ئێران لە هەفتەیەکدا 6/11 تا 13/11/2023

02:45
15/11/2023
کوردستان مۆنیتەر

فۆتۆ: میدیاکان

هاوبەشی بکە

تاک
لەسەر ئاستى ناوخۆ
خامنەیی داواکاری سوودانی ڕەت دەکاتەوە

عەلی خامنەیی، ڕابەری باڵاى ئێران لە کۆبوونەوەی لەگەڵ محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە تاران، لە ٦ی تشرینی دووەم، داواکانی ئەمەریکای بۆ ڕاگرتنی شەڕى بریکارەکانی لە عێراق ڕەت کردەوە.
خامنەیی ڕایگەیاند کە پێویستە ئێران و عێراق هەماهەنگی بکەن بۆ "زیادکردنی فشارە سیاسییەکان" لەسەر ئەمەریکا و ئیسرائیل، هەروەها خامنەیی قسەکانى پێشووتری دووپات کردەوە سەبارەت بەوەى کە ئەمەریکا شەڕی ئیسرائیل لە دژی حەماس ئاڕاستە دەکات و هاوکاری تاوانەکانی ئیسرائیل دەکات.
سوودانی دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە بەغدا لە ٥ی ئەم مانگە، لەگەڵ خامنەیی کۆبووەوە و لەگەڵ بلینکن باسیان لە هەڕەشەکانى سەر هێزەکانی ئەمەریکا کرد.
بلینکن لە میانی دیدارەکەیدا لەگەڵ سوودانی جەختی لەوە کردەوە کە هێرشکردنە سەر پێگەکانی ئەمەریکا لە عێراق قبووڵ ناکرێت و ئەمەریکا ئەوەى پێویست بێت بۆ پاراستنى خۆى ئەنجامى دەدات.

ئێران ئیدانەی پێشنیاری وەزیرێکی ئیسرائیلی دەکات
بەرپرسانی ئێران پێشنیاری ئەمیحای ئیلیاهۆ وەزیری کەلەپوورى ئیسرائیلیان ئیدانە کرد کە دەڵێت، ئیسرائیل دەتوانێت چەکی ناوەکى لە کەرتی غەززە بەکاربهێنێت.
ئیلیاهۆ لە چاوپێکەوتنێکی ڕادیۆییدا لە ٥ی تشرینی دووەم ئەم لێدوانەی داوە. بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ئەو لێدوانەی ئیدانە کرد و ئیلیاهۆی لە بەشداریکردن لە کۆبوونەوەکانی کابینەی حکومەت ڕاگرت.
ناسر کەنعانی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە ٦ی تشرینی دووەمدا ڕایگەیاند، کە لێدوانەکەی ئیلیاهۆ جەخت لەسەر ئەو مەترسییە دەکاتەوە کە ئیسرائیل لەسەر سەلامەتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی دروستی دەکات.
حسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەى ئێران لەو بارەوە داوای لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوی نێودەوڵەتی وزەی ناوەکى کرد کە ئیسرائیل لەچەکی ئەتۆمی دابماڵن[1].

ئێران بەردەوامە لە هەوڵی کۆکردنەوە جیهانی عەرەبی
بەرپرسانی ئێران بەردەوامن لە هەوڵەکانیان بۆ کۆکردنەوەی جیهانی عەرەبی و موسڵمانان لە دژی ئیسرائیل.
محەممەد باقر قاڵیباف، سەرۆکی پەرلەمان لە میانەی پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ئیبراهیم بوغاڵی سەرۆکی ئەنجومەنی جەزائیر باسی لە ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی نائاسایی "لیژنەی هەمیشەیی فەلەستین" کرد، کە لە سەرۆکی پەرلەمانی هەندێک وڵاتی موسڵمان پێکهاتووە، بۆ پشتیوانیکردن لە گەلی ستەملێکراوی فەلەستین.
لە ٧ی تشرینی دووەم حسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری کاروباری دەرەوە بە هەمان شێوە پێش کۆبوونەوەی داهاتووی ڕێکخراوی هاوکاری ئیسلامی لە ڕیاز لە ١٢ی ئەم مانگە لەگەڵ سامح شوکری وەزیری کاروباری دەرەوەی میسر کۆبوەوە و باسی هاوکارییەکانی میسر و ئێرانی کرد.

