چۆن لە پەیوەندی نێوان حەماس و ئێران تێبگەین؟

05:38
28/10/2023
بڵاوکراوە

فۆتۆ: تاک

هاوبەشی بکە

نووسینی: مەحموود ئەلبازی
وەرگێڕانی: تاك

 

پێشەكی

زۆرێک لە توێژینەوەکان لە چوارچێوە کلاسیکییەکەدا وەسفی پەیوەندی حەماس و ئێران دەکەن کە لەسەر بنەمای کرێگرتە بە خاوەنەکەیەتی، ئەم پەیوەندییە لەسەر بنەمای پاڵپشتی مادی و سروشتی سەرکردایەتی قوچەکی لە سەرەوەی قوچەکەکە بۆ خوارەوەیە، بەڵام ئەم جۆرە شیکارییە ڕێگرە لە تێگەیشتنی بوونیادی گرووپە چەکدارە ناحکومییەکانی ناوچەکە، کە تاران پاڵپشتیان دەکات، هەروەک ڕێگرە لە تێگەیشتنی نەبوونی مەرکەزیەت و سەربەخۆیی کە لە دەرەوەی سنوورەکان ئێران و هاوپەیمانەکانی بەیەکەوە گرێ دەدات.
پەیوەندی بزووتنەوەی حەماس بە ئێرانەوە پەیوەندییەکی ئاڵۆزە و لەسەر هاوبەشی ستراتیژییە، بە جۆرێک سەربەخۆییەکی ڕێژەیی بۆ حەماس بەرامبەر پاڵپشتیکەرەکەی کە ئێرانە مسۆگەر دەکات، کە بەلای کەمەوە لە دوو جەنگی حەماس دژ بە ئیسرائیل (جەنگی یەکەم لە تشرینی دووەمی 2012 و دووەم لە تەممووزی 2014) بەهۆی هەڵوێستی حەماس لە ڕووداوەکانی سوریا بە ڕوونی دەرکەوت.
حەماس پشتیوانی تەواوی ئێرانی هەیە، بەڵام ئێران وەکو زۆربەی دەوڵەتانی ناوچەکە و جیهان سەراسیمە بوو بە قەبارە، وردی و جێبەجێکردنی ئۆپەراسیۆنی گەردەلوولی ئەقسا، ڕەزامەندە لەو ئەنجامەی حەماس بە دەستی هێنا، دوابەدوای ئۆپەراسیۆنەکەش ئێران لە هەوڵدایە ئاڵۆزییەکان هێور بکاتەوە و ڕێگری بکات لەوەی جەنگەکە ببێتە ململانێیەکی کراوە، ئەمەش لە ڕێگەی نکۆڵیکردن لە بەشداری و پاڵپشتی ئۆپەراسیۆنی گەردەلوولی ئەقسا.

