ئێران لە هەفتەیەکدا 9/10 تا 16/10/2023

02:26
18/10/2023
کوردستان مۆنیتەر

فۆتۆ: میدیاکان

هاوبەشی بکە

تاک
ڕۆڵى ئێران لەسەر ئاستى ناوچەکە
ڕۆڵی تاران لە دابینکردنی پێداویستییەکانی مەشق و ڕاهێنان و چەک بۆ حەماس

 ڕۆژنامەی "واشنتۆن پۆست"ی ئەمەریکی بە پشتبەستن بە "سەرچاوە فەرمییەکان"ی ئەمەریکا بڵاوی کردەوە، دوایین هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل نزیکەی ساڵێک لەمەوبەر و لە ناوەڕاستی ساڵی ٢٠٢٢دا پلانی بۆ دانراوە، کۆماری ئیسلامی ئێرانیش مەشق و ڕاهێنانی بە هێزەکانی حەماس لە لوبنان کردووە و بە بەهای ملیۆنان دۆلار چەکی پێشکەش کردوون.
چەند سەرچاوەیەکىهەواڵگری ديكەىئەمەریکی بە ڕۆژنامەکەیان ڕاگەیاندووە، کە بەشێک لە هێزەکانی حەماس لە کەمپى پەنابەران لە لوبنان مەشق و ڕاهێنانیان پێکراوە بۆ ئۆپەراسیۆنی شەڕی پێشکەوتوو.
بە پێی ئەو سەرچاوانە مەشق و ڕاهێنانی ئەم هێزانە لەو کەمپانەدا بووە کە حزبوڵڵا و سوپای پاسدارانی ئێرانی تێدا جێگیر کراون.
ڕۆژنامەی ئەمەریکی واڵ ستریت جۆرناڵ لە ڕاپۆرتێکدا باسی لەوە کردووە کە ئێران هێرشەکانی حەماسی داڕشتووە و بانگەشەی ئەوەی کردووە کە تاران چالاکانە بەشداریی کردووە لە یارمەتیدانی حەماس بۆ ئەنجامدانی ئەو ئۆپەراسیۆنانە.
لە یەکێک لەو کورتە فیلمانەی کە لە یەکەم کاتژمێرەکانی هێرشی حەماس بۆ سەر باشووری ئیسرائیل بڵاوکرایەوە، دەنگێک دەبیسترێت کە لەو فیلمەدا جێگەى سەرنج بوو، کاتێک هێزەکانی حەماس کچێکی دیلی ئیسرائیلی دەگوازنەوە بۆ ناو ئۆتۆمبێلێک، دەنگی کەسێک دەبیسترێت کە چەند جارێک بە فارسی بە کەسێکى ديكە دەڵێت: "پەیوەندى بکە، پەیوەندی بکە".
ئەو کەسەى کە بە فارسی دەڵێت "پەیوەندى بکە" وا دەردەخات کە لەگەڵ كەسێکى دیکەی فارسی زمان قسە دەکات، كه ڕەنگە ئێرانی بێت. هەرچەندە ئەم گرتە ڤیدیۆییە سەرنجی ڕایگشتی ئیسرائیلی وروژاند، بەڵام دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل هیچ لێدوانێکیان لەسەر ئەم بابەتە نەدا.
لە چەند مانگی ڕابردوودا سەرکردەکانی حەماس و جیهادی ئیسلامی فەلەستینی سەردانی تارانیان کرد و لەلایەن ڕابەرانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە پێشوازییان لێکرا. ئیسماعیل هەنیە، بەرپرسی مەکتەبی سیاسی حەماس ساڵی ڕابردوو دانی بەوەدا نا کە ڕێکخراوەکەی بە بەهای ٧٠ ملیۆن دۆلار هاوکاری سەربازی لە ئێرانەوە وەرگرتووە.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆی بۆ ساڵی ٢٠٢٠ نووسیویەتی ئێران نزیکەی ١٠٠ ملیۆن دۆلار دەداتە حەماس، جیهادی ئیسلامی لە فەلەستین و بەرەی گەل بۆ ڕزگارکردنی فەلەستین - فەرماندەیی گشتی.[1]