ئێران بوونی ژێردەریایی ئەمەریکی لە کەنداو بە مەترسی لەسەر ئاسایشی ناوچەکە ناو دەبات
لە 8 تشرینی دووەم فەرماندەی هێزی دەریایی سوپای پاسداران هۆشداری دا لەوەی کە بوونی ژێردەریایی ئەمەریکی لە جۆری (USS Florida Ohio) لە کەنداو، ئاسایشی ناوچەکە دەخاتە مەترسییەوە.
 فەرماندەی هێزی دەریایی سوپای پاسداران ڕایگەیاند، کە "پاراستنی ئاسایشی کەنداوی فارس هێڵی سوورە بۆ سوپای پاسداران"، کاربەدەستانی ئێران بانگەشەی ئەوە دەکەن کە ئەمەریکا بۆ ئەنجامدانى هێرشی ناوەکى لەگەڵ ئیسرائیل هەماهەنگى کردووە، ئەمەش دوای ئەوەی وەزیرێکی ئیسرائیل پێشنیاری کرد بەچەکى ناوەکى هێرش بکرێتە سەر کەرتی غەززە[2].

ڕەئیسی و ئەردۆگان کۆ دەبنەوە
ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک کۆماری ئێران لە پەراوێزی لوتکەی ڕێکخراوی هاوکاری ئابووری لە تاشکەند لە ٩ی تشرینی دووەم لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆگان، سەرۆک کۆماری تورکیا کۆبووەوە و باسی شەڕی ئیسرائیل و حەماس کرد[3].

میانەڕەوەکانی ئێران ئامادەکاری بۆ هێرشکردنە سەر دەسەڵات دەکەن
پێدەچێت کەسایەتییە سیاسییە میانەڕەوەکانی ئێران هەماهەنگی بکەن بۆ هێرش کردنە سەر دەسەڵات لە بەرامبەر شەڕی ئیسرائیل و حەماس بۆ سوودوەرگرتن لە هەستی ناوخۆیی دژى بەرەى بەرگرى پێش هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی لە مانگی ئازاری ٢٠٢٤.
حەسەن ڕۆحانى سەرۆک کۆمارى پێشوو لە 9 تشرینی دووەم هۆشداری دا لە گرتنەبەری هەر "کردەوەیەکی ناڕوون" کە ئێران پەلکێشی شەڕ بکات لەگەڵ ئیسرائیل.
محەممەد جەواد زەریف وەزیری پێشووتری دەرەوەی سەردەمى سەرۆکایەتى ڕۆحانی، بە هەمان شێوە لە میانی پانێڵێکی تایبەت بە جێبەجێکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان بۆ شەڕەکە لە ٨ی ئەم مانگە هۆشداری دا لە ڕاکێشانی ئێران بۆ شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس،  هەروەها زەریف ئاماژەی بەوە دا کە ئێرانییەکان بێزارن لە ئەستۆگرتنى بەهاو تێچووی پشتیوانی ڕژێم لە هێزە لە برییەکانی لە ناوچەکە، هەروەها ڕەخنەى لە پشتیوانی زۆر بە جۆش و خرۆشی بەرپرسانی ڕژیم گرت بۆ دۆزی فەلەستین[4].

