تورکیا لە هەفتەیەکدا 14/10 تا 20/10/2023

08:27
22/10/2023
کوردستان مۆنیتەر

فۆتۆ: میدیاکان

هاوبەشی بکە

تاک
ئۆجەلان: ئەوەی لە قودس ڕوو دەدات ڕەنگە سبەینێ لە کەرکویش ڕوو بدات

عەبدوڵڵا ئۆجەلان ڕێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) ڕایگەیاند، نەتەوەپەرستی ڕێگەی لێنەگیرێت، ئەوەی لە قودس ڕوودەدات ڕەنگە سبەینێ لە کەرکویش ڕووبدات. هەربۆیە ئۆجەلان "لە بەرامبەر دەوڵەتی نەتەوەییەوە پێشنیاری کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتی" دەکات.
ڕۆژی چوارشەممە ١٨ی تشرینی دووەم لە ئاژانسی میزۆپۆتامیای نزیک لە پەکەکە بابەتێکی بڵاو کردەوە و تێیدا ئاماژە بە تێڕوانینی ئۆجەلان دەربارەی دۆخی کورد و فەلەستین دراوە، لە ڕاپۆرتەکەی ئاژانسی میزۆپۆتامیادا ئۆجەلان ئاماژەی بەوە داوە، "جەنگی ئیسرائیل فەلەستین دەرەنجامی دامەزراندنی دەوڵەتی نەتەوەییە و دەیان جار جەختم لەوە کردووەتەوە بەم سیستمە ئەم کێشانە چارەسەر نابێت".
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، ئۆجەلان لە چاوپێکەتنێکیدا لەگەڵ پارێزەرەکانی لە ١ی تشرینی دووەمی ٢٠١٠ باسی لەوەش کردووە، "هۆکاری سەرەکی قەیرانەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دامەزراندنی دەوڵەتی نەتەوەییە، چەندین جار هەوڵ دراوە کوردیش لەم ڕێگەیەوە لە خشتە ببرێت بەڵام نەتوانراوە". لە درێژەی قسەکانیدا ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە باسی لە هەوڵەکانی "دروستکردنی کوردستانی گەورە وەک ئیسرائیل لە ڕۆژهەڵاتنی ناوەڕاستدا" کردووە، بەڵام ئۆجەلان پێی وایە، "ئەمەش قەیرانێکی دیکەی هاوشێوەی قەیرانی ئیسرائیل فەلەستین دەهێنێتە ئاراوە".[1]

کۆنگرەی چوارەمی یەسەپە ئەنجامدرا و ناوی پارتەکە گۆڕا
ڕۆژی یەک شەممە ١٥ی تشرینی یەکەم کۆنگرەی چوارەمی پارتی چەپی سەوز (یەسەپە) ئەنجامدرا و لەگەڵ هەڵبژاردنی هەریەک لە تولای هاتیم ئۆغوڵڵاری پەرلەمانتاری ئەدەنە و و تونجای باکرهان پەرلەمانتاری پارێزگای سیرتی پارتەکە بە زۆرینەی دەنگی ٨٠٠ ئەندامی کۆنگرە وەک هاوسەرۆک، ناوی پارتەکەش گۆڕدرا بۆ پارتی دیموکرات و یەکسانی گەلان (هەدەپ) (HEDEP).
کۆنگرەکە لەژێر دروشمی "دووبارە بۆ ئازادی" لە ئەنقەرە بەڕێوەچوو. هەر لە کۆنگرەی چوارەمدا پەیڕەوی ناوخۆی پارتەکە هەموار کراوەتەوە. هەروەها پەیامێکی هاوسەرۆکی پێشووتری پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) کە ئێستا لە زینداندایە، خوێندرایەوە.
هەر لەو کۆنگرەیەدا ٢٧ کەس وەک ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی هەدەپ و ١٢ کەسیش وەک ئەندامی یەدەگ هەڵبژێردران. هەروەها ٣ کەس وەک ئەندامی ئەنجومەنی دیسیپلینی پارتەکە و ١ کەسیش وەک ئەندامی یەدەگ دیاریکران. ئەمە جگە لەوەی ٢ کەس وەک ئەندامی ئەنجومەنی ڕێککەوتنەکان و ١ کەسیش وەک ئەندامی یەدەگی ئەو ئەنجومەنە دیاریکرا.[2]
لەلایەکی دیکەوە کۆنگرەکە بە سەرکێشی دژی دەوڵەتی تورکیا دەستی پێ کرد، دوو ئەندامی کۆنگرەکە وێنەی ڕێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)یان بەرز کردەوە و بە چەپڵەڕێزان دروشمی پشتیوانی لە ئۆجەلان پێشوازییان لێ کرا. هەر بەو هۆیەوە ٤ کەس لەلایەن پۆلیسەوە دەسستبەسەرکران. بەگوێرەی ڕاگەیەنراوێکی دیوانی پارێزگای ئەنقەرە، "لە کۆنگرەی یەسەپە-دا بەهۆی وتنەوەی دروشم بە باڵای سەرۆکی ڕێکخراوی تیرۆریستی پەکەکە و بەرزکردنەوەی وێنەی ناوبراو، ٤ کەس دەستبەسرکراون".[3] 

ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا لە باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان بۆ ماوەی ٢ ساڵی دیکە درێژکرایەوە
 لە دانیشتنی ڕۆژی سێ شەممە ١٧ی تشرینی یەکەمی پەرلەمانی تورکیادا پرۆژە پێشنیاری سەرۆکایەتی کۆماری ئەو وڵاتە بۆ درێژکردنەوەی ماوەی مانەوە و ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای تورکیا لە عێراق و سوریا بە دەنگی بەڵێ-ی ٣٥٧ پەرلەمانتار بەرامبەر دەنگی نەخێر-ی ١٦٤ پەرلەمانتار ڕەزامەندی لەسەر درا.
پەرلەمانتارانی پارتی چەپی سەوز (یەسەپە) و زۆرینەی پەرلەمانتارانی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) دژی پرۆژە پێشنیارەکە دەنگیان دا، بەڵام پەرلەمانتارانی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە)، پارتی بزووتنەوەی نەتەوەپەرستی تورکیا (مەهەپە)، پارتی باش و چەند پارتێکی دیکەی بچکۆلە دەنگیان بە پرۆژە پێسنیارەکە داوە.[4]
بەگوێرەی هەواڵەکانی میدیای تورکیا، جەهەپە بەهۆی بوونی دەستەواژەی "هێزە چەکدارە بییانیەکان لە تورکیا" دەنگی نەخێری بە پرۆژە پێشنیارەکە داوە و هیچ پەیوەندییەکی بە پشتیوانی و بەرگریکرنی ئەو پارتە لە کوردەوە نییە. لای خۆشیەوە کەمال کلیچدارئۆغڵو سەرۆکی جەهەپە پێش دانیشتنەکەی پەرلەمان لە وتەیەکیدا بۆ پەرلەمانتارانی حزبەکەی جەختی لەوە کردەوە، "ئێمە نامانەوێت پۆستاڵی سەربازی بیانی لە خاکەکەماندا بوونی هەبێت".[5]
لە بەرامبەردا وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوە داوە مەبەست لە دەستەواژەی " هێزە چەکدارە بییانییەکان لە تورکیا" ئەو هێزانەن کە لە چوارچێوەی هەڵمەتی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆردا "وەک بەشێک لە هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی ڕووبەڕووبووەنەوەی داعش لە تورکیا" جێگیرکراون.[6]
لە پرۆژە پێشنیارەکەی سەرۆکایەتی کۆماردا بە پشت بەستن بە "ڕووبەڕووبوونەوەی گرووپە جوداخوازەکان لە باشوور و ڕۆژهەڵاتی وڵات، ڕێگری لە هێرشکردنە سەر خاکی تورکیا لە عێراق و سوریاوە"وە داوای درێژکردنەوەی مۆڵەتی مانەوەی سوپای تورکیا لە خاکی عێراق و سوریا و بەردەوامی ئۆپەراسیۆنەکان لە باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان کراوە.[7]

