ئێران لە هەفتەیەکدا 3/10 تا 8/10/2023

11:31
10/10/2023
کوردستان مۆنیتەر

فۆتۆ: میدیاکان

هاوبەشی بکە

تاک

چالاکی ئێران لە کەرتى غەززە

جوڵانەوەى حەماس هێرشێکی کتوپڕی زەمینی و ئاسمانی بۆ سەر ئیسرائیل دەست پێ کردووە، ئەمەش بەرچاوترین هەڵکشانی بەرکەوتنى نێوان هەر دوو لایە لە دەیەى ڕابردوودا. لە ٧ی تشرینی یەکەم سەدان چەکداری حەماس لە کەرتی غەززەوە پەڕینەوە بۆ ناو خاکی ئیسرائیل و هێرشیان کردە سەر بنکە سنووری و شوێنە سەربازییەکان و کۆمەڵگەکانى نیشتەجێبوون، هەروەها حەماس زنجیرەیەک هێرشی مووشەکی بەرفراوانی لە سنوورى کەرتى غەززەوە دەست پێ کرد بۆ ناو خاکی ئیسرائیل. لەم ئۆپەراسیۆنەدا بە سەدان هاووڵاتی مەدەنی ئیسرائیلی بریندار و کوژراون، سەرکردەکانی ئیسرائیل هێرشەکەیان وەک حاڵەتى شەڕ ناوزەد کردووە و ڕایان گەیاندووە کە وەڵامی یەکلاکەرەوەیان دەبێت.
پێدەچێت ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنێکی زەمینی بۆ ناو کەرتی غەززە ئەنجام بدات کە مەبەست لێی شکستدانى تەواوەتی حەماس بێت. بە دڵنیاییەوە سەرکردەکانی حەماس لە کاتی پلاندانان بۆ هێرشەکەیان ئەم ئەگەرە بەهێزەیان لەبەرچاو گرتووە، بەڵام هیچ هۆکارێک نییە کە ئەو باوەڕە دروست بکات کە ئەوان دەتوانن بە سەرکەوتوویی بەرگری لە ئۆپەراسیۆنێکی لەو شێوەیە بکەن، بە لەبەرچاوگرتنی هێزی سوپای ئیسرائیل. ئەم بۆچوونە ئەم پرسیارە دەوروژێت: تیۆری سەرکەوتنی حەماس چییە؟ ئەم نوسینە لە سێ ڕوونکردنەوە دەخاتە ڕوو کە ڕەنگە بزوێنەری کردەوەکانی ئێستای حەماس بێت:

1- ڕەنگە سەرکردەکانی حەماس چاوەڕێی ئەوە بکەن کە ئەو شەڕەى هەڵیانگیرساندووە فراوانتر بێت و هێزە فەڵەستینییەکانی دیکە و ئێران و ئەوەى کە پێی دەوترێت "بەرەى بەرگرى" بەشداری تێدابکەن.
بەرپرسان لە ئێران ئەم دەستەواژەیە- بەرەى بەرگرى- بە کار دەهێنن بۆ وەسفکردنی هاوبەشە نێودەوڵەتییەکانیان کە پێکدێت لە دەوڵەت، نیمچە دەوڵەت و هێزە نادەوڵەتییەکانیان. ئەم هاوپەیمانییە پێکدێت لە حزبوڵڵای لوبنان، ڕژێمی بەشار ئەسەدی سوریا، بزووتنەوەی حوسییەکانی یەمەن و ئەو میلیشیایانەى کە لە بەحرەین، عێراق، فەلەستین و سوریا کار دەکەن و ئێران لە ڕووی دارایی و مادی و سیاسییەوە پشتیوانیان دەکات. ئەو هێزانەى دیکەى فەلەستین دیکە کە لە لایەن ئێرانەوە پشتیوانییان لێدەکرێت ئامادەیی خۆیان دەربڕیوە بۆ بەشداریکردن لە شەڕی دژ بە ئیسرائیل، بەڵام لەم کاتەدا هیچ ئاماژەیەک نییە کە جگە لە فەڵەستینییەکان چەکدارى هێزى دیکە لە بەرەکانى شەڕدا بن. بەرەى بەرگرى لە دۆخێکی باشدایە بۆ دەستوەردان ئەگەر بەرپرسانى ئەو بەرەیە ئەو کارەیان هەڵبژارد بە لەبەرچاوگرتنی بوونى سەربازی ئەو بەرەیە لە لوبنان، سوریا وکەناری ڕۆژئاوا.
لە ڕاستیدا، گەمارۆدانی ئیسرائیل یەکێک بووە لە پاڵنەرە سەرەکییەکانی ئێران بۆ پشیوانیکردن لە بریکارەکانى لەناوچەکە. حەماس لە ساڵیادی شکستەکەى ئیسرائیل ساڵی ١٩٧٣ دەستی بە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی کرد، ئەوەش ئاماژەیە بۆ ئەوەى کە چاوەڕوانی پشتیوانی لە لایەنى دیکە دەکات دژی ئیسرائیل. یەکێک لە تایبەتمەندییە سەرەکییەکانی ئەو شەڕە هێرشی چاوەڕوان نەکراوى میسر بوو بۆ سەر ئیسرائیل.

