ئێران لە هەفتەیەکدا 31/10 تا 6/11/2023

12:45
08/11/2023
کوردستان مۆنیتەر

فۆتۆ: میدیاکان

هاوبەشی بکە

تاک
ئێران لە عێراق
هێرشەکانی مقاوەمەی ئیسلامی بۆ سەر هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق و هەرێم و سوریا

 
- مقاوەمەى ئیسلامى لە عێراق- هاوپەیمانییەکی میلیشیا عێراقییەکانی سەر بە ئێران- لە ٣٠ی تشرینی یەکەم بەرپرسیارێتی خۆی ڕاگەیاند لە دوو هێرشی مووشەکی بۆ سەر هێزەکانی ئەمەریکا جێگیر لە عێراق و سوریا.
لە ١٨ی تشرینی یەکەمەوە مقاوەمەى ئیسلامی لە عێراق بەرپرسیارێتی خۆی لە ٢٦ هێرش بۆ سەر هێزەکانی ئەمەریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕاگەیاندووە، هەروەها مقاوەمەى ئیسلامی لە عێراق لە ٣٠ی تشرینی یەکەم ڕایگەیاند کە هێرشی مووشەکی کردووەتە سەر پێگەیەکى پشتیوانى هێزەکانى ئەمەریکا لە کۆنوکۆ لە سوریا، ئەمەش سێیەم هێرشە کە دەکرێتە سەر ئەو پێگەیە لە لایەن مقاوەمەى ئیسلامی لە عێراق.
بە پێی زانیارییەکانى کەناڵى (شەرقییە نیوز) هێرشەکە لە یەکێک لە گەڕەکەکانی شاری دێرەزوورەوە کراوە کە لەلایەن میلیشیاکانی سەر بە ئێران کۆنترۆڵ کراوە.

- مقاوەمەى ئیسلامی لە عێراق لە 30ی تشرینی یەکەم هێرشی مووشەکی بۆ سەر بنکەی ئاسمانی عەین ئەسەد ئەنجام دا، ئەمە هەشتەمین هێرشە بۆ سەر بنکەی ئاسمانی عەین ئەسعەد کە مقاوەمەى ئیسلامی لە عێراق لە 18ی تشرینی یەکەمەوە بەرپرسیارێتییەکەى ڕادەگەیەنێت.

- هەژمارە ناوخۆییەکانی سۆشیال میدیای سوریا و عێراق بڵاویان کردەوە، چەکدارانی نەناسراو لە 30ی تشرینی یەکەمدا هێرشێکی مووشەکیان بۆ سەر هێزەکانی ئەمەریکا لە کێڵگەی نەوتی ئەلعومەر ئەنجام داوە. چەکدارەکان لەنێوان پێنج بۆ 15 مووشەکیان ئاڕاستەی ئەو پێگەیەى ئەمەریکا کردووە.

- مقاوەمەى ئیسلامی لە عێراق ڕایگەیاند کە لە ٣٠ی تشرینی یەکەم هێرشی کردووەتە سەر هێزەکانی ئەمەریکا لە بنکەی ئاسمانی عەین ئەسەد.

- لە 1ی تشرینی دووەم مقاوەمەى ئیسلامی لە عێراق بەرپرسیارێتی هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانى گرتە ئەستۆ کە هێزەکانی ئەمەریکای کردە ئامانج لە تەنەف لە باشووری ڕۆژهەڵاتی سوریا. مقاوەمەى ئیسلامی لە عێراق لە 18ی تشرینی یەکەمەوە چوار جار هێرشی کردووەتە سەر تەنەف.

- مقاوەمەى ئیسلامی لە عێراق لە ٣ی تشرینی یەکەم ڕایگەیاند، کە دوو هێرشی کردووەتە سەر ئیسرائیل، ئەمە یەکەمجارە گرووپەکە هێرش بکاتە سەر دەرەوەی عێراق و سوریا.
مقاوەمەى ئیسلامی لە عێراق بانگەشەی ئەوەی کرد کە بە چەکی دیارینەکراو هێرش دەکاتە سەر ژێرخانی گرنگی ئیسرائیل لە کەناراوەکانی دەریای مردوو، هەروەها گرووپەکە ڕایگەیاند، لە وەڵامی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر هاووڵاتییانی مەدەنی فەلەستینی، هێرشی کردووەتە سەر شاری ئیلات کە دەڕوانێت بەسەر دەریای سووردا. مقاوەمەى ئیسلامی لە عێراق ڕایگەیاند، هەفتەی داهاتوو قۆناغێکی نوێی ڕووبەڕووبوونەوە دەست پێ دەکات کە توندتر و بەرفراوانتر دەبێت لە سەرانسەری ناوچەکە.

- مقاوەمەى ئیسلامی لە عێراق بەرپرسیارێتی خۆی لە هێرشێک بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان گرتە ئەستۆ کە لە ٣ی ئەم مانگەدا هێزەکانی ئەمەریکای لە عێراق کردە ئامانج، مقاوەمەى ئیسلامی لە عێراق ڕایگەیاند، کە دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێزەکانی ئەمەریکایان لەنزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر لە کوردستانی عێراق کردە ئامانج.
ڕۆیتەرز بە پشتبەستن بە دوو سەرچاوەی ئەمنی ڕایگەیاندووە، کە هێزەکانی ئەمەریکا دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان خستووەتە خوارەوە کە بنکەی هەریریان کردووەتە ئامانج، بەدوورى سی میل لە باکووری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر.

