ئێران لە هەفتەیەکدا 13/11 تا 20/11/2023

03:56
22/11/2023
کوردستان مۆنیتەر

فۆتۆ: میدیاکان

هاوبەشی بکە

تاک

ئێران لە سوریا
هێرشی ملیلیشیاکانی سەر بە ئێران دژی هێزەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیل

- ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاند کە ئەندامانی بەرەی ڕزگاری جۆلان لە ئێستادا لەدەوروبەری بەرزاییەکانی جۆلان جێگیر بوون.
ڕوانگەى سوورى دەڵێت, کە لە تشرینی دووەمى ٢٠٢٣ نزیکەی ٧٠٠ چەکدار لە قونەیتڕە، ڕۆژئاوای ڕیفى دیمەشق و ڕۆژئاوای دەرعا جێگیرکراون. بە پێی زانیارییەکان  پەیمانگاى واشنتۆن ئەم گرووپە پەیوەندی لەگەڵ حزبوڵڵادا هەیە.

- بە پێی زانیارى میدیا ئێرانییەکان، لە ١٣ی تشرینی دووەم هێزەکانی حەشدی شەعبی کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێن، ١٥ مووشەکیان ئاڕاستەی هێزەکانی ئەمەریکا کردووە لە کێڵگەی نەوتی (ئەلعومەر)، هەروەها چەکدارانی نەناسراو بە مووشەکی گراد هێزەکانی ئەمەریکایان لە کۆنوکۆ کردووەتە ئامانج، بەپێی زانیارییەکاى ئاژانسی هەواڵی ناوخۆیی سوریا، میلیشیاکانی سەر بە ئێران لە پشت هێرشەکەی کۆنوکۆوە بوون.

- بە پێی زانیارییەکانى ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ، لە 13ی تشرین دووەم، چەند چەکدارێکی سەر بە ئێران فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانیان ئاڕاستەی هێزەکانی ئەمەریکا کرد لە فڕۆکەخانەی (أبو حجر).
بەپێی زانیارییەکانى میدیای دەوڵەتی ئێران، ئەو چەکدارانە سێ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان ئاڕاستەى هێزەکانی ئەمەریکا کردووە لە ناوچەى شەدادی لە پارێزگای حەسەکە لە سوریا.

- بەپێی زانیارییەکان چەکدارانی سەر بە ئێران لە 14ی تشرینی دووەم دوو مووشەکیان لە سوریاوە ئاڕاستەی بەرزاییەکانی جۆلان کردووە.
میدیا ناوخۆییەکانی سوریا بڵاویان کردەوە کە چەکدارەکان لە تەل جەمو لە پارێزگای دەرعا مووشەکیان ئاڕاستەی بەرزاییەکانی جۆلان کردووە و هێزەکانی ئیسرائیل بە هاوەن وەڵامیان داوەتەوە، ئەم هێرش و وەڵامدانەوە کورتە لە سوریا نیشانەی پەرەسەندنی ململانێکان نییە، چەکدارانی سەر بە ئێران، یان هێزەکانی سوپای عەرەبی سوریا لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕی ئیسرائیل و حەماسەوە لانیکەم ١١ جار لە سوریاوە مووشەکیان ئاڕاستەی بەرزاییەکانی جۆلان کردووە.

- گرووپێک چەکداری دیارینەکراو کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێن، لە 16ی ئەم مانگەدا دوو هێرشی مووشەکی بۆ سەر بنکەیەکی ئەمەریکا لە کێڵگەی نەوتی (ئەلعومەر) لە ڕۆژهەڵاتی سوریا ئەنجام داوە، چەکدارەکانی سەر بە ئێران لە دوای ١٨ی تشرینی یەکەمەوە پێنج جار هێرشیان کردووەتە سەر کێڵگەی نەوتی (ئەلعومەر).

