وەرچەرخانێکی چۆنایەتی مەزنی سعودییە بۆ پەلکێشکردنی وەبەرهێنان

04:52
15/11/2023
ناوچەیی

فۆتۆ: میدیاکان

هاوبەشی بکە

نووسینی: شجاع البقمي
وەرگێڕانی: تاک

ڕاگەیاندنی چوار ناوچەی ئابووری تایبەت لەلایەن شازادە محەممەد بن سەلمان بن عەبدولعەزیزی جێنشین و سەرۆک وەزیران و سەرۆکی ئەنجومەنی کاروباری ئابووری و گەشەپێدانی سعودییە لەڕووی پەلکێشکردنی وەبەرهێنان بۆ شانشینی سعودییە بە وەرچەرخانێکی چۆنایەتی مەزن لە قەڵەم دەدرێت، بەو پێیەی ئەو ناوچانە بە ڕێژەی لەسەدا سەد ڕێگە بە خاوەندارێتی بیانی دەدات، ئەمەش هاندانێکی گرنگە زیادکردنی باجدان و بەشدار دەبێت لە بەرزکردنەوەی تواناکانی ئەو وڵاتە بۆ ڕاکێشانی وەبەرهێنانی نێودەوڵەتی و دەستەبژێری سەرچاوە مرۆییە جیهانییەکان.
پێشبینی دەکرێت خستنەگەڕی ئەم ناوچە تایبەتانە هەنگاوێکی پێشەنگانە بێت بۆ دابینکردنی دەرفەتی زیاتری وەبەرهێنانی چۆنایەتی بۆ بازاڕەکانی سعودیە کە لەگەڵ پێکهاتە ئابوورییە بنەڕەتییەکاندا ئاوێتە بن و پاڵپشتی پەرەپێدانی ئابووریی نیشتمانی بکەن، لەڕێگەی زیادکردنی قەبارە و کوالێتی وەبەرهێنان لە شانشینی سعودیەدا، بە مەبەستی گەیشتن بە ئامانجەکانی "دیدگای ٢٠٣٠" و برەودان بە پێگەی سعودیە لە نێو نەخشەی جیهانی کارەکاندا.
ناوچە ئابوورییە تایبەتەکان ئاسۆیەکی نوێ بۆ گەشەپێدان دەکەنەوە، بە پشت بەستن بە تایبەتمەندی کێبڕکێی هەر ناوچەیەک بۆ پشتگیریکردنی کەرتە گرنگ و ئومێدبەخشەکان، لەوانە کەرتی لۆجستی و پیشەسازی و تەکنەلۆژی و تەواوی ئەو کەرتانەی بایەخی بۆ شانشینی سعودیە هەیە، ئەم ناوچە نوێیانە بەوە ناسراون کە شوێنی ستراتیژین لە ڕیاز، جازان، رأس الخیر و شاری شا عەبدوڵڵای ئابووری لە باکووری جەددە.
ناوچە ئابوورییە تایبەتەکان سیستم و ڕێسای یاسایی تایبەت بە چالاکییە ئابوورییەکانی دەبێت، کە وا دەکات لەسەر ئاستی جیهان ئەم ناوچانە زۆرترین کێبڕکێ لە خۆ بگرێت بە مەبەستی ڕاکێشانی گرنگترین وەبەرهێنانە جۆرایەتییەکان و دەرفەتێکی گەورەش بڕەخسێنێت بۆ پەرەپێدانی ئابووری ناوخۆیی و دابینکردنی هەلی کار و گواستنەوەی تەکنەلۆژیا و خۆجێییکردنی پیشەسازیی، هەروەک ناوچەیەکی بەرفراوان دەستەبەر دەکات بۆ گەشەپێدانی کۆمەڵگەی بازرگانی سعودیە، بە جۆرێک لەگەڵ سووڕی ئابووریدا ئاوێتە بن و زەمینەیەکی لەبار بڕەخسێنێت بۆ بەدیهێنانی ستراتیژی کەرتەکان لە چوارچێوەی "دیدگای ٢٠٣٠" دا ، کە ڕێگە بە کۆمپانیا سعودییەکان دەدات سوودمەند بن لە بەهای زیادکراوی ناوچەکان لە سەرجەم کەرتە جیاوازەکاندا.
لە ئەزموونێکی ناوازە بۆ وەبەرهێنەران لە سعودییە، ئەم بوارانە وەک پلاتفۆڕمێکی لۆجستی و پیشەسازی سەرتاسەری کار دەکەن، ئەمەش وا دەکات شانشینی سعودییە بکاتە دەروازەیەک بۆ ترانزێت لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفەریقادا، هەروەها دەیکاتە ئەڵقەی پەیوەندی لە نێوان بازاڕەکانی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوادا، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ ئەو دەستپێشخەرییانەی لە ئارادایە تا شانشینی سعودییە ببێتە ڕووگەیەکی جیهانی وەبەرهێنان و ناوەندێکی گرنگ کە پشتگیری زنجیرەکانی دابینکاری جیهانی دەکات، بەتایبەت دوای خستنە گەڕی ناوچەی لۆجستی سەرتاسەری تایبەت، کە دەکەوێتە نێو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی شا سەلمان لە ڕیاز.

