ئێران لە هەفتەیەکدا 17/10 تا 23/10/2023

10:09
24/10/2023
کوردستان مۆنیتەر

فۆتۆ: میدیاکان

هاوبەشی بکە

تاک
ئێران و بەرەى بەرگرى
ئێران: گەمارۆدانی غەززە ئەگەری شەڕێکی فرە بەرەیی زیاتر دەکات

حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران لە 15 و 16ی تشرینی یەکەم هۆشداری دا لەوەی ئەگەری شەڕی فرە بەرەیی دژی ئیسرائیل زیاتر دەبێت و هێزەکانى نزیک لە ئێران ڕێوشوێنی پێشوەختە لە دژی ئیسرائیل بگرنەبەر.
عەبدوڵڵاهیان لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی جەزیرە لە ١٥ی تشرینی یەکەمدا ڕایگەیاند کە گەمارۆدانی بەردەوامی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە وا دەکات شەڕێکی فرە بەرەیی "ئەگەری زیاتر بێت".

ئێران و لایەنگرانی ئامادەکاری دەکەن بۆ ململانێیەکی ناوچەیی
ئێران و هێزەکانى بەرەى بەرگرى ئامادەکاری دەکەن بۆ ئەوەی شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل فراوان بێت بۆ ململانێیەکی ناوچەیی.
چەکدارانی سەر بە ئێران لە باشووری لوبنان و باشووری ڕۆژئاوای سووریا جێگیر بوون. ئەم چەکدارانە بریتین لە حزبوڵڵای لوبنان، یەکەکانی هێزەکانی حەشدی شەعبی عێراق و فیرقەی فاتمیونی ئەفغانی و زەینەبیونی پاکستان.
سوپای ئیسرائیل بۆ پەکخستنی گەیشتنى باری سەربازی ئێران بۆ سوریا و لوبنان هێرشی ئاسمانی بۆ سەر فڕۆکەخانە نێودەوڵەتییەکانی دیمەشق و حەلەب دەست پێ کرد.

ئێران ئامادە نییە بچێتە ناو ململانێی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئیسرائیل
ڕێژیمی ئێران بەردەوامە لە ئاماژەدان بە ئامادەنەبوونی خۆی بۆ چوونە ناو ململانێی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئیسرائیل.
نوێنەرایەتی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەیاننامەیەکدا کە لە ١٥ی تشرینی یەکەم بڵاوی کردەوە، جەختی لەوە کردەوە کە ئێران دەستوەردان لە شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس ناکات ئەگەر ئیسرائیل خۆی لە هێرشکردنە سەر خاک و بەرژەوەندییەکان و هاووڵاتیانی ئێران بپارێزێت.
لە ئەگەرى بەرفراونبوونى شەڕەکە بۆ ململانێیەکی ناوچەیی، ئێران بە ئەگەری زۆر پاڵپشتی مادی و دارایی پێشکەش بە بریکارەکانی دەکات بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئیسرائیل، نەک ڕاستەوخۆ خۆى بەشداری شەڕی ئیسرائیل و حەماس بکات.
دەستوەردانی ڕاستەوخۆی ئێران دەبێتە هۆی پەرەسەندن و  توندبوونەوەى ململانێکانى لەگەڵ ئیسرائیل، کە ئێران هەوڵدەدات خۆی لێ بەدوور بگرێت.