2- ڕەنگە حەماس ئەم ئۆپەراسیۆنەیان لەسەر بنەمای بیرکردنەوەی سەرکردەکانی ئێران سەبارەت بە شکستپێهێنانی ئیسرائیل داڕشتبێت. حسێن سەلامی فەرماندەی سوپای پاسداران لە مانگی ئابی ٢٠٢٢دا زۆر بە ڕوونی سەبارەت بە چۆنێتی لەناوبردنی ئیسرائیل وتەیەکى پێشکەش کرد، سەلامی ڕۆڵی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەکی کەم کردەوە و لەبری ئەوە ڕێنوێنى حزبوڵڵای لوبنان و هێزە فەلەستینییەکانى کرد کە زیاتر ئۆپەراسیۆنی زەمینی و شەڕی شارەکان ئەنجام بدەن لە ناوخۆی ئیسرائیل.
سەلامی جەختی لەوە کردەوە کە ئەم جۆرە چالاکییانە ئاوارەیی ناوخۆیی و بێسەرەوبەرەیی دروست دەکەن، کە دواجار ئیسرائیل ناسەقامگیری دەکات و دەبێتە هۆی بچوککردنەوەى. بڕیاری حەماس بۆ ئەنجامدانی هێرشی زەمینی بۆ سەر ئیسرائیل و چۆنێتی ئەنجامدانی ئەو کارە لەم چوارچێوەیەدا جێگەی سەرنجە. ئەو گرووپە بەبێ جیاوازی هاووڵاتییانی مەدەنییان لەو شارۆچکانەدا کوشت و سووکایەتییان پێکردن و ڕفاندیانن و وێنە و ڤیدیۆی ئەو کردەوانەیان لە ڕێگەی ئۆنلاینەوە بڵاوکردەوە، کە ترس لەناو ئیسرائیلییەکاندا دەچێنێت.

3- ڕەنگە حەماس هەوڵی پەکخستنی دانوستانەکانی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئیسرائیل و سعودیەى دابێت بە سەرکردایەتی ئەمەریکا. هێرشکردنە سەر ئیسرائیل جارێکی دیکە سەرنجی نێودەوڵەتی چڕ کردەوە لەسەر پەیوەندییەکانى ئیسرائیل و فەلەستین. وەزارەتی دەرەوەی سعودیە لە 7ی تشرینی یەکەم بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و داکۆکی لە دۆزی فەلەستین کرد و پشتیوانی ڕیاز بۆ چارەسەری دوو دەوڵەتی دووپات کردەوە. ئەم هێرشە و هەر ئاکامێک کە بە دوایدا بێت پێدەچێت دانوستانەکانی ئاساییکردنەوە ئاڵۆزتر بکات و دەتوانێت دوای بخات، یان تەنانەت تێکیبدات.
یەکێک لە مەترسیدارترین ڕێگاکانی کارکردن کە ئێران دەتوانێت بیگرێتەبەر سوودوەرگرتنە لەو فۆکەسەى خراوەت سەر ئیسرائیل لەکەرتی غەززە. ڕێبەرانی ئێران بە دڵنیاییەوە بە دوای دەرفەتدا دەگەڕێن بۆ سوودوەرگرتن لەو ململانێیە تەنانەت ئەگەر ئاڕاستەی ئەو ململانێیەیان نەکردبێت. ئێران دەتوانێت سەرقاڵکردنی ئیسرائیل بقۆزێتەوە بە گواستنەوەی سیستمی سەربازی پێشکەوتوو بۆ ناو لوبنان و سوریا، یان بەرەوپێشبردنى کارى پرۆگرامە ناوەکییەکەى. ئەم سیناریۆیە لە ئێستادا ئەگەری کەمترە لە سیناریۆکانی دیکە، بەڵام پێویستی بە ڕەچاوکردنە، چونکە دەتوانێت مەرجێک بۆ پەرەسەندنی بەرچاوتر یان گۆڕانکاری جیۆپۆلەتیکی دابنێت. ڕووداوەکانی وەک هێرشی حەماس چی تر تەنیا لەو ناوچەیە نامێننەوە کە تێیدا ڕوودەدەن، بەڵکو توانای گەشەکردنى هەیە بۆ بوون بە دیاردەیەکی گەورەتر کە کاریگەری شەپۆلەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش تێدەپەڕێنێت.

4- پێویستە ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی بە وریاییەوە خۆیان ئامادە بکەن بۆ ئەگەرى ئەو مەترسییەی کە ئێران و هاوبەشەکانی کار بکەن لەسەر بەرفروانکردنى ئەو قەیرانەى کە بەهۆی هێرشەکانی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل دروست بووە و دەبێت خۆیان بەدوور بگرن لەوەى کە بەشێوەى تەسکبینانە فۆکەس بخەنە سەر غەززە و کاردانەوەى دەسبەجێى ئیسرائیل بۆ ئەم هێرشەکە. ئێران ساڵانێکە ستراتیژی هێرشبەرانە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا پەیڕەو دەکات، کە ئامانجی دەرکردنی ئەمەریکایە لەناوچەکە، هێرشی حەماس لە ٧ی ئۆکتۆبەر دەتوانێت بەشێک بێت لەو هەوڵە گەورەترە.