پەلکێشکردنی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان
دەستەی شار و ناوچە ئابوورییە تایبەتەکان کە ئەرکی ڕێکخستنی کارەکانی چوار ناوچەکەی لە ئەستۆ گرتووە، لە قۆناغی یەکەمدا هەوڵ دەدات کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان پەلکێش بکات و برەو بە کەرتەکانی چۆنایەتی ئایندەیی بدات، لەڕێگەی دابینکردنی ژێرخانێکی مۆدێرن لەسەر ئاستی جیهانی بۆ خزمەتگوزاریی وەبەرهێنە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان، بە پشت بەستن بە سیستمێکی بی گرفتی پێشکەوتوو لە ڕێساکانی ڕێکخستن، ئەو هاندانانەشی کە پێشکەش بە کۆمپانیاکان دەکرێن بریتین لە ڕێژەی باجی کێبڕکێ، لێخۆشبوون لە باجی گومرگی تایبەت بە هاوردەکردنی ئامێر و کەلوپەلی بەرهەمهێنان و کەرەستەی خاو، ئەمەش وا دەکات لە سەدا سەد ڕێگە بە خاوەندارێتی بیانی بدرێت.
ڕاگەیاندنی ئەم ناوچانە لە کاتێکدایە داتاکانی بانکی ناوەندی سعودییە ئاماژە بە زیادبوونی وەبەرهێنانی بیانی لە شانشینی سعودییە دەکات، بە جۆرێک لە کۆتایی چارەکی سێیەمی ساڵی ٢٠٢٢، گەیشتووەتە ٢.٤٣ ترلیۆن ڕیال (نزیکەی ٦٤٨ ملیار دۆلار) ، کە بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی ٢٠٢١- ٢٠٢٢ بە نزیکی لەسەدا دوو بەرز بووەتەوە.
وەبەرهێنانە بیانییەکان بەسەر وەبەرهێنانی ڕاستەوخۆی بیانیدا دابەش دەبن، کە لەسەدا ٤١ی کۆی وەبەرهێنانەکان پێکدەهێنێت، ئەمەش یەکسانە بە نزیکەی یەک ترلیۆن ڕیال (نزیکەی ٢٦٨ ملیار دۆلار)، ئەمە جگە لە وەبەرهێنانی پۆرتفۆلیۆ کە بەسەر مافی موڵک و پشکی سندووقەکانی وەبەرهێنان و زەمانەتنامەی قەرزدا دابەش دەکرێن، کە دەکاتە ٨٢٢.٥ ملیار ڕیال (نزیکەی ٢١٩ ملیار دۆلار)، لەگەڵ چەند وەبەرهێنانێکی دیکە بە بەهای ٦٠٥.٨ ملیار ڕیال (نزیکەی ١٦١.٥ ملیار دۆلار).
بە ڕاگەیاندنی ناوچەی ئابووری تایبەت چاوەڕێی بەرزکردنەوەی قەبارەی ئەم وەبەرهێنانانە لە ئابووری سعودییە و ڕاکێشانی سەدان کۆمپانیای پێشەنگی نێودەوڵەتی دەکرێت، بەمەش هەمەچەشنی ئابووری و ڕێژەی گەشەکردن گەشە دەکات.
ئەندازیار خالد فالح وەزیری وەبەرهێنان و سەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەری دەسەڵاتی شار و ناوچە ئابوورییە تایبەتەکان، جەخت لەسەر گرنگی دەستپێکردنی ناوچە ئابوورییە تایبەتەکان دەکاتەوە و پێی وایە ڕۆڵێکی بەرچاویان دەبیت لە بەهێزکردنی پێگەی شانشینی سعودییە لەسەر نەخشەی جیهانیی بۆ کەرتی بازرگانی، هەروەک لە ڕێگەی زۆرێک لە کەرتەکانەوە بەشدار دەبێت لە ڕەخساندنی دەرفەتی گەورە بۆ کۆمەڵگەی سعودییە و خاوەنکار و کۆمپانیا ناوخۆییەکان.
پێشبینی دەکرێت ئەم ناوچانە لە ڕێگەی بەهێزکردنی پیشەسازییە نیشتمانییەکانەوە ڕۆڵێکی کاریگەر بگێڕن لە گەیشتن بە ئامانجە ستراتیژییەکانی پیشەسازی نیشتمانی و زیادکردنی هەناردەی نانەوتی شانشینی سعودییە و هەمەچەشنکردنیان، هەروەها کار دەکەن بۆ برەودان بە تواناکانی کێبڕکێی و لێهاتووییە نیشتمانییەکان و هاندانی ڕێنیسانسی پیشەسازی و پشتگیریکردن لە دامەزراندنی کۆمپانیا ناوخۆییەکان و خێراکردن لە گەشەکردنیان.

