ئێران لە هەفتەیەکدا 24/10 تا 30/10/2023

07:50
31/10/2023
کوردستان مۆنیتەر

فۆتۆ: میدیاکان

هاوبەشی بکە

تاک
ئێران و بەرەى بەرگرى
هێرش بۆ سەر هێزەکانی ئەمەریکا

- مقاوەمە ئیسلامی عێراق- هاوپەیمانی هێزە عێراقییەکانی سەر بە ئێران- لە 23ی تشرینی یەکەم هێرشەکانی بۆ سەر هێزەکانی ئەمەریکا لە سوریا فراوانتر کرد، بۆ شەشەمین ڕۆژی لەسەریەک هێرش کرایە سەر هێزەکانی ئەمەریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. مقاوەمە ئیسلامی عێراق لە 18ی تشرینی یەکەم ڕایگەیاندووە 11 هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەکی بۆ سەر هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق و سوریا ئەنجام داوە، ئەم هێرشانە بەشێکن لە هەوڵەکانی ئێران بۆ ڕێگری لە ئەمەریکا لە پشتیوانیکردنی ئیسرائیل.
- مقاوەمە ئیسلامی عێراق ڕایگەیاند، لە ٢٣ی تشرینی یەکەم لە ڕێگەى دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە دوو پێگەى هێزەکانی ئەمەریکایان لە ڕۆژهەڵاتی سوریا کردووەتە ئامانج. پات ڕایدەر وەزیری ڕاگەیاندنی پنتاگۆنی ئەمەریکا پشتڕاستی کردەوە کە هەوڵی هێرشکردن هەبووە بۆ سەر هێزەکانى ئەمەریکا بەڵام هیچ زیانێکى نەگەیاندووە.
- مقاوەمە ئیسلامی عێراق ڕایگەیاند کە لە ٢٣ی تشرینی یەکەم بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشێکی کردۆتە سەر بنکەی سەربازی ئەلمالیکیەى سەر بەهێزەکانی ئەمەریکای لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا. ئەمە یەکەمجارە مقاوەمە ئیسلامی عێراق بانگەشەی ئەوە بکات کە هێزەکانی ئەمەریکای لە ئەلمالیکیە کردۆتە ئامانج، گرووپەکە ئاماژەی بەوەشکردووە کەفڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان "ئامانجەکانیان پێکاوە". پات ڕایدەر وەزیری ڕاگەیاندنی پنتاگۆنی ئەمەریکا هێرشەکەی بۆ سەر مالیکیە پشتڕاست نەکردەوە.

حەماس و حزبوڵڵای لوبنان
پێدەچێت بزووتنەوەی حەماس و حزبوڵڵا هەماهەنگی و ئامادەکاری کۆتایی بکەن بۆ ئەنجامدانى کارێکى نائاسایی پێش لەشکرکێشییەکەى ئیسرائیل بۆ سەر غەززە. حەسەن نەسروڵڵا، سکرتێری گشتی حزبوڵڵا، ساڵح ئەلعروری جێگری سەرۆکی مەکتەبی سیاسی حەماس، و زیاد ئەلنەخەلا سکرتێری گشتی جیهادى ئیسلامى لە 24ی تشرینی یەکەم لە بەیروت کۆبوونەوە بۆ تاوتوێکردنی گرتنەبەرى "رێوشوێنی گونجاو لە قۆناغی گرنگی ئێستادا".

سوپای پاسداران مەشقی بە چەکدارانی حەماس کردووە
ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ لە ٢٥ی تشرینی یەکەم بڵاوی کردەوە کە ئەفسەرانی سوپای قودسی سەر بە سوپای پاسداران لە هەفتەکانی پێش هێرشەکەی ٧ی تشرینی یەکەم مەشقیان بە سەدان چەکداری حەماس کردووە لەناو ئێران.
ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست بە هەمان شێوە لە ٩ی تشرینی یەکەم بڵاوی کردەوە کە ئێران چەک و ڕاهێنانى دابین کردووە بەر لە ئەنجامدانى هێرشەکە[1].