- میدیای دەوڵەتی سوریا ڕایگەیاند، کە ئیسرائیل لە ١٧ی ئەم مانگەدا هێرشی ئاسمانی بۆ سەر باشووری دیمەشق ئەنجام داوە.
ڕوانگەی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاند، کە هێرشەکان کۆگاکانی چەکی حزبوڵڵای لوبنان و شوێنى میلیشیاکانی سەر بە ئێران لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی دیمەشق و ئەلبەهدالیا و سەیدە زەینەبیان کردووەتە ئامانج، لە هێرشەکەدا دوو ئەندامی میلیشیاکان کوژراون.

ڕوسیا داوای کردووە سوریا خۆی لە شەڕی نێوان ئێران و ئەمەریکا و ئیسرائیل بپارێزێت
هێزەکانی ڕوسیا هەوڵ دەدەن خۆیان لە پەرەسەندنى شەڕى ئێران لە دژی هێزەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیل لە سوریا بە دووربگرن.
میدیا ناوخۆییەکانی دێرەزوور بڵاویانکردەوە کە ژەنەراڵێکی ڕوسیا لە پارێزگای دێرەزوور فەرمانی بە سەرۆک شارەوانی و شێخەکانی ناوچەکە کردووە کە زانیارى کۆ بکەنەوە لەسەر ئەو میلیشیایانەی سەر بە ئێران کە هەوڵی هێرشکردنە سەر هێزەکانی ئەمەریکا دەدەن لە کێڵگەی غازی کۆنوکۆ، هەروەها ژەنەراڵەکە داوای کردووە چاودێری حەوت شارۆچکەى کەناری ڕۆژهەڵاتی ڕووبارى فورات بکرێت کە نزیکن لە پێگەکانی هێزەکانى ئەمەریکا.
چەکدارەکانی سەر بە ئێران لە ١٤ی ئەم مانگەدا لانی کەم ١٥ مووشەکیان ئاڕاستەی کۆنوکۆ کردووە، کە پێدەچێت لە ناوچەکانى نزیک ئەو حەوت شارۆچکەیە وە ئەنجامدرابێت.
ئەمەریکا لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕى ئیسرائیلەوە سێ هێرشی تۆڵەسەندنەوەی بۆ سەر پێگەی چەکدارانی سەر بە ئێران لە دێرەزوور ئەنجامداوە.
بەپێی زانیارییەکان ڕوسیا داواى لە سوپای عەرەبی سوریا کردووە کە نزیک نەبنەوە لەناوچەکانى بوونى چەکدارانی سەر بە ئێران لە باشووری سوریا و بەشداری شەڕی ئیسرائیل و حەماس نەکەن تا بەدوور بن لە هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل.
لە کۆتاییەکانی مانگی تشرینی یەکەم ئیسرائیل هێرشێکی ئاسمانی کردە سەر پێگەیەکی تەقەمەنی سوپاى سوریا  لە پارێزگاى دەرعا کە کیلۆمەترێک دوور بوو لە کەمپی سەربازی هێزەکانى ڕوسیا لە پارێزگای دەرعا.

ئێران لە عێراق
هێرش بۆ سەر هێزەکانی ئەمەریکا

- مقاوەمەى ئیسلامی لە عێراق ڕایگەیاند کە لە ١٢ی تشرینی دووەم هێرشێکی کردە سەر هێزەکانی ئەمەریکای لە سوریا، گرووپەکە بانگەشەی ئەوەی کرد کە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانى ئاڕاستەی هێزە ئەمەریکییەکان کردووە لە گوندی (خەزڕا).

- مقاوەمەى ئیسلامی لە عێراق ڕایگەیاند، کە سێ هێرشی کردووەتە سەر بنکەکانی ئەمەریکا لە سوریا. ئەو گرووپە بەدرێژایی ڕووباری فورات هێزەکانی ئەمەریکای کردە ئامانج لە پارێزگای دێرەزوور.