حەماس هێرشەکانى بۆ سەر باشووری ئیسرائیل بەرفراوانتر دەکات
بەشێوەیەک تێکهەڵچوون ڕووی داوە لە نێوان میلیشیا فەلەستینییەکانی کەرتی ڕۆژئاوا و حزبوڵڵای لوبنان و هێزە ئەمنییەکانی ئیسرائیل لە پارێزگای باکووری ئەو وڵاتە، ئەگەری ئەوە هەیە کە دۆخى شەڕەکە فراوانتر بێت بۆ بەرەی دووەم.
شەڕی ئیسرائیل بووەتە جێگەی سەرنجی نێودەوڵەتی و ڕەنگە ئێران دۆخەکە بقۆزێتەوە بۆ گەیشتنى به ئامانجە ستراتیژییەکانی، لە خوارەوە بەشێک لە ئامانجە ستراتیژییەکانی ئێران دەخەینەڕوو:
- خێراتر کردنى پرۆسەى ئاستى پیتاندنی یۆرانیۆمی پیتێنراوی بەرز.
- زیادکردنی کۆگای یۆرانیۆمی پیتێنراوی بەرز.
- گواستنەوەی پارچە چەکی ئاسایی پێشکەوتوو، مووشەکی بالیستی، مووشەکی زەوی بۆ ئاسمان و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ سوریا بۆ کۆکردنەوە.
- دەستەبەرکردنی ڕێککەوتنێک بۆ فرۆشتنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، یان مووشەکی بالیستی ئێرانی بە ڕوسیا.
- خێراترکردنی پڕۆسەى چەکدارکردن و هاوکاریکردنی هۆزە عەرەبییەکان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هێزەکانی سوریای دیموکرات کە لەلایەن ئەمەریکاوە پاڵپشتی دەکرێن.
- ئاڕاستەكردنی هێرش بۆ سەر هێزەکانی ئەمەریکا لە سوریا بۆ ناچارکردنی ئەمەریکا به کشانەوە لەو وڵاتە.

ئێران: پشتیوانیکردن فەلەستین جێگیرە
نوێنەرایەتی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان جەختی لەوە کردەوە کە پشتیوانیی ئێران له فەلەستین "جێگیرە"، بەڵام لەو بەیاننامەیەى کە لە 8ی ئۆکتۆبەردا بڵاوکرایەوە، ئێران ڕەتیکردەوە هیچ دەستوەردانێکی لە ئۆپەراسیۆنی (گەردەلوولى ئەقسا)دا هەبێت.
جێگەى ئاماژە پێدانە کە ئێران پەیوەندییەکانی لەگەڵ حەماس لە ساڵی 2014ەوە باشتر کردووە، لەو کاتەوە ئێران پشتیوانییەکی بەرفراوانی ماددی و دارایی له حەماس کردووە.
یۆئاڤ گالانت وەزیری بەرگری ئیسرائیل لە مانگی نیسانی ٢٠٢٣ ڕایگەیاند، کە ئێران ساڵانە ١٠٠ ملیۆن دۆلار بۆ حەماس و ٧٠٠ ملیۆن دۆلار بۆ حزبوڵڵا و دەیان ملیۆن دۆلار بۆ جیهادى ئیسلامى دەنێرێت.

ئێران چەکدار لە سەر سنووری ئیسرائیل و سوریا جێگیر دەکات
لە 9ی تشرینی یەکەم، بەرپرسان لە ئێران فەرمانیان دا بە سوپای پاسداران لە ڕۆژهەڵاتی سوریا بۆ جێگیرکردنی چەکدارەکانیان لە پارێزگای (قونەیترە-القنيطرة).
سوپای پاسدارانی ئێران لە 9ی تشرينی یەکەم 50 چەکداری بیانی گواستەوە بۆ دیمەشق کە توانای بەکارهێنانی مووشەکی دژە فڕۆکەیان هەیە.
ئەفسەرێکی سوپای پاسدارانی ئێران سەرپەرشتی جێگیرکردنی سوپای سوریا و سوپای پاسدارانی ئێرانی کرد لەسەر سنووری لەگەڵ خاکی ئیسرائیل. یەکەی ڕەزوان کە یەکەیەکی تایبەتە و گرنگی بە دزەکردنە ناو خاکی ئیسرائیل دەدات، گەیشتە سوریا و بەدرێژایی سنوور لەگەڵ ئیسرائیل جێگیرکرا.[2]

سوپای پاسداران هەوڵی بە ئەندامگرتن لە سوریا دەدات
سوپای پاسداران له ڕۆژی ١١ی تشرينى یەکەم ڕایگەیاند، کە هەوڵی بەئەندامگرتنى 1000 كەس دەدات لە پارێزگای دێرەزوور بۆ مەشقپێکردنیان بۆ ماوەی ٢٠-٣٠ ڕۆژ پێش ئەوەی لە سنووری ئیسرائیل جێگیريان بکات.