چالاکى ئێران لە سوریا
بەپێى زانیارییەکانى ڕۆژنامەى (الجریدة)ى کوەیتى، لە 2 تشرینی یەکەم ئێران و ڕوسیا ڕێککەوتوون کە چەک لە حزبوڵڵاى لوبنانەوە بگوازنەوە بۆ هێزەکانى ڕوسیا بۆ شەڕى ئۆکرانیا و ئەو هۆزانەى کە شەڕى هێزەکانى سوریاى دیموکرات/ هەسەدە دەکەن لە سوریا.
هێزەکانى ڕوسیا پشتیوانى تۆپخانەى پێویستى نییە بۆ شەڕى ئۆکرانیا و لەو بارەوە کێشەى هەیە، پیشەسازى سەربازى ڕوسیا بۆ چارەسەرکردنى ئەو گرفتە لە ڕێگەى ئێرانەوە پەناى بۆ حزبوڵڵاى لوبنان بردووە بەو پێیەى ئەو حزبە جبەخانەیەکى گەورەى لە گوللـە تۆپ هەیە کە دەتوانێت دابینی بکات بۆ هێزەکانى ڕوسیا. وەزارەتى بەرگرى ڕوسیا لە مانگى ئەیلوولى 2023 نمایشی وێنەیەکى ڤیدیۆیی کرد بۆ مووشەکى جۆرى گرادى ئێرانی 122ملم.

1- بە پێى زانیارییەکان حزبوڵڵاى لوبنان چەک بۆ ڕوسیا دابین دەکات بۆ شەڕى ئۆکرانیا  لە بەرامبەر ئەوەى کە هێزەکانى ڕوسیا ڕەزامەند بن بە گواستنەوەى چەکى ئێران لە سوریاوە بۆ حزبوڵڵا.  ڕەنگە ڕوسیا بتوانێت ئاسانکاری بکات بۆ گواستنەوەى بارە چەک بۆ حزبوڵڵا بەبێ ئەوەى بکەوێتە بەرمەترسى هێرشی فڕۆکەکانى ئیسرائیل، جێگەى ئاماژە پێدانە کە پەیوەندییەکى ئاڵۆز هەیە لە نێوان ڕوسیا و ئیسرائیل لە سوریا بە شێوەیەک کە ئیسرائیل پشت بە ڕوسیا دەبەستێت بۆ سنووردارکردنى چالاکییەکانى ئێران لە سوریا.

2- هێزەکانى سوپای پاسداران لە ٢٨ی ئەیلوول پێگەیەکی پێشووی هێزەکانى ڤاگنەریان لە ناوچەى سوخنە لە ناوەڕاستی سوریا پڕکردەوە وەک پشتیوانییەک بۆ هەوڵەکانی ئێران بۆ مانەوەى هەمیشەیی لە سوریا. هێزەکانی ڤاگنەر وەک بەشێک لە پرۆسەى بەجێهێشتنى سوریا لە ناوچەى سوخنا کشایەوە، هاوشێوەى کشانەوەیان لەچەند پێگەیەکى دیکەی ئەو هێزە لەناوەڕاستی سوریا، لە ئەیلوولی ٢٠٢٣ەوە. وەزارەتی بەرگری ڕوسیا پێشتر هێزەکانی ڤاگنەری ڕاسپاردبوو کە تا ٢٠ی ئەیلول سوریا جێ بهێڵن، یان پەیوەندی بە هێزە چەکدارەکانی ڕوسیاوە بکەن. ئێران بە شێوەیەکی گشتى ئەو ڕێگایەی کە بەناو سوخنە-دا تێدەپەڕێت بە کار دەهێنێت بۆ گواستنەوەی هێز و چەک لە سەرانسەری سوریا.

3- ئێران دەتوانێت کۆنترۆڵی ئەو ناوچانەى دیکە بکات کە پێشتر لە ژێر دەستی هێزەکانى ڤاگنەردا بوو لە بیابانی ناوەڕاستی سوریادا تا سوودی ئابووری لێبکات، هەندێک لەو پێگانە کێڵگەی گاز و نەوتیان تێدایە کە ڤاگنەر پێشتر پاسەوانییان دەکرد.
ڕوسیا یارمەتی ڕژێمی سوریا دەدات بۆ پڕکردنەوەی بەشێک لەو شوێنانە، بەڵام چەند پۆستێک ماونەتەوە کە پێشتر لەلایەن ڤاگنەرەوە پاسەوانى کراوە کە کێڵگەى گاز و نەوتن و نە ڕژێمی سوریا و نە ئێران تائێستا پڕیان نەکردووەتەوە. سوریا خاوەنى گەورەترین یەدەگی فۆسفاتە سەربارى چەندین کێڵگەی نەوت و گاز.