ئایا حزبوڵڵا لە شەڕەکەوە دەگلێت؟
- ئەگەری تێوەگلانی تەواوەتی حزبوڵڵا لە شەڕەکە تا دێت زیاتر دەبێت، بە لەبەرچاوگرتنی پەرەسەندنی قەبارەی پێکدادانەکان لە بەرەی باکووری فەلەستین، بەڵام تا ئێستا جموجۆڵی ڕۆژانەی ئەو حزبە تەنیا دەکەوێتە چوارچێوەی بەدەستهێنانى ڕایگشتی بەبێ ئەوەی بە تەواوی بکێشرێتە ناو شەڕەکەوە.
- بۆ ئێران (لایەنگری سەرەکی حزبوڵڵا) ئەگەرى تێوەگلانى لە شەڕەکە بە دوور دەزانرێت بە لەبەرچاوگرتنی ئەو هەڕەشە توندەى کە ئەمریکا لە تارانى کردووە.
- سەبارەت بە لێدوانەکانى ڕژێمی ئەسەد، یان میلیشیا شیعەکانی عێراق و حوسییەکان لەسەر شەڕ تەنیا وەک گوتاری میدیایی دەمێنێتەوە، بۆ چەند ڕەچاوکردنێک لەوانە سەرقاڵبوونى ئەو ڕژێم و گرووپانە بە گەیشتن بە سەقامگیری و ئاساییکردنەوەى دۆخەکەیان و خۆگونجاندنیان لەگەڵ هەرێمی دەوروبەر لەبری ئەوەی بچنە ناو شەڕەوە. هەروەها ئێران میلیشیاکانی سەر بە خۆی لە عێراق و سوریا بە درێژکراوەی ڕاستەوخۆی خۆی دەبینێت، لە هیچ ململانێیەکدا بەشدارییان پێناکات گەر ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر بەرژەوەندییەکانى نەبێت، تەنیا لە حاڵەتێکدا نەبێت کە ئێران ڕاستەوخۆ بەشدارى شەڕەکە بکات.
- بگەڕێینەوە بۆ حزبوڵڵای لوبنان، پێدەچێت ئەگەری خلیسکانى بۆ ناو شەڕەکە کەمێک زیاتر بێت لەبەر چەند ڕەچاوکردنێک، دیارترینیان دڵنیایی ئەو حزبە لەوەى کە هەر سەرکەوتنێکی ئیسرائیل لە شەڕى غەززە بەو مانایەیە کە ئەو حزبە دەبێتە ئامانجی داهاتووترى ئیسرائیل، جا لە کاتی ئەم شەڕەدا بێت، یان دواتر، هەر بۆیە هەر جۆرە دەستوەردانێکی حزبوڵڵای لوبنان لە شەڕەکە پاڵنەرەکەى بەرژەوەندیی حزب و پاراستنى پێگەکەى دەبێت.
- کەى حزبوڵڵا بەتەواوەتى لە شەڕەکەوە دەگلێت؟
هەندێک لە سەرکردەکانی جەنگ پێیان وایە ئەو هێزەى ئێستا کۆکراوەتەوە پشتگیرییەکى هەمەلایەنەى لێدەکرێت و دەرفەتێکی ناوازەیە بۆ ڕاگەیاندنی شەڕ لە دژی حزبوڵڵا، لە کاتێکدا لایەنى دیکەش هەن وەک وەزیرى بەرگرى ئیسرائیل کە پێی وایە بەرەی باکوور پێویستی بە ئامادەکاری زیاتر هەیە، چونکە حزبوڵڵا "دە هێندە بەهێزترە" لە حەماس.
ئەگەری ئەوە هەیە حزبوڵڵا دوای لەشکرکێشی ئیسرائیل بۆ داگیرکردنی غەززە بڕیاری چوونە ناو ڕووبەڕووبوونەوەکە بدات.

ئێران لە سوریا
ئێران هەوڵ دەدات خۆی لە بۆردوومانی ئیسرائیل لە سوریا بپارێزێت
سوپای پاسدارانی ئێران هەوڵ دەدات ئاسایشی ئۆپەراسیۆنی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی سوریا باشتر بکات، کە پێدەچێت لە چوارچێوەی هەوڵەکانی گواستنەوەی سیستمی سەربازی پێشکەوتوو بۆ سوریا و لوبنان بێت.
ئێران بە شێوەیەکی ئاسایی هەنگاو دەنێت بۆ بەرزکردنەوەی ئاسایشی ئۆپەراسیۆنەکان بەدرێژایی هێڵەکانی پەیوەندییە زەمینیەکانی لە سوریا بۆ پاراستنی بارە سەربازییەکان لە هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل.
ئیسرائیل لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا هێرشی ئاسمانی بۆ سەر فڕۆکەخانە نێودەوڵەتییەکانی دیمەشق و حەلەب دەست پێ کرد، میدیا و بەرپرسانی ئیسرائیل ئاماژەیان بەوە کردووە کە ئامانج لێی پەکخستنی گواستنەوەی سیستمی سەربازیی ئێرانە بۆ سوریا و لوبنان.

