ڕاستکردنەوەی نزیکبوونەوەکانی ئیسرائیل و سعودییە

03:27
10/10/2023
ناوچەیی

فۆتۆ: میدیاکان

هاوبەشی بکە

نەبوونی ڕێککەوتن باشترە لە ڕێککەوتنێکی خراپ

نووسینی: دانیال سی کورتزەر و ئارۆن دەیڤد میلەر
وەرگێڕانی: تاک

ئەگەر ئیدارەی بایدن پێشتر بە وریاییانە و دوور لە هەڵەشەیی هەوڵی هێنانە دی ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دابێت، ئەوا ئێستا تەوژمێکی گەورەی دیپلۆماسی لە ناوچەکەدا خستووەتە گەڕ، ئامانجی سەرەکیش لێی زیندووکردنەوەی پرۆسەی چەقبەستووی ئاشتی ئیسرائیل و فەلەستین نییە، بەڵکو نەهێشتنی کەلێنە لە نێوان دوو دۆستی ئەمەریکا و ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیانە: ئەوانیش ئیسرائیل و سعودیەن، لەم سۆنگەیەوە جۆ بایدن سەرۆکی ئەمەریکا لە کۆتایی مانگی تەممووزدا ئاماژەی بەوە دا پێ دەچێت نزیکبوونەوەیەکی ئیسرائیلی و سعودی بەڕێوە بێت، جەیک سولیڤان ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریکاش مانگی ڕابردوو دوو جار سەردانی سعودیەی کرد، هەر لەو بارەیەوە ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ بڵاوی کردەوە کە واشنتۆن و ڕیاز لەسەر هێڵە سەرەکییەکانی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان ڕێککەوتوون، هەرچەندە لە بەردەم ڕێککەوتنێکی لەو شێوەیەدا چەندین بەربەستی سەرەکی ماونەتەوە.
لە نێو تۆمارەکانی بوونیادنانی ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بە دەگمەن دەبینین سێیەم حکومەت بە ئاشکرا هەوڵ بۆ هەمان ئامانج بدات، ئەگەرچی بە ڕووکەش ڕێککەوتنی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئیسرائیل و سعودیە بە دەستکەوتێکی مەزن دادەنرێت، بەڵام هاوبەشەکانی واشنتۆن لەم ڕیزبەندییە چاوەڕوانکراوەدا بریتین لە ڕژێمی ستەمکاری سعودیە، کە بەردەوام کار بۆ گەیشتن بە ئامانج گەلێک دەکات کە ناکۆکن لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، لەگەڵ دەسەڵاتی ئیسرائیلی کە لە هاوپەیمانێتی پارتە ڕاستڕەوەکان و ئەو سیاسەتمەدارە توندڕەوانە پێکدێت کە بە درێژایی مێژووی ئیسرائیل هاوشێوەی نەبووە، لەبەر ئەم هۆکارە هەر ڕێککەوتنێک بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان، تەنیا نابێتە مایەی بەدیهێنانی بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا لە ناوچەکەدا، بۆیە لەسەر ئیدارەی بایدن پێویستە دڵنیا بێت لەوەی زۆر سازش بۆ ڕیاز نەکات تا داوای پێویست لە قودس بکات، بەتایبەتی بۆ ئەو پرسانەی پەیوەستن بە مەترسییەکانی فەلەستین.

