تورکیا لە هەفتەیەکدا 28/10 تا 3/11/2023

09:24
05/11/2023
کوردستان مۆنیتەر

فۆتۆ: میدیاکان

هاوبەشی بکە

تاک
عێراق دەیەوێت کۆتایی بە دۆسیەی گرووپە دژبەرەکانی تورکیا بهێنیت

ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق قاسم ئەعرەجی ڕایگەیاند، عێراق دەیەوێت ڕێککەوتنێکی هاوشێوەی ڕێککەوتنە ئەمنییەکەی نێوان عێراق و ئێران لەگەڵ تورکیا بکات و کۆتایی بە دۆسیەی گرووپە چەکدارە دژبەرکانی تورکیا لەنێو خاکەکەی بهێنێت.
ڕۆژی یەکشەممە ٢٩ی تشرینی یەکەم قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق بە سەردانێک گەیشتە سلێمانی و لەسەر مەزاری مام جەلال تاڵەبانی، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەدا، بەمەبەستی بەدواداچوون بۆ پێشهاتە نوێییەکانی ڕێککەوتنی ئەمنی عێراق و ئێران سەردانی سلێمانی کردووە.
هەروەها سەبارەت بە ڕێککەوتنێکی هەمانشێوە لەگەڵ تورکیا ئەعرەجی وتی، "عێراق دەیەوێت کۆتایی بەو دۆسیە گرنگ و هەستیارە لەگەڵ تورکیا بهێنێت. تورکیا وڵاتێکی دراوسێی گەورەیە، هاوشێوەی ئێران؛ بۆیە عێراق دەیەوێت ڕێگە لە هەر گرووپێکی چەکداری بگرێت و ڕێگری لە هەر کردەوەیەکی چەکداری بکات لە خاکەکەیەوە بکرێت. ئێستا هەوڵەکان لای سەرجەم لایەنەکان دەدرێن بۆ گەیشتن بە لێکتێگەیشتنێک بۆ کۆتاییهێنان بەم دۆسیەیە بەتەواوەتی".[1]

بۆ ڕێگری لە ڕێپێوانی پشتیوانی لە زمانی کوردی لە پێنج پارێزگا قەدەغەی خۆپیشاندان ڕاگەیەنرا
دوای بانگەشەی بزووتنەوەی زمانی کوردی (هێزکورد) Hareketa Zmana Kürdü (Hez-Kürt) لە ساڵیادی ڕاگەیاندنی کۆماری تورکیا لە ٢٩ی تشرینی یەکەم بۆ ئەنجامدانی ڕێپێوانی فراوان لە ئیستەنبوڵەوە بۆ ئەنقەرە لە پێناو ڕاکێشانی سەرنجی هاووڵاتییان و بەرپرسان بۆ جێگیرکردنی وانەی زمانی کوردی وەک وانەیەکی ناچاری لە مەنهەجی پەروەردە و لابردنی قەدەغە و ڕێگرییەکانی سەر بەکارهێنانی زمانی کوردی، پارێزگاری ئیستەنبوڵ و ئەنقەرە و  ٣ پارێزگای دیکەی نێوان ئەو دوو شارە بڕیاری قەدەغەکردنی خۆپیشاندانیان بۆ ماوەی ١ هەفتە ڕاگەیاند.[2]
ڕۆژی ٢٧ی تشرینی یەکەم سوبحی ئۆزگەن Subhi Özgen سەرۆکی هێزکورد لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ڕایگەیاند، ڕۆژی ٢٩ی مانگ لە ساڵیادی ڕاگەیاندنی کۆماری تورکیادا ڕێپێوانێک لە ئیستەنبوڵەوە بۆ ئەنقەرە ساز دەکەن. ئەمەش بە ئامانجی ڕاکێشانی سەرنجی هاووڵاتییان و بەرپرسان بۆ جێگیرکردنی وانەی زمانی کوردی وەک وانەیەکی ناچاری لە مەنهەجی پەروەردەدا. بەڵام ڕۆژێک دواتر پارێزگاری ئیستەنبوڵ بە بەهانەی "پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی و سەلامەتی گیانی هاووڵاتییان هەر خۆپیشاندان و ڕێپێوانێک لە ڕۆژی ٢٩ی تشرینی یەکەم قەدەغە کرا". هەرچەندە هێزکورد بڕیاریان دا ڕێپێوانەکە لە ٣٠ی مانگدا ئەنجام بدەن، بەڵام ئەمجارە هەم پارێزگاری ئیستەنبوڵ و هەم قائیمقامی قەزای ناوەندی بەیئۆغڵو Beyoğlu لە ئیستەنبوڵ بڕیاری قەدەغەی هەر جۆرە چالاکییەکیان لە ٣٠ تشرینی یەکەمدا دەرکرد.
هەرچەندە سوبحی ئۆزگەن هەوڵی دەدا بە ئۆتۆمبێل لە ئیستەنبوڵەوە بڕواتە پارێزگایەکی دیکە و پاشان بە پێ بڕوات، بەڵام دوای ئەو بڕیارەش پارێزگاری هەریەک لە شارەکانی کۆجائێلی، سەکاریا، بۆڵو و ئەنقەرە بڕیاری قەدەغەکردنی ڕێپێوان و خۆپیشاندانیان بۆ ماوەی هەفتەیەک ڕاگەیاند. بەمجۆرە چالاکییەکەی هێز کورد لە ئیستەنبوڵ و ئەنقەرە و ٣ پارێزگای نێوانیان بە بڕیاری قەدەغەکردنی چالاکییەکە پێشوازی لێکرا.
بەهۆی ڕێگرییەکانەوە سوبحی ئۆزگەن سەرۆکی هێزکورد بە ناچاری بە ئۆتۆمبێل لە ئیستەنبوڵەوە گەیشتە ئەنقەرە و لەلایەن عومەر فاروق گەرگەرلی ئۆغڵو Omer Faruk Gergerlşoğlu پەرلەمانتاری هەدەپ پێشوازی لێکرا.
سوبحی ئۆزگەن بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاندووە، "لە یادی سەد ساڵەی کۆماردا دۆخی زمانی کوردی گەڕاوەتەوە بۆ سەرەتاکانی دامەزراندنی کۆمار". ئۆزگەن ڕەخنەی توندی لە پەرلەمانتاران گرتووە و جەختی لەوە کردووەتەوە، "بە تایبەت پەرلەمانتارە کوردەکان هیچ بایەخێکیان بە چالاکییەکەمان نەداوە".[3]  