4- کەناڵى ئاسمانى مەنار کە لە ژێر دەسەڵاتی حزبوڵڵای لوبناندایە، لە ٤ی ئۆکتۆبەردا گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاو کردەوە کە تێیدا نەخشەی پێگە سەربازییەکانی ئەمەریکای لە سوریا بڵاوکردەوە، لە گرتە ڤیدیۆییەکەدا شوێن و کارکردنى هێزەکانی ئەمەریکا دەخرێتە ڕوو لەگەڵ وردەکارى هەر پێگەیەک.
لە گرتەکەدا زیادەڕەوى دەکرێت لە پیشاندانى بوونی هێزەکانی ئەمەریکا و ناوچەکانی ئۆپەراسیۆن لە سوریا. هەروەها لە گرتەکەدا شوێنی کێڵگە نەوتییە گەورەکان لە سوریادا وێنا کراوە، کە ئەمەش لەگەڵ هەوڵەکانی بەرەى بەرگرى یەک دەگرێتەوە کە وێنای ئەمەریکا دەکات وەک داگیرکەرێک کە بە دوای سوودوەرگرتنە لە سەرچاوە سروشتییەکانی سوریا. ئەم گرتە ڤیدیۆییە مەترسی ئەوەى لێ دەکرێت کە ببێتە هۆى هاندانى ئەنجامدانى هێرش بۆ سەر پێگە سەربازییەکانى ئەمرکیا.

5- تورکیا لە ٥ی تشرینی یەکەمەوە زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانی لە باکووری سوریا بۆ سەر هێزەکانی سوریای دیموکرات/هەسەدە ئەنجام داوە کە تاکە هاوبەشی سەربازى ئەمەریکایە لەو وڵاتەدا. ئەم هێرشانە گوشارێکی بەرچاو دەخاتە سەر هەسەدە و لە بەرامبەردا ئەرکی ئەمەریکا بۆ شکستپێهێنانی داعش دەخاتە مەترسییەوە. ئەمەریکا بۆ ئەنجامدان و ئاسانکاریکردنی ئۆپەراسیۆنەکانی دژ بە داعش لە سوریا زۆر پشت بە هەسەدە دەبەستێت. لە ئێستادا هەسەدە لە ڕۆژهەڵاتی سوریا لە ژێر فشارێکی بەرچاودایە، بەو پێیەى لە مانگی ئابی ٢٠٢٣دا یاخیبوونی خێڵەکان سەریهەڵدا و واى کرد هەسەدە زیاتر خۆى بۆ ئەو شەڕە تەرخان بکات. هێرشە ئاسمانییەکانی تورکیا دەتوانن بوار بۆ فراوانبوونی یاخیبوونی خێڵەکان و بۆ بەهێزبوونى پێگەی داعش لە ناوچەکانى ژێر دەسەڵاتى هەسەدە فەراهەم بکەن، بەوپێیەى کە هێرشی ئاسمانى تورکیا جوڵەى هەسەدە سنووردار دەکات.

6- وەک وەڵامێک بۆ هێرشە تیرۆریستییەکەى ئەنقەرە، تورکیا لە ٥ی تشرینی یەکەمەوە دەیان هێرشی ئاسمانی بۆ سەر باکووری سوریا ئەنجام داوە.
پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، کە لەلایەن ئەمەریکا، یەکێتیی ئەوروپا و تورکیا وەک پارتێکى تیرۆریستى ئەژمار کراوە، بەرپرسیارێتی هێرشە خۆکوژییەکەى ئەنقەرەى گرتە ئەستۆ.
تورکیا ڕایگەیاند کە ئەنجامدەرانی هێرشەکە لە سوریاوە هاتوون و بەو پێیە تەواوى پێگە و ژێرخانی ئابوورى و وزەى ئەو پارتە لە عێراق و سوریا دەبنە ئامانجی تۆڵەسەندنەوە. بەرپرسێکی وەزارەتی بەرگری تورکیا لە 5ی تشرینی یەکەمدا وتى کە ئەنجامدانی هێرشی زەمینی بۆ سەر سوریا یەکێکە لە بژاردەکانى تورکیا.

7- هێرشی خێڵە عەرەبەکان سوریا دژ بە هەسەدە لە ڕۆژهەڵاتی سوریا لە هەفتەی یەکەمی مانگى تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ بە بەراورد بە هەفتەکانی پێشوو پێنج هێندە زیادی کردووە، یەکینەکانی هەسەدە و دژە تیرۆر لە پارێزگاکانی دیکەوە هێنراون بۆ بەرەنگاربوونەوەی یاخیبوونى هۆزەکان. هێرشە ئاسمانییەکانی تورکیا دەتوانێت زیاتر هێزی مرۆیی و سەرچاوەکانی هەسەدە سنووردار بکات، چونکە هەسەدە لە هەمان کاتدا لە باکووری سوریا و پارێزگای دێرەزوور ڕووبەڕووی ئاستەنگ دەبنەوە.

أ. داعش ئامانجی ئەوەیە لە نێوان هێزە ناوخۆییەکان و گرووپە کۆمەڵایەتییەکان لە عێراق و سوریا ئەندامگیری بکات بە مەبەستى کۆنترۆڵکردنیان. داعش دەتوانێت فشار و سنووردارکردنى سەر هەسەدە بقۆازێتەوە بۆ نیشاندانى خۆى وەک ئەڵتەرناتیڤێک بۆ هۆزە عەرەبەکان لە پارێزگای دێرەزوور.