ڕێککەوتنێکی باش و چەند هاوبەشێکی خراپ

لە ساڵانی هەشتاکان، یان نەوەدەکانی سەدەی بیست، ڕەنگە ڕێککەوتنی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی ئیسرائیل و سعودیە شایستەی هەر نرخێک بووبێت، بەڵام لە ئێستادا زەمەن گۆڕاوە، لە سەردەمی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمەریکا، دیپلۆماسییەتی ئەمەریکا یارمەتیدەر بوو لە شکاندنی سەهۆڵبەندانی نێوان ئیسرائیل و دەوڵەتانی کەنداو، ڕێککەوتنەکانی ئیبراهیمی کە ڕوخسارێکی فەرمی بەخشییە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئیسرائیل و بەحرەین و ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی، زەمینەیەکی لە باری بۆ ڕێککەوتنێکی گرنگتر ڕەخساند، کە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی ئیسرائیلە لەگەڵ سعودییە، لە ئێستادا قودس و ڕیاز سەبارەت بە پەیوەندیی هەواڵگری و ئەمنی ڕێککەوتنێکی نائاشکرایان هەیە، هەر دوو وڵات بە شێوەیەکی سنووردار هاوکاری یەکتر دەکەن: لەوانە سعودییە ڕێگە بە هێڵە ئاسمانییە بازرگانییەکانی ئیسرائیل دەدات ئاسمانی وڵاتەکەی بە کار بهێنن کاتێک بۆ ئاسیا دەفڕن، بە هەمان شێوە ئیسرائیل ڕێککەوتنێکی واژۆ کرد، کە تێیدا میسر دوو دوورگەی بچووکی دەریای سووری گەڕاندەوە بۆ شانشینی سعودییە، هەروەها ڕێککەوتنێکی هەڵپەسێردراو لە ئارادایە کە ڕێگە بە حاجییە موسڵمانەکان دەدات لە ئیسرائیلەوە گەشتی ڕاستەوخۆ بۆ شانشینی سعودییە بکەن بۆ ئەنجامدانی فەریزەی حەج.
بەگوێرەی ڕۆژنامەی گاردیانی بەریتانی، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لانی کەم جارێک لە سعودیە لەگەڵ محەممەد بن سەلمان شازادەی جێنشینی سعودییە کۆ بووەتەوە، لە کاتی جامی جیهانی تۆپی پێش لە ساڵی ٢٠٢٢ گەشتە ڕاستەوخۆکان لە ئیسرائیلەوە بۆ قەتەر دەریخست کە ڕەنگە بتوانرێت بازنەی هاوکارییەکان فراوانتر بکرێت، جگە لەوەی لە ئێستادا بەهۆی پێویستی ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکانی ئێران و هەڕەشەی گرووپە جیهادییەکان ئیسرائیل و سعودییە بوونەتە دوو هاوبەشی ستراتیژی.
بەڵام ئەگەرەکانی گەیشتن بە ڕێککەوتنێک بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان، کە گەرەنتی سەرەکی ئەمنی ئەمەریکا لە خۆ بگرێت تا ئێستا مایەی گومانە و بە ئاسانی نایەتە دی، ئەویش بەهۆی ئەو ڕاستییەی کە سعودییە هاوبەشێکی جێ متمانە نییە بۆ واشنتۆن، ئەگەرچی دەیان ساڵە پەیوەندییەکی بەتینیان هەیە و بە هاوپەیمانێکی ئەمەریکا دادەنرێت، بەڵام لە هەمان کاتدا حکومەتی سعودیە لەگەڵ بەهاکانی ئەمەریکادا یەک ناگرنەوە، لانی کەم ئەو بەهایانەی پەیوەستن بە ئازادی و دیموکراسی و بوارەکانی مافی مرۆڤ و نرخی نەوت و پەیوەندی لەگەڵ چین و ڕوسیا، واتە بەرژەوەندییەکانی ڕیاز بە ڕوونی جیاوازن لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی واشنتۆن.
