تورکیا لە هەفتەیەکدا 7/10 تا 13/10/2023

12:00
15/10/2023
کوردستان مۆنیتەر

فۆتۆ: میدیاکان

هاوبەشی بکە

تاک

ئەندامێکی میت لە هەرێمی کوردستان کوژرا
ڕۆژی چوار شەممە ١١ی تشرینی یەکەم ئەندامێکی دەزگای هەواڵگری نیشتمانی تورکیا (میت) لە ئەنجامی ڕووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ گەریلاکانی پەکەکە کوژراوە.
بەگوێرەی هەواڵی دەزگا میدیاییەکانی نزیک لە پەکەکە دوو ئەندامی میتی تورکیا لە شارۆچکەی سەنگەسەری دەڤەری ڕاپەڕین تەقەیان لە گەریلایەکی پەکەکە کردووە و بریندار بووە، بەڵام گەریلاکە هاتووەتە دەست لێیان و دوای ڕووبەڕووبوونەوەی چەکداری یەکێک لەو دوو ئەندامەی میت کوژراوە و ئەوی دیکەیان هەڵاتووە.[1]
بەگوێرەی هەواڵی سایتی ڕۆژنیوز Rojnews ئەو دوو کەسە بە فەرمی ئەندامی میتی تورکیان و کوژراوەکە خەڵکی تورکیایە و لە یەکێک لە سیتییەکانی سلێمانی نیشتەجێ بووە و لە ساڵۆنێکدا کاری کردووە. لە هەمان کاتدا گەریلاکەی پەکەکە هاوڵاتی هەرێمی کوردستان بووە و بە برینداری گەیەنراوەتە نەخۆشخانە.[2]

ئاڵتان تان: تاوەکو چەک لە مەیداندا خەباتی کورد لە تورکیا پەرەی پێ نادرێت
هەتاوەکو پەکەکە چەکی لە شان بێت، چاوەڕێی هەنگاوی ئاشتی لە ئەنقەرە ناکرێت. ئاڵتان تان Altan Tan پەرلەمانتاری پێشووی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) لە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنیدا ئاماژەی بە دابەشبوونی شەقامی تورکیا و باکووری کوردستان کرد بەسەر بەرەی چەپ و ئیسلامیدا و ڕەخنەی توندی لە هەردوو ئاڕاستەکە گرت.
هەر لەو بەرنامەیەدا کە هەفتەی رابردوو بڵاوکرایەوە ئاڵتان تان باسی لەوە کردووە، "تاوەکو چەک لە مەیداندا بێت ناتوانرێت خەباتی سیاسی و دیموکراسی کورد لە تورکیادا پەرەی پێ بدرێت". لە هەمان کاتدا ئەو پەرلەمانتارە خانەنشینە ڕەخنەی توندی لە گوتاری "ئایدۆلۆژی چەپڕەوی" هەدەپە گرت و پێی وایە "پێویستە هەدەپە دەستبەرداری بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندەی (شەریعەت دەگەڕێتەوە) ببێت".
ئاڵتان تان لە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنی Halk TVدا باسی لەوە کردووە، دوای شکستی هەدەپە لە هەڵبژاردنەکانی ئەمساڵی تورکیادا، بڕیاری بەخۆداچوونەوەی داوە، بەڵام پێش هەموو شتێک پێویستە لە ڕووی ئایدۆلۆژییەوە بەخۆیدا بچێتەوە و واز لە دژایەتیکردنی بەرەی ئیسلامی لە تورکیا و باکووری کوردستان بهێنێت.
ئاڵتان تان پێی وایە ڕێژەیەکی بەرچاوی هاووڵاتیانی تورکیا و باکووری کوردستان پشتیوانی لە بەرەی ئیسلامی/ پارێزکار دەکەن، بۆیە پێویستە هەدەپە واز لە سیاسەتی دژایەتیکردنی بەرەی پارێزکار لە تورکیا و باکووری کوردستان بهێنێت. تان لەو چاوپێکەوتنەدا جارێکی دیکە ئەوەی بە بیر بەرپرسانی هەدەپە-دا هێناوەتەوە کە "زیاتر لە نیوەی دەنگدەرانی هەدەپە لە چینی پارێزکارن و پەیڕەوی لە بنەماکانی شەریعەتی ئیسلام دەکەن".[3]