ئەردۆگان: کێشەی ئەمنیمان لەگەڵ ئەمریکا هەیە
ڕەجەب تەیب ئەردۆگان سەرۆک کۆماری تورکیا ڕایگەیاند، کێشەی ئەمنی لە نێوان وڵاتەکەی و ئەمریکا هەیە. ڕۆژی شەممە ١٤ی تشرینی یەکەم ئەردۆگان ڕەخنەی توندی ئاراستەی ئەمریکا کرد بەهۆی خستنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی وڵاتەکەیەوە لە ئاسمانی سوریا لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوە.
ئەردۆگان لە میانی وتارێکیدا لە چوارەمین کۆڕبەندی کار و ئابووری تورکیا و ئەفەریقا لە ئیستەنبوڵ ئاماژەی بەوە داوە، "ئەو چالاکییانەی ئەمەریکا لەگەڵ درێژکراوەکانی پەکەکە لە سوریا ئەنجامی دەدات، لە ماهیەتیدا جێگای مەترسییە بۆ ئاسایشی نەتەوەیی تورکیا". ئەردۆگان ڕەخنەی توندی ئاڕاستەی ئەمریکا کردووە بەوەی "چۆن دەبێت ئەندامێکی ناتۆ درۆنی ئەندامێکی دیکەی هەمان ڕێکخراو بخاتە خوارەوە؟!"
هەروەها ئەردۆگان باسی لەوەش کرد، "هەرچەندە ئیسرائیلیش ئەندامی ناتۆیە، بەڵام ڕەوانەکردنی کەشتیگەلی ئەمریکی و ئەوروپییەکان هیچ خزمەتێک بە ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ناکات".[8] ئەم وتانەی کۆتایی ئەردۆگان بە جۆرێک لە جۆرەکان ئاماژەیە بۆ قووڵبوونەوەی زیاتری جەنگ و هاتنەوەی ئەمریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕست و کوردستان دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی جەنگێکی دیکە. واتە هەر لە ئێستاوە تورکیا هۆشداری دەدات لە هاتنەوەی ئەمریکا بەرەو کورستان و پشتیوانی لە کوردەکان.
ئەم وتانەی ئەردۆگان دوای درێژکردنەوەی "بڕیارنامەی دۆخی لەناکاو"بوو لە نێوان ئەمریکا و سوریا لە ڕۆژی هەینی ١٣ی تشرینی یەکەم. لای خۆشیەوە سەرۆکی ئەمریکا دوای واژۆکردنی بڕیارنامەکە ڕایگەیاند، "تورکیا لە باکووری خۆرهەڵاتی سوریا بەهۆی ئۆپەراسیۆنەکانییەوە مەترسی بۆسەر ئاسایشی نەتەوەیی دروستکردووە".[9]

حکومەتی تورکیا هەوڵی نێوەندگیری دەدات و کاردانەوەی بەشێک لە پارتەکان و هاووڵاتییان دژی ئیسرائیل توندتر دەبێت
کاردانەوەکان لە تورکیا دژی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر غەزە بەردەوامە. ئەگەر چی حکومەتی تورکیا و خودی هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە ڕۆڵی نێوەندگیر دەبینن بۆ ڕاگرتنی ئاگربەست و ئاساییکردنەوەی دۆخەکە، بەڵام ژمارەیەک حزب و بەشێک لە هاووڵاتییانی تورکیا چالاکی و خۆپیشاندانی فراوان دژی ئیسرائیل ئەنجام دەدەن. بە تایبەت دوای هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر نەخۆشخانەی مەعمەدانی لە غەززە، هاووڵاتییان لە شارە گەورەکانی ئیستەنبوڵ، ئەنقەرە، ئیزمیر، بوڕسا، ئەدەنە، ئامەد، باتمان و ناوەندی زۆربەی پارێزگاکانی تورکیا ڕژانە سەر شەقامەکان و لەگەڵ ئیدانەکردنی هێرشەکەدا هەوڵی سوتاندنی کونسوڵخانەی ئیسرائیل لە ئیستەنبوڵ دراوە. بەڵام بوونی ژمارەیەکی زۆری هێزە ئەمنییەکان و قەدەغەکردنی هاتووچۆ لەو کۆڵانەی کونسوڵخانەی ئیسرائیلی تێدایە، ڕێگر بووە لە هەوڵەکەی هاووڵاتییان.[10]
بەگوێرەی ڕاگەیەنراوێکی دیوانی پارێزگای ئیستەنبوڵ، "بەهۆی دروستبوونی گرژی و ئاڵۆزییەوە لە خۆپشاندانەکانی ئێوارەی سێ شەممە ١٧ی تشرینی دووەم لە نزیک کونسوڵخانەی ئیسرائیل لە ئیستەنبوڵ، ٦٣ هاوڵاتی بریندار بوون، کە ٤٣ کەسیان پۆلیسن".[11]
لەلایەکی دیکەوە هەموو بەرپرسانی باڵای حکومەتی تورکیا و سەکردەی پارتە سیاسییەکان بە توندی ئیدانەی هێرشەکەیان کرد.[12]
پارتی خۆشگوزەرانی نوێ بە جیا و هەریەک لە پارتەکانی سەعادەت، ئایندە و هوداپار بە هاوبەشی لەژێر دروشمی "فەلەستینی ئازاد" کۆبوونەوەی جەماوەری فراوانیان لە ئیستەنبوڵ ڕێکخست.[13]
کۆبوونەوەیەکی جەماوەری لە ئامەد بۆ پشتیوانی لە هاوڵاتیانی فەلەستین کە لەلایەن پارتی بانگەوازی ئازاد (هوداپار) ڕێکخرابوو کاردانەوەی نەتەوەپەرستە کوردەکانی لێکەوتەوە و ڕەخنەی توندی لێ گیرا.[14]
کۆبوونەوە جەماوەرییەکە ڕۆژی دوو شەممە ١٦ی تشرینی دووەم بە ناونیشانی "پشتیوانی بۆ گەردەلوولی ئەقسا" ئەنجام درا و تێیدا دروشمی "سڵاو بۆ فەلەستین، بەردەوامی بۆ خەبات و تێکۆشان" وترایەوە. بەشێک لە سیاسی و چالاکوانانی نەتەوەپەرست لە ئامەد و باکووری کوردستان ڕەخنەی توندیان لە هوداپار گرت و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەستەواژەی "هوداپار هێندەی هەستیارە بەرامبەر دۆزی فەلەستین، ئەوەندە بۆ دۆزی کورد هەستیار نییە" بڵاوکرایەوە. لەو کۆبوونەوە جەماوەرییەدا کە لە ژێر چاودێری توندی هێزە ئەمنییەکانی ئامەددا بەڕێوەچوو، جگە لە پەرلەمانتار و بەرپرسە باڵاکانی هوداپار، لێپرسراوی وڵاتانی دەرەوەی یەکێتی زانایانی حەماس (نواف تکروری) بەشداری کرد.[15]
لەلایەکی دیکەوە باس لەوە دەکرێت ئیسرائیل سەرجەم دیپلۆماتەکانی خۆی لە تورکیادا کشاندووەتەوە و هیچیان لەو وڵاتەدا نەماون.[16] بەگوێرەی هەواڵێکی سایتی The Times Of Israil ڕۆژی پێنج شەممە ١٩ی تشرینی یەکەم، "تورکیا ڕایگەیاندووە ئیسرائیل سەرجەم دیپلۆماتەکانی خۆی بە باڵیۆزی ئەو وڵاتەوە لە تورکیا کشاندووەتەوە". بەگوێرەی هەواڵەکە "کشاندنەوەی دیپلۆماتەکانی لەلایەن ئیسرائیلەوە بەهۆی مەترسی ئەمنی بووە لەسەریان و هیچ پەیوەندییەکی بە دۆخی سیاسی و پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و ئیسرائیلەوە نییە".[17]

