تورکیا لە هەفتەیەکدا 21/10 تا 27/10/2023

06:23
30/10/2023
کوردستان مۆنیتەر

فۆتۆ: میدیاکان

هاوبەشی بکە

تاک
تورکیا حەماس بە تیرۆرسیت نازانێت

ڕەجەب تەیب ئەردۆگان سەرۆک کۆماری تورکیا ڕایگەیاند، حەماس گرووپێکی تیرۆریستی نییە، بەڵکو هێزێکی خەباتکارە و لەپێناو ڕزگاری و ئازادیدا تێدەکۆشێت.
ڕۆژی سێ شەممە ٢٣ی تشرینی یەکەم ئەردۆگان لە وتارێکیدا بۆ پەرلەمانتارانی حزبەکەی ئاماژەی بەوەشدا، وڵاتانی ڕۆژئاوا و ئەمەریکا "قەرزاری ئیسرائیلن، لەبەرئەوە دەکرێت ببێت بە ڕێکخراوێکی تاوانکار، بەڵام تورکیا هیچ قەرزاری ئیسرائیل نییە".
ئەم وتانەی ئەردۆگان دوای کۆبوونەوەی وڵاتانی ئەوروپا و ئەمەریکا لەگەڵ ئیسرائیل و دووپاتکردنەوەی ناساندنی حەماس وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی هات. ئەردۆگان گەشتێکی پلانبۆداڕێژراویی بۆ ئیسرائیل هەڵوەشاندووەتەوە و باسی لەوە کردووە، "ئەگەر بەمجۆرە ڕەفتاریان نەکردایە، دەکرا پەیوەندییەکانمان باشتر بوونایە، بەڵام بەداخەوە ئیسرائیلییەکان نیەتی باشی ئێمەیان بە دەرفەت زانیوە بۆ کاری خراپی خۆیان".
ئەردۆگان بە ئاماژەدان بەوەی کە "با ئەم جەنگە نەبێت بە جەنگی خاچ و مانگ" بە ناڕاستەوخۆ داوا لە ئیسرائیل و پشتیوانانی دەکات کارێک نەکەن جەنگەکە زیاتر پەرە بستێنێت و ببێت بە "جەنگی ئیسلام و کافر".[1]

هەدەپ پشتیوانی خۆی بۆ فەلەستین دەردەبڕێت و ڕەخنەی توند لە دەسەڵاتدارانی تورکیا دەگرێت
تولای هاتیم ئۆغوڵاری Tülay Hatimoğulları هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (هەدەپ) ڕایگەیاند، پارتەکەمان جارێکی دیکە پشتیوانی خۆی بۆ گەلی فەلەستین دووپات دەکاتەوە، ئەگەر پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە)ی دەسەڵاتداریش ڕاست دەکات با تەنیا ڕێککەوتنە سەربازییەکانی لەگەڵ ئیسرائیلدا هەڵبوەشێنێتەوە.
هاتیم ئۆغوڵاری ئاماژەی بەوە دا، لە سەردەمی دەسەڵاتداری ئاکەپەدا زۆرترین ڕێککەوتنی بازرگانی و سەربازی لە نێوان تورکیا و ئیسرائیلدا واژۆ کراوە.
هاوسەرۆکی هەدەپە جەختی لەوە کردەوە، ئاکەپە لە بابەتی ئیسرائیل و فەلەستیندا "موسڵمانانی تورکیا دەخەڵەتێنێت". هەربۆیە هاتیم ئۆغوڵاری داوای لە دەسەڵاتدارانی تورکیا کرد، "ئەگەر دەیانەوێت ببنە نموونەی فەراهەمکردنی ئاشتی بۆ جیهان و خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، با سەرەتا کێشەی کورد چارەسەر بکەن".[2]