ئێران داوای ئاگربەست دەکات
بەرپرسان و میدیاکانی ئێران داوای ئاگربەست دەکەن و ئەمەریکا، فەرەنسا و بەڕیتانیا تۆمەتبار دەکەن بەوەی کە سوود لە ئەندامێتی هەمیشەیی خۆیان وەردەگرن لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ درێژکردنەوەی ململانێکان.
ئەگەر شەڕەکە بەم دۆخەی ئێستایەوە کۆتایی پێ بهێنرێت لە بەرژەوەندی ئێرانە، چونکە حەماس زیانی بە حکومەتی ئیسرائیل و کۆمەڵگەی ئیسرائیل گەیاندووە و لە بەرامبەردا ئیسرائیل ئامادەکارى دەکات بۆ ئەنجامدانى ئۆپەراسیۆنێکی زەمینی بۆ ناو کەرتی غەززە.

سەرکەوتنی حەماس بە هۆی ئێرانەوە بووە
ئاژانسی هەواڵی تەسنیم سەر بە سوپای پاسداران وتارێکی بڵاو کردووەتەوە و جەختی لەوە کردووەتەوە کە هێرشە مووشەکییەکانی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل وەک ئێستا سەرکەوتوو نەدەبوو ئەگەر پشتیوانی بەرفراوانی ئێران نەبوایە لە ماوەی ساڵانی پێشوودا.

هێرشی هێزە لەبرییەکانی ئێران لە سنووری ئیسرائیل و لوبنان کەمیان کردووە
هێرشە چەکدارییەکانی هێزەکانى سەر بە ئێران لە دەوروبەری سنووری ئیسرائیل و لوبنان لە ٢٦ی تشرینی یەکەم بە شێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە.
حزبوڵڵای لوبنان بۆ یەکەمجار هیچ هێرشێکی بۆ سەر ئامانجە ئیسرائیلییەکان، ئیسرائیل ڕۆژانە هێرشی ئاسمانی بۆ سەر حزبوڵڵا و میلیشیا فەلەستینییەکان ئەنجام دەدات بەدرێژایی سنووری باکووری ئیسرائیل، کە ڕەنگە ئەمەش ڕۆڵى هەبووبێت لە کەمبوونەوەی ڕێژەی هێرشەکانى حزبوڵڵا، بەتایبەت کە لە ٢٥ی تشرینی یەکەم هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل شانە مووشەکییە ڕێنماییکراوەکانی دژە تانکی حزبوڵڵاى کردە ئامانج و هەشت چەکداری  حزبوڵڵاى  کوشت پێش ئەوەی بتوانن مووشەکەکانیان بتەقێنن و ئامانجەکانی ئیسرائیل بپێکن.

حەماس سەردانی مۆسکۆ دەکات
شاندێکی باڵای حەماس گەشتێکی بۆ مۆسکۆ ئەنجام دا و لە ٢٦ی تشرینی یەکەم لەگەڵ بەرپرسانی ڕووسیا و ئێران کۆبووەوە. موسا ئەبو مەرزوق بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی حەماس و ئەندامی مەکتەبی سیاسی حەماس سەرکردایەتی شاندەکەی کرد.
شاندەکە کۆبوونەوەیەکی هاوبەشی لەگەڵ میخائیل بۆگدانۆڤ، جێگری وەزیری دەرەوەی ڕووسیا و نوێنەری تایبەتی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و عەلی باقری جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران ئەنجام دا.
سەرکردەکانی حەماس لە کاتى سەردانەکەدا بەیاننامەیان بڵاوکردەوە و هەڵوێستی ڕووسیایان بەرامبەر بە شەڕی ئیسرائیل و حەماس ستایش کرد.
ڕووسیا خۆی وەک نێوەندگیری نێوان ئیسرائیل و حەماس پیشان دا و داوای ئاگربەستی مرۆیی دەکات.
وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل بانگهێشتی ڕووسیای ئیدانە کرد و ڕایگەیاند، کە کرملین سوود لە شەڕی ئیسرائیل و حەماس وەردەگرێت بۆ کەمکردنەوەی پشتگیری ئەمەریکا و ڕۆژئاوا لە ئۆکرانیا.