سوپای پاسداران بەکارهێنانی مۆبایل لە هێزەکانی لە سوریا قەدەغە دەکات
فەرماندەی سوپای پاسدارانی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی سوریا بەکارهێنانى مۆبایلی لە بارەگای سوپای پاسداران لە شاری دێرزوور قەدەغە کردووە وەک ڕێوشوێنێکی ئەمنی بۆ پاراستنی چەکدارانی بیانی لە هێرشی ئاسمانی.
سوپای پاسدارانی ئێران هەوڵی داوە چالاکییەکانی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی سوریا بشارێتەوە.
ئیسرائیل لە 12 و 14ی تشرینی یەکەم چەندین هێرشی ئاسمانی بۆ سەر فڕۆکەخانە نێودەوڵەتییەکانی دیمەشق و حەلەب دەست پێ کرد و بەو کارەش ڕێگرى کرد لەوەى ئێران لە ڕێگەیانەوە کەرەستە و هێزى سەربازی بگوازێتەوە بۆ شام.
ئێران ئەم فڕۆکەخانانە بە کار دەهێنێت بۆ گواستنەوەى چەک بۆ سوریا، هەروەک چۆن لە شوباتی ٢٠٢٣دا کەرەستەى بەرگری ئاسمانی لەگەڵ باری فریاگوزاری بوومەلەرزەى ڕەوانەی حەلەب کرد.

ئیسرائیل هەوڵی ڕێگری لە گواستنەوەی چەک بۆ حزبوڵڵا دەدات
بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل ئاماژەی بەوەدا کە هێرشە ئاسمانییەکان لە سوریا بەشێکە لە هەوڵەکانی ئیسرائیل بۆ ڕێگریکردن لە گواستنەوەی چەک بۆ سوریا، یان کردنەوەی بەرەیەک لە دژی ئیسرائیل لەوێوە.
میدیاکانی ئیسرائیل لە ١٦ی تشرینی یەکەم ڕاپۆرتیان بڵاو کردەوە لەسەر ئەوەى کە ئیسرائیل هەوڵێکی چڕی ئێرانی دەستنیشان کردووە بۆ گواستنەوەی چەکی پێشکەوتوو بۆ حزبوڵڵاى لوبنان.

ئێران هێرشەکەی حەماس بە خۆگەرمکردن بۆ هێرشەکانی داهاتوو ناودەبات
فەرماندە باڵاکانی سوپای پاسدارانی ئێران پێیان وایە ئۆپەراسیۆنی گەردەلولى ئەقسا کە لەلایەن حەماسەوە ئەنجام دەدەرێت وەک پێشەکییەک وایە بۆ هێرشەکانی داهاتوو بۆ سەر ئیسرائیل.
محەممەد عەلی جەعفەری فەرماندەی پێشووی سوپای پاسداران لە چاوپێکەوتنێکیدا لە 15ی تشرینی یەکەم هێرشەکەی بە "خۆ گەرمکردن" و وەک جۆرێک لە ئامادەکاری و مەشقکردن وەسفکرد بۆ ئۆپەراسیۆنەکانی داهاتوو دژ بە ئیسرائیل[1].

ئێران بەنیازە سوریا وەک بەرەی دووەمى شەڕ دژی ئیسرائیل بە کار بهێنێت
ئیسماعیل قائانى فەرماندەی سوپای پاسداران لە سەردانەکەیدا بۆ سوریا لە ١٥ی تشرینی یەکەم هۆشداری دایە بەشار ئەسەد سەرۆک کۆماری سوریا کە ئێران بەنیازە سوریا وەک بەرەی دووەمى شەڕ بە کار بهێنێت ئەگەر شەڕی ئیسرائیل و حەماس لە ڕووی جوگرافیاوە فراوانتر بێت.
بەرپرسێکی هەواڵگری ئێرانی ڕایگەیاند، کە ئێران لە بەرزاییەکانی جۆلانەوە ئۆپەراسیۆنێکی زەمینی "سنووردار" دەست پێ دەکات ئەگەر دۆخەکە پەرەبستێنێت.

ئێران لە تۆڵەسەندنەوەی ئەمەریکا لە هێزەکانی لە سوریا دەترسێت
بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ، هێزەکانى سەر بە ئێران لە سوریا لە 19ی تشرینی یەکەمدا تەقەمەنی و کەلوپەلەکانیان گواستووەتەوە بۆ ناوچەکانى نیشتەجێبوون لە شاری دێرزوور لە ترسی تۆڵەسەندنەوەى هێزەکانی ئەمەریکا.