ئێران پێگەی خۆی لە دێرەزوور بەهێزتر دەکات
ئێران لە مانگی ئایاری 2023ەوە هەوڵی کۆنترۆڵکردنی تەواوەتی پارێزگای دێرەزوورر دەدات و پێگەی سەربازی خۆی لەوێ بۆ هەڕەشەکردن لە بوونی هێزەکانی ئەمەریکا لە ڕۆژهەڵاتی سوریا بەکاردەهێنێت.
جێگیرکردنی هێزەکان لە باشووری سوریا ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە ئێران کۆکردنەوەی هێزەکان لە باشووری سوریا لە پێشینەی کارەکانیدایە، ئەمەش لەگەڵ هەڕەشەی کردنەوەی بەرەیەکی دیکە لە شەڕی دژ به ئیسرائیل یەک دەگرێتەوە.

ئێران پاڵپشتی حەشدی شەعبی دەکات بۆ دژایەتی ئیسرائیل
- سەرکردایەتی باڵای میلیشیا عێراقییەکانی نزیک لە ئێران وەک کەتایبى سەیدولشوهەدا، ئەسحابی کەهف، عەسائیب ئەهلی حەق، کەتەیبەکانى حزبوڵڵا و ڕێکخراوی بەدر هەڕەشەی لێدانی هێزەکانى ئەمەریکایان کرد لەئەگەرى دەستوەردانى بکات لە شەڕی حەماس لەگەڵ ئیسرائیل.
- هادی عامری سەرۆکی ڕێکخراوی بەدر کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێت، هەڕەشەی هێرشکردنە سەر هێزەکانی ئەمەریکای کرد ئەگەر ئەمەریکا دەستوەردان لە شەڕەکەدا بکات بۆ پشتیوانیکردن لە ئیسرائیل. ئەم لێدوانەی عامیری دوای ئەوە هات کە ئەمەریکا ڕایگەیاند، کەشتییەکى فڕۆکە هەڵگر ڕەوانەی ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست دەکات بۆ پاڵپشتی ئیسرائیل.

ئێران هۆشداری دەداتە ئیسرائیل
بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە 9ی تشرینی یەکەم هۆشداری دا کە ئێران "وەڵامێکی وێرانکەر" دەداتەوە ئەگەر ئیسرائیل هێرش بکاتە سەر سوریا، لوبنان و یەمەنەوە.
عەباس گوڵڕو ئەندامی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوەی پەرلەمان، ڕایگەیاند، بەردەوامبوونی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە، دەتوانێت پاڵ بە عەرەب و حزبوڵڵای لوبنانەوە بنێت، بۆ ئەوەی پەیوەندی بە شەڕی دژ بە ئیسرائیلەوە بکەن، هەروەها وتى، گەلى سوری دەتوانێت سوود لەم ململانێیەى ئێستا وەربگرێت بۆ ڕزگارکردنى بەرزاییەکانی جۆلان لە دەستی ئیسرائیل.

ئامانجەکانی ئێران لە پشتیوانی کردن لە بەرەى بەرگرى
1- پووچەڵکردنەوەی پرۆسەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانى نێوان ئیسرائیل و سعودییە
میدیاکانی ڕۆژئاوا بە درێژایی مانگی ئاب و ئەیلولی 2023 ڕایانگەیاندووە، ڕەنگە ئیسرائیل و سعودییە لە لێواری گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی ئاساییکردنەوە بن کە هاوکاری ئەمنی و بەرگری هاوبەش لەخۆبگرێت، هاوکات لە 3ی تشرینی یەکەمدا عەلی خامنەیی ڕابەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران هۆشداری داوەتە ئەو وڵاتانە بەوەى کە قومار بە ئاسایشی خۆیانەوە نەکەن لە ڕێگەى ئاسایی کردنەوەى پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل. لەلایەکى دیکەوە وەزیری دەرەوەى ئێران هەوڵێکى سیاسی لە 8 تشرینی یەکەم دەست پێ کرد بۆ یەکخستنى وڵاتەعەرەبییەکان دژ بە هێرشەکانى ئیسرائیل بۆ سەر غەززە.

