تورکیا لە هەفتەیەکدا 4/11 تا 10/11/2023

06:15
13/11/2023
کوردستان مۆنیتەر

هاوبەشی بکە

تاک
زیاتر لە %10ی  بودجەی ٢٠٢٤ی تورکیا بۆ جەنگ و پیشەسازی بەرگری تەرخان دەکرێت

پرۆژە یاسای بودجەی ٢٠٢٤ی تورکیا لە پەرلەمانی ئەو وڵاتەیە و دوای گفتوگۆی لیژنەی پلاندانان و بودجە دانیشتنی پەرلەمانی لەسەر دەکرێت و دەخرێتە دەنگدانەوە، ئەندام پەرلەمانێکی کوردیش لەو لیژنەیە دەڵێت، "زۆرترین بودجەی بەرگری و سەربازی لە ناوچە کوردییەکاندا خەرج دەکرێت!".
لە پرۆژە یاساکەدا یەک ترلیۆن و ١٣٣ ملیار و نیو (٤٠ ملیار و نیو دۆلار) بۆ بواری سەربازی و پیشەسازی بەرگری تەرخان کراوە. ئەمەش ڕێژەی %10.2ی کۆی بودجەی گشتی تورکیا پێکدەهێنێت، کە بریتییە لە ١١ ترلیۆن و ٨٩ ملیار لیرە (٣٨٩ ملیار و ٨٧ ملیۆن و ٧١٩ هەزار و ٢٩٨ دۆلار). لە یاسای بودجەی ٢٠٢٣ی تورکیادا تەنها ١٦ ملیار لیرە (٥٦١ ملیۆن و ٤٠٣ هەزار و ٥٠٨ دۆلار) بۆ بواری بەرگری و سەربازی تەرخان کرابوو. بۆیە بودجەی تەرخانکراوی بواری سەربازی و پیشەسازی بەرگری ساڵی ٢٠٢٤ی تورکیا بەراورد بە هەمان بودجەی تەرخانکراو بۆ ساڵی ٢٠٢٣ لە %250 زیاد کراوە.[1]
هەر لەبەرئەوەیە لەلایەن پەرلەمانتارانی فراکسیۆنی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (هەدەپ) (HEDEP) وەک "بودجەی جەنگ Savaş Bütçesi" وێنا دەکرێت.
لەلایەکی دیکەوە ئۆزنور بارتین Öznur Bartin پەرلەمانتاری هەکاری (جۆلەمێرگ)ی هەدەپ و ئەندامی لیژنەی پلاندانان و بودجە ڕایگەیاند، لە کۆی ١٤ وەزارەتی کابینەکەی ئەردۆگان، تەنها بڕە پارەی پێویست لەلایەن وەزارەتی بەرگری و بواری پیشەسازی سەربازییەوە لە ناوچە کوردییەکاندا خەرج دەکرێت، "ئەوەش بریتییە لە خەرجکردنی بودجەیەکی زەبەلاح بۆ چەک و فڕۆکەی بیفڕۆکەوانی جەنگی و بۆمبارانی ناوچە کوردییەکانی تورکیا و ڕۆژئاوا و هەرێمی کوردستانی عێراق".
ئەو پەرلەمانتارە جەختی لەوە کردووەتەوە، "ئەگەر بەشێکی کەم لەو بودجەیەی بۆ جەنگ تەرخان کراوە، بۆ بوونیادنانەوەی ژێرخانی جۆلەمێرگ تەرخان بکرایە" ئێستا گەنجان لەدەست بێکاری بەرەو چیاکان هەڵنەدەهاتن. جۆلەمێرگ لە کۆتایی ڕیزبەندی ئاستی بژێوی پێکهاتەی کۆمەڵایەتی و ئابووری پارێزگاکانی تورکیادایە.[2] 
لە هەموو ئەوانەش مەترسیدارتر، جگە لە پەرلەمانتارانی هەدەپ، زۆرینەی پەرلەمانتارانی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن ڕەخنەیان لەو بەشەی بودجە نییە و پشتیوانی دەکەن.  