هەڵوێستی فەرمی ئێران

هەڵوێستی ئێران بەرامبەر دۆزی فەلەستین بە گشتیی و گەردەلوولی ئەقسا بە تایبەت جۆرێک لە جێگیری پێوە دیارە، لە نێوان دامودەزگا و کەسایەتییە کاریگەرەکانی ناو سیستمی سیاسیی ئێران هیچ ناکۆکییەک نییە لە پشتیوانی دۆزی فەلەستین، بەرپرسانی ئێران ستایشی ئۆپەراسیۆنی گەردەلوولی ئەقسایان کرد، بەو پێیەی هاتنە دی یەکێک لە پێشبینییەکانی ڕابەری شۆڕشی ئیسلامییە کە زیاتر لە جارێک ئاماژەی بە لەناوچوونی ئیسرائیل داوە، بە سەرنجدان لە پێگەی ئەلیکترۆنی خامنەیی لە ئینتەرنێت، کە وتار و دیدارەکانی تێدایە، دەبینیت لاپەڕەی یەکەم بۆ گەردەلوولی ئەقسا تەرخان کراوە، ئەو وتارەی دووبارە دابەزێنراوەتەوە کە بەر لە چەند ڕۆژێک بە ئامادەبوونی بەرپرسانی ڕژێم و هەندێک باڵیۆزی وڵاتانی بیانی و میوانان لە کۆنگرەی یەکبوونی ئیسلامیی پێشکەشی کرد، خامنەیی بە ڕاشکاوی دەڵێت، ئیسرائیل لەناو دەچێت، لاوانی فەلەستین و بزووتنەوەکەی لە بەرەنگاربوونەوەی داگیرکاری و خۆسەپاندنی لەوپەڕی چالاکیدان.
دوای ڕۆژێک لە ئۆپەراسیۆنی گەردەلوولی ئەقسا، ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک کۆماری ئێران پەیوەندی کرد بە زیاد نەخالە (زیاد النخالة) ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی جیهادی ئیسلامیی و ئیسماعیل هەنیە (إسماعیل هنیة) سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس، ڕەئیسی ستایشی ئۆپەراسیۆنەکەی کرد و وتی سەرکەوتنی ئۆپەراسیۆنەکە کە موجاهیدە فەلەستینییەکان لە زەوییە داگیرکراوەکان جێبەجێیان کرد، بەدیهێنانی هیوای گەلی فەلەستین و ئوممەتی ئیسلامییە لە ماوەی حەفتا ساڵدا.
لە پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق، ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی ئێران داوای کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی ڕێکخراوی هاوکاری ئیسلامیی بۆ پاڵپشتی فەلەستین کرد، عەبدوڵڵاهیان ئۆپەراسیۆنەکەی کە گرووپە بەرگریکارەکان ئەنجامیان داوە بە خۆڕسک وەسف کرد، وتیشی ئەوە وەڵامدانەوەیەکی ڕەوای چەند ساڵ کوشتوبڕ، تاوان، بێڕێزی بە پیرۆزییەکان و داگیرکردنی زەوی فەلەستینە لەلایەن ڕژێمی زایۆنیزمی ناڕەواوە.
بە هەمان شێوە سەرکردە سەربازییەکانیش لە چوارچێوەی پاڵپشتی ئۆپەراسیۆنەکەدا لێدوانیان دا و هەڵوێستیان دەربڕی، لیوا باقری فەرماندەی ئەرکانی گشتیی هێزە چەکدارەکان نووسیی، گەردەلوولی ئەقسا دێوەزمەی ڕووخانی دەوڵەتی زایۆنی لای سەرکردەکانی ئەو ڕژێمە کردە واقیع. لیوا حسێن سەلامی فەرماندەی سوپای پاسداران وتی، ئۆپەراسیۆنی گەردەلوولی ئەقسا لەدایکبوونەوەی سەرلەنوێی فەلەستین بوو، ئۆپەراسیۆنەکە ترسی خستە دڵ و ماڵی زایۆنیزمەوە و ئاشکرای کرد هێزەکەیان وەهمە و چیرۆکی داگیرکردن لە کۆتایی نزیک دەبێتەوە. لیوا سەفەوی ڕاوێژکاری باڵای فەرماندەیی گشتیی وتی، ئێمە پشتیوانی گەردەلوولی ئەقسا دەکەین و دڵنیاین بەرەی بەرخۆدان بە هەمان شێوە پشتیوانی ئەم دۆزە دەکات.