حوسییەکان هەڕەشە لە ئیسرائیل دەکەن
سەرۆک وەزیرانی حوسییەکان لە ٢٢ی تشرینی یەکەم ڕایگەیاند کە حوسییەکان کەشتییەکانی ئیسرائیل لە دەریای سوور دەکەنە ئامانج ئەگەر ئیسرائیل بەردەوام بێت لە ئۆپەراسیۆنەکانی لە کەرتی غەززە، ئەم لێدوانەش دوای کۆبوونەوەی حوسییەکان دێت لەگەڵ بەرپرسانی هێزە فەلەستینییەکان لە شاری سەنعای پایتەختی یەمەن لە ٢١ی تشرینی یەکەم[2].

ئێران لە عێراق
میلیشیاکانی ئێران لە عێراق هێرشیان کردە سەر هێزەکانی ئەمەریکا

میلیشیا عێراقییەکانی سەر بە ئێران لە 18ی تشرینی یەکەم هێرشی جیاوازیان کردە سەر هێزەکانی ئەمەریکا لە بنکەی ئاسمانی حەریر و بنکەی ئاسمانی عەین ئەلئەسەد لە عێراق.
تا ئێستا ڕوون نییە کە ئایا ئەو دوو هێرشە بە هەماهەنگی بووە، یان هێزی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران فەرمانی ئەو هێرشانەیان داوە.

میلیشیاکانی لایەنگری ئێران بەرپرسیارێتی هێرشەکان بۆ سەر هێزە ئەمەریکاییەکان لە عێراق ڕاگەیاند
بەرگرى ئیسلامی لە عێراق – ئەم گرووپە چەترێکى میلیشیا عێراقییەکانە کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێن – بەرپرسیارێتی خۆیان لە بەئامانجگرتنی هێزەکانی ئەمەریکا لە بنکەی ئاسمانی عەین ئەسەد، گرتە ئەستۆ فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا (CENTCOM) بڵاوی کردەوە، هێزەکانی ئەمەریکا دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان تێکشکاندووە.
دواجار لە مانگی ئایاری ٢٠٢٢ دا ئەو بنکەیە کرابووە ئامانج.

میلیشیایەکی سەر بە ئێران بنکەی حەریری کردووەتە ئامانج
هێزى (الوارثین) - کە میلیشیایەکی سەر بە ئێرانە - بەرپرسیارێتی خۆی لە کردنە ئامانجی هێزەکانی ئەمەریکای لە بنکەی ئاسمانی حەریر گرتە ئەستۆ کە بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان ئەنجامدرا.

بەرگرى ئیسلامی لە عێراق ژووری ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی لە ئەقسا دامەزراند
بەرگرى ئیسلامی لە عێراق لە 18ی تشرینی یەکەمدا ژووری ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی لە ئەقسا دامەزراند بۆ پشتیوانیکردن لە ئۆپەراسیۆنی گەردەلولى ئەقسا کە لەلایەن حەماسەوە ئەنجام درا.
بەرگرى ئیسلامی لە عێراق پێکدێت لەو میلیشیایانەی کە لە لایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێن وەک عەسائیب ئەهلی حەق، کەتائیبى حزبوڵڵا، رێکخراوى بەدر، جوڵانەوەى نوجەبا، کەتائیبى سەیدولشوهەدا، ئەسحابی هیمەم، کەهف و لیواکانی ئیمام عەلی.

بەرگرى ئیسلامی لە عێراق بەردەوامە لە هێرشەکانی بۆ سەر هێزە ئەمەریکاییەکان
بۆ چوارەمین ڕۆژی لەسەریەک بەرگرى ئیسلامی لە عێراق- هاوپەیمانی میلیشیا عێراقییەکانی سەر بە ئێران- لە ٢١ی تشرینی یەکەم دوو هێرشیان بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کردە سەر پێگەکانی ئەمەریکا لە عێراق.
میلیشیا عێراقییەکان کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێن، هەڕەشەی درێژەدان بە هێرشەکانیان دەکەن بۆ سەر هێزەکانی ئەمەریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
ئەم هێزە بۆ پێنجەم ڕۆژیش لە ٢٢ی تشرینی یەکەم بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشی کردە سەر هێزەکانی ئەمەریکا لە بنکەی ئاسمانی عەین ئەلئەسعەد لە عێراق. ئەم هێرشانە بەشێکن لە هەوڵەکانی سەرکردایەتی ئێران بۆ ڕێگریکردن لە ئەمەریکا لە پشتیوانیکردنى ئیسرائیل[3].