پەرلەمانتارێکی هەدەپ ستەمی سەد ساڵەی کۆمار بە بیر دێنێتەوە و سەرۆکی پەرلەمانیش سووکایەتی پێ دەکات
سڕی ساکک Sırrı Sakık پەرلەمانتاری پارێزی ئاگری-ی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (هەدەپ) لە یادی سەد ساڵەی دامەزراندنی کۆماری تورکیادا "ستەمی سەد ساڵەی کۆمار"ی بەبیری پەرلەمانتاراندا هێنایەوە، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەپەرست (مەهەپە)  جەلال ئادان Celal Adan کە سەرۆکایەتی ئەو کۆبوونەوەیەی کردووە سووکایەتی زۆری بە سڕی ساکک کردووە.
لە کۆبوونەوەی ٢٩ی تشرینی یەکەمی پەرلەمانی تورکیادا، سڕی ساکک لە ١٠ خوولەکدا ستەمەکانی کۆماری تورکیای بۆ سەر کوردەکان پووخت کردەوە و بەشێکیانی بە کۆمەڵکوژی وێنا کرد. هەر لە وتەکانیدا ناوی ئەو جەنەراڵ و پلەدارانەی سوپای تورکیای بە بیر هەموان هێنایەوە کە دەستیان بە خوێنی کوردەکان سوربووە.
دوای وتەکانی سڕی ساکک ژمارەیەک پەرلەمانتاری پارتە نەتەوەپەرست و فاشیستەکان کەوتنە پێهەڵدان بە کۆمار و ئەو پلەدارە سەربازیانەی تاوانی گەورەیان بەرامبەر کورد ئەنجام داوە و وەک قارەمان ناویان بردن.[4] لە هەمان کاتدا سەرۆکی فراکسیۆنی مەهەپە کە سەرۆکایەتی ئەو کۆبوونەوەیەی کرد، چاوی نوقاند لە ستەمی کۆمار و سوپاکەی لە دامەزراندنییەوە تاوەکو ئێستا و جەنگی ٣٥ ساڵی پەکەکە و سوپای تورکیای بە بیر سڕی ساکک هێنایەوە و پەکەکەی تۆمەتبار کرد بە خیانەت و دەست تێکەڵکردن لەگەڵ دوژمنانی تورک. دوای دروستبوونی گفتوگۆی توند لە نێوان جەلال ئادان و سڕی ساکک، ئادان بیری چووبوو مایکەکەی بکوژێنێتەوە و لەبەر خۆیەوە بە سڕی ساکک-ی وت "گەوادPezevenk ".[5]
لە کاتێکدایە فراکسیۆنی هەدەپە لە پەرلەمانی تورکیا داوای دەستلەکارکێشانەوەی ئادان دەکەن.[6] کەچی دەوڵەت باخچەلی Devlet Bahçeli سەرۆکی فراکسیۆنەکەیانی وەک قارەمانێک وێنای کرد و ڕایگەیاند، بە هەموو جۆرێک پشتیوانی لە جەلال ئادان دەکەن.[7]