سزای ٢ ساڵ و نیو زیندانی بەسەر بەڕێوەبەری تەلەفزیۆنێکی نزیک لە هەدەپە سەپێنرا
 مەردان یانارداغ بەڕێوەبەری گشتی تەلەفزیۆنی TELE 1 و پێشکەشکاری بەرنامەی تایبەتی تەلەفزیۆنەکە بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە بۆ گرووپی تیرۆریستی" سزای ٢ ساڵ و ٦ مانگ زیندانی بەسەردا سەپێنرا، سزاکە لەلایەن دادگای تێهەڵچوونەوەشەوە پەسەند کرا.
تەلەفزیۆنی TELE1 وەک تەلەفزیۆنێکی نزیک لە هێڵی ئۆپۆزسیۆن و بە تایبەت هەدەپە ناسراوە و خودی مەردان یانارداغ شەوانە لە ڕیگەی بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنییەوە ڕەخنەبارانی حکومەتی کردووە.
بەگوێرەی بریارەکەی دادگا، مەردان یانارداغ "بە شان و باڵی سەرۆکی ڕێکخراوی تیرۆریستی پەکەکە عەبدوڵڵا ئۆجەلان-دا هەڵداوە و بە تایبەت گەنجانی هانداوە بۆ شوێنکەوتنی ناوبراو، هەروەها ئۆجەلان-ی وەک زیندانییەکی سیاسی وێنا کردووە". هەر لە بڕیارەکەدا بەهانەی "پیاهەڵدانی مەردان یانارداغ بە کار و چالاکییەکانی ئۆجەلان کە لەسەر بنەمای کوشتنی منداڵ و هاووڵاتییانی مەدەنی سیاسەتی کردووە" باس کراوە.[18]
دوای ئەوەی لە ٢٥ی حوزەیرانی ئەمساڵدا لە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنیدا مەردان یانارداغ ڕەخنەی توندی ئاراستەی بەرپرسانی حکومەتی تورکیا کرد لەسەر تەنیاکردنی عەبدوڵڵا ئۆجەلان و ڕێگری لە چاوپێکەوتنی ناوبراو لەگەڵ پارێزەر و خێزان و کەسە نزیکەکانی، هەر لەو بەرنامەیەدا بەڕێوەبەری TELE 1 داوای "ئازادکردنی عەبدوڵڵا ئۆجەلان"ی کردووە. هەربۆیە لەلایەن پەرلەمانتارێکی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە)وە داوا لە داواکاری گشتی تورکیا کرا دۆسیەی تایبەت بە لێکۆڵینەوە لە وتەکانی یانارداغ بکرێتەوە. پاش چەند ڕۆژێک لە لێکۆڵینەوە مەردان یانارداغ دەستبەسەر کرا و ڕۆژی ٤ی تشرینی یەکەم دادگای ئیستەنبوڵ سزای ٢ ساڵ و ٦ مانگ زیندانی بەسەردا سەپاند.