دوای ١٣ ساڵ کلیچدارئۆغڵو کورسی سەرۆکایەتی پارتەکەشی لەدەستدا
پارتی گەلی کۆماری تورکیا (جەهەپە) (CHP) کۆنگرەی ئاسایی ٣٨هەمینی ئەنجام دا و ئۆزگور ئۆزێل Özgür Özel بە بەدەستهێنانی ٨١٢ دەنگی ئەندامانی کۆنگرە وەک هەشتەمین سەرۆکی پارتەکە هەڵبژێردرا.
کەمال کلیچدارئۆغڵو Kemal Kliçdaroğlu پاش ١٣ ساڵ لە سەرۆکایەتیکردنی جەهەپە تەنها ٥٣٦ دەنگی بەدەستهێنا. بەمجۆرە کلیچدارئۆغڵو بوو بە یەکەم سەرۆکی جەهەپە کە لە کۆنگرەدا کورسی سەرۆکایەتی پارتەکەی لەدەست بدات.[3]
ڕۆژی شەممە ٤ی تشرینی دووەم کۆنگرەکە لە ئەنقەرە ئەنجام درا و ماوەی دوو ڕۆژ تا درەنگانێکی شەو بەردەوام بوو. جگە لە گۆڕینی سەرۆکی پارتەکە گۆڕانکاری لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتیدا ئەنجام درا. بە جۆرێک باڵی ئۆزگور ئۆزێل و ئەکرەم ئیمام ئۆغڵو Ekrem İmamoğlu سەرکەوتنی گەورەیان بەدەست هێناوە.[4]
ئیمام ئۆغڵو لە ئێستادا سەرۆکی شارەوانی ئیستەنبوڵە و یەکێکە لە کەسایەتییە کاریگەرەکانی ناو جەهەپە و دوای شکستی کلیچدارئۆغڵو لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان و سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا لە ١٤ی ئایار لە بەرامبەر ڕەجەب تەیب ئەردۆگان و پارتەکەی ڕێبەری بەرەی "گۆڕانکاری Değişim" کردووە،
لە خولی یەکەمی هەڵبژاردندا ئۆزێل ٦٨٢ دەنگ و کلیچدارئۆغڵو ٦٦٤ دەنگی بەدەستهێنا، بەهۆی ئەوەی لە خولی یەکەمدا بە گوێرەی پەیڕەوی ناوخۆی جەهەپە هیچ یەکێک لە کاندیدەکان نەیانتوانی ٦٨٤ دەنگ بەدەست بهێنن، هەڵبژاردنی سەرۆکی پارتەکە کەوتە خولی دووەمەوە.
هەرچەندە لەبەرئەوەی جەهەپە پارتێکی سیستماتیکییە و لەسەر بنەما سەرەکییەکانی ئەتاتورک و چەپ سیاسەت دەکات، لەگەڵ ئەوەشدا گۆڕینی سەرۆک و ژمارەیەک لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی کاریگەری دەبێت لەسەر سیاسەتی ئەو حزبە. لەگەڵ ئەوەشدا ئۆزگور ئۆزێل لەڕووی سیاسەت و ئایدۆلۆژیاوە بە درێژکراوەی کلیچدارئۆغڵو وێنا دەکرێت.
هەرچەندە لە ماوەی ئەنجامدانی کۆنفرانسی ناوچە و لقەکانی جەهەپە-دا کۆمەڵێک ڕوواوی نەخوازراو لەنێوان هەردوو باڵەکەی ئەو حزبەدا ڕوویدا، بەڵام دواجار کۆنگرەکە بەوپەڕی هێمنی و گونجاوییەوە کۆتایی هات و سەرۆکی پێشوو بە سنگفراوانییەوە کورسی سەرۆکایەتی پێشکەش بە سەرۆکە نوێ و گەنجەکەی جەهەپە کرد.[5]  