2- وێناکردنی ئیسرائیل بە لاوازی
بەرپرسانی باڵای سیاسی و سەربازی ئێران، لەوانە عەلی ئەکبەر ویلایەتی، ڕاوێژکاری کاروباری دەرەوەی ڕابەری باڵای شۆڕشی ئیسلامیی ئێران، محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمان، محەممەد باقری، سەرۆکی ئەرکانی گشتیی هێزە چەکدارەکان، جەنەڕاڵ محەممەد باقری، فەرماندەی سوپای پاسداران، لیوا حسێن سەلامی، هۆشدارییەکانی خامنەیی-یان دووپات کردەوە و ڕایانگەیاند کە هێرشی حەماس لە ٧ی ئۆکتۆبەردا لاوازی سەربازی ئیسرائیلی دەرخستووە و بەم شێوەیەش ئەو وڵاتە ناتوانێت ئاسایشی ئەو وڵاتانە دابین بکات کە هەوڵى ئاسایی کردنەوەى پەیوەندییەکانیان دەدەن لەگەڵى.[3]

3- چەند بەرپرسێکى ئێرانی هەڕەشەیان کرد کە ئەگەر ئەمەریکا جارێکى تر پارە ئازاد کراوەکانى ئیران سەر لەنوێ بلۆک بکاتەوە، لە ڕێگەى بریکارەکانەوە هێرش دەکەنە سەر هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق و سوریا.
ئەم بەرپرسانە ڕایانگەیاندووە، کە لە مانگی ئابی ٢٠٢٣ی ڕێکەوتنى ئاڵوگۆڕی زیندانییەکان لە نێوان ئەمەریکا و ئێراندا لێکتێگەیشتنێکی دیکەى لەخۆگرتبوو کە بەپێی ئەو لێکتێگەیشتنە ئێران هێرشی بریکارەکانى دژ بە ئەمەریکا ڕابگرێت لە بەرامبەر ئەوەى ئەمەریکا ڕێگە بە ئازادکردنی ٦ ملیار دۆلارى بلۆککراوى ئێران بدات لە بانکەکانی کۆریای باشوور.
بە پێی زانیارییەکان ئەمەریکا و قەتەر لە کاردانەوەى هێرشی زەمینی و ئاسمانی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل گەیشتوونەتە ڕێککەوتنێک لەسەر دووبارە بلۆککردنەوەى 6 ملیارەکەى ئێران.

4- حسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی ئێران گەشتێکی دیپلۆماسی لە عێراق و لوبنان و سوریا ئەنجام دا، بۆ هەماهەنگی سیاسی لەگەڵ سەرکردە باڵاکانی بەرەى خۆڕاگری.
عەبدوڵڵاهیان سەفەری بەغدای کرد و لە 12ی ئۆکتۆبەر لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و قاسم ئەعرەجی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی کۆبووەوە.
عەبدوڵڵاهیان لە میانی کۆبوونەوەکەیدا لەگەڵ ئەعەرەجی ڕایگەیاند، کە ئیسرائیل ناتوانێت "تاوانی جەنگ" دژی هاووڵاتییانی مەدەنی لە غەززە ئەنجام بدات و "چاوەڕوانی وەڵامدانەوە" نەکات.
عەبدوڵڵاهیان لە میانی چاوپێکەوتنەکەیدا لەگەڵ سوودانی قسەى لەسەر ئەگەری کردنەوەی بەرەیەکی نوێ کرد لە دژی ئیسرائیل و ئاماژەی بەوە دا کە "هەموو شتێک پەیوەستە بە کردەوەکانی ئیسرائیل لە غەززە.
عەبدوڵڵاهیان لە ٣١ی ئاب لە دیمەشق لەگەڵ بەشار ئەسەد، سەرۆکی سوریا کۆبووەوە، هەروەها لە بەیروت لە ١ی ئەیلوول لەگەڵ حەسەن نەسروڵڵا ئەمینداری گشتی حزبوڵڵای لوبنان، زیاد نەخالە ئەمینداری گشتی بزووتنەوەی جیهادی ئیسلامی فەلەستین و ساڵح عاروری جێگری بەرپرسی مەکتەبی سیاسی حەماس کۆبووەوە. هەروەها عەلی ئەکبەر ویلایاتی ڕاوێژکاری ڕابەری باڵاى کۆمارى ئیسلامی بۆ کاروباری نێودەوڵەتی لە ١١ی ئۆکتۆبەر بەشێوەى جیای پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ هەنیە و نەخلە ئەنجامدا، عەلی خامنەیی بەزۆری ویلایاتی وەک نێردەی تایبەتى خۆی لە دەرەوەی وڵات بەکاردەهێنێت بە تایبەت لەگەڵ ئەندامانی بەرەى بەرگرى و گرووپە فەلەستینییەکان.