- لە نێوان ٣ بۆ ٤ی تشرینی یەکەم مقاوەمەى ئیسلامی لە عێراق بەرپرسیارێتی خۆی لە سێ هێرش ڕاگەیاند، کە هێزەکانی ئەمەریکایان لە عێراق کردبووە ئامانج، مقاوەمەى ئیسلامی لە عێراق لە لە 18 تشرینی یەکەمەوە، ٣٢ هێرشی کردووەتە سەر هێزەکانی ئەمەریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ناوەندى سەرکردایەتى ئەمەریکا (سێنتکۆم) تا ئێستا هیچ لێدوانێکی لەسەر ئەو هێرشانە نەداوە.

- مقاوەمەى ئیسلامی لە عێراق ڕایگەیاند، کە لە 3ی تشرینی دووەم هێرشی مووشەکی کردووەتە سەر هێزەکانی ئەمەریکای جێگیر لە فڕۆکەخانەی ئەبو حەجەر لە پارێزگای حەسەکە لە سوریا و توانیویانە ئامانجەکەیان بپێکن.

- مقاوەمەى ئیسلامی لە عێراق ڕایگەیاند کە لە 4 تشرینی دووەم بە مووشەک هێرشى کردووەتە سەر هێزەکانی ئەمەریکای جێگیر لە بنکەی شەدادی لە پارێزگای حەسەکە لە سوریا. بەپێی وتەی بەرپرسی دەزگای هەواڵ لە دێرەزوور، گرووپەکە سێ مووشەکی ئاڕاستەی شەدادی کردووە. مقاوەمەى ئیسلامی لە عێراق ڕایگەیاند کە مووشەکەکانیان سەرکەوتوو بوون لە پێکانى ئامانجەکانیان.

- لە 5ی تشرینی دووەم مقاوەمەى ئیسلامی لە عێراق بەرپرسیارێتی هێرشێکى بۆ سەر هێزەکانی ئەمەریکا لە سوریا گرتە ئەستۆ، مقاوەمەى ئیسلامی لە عێراق ڕایگەیاندووە، کە لە ١٨ی ئۆکتۆبەرەوە ٣٣ هێرشی کردووەتە سەر هێزەکانی ئەمەریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

هادی عامری: پێویستە هێزەکانی هاوپەیمانان عێراق جێبێڵن
هادی عامری سکرتێری گشتی ڕێکخراوی بەدری عێراقی کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێت، لە بەیاننامەیەکدا کە لە 30ی تشرینی یەکەم بە میدیا ناوخۆییەکان درابوو، ئاماژەی بەوە دا کە پێویستە هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی عێراق بەجێبهێڵن.
عامری ڕایگەیاند، کە چی تر هیچ پاساوێک بۆ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی نەماوە بۆ هێشتنەوەى هێزەکانیان لە عێراق بۆ پشتیوانیکردن لە ئۆپەراسیۆنەکانی دژە داعش، چونکە هێزە ئەمنییەکانی عێراق لە ساڵی 2015 داعشیان تێکشکاند، هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی کە لە عێراق ئامادەن، گەشەی دامەزراوە ئەمنییەکانی عێراق سنووردار دەکەن.
عامری ئاماژەی بەوە دا کە هێرشی میلیشیا عێراقییەکان کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێن بۆ سەر هێزەکانی ئەمەریکا، "کاردانەوەیەکی سروشتییە" بەرامبەر بە پشتیوانی ئەمەریکا بۆ ئیسرائیل.

میلیشیا عێراقییەکانی سەر بە ئێران هێرشەکانیان بۆ سەر هێزەکانی ئەمەریکا توندتر دەکەن
ئەو میلیشیا عێراقییانەى کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێن، ئاماژە بەوە دەکەن کە ڕەنگە هێرشەکانیان لە دژی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق و سوریا توندتر بکەنەوە.
سێ میلیشیای عێراقی سەر بە ئێران لە 1ی 11ی 2023 بەیاننامەیان بڵاوکردەوە بۆ پەرەپێدانی هێرشەکانیان بۆ سەر پێگە سەربازییەکانی ئەمەریکا.
سەرۆکی جووڵانەوەى نوجەبا ڕایگەیاند، مقاوەمەى ئیسلامی عێراق لەڕووی سەربازییەوە عێراق ئازاد دەکات و ئەوەی دێت گەورەترە، ئەسحابی کەهف وەڵامی جووڵانەوەى نوجەبای دایەوە و ڕایگەیاند، کە ئەسحابی کەهف لە بنکە ئەمەریکییەکان دەدات تا خاکەکەمان ئازاد دەکرێت، یەکەکانى ئەولیاى دەم بەهەمان شێوە ڕایگەیاند، کە ئامادەیە بۆ بەرەنگاربوونەوەی دەستدرێژی لە عێراق و لە گۆڕەپانەکانی دیکەدا.
ئەم سێ گرووپە پێشتر هێرشیان کردووەتە سەر هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق. ئەم گرووپانە سەر بە میلیشیای عێراقی عەسائیب ئەهلی حەق-ن، کە ئەندامە لە مقاوەمەى ئیسلامی لە عێراق و لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێت.