ب. تورکیا فشاری دیپلۆماسی و سەربازی بەکاردەهێنێت بۆ دوورخستنەوەى ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە هەسەدە. هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا لە میانی پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند، کە ئەمەریکا "پێویستە واز لە کارکردن لەگەڵ هەسەدە بهێنێت،. سەرەڕای ئەوەش تورکیا چەندین هێرشی ئاسمانی و گەشتی سەربازیی ناهەماهەنگی لە نزیک پێگەکانی ئەمەریکا لە باکووری سوریا ئەنجام داوە، هێزەکانی ئەمەریکا فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی تورکیایان بە دوورى 5 کیلۆمەتر لە هێزەکانى ئەمەریکا خستە خوارەوە.

ج. زیادبوونی گوشارەکان بۆ سەر هەسەدە پشتیوانی لە ئامانجی ئێران دەکات تا فشار بخاتە سەر ئەمەریکا بۆ کشانەوەی هێزەکانی لە سوریا. ئێران لە چەند مانگی ڕابردوودا لەگەڵ ڕووسیا و ڕژێمی سوریا هەماهەنگی کردووە بۆ ئەوەی ژینگەیەکی دوژمنکارانە بۆ هێزەکانی ئەمەریکا لە سوریا دروست بکات. ئێران و ڕژێمی سوریا لە چوارچێوەی ئەو هەوڵەدا هاوکاریان کردووە بۆ پشتیوانیکردن و درێژکردنەوەی یاخیبوونی خێڵەکان دژی هەسەدە.

چالاکییەکانى ئێران لە عێراق

- تشرینی یەکەم ژمارەیەک هاووڵاتی عێراقی لە سێ پارێزگاى عێراق خۆپیشاندانیان ئەنجامدا وەک گوزارشتێک لە نائومێدییان لە دۆخى دامەزراوە سیاسییەکانى عێراق. خۆپیشاندەرەکان گوزارشتیان لە تێکچوونى هەلومەرجی ژیان و گەندەڵى و چاکسازییەکانى هەڵبژاردنەکان کردووە، کە تێیدا ئەو پاڵێوراوانە دوورخراونەتەوە کە پاڵپشتى خۆپیشاندەرەکان دەکەن.
لە پارێزگاى عەمارە خۆپیشاندەرەکان دروشمیان وتووەتەوە دژ بە محەممەد شیاع سوودانى سەرۆک وەزیران و قەیس خەزعەلى بەرپرسى هێزەکانى عەسائیبی ئەهلى حەق کەلە لایەن ئێرانەوە پشتیوانى لێ دەکرێت.
(وائل ڕیکابی) ئەندام لە حزبی دەوڵەتى یاسا کە لە لایەن نورى مالکی سەرۆک وەزیرانى پێشووەوە سەرۆکایەتى دەکرێت ڕەتى ناڕەزایەتییەکانى دایەوە بەوەى کە ناکرێت چاکسازى سیاسی بکرێت.
جێگەى ئاماژە پێدانە کە خۆپشاندەرە عێراقییەکان یادى سێ ساڵەى جوڵانەوەى تشرینیان کردەوە کە لە ساڵى 2019 زۆرینەى پارێزگانى عێراقی گرتەوە بەهۆى کەمى خزمەتگوزارى و بڵاوبوونەوەى گەندەڵى لەناو دامودەزگانى حکومەتدا. ئەو کاتە خۆپیشاندەرەکان داواى ئەنجامدانى چاکسازییان کرد لە یاساى خۆپیشاندانەکان بە ئامانجى ئەوەى کە ژمارەى نوێنەرایەتى زیاد بکرێت و ڕێگرى بکرێت لەو پارتە سیاسییە گەورانەى کە دەسەڵاتیان بەهێز بووە. مستەفا کازمى سەرۆک وەزیرانى ئەو کاتەى عێراق لە ساڵى 2020 چەند چاکسازییەکى کرد لەوانە ڕەتکردنەوەى دەنگدان لەسەر بنەماى قەوارەى سیاسی لە عێراق، بەڵام دواتر ئیدارەکەى سوودانى لە ئازارى 2023 لەو چاکسازییانە پاشگەز بووەوە و دووبارە سیستمى کارکردن لەسەر بنەماى قەوارەى سیاسی گێڕایەوە و ئەوەش دەرفەتى بە پارتە سیاسییەکان بەخشی تا جارێکى دیکە دەسەڵاتى خۆیان بەهێز بکەنەوە.

- خۆپیشاندانەکانى 1 تشرینی یەکەم هاوکاتە لەگەڵ ئەو تۆمەتانەى کە دەڵێت هەندێک لایەنى دەستڕۆیشتوو لە دامەزراوەى سیاسی عێراق خۆیان ئامادە دەکەن بۆ دەستوەردان لە هەڵبژاردنى ئەنجومەنى پارێزگاکان کە بڕیار وایە لە کانوونى یەکەمى 2023 ئەنجام بدرێت.
لەو بارەوە هاوپەیمانى هێزەکانى گۆڕانى دیموکراسی لە 20 ئەیلوول بەیاننامەیەکیان بڵاوکردەوە، کە تێیدا جەختیان لەوە کردەوە کە دوو پارتى دەستڕۆیشتوو دەستیانگرتووە بەسەر دەسەڵاتدا لە عێراق و لەو بارەوە داوایان لە کۆمسیۆنى باڵاى هەڵبژاردنەکان کردووە دەستوەردان بکەن لە هەڵبژاردنەکاندا و لە هەمان کاتدا داوایان لە نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە چاودێر ڕەوانەى هەڵبژاردنەکان بکەن لە عێراق.

- بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسی ئەلمەدای سەربەخۆی عێراقی، ئێران داوای کردووە حکومەتی ناوەندی عێراق ئەندامانی پارتە بەرهەڵستکارەکانى ئێران ڕادەستی ئێران بکاتەوە. وا دیارە داواکارییەکی لەو شێوەیە پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکانە. ئێران و عێراق لە مانگی ئازاری 2023 ڕێککەوتنێکی ئەمنییان واژۆ کرد کە داوا لە دەسەڵاتدارانی عێراق دەکات ئەندامانی پارتە بەرهەڵستکارەکانى ئێران کە لەو کاتەدا لە کوردستانی عێراق چالاکیان دەکرد، لە چەک دابماڵرێن و لە سنوورەکان دووربخرێنەوە.
بەرپرسانى ئێران ئەم پارتانەیان بە هەڵگیرسێنەرى نائارامی مەدەنی لە دژی ڕژێمی ئێران تۆمەتبار کرد. بەرپرسانی عێراق لە 19ی ئەیلوولدا ڕایانگەیاند، کە ئەندامانی گرووپەکەیان وەک پەنابەر دیاری کردووە و گواستراونەتەوە بۆ ئەو شوێنانەى بۆیان دیاریکراوە لە ناوەڕاستی عێراق. بەرپرسانی ئێران ڕایانگەیاندووە کە "هەندێک بەش"ی ڕێککەوتنەکە بە جێبەجێنەکراوی ماونەتەوە.

- پێدەچێت ئێران و عێراق لە چەقبەستوویەک نزیک ببنەوە لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنە ئەمنییەکەی نێوانیان، کە ڕەنگە ببێتە هۆی دووبارەبوونەوەى هێرشەکانی ئێران بۆ سەر کوردستانی عێراق. بەرپرسان لە ئێران لە چەند مانگی ڕابردوودا هەڕەشەیان کردووە کە ئەگەر دەسەڵاتدارانی عێراق ڕێککەوتنە ئەمنییەکەى نێوانیان بە تەواوی جێبەجێ نەکەن، دەست بە هێرشی لەو جۆرە دەکەنەوە. لەئێستادا ڕوون نییە کە ئایا ئەم جۆرە هەڕەشانە تاکتیکێکی گوشارە بۆ ئەوەی دەسەڵاتدارانی عێراق ڕادەستی ئەندامانی ئۆپۆزسیۆن بکەنەوە، یان هەڕەشەکان سەرەتایەکن بۆ هێرشی داهاتووی ئێران بۆ سەرکوردستانی عێراق.

- خراپترین بژاردە بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمەریکا ئەوەیە کە ئێران هێرشی بەرفراوان بکاتە سەر کوردستانى عێراق، لە کاتێکدا کە هەسەدە-ش لە سوریا لە ژێر گوشاردایە. بەپێی شیکردنەوەکان پێناچێت کە ئێران ئەو هێرشە ئەنجام بدات، بەڵام وەک گریمانەیەک دەیهێڵێتەوە لەبەر ئەو مەترسییەى کە دروستى دەکات. ئەمەریکا زۆر پشت بەلایەنە کوردییەکان دەبەستێت لە عێراق و سوریا بۆ بوونى سەربازى لەو دوو وڵاتە، ئەو بوونە سەربازییە پێویستە بۆ شەڕى داعش. دروستکردنى گوشارى زۆر لە سەر کوردەکانى عێراق و سوریا بۆى هەیە ژینگەیەکى دژ بە ئەمەریکا دروست بکات و دواجار کار دەکاتە سەر هەوڵەکانى ڕووبەڕووبونەوەى داعش.

ناوخۆی ئێران

- عەلى خامنەیی ڕابەرى باڵاى ئێران لە 3 تشرینی یەکەم و لە میانى کۆبوونەوەیەکیدا لەگەڵ بەرپرسانى حکومەت، باڵیۆزى وڵاتە ئیسلامییەکان و چەند توێژێکى کۆمەڵگەى ئێران، ڕایگەیاند: قومارى ئاساییکردنەوەى پەیوەندییەکان لەگەڵ ڕژێمى زایۆنى هەروەک گرەوکردنە لەسەر ئەسپی دۆڕاو، مەحکومە بە دۆڕان لەبەر ئەوەى ڕابوونى گەلى فەلەستین زیندووتر و ئامادەترە لە هەمیشە و ڕژێمى داگیرکەر نامێنێت و لە حاڵەتى مەرگدایە.