5- ئێران هەڵمەتێکی دیپلۆماسی بۆ یەکخستنی وڵاتانی ئیسلامی لە دژی ئیسرائیل بەڕێوە دەبات.
ڕۆژانی 11 و 12ی تشرینی یەکەم بەرپرسانی باڵای ئێران زنجیرەیەک پەیوەندی تەلەفۆنییان لەگەڵ سەرکردە بیانییەکان ئەنجام دا بۆ تاوتوێکردنی شەڕی ئیسرائیل.
ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک کۆماری تورکیا پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ محەممەد بن سەلمان شازادەی جێنشینی سعوديیە و بەشار ئەسەد سەرۆک کۆماری سوریا ئەنجام دا.
پەیوەندییەکە لەگەڵ محەممەد بن سەلمان بە تایبەتی جێگای سەرنجە، چونکە یەکەم پەیوەندییە لە دوای ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و سعوديیە لە دواى ساڵی ٢٠١٨ەوە، لە ٧ی ئۆکتۆبەرەوە حسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوە پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ هاوتاکانى لە ئیمارات، میسر، فلیپین، هەنگاریا، عێراق و عومان، قەتەر، ڕوسیا و تورکیا ئەنجام داوە.
محەمەد باقر قالیباف سەرۆکی پەرلەمان پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ هاوتاکانی لە جەزائیر، کوەیت، لوبنان، عومان، سوریا، تورکیا و ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی ئەنجام دا.
تاران لە هەوڵی کۆکردنەوەی وڵاتانی ئیسلامییە لە دژی ئیسرائیل و خۆی وەک پاڵەوانی دۆزی فەلەستین نیشان دەدات.[4]

6- ئێران و هێزەکانى بەرەى بەرگرى ئاماژە دەدەن بەوەى کە شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل دەتوانێت لەڕووی جوگرافییەوە فراوانتر بێت و بگۆڕێت بۆ ململانێیەکی فرە بەرەیی.
حسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی ئێران هۆشداری دا لەوەی ئێران بەشێوەیەکی دیارینەکراو دەستوەردان دەکات ئەگەر ئیسرائیل بەردەوام بێت لە هێرشەکانی بۆ سەر کەرتی غەززە، بەتایبەتی ئەگەر سوپای ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنی زەمینی لەوێ ئەنجام بدات.
عەبدوڵڵاهیان ئەم هۆشدارییەی لە ١٤ی تشرینی یەکەم و لە میانی دیدارى لەگەڵ تۆر وێنسلاند ڕێکخەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پرۆسەی ئاشتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە بەیروت بڵاوکردەوە.

7- لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ئەو هێزە عێراقییانەى کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێن لەسەر سنووری ئیسرائیل و لوبنان جێگیربوون، چەکدارەکانى عەسائیبى ئەهلی حەق لە 8ی تشرینی یەکەم ڕایانگەیاند، کە بەشداری شەڕی دژی ئیسرائیل دەکەن.

8- چەکدارانی سەر بە ئێران لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لەسەر سنووری باشووری ڕۆژئاوای سوریا بڵاوبوونەتەوە، ئەم چەکدارانە ئەندازیاری سەربازی و شارەزایانی مووشەک لەخۆدەگرن. هەروەها ئەم چەکدارانە ئەندامانی فیرقەی فاتمیونی ئەفغانستان و فیرقەی زەینەبیونی پاکستانیش لەخۆدەگرن.
ئیسماعیل قائانی فەرماندەی سوپای قودسی سوپای پاسدارانی ئێران، ئێستا لە سوریایە بۆ هەماهەنگی ئەنجامدانى ئۆپەراسیۆن، بەپێی زانیارى ڕۆژنامەنووسێکی ئێرانی، سێ ڕۆژ پێش ئەوەی گەشت بکات بۆ سوریا، قائانی لە عێراق کۆبوونەوەی لەگەڵ میلیشیاکانی سەر بە ئێران کردووە.