هەدەپ و ١٥٠ ڕێکخراو داوای دامەزراندنەوەی کۆمارێکی دیموکرات و ئازادکردنی ئۆجەلان دەکەن
ڕۆژی یەک شەممە ٢٩ی تشرینی یەکەم لە یادی سەد ساڵەی دامەزراندنی کۆماری تورکیا تونجار باکرهان Tıncar Bakırhan و تولای هاتیم ئۆغڵو Tülay Hatimoğlu هاوسەرۆکانی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (هەدەپ) داوای دووبارە بنیاتنانەوەی کۆماری تورکیایان لەسەر بنەماکانی دیموکراتی و مافی مرۆڤ کرد. لە هەمان کاتدا نزیکەی ١٥٠ ڕێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنی و پیشەیی و پارتی و دیموکراتی هەرێمەکان (دەبەپە) Demokratik Bölgeler Partisi (DBP) داوای ئازادکردنی عەبدوڵا ئۆجەلان ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکەیان کرد.
 لە ڕاگەیەنراوە نوسراوەکەی هەدەپ-دا هەر دوو هاوسەرۆک ئاماژەیان بەوە داوە، "لە کاتێکدا کۆماری تورکیا دەڕواتە ناو سەدەی دووەمی تەمەنییەوە، پێویستە دووبارە بنیات بنرێتەوە". هاوسەرۆکانی هەدەپ جەختیان لەوە کردووەتەوە، "بەهۆی تاکڕەوی و پەیڕەویکردن لە سیاسەتی سڕینەوەی ئەوانی دیکە، کێشەی کورد هێشتا نەتوانراوە چارەسەر بکرێت و هەوڵیش بۆ سڕینەوەی ناسنامەی نەتەوەیی و ئایینی و مەزهەبی ئەوانە دەدرێت کە مل بۆ دەسەڵاتی تاکڕەوی و سیستمی بەڕێوەبردنی کۆماری تورکیا نادەن".[8]

حکومەت و ناوەندەکانی توێژینەوە ئاماری جیاواز لەسەر ڕێژەی هەڵاوسان بڵاودەکەنەوە
دەستەی ئاماری تورکیا (تویک) Türkiye İstatistik Kurumu (TÜİK) ڕایگەیاند، ڕێژەی هەڵاوسان لە مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵدا %3.43 بووە، بەڵام دەستەی سەربەخۆی توێژینەوەکانی هەڵاوسان (ئێنگا)Bağımsız araştırma kuruluşu Enflasyon Araştırma Grubu (ENAG) ڕێژەی هەڵاوسانی لە هەمان مانگدا بە %5.9 دیاریکردووە.
دەستەی ئاماری ئەو وڵاتە ئاماژەی بەوە داوە، لە سێ مانگی ڕابردوودا ئەمە یەکەم مانگە ڕێژەی هەڵاوسان خاوبوونەوەی بە خۆیەوە بینیوە.
لەلایەکی دیکەوە  بەگوێرەی ئامارەکانی تویک ڕیژەی هەڵاوسان لە ١٢ مانگی ڕابردوودا %61.36 بووە، ئەمە لە کاتێکدایە ئامارەکانی ئێنگا دوو هێندەی ئامارەکانی تویک. ڕاپۆرتی مانگی تشرینی یەکەمی ئێنگا باس لەوە دەکات ڕێژەی هەڵاوسان لە ماوەی ١٢ مانگی ڕابردوودا %126.18 بووە.[9]
لەلایەکی دیکەوە گایە ئەرکان Gaye Erkan سەرۆکی بانکی ناوەندی تورکیا دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەی ڕاوێژکاری ڕاپۆرتی هەڵاوسان ڕایگەیاند،"پێشبینی بانکی ناوەندی بۆ هەڵاوسان لە ساڵی ٢٠٢٣ لە نێوان ٥٨٪ بۆ ٦٥٪ دەبێت. پێشبینی بۆ ساڵی ٢٠٢٤ لە نێوان ٣٣٪ بۆ ٣٦٪ دەبێت".[10]


[1] https://www.rudaw.net/sorani/kurdistan/291020238
[2] http://mezopotamyaajansi35.com/GUNCEL/content/view/222872?page=2
[3] https://www.voaturkce.com/a/kurtce-icin-yapilan-ilk-yuruyuse-bes-ilde-yasak/7339964.html
[4] https://www.youtube.com/watch?v=tvpKgBMqB3I
[5] https://www.birgun.net/haber/meclis-baskanvekili-celal-adan-hedep-li-sirri-sakik-in-konusmasinin-ardindan-kufur-etti-479026
[6] https://www.youtube.com/watch?v=9P0bRoBN1lA
[7] https://www.youtube.com/watch?v=Lnky7QpMDAI
[8] https://www.voaturkce.com/a/7331858.html
[9] https://www.bbc.com/turkce/articles/cyj14jd1gkwo
[10] https://www.dw.com/tr/tcmb-enflasyon-beklentisini-g%C3%BCncelledi/a-67281491

#تورکیا
بینێرە لە ڕێگەی