سعودییەکان لە ئێستادا بوونەتە لایەنێکی سەربەخۆ و کارا، بەڕوونی بە دوای بەرژەوەندییەکانی خۆیانەوەن، زۆر جاریش ڕەچاوی بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا ناکەن، ئەگەرچی ئەوان ئامادە نین دەستبەرداری پەیوەندییە درێژخایەنەکانیان لەگەڵ واشنتۆن بن، بەڵام لە هەمان کاتدا کار بۆ ڕاکێشانی هاوبەشی زیاتر دەکەن، کاتێک دەزانن خزمەت بە بەرژەوەندییەکانیان دەکات، لە بەرامبەر ئەم پاشخانەدا دەکرێت نزیکبوونەوەی نێوان ڕیاز و قودس بەهای هەبێت، بەڵام ئەو کاتەی نرخەکەی بۆ واشنتن گونجاو دەبێت، بۆیە پێویستە ئەمەریکا بڕیار بدات کە تا چەند ئامادەیە سعودییەکان ڕازی بکات بۆ ڕێککەوتن و چی لە ئیسرائیل دەوێت سەبارەت بە فەلەستینییەکان، کەواتە ئیدارەی بایدن دەبێت وریا بێت کە سازشی زۆر نەکات، یاخود بە زۆر کەم ڕازی نەبێت.
چاوەڕوان دەکرێت ڕیاز داوا لە واشنتۆن بکات لە بەرنامەی ناوەکی مەدەنی و مافی پیتاندنی یۆرانیۆم پشتگیری بکات، لە بەرامبەردا پێویستە ئەمەریکا لە کاتی هەناردەکردنی تەکنەلۆژیای ناوەکی، سێ بەڵێنی یەکلاکەرەوە لە سعودیە وەربگرێت، ئەوانیش دەبێت لە کاتی واژۆکردنی هەر ڕێککەوتنێکی هاوکاری ناوەکی لەگەڵ واشنتۆن، مەرجی ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی چەکی ناوەکی لە خۆ بگرێت، دەبێت پرۆتۆکۆلێکی زیادە بۆ پەیماننامەی قەدەغەکردنی چەکی ناوەکی واژۆ بکرێت تا هێز و توانای زیاتر بە ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ناوەکی بدرێت بۆ لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون، هەروەها ڕێگە بە تیمی پشکنەرانی ئەمەریکا بدرێت کە چاودێری بنکە و دامەزراوە ئەلیکترۆنییەکانی بکەن.
ئەگەر ڕیاز بەو ڕێوشوێنانەش ڕازی بێت، دەبێت ئەمەریکا هێڵێکی یەکلاکەرەوە بکێشێت ئەوجا مافی پیتاندنی یۆرانیۆم و توانای کۆنترۆڵکردنی سووتەمەنی بە سعودیە بدات، بەگوێرەی ماڵپەڕی هەواڵیی سێمافۆر، بەرپرسانی سعودیە پێشنیاری دروستکردنی "ئارامکۆی ناوەکی"یان کردووە، کە پرۆژەیەکی هاوبەشی ئەمەریکا و سعودیەیە لە ڕێگەیەوە پێگەیەک بۆ ئەمەریکا دەڕەخسێنێت پەرە بە بەرنامەیەکی مەدەنی وزەی ناوەکی لە سعودیە بدات، ئەمەش بە مانای ڕێگەدانە بە سعودیە بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم، ئەم کارەش پێشتر لەلایەن واشنتۆنەوە ڕەت کراوەتەوە کە نابێت ڕێگەی پێ بدرێت، بەهۆی نیگەرانییەکان لە بڵاوبوونەوەی چەکی ناوەکی و دڵنیا نەبوون لە ڕیاز، دوا جار وەک هەمیشە دەبێت سیاسەتی جیهانی ئەمەریکا لە سەروو هەموو شتێکەوە ڕێگری کردن لە بڵاونەکردنەوەی چەکی ناوەکی بە هەند وەربگرێت.