9- عەبدوڵڵاهیان لە دەوحە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای بزووتنەوەی حەماس کۆبووتەوە، لەوانە ئیسماعیل هەنیە بەرپرسی مەکتەبی سیاسییەکەی.
لە میانی دیدارەکەدا عەبدوڵڵاهیان بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ هەڕەشەی لە ئیسرائیل کرد بەوەى ئەگەر سوپای ئیسرائیل بەردەوام بێت لە هێرشکردنە سەر کەرتی غەززە. عەبدوڵڵاهیان سەردانی قەتەر دەکات دوای کۆتاییهێنان بە گەشتێکی دیپلۆماسی کە عێراق و لوبنان و سوریای لەخۆگرتبوو.

10- عەبدوڵڵاهیان بە جیا لەگەڵ تەمیم بن حەمەد ئال سانی میری قەتەر و محەمەد بن عەبدولڕەحمان ئال سانی سەرۆک وەزیران لە دەوحە کۆبووەتەوە.
ڕەنگە عەبدوڵڵاهیان باسی لە پارە بلۆککراوەکانى ئێران کردبێت. میدیا ڕۆژئاواییەکان لە ١٢ی تشرینی یەکەمدا ڕایانگەیاند، کە ئەمەریکا و قەتەر ڕێککەوتوون کە ڕێگری لە ئێران بکەن لە دەستڕاگەیشتنى ئێران بە ٦ ملیار دۆلار لە سەروەت و سامانی دارایی لە بانکەکانی قەتەر.[5]

لەسەر ئاستى ناوخۆ
32 هەزار مامۆستا لە زانکۆکان دەرکراون

ڕۆژنامەی ئیعتیماد لە تاران بڵاویکردەوە، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا ٣٢ هەزار مامۆستا لە بەش و بوارە جیاجیاکانی زانکۆ دەرکراون و ٢٠ هەزار خوێندکاری دکتۆرا لە وەرزی یەکەم یان دووەمدا لە جیاتی ئەو مامۆستایانە دامەزراون. 20 هەزار خوێندکاری دکتۆرا بۆ جێگرەوەی مامۆستایانی زانکۆی ئازاد دامەزراون، هاوکات ژمارەیەک مامۆستا لە سەرەتای مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵەوە بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە لە وانەوتنەوە لە زانکۆی ئازاد دوورخراونەتەوە.
ئەو مامۆستایانە لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ پەیامنێرێکی ڕۆژنامەی ئیعتیماد، ئاماژەیان بەوە کرد کە تاکە سەرچاوەی داهاتیان لە دەست داوە و هیچ هەلی کارێکی نوێ چاوەڕێیان ناکات.
ئەو مامۆستا دەرکراوانە دەڵێن، ئەم سیاسەتەی بەرپرسانی زانکۆی ئازاد پاساوێکە بۆ لابردنی مامۆستا بەهەڵوێستەکان و دانانی کەسانێک لە بەسیج کە بڕوانامەی ئەکادیمییان نییە بۆ وانەوتنەوە لە زانکۆ.[6]