ئێران هەوڵی پچڕاندنی پەیوەندی نیوان تورکیا و ئیسرائیل دەدات
ئێران سوود لە هەڵوێستى ڕەجەب تەیب ئەردۆگان سەرۆکى تورکیا وەردەگرێت تایبەت بە شەڕى ئیسرائیل و حەماس بە مەبەستى تێکدان و پچڕاندنى پەیوەندییەکانى نێوان تورکیا و ئیسرائیل.
ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆکى ئێران لە پەراوێزی کۆبوونەوەی لوتکەی ڕێکخراوی هاوکاری ئابووری لە تاشکەند لە 9 تشرینی دووەم داوای لە تورکیا کرد پەیوەندییە ئابووری و سیاسییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل بپچڕێنێت.
 ڕەئیسی ڕایگەیاند کە وڵاتانی موسڵمان لەوانە ئێران و تورکیا ڕووبەڕووی "تاقیکردنەوەیەکی ئیلاهی" دەبنەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تاوانەکانی ئیسرائیل.
میدیاکانی دەوڵەتی ئێران و سەر بە سوپای پاسداران بە جیا لە 9 تشرینی دووەم تیشکیان خستە سەر ناڕەزایەتییەکانى خوێندکاران لە بەردەم باڵیۆزخانەی تورکیا لە تاران کە دژی هەناردەکردنی خۆراک و نەوتی تورکیا بوون بۆ ئیسرائیل.

ڕەئیسی سەردانی سعودیەی کرد
ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک کۆماری ئێران ڕۆژی 11ی تشرینی دووەم بەمەبەستی بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی هاوبەشی کۆمکاری عەرەبی و ڕێکخراوی هاوکارى عەرەبی سەردانى سعودییەى کرد.
سەردانەکەی ڕەئیسی بۆ ڕیاز یەکەم سەردانی فەرمی سەرۆک کۆماری ئێران بوو بۆ سعودییە لە ماوەی 11 ساڵدا و بەشێک بوو لە هەوڵە بەردەوامەکانی ئێران بۆ کۆکردنەوەی وڵاتانی عەرەبی و موسڵمان لە دژی ئیسرائیل.
ڕەئیسی داوای لە حکومەتە عەرەبی و موسڵمانەکان کرد هەموو پەیوەندییە ئابووری و سیاسییەکان لەگەڵ ئیسرائیل بپچڕێنن و ئیسرائیل وەک ڕێکخراوی تیرۆریستی ناوزەد بکەن. لە لایەکى دیکەوە میدیای دەوڵەتی ئێران بە تایبەتی داوای لە ئازەربایجان و تورکیا کرد کە هەناردەکردنی نەوت بۆ ئیسرائیل ڕابگرن.

ڕەئیسی هۆشداری دەداتە وڵاتە عەرەبییەکان
ڕەئیسی لە پەراوێزی کۆبوونەوەی هاوبەشی کۆمکاری عەرەبی و ڕێکخراوی هاوکارى عەرەبی لەگەڵ سەرکردەکانی میسر، لوبنان، قەتەر، سعودییە و سوریا کۆبووەوە، ڕەئیسی هۆشداریدا لەوەی کە ڕەنگە خەڵکی ناوچەکە پشوو درێژییان بەرامبەر بە حکومەتەکانیان لەدەست بدەن.

ئێران هۆشداری دەدات لە لێکەوتە درێژخایەنەکانی هێرشی ئیسرائیل
ئیسماعیل خەتیب وەزیری ئیتڵاعاتى ئێران لە 11ی تشرینی دووەم هۆشداری دا لە لێکەوتە درێژخایەنەکانی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە لەسەر هێزەکانی ئەمەریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
خەتیب ڕایگەیاند، ئەو هێزانەی ئەمەریکا کە لە گەرمەى شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس نێردراون بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ڕەنگە دوای کۆتاییهاتنی شەڕەکەش لە ناوچەکەدا بمێننەوە، لەبەر ئەوەى هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە شکستی هێناوە لە دامەزراندنى سیستمێک بۆ بەرپەرچدانەوە[5].