تایبەتمەندییەکانی هەر ناوچەیەک و خزمەتگوزارییەکانی
ناوچەی ئابووری تایبەت لە شاری ئابووری شا عەبدوڵڵا 
دەکەوێتە باکووری شاری گەشەسەندووی جەددە کە بە سەر دەریای سووردا دەڕوانێت، بە یەکێک لە ڕێڕەوە دەریاییە بازرگانییە گەورەکانی جیهان دادەنرێت، ئەم شارە ئابوورییە هەوڵ دەدات سەرلەنوێ نەخشەی ڕێڕەوی بازرگانی ناوچەکە دابڕێژێتەوە، یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی ئەم ناوچەیەش ئەوەیە لەسەر تواناکانی کێبڕکێ بوونیادنراوە، شانشینی سعودیەش وەک بەندەرێکی بازرگانیی تەواوی خزمەتگوزارییەکانی بۆ دابینکردووە، هەر بۆیە بانکی نێودەوڵەتی لە ساڵی ٢٠٢٢دا وەک "کارامەترین بەندەر لە جیهاندا" ناساندوویەتی.
شاری شا عەبدوڵڵا کار دەکات بۆ بەهێزکردنی پێگەی شانشینی سعودیە وەک ڕووکارێکی سەرەکی بۆ کەرتە پێشکەوتووەکانی بەرهەمهێنان، لەوانە ئەوانەی کار دەکەن تا ڕەوتی پیشەسازی لە شانشینی سعودیە و جیهان بەرەو سەرچاوەی وزەی پاک بەرن، هەر بۆیە دوو لە گرنگترین کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێلی کارەبایی واژۆکردنی ڕێککەوتننامەیەکیان ڕاگەیاند تا لەو ناوچەیە کار بکەن، ئەمەش وای کردووە شانشینی سعودییە ببێتە بنکەیەکی سەرتاسەری بۆ پیشەسازی ئۆتۆمبێلی کارەبایی لە ناوچەکەدا، هەروەها بووەتە گۆڕەپانێک بۆ دابینکاری خزمەتگوزاری خێرا کە وای کردووە پێداویستی دابینکاری بۆ کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان فەراهەم بکات.
خواستەکانی شاری ئابووری شا عەبدوڵڵا درێژ دەبێتەوە بۆ ئەوەی بواری تەکنەلۆژیای پزیشکی بگرێتەوە، بە جۆرێک لەبری هاوردەکردن، دەرفەتێکی گرنگ دەڕەخسێنێت بۆ بەرهەمهێنانی شمەک و کاڵاکان لە ناوخۆدا و دواتر ڕەوانەکردنی بۆ بازاڕە ناوچەییە گەشەسەندووەکان.
ناوچەی ئابووری تایبەت لە جازان
دەکەوێتە دەوروبەری کانگاکانی سەرچاوە کانزاییەکان، نزیکە لە سێیەم گەورەترین بەندەری دەریایی سعودییە، ئەمەش وای کردووە ببێتە شوێنێکی سەرنجڕاکێش بۆ پیشەسازییە قورسە کانزاییەکان، هەروەک شوێنی جوگرافی جازان کە دەڕوانیت بە سەر ڕێگاکانی بازرگانی لە نێوان ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا، باکوور و باشووردا، دەرفەتێک بۆ ئەو کۆمپانیایانە دەڕەخسێنێت کە دەیانەوێت کارەکانیان لە کیشوەری ئەفەریقا بەرفراوان بکەن، هەروەها زەوییە بەپیتەکانی ناوچەی باشووری ڕۆژئاوای جەزان بەوە ناسراوە کە گونجاون بۆ بەرهەمی کشتوکاڵی، ئەمەش زەمینەیەکی لەبار دەڕەخسێنێت بۆ بەرهەمهێنان و پرۆسێس کردن و دابەشکردنی بەرهەمە خۆراکییەکان و دەستەبەرکردنی خواستی دانیشتوانی ناوچەکە و ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەکانی ئاسایشی خۆراک لە سەرتاسەری ناوچەکەدا.