ئەردۆگان داوای دان بەخۆداگرتن لە حەماس و ئیسرائیل دەکات
ڕەجەب تەیب ئەردۆگان سەرۆک کۆماری تورکیا داوای لە لایەنەکان کرد بە میانڕەوی هەنگاو بنێن و خۆ بەدوور بگرن لە هەر کردەیەک کە ببێتە هۆی ئاڵۆزترکرنی دۆخەکە.
ڕۆژی شەممە ٧ی تشرینی یەکەم ئەردۆگان لە وتەیەکیدا لە کۆنگرەی چوارەمی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە)دا داوای لە لایەنەکانی جەنگی حەماس و ئیسرائیل کرد دان بە خۆیاندا بگرن.
ئەردۆگان لە وتەکانیدا هێرشەکەی حەماسی بۆ سەر ناوچە جولەکەنشینەکانی فەلەستین وەک "ڕووداوگەلێک کە لە بەرەبەیانی ڕۆژی شەممەدا ڕوویان داوە" وێنا کرد و داوای لە ئیسرائیل کرد خۆی بەدوور بگرێت "لە هەر کاردانەوەیەکی کوتوپڕ کە ببێتە هۆی ئاڵۆزترکردنی دۆخەکە".[4]

یەسەپە کێشەی فەلەستین بە کێشەی کوردەوە دەبەستێتەوە
یەسەپە کێشەی فەلەستینی بەستووەتەوە بە کێشەی کوردەوە و ڕایگەیاندووە "هەتاوەکو کێشەی فەلەستین و کورد چارەسەر نەکرێت ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەدینایەت".
ڕۆژی یەکە شەممە ٨ی تشرینی یەکەم پارتی چەپی سەوز (یەسەپە) Yeşil Sol Partisi (YSP) لە ڕاگەیەنراوێکدا پشتیوانی خۆی بۆ "خەباتی گەلی فەلەستین" دەربڕیوە و ئاماژەی بەوە داوە، کوشتنی منداڵان و هێرش بۆ سەر ئافرەتان لە جەنگەکەدا قەبوڵ ناکرێت.
هەر لە ڕاگەیەنراوەکەدا یەسەپە "داگیرکردنی خاکی فەلەستینی لەلایەن ئیسرائیلەوە" ڕەت کردووەتەوە و "پشتیوانی تەواوی" بۆ گەلی فەلەستین دەربڕیوە. لە ڕاگەیەنراوەکەدا یەسەپە جەخت لەوە دەکاتەوە "بە ئەزموونی چەندین ساڵ دەرکەوتووە کێشەی فەلەستین و کورد چارەسەر نەکرێت، ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەدینایەت".[5]

پەرلەمانی تورکیا جەخت لە دامەزراندنی دەوڵەتی فەلەستین دەکاتەوە
پەرلەمانی تورکیا جەخت لەسەر پێویستی دامەزراندنی دەوڵەتی فەلەستین دەکاتەوە کە "پایتەختەکەی قودس بێت" و ٦ فراکسیۆنی ناو پەرلەمانیش بەیاننامەیەکیان بڵاوکردەوە.
ڕۆژی پێنج شەممە ١٢ی تشرینی یەکەم پەرلەمانی تورکیا دانیشتنێکی تایبەت بە ڕووداوەکانی فەلەستین ئەنجامدا و تێیدا هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا زانیاری پێویستی دەربارەی هەڵوێست و هەوڵەکانی تورکیا بۆ چارەسەری دۆخەکە پێشکەش بە پەرلەمانتاران کرد.
نوعمان کورتوڵموش Numan Kurtulmuş سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا لە وتەیەکدا جەختی لەوە کردەوە "پێویستە دەوڵەتی فەلەستین دروست بکرێت و پایتەختەکەشی قودس بێت". دوای دانیشتنەکە هەریەک لە فراکسیۆنەکانی ئاکەپە، جەهەپە، مەهەپە، پارتی باش، یەسەپە و سەعادەت ڕاگەیەنراوێکیان بڵاوکردەوە و تێیدا داوایان کرد "بەزووترین کات کۆتایی بهێنرێت بەو تراژیدیایەی لە غەززە ڕوودەدات".
هەر لەو ڕاگەیەنراوەدا داوا کراوە "هەرچی زووە لەسەر بنەمای دوو دەوڵەتی فەلەستین و ئیسرائیل دەست بکرێت بە دانوستان بۆ هێنانە کایەی ئاشتی لە ناوچەکەدا".[6]