ئێران و چین دژی هێرشەکانی ئیسرائیل هەماهەنگی دەکەن
بەرپرسانی وەزارەتەکانی کاروباری دەرەوەی چین و ئێران لە ١٢ی تشرینی دووەم لە تاران سەرقاڵی هەماهەنگی سیاسی بوون بەرامبەر شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس. 
وانگ دی بەڕێوەبەری گشتی بەشی کاروباری ڕۆژئاوای ئاسیا و باکووری ئەفریقا لە وەزارەتی دەرەوەی چین، لەگەڵ عەلی باقری کانی جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ کاروباری سیاسی و بەرپرسانی دیکەی وەزارەتەکە کۆبووەوە، بەپێی زانیارییەکانى وەزارەتى دەرەوەى چین.
کاربەدەستانی ئێران هیوایان خواست کە چین ڕۆڵێکی بەرچاو بگێڕێت لە کۆنتڕۆڵکردنی ململانێکاندا. چین لە مانگی نۆڤەمبەردا سەرۆکایەتی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانی گرتووەتە ئەستۆ[6].

لەسەر ئاستى عێراق
بەردەوامی هێرشەکانی مقاوەمەی ئیسلامی بۆ سەر هێزە ئەمەریکییەکان
- مقاوەمەى ئیسلامی لە عێراق هێرشەکانی بۆ سەر بنکەکانی ئەمەریکا لە عێراق و سوریا دوو هێندە کرد و ڕایگەیاند کە لە بەروارى 5 تشرینی دووەم مووشەکێکی ئاراستەی هێزەکانی ئەمەریکا کردووە بە بێ ئەوە دیارى بکات کە کام بنکەى هێزەکانى ئەمەریکایان کردووەتە ئامانج.

- مقاوەمەى ئیسلامی لە عێراق ڕایگەیاند، کە سێ هێرشیان کردووەتە سەر بنکەی ئاسمانی عەین ئەسەد لە پارێزگای ئەنبار لە عێراق و لە ٦ی ئەم مانگەش هێرشێکی دیکەیان بۆ سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر لە باکووری عێراق ئەنجام داوە.
مقاوەمەى ئیسلامی عێراق ڕایگەیاند، کە هێرشێکیان بۆ سەر بنکەکانی ئەمەریکا لە تەل بەیدار لە باکووری سوریا و تەنەف لە ڕۆژهەڵاتی سوریا ئەنجام داوە.
گرووپەکە ئەوە بۆ دووەمجارە لە ٦ی تشرینی دووەمەوە تەل بەیدار دەکاتە ئامانج، بۆ یەکەمجار لە ٥ی تشرینی دووەم ئەم پێگەیەی کردە ئامانج. مقاوەمەى ئیسلامی عێراق لە ١٨ی ئۆکتۆبەرەوە پێنج جار ناوچەى تەنەفی کردووەتە ئامانج.

- گرووپی اسحاب الکهف کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێت، لە 5ی تشرینی دووەم بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە کە واژۆی مقاوەمەى ئیسلامی عێراقی لەسەر بوو و تێیدا نیازی گرووپەکەی ڕاگەیاند بۆ بە ئامانجگرتنی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە عێراق.
اسحاب الکهف ئەو بەیاننامەیەی دوای کۆبوونەوەکەی بلینکن لە ٥ی تشرینی دووەم لەگەڵ سوودانی بڵاو کردەوە، لە بەیاننامەکەدا بانگەشەی ئەوە کراوە کە هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ داخستنی بنکەکانی ئەمەریکا لە عێراق تەواو بووە و دەبێت هێزی سەربازی بەکاربهێنرێت. اسحاب الکهف لە مانگەکانی حوزەیران و تەممووزی ٢٠٢٣ چەندین هەڕەشەی بە ئامانجگرتنی هێزەکانی ئەمەریکا کرد لە عێراق.

- لە ٧ی تشرینی دووەم مقاوەمەى ئیسلامی لە عێراق بەرپرسیارێتی خۆی لە چوار هێرش بۆ سەر هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق و سوریا ڕاگەیاند، مقاوەمەى ئیسلامی لە عێراق لە ١٨ی ئۆکتۆبەرەوە ٤٢ هێرشی کردووەتە سەر هێزەکانی ئەمەریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
ئەکاونتێکی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانى نزیک لە ڕژێمی ئەسەد ڕایگەیاند کرد، کە مقاوەمەى ئیسلامی لە عێراق فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی جۆری سەمەد-2 بە کار دەهێنێت بۆ هێرشکردنە سەر هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق و سوریا.
لە ٧ی تشرینی دووەم مقاوەمەى ئیسلامی لە عێراق ڕایگەیاند، کە دوو هێرشیان بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کردووەتە سەرفڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و بنکەی ئاسمانی هەریر لە باکووری عێراقیان.
مقاوەمەى ئیسلامی لە عێراق ڕایگەیاند، کە بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەک هێرشریان کردووەتە سەر بنکەکانی ئەمەریکا لە گوندی سەوز و بنکەکانی کۆنۆکۆ لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا.