- لە ئێستادا بوونى کۆچبەرە ئەفغانییەکان لە ئێران مشتومڕێکى زۆرى دروست کردووە لەڕووى سیاسی و کۆمەڵایەتییەوە، لەلایەک پارێزگارەکان (باڵى توندڕەو) پێیان باشە کە پێشوازى لە هاتنى ئەفغانییەکان بکرێت بۆ ئێران، لەبەر ئەوەى دەکرێت سوودیان لێوەربگیرێت بە تایبەت لەبەر توانایان و دەستى کارێکى هەرزانن بە بەراورد بە کرێکارى ئێرانى، لە کاتێکدا کە ڕیفۆرمخوازەکان پێیان وایە کە زیادبوونى ژمارەى ئەفغانییەکان هەڕەشە لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی ئێران دروست دەکات، سەربارى ئەوەى کە حکومەت پارەیەکى زۆر خەج دەکات بۆ فێرکردنى منداڵەکانیان لە خوێندنگە ئێرانییەکان بەبێ بەرامبەر، ئەمە لە کاتێکدایە کە لە ئێستادا قسەیەکى زۆر هەیە لەسەر هاتنى شەپۆلێکى نوێ لە پەنابەرى ئەفغانى بۆ ئێران.

- 5ی تشرینی یەکەم چەند فەرمانبەرێکى دەزگاى هەواڵگرى سوپاى پاسدران ڕێگریان لە ئەحمەدى نەژاد سەرۆک کۆمارى پێشووى ئێران کرد کە لە فڕۆکە خانەى ئیمام خومەینی نێودەوڵتى سەردانى دەرەوەى ئێران بکات و پاسپۆرتەکەیان لێوەرگرتووە، بە پێى زانیارییان ئەحمەد نەژاد لەوە ئاگادار کراوەتەوە کە ڕێگەپێدراو نییە گەشتى دەرەوەى ئێران بکات. ئەحمەدی نژاد لەسەر "بانگهێشتی فەرمی حکومەت و زانکۆی گواتیمالا بۆ بەشداریکردن لە کۆنگرەیەکى زانستی سەبارەت بە بەڕێوەبردنی هەمەلایەنەی سەرچاوەکانی ئاو لە جیهاندا" بەنیازی ئەوە بوو سەردانی ئەم وڵاتە بکات.

- ئیلهام عەلیێڤ سەرۆکی ئازەربایجان لە ٢٥ی ئەیلوول بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ هەڕەشەی گرتنى بەشێک لە خاکی باشووری ئەرمینیاى کرد، ئەمەش بۆی هەیە هێڵی سووری ڕاگەیەنراوی ئێران بۆ پاراستنی یەکپارچەیی خاکی ئەرمینیا پێشێل دەکات. عەلیێڤ ئەم هەڕەشەیەی لە سەردانێکیدا بۆ کۆشکی ناخجوانی ئازەربایجان کرد. عەلیێڤ لەم سەردانەدا لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆگان سەرۆککۆماری تورکیا کۆبووەوە و گوتارێکى لەسەر یەکپارچەیی خاکى ئازەربایجان بەکارهێنا و ڕایگەیاند کە پارێزگای سیونیک لە باشووری ئەرمینیا بەشێکە لە خاکى ئازەربایجان. کۆنترۆڵکردنی پارێزگای سیونیک خواستی عەلیێڤ بۆ بەستنەوەی ناخجەوان بە ئازەربایجانەوە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ بەدی دێنێت.
تیگران باڵیان- نێردەی ئەرمەنستان لە یەکێتی ئەوروپا- لە ٢ی تشرینی یەکەم هۆشداری دا کە هێرشی ئازەربایجان بۆ سەر ئەرمینیا "نزیکە". سەرکردەکانی ئێران چەندین جار دژایەتی خۆیان لە فراوانخوازییەکانى ئازەربایجان لە ناو ئەرمینیا دەربڕیوە و دەڵێن، ئەنجامدانی ئەو کارە دەبێتە هۆی ڕێگریکردن لە دەستڕاگەیشتنى ئێران بە ئەرمینیا ڕووسیا و ئەوروپا. هەروەها تاران نیگەرانی خۆی دەربڕیوە لەوەی کە ئەم جۆرە فراوانخوازییە دەتوانێت ئاسانکاری بکات بۆ زیادبوونى هەژموونى تورکیا لە قەوقاز.

- هەڕەشەکەی عەلیێڤ دوای ماوەیەکی کەم لە فەرمانی هێرشی سەربازی دەرکرا بۆ سەر ناوچەی قەرەباخ لە 19-20ی ئەیلوول. ناگۆرنۆ-قەرەباغ یەکێکە لە ناوچەکانی ئازەربایجان کە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا وەک خاکی ئازەربایجان ناسراوە بەڵام تا ئەو کاتەی هێرشەکە بە شێوەیەکی کاریگەر لەلایەن کۆماری ناگۆرنۆ-قەرەباغی دانپێدانراوەوە دەستى بەسەردا گیرابوو. ئەرمینیا لەماوەى ڕابردوودا لەڕووى دارایی و سەربازییەوە پشتگیری لەم ناوچەیە کردووە. سەرەڕای ئەوەش هێزەکانی ئازەربایجان لە کاتی هێرشەکەدا بە خێرایی دەستیان بەسەر ناوچەکەدا گرت. لەو کاتەوە کۆماری قەرەباغ بڕیارى دا هەڵوەشاندنەوەی خۆى و پەیوەست بوونى بە حکومەتی ئازەربایجانەوە ڕابگەیەنێت.