نەژادپەرستەکان داوای یاسایی لەسەر هەدەپ تۆمار دەکەن
دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەپەرستی تورکیا ڕایگەیاند، لە دادگای دەستووری داوای یاسایی لەسەر پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (هەدەپ) تۆمار دەکات و لە قیامەتیش شکات لە ئەندامانی دادگای دەستووری دەکات.
دوای بەستنی کۆنگرەی چوارەمی یەسەپە و گۆڕینی ناوی پارتەکە بۆ هەدەپ، دەوڵەت باخچەلی لە وتەیەکیدا بۆ پەرلەمانتارانی حزبەکەی ئاماژەی بەوە داوە، بەرپرسانی هەدەپە بەهۆی ترسیان لە داخستنی پارتەکەیان بەناوی یەسەپە-وە بەشداری هەڵبژاردنەکانی ١٤ی ئایاریان کرد، لە ڕاستیدا ئەمە گاڵتەکردنە بە دادپەروەری تورکیا و نەتەوەکەمان.
بەهۆی دانەخستنی هەدەپە-وە دەوڵەت باخچەلی دەڵێت، "لە قیامەتدا شکات لە دادگای دەستووریش دەکەم و یەک بە یەکی مافەکانمانی لێدەسەنمەوە.
باخچەلی لە درێژەی وتەکانیدا جەختی لەوە کردووەتەوە کە، "هەدەپە و هەر پارتێک وەک درێژەپێدەری سیاسەتی ئەو حزبە دامەزرا پێویستە دەستبەجێ دابخرێت و مۆڵەت نەدرێت ڕێکخراوێکی سیاسی جوداخواز و وێرانکەر جارێکی دیکە دابمەزرێتەوە".[3]

تورکیا ١٩ بنکەی پەکەکە دەکاتە ئامانج
ڕۆژی پێنج شەممە ٢٥ی تشرینی یەکەم وەزارەتی بەرگری تورکیا ڕایگەیاند، لە ناوچەکانی مەتینا، گارە، ئاڤاشین، خواکورک و قەندیل ١٩ شوێنی پەکەکە-یان کردووەتە ئامانج.
لە ڕاگەیەنراوەکەدا کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی X بڵاوکراوەتەوە ئاماژە بەوە دراوە، لەو ناوچانەدا ١٩ ئەشکەوت، پەناگە و بارەگای پەکەکە کە پێشبینی دەکرێت بەرپرسی پلەبەرزی تێدا بێت کراونە ئامانج و چەندین "تیرۆریست لەناوبراون".[4]

بەهۆی پڕوپاگەندە بۆ پەکەکە لە ئاهەنگێکدا ٢٣ کەس دەستگیر دەکرێن.
لە قەزای ئۆدونپازاڕ Odunpazarی سەربە پارێزگای ئێسکی شەهیر Eskişehir بەهۆی وتنەوەی گۆرانی بەباڵای پەکەکە/یەپەگە-دا لە دوو ئاهەنگی بووک گواستنەوەدا ٢٣ کەس لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیر کران، کە دوانیان گۆرانیبێژن.
بەگوێرەی هەواڵەکانی میدیای تورکیا ڕۆژانی ٥-٦ی تشرینی دووەم لەکاتی ئاهەنگی بووک گواستنەوەدا لەلایەن دوو گۆرانیبێژەوە لە ٤ گۆرانیدا پێداهەڵدان بە پەکەکە/یەپەگە-دا کراوە، ٢١ کەسی دیکەیش گۆرانییەکەیان وتووەتەوە. هەربۆیە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە ئەو ٢٣ کەسە بە تۆمەتی "پێداهەڵدان و بانگەشە بۆ گرووپی تیرۆریستی چەکدار" دەستگیر کراون. لێکۆڵینەوەکان لەو ٢٣ کەسە دەستی پێ کردووە و ئەگەر تۆمەتەکان بەسەریاندا ساغ ببێتەوە سزای قورس دەدرێن.[5]