تورکیا باڵیۆزەکەی لە ئیسرائیل کشاندەوە
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا ڕایگەیاند، "باڵیۆزەکەمان لە تەلئەبیب بانگهێشت کردووەتەوە". بە گوێرەی ڕاگەیەنراوەکەی وەزارەتی دەرەوە کە لە ٤ی تشرینی دووەم بڵاوکراوەتەوە، تورکیا شاکر ئۆزکان تۆرونلار Şakir Özkan Torunlarی باڵیۆزی وڵاتەکەی لە تەلئەبیب بە مەبەستی ئەنجامدانی کۆبوونەوەی ڕاوێژکاری بانگهێشتی ئەنقەرە کردووەتەوە.[6] بەڵام لەگەڵ لێدوانە توندەکانی ئەم دواییەی ڕەجەب تەیب ئەردۆگان سەرۆک کۆماری تورکیا دژی ئیسرائیل و خاوبوونەوەی پەیوەندییەکانیان بەڕای چاودێران پەیوەندییەکانی تورکیا و ئیسرائیل ناگاتە ئاستی پچڕان.[7]

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا سەردانی تورکیا دەکات
ڕۆژی یەک شەممە ٥ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣ ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بە سەردانێک گەیشتە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا و لەگەڵ هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە کۆبووەوە. بەگوێرەی میدیاکانی تورکیا، کۆبوونەوەی فیدان و بلینکن دوو کاتژمێر و نیوی خایاندووە و وەزیری دەرەوەی تورکیا ڕاشکاوانە بە ئەنتۆنی بلینکنی ڕاگەیاندووە "بەهەر جۆرێک بێت پێویستە ئاگربەست ڕابگەیەنرێت".
 هەرچەندە دوای کۆبوونەوەکە کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی ساز نەکرا، بەڵام ئەنتۆنی بلینکن لە فڕۆکەخانەی ئەنقەرە بە ڕۆژنامەوانانی ڕاگەیاند، لەگەڵ هاوتا تورکییەکەی گفتوگۆیان دەربارەی جەنگی غەزە و هەوڵەکان بۆ فراوانکردنی ڕێکخراوی پەیمانی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ) و چەندین بابەتی دیکەی پەیوەست بە هەر دوو وڵات کردووە.[8]
تورکیا گەرم و گوڕی پێوە دیار نەبووە بۆ سەردانەکەی بلینکن، هەربۆیە لەگەڵ باڵیۆزی ئەمەریکا لە ئەنقەرە هەریەک لە جێگری پارێزگاری ئەو شارە و بەرپرسی دۆسیەی ئەمەریکا و پەیوەندییە دووقۆڵییەکان لە وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لە فڕۆکەخانە پێشوازییان لە وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا کردووە.[9] لەو ڕێگایەشدا کە کاروانی ئۆتۆمبێلەکانی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا و وەفدەکەی پێدا تێپەڕیوە، بە پردێکی سەر شەقامێکی ئەنقەرەدا وێنەی ئەبو عوبەیدە وتەبێژی کەتیبەکانی عزەدین قەسام هەڵواسراوە،[10] هەروەها هاکان فیدان ڕێگەی نەداوە ئەنتۆنی بلینکن لێی نزیک ببێتەوە دەست لە ملی یەکدی بکەن، بەڵکو تەنیا بە تەوقەیەکی سارد و سڕ و پێکەنینێکی دروستکراو پێشوازی لە هاوتا ئەمەریکییەکەی کردووە.[11] ئەمە جگە لەوەی باس لەوە دەکرێت ڕەجەب تەیب ئەردۆگان سەرۆک کۆماری تورکیا داواکاری بلینکنی بۆ یەکتر بینین ڕەتکردووەتەوە و لە کاتی سەردانەکەی ئەو وەزیرەدا پشووی داوە.

