تورکیا لە هەفتەیەکدا 11/11 تا 17/11/2023

10:12
20/11/2023
کوردستان مۆنیتەر

دەرکەوتنی پاسەوانانی سەرۆکی هوداپار لە باتمان بە پۆشاکی حەماسەوە

هاوبەشی بکە

تاک
ئەردۆگان ئیسرائیل بە "دەوڵەتێکی تیرۆریست" ناو دەبات

ڕۆژی سێ شەممە  ١٤ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣ ڕەجەب تەیب ئەردۆگان سەرۆک کۆماری تورکیا و سەرۆکی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە) لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەیدا ئاماژەی بە هێرش و پەلامارەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەزە کرد و ڕایگەیاند، "ئێستا بە ڕاشکاوی و لە دڵەوە دەڵێم ئیسرائیل دەوڵەتێکی تیرۆریستە".
ئەردۆگان لە وتارەکەیدا جارێکی دیکە پشتیوانی وڵاتەکەی بۆ حەماس دەربڕی و بە ئاڕاستەی ئیسرائیل و ئەورپا و ئەمریکا باسی لەوەکرد، "ئێوە پێی دەڵێن تیرۆریست، لە کاتێکدا حەماس وەک حیزبێکی سیاسی لەلایەن هاووڵاتییانی فەلەستینەوە پشتیوانی دەکرێت و بە دەنگی خەڵکی هاتووەتە سەر دەسەڵات، بەڵام ئێوە ماف و دەسەڵاتەکانیتان زەوت کردووە".[1]  

ئەردۆگان جەنگی ئیسرائیل حەماس بە هەوڵێک بۆ "پارچەکردنی وڵاتانی ئیسلامی" دادەنێت
ئەردۆگان لە کۆبوونەوەی لوتکەی عەرەبی و وڵاتانی ئیسلامی ئاماژەی بە بوونی مەترسی لەسەر "یەکپارچەیی خاکی وڵاتانی ئیسلامی" کرد و داوای "وریایی و بەخەبەرهاتن" کرد. تورکیاشی وەک یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی "پرۆسەی بەدەستهێنانەوەی خاکە بەڵێنپێدراوەکان" وێنا کرد.
ڕۆژی شەممە ١١ی تشرینی دووەم ڕەجەب تەیب ئەردۆگان سەرۆک کۆماری تورکیا لە وتارەکەیدا لە کۆبوونەوەی لوتکەی عەرەبی و کۆنگرەی هاریکاری ئیسلامی ڕاشکاوانە ڕایگەیاند، "پێویستە هەموومان بە ئاگابین لە هەوڵەکانی دەستبەسەرداگرتنی حەرەمی شەریف، ئەگەری زۆر هەیە ئیسرائیل پێشهاتە نوێیەکان وەک دەرفەت بقۆزێتەوە و دەستبەسەرداگرتنی حەرەمی شەریف بکات بە ئەمری واقیع". ئەردۆگان بەڵگەی بۆ قسەکانی بەوە هێناوەیەوە کە، "لەڕێگەی باسکردنی بەردەوامی (خاکە پیرۆزە بەڵێنپێدراوەکانەوە) هەوڵی پارچەکردنی خاکی وڵاتانی ئیسلامی دەدەن بە تورکیایشەوە".[2]
سەرۆک کۆماری تورکیا ڕەخنەی لە حەماس گرت و ڕایگەیاند، "زۆربەمان ڕووداوەکانی ٧ی تشرینی یەکممان بە ڕاست نەزانیوە". لەگەڵ ئەوەشدا ڕەخنەکانی زۆر بە توێکڵەوە دەربڕی و تێکەڵی کرد بە ژمارەک دەستەواژەی تۆمەتبارکردنی ئیسرائیل.
ئەردۆگان لە وتارەکەیدا بە ناڕاستەوخۆ ڕەخنەی لەو وڵاتانە گرت کە پرۆسەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل دەستپێکردووە بە بێ "چارەسەری بنەڕەتی کێشەی فەلەستین". بۆیە سەرۆک کۆماری تورکیا پێی وابوو، "بەبێ دۆزینەوەی چارەسەرێکی بنەڕەتی بۆ کێشەی فەلەستین، پرۆسەی ئاسایکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئسرائیل بێمانا و کەم و کوڕت دەبێت".