حوسییەکان هێرش دەکەنە سەر ئیسرائیل
حوسییەکان کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێن لە ٢٧ی تشرینی یەکەم هێرشێکی بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان ئەنجام دا و باشووری ئیسرائیلیان کردە ئامانج.
ئیسرائیل ڕایگەیاند کە لە ٢٧ی تشرینی یەکەمدا "ڕێگریان کردووە لە ئامانجێکی ئاسمانی نەناسراو لەسەر دەریای سوور".

ئێران لە سوریا
هێزە لەبرییەکانی ئێران لەسەر سنوورەکانی ئیسرائیل جێگیر دەبن

بەگوێرەی ڕاپۆرتی ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ لە 23ی تشرینی یەکەم، سەدان چەکداری بیانی نزیک لە ئێران لە ناوچە سنوورییەکانى سوریا لەگەڵ ئیسرائیل جێگیربوون.
هێزێکى ئەفغانى لە 21ی تشرینی یەکەمەوە لە ناوچە سنوورییەکانی نزیک بەرزاییەکانی جۆلان بە درێژایی سنووری باشووری ڕۆژئاوای سووریا جێگیر بوون.

ئەمەریکا هێزەکانی سەر بە ئێرانی لە سوریا کردە ئامانج
بە مەبەستى بەرگریکردن لە خۆى، ئەمەریکا دوو هێرشی ئاسمانی ئەنجام دا و هێزەکانى نزیک لە سوپای پاسدارانى کردە ئامانج لە وەڵامی ئەو هێرشانەی بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەک کرایە سەر هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق و سوریا،  ئەمەریکا چەک و دامەزراوەیەکی هەڵگرتنی تەقەمەنی لە نزیک ئەلبو کەمال لە سوریا کردە ئامانج.
لۆید ئۆستن وەزیری بەرگری ئەمەریکا لە بەیاننامەیەکدا تیشکی خستە سەر ڕۆڵی ئێران لەو هێرشانەی کە دەکرێتە سەر هێزەکانی ئەمەریکا و بەرپرسێکی بەرگری ئەمەریکا ڕایگەیاند، کە ئەمەریکا ئەو ئامانجانەی هەڵبژاردووە بۆ ئەوەی "پەیامێک بنێرێت" بۆ میلیشیاکان.
دەزگایەکی ناوخۆیی ئۆپۆزسیۆنی سوریا ڕایگەیاند، کە هێرشە ئاسمانییەکە بینایەکی کردووەتە ئامانج کە بەکاردێت بۆ "ئەنجامدانی کۆبوونەوە و وەرگرتنی ئەو کەسانەی لە عێراقەوە دێن، هەمان سەرچاوە باسی لەهیچ زیانێکی گیانی نەکردووە لە هێرشە ئاسمانییەکاندا.[2]
- میلیشیاکانی سەر بە ئێران لە ٢٨ی تشرینی یەکەم مووشەکی مەودای کورتیان گواستەوە بۆ شارۆچکەیەک کە سێ کیلۆمەتر دوورە لە بنکەیەکی ئەمەریکاوە لە پارێزگای دێرزوور[3].

ئێران لە عێراق
هێزە لەبرییەکانی ئێران داوایەکی سوودانی ڕەت دەکەنەوە

ئەلعەرەبی ئەلجەدید کە بنکەکەی لە لەندەنە و لە لایەن قەتەرەوە پشتیوانى دارایی دەکرێت، ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوە لەسەر ئەوەى کە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەگەڵ سەرۆکی هێزى بریکارەکانی سەر بە ئێران لە عێراق کۆبووەتەوە بۆ کەمکردنەوەى توندوتیژی دژ بە هێزەکانى ئەمەریکا لە عێراق.
نوجەبا و کەتیبەکانى حزبوڵڵا، ڕەتیان کردەوە لەگەڵ سوودانی کۆببنەوە و داواکەى سوودانی-ان بۆ کەمکردنەوەی توندوتیژی ڕەتکردەوە.