حەشدی شەعبی لە ئامادەباشیدایە
عەبدولعەزیز ئەلمحەممەداوی سەرۆک ئەرکانی هێزەکانی حەشدی شەعبی عێراقى لە 2ی تشرینی دووەم لە میانی کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرکردەکانی دیکەی هێزەکانى حەشدی شەعبی لە بەغدا ڕایگەیاند، هێزەکانى حەشدی شەعبی لە "دۆخی نائاسایی"دان، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئامادەکارییەکان بۆ پەرەسەندنی جەنگ لەگەڵ ئەمەریکا. هەروەها ناوبراو ڕایگەیاند، بارودۆخی ئێستای ناوچەکە هۆشداری لە دروستبوونى شەڕ دەدات و هێزەکانی حەشدی شەعبی دەبێت لە ئامادەباشیدا بن بۆ بەرگریکردن لە سەروەری عێراق.

سوودانی دوو فەرماندەی سەربازی دوور دەخاتەوە
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە یەکی ئەم مانگەدا دوو فەرماندەی سەربازی پیشەیی و بەئەزموونی دوورخستەوە، ئەمەش ئەگەری هەیە بەهۆی فشارەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعە بێت کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێت.
سوودانی، عەبدولوەهاب ساعدی فەرماندەی هێزەکانى بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و ئەحمەد سەلیم بەهجەت فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغداى دوورخستەوە و لە شوێنی ئەوان کەریم عەبود محەممەد و وەلید خەلیفە تەمیمی دانا کە نزیکن لە نوری مالیکی سەرۆکوەزیرانی پێشوەوە.
بەپێی زانیارییەکان دوورخستنەوەکان بەهۆی کاریگەری سیاسییەوە بووە، بەو پێیەى چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکان ترسیان لە دەزگاى دژە تیرۆر هەیە لەبەر ئەوەی لەسەردەمى مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی پێشوو هەڵمەتێکی ئەنجام دا لە دژى هێزەکانى نزیک لە ئێران[1].

حزبوڵڵای عێراق: مقاوەمەی عێراق ئامادەیە بۆ بەشداری لە شەڕی ئیسرائیل
ئەکرەم کەعبی سەرکردەى جووڵانەوەى حزبوڵڵا ڕۆژی 3ی تشرینی دووەم بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر بە وتارەکەی نەسروڵڵا و تێیدا ئاماژەی بەوەدا کە مقاوەمەى عێراق ئامادەیە بۆ بەشداریکردن لە شەڕی ئیسرائیل و حەماس بە هێزى پیادە.
کەعبی ڕایگەیاند، هێزە زەمینییەکانی عێراق دەتوانن شانبەشانی فەلەستینییەکان و لوبنانییەکان ڕووبەڕووی ئیسرائیل ببنەوە، کەعبی هەروەها دووپاتی کردەوە کە شەڕى مقاوەمەى ئیسلامی لە عێراق لەگەڵ هێزەکانی ئەمەریکا شەڕێکە لە سەر بوون و بەبێ ڕزگاری تەواوەتى کۆتایی نایەت.

بلینکن و سوودانی کۆبوونەوە
ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕۆژی 5ی تشرینی دووەم لە بەغدا لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆبووەوە و تاوتوێی هێرشەکانى بۆ سەر هێزەکانی ئەمەریکا کرد.
بلینکن لە دانیشتنەکەدا بەڕوونی وتویەتى کە هێرشکردنە سەر پێگەکانی ئەمەریکا لە عێراق قبووڵکراو نییە و ئەمەریکا لەو بارەوە ئەوەى پێویست بێت ئەنجامى دەدات.

هەڵوێستی حزبوڵڵای عێراقی بەرامبەر سەردانەکەی بلینکن
بەر لە سەردانەکەی بلینکن بۆ عێراق، کەتیبەکانى حزبوڵڵاى عێراقی کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێت، هەڕەشەی زیادکردنی هێرشەکانی کرد دژ بە هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی ئێران و هێزە لە برییەکانى ڕەنگە بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا لە دەرەوەی عێراق و سوریا بکەنە ئامانج.
ئەبو عەلی عەسکەری وتەبێژی کەتیبەکانى حزبوڵڵا لە 4ی تشرینی دووەم ڕایگەیاند، کە کەتیبەکانى حزبوڵڵا کار دەکات بۆ کۆتاییهێنان بە بوونی ئەمەریکا لە عێراق و بەرژەوەندییە ناوچەییەکانی ئەمەریکا لەکاردەخات ئەگەر ئەمەریکا بەردەوام بێت لە پشتیوانیکردنی ئۆپەراسیۆنی زەمینی ئیسرائیل لە غەززە.
ئەگەری ئەوە زیاترە کە ئێران کەتیبەکانى حزبوڵڵا هەڵبژێرێت بۆ ئەوەی بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا بکاتە ئامانج لە سەر ئاستی ناوچەکە لەبەر ئەوەى حوسییەکانى یەمەن بەهۆی هەوڵەکانیان بۆ ئاشتی لەگەڵ سعودیە، کەمتر پێگەکانى ئەمەریکا لە وڵاتانی کەنداوی عەرەبی دەکاتە ئامانج.