هەدەپ ئامادەیی بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانی بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەکان ڕادەگەیەنێت
ڕۆژی دووشەممە ١٣ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣ تونجار باکرهان Tuncar Bakırhan هاوسەرۆکی  پارتی یەکسانی و دیموکراتی گەلان (هەدەپ) ڕایگەیاند، "دەرگامان کرایەوە بەڕووی هەر کەس و لایەنێکدا بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانی بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەکان".
باکرهان لەگەڵ ئەوەی جەختی لە "شەفافیەت و ڕاشکاوی" لە پێکهێنانی هاوپەیمانیدا کردەوە، ئاماژەی بە ئەگەری گرتنەبەری ڕێگای سێیەم کردووە. مەبەستی باکرهان لە ڕێگای سێییەم، پێکهێنانی هاوپەیمانێتییەکە بەدەر لە هاوپەیمانی کۆمار بە ڕێبەری ئاکەپە-ی دەسەڵاتدار و هاوپەیمانی میللەت بە ڕێبەری جەهەپە-ی پێشڕەوی بەرەی ئۆپۆزسیۆن.
هاوسەرۆکی هەدەپ لە وتارێکیدا لە کۆنفرانسی حکومەتە خۆجێییە دیموکراتەکان Demokratik Yerel Yönetimler Konferansı لە ئەنقەرە باسی لەوە کرد، ئەگەر بێت و هەوڵ بدرێت ناچار بکرێین لە بەشداریکردن لە هاوپەیمانێتییەکدا، ئەوا ئیرادەی خۆمان و دەنگدەرانمان دەخەینە گەڕ و کاندیدمان بۆ سەرۆکایەتی شارەوانی تەواوی شارو شارۆچکەکان ئامادەیە.[3]

جەهەپە ئامادەیی بۆ گفتوگۆ و بەستنی هاوپەیمانی لەگەڵ هەدەپ نیشانداوە
ڕۆژی هەینی ١٧ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣ ئۆزگور ئۆزێل سەرۆکی  پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) (CHP) ڕایگەیاند، دەمەوێت لە نزیکەوە گوێ بۆ داواکاری و مەرجەکانی هەدەپ بۆ بەستنی هاوپەیمانی ڕابگرم.
ئۆزێل لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ دەزگای ڕۆژنامەوانی T24 باسی لەوە کردووە، "ئیدی سەردەمی شاردنەوەی هاوپەیمانی و داخستنی دەرگای جەهەپە بەرووی پارتەکاندا کۆتایی هات، هاسەرۆکانی هەدەپ بە مەبەستی پیرۆزبایی تەلەفۆنیان بۆ کردم و پێیان ڕاگەیاندم کە سەردانم دەکەن. منیش دەمەوێت لە نزیکەوە و لە ڕێگەی هاوسەرۆکانییەوە گوێم لە داواکاری و مەرجەکانی هەدەپ بێت بۆ بەستنی هاوپەیمانی بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەکان".
سەرۆکی جەهەپە لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوە داوە، "ئیدی بە نهێنی و لە پشتی پەردەوە ڕێککەوتن ناکەین، ئەگەر هاوپەیمانی لەگەڵ هەدەپ ببەستین بە ئاشکرا ڕایدەگەیەنین و لە چوارچێوەی هاوپەیمانێتییەکیشدا نەڕۆینە هەڵبژاردنەکانی ٣١ی مارتی ٢٠٢٤ی شارەوانییەکان هەر بە ڕاشکاوانە بۆ رایگشتی بڵاودەکەینەوە".[4]
ڕۆژی ٤ تشرینی دووەمی ئەمساڵ لە کۆنگرەی ٣٨هەمینی جەهەپە-دا ئۆزگور ئۆزێل وەک سەرۆکی پارتەکە هەڵبژێردرا و لە ٨ی مناگدا دەست بەکاربوو. ئۆزێل بە کەسایەتییەکی لێهاتوو و سەرکەوتووتر لە کەمال کلیچدارئۆغڵوی سەرۆکی پێشووی جەهەپە ناسراوە و پەیوەندی و متمانەی لەگەڵ پارتە سیاسییەکانی بەرەی ئۆپۆزسیۆن بەهێزە.