ئێران لەسەر ئاستى ناوخۆ
ئێران: ئیسرائیل بە دەستی خۆی دەروازەکانی دۆزەخ دەکاتەوە

موحسین ڕەزایی ئەندامی ئەنجومەنی دیاریکردنى بەرژەوەندییەکانى ڕژێم و فەرماندەی پێشووی سوپای پاسدارانی ئێران، ڕۆژی ١٨ی تشرینی یەکەم هۆشداری دا کە "گەردەلوولێکی گەورە" بەڕێوەیە و ئاماژەی بە ئەگەری دروستبوونى هێزى ئیسلامى توندڕەو کرد کە هەوڵی چوونە ناو ململانێکە دەدەن لەدژى ئیسرائیل.
بە هەمان شێوە محەممەد باقر قالیباف سەرۆکى پەرلەمان هۆشداری دا لەوەی ئیسرائیل "بە دەستی خۆی دەروازەکانی دۆزەخ دەکاتەوە و هەموو موسڵمانان پڕ دەکات لە توڕەیی"، بەو پێیەی موسڵمانان ئامادەن قوربانی بدەن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئیسرائیل.
محەممەد باقری سەرۆکی ئەرکانی گشتیی هێزە چەکدارەکان، دووپاتی لێدوانەکانی عەلی خامنەیی، ڕابەری باڵای شۆڕشی ئیسلامیی ئێرانى کردەوە و وتی: ئەگەر ئیسرائیل بەردەوام بێت لە "تاوانەکانی جەنگ"، بەرەى بەرگرى پشوودرێژى خۆى لەدەست دەدات.

ئێران هەوڵی خۆشکردنی ئاگری شەڕی ئیسرائیل و حەماس دەدات
میدیا و بەرپرسانی ڕێژمی ئێران لە هەوڵی ئەوەدان زیاتر شەڕی ئێستای نێوان ئیسرائیل و حەماس توند بکەنەوە. میدیاکانی ئێران وێنەی ناخهەژێنى منداڵانی فەلەستینییان بڵاو کردەوە کە بە سەختی برینداربوون، یان کوژراون لە 18ی تشرینی یەکەم.
زۆرێک لە بەرپرسان و دەزگاکانی ئێران بانگەشەی ئەوە دەکەن کە ملیۆنان ئێرانی ئاسایی ئامادەن خۆبەخشانە لە شەڕی دژی ڕژێمی ئیسرائیلدا بەشداری شەڕ بکەن[4].

ئێران هۆشداری دەدات لە چوونی بەرەی بەرگری بۆ ناو ململانێکان
لە 19ی تشرینی یەکەم، محەمەد باقری سەرۆک ئەرکانی گشتی هێزە چەکدارەکان، پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ هاوتا ڕووسی و قەتەرییەکەى ئەنجامدا بۆ گفتوگۆکردن لەسەر شەڕی بەردەوامی ئیسرائیل و حەماس. باقری هۆشداری دا لەوەی کە بەردەوامبوونی کردەوەکانی ئیسرائیل لە کەرتی غەززە دەتوانێت "هێزەکانى دیکە" لەنێویاندا "بەرى بەرگرى" ناچار بکات بەشداری ململانێکە بکەن.
هەروەها باقری داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد کە ڕێوشوێنى پێویست بگرنەبەر بۆ ڕاگرتنی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە و ڕێگە نەدەن بە گواستنەوەی کەرەستەی سەربازی ئەمەریکی لە ڕێگەی وڵاتەکانیانەوە بۆ ئیسرائیل.