محەممەد بن سەلمان ڕایگەیاند، ئەوان دەستکەوتنی چەکی ناوەکی بە گرنگ دەزانن، لە کاتی هەر ڕێککەوتنێکی گونجاو لەگەڵ سعودیە هەڵوێستیان جێگیرە و بە وریاییەوە مامەڵە دەکەن، لەم سۆنگەیەوە پێویستە ئەمەریکا فشارێکی توند بخاتە سەر سعودییەکان بۆ باشترکردنی تۆمارەکانیان لە بواری مافی مرۆڤ و ئاساییکردنەوە و سەقامگیرکردنی دۆخی یەمەن و لەبەرچاوگرتنی نیگەرانییەکانی ئەمەریکا لە کاتی دانانی نرخی نەوتدا.
هەروەها پێویستە واشنتۆن فشار بخاتە سەر ڕیاز تا شەفافیەتێکی زیاتر پیشان بدات لەبارەی ئەو پەیوەندییانەی لەگەڵ پەکین دەستی پێ کردووە، داوای گەرەنتی ئەمنی توندیشی لێ بکات بۆ هەر چەکێک، یان تەکنەلۆژیایەک کە ئەمەریکا بۆ سعودیەی بگوازێتەوە. هەروەها پێدەچێت لە بەرامبەردا سعودییەکان داوای بەڵێنێک لە ئەمەریکا بکەن تا پابەند بێت بە بەرگریکردن لە شانشینی سعودیە ئەگەر هێرش بکرێتە سەری، بەڵام نابێت ئیدارەی بایدن لە هیچ بارودۆخێکدا بەڵێنێکی لەو شێوەیە بدات، چونکە مەترسی سەرەکی بۆ سەر سعودیە لەشکرکێشی زەمینی نییە، بەڵکو هێرشی ئاسمانی و مووشەکی و تێکدانی ناوخۆییە، بۆیە بێگومان ئەمەریکا و سعودیە دەتوانن کار لەسەر هەماهەنگی ئەمنی بکەن، لەوانە گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێشکەوتووی بەرگری ئاسمانی و مووشەکی، کە ئەمەریکا ناچار ناکات لە هیچ بارودۆخێکدا دەستوەردانی ڕاستەوخۆ بکات، لە بری ئەوە لە ڕێگەی ئەم جۆرە هەماهەنگییەوە واشنتۆن دەتوانێت بە ڕاوێژ لەگەڵ شانشینی عەرەبی سعودیە باشترین میکانیزم دیاری بکات بۆ یارمەتیدانی لە ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشە دەرەکییەکان، هەروەها ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا مامەڵە لەگەڵ ڕیاز بکات وەک هاوپەیمانێکی دەرەوەی پەیمانی ناتۆ، کە ئەمەش سوود و قازانج بۆ بازرگانی بەرگری و هاوکاری ئەمنی دەستەبەر دەکات، کە هێمایەکی بەهێزە بۆ پەیوەندییەکی بەتین.
سعودییەکان خوازیارن گفتی ئەوەیان پێ بدرێت کە دەتوانن سیستمی چەکی پێشکەوتووی ئەمەریکی بکڕن، دەکرێت داواکارییەیان بۆ جێبەجێ بکرێت بە مەرجێک دڵنیایی ئەوە بدەن شانبەشانی پارێزبەندییە گونجاوەکان هەنگاو دەنێن و ئامادەن بچنە ژێر چاودێری و کۆنترۆڵکردنی گونجاوەوە، کۆنگرێسی ئەمەریکاش تا پشتیوانی و هەماهەنگی و ڕەزامەندی پیشان نەدات هەموو ئەو ڕێوشوێنانە جێبەجی نابن، دەکرێت چاودێرێکی بەسوود بێت بۆ دڵنیابوون لەوەی ئیدارەی بایدن زۆر دوور نەڕوات، لە هەموو دۆخێکیشدا، پێویستە یەکێک لە ئامانجەکانی ڕێککەوتننامەی ئاشتی و ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی ئیسرائیل سعودیە، کەمکردنەوەی هێزەکانی ئەمەریکا بێت لە ناوچەکەدا، نەک زیادکردنیان.

