێوەی ئەو ئۆپەراسیۆنەدا لە پارێزگای ئاگری-ی باکووری کوردستان، تەقە لە دوو کەس کرا و هەردووکیان کوژران.
عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا چوارشەممە 4/10/2023 لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی X ڕایگەیاند، لە ١٥ پارێزگای باکووری کوردستان و تورکیادا ئۆپەراسیۆنێکی نوێیان ئەنجام داوە و ٣٧ کەسیان دەستگیر کردووە. 
وەزیری ناوخۆ دەڵێت، ئەو دوو کەسەی لە پارێزگای ئاگری تەقەیان لێ کراوە و کوژراون، پێشتر فەرمانی گرتنیان هەبووە و "تیرۆریست" بوون، لە کاتێکدا هەوڵیان داوە بچنە ئەودیوی سنوور و لە تورکیا هەڵبێن تەقەیان لێ کراوە.[9]
هەروەها وەزیری ناوخۆی تورکیا لە تویتێکدا ئاماژەی بەوە داوە، ڕۆژی پێنج شەممە ٥ی تشرینی یەکەم لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشی هێزە ئەمنییەکاندا بە ناونیشانی (کیسکاچ Kıskaç) لە ٢٦ پارێزگای تورکیا و باکووری کوردستان بە تۆمەتی ئەندامێتی لە ڕێکخراوی داعش و پەکەکە ٩٢ گومانلێکراو دەستگیرکراون.[10] هەمان ڕۆژ و لە ١١ پارێزگای دیکەی ئەو وڵاتە ٧٥ کەس بە تۆمەتی ئەندامێتی و پشتیوانی لە تیرۆر دەستگیرکراون.
وەزیری ناوخۆی تورکیا ڕایگەیاندووە "لە ئۆپەراسیۆنێکدا بەناونیشانی قارەمانان، ٧٥ کەس بە تۆمەتی ئەندامێتی و پشتیوانی لە گرووپی تیرۆریستی جوداخواز" کە هەوڵی دابەشکردنی خاکی تورکیا دەدەن دەستگیرکراون.[11] هەر لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی قارەمانان لە پارێزگاکانی ئیستەنبوڵ، ئەرزڕۆم، گازی عەنتاب و شرناخ بە وتەی وەزیری ناوخۆی تورکیا "٢٤ ئەندامی گرووپی تیرۆریستی جوداخواز" دەستگیرکراون.[12]
عەلی یەرلیکایا لە تویتێکی دیکەدا ئاماژەی بەوە داوە، لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی قەفەز Kafes لە ٣١ پارێزگای تورکیا و باکووری کوردستان ١٥ ڕێکخراوی مافیا و تاوانکاری هەڵوەشێنراونەتەوە. یەرلیکایا بسی لەوەش کردووە، ٢٤ ڕیکخراوی دیکەش کە چەکیان بۆ کارە تاوانکارییەکانی ئەو ڕێکخراوانە دەستەبەر کردووە هەڵوەشێنراونەتەوە.[13]
بەگوێرەی تویتێکی دیکەی وەزیری ناوخۆی تورکیا، لە ماوەی ئۆپەراسیۆنی قارەماناندا دەستگیراوە بەسەر ٧٤٤ دەمانچەی بێ مۆڵەت و ٢٤ تفەنگی دوورهاوێژ و ٧٤ تفەنگی کورتهاوێژ. ئەمە جگە لەوەی ٩٢٨ کەس بە تۆمەتی هەڵگرتنی چەکی بێمۆڵەت دەست بەسەرکراون.[14]

کۆبوونەوەیەکی ئەمنی هەستیار لە ئەنقەرە ئەنجام درا
وەزارەتی بەرگری تورکیا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی X لەگەڵ بڵاوکردنەوەی چەند وێنەیەکی کۆبوونەوەکەدا ئاماژەی بەوە داوە، هەریەک لە یاشار گیولەر وەزیری بەرگری تورکیا، هاکان فیدان وەزیری دەرەوە، عەلی یەرلیکایا وەزیری ناوخۆ، ئیبراهیم کاڵن سەرۆکی دەزگای هەواڵگری نیشتمانی (میت) و مەتین گیوراک سەرۆکی گشتی ئەرکانی سوپای تورکیا کۆبوونەوە.[15] تا ئێستا هیچ ڕاگەیەنراوێک دەربارەی ناوەرۆکی کۆبوونەوەکە ئاشکرا نەکراوە، بەڵام بەگوێرەی زانیارییە دزەپێکراوەکان ئەو بەرپرسانە بە مەبەستی گفتوگۆکردن دەربارەی تەقینەوەکەی ڕۆژی ١ی تشرینی دووەمی ئەنقەرە و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی تورکیا لە باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان کۆبوونەتەوە.