ڕەنگدانەوەی شەڕی حەماس و ئیسرائیل لە بڵاوکراوە ئێرانییەکاندا
پێکدادانی خوێناوی لە نێوان ئیسرائیل و حەماس کە لە ماوەی کەمتر لە ڕۆژێکدا سەدان کەس لە هەر دوو لا کوژران، لە زۆربەی ڕۆژنامەکانی ڕۆژی یەکشەممە 8 تشرينی یەکەم  لە ئێران ڕەنگدانەوەی هەبوو و مانشێتی ڕۆژنامەکانی داگیرکرد.
سەرەڕای بەکارهێنانی دەستەواژەی "ڕژێمی زایۆنی"، یان "ڕژێمی داگیرکاری" لە ئەدەبیاتی سیاسی کۆماری ئیسلامیدا، زۆرینەی بڵاوکراوەکانی ئێران، لەوانە ڕۆژنامەی کەیهان، لە ڕاپۆرتەکانی شەڕی ئەم دواییەی حەماسدا چەندین جار وشەی "ئیسرائیل"یان بەکارهێناوە.
ڕۆژنامەی کەیهان، چاپی تاران، کە بەشێکی زۆری لاپەڕەی یەکەمی ژمارەی یەکشەممەی خۆی بۆ وێنەکانی شەڕی ئیسرائیل و حەماس تەرخان کردووە، لە "ڕاپۆرتی هەواڵی شیکاری کەیهان" لە ژێر ناوی "گەردەلولی ئەقسا ئیسرائیلی تێکشکاند" نووسیویەتی، "گەردەلولی ئەقسا" بە پێشڕەوی زەمینی بێ وێنەی هێزەکانی خۆڕاگری فەلەستین و دزەکردنی بۆ ناو شار و شارۆچکەکانی ئیسرائیل زیانێکی بێ وێنەی بە "زایۆنیستەکان" گەیاند.
ڕۆژنامەی ئارمانى ئەمڕۆ وێنەی هێرشەکانی سەر ناوچە نیشتەجێبووەکانی بڵاوکردەوە و نووسیویەتی: ئیسرائیل تووشی شۆک بووە.
ڕۆژنامەی ئارمان ميللی لە لاپەڕەی یەکەمی خۆیدا لەژێر سەردێڕی "گەردەلولی ئەقسا زایۆنییەکانی خستە بێ هۆشییەوە" نووسی: چەکدارانی بەرگرى فەلەستین ئۆپەراسیۆنێکی هەمەلایەنە و ئاڵۆزیان لەدژی داگیرکەران دەست پێ کرد لە ناوچە داگیرکراوەکاندا. ڕۆژنامەی ئابووری ئاسیا، تێکهەڵچوونە خوێناوییەکانی دوو ڕۆژی ڕابردووی بە "جەنگێکی دیکەی تەواو" ناوبرد و ئامانجی ئەم ئۆپەراسیۆنەی بە "کۆتاییهێنان بە هەموو تاوانەکانی داگیرکاری" خستەڕوو بە پشتبەستن بە ڕاگەیاندنی کەتیبەکانی عیزەدین قەسام. هەروەها ڕۆژنامەی شەرق، لە مانشێتی لاپەڕەی یەکەمی خۆیدا، لەژێر ناونیشانى "هێرشە بێوێنە و بەربڵاوەکەی حەماس؛ تەلئەبیب سەری سوڕما" نووسیویەتی: "شەممە ڕەشەکەی ئیسرائیل" و ئەم ئۆپەراسیۆنەی وەک بێ وێنەترین ڕووداوەکانی مێژووی فەلەستین و تەنانەت ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیشی ناوهێناوە. لە کاتێکدا کە ئەدەبیاتی سیاسی کۆماری ئیسلامی دەستەواژەی "ڕژێمی زایۆنی"، یان "ڕژێمی داگیرکەر" بەکاردەهێنێت لەبرى حکومەتی ئیسرائیل، بەڵام زۆربەی چاپەمەنییە چاپکراوەکانی ئێران لەوانه ڕۆژنامەی کەیهان، كە لە باڵى توندڕەوەکانەوە نزیکە، چەندین جار وشەی ئیسرائیلى بەکارهێناوە.[7]



[1]https://www.iran-emrooz.net/index.php/news1/more/110611/
[2]https://www.criticalthreats.org/analysis/iran-update-october-9-2023
[3]https://www.criticalthreats.org/analysis/iran-update-october-9-2023
[4]https://www.criticalthreats.org/analysis/iran-update-october-12-2023
[5] https://www.criticalthreats.org/analysis/iran-update-october-15-2023
[6]https://kolbarnews.com/%d9%85%d9%88%d8%ac-%d8%ac%d8%af%db%8c%d8%af-%d8%a7%d8%ae%d8%b1%d8%a7%d8%ac-%d8%a7%d8%b3%d8%aa%d8%a7%d8%af%d8%a7%d9%86-%d8%af%d8%a7%d9%86%d8%b4%da%af%d8%a7%d9%87%d9%87%d8%a7%db%8c-%d8%a7%db%8c/
[7]https://www.rfi.fr/fa/%D8%A7%DB%8C%D8%B1%D8%A7%D9%86/20231008-%D8%A8%D8%A7%D8%B2%D8%AA%D8%A7%D8%A8-%D8%AC%D9%86%DA%AF-%D8%AD%D9%85%D8%A7%D8%B3-%D9%88-%D8%A7%D8%B3%D8%B1%D8%A7%D8%A6%DB%8C%D9%84-%D8%AF%D8%B1-%D9%86%D8%B4%D8%B1%DB%8C%D8%A7%D8%AA-%D8%A7%DB%8C%D8%B1%D8%A7%D9%86

#ئێران
بینێرە لە ڕێگەی