ئێران لە لوبنان
قائانى لە بەیرووتەوە چالاکییەکانی بەرەى بەرگرى دژی ئیسرائیل هەماهەنگ دەکات

ڕۆژنامەى ئەمواج میدیا کە بنکەکەی لە بەریتانیایە لە ٣٠ی تشرینی یەکەم بڵاوی کردەوە کە ئیسماعیل قائانى فەرماندەی سوپای قودسی سەر بە سوپای پاسداران لە ناوەندێکی ئۆپەراسیۆنی هاوبەشەوە لە بەیرووت چالاکییەکانی بەرەى بەرگرى دژی ئیسرائیل هەماهەنگ دەکات.
قائانى لە ٢٠ی تشرینی یەکەم گەشتێکی بۆ بەیرووت کردووە و لەو کاتەوە لەوێ بووە و لەگەڵ سەرکردەکانی حزبوڵڵا و فەلەستین کۆبووەتەوە و هەماهەنگی کردووە.
بەپێی ڕاپۆرتەکە، قائانى لە 15ی تشرینی یەکەم سەردانی سوریای کردووە بۆ ئاڕاستەکردنی هێزە لە برییەکان تا ئامادەکاری بکەن بۆ کردنەوەی بەرەی دووەم دژ بە ئیسرائل.

ئێران و بەرەى بەرگرى
- حوسییەکان لە ٣١ی تشرینی یەکەم فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەکی بالیستی و مووشەکی کروزیان ئاڕاستەی ئیسرائیل کرد.
ئیسرائیل بە بەکارهێنانی سیستمی گومەزى ئاسنین ڕێگری کرد لە هێرشى مووشەک و فرۆکە بێفڕۆکەوانەکان.

- بەرپرسێکی سەربازیی ئەمەریکی ڕایگەیاند، کە چەکدارە نەناسراوەکان لە 30ی تشرینی یەکەم لە چوار شوێنی جیاوازەوە هێرشیان کردووەتە سەر سەربازانی ئەمەریکا لە بنکەی ئاسمانی عەین ئەسعەد و بنکەى کۆنوکۆ.

- لە 31ی تشرینی یەکەم حوسییەکان هێرشێکیان کردە سەر باشووری ئیسرائیل، ئەمەش چوارەم هەوڵی هێرشی حوسییەکانە بۆ سەر ئیسرائیل لە دوای دەستپێکردنی شەڕەکەوە.
ئیسرائیل ڕایگەیاند، کە هێرشێکی ئاسمانییان لەسەر دەریای سوور ڕاگرتووە و هیچ مەترسییەک لەسەر هاووڵاتییانی مەدەنی نەبووە و هێرشەکە نەچووەتە ناو خاکی ئیسرائیل. ڕۆژنامەنووسانی ناوخۆیی و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان ڕایانگەیاندووە، کە هێرشەکە بۆ سەر ئیلات بووە لە باشووری ئیسرائیل.

- حوسییەکان لە 31ی تشرینی یەکەم بەرپرسیارێتی خۆیان لە هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان ڕاگەیاند، کە ئیسرائیلی کردە ئامانج.
ئەوە چوارەم هەوڵی هێرشی حوسییەکانە بۆ سەر ئیسرائیل لە دوای دەستپێکردنی جەنگەوە.
حوسییەکان ڕایانگەیاند، کە لە ڕێگەى ژمارەیەکى زۆر لە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە ئیسرائیلیان کردووەتە ئامانج، وتەبێژی حوسییەکان ڕەخنەی لە سعودییە گرت لە ٢ی تشرینی دووەم بەهۆی ڕێگریکردن لە هێرشی حوسییەکان کە ئیسرائیلیان کردبووە ئامانج.
سعودییە و هێزی دەریایی ئەمەریکا ڕێگرییان لە مووشەکەکانی حوسییەکانیان کرد کە لە ١٩ی تشرینی یەکەم ئیسرائیلیان کردبووە ئامانج.