میلیشیایەکی عێراقی هەڕەشەت هێرشکردنە سەر ئەمەریکا لە کوەیت و ئیمارات دەکات
میلیشیای لیواکانی بەڵێنی ڕاست (لواء وعد الحق) کە عێراقییە و لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێت، لە ٢٤ی تشرینی یەکەم هەڕەشەی هێرشکردنە سەر هێزەکانی ئەمەریکایان کرد لە کوەیت و ئیمارات.
ئەو میلیشیایە پێشتر ڕایگەیاندبوو کە هێرشی بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کردووەتە سەر کۆشکی شاهانەی سعودیە لە مانگی یەکی ٢٠٢١ و دامەزراوە گرنگەکان لە ئەبوزەبی، لە شوباتی ٢٠٢٢[4].

مقاوەمەی ئیسلامی هێرش دەکاتە سەر هێزە ئەمەریکاییەکان
- مقاوەمە ئیسلامی لە عێراق ڕایگەیاند، کە  لە 24 و 25ی تشرینی یەکەم دوو هێرشی کردووەتە شەر هێزەکانی ئەمەریکا لە فڕۆکەخانەی ئەبو حەجەر لە پارێزگای حەسەکە لە سوریا.
هێرشی 24ی تشرینى یەکەم، یەکەم هێرشی مقاوەمە ئیسلامییە لە عێراق لە دژی هێزەکانی ئەمەریکا لە فڕۆکەخانەی ئەبو حەجەر. هێزەکانی ئەمەریکا فڕۆکەخانەی ئەبو حەجەر بە کار دەهێنن بۆ پشتیوانیکردن لە ئۆپەراسیۆنەکانی دژ بە داعش.
- مقاوەمە ئیسلامی لە عێراق ڕایگەیاند، کە سێ هێرشی کردووەتە سەر پێگە سەربازییەکانی ئەمەریکا لە عێراق و سووریا. ئەو گرووپە لە ڕۆژانی 25 و 26ی تشرینی یەکەم بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشی یەکلایەنەیان کردە سەر پێگەکانی ئەمەریکا لە بنکەی ئاسمانی عەین ئەسەد و فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر. هەروەها ئەم گرووپە لە ٢٦ی تشرینی یەکەم هێرشی مووشەکی کردە سەر بنکەیەکی ئەمەریکی لە نزیک حەسەکە لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا.
- مقاوەمە ئیسلامی عێراق لە 27ی تشرینی یەکەم یەک فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئاڕاستەی هێزەکانی ئەمەریکا کرد لە بنکەی ئاسمانی عەین ئەسەد لە عێراق. مقاوەمە ئیسلامی عێراق نزیکەی 10 کاتژمێر دوای هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمەریکا هێرشەکەی ڕاگەیاند.
میدیا ناوخۆییەکانی ئێران دوو هێرشی مووشەکی دیکەیان لە ٢٦-٢٧ی تشرینی یەکەمدا بڵاو کردەوە، کە دامەزراوەکانی ئەمەریکایان لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا کردووەتە ئامانج. ئەمەریکا ئەم هێرشانەی پشتڕاست نەکردەوە.
- مقاوەمە ئیسلامی لە عێراق ڕایگەیاند، کە لە ٢٧ی تشرینی یەکەم هێرشیان کردە سەر بنکەى ئەلتەنف-ى هێزەکانی ئەمەریکا لە ڕۆژهەڵاتی سوریا.
گرووپەکە بانگەشەی ئەوەی کرد کە دوو هێرشیان کردووەتە سەر بنکەکە بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، ئەمە سێهەم هێرشی ئەو گرووپەیە بۆ سەر ئەو بنکەیە لە دوای ١٩ی تشرینی یەکەمەوە.  میدیا ناوخۆییەکان دوو هێرشی دیکەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەکییان بڵاو کردەوە بۆ سەر هێزەکانی ئەمەریکا لە بنکەکانی ڕۆژهەڵات و باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا.