لە ئۆپەراسیۆنێکی میت-دا بەرپرسێکی پەکەکە دەکوژرێت
ڕۆژی هەینی ١٠ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣ لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنێکی تایبەتی دەزگای هەواڵگری نیشتمانی تورکیا (میت) لە هەرێمی کوردستان بەرپرسێکی پەکەکە کوژرا. بەگوێرەی هەواڵی ئاژانسی فەرمی ئەنادۆڵی تورکیا، "یادین بوڵوت Yadin Bulut ناسراو بە ڕزگار سوڤار Rzgar Suvar بەرپرسی کاروباری سپیکردنەوەی پارە و بازرگانی ماددە هۆشبەرەکانی سەر بە پەکەکە/کەجەکە لە باکووری عێراق کوژراوە". بەگوێرەی هەواڵی ئاژانسەکە، "یادین بوڵوت ساڵی ٢٠١٥ بووە بە ئەندامی پەکەکە و ماوەیەکی زۆر سەرپەرشتی چالاکییەکانی ئەو حزبەی لە باکووری عێراق لە چیاکانی قەندیل، خواکورک و ئاڤاشین کردووە".[12]

لە سەدا ٨٦.٧ی دانیشتوانی باکووری کوردستان داوا دەکەن منداڵەکانیان بە زمانی دایک بخوێنن
بەگوێرەی ڕاپرسییەکی ناوەندی توێژینەوە سیاسی و کۆمەڵایەتییە مەیدانییەکان Sosyo Politik Saha Araştırmaları Merkezi  کە لە ١٥ پارێزگای باکووری کوردستان ئەنجام دراوە و ٢ هەزار و ٤٤٣ کەس بەشداری تێدا کردووە، %86.7ی هاووڵاتییان داوا دەکەن خوێندنی منداڵەکانیان بە زمانی دایک بێت.
توێژینەوەکە لە ماوەی ٢٧ی تشرینی یەکەم بۆ ٣ی تشرینی دووەم لە شارەکانی ئامەد، ماردین، ئورفا، وان، باتمان، سیرت، شرناخ، هەکاری، ئاگری، موش، بینگۆل، بیتلیس، قارس، دەرسیم و ئیغدیر دەربارەی پێوانەی بەکارهێنانی زمانی دایک و داوکارییەکانی پەیوەست بە بەکارهێنانی ئەنجام دراوە.
لەو تویژینەوەیەدا %49.9ی بەشداربوان لە ڕەگەزی نێر بوون و %50.1 لە ڕەگەزی مێ بوون، هەروەها %85.2ی بەشداربوان کورد بوون و %14.8 تورک و پێکهاتە نەتەوەییەکانی دیکەی باکووری کوردستان و تورکیا بوون. لە بەرامبەردا تەنها %60.8ی بەشداربوانی ڕاپرسییەکە ئاماژەیان بەوە داوە کە لە ماڵدا ئەندامانی خێزان لە نێوان خۆیاندا بە کوردی قسە دەکەن و %26.2 باسیان لەوە کردووە لە ماڵدا بە تورکی قسە دەکەن، هەروەها %9ی بەشداربوانی ڕاپرسییەکە بە هەردوو زمانی کوردی و تورکی لە ماڵدا قسە دەکەن.