ڕێژەی دەنگی ئاکەپە و جەهەپە دابەزیوە، دەنگی نەتەوەپەرستانی تورک و کورد لە هەڵکشاندایە
بەگوێرەی نوێترین ڕاپرسی ناوەندی توێژینەوە کۆمەڵایەتییەکانی یۆنەیلەم Yöneylem Sosyal Araştırmaları Merkezi کە لە ٢٧ پارێزگای تورکیادا ئەنجام دراوە، ڕێژەی پێشبینیکراوی دەنگی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە)ی دەسەڵاتدار و پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە)ی دایکی هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان کەمبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە. لە بەرامبەردا ڕێژەی پێشبینیکراوی دەنگی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەپەرست (مەهەپە)، پارتی باش، پارتی زافەر کە بە سێ پارتی نەتەوەپەرست و نەژادی دادەنرێن، پارتی خۆشگوزەرانی نوێ (یەڕەپە) کە فاتیح ئەربەکانی کوڕی نەجمەدین ئەربەکان سەرۆکایەتی دەکات، پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (هەدەپ)ی کوردەکان بەرزبوونەوەی تۆمار کردووە.
ڕاپرسییەکە لە ٢٧-٢٩ی ئەیلوول بە بەشداری ٢ هەزار و ٣٩٨ کەس لە ڕێگەی پرسیار و وەڵامی ڕووبەڕوو ئەنجام دراوە و بەڕێوەبەری ناوەندەکە دەریا کۆمورجو Derya Kömürcü ئەنجامەکانی لە تەلەفزیۆنی خەڵک Halk TV ڕاگەیاندووە.
بەگوێرەی ئەنجامەکانی ڕاپرسییەکە، ئاکەپە ڕێژەی 31.12٪، جەهەپە ڕیژەی 21.5٪، مەهەپە 11.5٪، پارتی باش 8.1٪، هەدەپ 11٪، یەڕەپە 4.1٪، پارتی زافەر 5.3٪ پارتی کارکەرانی تورکیا 2.7٪، پارتەکانی دیکە 4.6٪ و ڕێژەی 12.8٪ی بەشداربوانیش ئامادە نین بڕۆن بۆ دەنگدان.
ئەم ئەنجامانە لە کاتێکدایە لە هەڵبژاردنەکانی ١٤ی ئایاری ئەمساڵدا ئاکەپە ڕێژەی 35.62٪، جەهەپە ڕیژەی 25.35٪، مەهەپە 10.7٪، پارتی باش 6.69٪، هەدەپ 8.82٪، یەڕەپە 2.80٪، پارتی زافەر 2.23٪ و پارتی کارکەرانی تورکیا 1.76٪ی دەنگەکانیان بەدەست هێنابوو.[6]
ئەم ئەنجامانە پێمان دەڵێن ڕەوتی نەتەوەپەرستی لە تورکیا بە تورک و کوردەکانیشەوە لە بەرزبوونەوەدایە، بۆیە چاوەڕێی پێکدادانی توند لە نێوان لایەنگرانی پارتەکان، بە تایبەت لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا دەکرێت.

تورکیا دیمۆگرافیای ڕۆژئاوای کوردستان دەگۆڕێت
تولای هاتیم ئۆغوڵاری هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (هەدەپ) لە وتارێکیدا بۆ پەرلەمانتارانی پارتەکەی ئاماژەی بەوە داوە، "تورکیا هەوڵدەدات دانیشتوانی ڕەسەنی عەفرەین و ناوچەکانی دیکەی ڕۆژئاوا دەربکات، ئەوانەشی دەرنەچن دەیانکوژێت و پاشان کەسانی نزیک لە خۆی کە خەڵکی ئەو ناوچانە نین جێگیر دەکات".
هاوسەرۆکی هەدەپ باسی لەوە کردووە، "هەر لەبەرئەوەیە تورکیا ٥ ملیۆن ئاوارەی لەخۆ گرتووە، بۆ ئەوەی دواجار ڕەوانەیان بکات بۆ ڕۆژئاوی کوردستان و ناوچەکە لە کورد داگیر بکات".[7]

ئەردۆگان و سەرۆکی هوداپار کۆدەبنەوە
ڕۆژی پێنج شەممە ٢٥ی تشرینی یەکەم ڕەجەب تەیب ئەردۆگان سەرۆک کۆماری تورکیا چاویکەوت بە زەکەریا یاپیجی ئۆغڵو Zekerya Yapıcıoğlu سەرۆکی پارتی بانگەوازی ئازاد (هوداپار).
کۆبوونەوەکە بەڕووی دەزگاکانی ڕاگەیاندندا داخراو بووە و بەگوێرەی زانیارییەکان دوایین پێشهاتەکانی جەنگی ئیسرائیل فەلەستین و ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا لە بەهاری ٢٠٢٤ تەوەری سەرەکی گفتوگۆکان بووە. ڕۆژێک پێشتریش بۆ هەمان مەبەست ئەردۆگان لەگەڵ دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی مەهەپە کۆبووەتەوە.[8]