- وتارەکەی حەسەن نەسروڵڵا، سکرتێری گشتیی حزبوڵڵا لە ٣ی تشرینی دووەم پشتگیری لە هەڵمەتە میدیاییەکەى ئێران و بەرەى بەرگرى دەکات کە دەڵێت، کردەوەکانی ئیسرائیل درێژکراوەی سیاسەتی ئەمەریکایە، نەسروڵڵا وتی، ئەمەریکا "بەتەواوی بەرپرسیارە" لە ئۆپەراسیۆنەکانی ئیسرائیل لە کەرتی غەززە، هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد، بۆ ڕێگریکردن لە تێوەگلانی ئەمەریکا لە شەڕەکەدا، دەبێت ئۆپەراسیۆنەکانی ئیسرائیل لە کەرتی غەززە ڕابگیرێت.
نەسروڵڵا هەروەها هەڕەشەی ئەوەشی کرد کە ئەگەر شەڕەکە فراوانتر بێت، ئەمەریکا زۆرترین زیانى بەردەکەوێت.
نەسروڵڵا وتی کە حزبوڵڵا هەوڵدەدات شەڕ لە غەززە ڕابگرێت و سەرکەوتن بۆ حەماس مسۆگەر بکات، ئەوەش لە بەرژەوەندى ناوچەکەیە، هەروەها  نەسروڵڵا پاساوى بۆ ئاستى نزمی پشتیوانی لە حەماس هێنایەوە و وتى کە حزبوڵڵا  توانیویەتى ژمارەیەکی زۆر لە هێزەکانی ئیسرائیل بە سەرکەوتوویی لەسەر سنووری ئیسرائیل و لوبنان جێگیر بکات.
میدیای دەوڵەتی ئێران بە شێوەیەکی بەرفراوان ڕووماڵی وتارەکەی نەسروڵڵایان کرد لە ٣ی تشرینی دووەمدا  و بە پلەی یەکەم سەرنجیان لەسەر هەڕەشەکانی نەسروڵڵا بوو بۆ سەر هێزەکانی ئەمەریکا لە ناوچەکە، هۆشدارییەکان سەبارەت بە فراوانکردنی شەڕەکە بۆ بەرەی نوێ و بانگەشەی ئەوەى کە ئۆپەراسیۆنی گەردەلوولى ئەقسا "لەسەدا سەد" دەستپێشخەرییەکی فەلەستینی بووە.
ئێرانیش هەروەک نەسروڵڵا لە چەند هەفتەی ڕابردوودا ئەمەریکای تۆمەتبار کردووە بەوەی کە ڕاستەوخۆ تێوەگلاوە لە شەڕەکەدا.
ئاژانسی هەواڵی فارس سەر بە سوپای پاسداران، وتارەکەی نەسروڵڵای وەک کردنەوەی بەرەیەکی نوێی لە دژی ئیسرائیل لێکدایەوە کە دەتوانێت زەبری کۆتایی لە سەرباز و حکومەتی ئیسرائیل بدات.
 بەرپرسان و میدیاکانی ئێران لە ٣ی تشرینی دووەم جەختیان لە "ترس"ی ئیسرائیل لە نەسروڵڵا و حزبوڵڵا کردەوە. محەممەد عەلی هاشم وتارخوێنى مزگەوتى تەبرێز وتى، ئیسرائیل لە نەسروڵڵا دەترسێت و ئەمەش جۆرێکە لەسەرکەوتن و جەخت لەسەر گرنگی پێگەى نەسروڵڵا دەکاتەوە لە هاوکێشەکانی ڕۆژئاوای ئاسیا و تەنانەت لە جیهاندا.
پێشبین دەکرێت ئەم وتارەى نەسڕوڵڵا بۆ:
- ڕێگریکردن بێت لە ئیسرائیل تا هەوڵی لەناوبردنی حەماس نەدات لە کەرتی غەززە.
- ڕێگریکردن بێت لە ئەمەریکا لە دابینکردنى پشتیوانی سەربازی بۆ ئۆپەراسیۆنی زەمینی ئیسرائیل لە کەرتی غەززە.

ئێران لە سوریا
- ئاژانسی هەواڵی (عین الفورات) کە بنکەکەی لە سوریایە و دژ بە ئێرانە، ڕاپۆرتێکی بڵاو کردووەتەوە کە وردەکاریی ئەو هێزانە دەردەخات کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێن و بەرپرسیارن لە ئەنجامدانی هێرش بۆ سەر هێزەکانی ئەمەریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە 18ی تشرینی یەکەمەوە.
لە وتارەکەدا هاتووە کە باڵاترین فەرماندەی سوپای پاسداران لە سوریا، حاج عەسکەر-ە، کە هەماهەنگی هەموو هێرشەکانی دژ بە هێزەکانی ئەمەریکا دەکات لە سوریا لەگەڵ فەرماندە ناوخۆییەکانی سوپای پاسداران لە ڕۆژهەڵاتی سوریا لە ڕێگەی ژوورێکی ئۆپەراسیۆنی هاوبەشەوە کە بنکەکەی لە سەیدە زەینەبە لە پارێزگای ڕیف دیمەشق.
(عین الفورات) بڵاوی کردەوە، میلیشیا عێراقییەکانی وەک کەتیبەکانى حزبوڵڵا و عەسائیبی ئەهلی حەق کە بەشێکن لە مقاوەمەى ئیسلامى لە عێراق و لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێن، بەرپرسیارن لە ئەنجامدانی لانیکەم یەکێک لەو هێرشانەى کە بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان تەنەف-یان کردە ئامانج لە ڕۆژهەڵاتی سوریا، هەروەها هاتووە کە (هاشم السطیم) سەرۆکی میلیشیای (العکیدات)ى سەر بە ئێران، هەستاوە بە چەکدارکردن و ئاڕاستەکردنى شانە نوستووەکان لەناوچەکانى ژێر دەسەڵاتى هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) تا هێرش بکەنە سەر هێزەکانی ئەمەریکا لە کێڵگەی نەوتی (العمر)، هەروەها لە وتارەکەدا ئاماژە دراوە بەوەى کە چەکدارەکانى حزبوڵڵاى سوریاى نزیک لە ئێران بە سەرکردایەتى (حسین الرجاء) و (طارق المعیوف) و هێزى (أبناء الجزیرە و الفرات)ى سەر بە ئێران کە لە لایەن (نواف راغب البشیر)ەوە سەرکردایەتى دەکرێت، بە مووشەک هێرشیان کردووەتە سەر هێزەکانى ئەمەریکا لە کۆنوکۆ لە پارێزگاى دێرزوور لە سوریا.

- بە پێی زانیارییەکان لە ٢ی تشرینی دووەم فڕۆکەیەکی ئێرانى سەر بە کۆمپانیاى ماهان ئەیرى سەر بە سوپای پاسداران مووشەکى دژە فڕۆکەی سەر شانى لە تارانەوە گواستەوە بۆ فڕۆکەخانەى حومەیمیمی سەربازى ڕوسیا لە باکووری سوریا.  
میدیا ئیسرائیلییەکان ڕایانگەیاندووە، کە ئەو فڕۆکەیە پێنج تۆن چەکی هەڵگرتووە. بەپێی میدیا ناوخۆییەکانی ئۆپۆزسیۆن، چوار بارهەڵگر باری فڕۆکەکەیان گواستووەتەوە بۆ ناوەڕاست و باشووری سوریا. بە پێی زانیارییەکان ڕوسیا ڕەزامەندی دەربڕیوە کە ئێران فڕۆکەخانەی سەربازی ڕوسیا لە سوریا بەکاربهێنێت بۆ گواستنەوەی چەک.

