گرووپە شیعەكانی عێراق و شەڕی غەززە

05:24
16/10/2023
ناوچەیی

فۆتۆ: میدیاکان

هاوبەشی بکە

تاك

 هێرشەکانی بزووتنەوەی بەرگریکاری ئیسلامیی (حەماس) لە بەرەبەیانی ڕۆژی (7/10/2023) بۆ سەر ئیسرائیل و کاردانەوەکانی ئیسرائیل دژ بە حەماس و فەلەستینییەکان، گرووپە چەکدارەکانی عێراقی نزیک لە ئێرانی هێنایە دەنگ، هەندێکیان بانگەشەی بەشداری ڕاستەوخۆی جەنگ لەپاڵ حەماس دژی ئیسرائیل دەکەن، هەندێکی تریشیان هەڕەشە لە ئەمەریکا دەکەن کە لە ئەگەری بەشداری ڕاستەوخۆ لە شەڕەکەدا، ئەوا سوپای ئەمەریکا و بەرژەوەندییەکانی بە ئامانج دەگرن، لەو چوارچێوەدا ئەبوو حسێن حەمیداوی (أبو حسین الحمیداوی) ئەمینداری گشتیی کەتیبەکانی حزبوڵڵا لە عێراق، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند "واجبی شەرعی بوونی ئێمەیە لە مەیداندا بۆ دوورخستنەوەی شەڕی دوژمنان لە گەل و کەسوکارمان لە غەززە و تەواوی زەوییە داگیرکراوەکان، نەک هەر ئەوەندە بەڵکو دوورخستنەوەی ئازار لەسەر چەوساوەکان، بۆیە مووشەک، فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و هێزە تایبەتییەکانمان لەوپەڕی ئامادەسازیدان بۆ لێدانی گورز لە ئەمەریکای دوژمن و بەرژەوەندییەکانی، ئەگەر بەشداری ئەم جەنگە بکات، شوێنە ئاشکراکانی کیانی زایۆنیزم و هاوەڵەکانی دەکەینە ئامانج ئەگەر پێویست بێت".
کەتیبەکانی سەید شوهەدا (سید الشهداء) یەکێکی ترە لە گرووپە چەکدارە شیعەکانی عێراق و لە بەیاننامەیەکدا ئامادەیی خۆی و گرووپە عێراقییەکانی بۆ بەشداری لە شەڕ ڕاگەیاند، بەڵام چۆنێتی و شێوازی گەیشتن بە غەززەی دیاری نەکردووە، کازم فەرتوسی (کاظم الفرطوسی) کە بەناوی کەتیبەکەوە بەیاننامەیەکی بڵاو کردووەتەوە ڕایگەیاند "دۆزی فەلەستین دۆزێکی جەوهەری جیهانی عەرەبی و ئیسلامییە، ئەگەر داوای بەهاناوەچوون هەبێت، ئەوا گرووپە عێراقییەکان یەکەم کەسن وەڵامی ئەو داوایە دەدەنەوە، ئەوە ئێمەین بڕیار دەدەین کەی و چۆن بەشداری شەڕی غەززە دەکەین، ئێمە چاوەڕوانی ئاماژەیەکی بەرگریکارە فەلەستینییەکانین تا لەو شەڕە چارەنووسسازە بەشدار بین". بەڵام لە بەشێکی تری بەیاننامەکەدا فەرتوسی دەڵێت "لە ئەگەری بەشداری ئەمەریکا لە شەڕی فەلەستین، بارەگا و بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا لە عێراق و ناوچەکە بە ئامانج دەگرین".
عەسائیبی ئەهلی حەق بە ڕێبەری قەیس خەزعەلی (قیس الخزعلی) یەکێکی ترە لەو گرووپانەی لە سەرەتای شەڕەکەوە هەڵوێستی خۆی ڕاگەیاند، خەزعەلی وتی "عێراق وەکو گەل، حکومەت و هێزە بەرگریکارەکان پابەندە بە هەڵوێستی نەگۆڕی و پشتیوانی دۆزی فەلەستین". بە هەمان شێوە بزووتنەوەی نوجەبا لە بەیاننامەیەکدا ئامادەیی خۆی بۆ بەرگری لە فەلەستین دەربڕی و لە بەشێکی بەیاننامەکەدا هاتووە "پیرۆزبایی سەرکەوتنی گەردەلوولی ئەقسا دەکەین، قودس و فەلەستین پێگەیەکی گەورەی لای ئێمە هەیە، ئامادەیی تەواومان وەرگرتووە بۆ هەر ئەگەرێک و بەرگریکردن لە فەلەستینی داگیرکراو".