پەرلەمانتارێکی هوداپار داوای گۆڕینی ماددەیەکی دەستووریی پەیوەست بە زمانی پەروەردە دەکات
سەرکان ڕامانڵی Serkan Ramanlı پەرلەمانتاری باتمانی هوداپار و یاریدەدەری سەرۆکی ئەو حزبە ڕایگەیاند، پێویستە ئەو ماددەیەی باس لەوە دەکات کە زمانی پەروەردە تەنیا تورکییە بگۆڕێت و هەر کەسێک وەک شیری دایک خوێندنیشی بە زمانی دایک پێ حەڵاڵە.
ڕامانڵی لە میانی بەشداریکردنی لە پرۆژەی ناساندنی "بارۆمەتری کوردی Kurdish Barometre" باسی لەوە کردووە، "هەرچەندە چەندین نەتەوە لە تورکیا بوونیان هەیە، بەڵام کورد و تورک پێکهێنەری سەرەکی و زۆرینەی ڕەسەنی وڵاتن، بۆیە پێویستە خوێندن بە زمانی دایک بۆ کوردەکانیش وەک هاووڵاتی تورکیا دەستەبەر بکرێت".[9]

دانیشتنی دووەمی دادگایی ڕووداوی کوشتنی ٥ هاوڵاتییەکەی هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو
ڕۆژی هەینی ٢٠ی تشرینی یەکەم، لە دادگای مێردینی باکووری کوردستان، دووەم دانیشتنی دادگاییكردنی بکوژانی ڕووداوەکەی شارۆچکەی نسێبین بە ئامادەبوونی تۆمەتباران و پارێزەر و نوێنەری خێزانی قوربانییەکان بەڕێوەچوو.
بەهۆی ئاڵۆزی کەیسەکەوە و لەسەر داوای پارێزەری قوربانییەکان دانیشتنەکە بۆ ١٦ی کانووی دووەمی ٢٠٢٤ دواخرا. لەبەرئەوەی پارێزەری ماڵباتی قوربانییەکان پێی وایە، "دەستێک لە پشتی ڕووداوەکەوە هەیە".[10]
حەربی جەلالەدین نوێنەری خێزانی قوربانییەکانیش ڕاگەیاندووە، لە دانیشتنی دادگادا چەند ئاماژەیەک هەبوون كه‌ ئەم تاوانه‌ به‌ ڕێكه‌وت ئه‌نجام نه‌دراوه‌، بەڵکو پلان بۆ داڕێژراو بووه‌. حەربی وتیشی، "گەشبینین کە لە داهاتوویەکی نزیکدا تاوانبارەکان خۆیان ئەو دەست و کەسانە ئاشکرا دەکەن کە  لە پشت ئەم تاوانه‌ بوون".‌[11]
بەرەبەیانی ڕۆژی پێنج شەممە١٩ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٣ لە شارۆچکەی نسێبینی سەر بە پارێزگای مێردینی باکووری کوردستان، پێنچ هاوڵاتی  خەڵکی شاری دهۆک لە ئۆتۆمبێلێکدا لە لایەن چەند کەسێکەوە کوژران. دوای ڕووداوەکە هێزه‌ ئەمنییەکانی تورکیا  پێنچ کەسیان دەستگیر کردووه‌، بەگوێرەی لێکۆڵینەوەکان دوانیان تاوانباری سەرەکی و سێی دیکەشیان هاوکار بوون.