دەرکەوتنی پاسەوانانی سەرۆکی هوداپار لە باتمان بە پۆشاکی حەماسەوە هەرا دەنێتەوە
ڕۆژی یەک شەممە ١٢ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣ پارتی بانگەوازی ئازاد (هوداپار) (HÜDAPAR) لە باتمانی باکووری کوردستان کۆبوونەوەیەکی بۆ پشتیوانی لە غەزە سازکرد. دەرکەوتنی پاسەوانانی سەرۆکی پارتەکە بە پۆشاکی حەماسەوە کاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێنا و سەرکردەیەکی تورکیا و هاووڵاتییان داوایان لە داواکاری گشتی کرد بەدواداچوونی ورد بۆ ئەو کارە بکات.[5]
بەشێکی دیکە لە هاووڵاتییان و چاودێرانی سیاسی، دەرکەوتنی پاسەوانانی زەکەریا یاپیجی ئۆغڵو سەرۆکی هوداپار-یان بە پۆشاکی سەربازی حەماس و دەم و چاو هەڵبەستراوی و دەرکەوتنی ئەنوەر کڵیچ ئاسڵان کە یەکێک بووە لە دامەزرێنەرانی حزبوڵڵا و بە تۆمەتی کوشتنی ٤٢ کەس ماوەیەکی زۆر لە زینداندا بووە، وەک ئاماژەیەک بۆ پشتیوانی هوداپار لە حەماس، نەک خەڵکی غەزە و فەلەستین لێکدایەوە.[6] لەلایەکی دیکەوە ئەو ڕووداوە یادەوەری ساڵانی نەوەدەکانی بەبیری هاووڵاتییانی تورکیا و بەتایبەت باکووری کوردستان هێنایەوە و مەترسی سەرهەڵدان و گەشەسەندنی حزبوڵڵا کە لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە وەک گرووپێکی تیرۆریستی ناسێنراوە بوو بە ڕۆژەڤی بەشێک لە میدیاکان.
ئومیت ئۆزداغ سەرۆکی پارتی زافەر Zafer Partisi کە بە پارتێکی فاشیستی تورکی دەناسرێت، دەرکەوتنی گەنجان بە جلوبەرگی حەماسەوەی بە "تاوان" ناوزەد کرد و داوای لە داواکاری گشتی کردووە لێکۆڵینەوەی پێویست ئەنجام بدات. [7]
هوداپار لە ساڵی ٢٠١٢ لەسەر دار و پەردوی گرووپی حزبوڵڵا دامەزرێنراوە و سەرکردەکانیشی بریتین لە سەرکردە کۆنەکانی حزبوڵڵا.