سوپای تورکیا ٢٢ بارەگای پەکەکەی بۆردوومان کرد. وەزارەتی بەرگری تورکیا ڕایگەیاند لە هێرشە ئاسمانییەکاندا ٢٢ بارەگای "تیرۆریستان" لەناوبراون. بەگوێرەی هەواڵی ئاژانسی ئەنادۆڵی تورکیا ڕۆژی پێنج شەممە ٥ی تشرینی یەکەم لە چیاکانی مەتینا، خواکورک، گارە، قەندیل و ئاسۆس هێرشی ئاسمانی چڕوپڕ لە کاتژمێر ٧ی ئێوارەوە دەستی پێکردووە. لە ڕاگەیەنراوێکی وەزارەتی بەرگری تورکیادا ئاماژە بەوە دراوە، لە چوارچێوەی هێرشە ئاسمانییەکانی ڕۆژی پێنج شەممەدا بۆسەر بنکە و مۆڵگەکانی "تیرۆریستانی پەکەکە و هەپەگە" ٢٢ ئەشکەوت و شوێنی خۆحەشاردان وێران کراون کە پێشبینی دەکرێت جگە لە گەریلا چەند بەرپرسێکیان تێد بووبێت.[16]

عێراق و تورکیا لە بارەی ڕێگەی گەشەپێدانەوە کۆبوونەوە
عەبدولقادر ئورالئۆغڵو وەزیری گەیاندن و ژێرخانی تورکیا لە دیدارێکدا لەگەڵ رەزاق محیبس وەزیری گواستنەوەی عێراق، بە وردی تاوتوێی پرۆژەی رێگای گەشەپێدان'یان کردووە و وەزیری گەیاندن و ژێرخانی تورکیا رایگەیاندووە "بە پلەی یەکەم لەگەڵ عێراق و پاشان لەگەڵ هەموو وڵاتانی دیکە ئەو ئامادەییەمان تێدایە کە هاوکاریان بین".
ئورالئۆغڵو ئاماژەی بەوە داوە، هەماهەنگی نێوان تورکیا و عێراق لە جێبەجێکردنی پڕۆژەکەدا گرنگە و لەم بارەیەوە رایگەیاندووە "ئەو رێڕەوەی کە لە لووتکەی G20 پەسەند کرا و لە هیندستانەوە دەست پێ دەکات وەک رێڕەوێکی ئەلتەرناتیڤ دەبێت، بەڵام بۆ ئێمە رێگای گەشەپێدان بە پلەی یەکەم دێت. بۆیە بە زووترین کات پلان بۆ جێبەجێکردنی رێگاکە دادەنێن. بۆ ئەم مەبەستە و گەیشتنی بە ئەوروپاش لەگەڵ وەزیرانی پەیوەندیدار لە بولگاریا، هەنگاریا و سربیا لیژنەیەکی هاوبەشمان پێکهێناوە و لیژنەیەکی هاوشێوەش دەتوانین لێرە دروست بکەین".
وەزیری گەیاندن و ژێرخانی تورکیا بە پێویستی زانی سەرەتا دەست بکرێت بە تەواوکردنی هێڵی ئاسنی ١٢٠٠ کیلۆمەتری کە لە چوارچێوەی ئەو پڕۆژەیەدایە.
لە بەرامبەردا وەزیری گواستنەوەی عێراق رەزاق محیبس ئاماژەی بەوە داوە کە سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕێنمایی تایبەتی پێداوە کە لە ماوەی دوو مانگدا رێکارەکانی تایبەت بە جێبەجێکردنی پڕۆژەی رێگەی گەشەپێدان تەواو بکرێت.
لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێ رێککەوتننامەی نێوان هەردوو وڵات لە بوارەکانی گواستەوە و ترانزێتیش کراوە.