لە یادی سەد ساڵەی دامەزراندنی کۆماردا درۆنی بایراکتار٣ تاقیدەکرێتەوە
ڕۆژی هەینی ٢٧ی تشرینی یەکەم بایراکتار تیبی٣ Bayraktar TB3 کە بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی جەنگی (سیها) Silahlı İnsansız Hava Aracı (SİHA) ناسراوە تاقیکردنەوەیەکی یەک کاتژمێری پێ ئەنجام درا. پرۆسەکە بە سەرپەرشتی  ڕاستەوخۆی سەلچوق بایراکتار Selçuk Bayraktar سەرۆکی دەزگای تەکنەلۆژیی بایکار Baykar Teknoloji Yönetim Kurulu Başkanı بەڕێوەچوو.
لە تاقیکردنەوەکەدا Bayraktar TB3 بۆ ماوەی یەک کاتژمێر لە ئاسماندا تاقیکرایەوە. ئەم چالاکییە لە پارێزگای تەکیرداغ لە خۆرئاوای تورکیا دوو ڕۆژ پێش یادی سەد ساڵەی دامەزراندنی کۆماری تورکیا ئەنجام درا. دوای تاقیکردنەوەی Bayraktar TB3 دەدرێت بە وەزارەتی بەرگری و سەرۆکایەتی ئەرکانی سوپای تورکیا بۆ ئەوەی لە مەیدانی جەنگدا تاقیبکرێتەوە و پاشان بەکاربهێنرێت. دوای ئەوەی Bayraktar TB3 دەخرێتە مەیدانەوە، پێشبینی دەکەرێت تورکیا زیاتر تەک بە گەریلای پەکەکە/یەپەگە لە باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان هەڵبچنێت.[12]

نەوتی دۆزراوەی گابار کورتهێنانی بودجە بەڕێژەیەکی بەرچاو کەم دەکاتەوە
مەهمەت شیمشەک Mehmet Şimşek وەزیری دارایی و گەنجینەی تورکیا ڕایگەیاند، بەرهەمهێنانی نەوت لە شاخی گابار لە پارێزگای شرناخ کورتهێنان بەڕێژەیەکی زۆرباش کەم دەکاتەوە. بەگوێرەی داتاکانی ناوەندی هاوبەشی کۆمپانیاکانی نەوت لە تورکیا (TPAO) لە ئێستادا بڕی بەرهەمهێنانی نەوت لە گابار گەیشتووەتە ٢٥ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا. لە ڕاگەیەنراوێکی TPAOدا ئاماژە بەوە دراوە، "ئامانجمان ئەوەیە تا کۆتایی ٢٠٢٤ ڕێژەی بەرهەمهێنانی نەوت بۆ ١٠٠ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا بەرز بکەینەوە". وەزیری دارایی و گەنجینەی تورکیاش جەختی لەوە کردووەتەوە، "تاوەکو ساڵی ٢٠٢٦ نەوتی بەرهەمهێنراوی تورکیا ڕیژەی ١٨٪ی پێداویستی ناوخۆی وڵاتەکەمان پڕ دەکاتەوە".[13]

پڕۆتۆکۆڵی ئەندامبوونی سوید لە ناتۆ چاوەڕێی ڕەزامەندی پەرلەمانی تورکیایە
ڕۆژی دووشەممە ٢٣ی تشرینی یەکەم ڕەجەب تەیب ئەردۆگان سەرۆک کۆماری تورکیا واژۆی لەسەر پڕۆتۆکۆڵی ئەندامبوونی سوید لە ڕێکخراوی پەیمانی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ) کرد و ڕەوانەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی ئەو وڵاتە کرا.[14]
ئەگەر داواکارییەکەی سوید ڕەتیش نەکرێتەوە ئەوا پێناچێت بە ئاسانی ڕەزامەندی پەرلەمان بەدەست بێت. شکستی پرۆسەی ئەندامێتی تورکیا لە یەکێتیی ئەوروپا، ڕەتکردنەوەی داواکاری تورکیا بۆ فرۆشتنی فڕۆکەی F16 لەلایەن ئەمەریکاوە پێی، سوتاندنی قورئانی پیرۆز و ڕێگەدان بە سوکایەتی بە موسڵمانان و ئەردۆگان لە سوید و سستی ئەو وڵاتە لە جێبەجیکردنی داواکارییەکانی تورکیا دەربارەی "بە تیرۆریست ناساندنی پەکەکە، ڕێگری لە چالاکییەکانی و قەدەغەکردنی دابینکردنی سەرچاوەی دارایی و ڕادەستکردنی لیستی داواکراوانی تورکیا"، گرنگتری ئەو ئاڵنگارییانەن لەبەردەم ڕەزامەندی پەرلەمانی تورکیا لەسەر ئەندامبوونی سوید لە ڕێکخراوی ناتۆ.

