هەڵوێستی ڕوسیا بەرامبەر شەڕی ئێستای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

05:46
08/11/2023
جیهانی

فۆتۆ: میدیاکان

هاوبەشی بکە

وەرگێڕانی: تاک

- ڕوسیا چۆن مامەڵە لەگەڵ شەڕی ئیسرائیل و حەماس دەکات؟
دوو مانشێتی سەرەکی هەیە، یەکەمیان ئەوەیە کە سەرکردەکانی ڕوسیا ئەم ململانێیە دەخەنە ئەستۆی سیاسەتە چەوتەکانی ئەمەریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و داوای گرتنەبەری سیاسەتێکی هاوسەنگ دەکەن لەگەڵ ڕاگەیاندنی ئاگربەست، گەیاندنی هاوکاری مرۆیی، زیندووکردنەوەی پرۆسەی ئاشتی و لیژنەی چوار قۆڵی، دووەمیان ئەوەیە کە سیاسەتمەداران و شرۆڤەکارانی ڕوسیا لێدوانی ڕەخنەگرانەی توند دەدەن دژ بە ئیسرائیل و ئەو وڵاتە بە تاوانبار دەزانن لەسەر ئەو توندوتیژییانەی ئەنجامی دەدات.
بە شێوەیەکی گشتی لێدوانی سیاسەتمەدارانی ڕوسیا بە زۆرینەی ڕەها دژ بە ئیسرائیلە و دەڵێن ڕوسیا هەروەک فەلەستین داگیرکراو بووە (وەک ئاماژەیەک بۆ ئۆکرانیا)، بەڵام ئێستا هەڵەکە ڕاست دەکەنەوە.

- ڕێبازی هاوسەنگی سەرکردایەتی باڵای ڕوسیا چۆن جیاوازە لەگەڵ ڕەخنەی شرۆڤەکارە سیاسییەکان؟
سەرکردایەتی باڵا داوای گرتنەبەری ڕێبازێکی دیپلۆماسی هاوسەنگ دەکات. بەڵام سیاسەتمەداران و شرۆڤەکاران لێدوانی توندی ڕەخنەگرانە دژ بە ئیسرائیل بڵاو کردەوە، کە پێدەچێت بەبێ ڕەزامەندی کرێملن ئەو کارە نەکرێت. ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی ئیسرائیل، ڕوسیا بە ناوبژیوانێکی بێلایەن نازانێت.

- هەڵوێستی ڕووسیا بەرامبەر حەماس لە ڕووی مێژووییەوە چییە؟
لە ساڵی ٢٠٠٦ پوتن پیرۆزبایی سەرکەوتنی لە حەماس کرد هەڵبژاردنەکاندا. لە ساڵی ٢٠٠٧ لە مۆسکۆ میوانداری خالید مەشعەلی سەرۆکی بزووتنەوەی حەماس کرد و لەم دواییانەشدا حەماس لە ڕێگەی ئاڵوگۆڕێکی دراوی کریپتۆ-وە ملیۆنەها دۆلاری لە مۆسکۆ وەرگرت.

- بۆچی ڕوسیا پشتیوانی گرووپی چەکداری فەلەستینی وەک حەماس دەکات؟
بۆ بەهێزکردنی پێگەی خۆی لە باشووری جیهاندا، وەک جۆرێک لە بەردەوامبوون لەسەر ئەو پشتگیرییەی کە لە سەردەمی شەڕی سارددا دەیکرد بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەژموونی ڕۆژئاوا.

- سەرکردایەتی ڕوسیا چۆن شەڕی ئۆکرانیا بە شەڕی ئیسرائیلەوە دەبەستێتەوە؟
هەندێک دەڵێن کە ئۆکرانیا چەکی بۆ ئیسرائیل دابین کردووە، واتە ئەو چەکەی ڕۆژئاوا دەیدات بە ئۆکرانیا، لە ڕێگەی بازاڕی ڕەشەوە گەیشتووەتە ئیسرائیل. ڕەنگە مەبەست لەم کارە گۆڕینی ڕای وڵاتانی عەرەبی بێت دژ بە ئۆکرانیا و وەک هەوڵێک لێکبدرێتەوە بۆ گوشار خستنە سەر کۆمارییەکان بۆ بەدواداچوون بۆ پرسی گەندەڵی و ناردنە دەرەوەی چەکی پێشکەوتووی ئەمەریکا بۆ ئۆکرانیا.