- بەپێی زانیارییەکان، بەشار ئەسەد سەرۆکی سوریا ڕەزامەندی دەربڕیوە لەسەر ئەوەى هێزەکانى ڤاگنەر لە سوریا سیستمی بەرگری ئاسمانی پانتسیر- ئێس 1ی ڕوسیا دابین بکەن بۆ حزبوڵڵای لوبنانی کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێت.
ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ لە ٢ی تشرینی دووەمدا بڵاوی کردەوە کە هەواڵگری ئەمەریکا ئاماژەی بەوە کردووە کە ڤاگنەر سیستمی بەرگری ئاسمانی ڕووسیا دەداتە حزبوڵڵا.

ئێران لەسەر ئاستى ناوخۆ
پەیوەندیی ئێران و بیلاروس

یەحیا ڕەحیم سەفەوی ڕاوێژکاری کاروباری سەربازی ڕابەری باڵای ئێران و فەرماندەی پێشووی سوپای پاسداران، لە پەراوێزی دەیەمین کۆڕبەندی هاوبەشی ئاسایش و ئاشتی هەمیشەیی لە پەکین لە ٣٠ی تشرینی یەکەم لەگەڵ لیوا ڤیکتۆر خرێنین وەزیری بەرگریی بیلاڕوس کۆبووەوە.
میدیای دەوڵەتی ئێران بڵاوی کردەوە کە ئەو دوو بەرپرسە باسیان لە هاوکارییە سەربازییەکانى نێوان هەر دوو وڵات کردووە.
پێشتر خرێنین لە ٣١ی تەممووز تا ١ی ئاب گەشتێکی بۆ تاران کردبوو بۆ گفتوگۆ لەسەر هاوکارییەکانی پیشەسازی بەرگری و دامەزراندنی پەیوەندییە سەربازییەکانی نێوان بیلاڕوس و ئێران و ئەنجامدانی مانۆڕی هاوبەش.
خرێنین لە میانەی سەردانەکەدا لەگەڵ محەممەد باقری، سەرۆکی ئەرکانی گشتیی هێزە چەکدارەکان و فەریق محەممەد ڕەزا ئاشتیانی وەزیری بەرگری کۆبووەوە. ئەگەر هەیە خرێنین باسی لە دامەزراندنی کارگەی دروستکردنى فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی هێرشبەری کردبێت لە بیلاڕوس بۆ پشتگیریکردن لە داگیرکردنی ئۆکرانیا لەلایەن ڕوسیاوە[2].

ئێران هەوڵی پێکهێنانی بەرەیەک دژی ئیسرائیل دەدات
- حسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ هەماهەنگی سیاسی زیاتر لەگەڵ سەرکردایەتی بزووتنەوەی حەماس سەردانى قەتەرى کرد.
عەبدوڵڵاهیان لە 31ی تشرینی یەکەم لەگەڵ ئیسماعیل هەنیە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی حەماس لە دەوحە کۆبووەوە، ئەمەش دووەمجارە لە دوای 15ی تشرینی یەکەمەوە ئەم بەرپرسانە لەوێ کۆببنەوە.
عەبدوڵڵاهیان هۆشداری دا لەبارەی ئەگەری فراوانبوونی شەڕی ئیسرائیل و حەماس و ڕایگەیاند، ئەندامانی بەرەى بەرگرى "مەرج نییە چاوەڕێی بڕیاری سیاسی بکەن" بۆ ئەوەی دژی ئیسرائیل جوڵە بکەن.
عەبدوڵڵاهیان هەروەها ڕەخنەی لە داواکەی ئەمەریکا گرت کە وتبووى پێویستە ئێران خۆی بگرێت لە شەڕەکەوە نەگلێت، لەبەر ئەوەى ئەمەریکا بە کردەیی لایەنێکە لە شەڕەکەدا.
هەروەها عەبدوڵڵاهیان لە سەردانەکەیدا بۆ قەتەر لەگەڵ بەرپرسانی باڵای دیکەی قەتەر وەک تەمیم بن حەمەد ئال سانی، میری قەتەر و محەممەد بن عەبدولڕەحمان بن جاسم ئال سانی، سەرۆکوەزیرانی قەتەر کۆبووە[3].

خامنەیی داوای گەمارۆ خستنە سەر ئیسرائیل دەکات
عەلی خامنەیی ڕابەری باڵاى ئێران لە ١ی ئەم مانگە لەگەڵ کۆمەڵێک خوێندکار باسی شەڕی ئیسرائیل و حەماسی کرد، ئەمەش پێنجەمین جارە لە دوای ٧ی تشرینی یەکەمەوە بە ئاشکرا باسی شەڕەکە دەکات.
خامنەیی داوای لە وڵاتانی موسڵمان کرد کە گەمارۆی نەوت و خۆراک بخەنە سەر ئیسرائیل.
خامنەیی هەروەها هۆشداری دایە وڵاتانی موسڵمان کە ئیسرائیل لە داهاتوودا دەبێتە هەڕەشە لەسەریان ئەگەر یارمەتی حەماس نەدەن بۆ شکستپێهێنانی ئیسرائیل[4].