عەمید عەلی قەدەوی جێگری فەرماندەی گشتیی سوپای پاسداران وتی، گەردەلوولی ئەقسا هەنگاوێکی مێژوییە حەماس و جیهادی ئیسلامیی ئەنجامیان داوە، دەسەڵاتی درۆینەی قەوارەی زایۆنیزمی لە ناوچەکەدا بە چۆکدا هێنا.
هاوکات ئەندامانی ئەنجومەنی شوورای ئیسلامیی ئێران لە کاتی خستنەڕووی پرۆژەیاسای گەشەپێدانی حەوتەم دروشمی "مەرگ بۆ ئەمەریکا و مەرگ بۆ ئیسرائیل"یان دەوتەوە، زیاتر لە 13 ئەندامی ئەنجومەنەکە لە قسەکانیاندا ئۆپەراسیۆنەکەیان بە مەزن ناو برد و پیرۆزباییان لە فەلەستین و گەلانی ئیسلامیی کرد. زۆرێک لە میانڕەو و ڕیفۆرمخوازەکان پاڵپشتی خۆیان بۆ ئۆپەراسیۆنەکەی حەماس دەربڕی، لەوانەش سەرۆکی پێشووتری ئێران محەممەد خاتەمی کە وتی، گەردەلوولی ئەقسا گەورەترین گۆڕانکارییە لە دوای بەهاری عەرەبی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دەستکەوتێکی مەزنی فەلەستینە. محەممەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی پێشوو وەک ئاماژەیەک بۆ وتەکانی وەزیری جەنگی ئیسرائیل، کە وتبوی ئاو و کارەبا لە غەززە دەبڕین و ئیسرائیل مامەڵە لەگەڵ ئاژەڵی شێوە مرۆڤ دەکات، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسی "لێدوان و کارە نازییەکانی ئیسرائیل ئەو هەست و سۆزە دروست ناکات کە سیستمی تاوانکاری نەدۆڕاوە، بەڵام بنەمایەکی پتەو بۆ تۆمەتبارکردنی تاوانباری جەنگ دیاری دەکات".
ڕۆژنامە و پێگە هەواڵییەکانی ئێران ڕووبەرێکی بەرچاویان بۆ گەردەلوولی ئەقسا و جێکەوتەکانی لەسەر پرۆسەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندیی سعودیە لەگەڵ ئیسرائیل تەرخان کرد، پێگەی (اقتصاد نیوز) نووسیویەتی، ئەندامانی ئیئتیلافی ڕاستڕەوی توندڕەو بە سەرکردایەتی ناتانیاهۆ دوای ئۆپەراسیۆنی گەردەلوولی ئەقسا ناتوانن بیر لە نەرمکێشی بۆ فەلەستینییەکان بکەنەوە، بۆیە دەتوانین بڵێین، ڕێککەوتنی ئاشتی نێوان ڕیاز و تەلئەبیب بووە قوربانی جەنگی حەماس و ئیسرائیل. پێگەی (تەسنیم) نزیک لە سوپای پاسداران دەپرسێت، ئایا ئۆپەراسیۆنی ئەقسا ڕێککەوتنی ئاساییکردنەوەی پەیوەندی سعودیە لەگەڵ زایۆنیزم لە گۆڕ دەنێت؟!
عەلی خامنەیی ڕابەری باڵا، بێ ئەوەی ناویان بهێنێت هۆشداری دا بە دەوڵەتان کە گرەو لەسەر ئەسپی دۆڕاو نەکەن، وەک ئاماژەیەک بۆ ئەو وڵاتانەی لە دانوستاندان بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل، خامنەیی وتیشی، دۆخی ئیسرائیل هانی کەس نادات لێی نزیک ببێتەوە. لە کۆتایی قسەکانیشیدا وتی، ئیسرائیل نزیکە لە لەناوچوون.
لەسەر ئاستی جەماوەریش تارانی پایتەخت بە بۆنەی سەرکەوتنەکانی حەماس ئاهەنگی شەوانەی بە خۆیەوە بینی، یاری ئاگرین تەقێنرا و شیرینی لە شەقامەکان دابەش کرا، لە گۆڕەپانی وەلیعەسر بە خەتێکی گەورە لەسەر لادیوارێک نووسرا، گەردەلوولی ئەقسا، تاوەری ئازادی لە ڕۆژئاوای شارەکە بە ئاڵای فەلەستین ڕووناک کرایەوە و ئاهەنگێکی بەفراوان بەو بۆنەیەوە ساز درا.
بوونی هەندێک دروشم دژ بە دۆزی فەلەستین لێرە و لەوێ، هیچ لەو دیدە بوونیادییە کەم ناکاتەوە کە ناوەندی بڕیاری ئێران بەرامبەر فەلەستین هەیەتی، ئەو دروشمانە بە پلەی یەکەم گوزارشتبوون لە نیگەرانی و ڕەخنەبوون لە دۆخی ئابووری و سیاسەتی دەرەوەی ئێران.