- مقاوەمەى ئیسلامى لە عێراق بە پرسیارێتى خۆى لە سێ هێرش بۆ سەر هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق و سوریا لە 8ی تشرینی دووەم ڕاگەیاند.
مقاوەمەى ئیسلامی لە عێراق لە 18ی ئۆکتۆبەرەوە 45 هێرشی کردووەتە سەر هێزەکانی ئەمەریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.  لە ٨ی تشرینی دووەم مقاوەمەى ئیسلامی لە عێراق ڕایگەیاند، کە هێرشێکی مووشەکیان کردووەتە سەر پێگەیەکی ئەمەریکا لە شەدادی لە پارێزگای حەسەکە لە سوریا.

- لە ٨ی تشرینی دووەم گرووپی (ئەلزەفەرین/الظفرين) سەر بە مقاوەمەى ئیسلامى لە عێراق ڕایگەیاند، کە بە هاوەن هێرشیان کردووەتە سەر هێزەکانی ئەمەریکا لە بنکەی ئاسمانی هەریر لە هەولێر.
ئەمە یەکەم هێرشی هاوەنە بۆ سەر بنکەی ئاسمانی هەریر لە دوای ١٨ی ئۆکتۆبەرەوە. مەودای هاوەنەکان بە شێوەیەکی بەرچاو کورتترن لە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، واتە شانەی مقاوەمەى ئیسلامی لە عێراق، هێرشەکەی لە قووڵایی کوردستانی عێراقەوە ئەنجام داوە.
یەکێک لە تایبەتمەندییەکانى هێرشی هاوەن ئەوەیە کە ناکرێت لە ڕێگەى سیستمی دژە موشەکەوە ڕێگرى لێ بکرێت.

- مقاوەمەى ئیسلامی لە عێراق بەرپرسیارێتی خۆی لە پێنج هێرشی دیکە بۆ سەر هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق گرتە ئەستۆ، کە زۆربەیان دوای هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمەریکا لە سووریا ڕوویاندا.
مقاوەمەى ئیسلامی لە عێراق لە ١٨ی تشرینی یەکەمەوە 50 هێرشیان کردووەتە سەر هێزەکانی ئەمەریکا.


- لە 8 و 9 تشرینى دووەم مقاوەمەى ئیسلامی لە عێراق ڕایگەیاند دوو هێرشیان بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کردووەتە سەر هێزەکانی ئەمەریکا لە بنکەی ئاسمانی هەریر لە باکووری عێراق، هێزەکانی دژە تیرۆری کوردستانی عێراق ڕایانگەیاند کە هێرشەکەی ٩ی ئەم مانگە یەکێک لە کۆگاکانی سووتەمەنی لە بنکەی ئاسمانی هەریرى کردە ئامانج.
 لە 9 تشرینی دووەم مقاوەمەى ئیسلامی لە عێراق ڕایگەیاند، کە سێ هێرشی بە مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کردووەتە سەر هێزەکانی ئەمەریکا لە بنکەی ئاسمانی عەین ئەسەد لە ڕۆژئاوای عێراق.

- لە ٩ی تشرینى دووەم چەند چەکدارێکى نەناسراو هێرشێکیان بە بۆمبی چێنراو ئەنجام دا و گەشتێکى هاوبەشی دەزگای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری ئەمەریکا و عێراقیان کردە ئامانج لە نزیک بەنداوی موسڵ لە باکووری عێراق، بەرپرسێکی ئەمەریکی ڕایگەیاند کە هێرشەکە هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتووەتەوە.