لەلایەکی دیکەوە بەشداربوانی ڕاپرسییەکە کە تەمەنیان لە نێوان ١٨-٣٢ ساڵ و ٥٤ ساڵ بەرەو سەردایە لە ماڵدا بە کوردی قسە دەکەن، بەڵام ئەوانەی تەمەنیان لە نێوان ٣٣-٤٠ ساڵدایە کەمترین کات لە ماڵدا بە کوردی قسە دەکەن. ئەمەش دەکرێت هۆکارەکەی بگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کەسانی تەمەن ٣٣-٤٠ ساڵ ماوەیەکی زۆر لە دەرەوە سەرقاڵی کارکردن بن، زمانی فەرمی لە تورکیا و باکووری کورستانیش تورکییە، بۆیە بەرکەوتنی ئەو تەمەنە زیاتر لەگەڵ تورکیدایە، بەڵام کەسانی تەمەن ١٨-٣٢ و ٥٤ ساڵ بەرەو سەر زیاتر لە ماڵەوە دەمێننەوە.
هەر لەو ڕاپرسییەدا باس لەوە کراوە، %70.9ی بەشداربوانی کورد لە ڕاپرسییەکەدا لە ماڵدا زیاتر بە کوردی قسە دەکەن، %19.2 تەنیا بە تورکی قسە دەکەن و %9.8 هەم بە کوردی و هەمیش بە تورکی لە ماڵدا قسە دەکەن.
ئەوەی جێگای سەرنجە %20ی سوریانییە بەشداربووەکانی ڕاپرسییەکە و %3.2ی بەشداربوانی تورک و %1.9ی بەشداربوانی عەرەب ئاماژەیان بەوە داوە لە ماڵدا بە زۆری بە کوردی قسە دەکەن. هەڵبەت دەکرێت هۆکاری ئەمە بۆ دوو ڕەگی ئەو کەسانە بگەڕێتەوە، واتە باوکیان تورک، یان نەتەوەیەکی دیکە بێت و دایکیان کورد بێت. بەهۆی ئەوەی باوکیان نەتەوەیەکی دیکەیە خۆیان بەو نەتەوەیە ناساندووە، بەڵام بەهۆی ئەوەی دایکیان کوردە و لەژێر کاریگەری زمانی دایکیاندا لە ماڵەوە بەزۆری بە کوردی قسە دەکەن.
دەربارەی خواستی بەشداربوان بۆ خوێندنی منداڵەکانیان بە زمانی دایک، %86.7ی بەشداربوان دوایان کردووە منداڵەکانیان بە زمانی دایک بخوێنن، ئەمە لە کاتێکدایە %9ی بەشداربوان ئاماژەیان بەوە داوە کە منداڵەکانیان بە زمانی دایک دەخوێنن لە ئێستادا و %4.2ی بەشداربوانیش بە نەخێر وەڵامی پرسیارەکەیان داوەتەوە. 
زۆرینەی بەشداربوانی ڕاپرسییەکە، "نەبوونی خوێندن بە زمانی دایک، کۆچکردن و نەبوونی چوارچێوەیەکی فەرمی و پشتیوانی یاسایی بۆ قسەکردن بە زمانی دایک" وەک گەورەترین مەترسی بۆ سەر زمانی کوردی و قسەپێنەکردنی لە ماڵ و شوێنەکانی دیکەدا وێنایان کردووە.
بەشداربوانی ڕاپرسییەکە لە پێناوی پاراستنی زمانی دایک لە تێداچوون، ئاماژەیان بەم پێشنیارانە بە ڕیزبەندی لە گرنگترینیانەوە کردووە: زمانی دایک ببێت بە زمانی پەروەردە و خوێندن، پستیوانی دەستووری و یاسایی بۆ فەراهەم بکرێت، وەک زمانێکی فەرمی وڵات پەسەند بکرێت، خێزانەکانی فێری منداڵەکانیانی بکەن، فەراهەمکردنی ژینگەی لەبار بۆ بەکارهێنانی زمانی دایک لە سەرجەم بوار و کارەکانی ڕۆژانەدا.
شایانی باسە %10.2ی بەشداربوانی ڕاپرسییەکە پێیان وابوو بۆ پاراستنی زمانی دایک "پێویست بە ئەنجامدانی هیچ شتێک ناکات".[13][14]