- مقاوەمەى ئیسلامی لە عێراق ڕایگەیاند، کە دوو هێرشی بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کردووەتە سەر هێزەکانی ئەمەریکا لە گوندی (خەزڕا) و کێڵگەی نەوتی (ئەلعومەر) نزیک لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا.

- مقاوەمەى ئیسلامی لە عێراق ڕایگەیاند کە لە 14ی ئەم مانگەدا چەندین مووشەکی ئاڕاستەى هێزەکانى ئەمەریکا کردووە لە کۆنوکۆ لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا.

- مقاوەمەى ئیسلامی لە عێراق لە 14ی تشرینی دووەم پەردەی لەسەر مووشەکێکی زەوی بۆ زەوی لادا، کە هاوشێوەى مووشەکی بالیستیکی کورت مەودای فاتح-110 دروستکراوی ئێرانە.
فاتح-110 مووشەکێکی کورت مەودایە، بە سووتەمەنى ڕەق کار دەکات و مەوداکەی لە نێوان ٢٠٠-٣٠٠ کیلۆمەتر دایە و کێشەکەى دەگاتە ٥٠٠ کیلۆگرام.
ئێران لە چەند بۆنەیەکدا مووشەکی فاتح-١١٠ی بەکارهێناوە بۆ هێرشکردنە سەر پێگەی پارتە کوردە بەرهەڵستکارەکانى ئێران و ئەمەریکا لە عێراق.

- مقاوەمەى ئیسلامی لە عێراق ڕایگەیاند، کە لە 15 تشرینی دووەم هێرشێکی کردووەتە سەر بنکەی عەین ئەسەد سەر بە هێزەکانى ئەمەریکا لە پارێزگای ئەنبار لە عێراق.
میلیشیاکانی سەر بە ئێران لە ناوەڕاستی مانگی تشرینی یەکەمەوە ١٨ جار هێزەکانی ئەمەریکایان لە بنکەی عەین ئەسەد کردووەتە ئامانج.

- مقاوەمەى ئیسلامی لە عێراق ڕایگەیاند، لە 16ی ئەم مانگە هیچ هێرشێکی بۆ سەر هێزەکانی ئەمەریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەنجام نەداوە، ئەو گرووپە لە 18ی تشرینی یەکەمەوە نزیکەی هەموو ڕۆژێک هێرشی کردووەتە سەر هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق و سوریا.

- کەتیبەکانى حزبوڵڵا کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێت، لە 16ی ئەم مانگە بەیاننامەیەکیان بڵاوکردەوە و هەڕەشەیان لە ئەمەریکا کرد، هەروەها لە بەیاننامەکەدا ستایشی "بەرگرى" گەلی فەلەستینیان کرد و ئەمەریکا و وڵاتانی دیکەی ڕۆژئاوا تۆمەتبار دەکەن بە پشتیوانى کردنى کردەوە سەربازییەکانی ئیسرائیل لە کەرتی غەززە.

- مقاوەمەى ئیسلامی لە عێراق لە ١٧ی ئەم مانگەدا سێ هێرشی ئەنجام دا، کە پێگەکانی ئەمەریکایان لە عێراق و سوریا کردە ئامانج.
مقاوەمەى ئیسلامی لە عێراق ڕایگەیاند هێرشێکی بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کردووەتە سەر هێزەکانی ئەمەریکا لە بنکەی ئاسمانی حەریر لە پارێزگای هەولێر لە باکووری عێراق، هەروەها  گرووپەکە ڕایگەیاند کە دوو هێرشی بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کردووەتە سەر هێزەکانی ئەمەریکا لە بنکەی ئاسمانی عەین ئەسەد لە پارێزگای ئەنبار، هەروەها دوو هێرشی دیکەى بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کردووەتە سەر هێزەکانی ئەمەریکا لە تەل بەیدەر لە پارێزگای حەسەکە لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا.