- ئەبو عەلا ئەلوەلایی- ئەمینداری گشتی میلیشیای عێراقی کتائب سید الشهداء کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێت- پشتیوانی گرووپەکەی بۆ هێرشەکانی دژی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق ڕاگەیاند.
وەلایی ڕایگەیاند کە هێرشەکان بۆ سەر هێزەکانی ئەمەریکا بەردەوام دەبن تا ئاگربەست لە کەرتی غەززە دێتە ئاراوە.

- مقاوەمەى ئیسلامی لە عێراق ڕایگەیاند، کە ١٠ی تشرینی دووەم هێرشێکیان بە فڕۆکەى بێفڕۆکەوان کردووەتە سەر هێزەکانی ئەمەریکای جێگیر لە تەنەف لە سوریا و توانیویانە بە سەرکەوتوویی ئامانجەکەیان بپێکن.
ئەمە شەشەمین هێرشە کە مقاوەمەى ئیسلامى لە عێراق لە 18ی تشرینی یەکەمەوە دەیکاتە سەر هێزەکانی ئەمەریکا لە تەنەف.

- مقاوەمەى ئیسلامی لە عێراق ڕایگەیاند کە لە 11 تشرینی دووەم بە سەرکەوتوویی لە ڕێگەى فڕۆکەى بیفڕۆکەوانەوە هێرشی کردووەتە سەر هێزەکانی ئەمەریکای جێگیر لە ڕمێلان لە پارێزگای حەسەکە لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا.
ئەم هێرشه یەکەم هێرشه بۆ سەر هێزەکانی ئەمەریکا له ڕمێلان لەدوای دەستپێکردنی شەڕی ئیسرائیل و حەماسەوە.

- مقاوەمەى ئیسلامی لە عێراق لە ١٢ی تشرينی دووەم ڕایگەیاند، كە هێرشی کردووەتە سەر ئیلات لە باشووری ئیسرائیل و بەنیازە بەردەوام بێت لە هێرشکردنە سەر ئامانجەکانی لە ئیسرائیل.
مقاوەمەى ئیسلامی لە عێراق ڕایگەیاند کە لە ٢ و ٣ی تشرینی دووەم دوو هێرشی کردووەتە سەر ئیسرائیل، بەڵام بەرپرسانی ئیسرائیل هیچ لێدوانێکیان لەسەر ڕاگەیاندنەکەى مقاوەمەى ئیسلامی لە عێراق بڵاو نەکردووەتەوە.

ئێران لەسەر ئاستى سوریا
- ئەمەریکا هێرشێکی ئاسمانی بۆ سەر دامەزراوەیەکی هەڵگرتنی چەک لە ڕۆژهەڵاتی سوریا ئەنجام دا لە کاردانەوەى هێرشەکانی هێزەکانى نزیک لە ئێران بۆ سەر پێگەکانى هێزەکانى ئەمەریکا لە عێراق و سوریا، لە ٨ی تشرینی دووەم لە هێرشێک بۆ سەر هێزەکانى ئەمەریکا سێ سەربازی ئەمەریکی برینداربوون.

- بە پێی زانیارییەکانى سوپاى ئیسرائیل، لە 9 تشرینی دووەم هێزێکى نزیک لە ئێران لە سوریا بەرپرسیار بووە لەو هێرشەى کە بە فڕۆکەى بێفڕۆکەوان کراوەتە سەر خوێندنگەیەکى سەرەتایى لە ئیلات لە ئیسرائیل، بە پێی زانیارییەکانى  ڕۆژنامەی ئۆرشەلیم پۆست، لە 10 تشرینی دووەم هەر ئەو هێزە بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشێکى دیکەیان کردووەتە سەر خاکی ئیسرائیل.
ئیسرائیل پێی وایە ئەو هێزەى کە هەر دوو هێرشەکەى ئەنجام داوە فیرقەی ئیمام حسێنە کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی لێ دەکرێت.
لە ساڵى 2016 سوپای پاسداران فیرقەی ئیمام حسێنی پێکهێنا کە بە لیواکانی ئیمام حسێن-یش ناسراوە.
فیرقەی ئیمام حسێن چەکدارە بە چەکى دروستکراوی ئێران لە جۆرى فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەکی زەوی بۆ زەوی و زەوی بۆ ئاسمان، بەپێی زانیارییە هەواڵگرییەکانى ئیسرائیل، فیرقەی ئیمام حسێن لە بەرزاییەکانی جۆلانەوە هێرشی بۆ ناو ئیسرائیل ئەنجام داوە و هێزەکانی ئەمەریکای جێگیر لە ڕۆژهەڵاتی سوریاى کردووەتە ئامانج.