مامۆستایەکی کورد بە هۆی ئەوەی ناوە کوردییەکان فێری خوێندکارەکانی دەکات، کەوتووەتە بەر نەفرەتی نەژادپەرستان
مامۆستایەک لە باکووری کوردستان بەهۆی ئەوەی ناوە کوردییەکانی شارەکان فێری خوێندکارەکانی دەکات لەلایەن خەڵکانی دیکەوە بە ئامانج دەگیرێت و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان سوکایەتی پێدەکرێت، بەڵام مامۆستاکە بێدەنگ نەبووە و بڕیاری داوە داوای یاسایی لەسەر ئەو کەسانە تۆمار بکات کە سوکایەتییان پێکردووە.
میزگین یاڵچن Mizgin Yalçın مامۆستای وانەی زمانی کوردی لە قوتابخانەی بنەڕەتی گوندی مالابادی Malabadi سەر بە قەزای سیلڤان/فارقین لە ئامەد، لەبری ئەو ناوانەی لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە بەسەر شارە کوردییەکاندا سەپێنراون، ناوە کوردییەکانیان فێری منداڵەکان دەکات و ڤیدیۆی ساتی فێرکردنەکەی بڵاوکردووەتەوە.
مامۆستاکە بۆ دیاربەکر/ ئامەد، هەکاری/ جۆلەمێرگ، ئادیامان/ سەمسور، ماراش/ گیومگیوم، غازی عەنتاب/ دیلۆک، ئورفا/ ڕیحا، بیتلیس/ بەدلیس، باتمان/ ئیلیه، بینگۆل/ چەولیگ، تونجەلی/ دەرسیم، ئیستەنبوڵ/ ستەمبۆڵ، ئەنقەرە/ ئێنقێرێ فێری منداڵەکان دەکات.[15]
ژمارەیەکی زۆر لە بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە تورکیا بە بەهانەی لادان لە یاسا و ڕێنماییەکانی وەزارەتی پەرەوەردە و تێکدانی ئاسایشی زمان، ڤیدیۆکەی مامۆستا یاڵچن-یان هاوبەشی کردووە و لەگەڵیدا هەریەک لە وەزارەتی پەروەردە و بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاسایشی ئامەد-یان تاگ کردووە.
لە بەرامبەردا مامۆستا میزگین یاڵچن ڕایگەیاندووە، داوای یاسایی لەسەر هەموو ئەو کەسانە تۆمار دەکات کە بەبێ مۆڵەتی خۆی ڤیدیۆکەیان بڵاوکردووەتەوە و سوکایەتی و جنێویان پێداوە. یاڵچن لە ڕوونکردنەوەیەدا جەختی لەوە کردووەتەوە، "من تەنیا پیشەی مامۆستایەتیم جێبەجێ کردووە و وەک بەشێک لە ئەرکەکانم خوێندکارەکانم فێری ناوی شارەکان کردووە". ئەو مامۆستایە باسی لەوەش کردووە، "دوور و نزیک هیچ مەبەستێکی سیاسیم لەو کارە و بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆکەشدا نەبووە". هەربۆیە داوای لە هاوڕێ پارێزەرەکانی و سەندیکا پەیوەندیدارەکان کردووە ڕێنمایی بکەن بۆ وەرگرتنەوەی مافە یاساییەکانی.[16]
لای خۆشیەوە سەندیکای پارێزەرانی ئامەد لە تویتێکدا ڕایگەیاند، بە هەموو جۆرێک پشتیوانی لە مامۆستا یاڵچن دەکەن و بۆ ئەو مەبەستەش دەست دەکەن بە لێکۆڵینەوە و پێدانی ڕاوێژی یاسایی بە مامۆستای ناوبراو تاوەکو مافە یاساییەکانی بەدەست دەهێنێت.[17]
میزگین یاڵچن جگە لە قوتابخانە، لە ماڵەکەی خۆیدا ژوورێکی تایبەت کردووە بە پۆل و ستۆدیۆ و لەڕێگەی کامێرای تایبەت و بە ئۆنلاین وانەی فێرکاری زمانی کوردی/کرمانجی سەروو دەڵێتەوە، ئەمە جگە لەوەی لە وڵاتانی ئەمەریکا، ئەڵمانیا، هۆڵەندا، ئازەربایجان و چەندین شاری تورکیا خوێندکاری تایبەتی هەیە و بەشێوەی ئۆنلاین وانەی زمانی کورییان پێ دەڵێتەوە.[18] 