ڕێگای گەشەپێدان پێکهاتووە لە رێگەی وشکانی و ئاسنین کە لە رێگەی بەندەری فاو لە باشووری عێراق، دەروازەی پیشخابوور لە هەرێمی کوردستان، عێراق و وڵاتانی کەنداو بە تورکیا و وڵاتانی ئەوروپا دەبەستێتەوە و زیاتر لە 25 وڵات بۆ ئاڵوگۆڕی بازرگانی لێی سوودمەند دەبن. گوژمەی ئەو پرۆژەیە ١٧ ملیار دۆلارە و وابڕیارە ئەمساڵ، یان لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٤ دەست پێ بكات و لە ٢٠٢٨ کۆتایی پێ دێت، درێژی هێڵی ئاسنینەکە بریتییە لە هەزار و ١٧٥ کیلۆمەتر و رێگەی وشکانییەکەش هەزار و ١٩٠ کیلۆمەتر درێژە و هەردوو رێگەکە هاوتەریب پێکەوە دروست دەکرێن و یەکتر نابڕن، تەنیا لە باکووری پارێزگای کەربەلا نەبێت دەگەنەوە یەک.[17]
پێشتر ئانۆ جەوهەر، وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاندبوو، داوایان کردووە ئەو پرۆژەیە هەرێمی کوردستانیش بگرێتەوە.[18]

هەشتەمین دیداری زانایان لە باکووری کوردستان بەڕێوەچوو
یەکێتی زانایانی ئیسلامی Din Alimler Birliği بۆ ساڵی هەشتەم هەستا بە ئەنجامدانی هەشتەمین دیداری زانایان لە ئامەد.
دیدارەکە بە بەشداری ژمارەیەکی زۆر لە زانایانی ئیسلامی لە هەر چوار پارچەی کوردستان و تورکیا و ژمارەیەک لە وڵاتانی عەرەبی بەڕێوەچوو. لەو دیدارەدا کە ڕۆژانی ٣٠ ئەیلوول و ١ی تشرینی یەکەم ئەنجام درا، نزیکەی ٣٠ توێژینەوەی زانستی و وتار لەلایەن زانایان و حزب و ڕێکخراوە ئیسلامییە کوردییەکان لە پارچەکانی کوردستان پێشکەش کران. توێژینەوە و وتارەکان تایبەت بوون بە ئیسلام و کۆمەڵگە و خێزانی کورد و کوردستان.
لە کۆی وتار و توێژینەوەکاندا جەخت لەسەر پاراستنی بەها باڵاکانی کۆمەڵگەی کوردی هاوتەریب لەگەڵ بنەما و شەریعەتی ئیسلام کراوەتەوە و داوای بەرەنگاربوونەوەی فیکری ڕۆژئاوا و بە تایبەت تەوژمی هاوڕەگەزبازی کراوەتەوە. ئەمە جگە لەوەی داواکراوە لە تورکیا و سەرجەم ئەو وڵاتانەی کە کورد دووەمین پێکهاتەی سەرەکی وڵاتەکەیە، زمانی کوردی وەک زمانی فەرمی ئەو وڵاتە بناسێنرێت.[19] 
یەکێتی زانایانی ئیسلامی Din Alimler Birliği ڕیکخراوێکی ئاینیی کوردییە لە باکووری کوردستان و تورکیا و سەر بە پارتی بانگەوازی ئازاد (هوداپار)ە، بارەگای سەرەکی ڕێکخراوەکە لە لە ئامەدی باکووری کوردستانە و چەندین لقی لە شارەکانی تورکیا و باکوور و باشووری کوردستان و ئەوروپا هەیە.

بە هۆی فیلمێکەوە؛ فێستیڤاڵێک لە تورکیا هەڵوەشێنرایەوە
بەهۆی فیلمێکی دۆکیومێنتاریی سیاسی، فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی (Antalya Golden Orange Film Festival)  لە تورکیا هەڵوەشێندرایەوە.
موهیتین بۆجێک Muhitti Bocek سەرۆکی شارەوانی ئەنتالیا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی X لەوبارەیەوە ڕایگەیاند، بەداخەوە بە هەوادارانی فیلمسازی ڕادەگەیەنم، ئەمساڵ فێستیڤاڵی (Antalya Golden Orange Film Festival)  کە بڕیاربوو لە ٧ بۆ ١٤ی تشرینی یەکەم بەڕێوەبچێت، بەهۆی چەند هۆکارێکەوە کە لە دەسەڵاتی ئێمەدا نییە، هەڵوەشاوەتەوە[20].