کۆنسێرتی هونەرمەندانی کورد لە فێستیڤاڵی هونەری جزیرێ قەدەغە دەکرێت 
ڕۆژی شەممە ١١ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣، فێستیڤاڵی هونەریی ڤەژین لە شارۆچکەی جزیرێ دەستی بە کارەکانی کرد، بەڵام قایمقامی شارۆچکەکە بە بڕیاری پارێزگاری شرناخ کۆنسێرتی هونەرمەندانی کوردی، کە بەشێک بوو لە بەرنامەکانی فێستیڤاڵەکە، قەدەغە کرد و هۆڵی کۆنسێرتەکەش لەلایەن پۆلیسی شارۆچکەکە داخرا.
فێستیڤاڵە دوو ڕۆژییەکە لەژێر چاودێری سەندیکای هونەرمەندان و ڕەنجدەرانی کەرتی گشتی بەڕێوەدەچوو. دوای بڕیاری قەدەغەکردنی کۆنسێرتەکان، گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتی ڕێکخرا و تێیدا ژمارەیەک سەندیکا، ڕێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنی و نوێنەرانی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (هەدەپ) بەشداربوون و سەرکۆنەی بڕیارەکەیان کرد.
لە کاتی خوێندنەوەی ڕاگەیەنراوی ناڕەزایەتیی دەستەی ڕێکخەرانی فێستیڤاڵەکەدا، هێزە ئەمنییەکان ڕێگریان لێکردن و هەوڵی بڵاوەپێکردنیان دان. بەهۆی بڕیارەکەی قائیمقامی جزیرە ڕێکخەرانی ڤیستیڤاڵەکە بڕیاری ڕاگرتنی چالاکییەکانی دیکەی فیستیڤاڵەکەیان دەرکرد. بڕیاربوو لە دوو رۆژی فێستیڤاڵەکەدا چالاکیی شانۆ، فیلم، کۆنسێرتی هونەرمەندان، نمایشی دیجیتاڵی، هەڵپەڕکێ و چەندین چالاکیی دیکەی جیاواز ئەنجام بدرێن.[8]
پەیوەست بەم بابەتە پەرلەمانتارانی هەدەپ داوای لێکۆڵینەوە لە پەرلەمان دەکەن. پەرلەمانتارانی فراکسیۆنی هەدەپ لە داواکارییەکدا بۆ سەرۆکایەتی پەرلەمانی تورکیا داوای پێکهێنانی لیژنەیەکی تایبەتیان کردووە بۆ ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە دەربارەی ڕێگری لە چالاکی و ڤیستیڤاڵەکان و بە تایبەت ڕێگری لە کۆنسێرت و گۆرانی کوردی لە چالاکییەکانی ئامەد، باتمان، ماردین، بەدلیس، شرناخ و ئورفا.[9]

بەبێ بوونی بریاری دادگا، قەدەغەی گەشتی دەرەوە لەسەر ٩ پەرلەمانتاری هەدەپ دانراوە
سڕی سورەیا ئۆندەر پەرلەمانتاری پارتی یەکسانی و دیموکراتی (هەدەپ) (HEDEP) ڕایگەیاند، بەبێ ئەوەی هێشتا بڕیاری دادگایان لەسەر دەرچووبێت، ٩ پەرلەمانتاری هەدەپ لە خولی ئێستای پەرلەماندا تەنیا بە واژۆی بیرۆکراتێک و بە تۆمەتی "مەترسی مانەوەی لە دەرەوەی وڵات Yurtdışı Tehdidi" قەدەغەی گەشتی دەرەوەی وڵاتیان بەسەردا سەپێنراوە.
ئەو پەرلەمانتارەی هەدەپ کە لە هەمان کاتدا وەک یاریدەدەری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا سەرۆکایەتی کۆبوونەوەیەکی پەرلەمانی تورکیای کرد لە ڕۆژی پێنج شەممە ١٦ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣ لە وتاری کردنەوەی کۆبوونەوەکەدا ئاماژەی بەوەدا، "سەرەڕای ئەوەی هەموو ڕێکارە یاساییەکانمان گرتووەتە بەر و هیچ بڕیارێکی دادوەری دەربارەی ئەو ٩ پەرلەمانتارەر بوونی نییە، بەڵام قەدەغەی گەشتی دەرەوەیان لەسەر هەڵناگیرێت".[10]
لەلایەکی دیکەوە عومەر ئۆجەلان Ömer Öcelan پەرلەمانتاری پارێزگای ئورفا لەسەر لیستی هەدەپ بەهۆی بوونی پاشناوی "ئۆجەلان Öcelan" لەسەر ناسنامەکەی ناوی لە لیستی ئەو ٩ پەرلەمانتارەی هەدەپ-دایە کە قەدەغەی گەشتی دەرەوەیان بەسەردا سەپێنراوە.[11]