میلیشیا عێراقییەکان پابەندبوونیان بە دژایەتی ئەمەریکا ڕاگەیاند
سەرکردەکانی میلیشیا عێراقییەکان لە ٢٦ی ئۆکتۆبەر پابەندبوونیان بە ئەنجامدانی شەڕێکی درێژخایەن دژی ئەمەریکا دووپات کردەوە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە ئەو هێزانە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا هێرشی زیاتر ئەنجام دەدات.
عەبدولعەلی عەسکەری سەرۆکی کەتائیبی حزبوڵڵا ڕایگەیاند، کە گرووپەکە ئامادەیە بۆ شەڕکردن لەگەڵ ئەمەریکا. قەیس خەزعەلی سەرۆکی عەسائیبى ئەهلی حەق ڕایگەیاند، کە میلیشیا عێراقییەکان هێرش دەکەنە سەر ئەمەریکا بەهۆی پشتگیریکردنی لە ئیسرائیل.

ئێران لەسەر ئاستى ناوخۆ
ئێران هەوڵی ڕاگرتنی ئۆپەراسیۆنی زەمینی ئیسرائیل بۆ غەززە دەدات

بەرپرسان و میدیاکانی ئێران بەردەوامن لە هەوڵەکانیان بۆ ڕاگرتنی ئۆپەراسیۆنی زەمینی ئیسرائیل بۆ ناو کەرتی غەززە لە هەمان کاتدا هەوڵ دەدەن لەسەر ئاستى ناوخۆیی بەرەى بەرگرى دڵنیا بکەنەوە،کە ئۆپەراسیۆنێکی لەو شێوەیە شکست دەهێنێت.
ئاژانسی هەواڵی تەسنیم، سەر بە سوپای پاسداران، باسی لەو "ئاڵنگارییە بەرچاوانە" کرد، کە ئیسرائیل ڕووبەڕووی دەبێتەوە لە کاتى ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێکی زەمینی بۆ ناو کەرتی غەززە، هەروەها تیشکی خستە سەر تواناکانی دژە تانکی حەماس.
میدیای دەوڵەتی ئێران باس لەوە دەکات کە ڕاوێژکارە باڵاکانی بنیامین ناتانیاهۆ، ئاگاداریان کردووەتەوە کە ئۆپەراسیۆنە زەمینیەکانی ئیسرائیل بۆ ناو کەرتى غەززە ڕووبەڕووى چەندین ئاڵنگارى دەبێتەوە، لەوانە کەمبوونەوەی پشتیوانی گشتی، لاوازبوونی پەیوەندییەکان لەگەڵ جیهانی عەرەبی، ژمارەی زۆری کوژراوانی سەرباز و ئەگەری فراوانبوونی جوگرافیای ململانێکان.

سوپای پاسداران: ئیسرائیل تووشی شکستێکی "شەرمەزارکەر" دەبێت
فەریق عەلی فەدەوی فەرماندەى سوپاى پاسداران لە میانی چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی فارس-ی سەر بە سوپای پاسداران، هۆشداریدا لەوەی ئیسرائیل تووشی شکستێکی "شەرمەزارکەر" دەبێت لەسەر دەستی هێزى بەرگرى فەلەستین ئەگەر بچێتە ناو کەرتی غەززە.
میدیاکانی ئیسرائیل ڕایانگەیاندووە کە فەدەوی هۆشداری داوە کە ئێران "ئەگەر پێویست بکات" هێرشی مووشەکی بۆ سەر حەیفا ئەنجام دەدات، بەڵام میدیای دەوڵەتی ئێران ئەم بەشەى لێدوانەکانی فەدەوییان بڵاو نەکردووەتەوە و هەڕەشەی ڕاستەوخۆی ئێرانیان لە ئیسرائیل لابردووە.
بەپێی زانیارییەکان ئێران هەوڵدەدات خۆی لە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئیسرائیل بەدوور بگرێت و پێدەچێت تەنیا پشتیوانی ماددی و دارایی پێشکەش بە بریکارەکانی بکات، نەک ڕاستەوخۆ بەشداری شەڕی ئیسرائیل و حەماس بکات.