ئەمەریکا درۆنێکی جەنگی تورکیا لە ڕۆژئاوای کوردستان دەخاتە خوارەوە
ڕۆژی یەک شەممە ٥ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣ هێزەکانی ئەمەریکا لە شاری حەسەکە درۆنێکی جەنگی تورکیایان خستووەتە خوارەوە. خانەی چاودێری مافەکانی مرۆڤی سوریا (سۆهر) Suriye İnsan Hakları Gözlemevi'nden(SOHR) بە زمانی عەرەبی هەواڵەکەی بڵاو کردەوە، بەڵام پاش ماوەیەک هەواڵەکەی سڕیوەتەوە.
 بەگوێرەی هەواڵێکی سایتی North Press، "پشت بەست بە سەرچاوەیەکی ئەمنی، "ئەو درۆنەی خراوەتە خوارەوە تورکی بووە و لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی نزیک لە تورکیاوە هاتووە نزیکبووەتەوە لە بنکەی سەربازی تەل بەیدەر". لە هەواڵەکەدا وێنەیەکی درۆنەکە بە تێکشکاوی بڵاوکراوەتەوە.[19]
جێگای ئاماژەیە لە ماوەی مانگێکدا ئەمە دووەم درۆنی جەنگی تورکیایە لەلایەن هێزەکانی ئەمەریکاوە خراوەتە خوارەوە. ڕۆژی ٥ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵیش درۆنێکی دیکەی تورکیا لە ڕۆژئاوای کوردستان لەلایەن هێزەکانی ئەمەریکاوە خرایە خوارەوە.[20]


[1]  ئەم زانیارییانە لە مەهمەت کاماچ Mehmet Kamaç پەرلەمانتاری هەدەپ لە ڕێگەی نامەی تایبەتەوە وەرگیراوە.
[2] https://x.com/oznurbartin/status/1722258343698559134?s=20
[3] https://www.youtube.com/watch?v=JlcUZNqNxLg
[4] https://yeniyasamgazetesi5.com/chpde-pm-ve-ydk-deki-isimler-belli-oldu/
[5] https://www.youtube.com/watch?v=6OAGOQsUnnA
[6] https://www.aciksoz.com.tr/haber/17500002/turkiye-israil-buyukelcisini-geri-cekti
[7] https://www.youtube.com/watch?v=7M2g0NuVM7Y
[8] https://tr.euronews.com/2023/11/06/abd-disisleri-bakani-blinken-gazzeyi-gorusmek-uzere-ankarada
[9] https://www.yenicaggazetesi.com.tr/abd-disisleri-bakanina-esenboga-havalimaninda-sok-730227h.htm
[10] https://www.dailymotion.com/video/x8pdrie
[11] https://www.youtube.com/watch?v=A8gMQYtUqIc
[12] https://www.aa.com.tr/tr/gundem/mit-teror-orgutu-pkk-kcknin-uyusturucu-ve-kara-para-trafigini-yoneten-teroristi-etkisiz-hale-getirdi/3049788
[13] https://sahamerkezi.org/wp-content/uploads/2023/11/dogu_ve_guneydogu_anadolu_bolgelerinde_anadilin_kullanimi_ile_anadiline_iliskin_talep_ve_egilimleri_olcmeye_dair_saha_arastirma_raporu.pdf
[14]
[15] https://www.youtube.com/watch?v=QgB9PS9s-G0
[16] http://mezopotamyaajansi35.com/GUNCEL/content/view/223774?page=2
[17] https://x.com/Diyarbakirbaro/status/1722594893749432431?t=fzyX1SnbtRPraOyhGVyX-w&s=09
[18] https://www.youtube.com/watch?v=YGZFZ8ZXin4
[19] https://npasyria.com/172218/
[20] https://www.rudaw.net/turkish/kurdistan/051120232

#تورکیا
بینێرە لە ڕێگەی