- ململانێی نێوان ئیسرائیل و حەماس چ مەترسییەک بۆ ڕوسیا دروست دەکات؟
دەکرێت پەرە بستێنێت و تەشەنە بکات تا ئەوەی کە حزبوڵڵا و ئێرانیش بگرێتەوە. ئەمەش دەتوانێت ڕوسیا ناچار بکات لایەنگری لایەنێک بکات و هەژموونی خۆی لەدەست بدات. بەو پێیەی کە ڕوسیا زیاتر دەرگیرە لەگەڵ ئۆکرانیا، توانای بەڕێوەبردنی ململانێکانی لە شوێنەکانی دیکە کەمتر بووەتەوە.


- پوتن بە زۆری چۆن مامەڵە لەگەڵ ململانێکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات؟
بە گشتی خۆی لە لایەنگری لایەنێک بە دوور دەگرێت و دەتوانێت هاوکاری لایەنە دژبەرەکان بکات، بەڵام ئەم شێوازە لە ململانێ درێژخایەنەکاندا سەرکەوتوو دەبێت، کە تێیدا لایەنی سەرکەوتوو و دۆڕاو دەرناکەوێت، بەڵام شەڕی کورتخایەن بژاردەکانی مۆسکۆ سەختتر دەخات.

- ئایا ڕوسیا دەتوانێت ناوبژیوانێکی کاریگەر بێت لە ململانێکاندا؟
نەخێر، ئەو لێدوانە دژە ئیسرائیلییەی کە پوتن ڕێگەی پێ داوە، وا دەکات کە ئیسرائیل وەک لایەنێکی جێمتمانە سەیری ڕوسیا نەکات. ڕەنگە ئەمەریکا و وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناچار بن نێوەندگیری بکەن.

- بۆچی ڕەنگە ڕوسیا داوای ئاگربەستی دەستبەجێ بکات؟
نەک تەنیا لەبەر هۆکاری مرۆیی، بەڵکو بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانییەتی، لەبەر ئەوەی ڕوسیا ناتوانێت هاوکات لەگەڵ شەڕی ئۆکرانیا بەرژەوەندییەکانی بپارێزێت، نموونە دەرکەوتنی دابەزینی ڕوونی کاریگەریی ڕوسیا لە ململانێی نێوان ئازەربایجان و ئەرمینیا.

- ڕوسیا چۆن پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل بوونیاد نا، لە کاتێکدا پەیوەندی لەگەڵ دوژمنەکانیدا هەبوو؟
ڕوسیا بیست ساڵ دەبێت کە پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل دروست کردووە، بەهۆی شەڕی ئۆکرانیاوە ئیسرائیل سزای بەسەر ڕوسیادا نەسەپاند. ئەم پەیوەندییەش سنوورێک دادەنێت بۆ دژایەتیکردنی ئیسرائیل لە لایەن ڕوسیاوە، جگە لەوەی کە ڕوسیا سەرچاوەی یەکەمی نەوتە بۆ ئیسرائیل.


سەرچاوەکان
- مارک کاتز پرۆفیسۆری حکومەت و سیاسەت لە کۆلێژی شار بۆ سیاسەت و حکومەت لە زانکۆی جۆرج مەیسۆن و هاوڕێ لە ئەنجومەنی ئەتڵەسی.
- دان ستۆریێڤ لە کارنێگی پۆلیتکا
- میلان زێرنی لە کارنێگی پۆلیتکا
https://twitter.com/ZaidBenjamin5/status/1719675275875913829

#ئیسرائیل #جەنگی_ئۆکرانیا #فەڵەستین #ڕوسیا
بینێرە لە ڕێگەی