مەڵێ نەخێر

ئیسرائیل پێشوازی لە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ سعودیە دەکات، بەڵام بۆ سەرخستنی ڕێککەوتنەکە دەبێت ئەویش ڕۆڵی خۆی بگێڕێت، بۆیە هاوکات لەگەڵ بەردەوامبوونی دانوستانەکانی تایبەت بە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ سعودیە پێویستە ئیدارەی بایدن داوا لە حکومەتی ئیسرائیل بکات چاکسازییەکانی لە دەسەڵاتی دادوەریدا ڕابگرێت.
لە ئێستادا بایدن مامەڵە لەگەڵ حکومەتێکی ئیسرائیلی دەکات کە لە ڕووی مێژووییەوە بە توندڕەوترین و بناژۆخوازترین حکومەت دادەنرێت، کە سوورە لە سەر تێکدانی سیمای دیموکراسییانەی ئیسرائیل و لکاندنی کەناری ڕۆژئاوا، بۆیە پشتگیری ئەمەریکا بۆ هەر ڕێککەوتنێک بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئیسرائیل و شانشینی سعودیە، شەرعیەت بەم حکومەتەی ئیسرائیل دەدات و چانسی سیاسی ناتانیاهۆ زیاد دەکات، ڕەنگە ئەمە باجێک بێت کە دەبێت ئیدارەی بایدن ئامادە بێت بیدات، بەڵام لانی کەم پێویستە ئەویش لە ئێستادا چی هەژموونی هەیە بیخاتە گەڕ تا ڕێگە لە داخورانی دیموکراسی ئیسرائیل بگرێت.
بە هەمان ئاستی گرنگی، لە کاتی هەر ڕێککەوتنێکی تایبەت بە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نیوان ئیسرائیل و سعودیە، دەبێت ئیدارەی ئەمەریکا سوور بێت لەسەر جێگیرکردنی چەند بڕگەیەک، تا ڕاستگۆیانە کۆتایی بە نیگەرانییەکانی فەلەستینییەکان بهێنرێت و بێ گوێدانە ئەوەی تا چەندە ئەگەرەکان درێژە دەکێشن، پارێزگاری لە ئەگەری گەیشتن بە دوو دەوڵەت بکات، ئەمەش لە کاتێکدایە سعودی و میسرییەکان ئەگەرچی هیچ وردەکارییەکیان نەخستووەتە ڕوو، بەڵام بەئاشکرا پێداگرییان لەسەر پێویستی بەرەوپێش بردنی بەرژەوەندییەکانی فەلەستین کردووەتەوە.
ڕەنگە هەندێک پێیان وا بێت لە کاتی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکاندا، سعودیە بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ توندڕەوترین حکومەتی مێژوویی ئیسرائیل بکات و خۆی پێیانەوە پابەند نەکات، هەروەها پێ دەچێت محەممەد بن سەلمان ئارەزووی ئەوەی هەبێت نەرم و نیان بێت لەو شتانەی بە ناوی فەلەستینییەکانەوە داوای دەکات، بەڵام شا سەلمانی باوکی زیاتر نەریتییە، ئەمەش ئەوە پیشان دەدات کە داواکارییەکانی قورس دەبن، لەوانە پێویستی داننان بە سەروەری فەلەستین بە سەر کۆمەڵگەی حەرەمی شەریف لە قودس، کە ناسراوە بە چیای پەرستگا.
ئیدارەی بایدن لە بەرەنجامی سووربوونی لە زامنکردنی ڕێککەوتنی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان، پێدەچێت وا لە سعودییەکان بکات داواکاری زۆر سەبارەت بە فەلەستینییەکان لە ئیسرائیل نەکەن، لە بەرامبەردا ئەگەری ئەوە هەیە کە محەممەد بن سەلمان و ناتانیاهۆ، ئەگەر بزانن نرخی داواکارییەکانی ئەمەریکا زۆر بەرزە، واشنتۆن لە دانوستانەکان دوور بخەنەوە، واتە خۆیان بگەنە تێگەیشتن سەبارەت بە پرسی فەلەستین، بەڵام لە هەمان کاتدا ئیدارەی بایدن هەژموونی ئەوەندە هەیە، کە نابێت دوو دڵ بێت لە بەکارهێنانی، چونکە پەیوەندی نێوان ڕیاز و قودس بەبێ گەرەنتی ئەمەریکا ئاسایی نابێتەوە، لە ئێستاشەوە دیموکراتەکان لە کۆنگرێس باس لە گرنگی بەستنەوەی هەر ڕێککەوتنێکی ئیسرائیل و سعودیە دەکەن بە شتێک کە لای فەلەستینییەکان جێگەی باوەڕ بێت، دوا شتیش کە ئیدارەی بایدن لە پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی ئەمەریکا و سعودیە دەیەوێت، ڕێگە دانە بە ناتانیاهۆ و هاوپەیمانێتییەکەی بە قوتار بوون لەو سزایانەی پەیوەستن بە کاروباری فەلەستینییەکان کە ئەمەش بارێکی قورسە.