ستراتیژی پاڵپشتیکردنی لامەرکەزییەت ئەگەری دوورکەوتنەوە لە خۆی دەڕەخسێنێت

هەرچەندە گومانی ئەوە دەکرێت کە حەماس سەربەخۆیی هەبێت لە ئێران، ناوەندە ئەکادیمی و ڕاگەیاندنەکان وا وێنای حەماس و گرووپە چەکدارەکان کە ئێران پشتیوانیانە دەکەن، کە بریکاری ئێرانن، هەندێک دەزگای ڕاگەیاندن ئەوە چڕ دەکەنەوە کە بریکار فەرمانبەرێکی بەرژەوەندییەکانی پاڵپشتیکارەکەیەتی و بڕیاری شەڕ و ئاشتی بەدەست پاڵپشتیکارەکەیەتی. لە نموونەی ئەمە هەر دوو جۆزێف لیبەرمان سەرۆکی هاوپەیمانی دژی ناوەکی ئێران و مارک والاس سەرۆکی جێبەجێکاری ڕێکخراوەکە بەیاننامەیەکی هاوبەشیان دەرکرد و داوای هێرشی سەربازیان بۆسەر پێگەکانی سوپای پاسداران لە ناوخۆی ئێران کرد، بەپێی بەیاننامەکە ئەگەر هاوکاری ئێران نەبوایە ڕێکخراوێکی وەکو حەماس ناتوانێت بەو جۆرە هێرش بکاتە سەر ئیسرائیل، لە کۆتایی بەیاننامەکەشدا داوا لە ئەمەریکا، ئیسرائیل و هاوپەیمانەکانی کراوە هێرش بکەنە سەر بارەگاکانی سوپای پاسداران و بنکەی مووشەک و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئێران کە مەشقی هاوبەش بە بریکارەکانی ئێرانی تێدا دەکرێت.
ئەم گشتاندنە ڕووکەشییە بۆ ئەو پەیوەندییانەی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەگەڵ ئەو هێزانەی بە (میحوەری بەرخۆدان) (محور مقاومت) ناو دەبرێن دروستی کردووە، تێگەیشتن لە کاری ئەو گرووپانە و دینامیکی جووڵەیان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زەحمەت دەکات، دەکرێت حەماس وەک هاوبەشێکی ستراتیژی ئێران هەژمار بکرێت، بە جۆرێک کە ئێران ڕێنمایی ناداتە حەماس و فەرمانی بەسەردا ناکات، گڵۆپی سەوزیشی بۆ هەڵناکات (هەروەک ئێستا برەوی پێ دەدرێت)، بەرژەوەندی هاوبەش لە نێوان هەردووکیان هەیە کە هاوکاری، گۆڕینەوەی زانیاری و ئەزموون و تەکنۆلۆژیای سەربازی و ئەلیکترۆنی پێویست دەکات.
هەر دوو توێژەر حەمید ڕەزا عەزیزی و نانسی عیزەدین وای دەبینن کە (میحوەری بەرخۆدان) لە ئێستادا گۆڕاوە لە تۆڕێکی قوچەکی کە لە دەوری ئێران دەخولێتەوە بۆ بوونیادێکی ئاسۆیی لامەرکەزی، کە کار دەکات بۆ ئاسانکاری بڕێکی زۆر لە سەربەخۆیی ئەندامەکانی، ئەو دوو توێژەرە هۆکاری ئەمە دەگێڕنەوە سێ خاڵ: یەکەم؛ بەرفراوانبوونی قەبارەی میحوەری بەرخۆدان و بەهێزی ئەندامەکانی بە شێوەیەکی بەرچاو، ئەمەش وا دەکات بۆ تاران قورس بێت پارێزگاری لە گرووپەکە، پرەنسیپە ئایدۆلۆژییەکانی و کارە سیاسییە لەپێشینەکانی بکات. دووەم؛ ڕێکخستنی مەرکەزی تۆڕەکە پەک دەخرێت بەهۆی تیرۆرکردنی گەورە سەرکردەکانی وەکو قاسم سلێمانی. سێیەم؛ بەشداری لە دەسەڵاتی سیاسیی ئاڵنگارییەکی نوێیە کاتێک ئەو گرووپانە بەشداری دەسەڵات دەکەن، بە نموونە لە لوبنان و عێراق گرووپەکان بوونە بەشێک لە سیستمی سیاسیی گەندەڵ، وا لێیان دەڕوانرێت کە بەشداری ستەمن، هەرچەندە خۆیان پڕوپاگەندەی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی دەکەن.