ڕەئیسی ڕەخنە لە ئەمەریکا دەگرێت
بەرپرسان و میدیاکانی ئێران لە 19ی تشرینی یەکەم بەردەوام بوون لە تیشک خستنە سەر ڕۆڵی ئەمەریکا لە ئۆپەراسیۆنەکانی ئیسرائیل لە کەرتی غەززە. ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک کۆماری ئێران، ڤیتۆی بڕیارنامەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانی شەرمەزار کرد لە لایەن ئەمەریکا کە داوای ڕاگرتنی هێرشەکانی ئیسرائیلى کردبوو بۆ سەر کەرتی غەززە.
لە پەراوێزى کۆبوونەوەى ڕێکخراوى وڵاتە ئیسلامییەکان لە جەددە، حسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی ئێران لە میانی دیدارەکەی لەگەڵ فەیسەڵ بن فەرحان وەزیری دەرەوەی سعودیە ڕەخنەى لە داواکەى ئەمەریکا گرت بۆ ئارامگرتن لە کاتێکدا کە پشتیوانى لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەى ئیسرائیل دەکات بۆ سەر کەرتى غەززە.

ئێران هەوڵی کۆ کردنەوەی پشتیوانی جەماوەری بۆ دۆزی فەلەستین دەدات
حکومەتى ئێران هەوڵ دەدات پشتیوانی جەماوەری بۆ دۆزی فەلەستین کۆبکاتەوە و ڕەنگە ئێرانییەکان ئامادە بکات بۆ ئەگەری شەڕی ناوچەیی.
بەرپرسانی باڵای ئێران لەوان عەلی فەدەوی سەرۆک و جێگری فەرماندەی سوپای پاسداران، لە 18ی ئۆکتۆبەردا بەشدارییان لە خۆپیشاندانەکانی دژ بە ئیسرائیل کرد لە تاران.
دەسەڵات لە ئێران داوای لە دانیشتوانی تاران کرد لە ٢٠ی تشرینی یەکەم لە دژی کوشتنی ژنان و منداڵانی ئیسرائیل ناڕەزایەتی دەرببڕن. ئاژانسی هەواڵی کۆماری ئیسلامی ئێران (ئیرنا)ی دەوڵەتی ئێران لە ١٨ی ئۆکتۆبەر چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ چەند گەنجێکى ئێرانی بڵاو کردەوە، کە تێیدا پشتیوانی خۆیان بۆ فەلەستینییەکان و خواستی چوونیان بۆ غەززە دەربڕی.
ئاژانسی هەواڵی فارس ١٨ی تشرینى یەکەم ڕایگەیاند، کە ٣.٧ ملیۆن ئێرانی ئامادەیی خۆیان دەربڕیوە بۆ شەڕى ئیسرائیل.

ئێران خۆی وەک پاڵەوانی دۆزی فەلەستین پیشان دەدات
میدیاکانی ئێران چەندین جار لێدوانی سەرکردەکانی فەلەستینیان بڵاوکردەوە کە دەڵێن ئێران "گەورەترین لایەنگری" فەلەستینە.
بەرپرسانی باڵای ئێران لەوانە عەلی خامنەیی، ڕابەری باڵاى شۆڕشی ئیسلامی ئێران، ڕزگارکردنی فەلەستینیان وەک گرنگترین پرسی بەردەم جیهانی ئیسلامی خستۆتە ڕوو[5].

سوپای پاسداران پێشبینی جیهانی دوای ئیسرائیل دەکات
میدیاکانی سەر بە سوپای پاسداران لە ٢١ی تشرینی یەکەمدا بابەتێکیان بڵاوکردەوە کە پێشبینی "جیهانی دوای ئیسرائیل" دەکات، ئەم ڕاپۆرتە لە کاتێکدایە کە گوتاری ڕۆژئاوا و ئیسرائیل لەسەر ئەوە چڕتر بووەتەوە کە چ پێکهاتەیەکی حوکمڕانی لە کەرتی غەززە جێگەى حەماس دەگرێتەوە دواى نەهێشتنى.

هێرشەکەی حەماس بۆ ڕێگری لە پەیوەندییەکانی ئیسرائیل و سعودیە بووە
لە میانی کۆنفرانسێکی ئێرانی سەبارەت بە شەڕی ئیسرائیل و حەماس لە ٢٠ی تشرینی یەکەم، ناسر ئەبو شەریف وتەبێژی جیهادی ئیسلامی فەلەستین ڕایگەیاند، ڕێگرى کردن لە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئیسرائیل و سعودیە پاڵنەری هێرشی حەماس بووە لە ٧ی ئۆکتۆبەر، هەروەها ئاماژەی بەوەش دا کە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئیسرائیل و سعودیە گورزێکی وێرانکەری لە دۆزی فەلەستین دەدا[6].