- مقاوەمەى ئیسلامی لە عێراق لە ١٨ی ئەم مانگەدا ڕایانگەیاند، کە بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشێکیان کردووەتە سەر هێزەکانی ئەمەریکا لە تەنەف لە باشووری ڕۆژهەڵاتی سوریا،  ئەم هێرشە هەشتەمین هێرشە  بۆ سەر تەنەف لە سەرەتای شەڕی ئیسرائیل و حەماسەوە.

- گرووپی (الظافرین) سەر بە مقاوەمەى ئیسلامی لە عێراق لە 17ی ئەم مانگە بەیاننامەیەکیان بڵاوکردەوە و هەڕەشەی ئەنجامدانى هێرشی زیاتری کرد بۆ سەر پێگە سەربازییەکانی ئەمەریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
ئەو گرووپە لە چەند هەفتەی ڕابردوودا چەندین جار هەڕەشەی لە ئەمەریکا کردووە و لە ٥ و ٨ی تشرینی دووەم بە هاوەن هێرشیان کردووەتە سەر بنکەکانی ئەمەریکا لە عێراق.
گرووپی (الظافرین) بە جیا لە بەیاننامەیەکەدا ستایشی کەتیبەکانى حزبوڵڵا و کەتیبەکانى سەیدولشوهەداى کرد بەهۆی هێرشەکانیان بۆ سەر بنکەکانی ئەمەریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

- مقاوەمەى ئیسلامی لە عێراق ڕایگەیاند کە لە 19ی ئەم مانگەدا بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشی کردووەتە سەر بنکەی ئاسمانی حەریر لە پارێزگای هەولێر لە هەرێمی کوردستانی عێراق. ئەمە هەشتەمین هێرشە کە بە پشتیوانی ئێران دەکرێتە سەر بنکەی ئاسمانی حەریر لە سەرەتای شەڕی ئیسرائیل و حەماسەوە.

ئێران لە یەمەن
- ئیسرائیل لە 14ی تشرینی دووەم لە ڕێگەى سیستمی بەرگری ئاسمانی (ئارۆ) ڕێگرى کرد لە مووشەکێکی حوسییەکان لەسەر دەریای سوور کە ئیلاتی دەکردە ئامانج لە باشووری ئیسرائیل.

- عەبدولمەلیک ئەلحوسی ڕابەرى حوسییەکان هەڕەشەی کرد کە کەشتییە ئیسرائیلییەکان لە دەریای سوور، بە تایبەتی لە دەوروبەری بابولمەندەب دەکەنە ئامانج.
حوسییەکان لە ساڵانی ڕابردوودا چەندین جار هەڕەشەیان لە هاتوچۆی دەریایی دەوروبەری دەریای سوور کردووە.
حوسییەکان توانای ئەنجامدانی ئەو جۆرە هێرشانەیان هەیە، بەو پێیەی هێزی قودسی سوپای پاسدارانی ئامڕازەکانی ئەو کارەى بۆ دابین کردوون.

- کەشتییەکی جەنگی هێزی دەریایی ئەمەریکا لە جۆرى (USS Thomas Hudner) لە ١٥ی ئەم مانگەدا فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی حوسییەکانی خستە خوارەوە کە بەرەو دەریای سوور دەڕۆیشت، ڕێگریکردن لە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکە چەند کاتژمێرێک دوای ئەوە هات کە وتەبێژی سەربازی حوسییەکان عەمید یەحیا ساریا بەرپرسیارێتی هێرشی مووشەکی بالیستیکی لە 14ی تشرینی دووەمی بۆ سەر ئیلات لە باشووری ئیسرائیل گرتە ئەستۆ.
ساریا ڕایگەیاند کە سوپای حوسییەکان پلانی هەیە بەردەوام بێت لەسەر هێرشەکانی بۆ سەر ئیسرائیل. بەیاننامەکەی ساریا هاوتەریبە لەگەڵ هەڕەشەی عەبدولمەلیک حوسی، ڕابەری حوسییەکان بۆ بە ئامانجگرتنی کەشتییە ئیسرائیلییەکان لە دەریای سوور و گەرووی باب ئەلمەندێب لە ١٤ی ئەم مانگە.