گرووپێکی لاوەکی وەک ئەسحابولکەهف-یش لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند "ئامادەسازی تەواومان هەیە بۆ سەرخستنی کەسوکارمان لە فەلەستین، ئامانجەکانمان لە سەروو چاوەڕوانی دوژمنەوەیە، دەبێت ئەوەش بیری ئەمەریکای دوژمنی گەورە بهێنینەوە کە هێز و بارەگاکانی لەژێر ڕەحمەتی مووشەک و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانمانە، چاوەڕێی هیچ نین جگە لە فەرمانی سەرکردایەتی تا لە گۆڕەپانەکەدا هەنگاو بنێین".
لای خۆیەوە نووری مالیکی سەرکردە لە چوارچێوەی هەماهەنگی بانگەشەی "یارمەتی بەرخۆدان لە غەززە"ی کرد، بەڵام ئاماژەی بە هیچ پلانێکی مەیدانی بەشداری شەڕی غەززە نەکرد. هادی عامری (هادی العامری) فەرماندەی ڕێکخراوی بەدر لە سەرەتای هەڵایسانی شەڕەکەوە ڕایگەیاند "دوودڵ نین لە بەئامانجگرتنی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ئەگەر بەشداری شەڕی فەلەستین بکات". حەیدەر عەبادی (حیدر العابادی) سەرۆکی هاوپەیمانی نەسر ڕایگەیاند "داگیرکردنی فەلەستین لەلایەن زایۆنیزمەوە پێچەوانەی مافی گەلان و ڕاگەیەنراوە نێودەوڵەتییەکانە، لەسەر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پێویستە پشتیوانی مافی فەلەستینییەکان بکات".
موقتەدا سەدر (مقتدی الصدر) ڕێبەری ڕەوتی سەدر لە ڕێگەی بەیاننامەوە پشتیوانی خۆی بۆ فەلەستینییەکان و دژایەتی ئیسرائیل دەربڕی، ئەو داوای خۆپیشاندانی ملیۆنی و هەڵگرتنی گەمارۆی سەر غەززەی کرد. حکومەتی عێراقیش بۆ ڕێگری لە هەر ڕووداوێکی نەخوازراو ڕێوشوێنی توندی بۆ پارێزگاری لە باڵیۆزخانەی وڵاتانی بیانی لە عێراق گرتەبەر، بە تایبەت ئەو وڵاتانەی پشتیوانی لە ئیسرائیل دەکەن. جگە لە گرووپە شیعەکان و ڕێبەرەکانیان، هەر دوو گەورە مەرجەعی ئایینی شیعە ئایەتوڵڵا عەلی سیستانی و بەشیر نەجەفی لە ڕێگەی دەرکردنی بەیاننامەوە سەرکۆنەی هێرشەکانی ئیسرائیل و پاڵپشتی فەلەستینییەکانیان کرد.
هەرچەندە ئەمەریکا لە یەکەم ڕۆژی شەڕەکەوە لە زمانی لوید ئۆستن وەزیری بەرگری ئەمەریکا ئاشکرای کرد پاڵپشتی ئیسرائیل دەکەن و چەک دەنێرن بۆ ئیسرائیل، هاوکات کەشتیگەلێکی فڕۆکەهەڵگر دەنێرنە ناوچەکە، بەڵام لە واقیعدا گرووپە چەکدارە شیعەکانی عێراق هیچ بەرژەوەندییەکی ئەمەریکایان بە ئامانج نەگرتووە.
بەگوێرەی زانیارییەکان، گرووپە شیعەکانی عێراق چەندین کۆبوونەوەیان سەبارەت بە دۆخی فەلەستین و هەڵوێست لەو بارەوە کردووە، لە بەشێک لە کۆبوونەوەکان بەرپرسانی سیاسیی و سوپای پاسدارانی ئێران بەشداربوون، ئێرانییەکان پێیان ڕاگەیاندوون کە هێشتا دۆخەکە بەو ئاڕاستەیە نییە کە بەشداری ڕاستەوخۆ لە جەنگی غەززە بکەن، بەشداری ڕاستەوخۆ کاتێک ڕوو دەدات کە سنووری جەنگەکە فراوان بێت و لایەنی تر بەشداری تێدا بکەن، ئێران پلانێکی تۆکمەی داناوە بۆ ئەگەری بەشداری ڕاستەوخۆی گرووپە چەکدارەکان لەو شەڕەدا. زانیاری ئەوەش هەیە گرووپە چەکدارەکانی عێراق ئامادەسازی دەکەن بۆ سەعاتی سفر، لە ئەگەری بەشداریکردنیان لە شەڕ هەنگاوی سەرەتاییان بەئامانجگرتنی بەرژەوەندی ئەمەریکا و ئەو لایەنانە دەبێت کە هاوپەیمانی ئیسرائیلن.