عەبدوڵڵاهیان هەوڵی بەدەستهێنانی پشتیوانی بۆ ئیسرائیل دەدات
حسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەى ئێران بەردەوامە لە هەماهەنگی سیاسی لەگەڵ سەرکردەی هێزە فەلەستینییەکان. عەبدوڵڵاهیان لە ٢٢ی تشرینی یەکەم پەیوەندی تەلەفۆنی جیای لەگەڵ ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسی حەماس و زیاد ئەلنەخەڵا، سکرتێری گشتیی جیهادى ئیسلامى ئەنجام دا.
عەبدوڵڵاهیان باسی لە هەوڵەکانی ئێران کرد بۆ پشتیوانی لە فەلەستین و ڕاگرتنی تاوانەکانی ئیسرائیل لە کەرتی غەززە، کە هاوتەریبە لەگەڵ قسەی فەرمیی پێشووی ئێران لە 13ی تشرینی یەکەمەوە.

ئێران: ئیسرائیل بە هێرش بۆ سەر غەززە خۆکوژی سیاسی ئەنجام دەدات
فەریق محەممەد ڕەزا ئاشتیانی وەزیری بەرگری و لۆجستی هێزە چەکدارەکانی ئێران لە ٢٣ی تشرینی یەکەم لەگەڵ لیوا عەلی مەحموود عەباس، هاوتا سورییەکەی سەبارەت بە هێرشەکانی ٢٢ی ئۆکتۆبەری ئیسرائیل بۆ سەر فڕۆکەخانە نێودەوڵەتییەکانی دیمەشق و حەلەب گفتوگۆیان کرد.
ئاشتیانی ئاماژەی بەوە داوە کە ئیسرائیل هەوڵدەدات پەیامێک بنێرێت کە توانای گەیاندنی وەڵامی سەربازی جددی هەیە لە هەموو بەرەکاندا بۆ پەردەپۆشکردنی ئەو دۆخەى کە تێیدایە، ئاشتیانی هەروەها ئاماژەی بەوە داوە کە ئیسرائیل بە ئەنجامدانی هێرش بۆ سەر کەرتی غەززە خۆکوژی سیاسی ئەنجام دەدات[5].

ئێران: ئیسرائیل هەوڵی هەڵگیرساندنی جەنگێکی ڕاستەوخۆ دەدات دژی ئێران
ماڵپەڕی فەرمی عەلی خامنەیی، ڕابەری باڵاى ئێران، ئیسرائیلی تۆمەتبار کرد بەوەی کە هەوڵی هەڵگیرساندنی "جەنگێکی ڕاستەوخۆ دەدات دژی ئێران بە پشتیوانی ئەمەریکا".
ناسر کەنعانی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوە لە ٢٤ی تشرینی یەکەم ڕایگەیاند کە ئێران هەوڵدەدات بۆ پاراستنی "سەقامگیری و ئاسایش"ی ناوچەیی سەرەڕای هەوڵە شەڕاگێزییەکانى ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی.
ئاژانسی هەواڵی فارس کە سەر بە سوپای پاسدارانە لە ٢٤ی تشرینی یەکەم ئاماژەی بەوە دا کە هێرشەکانی بەرەى بەرگرى بۆ سەر بنکەکانی ئەمەریکا لە عێراق و سوریا تەنها بۆ ڕێگریکردنە لە بەشداریکردنی زیاتری ئەمەریکا لە شەڕى ئیسرائیل-حەماس.
نۆ بەرپرسی ئێران لە ٢٤ی تشرینی یەکەم بە کەناڵی (ئەلعەرەبی ئەلجەدید)یان ڕاگەیاندووە کە ئێران تەنیا پشتگیری سنووردارى هێزەکانى نزیک لە خۆى دەکات بۆ سەر ئیسرائیل و پێگەکانی ئەمەریکا لە ناوچەکە، بەڵام هەوڵی ئەوە نادات بەرەیەکی شەڕى نوێی گەورە بکاتەوە.[6]
ئێران هەڵمەتێکى ڕاگەیاندنى دەستپێکردووە مەبەستى نیشاندانى ئەمەریکا و ئیسرائیل وەک دوو لایەنى تۆمەتبار بە تایبەتی لە ئەگەری پەرەسەندنی زیاتری شەڕەکەدا.