هوداپار پشتیوانی حەماس دەکات
پارتی بانگەوازی ئازاد (هوداپار) Hür Dava Partisi (HÜDAPAR) وەک پارتێکی ئیسلامی کوردی لە باکووری کوردستان و تورکیا پشتیوانی تەواوی خۆی بۆ حەماس و فەلەستینییەکان ڕاگەیاند.
ئێوارەی شەممە ٧ی تشرینی یەکەم زەکەریا یاپیجی ئۆغڵو Zekerya Yapıcıoğlu سەرۆکی هوداپار "پشتیوانی تەواوی بۆ خەباتی گەلی فەلەستین" دەربڕی و هێرشەکانی حەماسی بۆسەر ئیسرائیل وەک بەشێک لە "بەرگریکردن لە خاک و شەرەفی خۆیان" وێنا کرد و ڕایگەیاند، "ئەو هێرشانە بەرگریکردنە لە گەلێک کە ڕۆژانە بە بەرچاوی جیهانەوە هاووڵاتییانی لە کۆڵانەکاندا بەبێ دادگاییکردن لەناو دەبرێن، مەودای داگیرکاری وڵاتەکەیان لەلایەن ئیسرائیلەوە فراوانتر دەکرێت، هەموو ڕۆژێک هێرش بۆسەر مەسجیدی ئەقسا ئەنجام دەدرێت".
یاپیجی ئۆغڵو لە پەیامێکیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی X جەختی لەوە کردەوە، "بە هەموو جۆرێک پشتیوانی برا فەلەستینییەکانمان دەکەین تاوەکو لەژێر داگیرکاری جوولەکە ڕزگاریان دەبێت".[7]
لەلایەکی دیکەوە ڕێکخستنەکانی هوداپار لە ئامەد و چەندین شاری دیکەی باکووری کوردستان خۆپیشاندانیان بۆ پشتیوانی فەلەستینییەکان ئەنجامدا.[8]
هوداپار لەڕێگەی خۆپیشاندان و ڕێپێوانەوە لە شارە گەورەکانی ئامەد، ماردین، ئورفا، باتمان و چەندین قەزا و شارۆچکەی باکووری کوردستان پشتیوانی خۆیانیان بۆ "گەلی فەلەستین و براکانیان لە غەززە" ڕاگەیاند.
هەر لەو خۆپیشاندانانەدا پەرلەمانتار و بەرپرسە باڵاکانی هوداپار بەشدارییان کردووە.[9] لەئیستەنبوڵیش ڕۆژی ٨ی تشرینی یەکەم ژمارەیەک ئەندام و لایەنگری هوداپار لەگەڵ چەند بەرپرسێکی حزبەکەدا لەبەردەم کونسوڵخانەی ئیسرائیل لە ئیستەنبوڵ کۆبوونەوە و لەگەڵ بەرزکردنەوەی ئاڵای فەلەستین دروشمی "هەزاران سڵاو لە ئیستەنبوڵەوە بۆ خەباتی غەززە" دەوترایەوە.[10]