لە ڕاستیدا هەرچەند ئەو سێ هۆکارە بەشدارە لە ڕاگیرکردنی لامەرکەزی و دوورکەوتنەوە لە شێوازی قوچەکی لە بەڕێوەبردن، بەڵام گۆڕانی ستراتیژی بەرگری پێشکەوتوو و جەنگی نابەرامبەری ئێران هۆکاری سەرەکی بووە بۆ لامەرکەزی، دوای داگیرکردنی عێراق بیرۆکەی لامەرکەزی زیاتر پەرەی گرت، لەگەڵ زیادبوونی ئەگەری جەنگی ڕاستەوخۆ بۆ ڕووخاندنی ڕژێمی ئێران، تاران سیاسەتی پاڵپشتی گرووپەکانی لە ئایدۆلۆژییەوە گۆڕی بۆ پراگماتی، تا بە هۆیەوە جۆرێک لە هاوسەنگی بۆ خۆپاراستن لە هەڕەشەکان و پارێزگاری لە ئایدۆلۆژیای ئایینی دروست بکات، بەمەش هاوپەیمانی نافەرمی پەیدا کردووە، ئێران ستراتیژی هەرێمی خۆی لەسەر بنەمای دوورخستنەوەی هێرشی سەربازی بۆ سەر خاکەکەی و وێرانکردنی کورە ناوەکییەکانی لە ڕێگەی جەختکردنەوە لە دەرکردنی هێزی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و ناتۆ لە ناوچەکە بە تەواوی و بەرەنگاربوونەوەی هاوپەیمانە هەرێمییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و گەمارۆدانی ئیسرائیل لە ناو سنووری خۆی، ئەم ستراتیژە، خامنەیی لە چوارچێوەی ئەوەی پێی دەوترێت قۆناغی دووەمی شۆڕشی ئیسلامیی جەختی لە سەر کردەوە و وتی "ئاڵنگاری ئەمڕۆ بوونی ئێرانە بە بەهێزی لەسەر سنوورەکانی قەوارەی زایۆنی و هەڵوەشاندنەوەی نفوزی نامەشرووعی ئەمەریکایە لە ڕۆژئاوای ئاسیا، پاڵپشتی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە لە موجاهیدانی فەلەستین لە دڵی خاکی داگیرکراودا و پارێزگاری لە حزبوڵڵا و بەرخۆدان لە تەواوی ناوچەکە".
زیاتربوونی سەربەخۆیی خودیی میحوەری بەرخۆدان دەرفەت دەداتە ئێران نکۆڵی لە هەندێک جووڵەی هاوبەشەکانی بکات، هاوکات لە کاتی پێویست داوای پشتیوانیان لێ بکات، هەروەک بینرا لە گەردەلوولی ئەقسا بەهۆی لامەرکەزییەوە خۆی بە دوور گرت لەوەی ڕۆڵی لەو ئۆپەراسیۆنەدا هەبێت، چونکە ئێران دەزانێت هەوڵ هەیە بۆ پەیوەستکردنی ئۆپەراسیۆنەکە وەک پێشەکی و پاساوێک بۆ هێرشی سەربازی ڕاستەوخۆ بۆ سەری، هەمیشە ئەوەی لەیادە کە چۆن عێراق بەهۆی تۆمەتی درۆینەی بوونی چەکی کۆمەڵکوژ داگیر کرا، بۆیە ئێران بە باشی لە لێدوانەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیل تێدەگات کە ئاماژەیان بەوەدا هیچ بەڵگەیەکیان لەبەردەستدا نییە بیسەلمێنێت ئێران بەشداربووە لە هێرشی سەر ئیسرائیل، ئەوان دەیانەوێت ئێران و حزبوڵڵا وەکو هاوپەیمانی ستراتیژی بهێڵنەوە و بێلایەن بن لەم شەڕەدا، دەزانێت گۆڕانی تێڕوانینی ئێران، یان حزبوڵڵا سەبارەت بە غەززە، هەڵمەتێکی دیپلۆماسی گشتی بەرهەم دەهێنێت بۆ قەناعەتپێکردنی ڕایگشتیی جیهانی تا گورزێکی ڕاستەوخۆ لە ئێران بوەشێنرێت، کە بەشدار بووە لە گەردەلوولی ئەقسا.
لەبەر ڕۆشنایی ئەوەی خرایە ڕوو، تاران لە زاری ڕابەری گشتییەوە هەر پەیوەندییەکی بە گەردەلوولی ئەقسا ڕەت کردەوە، بەڵام ستایشی ئۆپەراسیۆنەکەی کرد و دڵخۆشی خۆی بە شکستی سەربازی و هەواڵگری ئیسرائیل ڕاگەیاند. خامنەیی لە وتەیەکدا لە ئاهەنگی دەرچوونی ئەفسەرانی کۆلێژی سەربازی ئێران وتی: لایەنگرانی ڕژێمی زایۆنی لە سێ ڕۆژی ڕابردوو پڕوپاگەندەی ئەوەیان بڵاو کردەوە کە ئێران لەپشت ئۆپەراسیۆنەکەی حەماس بوو، بەڵام ئەوان بەهەڵەداچوون.
ستایشی ئۆپەراسیۆنەکەی حەماس و وێناکردنی وەک نموونەیەکی ڕاستەقینەی بەرخۆدانی ڕەوا دژی ڕژێمێکی تاوانبار، لە کاتێکدایە کە عەلی شەمخانی ڕاوێژکاری سیاسیی ڕابەری گشتیی کە هاوکات ئەمینداری گشتیی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئێرانە لە ئایاری 2023 وتی: حەماس بزووتنەوەیەکی سەربەخۆیە.