ناوچەی ئابووری تایبەت لە رأس الخیر
دەکەوێتە نزیک ناوچەی ڕۆژهەڵات کە سەنتەری پیشەسازی شانشینی عەرەبستانی سعودییە و نزیکە لە ڕێگای بەرهەمهێنانی نەوت و گاز لە کەنداوی عەرەبی، کە ژێرخانێکی ئاست بەرزیی جیهانی و بازاڕێکی گرنگی پیشەسازیی دەریایی بۆ کۆمپانیا نێودەوڵەتی و ناوچەییەکان دابین دەکات، ئەمەش ڕێگە بەو کۆمپانیایانە دەدات ڕاستەوخۆ دەست بە کارەکانیان بکەن. هەروەها نوێترین بەندەری پیشەسازی لە شانشینی سعودیە فەراهەم دەکات کە دەبێتە ڕێڕەوێکی ناوازە بۆ بازاڕە ناوچەیی و جیهانییە سەرەکییەکان، هەروەها ڕێڕەوە ڕاستەوخۆکانی هێڵی ئاسنینی تایبەت بە کانەکانی شانشینی سعودیە وا دەکات بە ئاسانی دەست بە کەرەستەی خاو بگات، جگە لەوەش ناوچەکە دەرفەت بۆ وەبەرهێنەران دەڕەخسێنێت لە چوارچێوەی گرووپێکی دینامیکی و جیهانیدا کار بکەن و لە بوارەکانی دابینکردنی سووتەمەنی و دروستکردنی کەشتیدا داهێنان بکەن. ئەمە جگە لەوەی بوونی کۆمپانیا گەورە نێودەوڵەتییەکان ڕێگە بە دابینکەرانی پلە دوو و سێیەم دەدات بچنە نێو گرووپە پێشەنگەکانی دەریاوانی لە ناوچەکەدا.
ناوچەی ئابووری تایبەت بۆ کۆمپیوتەرکردنی هەورئامێز و زانیارییەکان
واتە بەرجەستەکردنی ڕاستەوخۆی سیاسەتی "بە کۆمپیوتەرکردنی هەورئامێز" لە شانشینی سعودیە، پابەندبوونی سعودیەش پیشان دەدات کە سوورە لەسەر پەیڕەوکردنی ڕێگاکانی داهێنانی دیجیتاڵی و برەودان بە کەرتی تەکنەلۆژیا کە زۆر بەخێرایی گەشە دەکات، ناوچەکە مۆدێلێکی بازرگانی لەسەر بنەمای داهێنان پەیڕەو دەکات کە ڕێگە بە وەبەرهێنەران دەدات ناوەندی داتا فیزیکییەکان و ژێرخانی کۆمپیوتەری هەورئامێز لە نێو چەندین شوێنی شانشینی سعودییە دابمەزرێنن، بەمەش پێگەی ناوچەی هەورئامێز وەک پلاتفۆڕمێکی ناوچەیی پێشەنگ و دیار، بوار بۆ ئەو کۆمپانیایانە دەڕەخسێنێت کە لە بوارەکانی ئینتەرنێتی شتەکان (IOT)، تەکنەلۆژیای بلۆکچەین، داتا گەورەکان، ژیری دەستکرد و داهێنانی نەوەی سێیەمی ئینتەرنێت، "وێب 3.0" کار دەکەن.


سەرچاوە
https://www.majalla.com/node/289401/%D8%A7%D9%82%D8%AA%D8%B5%D8%A7%D8%AF-%D9%88%D8%A3%D8%B9%D9%85%D8%A7%D9%84/%D9%86%D9%82%D9%84%D8%A9-%D9%86%D9%88%D8%B9%D9%8A%D8%A9-%D8%B3%D8%B9%D9%88%D8%AF%D9%8A%D8%A9-%D9%83%D8%A8%D8%B1%D9%89-%D8%AA%D8%B9%D8%B2%D8%B2-%D8%AC%D8%A7%D8%B0%D8%A8%D9%8A%D8%A9-%D8%A7%D9%84%D8%A7%D8%B3%D8%AA%D8%AB%D9%85%D8%A7%D8%B1

#ئابووری #سعودیە
بینێرە لە ڕێگەی