سوپای پاسداران: ئیسرائیل گرنگی بە بارمتە ئیسرائیلییەکان نادات
میدیاکانی سەر بە سوپای پاسداران هەڵمەتێکى ڕاگەیاندووە تایبەت بەوەى کە ئیسرائیل گرنگی بە بارمتە ئیسرائیلییەکان نادات لە کەرتی غەززە.
ئاژانسی هەواڵی تەسنیم وتەى حەماسی دووبارە بڵاوکردەوە کە دەڵێت حەماس هەوڵی داوە دوو بارمتە ئازاد بکات، بەڵام بەرپرسانی ئیسرائیل ڕەتیانکردەوە[7].  

دیارترین شیکارییەکانی ڕۆژنامە ئێرانییەکان لە بارەی شەڕی فەلەستین
یوسف میری، نووسەری ئێرانی، پێی وایە کە ڕووبەڕووبوونەوەی حەماس و ئیسرائیل زۆر ئاڵۆزە و چەندین وڵات و هێز تێیدا ڕۆڵ دەبینن، کە گرنگترینیان پرۆژەی ڕێڕەوى دەریایی نوێی گەورەیە کە لەلایەن ئەمەریکا، هیندستان و ئەوروپاوە ڕاگەیەنراوە.
ئەو نووسەرە لە وتارەکەیدا ئاماژەی بەوەش کردووە، کە شەڕی غەززە و مانەوەی بەندەری حەیفا بە نائارامی دەتوانێت تەواوی پڕۆژە نوێیەکە بخاتە مەترسییەوە، ئەمەش بەو مانایەیە کە زۆرێک لە وڵاتان بەرژەوەندییان لە داهاتووی ململانێی فەلەستین و ئیسرائیلدا هەیە.
هەروەها ئەو نووسەرە ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە ئیدانەکردنی حەماس لەلایەن هیندستانەوە و وەسفکردنی کردەوەکانی بە تیرۆریستی و پشتگیری کردنى لە ئیسرائیل، لە ڕاستیدا بەهۆی پڕۆژەی ڕێڕەوی نوێ و بەرژەوەندی و وەبەرهێنانەکانی هیندستانە لە بەندەری حەیفا، لە کاتێکدا چین کە پاڵپشتى لە فەلەستینییەکان دەکات، لەبەر ئەوەیە کە دەیەوێت پڕۆژەى ڕێڕەوى ئەمەریکی-هیندی شکست بهێنێت بە تایبەت کە ئەو پرۆژەیە بە ڕکابەری پڕۆژەکەی پشتێن و ڕێگای چین دادەنرێت. ئەو نووسەرە جەختی لەوە کردەوە کە هەرچەندە ئۆپەراسیۆنەکەی حەماس کردەوەیەکی سەربەخۆ بووە و لە ئەنجامی کەڵەکەبوونی ستەم و سەرکوتی ڕژێمی ئیسرائیلەوە هاتووەتە ئاراوە، بەڵام یەکێک لە هۆکارە کاریگەرەکانی دیاریکردنی هەڵوێستی وڵاتان لەسەر ئەم پرسە، ڕێڕەوی نوێی هیند و ئەورووپییە، بە شێوەیەک کە داهاتووی شەڕەکە پەیوەست دەبێت بەم پڕۆژەیەوە[8].


.[1] https://www.criticalthreats.org/analysis/iran-update-october-17-2023
[2] https://www.criticalthreats.org/analysis/iran-update-october-22-2023

[3] https://www.criticalthreats.org/analysis/iran-update-october-22-2023

[4] https://www.criticalthreats.org/analysis/iran-update-october-18-2023
[5]  https://www.criticalthreats.org/analysis/iran-update-october-19-2023
[6] https://www.criticalthreats.org/analysis/iran-update-october-21-2023
[7] https://www.criticalthreats.org/analysis/iran-update-october-22-2023
[8]https://aljadah.media/archives/74498

#ئێران
بینێرە لە ڕێگەی