سێیەمین کۆڕبەندی هاریکاری هەرێمیی باشووری قەوقاز بە بەشداری تورکیا بەڕێوە دەچێت.
ڕۆژی سێ شەممە ٢٣ی تشرینی دووەم، وەزیرانی دەرەوەی تورکیا، ڕوسیا، ئێران، ئازەربایجان و ئەرمینیا لە تاران سێیەمین کۆبوونەوەی "کۆڕبەندی هاریکاری هەرێمیی باشووری قەوقاز Güney Kafkasya Bölgesel İşbirliği Platformu"یان ئەنجام دا.
ئامانجی کۆبوونەوەکە فەراهەمکردنی ئاشتییە لە ناوچەکەدا. هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا لە کۆبوونەوەکەدا ڕایگەیاند، تورکیا پشتیوانی ئاشتی و پێکەوەژیان لە ناوچەکە دەکات و ئاماژەی بەوەش دا بۆ ئەو مەبەستەش ڕێککەوتنێکی پتەو لەنێوان ئازەربایجان و ئەرمینیا واژۆ دەکرێت.[15]
هەر لە پەراوێزی کۆڕبەندەکەدا وەزیرانی دەرەوەی تورکیا و ئازەربایجان و ئەرمینیا کۆبوونەوەیەکی سێقۆڵیان ئەنجام دا. وەزیری دەرەوەی ئازەربایجانیش ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئەرمینیا دەربڕی و جەختی لەوە کردەوە، "نابێت دەرفەتی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەدەست بدرێت".[16]
کۆڕبەندی هاریکاری هەرێمیی باشووری قەوقاز لەلایەن ئیلهام عەلیێڤ سەرۆک کۆماری ئازەربایجان پێشنیار کراوە و یەکەم کۆبوونەوەی ساڵی ٢٠٢١ لە مۆسکۆ ئەنجام درا، بەڵام گورجستان بەهۆی ڕوسیاوە لە کۆبوونەوەکاندا بەشداری ناکات. بڕیارە کۆبوونەوەی چوارەمی کۆڕبەندەکە ساڵی ئایندە لە تورکیا ئەنجام بدرێت.



[1] https://www.youtube.com/watch?v=LzXwc2_1B78
[2] https://medyascope.tv/2023/10/24/hedep-tbmmde-ilk-grup-toplantisini-yapti-tulay-hatimogllari-kurt-sorununu-cozeceksiniz-ki-bolgenin-diger-halklari-sizi-ciddiye-alabilsin/
[3] https://t24.com.tr/haber/bahceli-ittifak-olarak-yeni-turk-mucizesine-imza-atacagiz,1134873
[4] https://x.com/tcsavunma/status/1717258918127079649?s=20
[5] https://www.ozgurpolitika.com/haberi-kurtun-dugununden-de-rahatsizlar-182686
[6] https://www.youtube.com/watch?v=Ix-RGKQRUcU
[7] https://www.youtube.com/watch?v=p9LXolXn3AU
[8] https://dogruhaber.com.tr/mobil/haber/975425-cumhurbaskani-erdogan-huda-par-genel-baskani-yapicioglu-ile-gorustu/
[9] https://kuzey24.com/huda-par-genel-baskan-yardimcisi-serkan-ramanli-turkler-ve-kurtler-asli-koruyucu-unsurdurlar/?amp=1
[10] https://www.kurdistan24.net/ckb/story/245158
[11] https://www.kurdistan24.net/ckb/story/245136
[12] https://www.hurriyet.com.tr/ekonomi/bayraktar-tb3-ilk-ucusunu-gerceklestirdi-selcuk-bayraktar-cumhuriyetimizin-100-yilina-armagan-olsun-42352420
[13] https://kuzey24.com/bakan-simsekten-gabardaki-petrol-uretimine-dair-aciklama/?amp=1
[14] https://t24.com.tr/haber/isvec-in-nato-ya-katilim-protokolu-tbmm-de,1135701
[15] https://www.youtube.com/watch?v=XRT84TYWFes
[16] https://kuzey24.com/hakan-fidan-tahranda-ermenistan-disisleri-bakani-mirzoyan-ile-gorustu/?amp=1

#تورکیا
بینێرە لە ڕێگەی