میدیاکانی ئێران: کابینەی جەنگی ئیسرائیل و بەرپرسانی باڵای سەربازی ئیسرائیل ناکۆکن
میدیاکانی ئێران بەدوادا چوون بۆ ئەو زانیارییانە دەکەن کە باس لە دووبەرەکی نێوان بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل و جەنەڕاڵە سەربازییەکان لە لایەک و ئیسرائیل و ئەمەریکا لە لایەکى دیکەوە دەکەن بۆ تیشک خستنە سەر لاوازی ناتانیاهۆ و ئیسرائیل.
ئاژانسی فەرمى ئێرنا لە ٢٣ی تشرینی یەکەم ڕاپۆرتەکانی ئیسرائیلی سەبارەت بە "ناکۆکییەکانی" نێوان ناتانیاهۆ و ئیسرائیل بڵاوکردەوە سەبارەت بە "نەتوانینی بڕیاردان"ی ئیسرائیل لەسەر ئەنجامدانى ئۆپەراسیۆنێکی زەمینی بۆ ناو کەرتی غەززە، ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە کابینەی جەنگی ئیسرائیل و بەرپرسانی باڵای سەربازی ئیسرائیل ناکۆکن لەسەر کات و مەودای ئەنجامدانى ئۆپەراسیۆنێکی زەمینی.

ئەمەریکا گومانی هەیە لە ئامادەبوونی ئیسرائیل بۆ هێڕشکردنە سەر غەززە
ئاژانسی فەرمى ئیرنا لە ٢٤ی تشرینی یەکەم بەئاماژە دان بە ڕاپۆرتەکانی ئیسرائیل و ئەمەریکا، بڵاوی کردەوە کە هەندێک لە بەرپرسانی ئەمەریکا گومانیان هەیە لە ئامادەیی ئیسرائیل بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێکی زەمینی بۆ ناو کەرتی غەززە.
جەختکردنەوەی ڕژێم لەسەر ناتەبایی نێوان ئیسرائیل و ئەمەریکا جیاوازە لەگەڵ جەختکردنەوە لەسەر یەکگرتوویی موسڵمانان لە دژی ئیسرائیل.
تاران لە ڕووی مێژووییەوە و بە تایبەتی لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕەوە لە ٧ی تشرینی یەکەم، هەوڵی داوە وڵاتانی موسڵمان لە دژی ئیسرائیل کۆبکاتەوە و خۆی وەک پاڵەوانی دۆزی فەلەستین نمایش بکات.

ئێران داواکاری ئەمەریکا ڕەت دەکاتەوە
کاربەدەستان و میدیاکانی ئێران داواکانی ئەمەریکا بۆ نیشاندانی خۆگرتنی ئێران و بەرەى بەرگرى لە شەڕی حەماس و ئیسرائیل ڕەتدەکەنەوە.
ئیدارەی بایدن لە دوای ٧ی تشرینی یەکەمەوە لانی کەم دوو پەیامی بۆ ئێران ناردووە و خواستی خۆی بۆ دوورکەوتنەوە لە شەڕی ناوچەیی دەربڕیوە و داوای لە ئێران کردووە خۆی بگرێت و داوا لە بریکارەکانى بکات کە هەمان کار بکەن، هەروەها جۆ بایدن سەرۆکی ئەمەریکا لە 25ی تشرینی یەکەم هۆشداریی ڕاستەوخۆی ئاڕاستەی عەلی خامنەیی ڕابەری کۆماری ئیسلامی ئێران کرد و ڕایگەیاند، کە ئەمەریکا وەڵامی بەردەوامی هێرشەکانی سەر هێزەکانی ئەمەریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەداتەوە[7].

ئێران: بەرەی بەرگری ئامادەی وەڵامدانەوەیە
ئێران و بەرەى بەرگرى بەردەوامن لە ئاماژەدان بە ئامادەیی و توانای خۆیان بۆ پەرەپێدانى جەنگ لە دژی ئەمەریکا و ئیسرائیل لە چەندین بەرەوە.
حسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی ئێران لە چاوپێکەوتنێکدا لە ٢٧ی تشرینی یەکەم ڕایگەیاند، کە هێزەکانى بەرەى بەرگرى لە فەلەستین و لوبنان پلانیان هەیە کە بەهێزتر لەوەی کە ئەمەریکا شایەتحاڵی بووە، دەرکەون.
ناوبراو لە ١٤ی تشرینی یەکەم هۆشداری دا لەوەی کە بەرەى بەرگرى ئامادەیە ئەگەر ئیسرائیل بەردەوام بێت لە هێرشکردنە سەر کەرتی غەززە و وەڵامی دەداتەوە.
هەروەها لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵی بلومبێرگ، حسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی ئێران لە 27ی تشرینی یەکەم هۆشداری دا کە بەردەوامبوونی پشتیوانی ئەمەریکا بۆ ئیسرائیل دەبێتە هۆی "کردنەوەی بەرەی نوێ لە دژی ئەمەریکا"،میدیای دەوڵەتی ئێران بە توندی مانشێتی "بەرەی نوێ دژی ئەمەریکا"یان لە ڕووماڵکردنی چاوپێکەوتنەکەی عەبدوڵڵاهیاندا بڵاو کردەوە.