- محەممەد عەلی ئەلحوسی بەرپرسی باڵای حوسییەکان ڕەتیکردەوە کە ئەمەریکا توانیبێتى ڕێگری لەو فڕۆکە بێفڕۆکەوان و مووشەکانەی حوسییەکان بکات کە ئیسرائیلیان کردووەتە ئامانج.
محەممەد عەلی ئەلحوسی ئاماژەی بەوەدا کە هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەکی حوسییەکان بۆ پشتیوانی لە فەلەستینییەکانە لە غەززە و پێویستە ئەمەریکا گرتە ڤیدیۆییەکان بڵاو بکاتەوە بۆ ئەوەی بیسەلمێنێت کە توانیویەتى ڕێگرى لە هێرشەکان بکات.
حوسییەکان لە ١٩ی تشرینی دووەم کەشتییەکی بارهەڵگری ئیسرائیلیان ڕفاند کە بە دەریای سووردا تێدەپەڕی.
حوسییەکان بە خێرایی لە کۆپتەرێکەوە هاتنە سەر کەشتى گالاکسی و  ٢٥ کەس لە ئەندامی تیمى کەشتییەکەیان بە بارمتە گرت، ملیاردێری ئیسرائیلی بە ڕامی ئونگار خاوەنی کەشتییەکەیە.
بەرپرسانی باڵای حوسییەکان لە چەند هەفتەی ڕابردوودا چەندین جار هەڕەشەیان کردووە کە کەشتییە ئیسرائیلییەکان لە دەریای سوور دەکەنە ئامانج.

ئێران و بەرەى بەرگرى
وەزارەتی خەزێنەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە 17ی ئەم مانگەدا چەندین کەسایەتى و قەوارە و هێزی سیاسی دەستنیشان کرد کە لە لایەن ئێرانەوە پشتیوانى لێدەکرێت و ڕۆڵیان هەبووە لە هێرشەکانى ئەم دواییەى سەر پێگەى هێزەکانى ئەمەریکا لە ناوچەکە لەوانە:

- عیماد ناجی ئەلبەهادلی: لە ئێستادا ئەندامی ئەنجومەنی شورای حوکمڕانی حزبوڵڵایە، پێشتر بەرپرسی دامەزراندنی میلیشیاکان و مەشق و ڕاهێنانەکان بووە بۆ سوپای پاسداران، لەپشت هەوڵەکانى تۆقاندنی سیاسەتمەدارانی عێراق بوو بۆ پاڵپشتیکردنی هەوڵەکانى دوورخستنەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق.

- حەبیب حەسەن موغامیس دەراجی: حەبیب دەراجی لە ئێستادا وەک سەرۆکی کاروباری دەرەوەی کەتیبەکانى حزبوڵڵا کار دەکات و پێشتر لەگەڵ سوپای پاسداران مەشقی بە میلیشیاکانی حزبوڵڵا کردووە لە ئێراندا.

- جەعفەر ئەلحسێنی: ئەلحسێنی وتەبێژی میدیایی کەتیبەکانى حزبوڵڵایە و پشتیوانی لە پلاندانان بۆ هێرشکردنە سەر هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق کردووە.

- خالید کازم جاسم ئەلسکینی: فەرماندەیەکی باڵای سەربازی حزبوڵڵاى عێراقە و کارى کردووە لەسەر هەماهەنگ کردنى مەشقى کەتیبەکانى حزبوڵڵا لەگەڵ سوپای پاسداران.