بە گوێرەی هەواڵێکی دەنگی ئەمریکا/تورکی، فێستیڤاڵەکە کە یەکێکە لە بەناوبانگترین فێستیڤاڵەکانی تورکیا، هەفتەی ڕابردوو فیلمی بەڵگەنامەیی حوکمی قانون Kanun Hükmü لە لیستی فیلمەکانیدا لێ لابرا. فیلمەکە باس لە پزیشکێک و مامۆستایەک دەکات کە لەژێر باری نائاسایی وڵاتدا دوای کودەتا شکستخواردووەکەی ١٥ی تەمموزی ٢٠١٦ لە پۆستە حکومییەکانیان دوورخراونەتەوە. شارەزایان پێیان وایە تەنها بەهۆی پەسەندکردنی ئەو فیلمە لە سەرەتاوە لەلایەن لیژنەی هەڵسەنگاندنەوە لەلایەن حکومەتەوە بەرپرسانی فێستیڤاڵەکە ناچار کراون بە هەڵوەشاندنەوەی.[21]
بەهۆی ئەوەی سەرۆکی شارەوانی ئەنتالیا سەر بە پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە)ی ئۆپۆزسیۆنە و فیلمی حوکمی قانون باس لە ستەمی حکومەت بەرامبەر گرووپی فەتحوڵا گیولەن دەکات و ڕەخنە لە حکومەتەکەی ئەردۆگان دەگرێت، لەم ململانێیەدا ڤیستیڤاڵەکە بووە بە قوربانی و هەڵوەشێنراوەتەوە. فێستیڤاڵی فیلمی پرتەقاڵی زێڕینی ئەنتالیا (The Antalya Golden Orange Film Festival) لە ١٩٦٣وە ساڵانە لە ئەنتاڵیا بەڕێوەدەچێت و لە ساڵی ٢٠١٥ وەک فێستیڤاڵێکی نێودەوڵەتی ناسێنرا و دووەم گەورەترین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمە لە تورکیا.



[1] https://www.kurdistan24.net/ckb/story/243919
[2] https://www.speda.net/b/89957
[3] https://www.speda.net/b/89963
[4] https://www.speda.net/b/89996
[5]https://www.iraqoilreport.com/news/iraq-presses-claim-to-enforce-arbitration-award-against-turkey-46075/?utm_source=IOR%20Newsletter&utm_campaign=26d93cdf52-Email_Update&utm_medium=email&utm_term=0_f9870911e6-26d93cdf52-192867421
[6] https://www.cumhuriyet.com.tr/turkiye/son-dakika-icisleri-bakanligina-bombali-saldiri-girisimi-teroristlerden-biri-kendini-patlatti-2125188
[7] https://www.rudaw.net/turkish/middleeast/turkey/0110202321
[8] https://x.com/AliYerlikaya/status/1709078178294079612?t=fsKdHydGqocDNqkkjq2yJg&s=09
[9] https://twitter.com/AliYerlikaya/status/1709440887682445557?t=_iILi3xlHO1KnDS1dFnehQ&s=09
[10] https://twitter.com/AliYerlikaya/status/1710168981141684588?t=7bYFPGgVsPm-9ttq15j_SQ&s=09
[11] https://twitter.com/AliYerlikaya/status/1710163054518784431?t=pT07CciVTAVCBJn_RoyJKw&s=09
[12] https://twitter.com/AliYerlikaya/status/1709842374942175339?t=_m44-wXDFTUazl3NVk5enA&s=09
[13] https://twitter.com/AliYerlikaya/status/1710196114593321227?t=rPsF14XE9Iy8NdJfTZVprw&s=09
[14] https://twitter.com/AliYerlikaya/status/1709132360157925456?t=KgwyKDGLb7ulLXwmISk1rw&s=09
[15] https://x.com/tcsavunma/status/1709565135507902740?s=20
[16] https://www.aa.com.tr/tr/gundem/irakin-kuzeyine-duzenlenen-hava-harekatinda-teroristlere-ait-22-hedef-imha-edildi/3007973
[17] https://www.kurdistan24.net/ckb/story/244047-
[18] https://www.kurdistan24.net/ckb/story/240472
[19] https://kuzey24.com/din-alimleri-diyarbakirda-toplandi-kurtce-ikinci-resmi-dil-olmali/
[20] https://x.com/BocekMuhittin/status/1707813951034003914?t=pBs3pWQLIdOMz3J3cWiSog&s=09
[21] https://www.voaturkce.com/a/antalya-buyukseh%C4%B1r-belediyesi-altin-portakal-film-festivali-iptal-etti/7290705.html

#تورکیا
بینێرە لە ڕێگەی