هەڵوێستی ئۆپۆزسیۆنی ئێران لە دەرەوە

نیمچە کۆدەنگییەک لە نێوان ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی لە دەرەوە بۆ پاڵپشتی ئیسرائیل لە بەرامبەر حەماس هەیە، ئۆپۆزسیۆنی ئێران لەم پشتیوانییە بێ مەرجە بۆ ئیسرائیل دوو ئامانجی هەیە، یەکەم: دەستەبەرکردنی پاڵپشتی ئیسرائیل لە داهاتوودا لە بەرەنگاربوونەوەی ڕژێمی دەسەڵاتدار لە ئێران. دووەم: وێناکردنی حەماس وەک بریکارێکی ئێران، بە جۆرێک کە گەردەلوولی ئەقسا لەسەر ڕێنمایی سوپای پاسداران ئەنجام دراوە، بەمەش ئۆپۆزسیۆن دەیانەوێت درێژە بە هەوڵەکانی ڕابردوویان بدەن تا وڵاتانی ئەوروپا قەناعەت پێ بکەن سوپای پاسداران بخاتە لیستی تیرۆرەوە.
یەکێک لە کەسە دیارەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئێران، ڕەزا پەهلەوی کوڕی شای پێشووی ئێرانە، ئەو لە نیسانی 2023 سەردانی ئیسرائیلی کرد و چاوی کەوت بە بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسیویەتی "ئەمڕۆ دەوڵەتی جولەکە بۆ جارێکی تر ڕووبەڕووی هێرشی تیرۆریستان بووەوە، کە هەڵگری ئایدۆلۆژیای کوشندەن، پێویستە هێزی شەڕانگێز ڕابگیرێت، ناکرێت نکۆڵی لە ڕۆڵی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ حەماس و جیهادی ئیسلامیی فەلەستین و گرووپە تیرۆریستییەکانی تر بکرێت، ئاهەنگگێڕانی بەرپرسانی ڕژێم لە تاران لەم ڕۆژە خەمناکەدا، بەڵگەیەکی ترە کە ئەوان پەشیمان نین لە پاڵپشتی تیرۆر و توندوتیژی بەرامبەر مەدەنییەکان". مەسیح عەلی نەژاد کە پاڵپشتی دارایی و سیاسیی لە ڕۆژئاواوە وەردەگرێت، سوپای پاسداران بە بوونی لەپشت ئەو هێرشەوە تۆمەتبار دەکات، داواش لە بەریتانیا، یەکێتی ئەوروپا و کەنەدا دەکات، سوپای پاسداران لە ڕیزی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان پۆلێن بکەن.
دەریا سەفایی ئەندامی پەرلەمانی بەلجیکا و بە ڕەگەز ئێرانی، لە یەکێتی ئەوروپا سەرپەرشتی هەڵمەتێک دەکات بۆ بە تیرۆریست ناساندنی سوپای پاسداران، لە هەوڵدایە ئاستەنگ بۆ ئاڵوگۆڕی بەندکراوان لە نێوان بەلجیکا و ئێران دروست بکات، لە لێدوانێکی بۆ تەلەفزیۆنی بەلجیکا وتی: گەردەلوولی ئەقسا جەنگی بریکارە و ڕژێمی ئێران بە باڵە سەربازییەکانی دەیکات لەپێناو سڕینەوەی ئیسرائیل بە تەواوی لەسەر نەخشە وەک خامنەیی بە بەردەوامی باسی دەکات.
بەرپرسانی کۆمەڵە (حزبێکی کوردی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانە) لێدوانی دژبەیەک سەبارەت بە ئۆپەراسیۆنەکە دەدەن، عەبدوڵڵا موهتەدی دەڵێت: گەردەلوولی ئەقسا هێرشێکی تیرۆریستییە و ئێران بە پارە و چەک پشتیوانی حەماس دەکات. بەڵام ئیبراهیم عەلی زادە نووسیویەتی: ڕاستە حەماس دەستپێشخەری کردووە لە شەڕ، کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش دووڕووانە پاڵپشتی لە مافی گەلی فەلەستین دەکات و پشتیوانی حەماس دەکات، ئەمە هیچ لەو ڕاستییە کەم ناکاتەوە کە بەرخۆدانی گەلی فەلەستین دژی ئیسرائیلی تاوانبار و ئایینی ڕەگەزپەرست ڕەوایە.
لەژێر فشاری گرووپە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێران، سویلا برافرمان وەزیری ناوخۆی بەریتانیا جارێکی تر دەستی کردووەتەوە بە هەڵمەتێک و فشارخستنە سەر سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا تا قەناعەتی پێ بکات سوپای پاسداران بخاتە لیستی تیرۆرەوە، ئەمەش بە پشتبەستن بەو پەیوەندییانەی لە نێوان حەماس و سوپای پاسداران هەیە، هەروەک ڕۆژنامەی تایمز ئاماژەی پێ داوە.