قەبارەی بازرگانی نێوان عێراق و تورکیا لە ٢٠٢٣ دەگاتە ٢٠ ملیار دۆلار
فەتحی مەودارێس وتەبێژی وەزارەتی بازرگانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان عێراق و تورکیا لە ٢٠٢٢ نزیکەی ١٦ ملیار و نیو دۆلار بووە، پێشبینیش دەکرێت لە ساڵی ٢٠٢٣ بگاتە زیاتر لە ٢٠ ملیار دۆلار.
فەتحی مەودارێس باسی لەوەش كرد، بە رێژەی ٨٠٪ی ئەو ئاڵوگۆڕە بازرگانییانەی لەنێوان توركیا و عێراق هەیە، لە ڕێگەی هەرێمی كوردستان بووە. ئەمە لە كاتێكدایە لە ئێستادا ئەنقەرە و بەغدا کار لەسەر پتەوکردنی پەیوەندییە بازرگانییەکان و لابردنی ئاستەنگ و ئاڵنگارییەکانی بەردەمیان دەکەن، ئەوەش لەپێناوی بەرزكردنەوەی قەبارەی بازرگانی نێوانیان.
لە ٢٩ی تەمموزی ٢٠٢٣، دەستەی ئاماری تورکیا ئاشکرای کرد، عێراق لە پلەی پێنجەمدایە لەنێو ئەو وڵاتانەی لە ماوەی مانگی حوزەیران زۆرترین هاوردەیان لە تورکیاوە کردووە بە بەهای ٩٨٦ ملیۆن دۆلار.[19]


[1] http://mezopotamyaajansi35.com/tum-haberler/content/view/221684
[2] https://www.cumhuriyet.com.tr/siyaset/yspde-kongre-basladi-partinin-yeni-ismi-belli-oldu-2130283
[3] https://www.superhaber.com/hdpysp-kongresinde-teror-orgutu-elebasi-pacavrasi-actilar-4-kisi-gozaltina-alindi-haber-468710
[4] https://www.iha.com.tr/ankara-haberleri/irak-ve-suriye-tezkeresi-kabul-edildi-38559197
[5] https://www.bbc.com/turkce/articles/c3gxdv8y9kqo
[6] https://www.dunya.com/gundem/disislerinden-yabanci-asker-tartismasina-iliskin-aciklama-haberi-708433
[7] https://www.bbc.com/turkce/articles/c3gxdv8y9kqo
[8] https://kuzey24.com/erdogan-abd-ile-aramizda-guvenlik-sorunumuz-var/
[9] https://www.dw.com/tr/abd-t%C3%BCrkiye-suriyede-ulusal-g%C3%BCvenli%C4%9Fimize-tehdit/a-67083290
[10] https://www.youtube.com/watch?v=LJ-WDcZajnM
[11] https://www.aa.com.tr/tr/gundem/israilin-istanbul-baskonsoloslugu-onundeki-gosterilerde-63-kisi-yaralandi/3024540
[12] https://www.voaturkce.com/a/turkiyeden-gazzedeki-hastane-saldirisina-iliskin-tepkiler/7315628.html
[13] https://www.rudaw.net/turkish/middleeast/turkey/161020232
[14] https://x.com/sidkizilan/status/1713763188620026171?s=20
[15] https://www.rudaw.net/turkish/middleeast/turkey/161020235
[16] https://10haber.net/2023/10/20/diplomaside-kopus-israil-turkiyedeki-tum-diplomatlarini-geri-cekiyor-274318/
[17] https://www.timesofisrael.com/liveblog_entry/turkey-says-israel-pulls-out-its-diplomats-due-to-security-concerns-amid-war/
[18] https://t24.com.tr/haber/mahkeme-merdan-yanardag-a-verdigi-cezanin-gerekcesini-acikladi-ocalan-i-ve-orgutu-sempatik-gosterdi-ic-acitici-ifadeler-kullandi,1135329
[19] https://www.bwar.news/?per=posts&pewakraw=view&id=7281

#تورکیا
بینێرە لە ڕێگەی