ئێران و بەرەى بەرگرى
- لە ٦ی تشرینی دووەم وتەبێژی سەربازی حوسییەکانى یەمەن ڕایانگەیاند، کە ژمارەیەکی دیارینەکراو لە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی هێرشبەرییان ڕەوانەى شوێنە هەستیارەکان لە ئیسرائیل کردووە، حوسییەکان لە ٧ی تشرینی دووەم گرتەیەکی ڤیدیۆییان بڵاوکردەوە کە تێیدا نیشانی دەدات ١٠ فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هەڵدەدرێت.
ئەمە پێنجەمین هەوڵی هێرشی حوسییەکانە بۆ سەر ئیسرائیل لە دوای دەستپێکردنی شەڕی ئیسرائیل و حەماسەوە.

- دەزگای ئەمواج میدیا کە بنکەکەی لە بەریتانیایە لە ٧ی تشرینی دووەم بڵاوی کردەوە، بەرپرسانی باڵای بەرەى بەرگرى لە هاوینی ٢٠٢٣دا سەفەریان بۆ ئێران کردووە بۆ دامەزراندنی ژوورێکی ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی ناوچەیی.
نوێنەر و سەرکردەکانی حەماس، جیهادى ئیسلامى، حوسییەکان و ژمارەیەکی زۆر لە هێزە عێراقییەکان لەگەڵ سەرکردە باڵاکانی ئێران کۆبونەتەوە، کە لەنێویاندا عەلی خامنەیی ڕابەری باڵای ئێران و ئیسماعیل قائانی فەرماندەی سوپای قودسی سوپای پاسداران بوونى هەبووە.
بەرەى بەرگرى لە سەرەتادا ژووری ئۆپەراسیۆنەکانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئاڵنگارییەکانى ئەمەریکا و ئیسرائیل دامەزراند و لە ئێستادا ژووری ئۆپەراسیۆنەکان بۆ هەماهەنگی چالاکییەکانی بەرەى بەرگرى لە بەرامبەر شەڕی ئیسرائیل و حەماس کەڵک وەردەگرێت.
قائانی لە ژووری ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان لە بەیرووتەوە چالاکییەکانی بەرەى بەرگرى هەماهەنگ دەکات[7].

- لە ٨ی تشرینی دووەم، پۆلیسی بەرازیل چەند کەسێکى سەر بە حزبوڵایان دەستگیر کرد کە بە نیاز بوون هێرش بکەنە سەر چەند ئامانجێکى جولەکە لە بەرازیل، بە پێى زانیارییەکانى مۆساد، ئێران لەپشت ئەو هێرشە تیرۆریستییەوە بووە.
بە پێی زانیارییەکان حزبوڵڵا بۆ دەیان ساڵە تۆڕەکانی لە ئەمەریکای باشوور بەڕێوە دەبات بۆ سپیکردنەوەی پارە و ئەنجامدانی هێرشی تیرۆریستی.
لە نێوان ساڵەکانى 1992-1994 حزبوڵڵا لە بۆینس ئایرس دوو هێرشی ئەنجام دا کە تێیدا باڵیۆزخانەى ئیسرائیل و ناوەندێکی کۆمەڵایەتى جولەکەکانى کردە ئامانج.