سوپای پاسداران هۆشدراری دەداتە ئەمەریکا
ڕەمەزان شەریف وتەبێژی سوپای پاسداران لە ٢٨ی تشرینی یەکەم و لە میانی چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئەلمەیادین کە سەر بە حزبوڵڵایە، هۆشداری دا لە هێرشی زیاتر بۆ سەر پێگەکانی ئەمەریکا لە ناوچەکە.
شەریف هۆشداری دا لەوەی ئەوانەی ناتوانن بگەنە ئیسرائیل [لە شەڕدا] لەوانەیە بتوانن بگەنە ئەو هێزانەی ئەمەریکا کە ئەم شەڕە بەڕێوە دەبەن، هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد کە ئێران چاودێری بنکەکانی ئەمەریکا لە ناوچەکە و گواستنەوەی مووشەک دەکات بۆ ئیسرائیل.
پێدەچێت چاوپێکەوتنەکەی شەریف بەشێک بێت لە هەوڵەکانی ئێران بۆ ڕاگرتنی ئەمەریکا لە پشتگیریکردنی سەربازی زیاتر بۆ ئیسرائیل. هەروەها پێدەچێت شەریف هەوڵیدابێت کە بەرەى بەرگرى دڵنیا بکاتەوە لەوەى کە ئێران پشتگیریان دەکات.

سوپای ئێران مانۆڕی ساڵانەی ئەنجام دا
سوپاى فەرمى ئێران لە ٢٧-٢٨ی تشرینی یەکەم لە نزیک ئەسفەهان مانۆڕی ساڵانەی خۆی ئەنجام دا. ساڵانە لە هەمان کاتدا سوپاى فەرمى ئێران ئەم مانۆڕە ئەنجام دەدات.
بەرپرسانی باڵای هێزە چەکدارەکان هەڵسەنگاندنیان بۆ تواناى مووشەک، فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، شەڕی زرێپۆش، شەڕی ئەلیکترۆنی، گواستنەوە بە کۆپتەر و توانای ئەندازیاری سوپایان کرد.
هەروەها سوپاى فەرمى لەو مانۆڕەدا پەردەی لەسەر زنجیرەیەک بەرهەمهێنراوى سەربازى نوێ لادا.
عەبدولڕەحیم موسەوی فەرماندەی گشتى سوپا و کیومەرس حەیدەری فەرماندەی هێزى پیادەى سوپاى فەرمى بە هەمان شێوە ڕایانگەیاند، کە سوپاى فەرمى بە تەواوی ئامادەیە بۆ بەرگریکردن لە سنوورەکانی ئێران و وەڵامدانەوەی هەر هەڕەشەیەک[8].

سەرچاوەکان
[1]https://www.criticalthreats.org/analysis/iran-update-october-25-2023
[2]https://www.criticalthreats.org/analysis/iran-update-october-27-2023
[3] https://www.criticalthreats.org/analysis/iran-update-october-28-2023
[4]https://www.criticalthreats.org/analysis/iran-update-october-24-2023
[5]https://www.criticalthreats.org/analysis/iran-update-october-23-2023
[6]https://www.criticalthreats.org/analysis/iran-update-october-24-2023
[7]https://www.understandingwar.org/backgrounder/iran-update-october-26-2023
[8] https://www.criticalthreats.org/analysis/iran-update-october-28-2023

#ئێران
بینێرە لە ڕێگەی