پوختە

تاران لە ماوەی چەند ساڵدا تۆڕێکی بەرفراوان و ئاڵۆزی پەیوەندی لەگەڵ گرووپە چەکدارە ناحکومییەکان دروست کردووە، کە لە یەمەنەوە تا عێراق، سوریا، لوبنان و فەلەستین درێژ دەبێتەوە، هەروەک جۆرێک لە سەربەخۆیی داوەتە ئەو گرووپانە، هانی ئەو گرووپانەشی داوە کە هاوکاری یەکتر بکەن، ئەم دوو تایبەتمەندییە تایبەتمەندی دوو سەرەی بە ئێران بەخشیوە، ئەوانیش ڕێگری لە هەڵایسانی جەنگی ڕاستەوخۆ لەگەڵ هێزە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان، هەروەها لە خۆ دوورخستنەوەی کاری ئەو گرووپانە هەر کاتێک پێویست بوو.
لەناو ئەو گرووپانەدا، حەماس زۆرترین سەربەخۆیی هەیە، پەیوەندییەکەی لەگەڵ ئێران سروشتی لامەرکەزی بە خۆوە دەبینێت، ئەم پەیوەندییەش دەچێتە چوارچێوەی ئەوەی پێی دەوترێت "هاوبەشی ستراتیژی"، ئەمەش بەهۆی جیاوازی ئایدۆلۆژی و سروشتی ململانێی بزووتنەوەکە لەگەڵ ئیسرائیل.
لە ناوخۆی ئێرانیش نیمچە کۆدەنگییەک هەیە بۆ پاڵپشتی گەردەلوولی ئەقسا، تاران و حەماس ئەوە ناشارنەوە کە بزووتنەوەکە کۆمەکی مادی و سەربازی لە ئێران وەرگرتووە، بەڵام ئۆپەراسیۆنی گەردەلوولی ئەقسا پلان و جێبەجێکردنی بڕیارێکی تەواو فەلەستینی بوو.
ئۆپۆزسیۆنی ئێران لە دەرەوە هەڵوێستێکی پێچەوانەی هەڵوێستی فەرمی ئێرانی هەیە، ئۆپۆزسیۆن لەپاڵ ئیسرائیل دەوەستێت و حەماس بە تیرۆریست ناوزەد دەکات و دەیەوێت ئەم دەرفەتە بقۆزێتەوە بۆ بەدیهێنانی دەستکەوت لە ململانێی لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئەم دۆسیەیە بەکاردێنێت تا سوپای پاسداران لەلایەن یەکێتی ئەوروپا، کەنەدا و بەریتانیا بخرێتە لیستی تیرۆرەوە.
تاران بە هێرشە سەربازییەکەی حەماس و ئەنجامەکانی سەراسیمە بوو، لە ئەنجامەکەی ڕازی بوو، هەروەک بە پێشەکییەک بۆ "لەناوچوونی ئیسرائیل" ناوی دەبات، تاران لە ئێستادا نایەوێت ململانێکە بەرفراوان بێت، بۆیە تاران لە زاری ڕابەری گشتییەوە هەوڵی دا وا وێنای ئۆپەراسیۆنەکە بکات کە پێشەکییەکە، ئەگەری هەیە بەرفراوان بێت و لایەنی نێودەوڵەتی بێتە ناوی، لەوانە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و ئەمەش بکاتە پاساوێک بۆ هێرشکردنە سەر ئێران، بۆیە خامنەیی هەر زوو بە شێوەیەکی ڕوون و ڕاشکاو پەیوەندی تارانی بە ئۆپەراسیۆنەکەوە ڕەت کردەوە.
سێ قۆناغ هەیە بۆ دەستوەردانی سەربازی و بەشداری ئێران لە ململانێ لەگەڵ ئیسرائیل، تەواوی ئەو قۆناغانە دەوەستێتە سەر بەشداری و دەستوەردانی لایەنی تر لە ململانێکەدا، ئەوانیش:
سیناریۆی یەکەم: هێرشی لەناکاو و بەرفراوانی حەماس کە تێکڕای هاوکێشەکانی بەرگری و ئەفسانەی باڵادەستی ئیسرائیلی بەزاند، حکومەتی ناتانیاهۆی ناچار کرد بیر لە وەڵامی سەربازی بێسنوور و وێرانکەر و بەئامانجگرتنی کەسانی مەدەنی بکاتەوە، ئەمەش پاڵی نا بە حزبوڵڵاوە (بەهێزترین گرووپ و بازنەی پەیوەندی ئەوەی پێی دەوترێت میحوەری بەرخۆدان) کە بە ڕێگەیەکی حیساب بۆ کراو دنەی ئیسرائیل لە سنووری باکوورییەوە بدات، ئەمەش لە ڕێگەی دەرفەتدان بە گرووپە فەلەستینییەکان لە ناوچە داگیرکراوەکانی باشووری لوبنانەوە بپەڕنەوە ناو ئیسرائیل و هەندێک مووشەک ئاڕاستەی ئۆردوگا جولەکەنشینەکان و بنکە سەربازییەکانی ئیسرائیل بکەن، ئەمەش وەکو پەیامێکی حزبوڵڵا بوو، کە ئەگەر ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنی زەمینی بەرفراوان لە غەززە دەست پێ بکات، دەگونجێت ئەویش بەشداری شەڕ بکات.
سیناریۆی دووەم: ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا کەشتیگەلی فڕۆکەهەڵگری (جیرالد فۆرد) بۆ کەناراوەکانی دەریای سپی ناوەڕاست نارد، هاوکاری سەربازی و لۆجستی پێشکەشی ئیسرائیل کرد، لە بەرامبەردا لە چوارچێوەی چەمکی هاوکاری هاوبەش و دابەشکردنی ڕۆڵ لە نێوان ئەو گرووپانەی بە (میحوەری بەرخۆدان) ناو دەبرێن، گرووپە شیعە چەکدارەکانی عێراق پەیوەست بە ئێران و گرووپی ئەنساروڵڵای حوسی لە یەمەن هۆشداری ئاشکرایان دایە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا کە هەر بەشدارییەکی سەربازی، ڕووبەڕووی هەڵمەتی بەرفراوان لە خاکی عێراق، ئاوەکانی کەنداو و دەریای سوور دەکاتەوە، هەر سەربازێکی ئەمەریکی لە ناوچەکە بە ئامانج دەگیرێت.
سیناریۆی سێیەم: تاران دەیەوێت لە هەر ململانێیەکی ڕاستەوخۆ لەسەر خاکی خۆی دوور بکەوێتەوە، لە سەردەمی شەڕی عێراق - ئێرانەوە هەوڵ دەدات ململانێکە بباتە دەرەوەی خاکی جوگرافی خۆی، بۆیە بەئامانجگرتنی ڕاستەوخۆی خاکی ئێران، بنکەی هەڵگرتنی مووشەکی بالیستی و کورە ناوەکییەکانی واتای هەڵایسانی جەنگە لە هەموو بەرەکانەوە، کە پەیوەستن بە ئێرانەوە، بە واتایەکی تر لە ئەگەرێکی وادا ئێران دەکەوێتە هێڵی بەرگرییەوە، ئەو کات بەرەی باشووری لوبنان، عێراق، یەمەن و سوریا دژی هێزەکانی ئەمەریکا چالاک دەبێت، ئەگەر ئەمەریکاش ڕاستەوخۆ بچێتە ناو ململانێکەوە، ئێران بنکە سەربازییەکانی ئەمەریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە ئامانج دەگرێت.

سەرچاوە
ناوەندی جەزیرە بۆ توێژینەوە
https://studies.aljazeera.net/sites/default/files/articles/documents/2023-10/%D8%B7%D9%88%D9%81%D8%A7%D9%86%20%D8%A7%D9%84%D8%A3%D9%82%D8%B5%D9%89%20%20%D9%83%D9%8A%D9%81%20%D9%86%D9%81%D9%87%D9%85%20%D8%A7%D9%84%D8%B9%D9%84%D8%A7%D9%82%D8%A9%20%D8%A8%D9%8A%D9%86%20%D8%AD%D9%85%D8%A7%D8%B3%20%D9%88%D8%A5%D9%8A%D8%B1%D8%A7%D9%86.pdf




#ئیسرائیل #ئێران #سوریا #عێراق #فەڵەستین #وڵاتانی_عەرەبی
بینێرە لە ڕێگەی