ویلایەتی ستایشی نەسروڵڵا دەکات
عەلی ئەکبەر ویلایەتی، ڕاوێژکاری کاروباری نێودەوڵەتی، ڕابەری باڵای ئێران، لە ٣١ی تشرینی یەکەم پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ نەعیم قاسم، جێگری سکرتێری گشتی حزبوڵڵا ئەنجام دا بۆ زیاترکردنى هەماهەنگی سیاسی نێوانیان.
ویلایەتی ستایشی سەرکردایەتی نەسروڵڵای کرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست لە شەڕی دژی ئیسرائیل.

ئێران ستایشی تورکیا دەکات
حسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی ئێران لە 1ی تشرینی دووەم لە ئەنقەرە چاوی بە ڕەجەب تەیب ئەردۆگان و هاکان فیدان وەزیری کاروباری دەرەوەی تورکیا کەوت.
عەبدوڵڵاهیان ستایشی "هەڵوێستە بەهێز و وردەکانی ئەردۆگانی کرد سەبارەت بە شەڕی ئیسرائیل و حەماس و ڕایگەیاند، ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک کۆماری ئێران بەم زوانە سەردانى تورکیا دەکات.
ئەردۆگان لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا پشتیوانیی توندی لە حەماس کرد و لە ٢٥ی تشرینی یەکەمدا بزوتنەوەى حماسی فەلەستینی بە "گرووپێکی ڕزگاریخواز" وەسف کرد و لە ٢٨ی تشرینی یەکەمدا گردبوونەوەیەکی بۆ لایەنگری فەلەستین لە ئەستەنبوڵ ڕێکخست.
پێدەچێت سەردانەکەی عەبدوڵڵاهیان بۆ تورکیا بەشێک بێت لە هەوڵى بەردەوامی ئێران بۆ یەکخستنی وڵاتانی موسڵمان لە دژی ئیسرائیل.
ئێران لە ڕووی مێژووییەوە و بە تایبەتی لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕەوە لە ٧ی تشرینی یەکەم هەوڵی داوە وڵاتانی موسڵمان لە دژی ئیسرائیل کۆبکاتەوە و خۆی وەک پاڵەوانی دۆزی فەلەستین نمایش بکات.

میدیاکارانی ئێرانی لەگەڵ بەرگریکارە فەلەستینییەکان کۆدەبنەوە
شاندێکی میدیایی ئێران لە ٢ی تشرینی دووەم بۆ دیدار لەگەڵ فەرماندەی هێزە فەلەستینییەکان گەشتیان بۆ لوبنان کرد، پێدەچێت بە مەبەستى دروستکردنى هەماهەنگی بێت سەبارەت بە ناردنى زانیارى ئۆپەراسیۆنەکانی بەرەى بەرگرى.
بەرپرسانی میدیای ئێرانی لەگەڵ نوێنەرانی هێزە جۆراوجۆرەکانی فەلەستین کۆبوونەوە ئەوانەى کە شەڕی ئیسرائیل دەکەن، بەتایبەت حەماس و جیهادى ئیسلامى.
 ئاژانسی هەواڵی نور- کە دەزگایەکی پەیوەستە بە ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئێرانەوە- ڕاپۆرتێکی لەسەر شاندەکە بڵاو کردەوە و جەختی لەوە کردەوە کە بەرپرسانی باڵاى ئێران و فەلەستین هاوڕان لەسەر ئەوەی کە "جەنگی ئەمڕۆ شەڕی گێڕانەوەیە" و بەرپرسیارێتی ڕۆژنامەنووسان ئەوەیە کە لە مەیدانی شەڕی گێڕانەوەکاندا بن و دەنگ و وێنەی گەلی ستەملێکراوی فەلەستین بگەیەنن بە جیهان[5].

سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران و نوێنەری پوتن کۆبوونەوە
عەلی ئەکبەر ئەحمەدیان، سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران، ڕۆژی ١ی تشرینی دووەم لە تاران لەگەڵ لاڤرێنتیڤ نوێنەری تایبەتی ڤلادیمێر پوتن، سەرۆک کۆماری ڕووسیا بۆ کاروباری سووریا لە تاران کۆبووەوە.
لە دیدارەکەدا هەردوو بەرپرس باسیان لە شەڕی ئیسرائیل و حەماس، هاوکاریی هاوبەشی سیاسی و ئەمنی کرد لە سوریا، هەروەها پەیامێکی پوتن-ى گەیاند بە ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک کۆماری ئێران.

عەبدوڵڵاهیان جەخت لەسەر ئامادەیی بەرەى بەرگرى دەکاتەوە
حسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی ئێران لە 3ی ئەم مانگەدا پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ فەیسەڵ میقداد وەزیری دەرەوەی سوریا و سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی ڕوسیا ئەنجام دا.  
عەبدوڵڵاهیان لە میانی پەیوەندییەکەیدا لەگەڵ میقداد جەختی لەسەر ئامادەیی ئەندامانی بەرەى بەرگرى کردەوە بۆ مامەڵەکردن دژی ئیسرائیل، ئەم پەیوەندییە تەلەفۆنییە دوای کۆبوونەوەی دەریاوان عەلی ئەکبەر ئەحمەدیان، سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئێران دێت لەگەڵ ئەلێکساندەر لاڤرێنتیڤ، نوێنەری تایبەتی ڤلادیمێر پوتن بۆ کاروبارى سوریا لە ٢ی تشرینی دووەم.