لە ئیستەنبوڵ نوێژی غایب بۆ کوژراوانی فەلەستین کرا
ڕۆژی شەممە ١٤ی تشرینی دووەم لە ئیستەنبوڵ "نوێژی غائیب" بۆ کوژراوەکانی غەززە و فەلەستین ئەنجام درا. دوای ئەوەی ڕێکخراوی هاریکاری مرۆڤایەتی İHH داوای لە هاوڵاتیان کرد نوێژی غائیب بۆ کوژراوە فەلەستینییەکان ئەنجام بدەن، ژمارەیەکی زۆر هاووڵاتی ڕوویان کردە مزگەوتی بایەزید و نوێژی غائیبی بە کۆمەڵ بۆ ئەو هاووڵاتییە فەلەستینیانە ئەنجام درا کە لەلایەن ئیسرائیلەوە کوژراون.[11]

دەستبەسەرکردنی بەرپرسانی هەدەپە بەردەوامە
ڕۆژی هەینی ڕابردوو ٦ی تشرینی یەکەم بەرنا چەلیک Berna Çelik و چنار ئاڵتان Çınar Altan هاوسەرۆکانی لقی ئیزمیری پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) و نیهات تورک Nihat Türk  هاوسەرۆکی لقی بوجا-ی ئەو پارتە دەستبەسەرکران. دوای وەرگرتنی وتەی دەستبەسەرکراوان ڕەوانەی دادگا کران.
بەگوێرەی هەواڵی سایتی گازێتە دوڤار Gazeteduvar لە دادگا تۆمەتی "ئەندامێتی ڕێکخراوی تیرۆریستی" و بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەنراو بۆ پشتیوانی لە تیرۆر دراوەتە پاڵیان. دوای وەرگرتنی وتەی ناوبراوان لە دادگا بە کەلەپچەکراوی لە پشتەوە بەمەبەستی ئەنجامدانی پشکنینی پزیشکی ڕەوانەی نەخۆشخانە کراون و پاشان براون بۆ زنیدان.[12]
دوای دەرکردنی بریاری دەستگیرکردنی ئەو سێ بەر پرسەی هەدەپە، کەس و کار و هاوڕێکانیان لەبەردەم دادگا لە ڕێگەی خۆپیشاندانەوە ئیدانەی بڕیارەکەی دادگایان کرد و دروشمی "شان بە شان دژی فاشیزم"، "هەدەپە خەڵکە، خەڵک لێرەیە"، فشارەکان ساردمان ناکاتەوە" و "بژی بەرخۆدان و لەناو بچێت فاشیزم"یان دەوتەوە.[13]

[1] https://rojnews.news/tr/?p=304179
[2] https://rojnews.news/tr/?p=304185
[3] https://www.youtube.com/watch?v=jYyWIZAgnjg
[4] https://www.youtube.com/watch?v=Fo30wav9yx8
[5] https://kisadalga.net/haber/detay/ysp-filistin-ve-kurt-sorunu-cozulmeden-ortadoguya-baris-gelmez_83224
[6] https://yeniyasamgazetesi5.com/mecliste-filistin-oturumu-6-parti-ortak-bildirge-yayinladi/
[7] https://twitter.com/zyapicioglu/status/1710623121038786916?ref_src=twsrc%5Etfw%7Ctwcamp%5Etweetembed%7Ctwterm%5E1710623121038786916%7Ctwgr%5E664ec51f4fc54f61ac099fba37e5dd6967e1bba5%7Ctwcon%5Es1_&ref_url=https%3A%2F%2Fwww.tr724.com%2Fhuda-par-lideri-zekeriya-yapicioglu-da-hamasa-destek-aciklamasi-yapti-hakli-mucadelenin-yanindayiz%2F
[8] https://www.ilkha.com/guncel/diyarbakirda-arac-konvoyuyla-filistine-destek-verilecek-355190
[9] https://www.youtube.com/watch?v=zC_tgskn4n0
[10] https://www.youtube.com/watch?v=M3eS4FBx7lk
[11] https://www.youtube.com/watch?v=XvYZh1862-k
[12] https://www.gazeteduvar.com.tr/hdp-izmir-il-es-baskanlari-tutuklandi-haber-1641534
[13] http://mezopotamyaajansi35.com/GUNCEL/content/view/220938

#تورکیا
بینێرە لە ڕێگەی