- باسم محەمەد حەسب ئەلمەجیدی: لە ئێستادا سەرۆکی گەشەپێدانی بازرگانییە لەناو کەتیبەکانى حزبوڵڵا، هەروەها بەرپرسی کەناڵى  تەلەفزیۆنی (الاتجاه) و بە پشتیوانى دارایی ئێران کارى ڕاگەیاندن دەکات بۆ کەتیبەکانى حزبوڵڵا.

- موجتەبا جیهاندوست: بەرپرسیارە لە ئاسانکاری کردن بۆ گەشتی ئەندامانی کەتیبەکانى حزبوڵڵا بۆ ئێران بۆ مەشق و ڕاهێنان.

ئێران لەسەر ئاستى ناوخۆ
ئێران فشار لە میسر دەکات دەروازەی ڕەفەح بکاتەوە

ئیبراهیم ڕەئیسی فشار دەخاتە سەر میسر بۆ ئەوەی دەروازەی ڕەفەح بکاتەوە تا بتوانرێت یارمەتییە مرۆییەکان ڕەوانەى ناو کەرتی غەززە بکرێت.
ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک کۆماری ئێران و حسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری کاروباری دەرەوەی ئێران لە دوو دیداری جیاجیادا لەگەڵ عەبدولفەتاح سیسی سەرۆک کۆماری میسر و سامح شوکری وەزیری دەرەوەی میسر، داوایان لە حکومەتی میسر کرد دەروازەی ڕەفەح بکرێتەوە.
کۆبوونەوەکان لە پەراوێزی کۆبوونەوەی هاوبەشی کۆمکاری عەرەبی و ڕێکخراوی هاریکاری ئیسلامی بوو کە لە 11ی ئەم مانگە لە ڕیاز بەڕێوەچوو.

ئیسرائیل داوا لە میسر دەکات هاوکارییەکانی ئێران ڕەتبکاتەوە
میدیاکانی ئێران لە 13ی ئەم مانگەدا ڕایانگەیاند کە بەرپرسانی ئیسرائیل داوایان لە حکومەتی میسر کردووە 60 تۆن یارمەتی مرۆیی ئێرانی کە بۆ کەرتی غەززە تەرخان کراوە، ڕەت بکاتەوە.
 ڕاپۆرتە میدیاییەکان دیارییان نەکردووە کە بۆچی ئیسرائیل ڕێگری لەو هاوکارییە دەکات.

فەرماندەی هێزەکانی ناوخۆی ئێران سەردانی عێراق دەکات
لە 13ی ئەم مانگە، ئەحمەد ڕەزا ڕادان، فەرماندەى هێزەکانى ناوخۆى ئێران لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق لە بەغدا کۆبووەوە، ڕادان لەگەڵ محەمە شیاع سودانى، سەرۆکوەزیرانی عێراق و لیوا عادل خالدی وەزیری ناوخۆ و قاسم ئەعرەجی و ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی کۆبۆوە و مشتومڕیان لەبارەی جێبەجێکردنی یاسا و هاوکاری ئاسایشی سەر سنوورەکان کرد، هەروەها ڕادان لەسەر هاوکاری ئاسایشی ناوخۆ لەگەڵ فالح فەیاز سەرۆکی هێزەکانی حەشدی شەعبی گفتوگۆى کرد.  کۆبوونەوەکانی ڕادان دوای لێدوانەکەی عەلی خامنەیی ڕابەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران دێت کە دواى کردبوو ئێران و عێراق هەماهەنگییەکانیان زیاتر بکەن بۆ زیادکردنی فشارە سیاسییەکان لەسەر ئەمەریکا و ئیسرائیل.
ڕادان ئەندامێکی توندڕەوی سوپای پاسدارانە و ئەزموونێکی بەرفراوانی هەیە لە سەرکوتکردنى ناڕەزایەتییە سیاسییەکان. لە تەمەنی هەرزەکاریدا پەیوەندی بە بەسیج و سوپای پاسدارانەوە کردووە بۆ بەشداریکردن لە شەڕی ئێران و عێراق لە ساڵانی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا، لە ساڵی ٢٠٠٨ تا ٢٠١٤ وەک جێگری فەرماندەی جێبەجێکردنی یاسا کاری کردووە، لەو ماوەیەدا ڕۆڵی گرنگی هەبووە لە سەرکوتکردنی جوڵانەوەى سەوز لە ٢٠٠٩.
ڕادان لە ساڵی ٢٠١١دا گەشتێکی بۆ دیمەشق کرد بۆ هاوکارى کردنى ئەو وڵاتە لە سەرکوتکردنی  خۆپیشاندانەکاندا[1].