ئێران دەیەوێت وەک داکۆکیکاری گەلی فەلەستینی خۆی دەربخات
حسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی ئێران لە ٣ و ٤ی ئەم مانگەدا پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ هاوتا بەڕازیلی و بەریتانییەکەی ئەنجام دا، لە میانەی پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی بەڕازیل، عەبدوڵڵاهیان داوای هاوکاری مرۆیی زیاتری کرد بۆ کەرتی غەززە و داوای لە بەڕازیل کرد بڕیارنامەیەکی دیکەی ئاگربەست لە ئەنجومەنی ئاسایش دەربکات بۆ ڕاگرتنى شەڕ لەنێوان ئیسرائیل و حەماس، هەروەها لە پەیوەندییەکدا لەگەڵ هاوتا بەڕیتانییەکەى، عەبدوڵڵاهیان ڕایگەیاند کە ئەمەریکا "ئاگرى شەڕ بڵاودەکاتەوە".
هەوڵەکانی عەبدوڵڵاهیان بۆ لەچوارچێوەنانى ئەمەریکا وەک دژبەرێک لە شەڕەکەدا و وێناکردنی ئێران وەک داکۆکیکارێک لە ئاشتی، دێتەوە لەگەڵ ئەو هەڵمەتە میدیاییەى کە هەوڵ دەدات ئێران بێبەری بکات لە هەر جۆرە بەرپرسیارێتییەک بەرامبەر بەوەى کە دەگوزەرێت[6].

ئێران هۆشداری دەدات لە فراوانبوونی شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس
لە ٤ی تشرینی دووەم حسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی ئێران پێش سەردانەکەی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ تاران لە 6ی ئەم مانگەدا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق باسی شەڕی ئیسرائیل و حەماسی کرد، عەبدوڵڵاهیان هۆشداری دا لەوەی کە پەرەسەندنی توندوتیژی دژی خەڵکی مەدەنی لە کەرتی غەززە بە ناچاری دەبێتە هۆی فراوانبوونی شەڕەکە.

هەنیە و خامنەیی کۆبوونەوە
ئیسماعیل هەنیە سەرۆکی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی حەماس لە ٥ی ئەم مانگەدا لەگەڵ عەلی خامنەیی، ڕابەری باڵاى ئێران لە تاران کۆبووە و باسیان لە شەڕی ئیسرائیل و حەماس کرد.
هەنیە و خامنەیی "دواین پێشهاتەکان" لە کەرتی غەززە و کەرتی ڕۆژئاوایان تاوتوێ کرد. خامنەیی پشتیوانی ئێرانی بۆ گرووپە خۆڕاگرییەکانی فەلەستین دووپات کردەوە و ستایشی سەبر و خۆڕاگری خەڵکی غەززەی کرد.
خامنەیی پشتیوانی ئەمەریکای لە ئیسرائیل شەرمەزار کرد و داوای لە حکومەتە ئیسلامییەکان کرد پشتیوانی لە فەلەستینییەکانی کەرتی غەززە بکەن.
بەرپرسانی ئێران لە ٧ی تشرینی یەکەمەوە لە چەندین بۆنەدا لەگەڵ سەرکردایەتی باڵای بزووتنەوەی حەماس پەیوەندییان کردووە، بۆ نموونە حسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری کاروباری دەرەوەی ئێران لە ٧ی ئۆکتۆبەرەوە لە چوار بۆنەی جیاوازدا لەگەڵ هەنیە کۆ بووەتەوە.

ئێران هۆشداری دەداتە ئەمەریکا
فەریق محەممەد ڕەزا ئاشتیانی وەزیری بەرگری و لۆجستیکی هێزە چەکدارەکانی ئێران ڕۆژی ٥ی ئەم مانگە هۆشداریی دایە ئەمەریکا کە ئەگەر دەستبەجێ هێرشەکانی سەر کەرتی غەززە ڕانەگرێت و ئاگربەست ڕانەگەیەنێت، ئەوا تووشی گورزی قورس دەبێت.
هۆشدارییەکەی ئاشتیانی بەشێکە لە هەوڵە بەردەوامەکانی ئێران بۆ ڕاگرتنی ئەمەریکا لە دابینکردنى پشتیوانی سەربازی زیاتر بۆ ئیسرائیل.
فەریق ڕەمەزان شەریف وتەبێژی سوپای پاسداران لەم دواییانەدا لە ٢٨ی تشرینی یەکەمدا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئەلمەیادینی سەر بە حزبوڵڵا هۆشداری دا بە ئەمەریکا و وتى "ئەوانەی ناتوانن لە شەڕدا بگەنە ئیسرائیل، دەتوانن بگەنە ئەو هێزانەی ئەمەریکا کە ئەم شەڕە بەڕێوە دەبەن"[7].


[1] https://www.criticalthreats.org/analysis/iran-update-november-3-2023
[2] https://www.criticalthreats.org/analysis/iran-update-october-30-2023
[3]https://www.criticalthreats.org/analysis/iran-update-october-31-2023
[4] https://www.criticalthreats.org/analysis/iran-update-november-1-2023
[5]https://www.criticalthreats.org/analysis/iran-update-november-2-2023
[6]https://www.criticalthreats.org/analysis/iran-update-november-4-2023
[7]https://www.criticalthreats.org/analysis/iran-update-november-5-2023

#ئێران
بینێرە لە ڕێگەی