بەو پێیەی ئیدارەی بایدن هەژموونی هەیە، نابێت درێغی لە بەکارهێنانی بکات، ئەمەش بەو مانایەیە کە دەبێت داواکارییەکانی ئەمەریکا و سعودیە ئەوەندە گەورە بن کە بتوانن بە کردەیی هەوڵەکانی لکاندنی خاکە داگیرکراوەکان بە ئیسرائیلەوە ڕابگرن، چونکە وا دەکات فەلەستینییەکان نەتوانن ڕێککەوتنێکە ڕەت بکەنەوە، بۆیە دەبێت داواکارییەکەیان ئەوە لە خۆ بگرێت کە ئیسرائیل بە تەواوی چالاکییەکانی پەیوەست بە دروستکردنی ئۆردوگای نیشتەجێبوون ڕابگرێت، جا لە دەرەوەی ناوچە نیشتەجێبووەکانی ئێستا بیت، یان لە ناو ئەو ناوچە نیشتەجێبوانەی کە ئیسرائیل لە بلۆکە گەورەکان ڕێگەی پێداون، واتە ڕاگرتنی دروستکردنی ئۆردوگای نیشتەجێبوون و بنکەی نوێی نیشتەجێبوون و هەڵوەشاندنەوەی هەموو ئەو ئۆردوگا نیشتەجێبوونانەی دوای ساڵی ٢٠٠١ دروستکراون، چونکە پێچەوانەی ئەو بەڵێنانەیە کە حکومەتی ئیسرائیل لە ساڵی ٢٠٠٤ داویەتی، تا شەرعییەت نەدرێت بە ئۆردوگا نێشتەجێبوونەکانی ئێستا و گەڕانەوەی دانیشتوان بۆ ئەو بنکە و ئۆردوگایانەی لە ساڵی ٢٠٠٥دا چۆڵ کرابوون، هەروەها پابەندکردنی فەرمی حکومەتی ئیسرائیل، نەک تەنیا سەرۆک وەزیران، بە پێویستی چارەسەرکردنی پرسی دروستکردنی دوو دەوڵەت کە قودسی ڕۆژهەڵات پایتەختی فەلەستین بێت.
ئەگەرچی حکومەتی ئێستای ئیسرائیل بەم مەرجانە ڕازی نابێت، بەڵام داواکردنی وەک بەشێک لە پرۆسەیەکی دیپلۆماسی سێ قۆڵی، وا لە ناتانیاهۆ دەکات بکەوێتە دۆخێکی نائارامەوە، کە چۆن تەنیا بۆ ڕازیکردنی ئەو وەزیرانەی لایەنگری لکاندنی ئەو ناوچانەن، ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ سعودیە ڕەت بکاتەوە، بەتایبەت ئەگەر محەممەد بن سەلمان سەردانی قودس بکات و ڕاستەوخۆ پێشنیاری ئاشتی خۆی بخاتە بەردەم کنێستی ئیسرائیل، ئەوا فشارەکان لەسەر ناتانیاهۆ بە شێوەیەکی بەرچاو زیاتر دەبن، ئەمەش پێدەچێت ناچاری بکات، یان پەیوەندی لەگەڵ ئۆپۆزسیۆن بکات بۆ پێکهێنانی حکومەتی یەکگرتووی نیشتمانی تا سوود لە پێشنیارەکەی سعودیە وەربگرێت، یان داوای هەڵبژاردنی نوێ بکات.
تا ئێستا نازانرێت ئایا ئۆپۆزسیۆنی ئیسرائیل بە سەرۆکایەتی بێنی گانتز کە زۆرترین ئەگەری هەیە ببێتە کاندید بۆ سەرۆک وەزیران، ئامادە بن هەناسەی ژیانەوە بدەن بە ناتانیاهۆ و ڕازی بن بە جۆرێک لە سازان بۆ سەرکردایەتیکردنی حکومەت بەشێوەی تەناوب، بۆیە پێ دەچێت هەنگاوێکی لەو شێوەیە گێژاوی سیاسیی بە دوای خۆیدا بهێنێت و ببێتە هۆی دواخستنی دەستپێشخەرییەکانی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان، بەڵام ئەگەر دەست پێ بکاتەوە، ئەوا لەسەر بنەمایەکی زۆر جیاوازتر بەڕێوە دەچێت، کەوا دەکات ئیسرائیل و سعودیە خۆیان مەرج و ڕیزبەندی بسەپێنن بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان و واژۆکردنی پەیمانی ئاشتی.
لەم چرکە دیپلۆماسییەدا هەڵوێستی لایەنی فەلەستینی بە سادەیی ئەوەیە: مەڵێ نەخێر، واتە پێویستە فەلەستینییەکان ئامادە بن بۆ بەرزکردنەوەی هاوکارییە ئەمنییەکان لەگەڵ ئیسرائیل و پابەند بن بە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی دیموکراسی، لە بەرامبەردا دەتوانن داوای پابەندبوونێکی دارایی درێژخایەن لە سعودییەکان و ئەوانی دیکە بکەن بۆ دووبارە بوونیادنانەوەی ژێرخانی خۆیان و دروستکردنی دامەزراوە دەوڵەتییە چاوەڕوانکراوەکەیان.