داواکاری ئەندامبوونی سوید لە ناتۆ لەسەر پشتی کیسەڵ دەڕوات
داواکاری ئەندامبوونی سوید لە ڕێکخراوی پەیمانی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ) لەسەر مێزی لیژنەی کاروباری دەرەوەی پەرلەمانی تورکیایە. کەمتر لە هەفتەیەک پێش دەستپێکردنی پشووی هاوینەی پەرلەمانی تورکیا، ڕەجەب تەیب ئەردۆگان سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە بریاریدا داواکارییەکەی سوید ئاراستەی پەرلەمان بکات.
هەربۆیە بەهۆی پشووی پەرلەمانەوە داواکاری ئەندامبوونی سویدی لە ڕێکخراوی ناتۆ لەلایەن ئەردۆگانەوە لە ٢٣ی تشرینی یەکەم ئاراستەی پەرلەمان کرا و دوو ڕۆژ دواتر و لە ٢٥ی تشرینی یەکەم نوعمان کورتوڵموش Numan Kurtulmuş سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا داواکارییەکەی ئاراستەی لیژنەی کاروباری دەرەوە کرد، لیژنەکەش دوای ٢٠ ڕۆژ و لە ١٦ی تشرینی دووەم، داواکارییەکەی سویدی خستە بەرنامەی کارەکانییەوە و گفتوگۆی لەسەر کرا.[12]
لە کۆبوونەوەی ڕۆژی پێنج شەممە ١٦ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣ی لیژنەی کاروباری دەرەوەی پەرلەمان دوای گفتووگۆیەکی تێروتەسەل بڕیاردرا زانیاری زیاتر لە وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەیان وەربگرن دەربارەی جێبەجێکردنی داوکارییەکانی تورکیا لە سوید هەروەک لە لێکتێگەیشتنی مەدرید-دا هاتووە.[13] لەگەڵ ئەوەشدا فوئاد ئۆکتای کاتێکی دیاری نەکرد بۆ کۆبوونەوەی داهاتووی لیژنەکەیان، بەڵکو بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند لە کاتێکی گونجاودا کۆدەبنەوە. 


[1] https://www.youtube.com/watch?v=emn-g1rEF8I
[2] https://www.youtube.com/watch?v=hNVGPGkrTyI
[3] https://www.youtube.com/watch?v=DbvsnZkodEM
[4] https://t24.com.tr/haber/chp-genel-baskani-ozgur-ozel-den-ittifak-atagi-meral-hanim-aramazsa-ben-ararim-hedep-le-seffaf-gorusurum-imamoglu-na-akil-danisiyorum-ama-vesayet-iliskisi-yok,1139187
[5] https://twitter.com/ameddicleT/status/1723793764668318104?t=JntSoFzVLSa8WrwWJBA4yA&s=09
[6] https://www.youtube.com/watch?v=QcTC7YpH7K0
[7] https://twitter.com/umitozdag/status/1723750432529383934?t=VRN9kM5cnelh4kOE48glnw&s=09
[8] https://www.rudaw.net/turkish/culture-art/11092022
[9] https://www.nupel.tv/hedepten-kurt-muzigi-uzerindeki-baskilar-ile-ilgili-arastirma-onergesi-288349.html
[10] https://www.youtube.com/watch?v=vM1ViuCETBE
[11] https://www.youtube.com/watch?v=AH2-FBm5w1Y
[12] https://www.dw.com/tr/i%CC%87sve%C3%A7-kat%C4%B1l%C4%B1m-protokol%C3%BC-i%C3%A7in-beklenmesi-karar%C4%B1-verildi/a-67418791
[13] https://www.youtube.com/watch?v=6x8rYm-MiVg

#تورکیا
بینێرە لە ڕێگەی