پێدەچێت لە ئەگەری بەشداری ڕاستەوخۆی حزبوڵڵای لوبنان لە شەڕ، یان بەئامانجگرتنی گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران لە سوریا لەلایەن ئیسرائیلەوە، یان بەشداری مەیدانی ئەمەریکا لە شەڕی غەززە، گرووپە چەکدارەکانی عێراق بەشداری شەڕ بکەن، ڕەنگە ئێران چاوی لەسەر بەرژەوەندی و هاوپەیمانەکانی لە سوریا و لوبنان بێت، ئەگەر ئەوان کەوتنە بەر مەترسی، ئەوا گڵۆپی سەوز بۆ گرووپە چەکدارەکانی عێراق هەڵبکات، کە هێزەکانی ئەمەریکا بە ئامانج بگرن، هەندێک سەرکردەی چوارچێوەی هەماهەنگی هۆشداری ئەوەیان داوەتە ئەمەریکا، لە ئەگەری بەکارهێنانی بنکەی سەربازی عەین ئەسەد و هەریر لە عێراق بۆ پشتیوانی هێزەکانی ئیسرائیل، ئەوا ڕێککەوتنی سەربازی عێراق و ئەمەریکا هەڵدەوەشێننەوە.
سەردانی کتوپڕی حسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ بەغدا، دیمەشق و بەیرووت، بەشێک لە ئەجێندای ئێران و گرووپە چەکدارەکان ڕوونتر دەکاتەوە، ئەو لەو سێ پایتەختە جگە لە دیداری لەگەڵ بەرپرسانی حکومی، لەگەڵ بەرپرسانی سیاسیی و سەربازی گرووپە چەکدارەکان کۆبووەوە، پێدەچێت هەڵوێستی ئێران و گرووپە چەکدارەکان و چۆنێتی خۆئامادەکردن بۆ هەر ئەگەرێکی داهاتوو تاوتوێ کرابێت، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ سەردانی نهێنی ژمارەیەک سەرکردەی گرووپە چەکدارەکانی عێراق بۆ سوریا و لوبنان، ئەوان لەو سەردانە مەیدانیانەدا نەخشەی ناوچەکەیان تاوتوێ کردووە و زانیاری وردیان لەسەر ناوچەکە کۆ کردووەتەوە، لەبەر ڕۆشنایی ئەو زانیارییانە ئامادەسازی بۆ بەشداری لە شەڕ دژ بە ئیسرائیل و سیناریۆکانی داهاتوو دەکەن.
ئاماژەکان بۆ ئەوەن کە ئێران گرووپە چەکدارەکانی ڕاسپاردووە چاوەڕوانی قۆناغی داهاتوو و ڕێگوزەری ڕووداوەکان بن، لە ئەگەری فراوانبوونی سنووری جەنگ بەشداری شەڕ دەکەن و بەرژەوەندی ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی بە ئامانج بگرن. هاوکات لەسەر ئاستی سیاسیی لە ڕێگەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و حکومەتی سوودانی زنجیرەیەک جووڵە لە بەرژەوەندی حەماس و فەلەستین بکەن، لە ڕێگەی کەناڵە یاساییەکانەوە کۆمەک بۆ غەززە کۆ دەکەنەوە، لە ڕووی ڕاگەیاندنەوە ڕووماڵێکی بەرفراوانی شەڕەکە لە بەرژەوەندی حەماس بکەن، ناوی خۆبەخش بۆ بەشداری شەڕ تۆمار دەکەن. لە ئەگەری بەشداری گرووپە چەکدارەکانی عێراق لە شەڕی دژ بە ئیسرائیل و بەئامانجگرتنی ئەمەریکا، ئەگەری هەیە ئەمەریکاش کاروانی سەربازی ئەو هێزانە بەرەو سوریا و بارەگاکانیان لە چەند ناوچەیەک بە ئامانج بگرێت، لەلایەکی تریشەوە محەممەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیران لەسەر هێڵە بۆ ڕێگری لە بەشداری ڕاستەوخۆی گرووپە چەکدارەکانی عێراق لە شەڕ، بە تایبەت کە لە ڕووی ئابوورییەوە عێراق لە دۆخێکی سەختدایە و بەهای دینار ڕوو لە دابەزینە و بۆ دەستەبەرکردنی دراو عێراق پێویستی بە ئەمەریکایە و هەر سزایەکی ئەمەریکا دۆخی عێراق دەشڵەقێنێت، هەروەک بەئامانجگرتنی ئەمەریکا لەلایەن ئەو هێزانەوە جۆرێکە لە پەشیمانبوونەوە لەو ڕێککەوتنە ڕانەگەیەنراوەی کە لە سەرەتای پێکهێنانی کابینەکەی سوودانی گرووپەکان بەڵێنیان دا بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا بە ئامانج نەگرن و لە بەرامبەریشدا ئەمەریکا بە ئامانجیان نەگرێت.




#حەشدی_شەعبی #داعش_و_گرووپە_توندڕەوەکان #فەڵەستین #عێراق #موقتەدا_سەدر #وڵاتانی_عەرەبی
بینێرە لە ڕێگەی