نە مەترسی و نە پاداشت

چاوەڕوان دەکرێت ئەو شێوازەی ئیدارەی بایدن کاری لەسەر دەکات بە مەبەستی ڕاگرتنی باڵانسی داواکارییەکانی لەگەڵ داواکاری لایەنەکانی دیکە، لەسەر پاڵنەرەکانی یەکلاییکردنەوەی ڕێککەوتنەکە ڕەنگ بداتەوە، چونکە ڕوون و ئاشکرایە ڕێککەوتنی ئاساییکردنەوە پەیوەندییەکانی نێوان ئیسرائیل و سعودیە بە ناوبژیوانی ئەمەریکا بۆ نەهێشتنی نیگەرانییەکانی ئەمەریکایە سەبارەت بە هەژموونگەریی چین لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، لەگەڵ بەدەستهێنانی سوودی زیاتر تا جەخت لە سەرکردایەتی ئەمەریکا لە ناوچەکەدا بکاتەوە، هەروەک چۆن ڕێککەوتنێکی لەو شێوەیە دەبێتە دەستکەوتێکی گرنگ بۆ سیاسەتی دەرەوە پێش هەڵبژاردنەکانی ٢٠٢٤، هەرچەندە پێ ناچێت زۆرێک لە دەنگدەران ئەو بابەتەیان لە مێشکدا بمێنێتەوە.
بۆیە ئەگەر بایدن بەردەوام بێت لەسەر ئەم دەستپێشخەرییە بوێرە، بەڵام ئاڵۆز، ئەوا دەبێت بڕیار لەسەر هێشتنەوەی پێودانگە باڵاکان بدات، چ لە ڕووی سنووردارکردنی داواکارییەکانی سعودیە، یان لە ڕووی بەرەوپێشبردنی پرۆسەی ئاشتی ئیسرائیل و فەلەستین، بۆیە هیچ ڕێککەوتن نەکرێت باشترە لەوەی ڕێککەوتنێک بکرێت زۆر شت بە سعودییەکان بدات و شەرعیەت بە حکومەتی ئێستای ئیسرائیل بدات، بەبێ ئەوەی هەوڵەکانی بۆ لکاندنی کەرتی ڕۆژئاوا ڕابگرێت، لە بەرامبەردا ئەمەریکاش بەشی پێویست مسۆگەر نەکات. هەروەها واشنتۆن دەبێت ئەوە لەبەرچاو بگرێت کە سوودمەندی سەرەکی لە هەر ڕێککەوتنێک، ئیسرائیل و سعودیە دەبن، نەک ئەمەریکا.
گەیشتن بە گرێبەستێکی باش لە ڕووی دیپلۆماسییەوە دەستکەوت دەبێت و ئەگەری هەیە ببێتە وەرچەرخانێکی کە سەرلەنوێ دیمەنی ئێستای ناوچەیی دابڕێژێتەوە و فەرمانڕەوایی ئەمەریکا بەهێز بکات، بۆیە ئەگەر ئیدارەی بایدن سەرکەوتوو بێت، ئەوا دەرفەتی زیندووکردنەوەی پرۆسەی ئاشتی ئیسرائیل و فەلەستینی بۆ دەڕەخسێت کە لە ئێستادا لە دۆخێکی نالەباردایە، پەیوەندییەکانی ئەمەریکا و سعودیە دەخاتە سەر ڕێچکەیەکی سوودبەخش بۆ هەر دوو لا، هەروەک هیوای داهاتوویەکی باشتر بۆ ئیسرائیلییەکان و فەلەستینییەکان دێنێتە ئارا، بەڵام ئەگەر شتەکان بە بچووکی تەماشا بکرێن، یان ڕێککەوتنێکی خراپ ئەنجام بدرێت، ئەوا ئیدارەی ئەمەریکا دەرفەتێکی دەگمەن لەدەست دەدات بۆ هەنگاونان بەرەو ئاشتی، کە ئەگەری ئەوەی هەیە لە بری پێشخستنی، ببێتە مایە داخورانی بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

سەچاوە:
https://www.hcrsiraq.net/3676/2023/08/23/

#ئیسرائیل #سعودیە
بینێرە لە ڕێگەی