- وتەبێژی سەربازی حوسییەکان ڕایگەیاند، کە لە ٨ی تشرینی دووەمدا فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئەمەریکیان لەسەر خاکی یەمەن خستووەتە خوارەوە.
ساڵی ٢٠٢١ حوسییەکان ڕایانگەیاندبوو کە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئەمەریکایان لە ئاسمانی یەمەن خستووەتە خوارەوە، بەڵام سوپای ئەمەریکا ئەو زانیارییەى پشتڕاست نەکردەوە.

- حوسییەکان ڕایانگەیاند کە لە ٩ی تشرینی دووەم چەندین موشەکی بالیستیان ئاڕاستەی شوێنە هەستیارەکانى نزیک ئیلات لە باشووری ئیسرائیل کرد. 
ئەمەش شەشەمین هەوڵی هێرشی حوسییەکانە بۆ سەر ئیسرائیل. وتەبێژی سەربازی حوسییەکان ڕایگەیاند کە ئەم هێرشانە بەردەوام دەبن تا ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنەکانى ڕادەگرێت.

- بەرپرسانی ئەمەریکی پشتڕاستیان کردەوە کە حوسییەکان لە ٨ی ئەم مانگەدا فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئەمەریکى لە جۆرى  MQ-9 Reapeیان لە ئاسمانی نێودەوڵەتی نزیک یەمەن خستووەتە خوارەوە.
وتەبێژی حوسییەکان لە ٨ی ئەم مانگە گرتەیەکی ڤیدیۆییان بڵاوکردەوە کە تێیدا خستنەخوارەوەی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکە پیشان دەدات.

- حەسەن نەسروڵڵا سکرتێری گشتیی حزبوڵڵا لە وتارێکدا لە ١١ی تشرینی دووەم تیشکی خستە سەر پشتیوانی ئێران بۆ هێزەکانى بەرەى بەرگرى.  
نەسروڵڵا ڕایگەیاند کە ئێران پاشەکشێی نەکردووە لە پشتیوانییەکانی بۆ بەرەى بەرگرى و بەردەوام بووە لە چەکدارکردن و دابینکردنى پشتیوانى دارایی و مەشق و ڕاهێنان بۆ ئەو هێزانە لە لوبنان و فەلەستین و ناوچەکە. ئەگەر هەیە ئەم لێدوانەى نەسڕوڵڵا پەیوندى هەبێت بە نائومێدبوونى هەندێک لە هێزەکانى بەرەى بەرگرى لە ئێران، لەبەر ئەوەى کە وەک پێویست کاردانەوەى نەبووە بەرامبەر بە ئۆپەراسیۆنى ئیسرائیل بۆ ناو کەرتى غەززە، هەروەها نەسروڵڵا هۆشداریشیدا لەوەی میلیشیاکانی سەر بە ئێران بەردەوام دەبن لە هێرشکردنە سەر هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق و سوریا، ئەگەر ئەمەریکا دەستوەردان نەکات بۆ ڕاگرتنی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە.
نەسروڵڵا ستایشی مقاوەمەى ئیسلامی لە عێراق و حوسییەکانى کرد بۆ هێرشکردنە سەر هێزەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیل لە ڕێگەى فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەکەوە.

لە 12 تشرينی دووەمەوە هیچ هێرشێک بۆ سەر هێزەکانی ئەمەریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە پشتیوانی ئێران تۆمار نەکراوە.
لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕی ئیسرائیل و حەماس تا ئێستا 65 جار هێرش کراوەتە سەر پێگەکانی ئەمەریکا لە عێراق و سوریا.


[1]https://www.criticalthreats.org/analysis/iran-update-november-6-2023
[2] https://www.criticalthreats.org/analysis/iran-update-november-8-2023
[3] https://www.criticalthreats.org/analysis/iran-update-november-9-2023
[4] https://www.criticalthreats.org/analysis/iran-update-november-10-2023
[5] https://www.criticalthreats.org/analysis/iran-update-november-11-2023-65502ac81757f
[6]https://www.criticalthreats.org/analysis/iran-update-november-12-2023
[7] https://www.criticalthreats.org/analysis/iran-update-november-7-2023

#ئێران
بینێرە لە ڕێگەی