- ئەرمینیا لە چەند مانگی ڕابردوودا -جگە لە ڕوسیا- داوای هاوکاریی لە لایەنى دیکە کردووە بۆ بەرگریکردن لەدى ئازەربایجان. بەرپرسانی ئەرمەنستان و ئێران بە جیا ناڕەزایی خۆیان دەربڕیوە لە ڕووسیا و جەختیان لەوە کردووەتەوە کە مۆسکۆ لە دوای داگیرکردنی ئۆکرانیاوە لە پاراستنی ئەرمینیا کەمتەرخەم بووە. ئەرمینیا لە نێوان ١١-٢٠ی ئەیلوولدا میوانداری مانۆڕێکی سەربازی هاوبەشی کرد لەگەڵ ئەمەریکا. بەرپرسانی فەڕەنسا بە جیا لە ٤ی تشرینی یەکەمدا ڕایانگەیاند، کە ئەرمینیا و فەڕەنسا تاوتوێی ڕێککەوتنەکانی چەک دەکەن. دواجار ئارمەن گریگۆریان سکرتێری ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئەرمەنستان لە نێوان ٢-٤ی ئۆکتۆبەر لەگەڵ بەرپرسانی باڵای سیاسی و سەربازی ئێران لە تاران کۆبووەوە. ئێران دەتوانێت ڕێگەى جۆراوجۆر پەیڕەو بکات بۆ بەرگریکردن لە ئەرمینیا لەو ڕێگەیەوە بەرژەوەندییە ستراتیژییەکانی لە قەفقازدا بپارێزێ، لەوانە:

1- ئێران دەتوانێت درێژە بە ڕێبازی ئێستای خۆی بدات لە بەکارهێنانی دیپلۆماسی و هەڕەشەی سەربازی بۆ ڕێگریکردن لە هێرشکردنى ئازەربایجان بۆ سەر ئەرمینیا.
بەرپرسانی ئێران لە دوای هێرشی ئازەربایجان لە ئەیلوولی 2023 نۆ دیداری جیاوازیان لەگەڵ بەرپرسانی ئەرمەنستان و ئازەربایجان ئەنجام داوە، بەرپرسانی ئێرانیش داوای گفتوگۆیان کرد، بە تایبەتی لەسەر ڕێگەی 3+3 واتا ئەرمینیا، ئازەربایجان، جۆرجیا، ئێران، ڕوسیا و تورکیا پێکەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی قەوقاز. هەروەها ئێران لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا زنجیرەیەک مانۆڕی سەربازیی ئەنجامدا بەدرێژایی سنوورەکانی لەگەڵ ئازەربایجان بۆ ئەوەی فشار بخاتە سەر باکۆ تا خۆى بەدوور بگرێت لە ئاڵۆزتر کردنى دۆخەکە.

2- ئێران دەتوانێت پشتیوانی سەربازی بۆ ئەرمینیا دابین بکات. ئەم بۆچوونە جێگەى باوەڕە لەبەر ئەوەى پێشتر میدیاکانی ئیسرائیل ڕایانگەیاندبوو کە ئێران لە چەند مانگی ڕابردوودا فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و کەرەستەی سەربازیی دیارینەکراوی دیکەی بۆ ئەرمینیا دابین کردووە.

3- ئێران دەتوانێت هێزی سەربازی بنێرێتە سنووری ئەرمینیا و ئازەربایجان. ئەم بۆچونە ڕێگە تێدەچێت لەبەر ئەوەى محەممەد باقرى سەرۆک ئەرکانى گشتى هێزە چەکدارەکانی ئێران، لە میانی دیدارەکەیدا لەگەڵ گریگۆریان لە تاران لە ٤ی ئۆکتۆبەردا پێشنیاری بڵاوکردنەوەی هێزى سەربازى وەک"چاودێرانی" ئێرانی بۆ سنوورەکان کرد، جێگیرکردنی هێزەکانی ئێران بۆ سنووری ئەرمینیا و ئازەربایجان بە مەبەستی ڕاگرتنی ئازەربایجان دەبێت لە هێرشکردن، بەڵام ئاماژەشە بۆ ئامادەیی ئێران بۆ دەرگیربوون لەگەڵ ئازەربایجان لانیکەم تا ئاستێک. بەڵام تا ئێستا ڕوون نییە کە ئایا سەرکردەکانی ئێران ئامادەیی ئەوەیان تێدایە مەترسی ڕووبەڕووبوونەوەیەکى بەرفراوان بکەن لەگەڵ ئازەربایجان بۆ پاراستنی ئەرمینیا.


سەرچاوەکان
https://www.criticalthreats.org/analysis/iran-update-october-6-2023
https://www.criticalthreats.org/analysis/iran-update-special-edition-october-7-2023
https://www.criticalthreats.org/analysis/iran-update-october-2-2023
https://www.criticalthreats.org/analysis/iran-update-special-edition-october-7-2023
https://www.kurdpress.com/news/2761533
https://aljadah.media/archives/74301.
https://www.iran-emrooz.net/index.php/news2/more/110554/

#ئێران
بینێرە لە ڕێگەی