ئێران و قەتەر باس لە هەوڵی وەستاندنی هێرشی ئیسرائیل دەکەن
حسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری کاروبارى دەرەوەی ئێران لە 14ی ئەم مانگەدا پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ محەمەد بن عەبدولڕەحمان ئالسانی هاوتا قەتەرییەکەی ئەنجام دا.
میدیاکانی دەوڵەتی ئێران بڵاویان کردەوە کە هەر دوو لا باسیان لە هەوڵەکانی وەستاندنی ئۆپەراسیۆنەکانی ئیسرائیل و دابینکردنی یارمەتییە مرۆییەکان کردووە بۆ کەرتى غەززە.

میدیاکانی ئێران: ئەگەر هەیە ئەمەریکا پارە بلۆک کراوەکانی ئێران ئازاد بکات
میدیای دەوڵەتی ئێران لە 14ی ئەم مانگەدا ئەو ڕاپۆرتە ڕۆژئاواییانەی بڵاوکردەوە کە دەڵێت ئەگەر هەیە ئیدارەکەی جۆ بایدن ڕەزامەند بێت بە ئازاد کردنى پارە بلۆک کراوەکانى ئێران لە عێراق کەبڕەکەى دەگاتە 10 ملیار دۆلار[2].

ئێران هۆشداری داوەتە حەماس
میدیا ڕۆژئاواییەکان ڕایانگەیاندووە کە عەلی خامنەیی ڕابەری باڵاى کۆماری ئیسلامى ئێران لە میانی دیدارەکەیدا لەگەڵ ئیسماعیل هانیە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسی حەماس لە تاران لە 5ی تشرینی دووەم، گلەیی ئەوەی کردووە کە حەماس لە هێرشەکەی 7 تشرینی یەکەمى بەبێ ئاگادارکردنەوەى ئێران ئەنجام داوە.
هەروەها خامنەیی هەنیەى ئاگادار کردووەتەوە کە ئێران "بە ناوی ئێوەوە ناچێتە ناو شەڕەکەوە" و فشاری خستە سەر سەرۆکی حەماس بۆ بێدەنگکردنی ئەندامانی گرووپەکەی ئەوانەى داوا لە ئێران و حزبوڵڵا دەکەن بەتەواوی بەشداری شەڕ دژی ئیسرائیل بکات.

ئەمەریکا ڕێگە بە عێراق دەدات پارەی گاز بدات بە ئێران
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە 14ی تشرینی دووەم ماوەى بەخشینی سزاکانى سەر ئێرانى درێژ کردەوە کە لە مانگى تەممووزەوە ڕایگەیاندبوو و تێیدا ڕێگەى عێراق دابوو کە بۆ گێڕانەوەى پارەى گاز بە ئێران.
بەپێى ڕێککەوتنەکە ئێران دەبێت ئەو پارانە بۆ کڕینی ئەو کاڵایانە خەرج بکات کە سزاکان نایانگرێتەوە.

ئێران ڕاپۆرتی ڕۆژئاواییەکان ڕەت دەکاتەوە
بەرپرسانی ئێران و میدیای دەوڵەتی، ئەو ڕاپۆرتانەی ڕۆژئاوایان ڕەتکردەوە کە دەڵێن ئێران "راستەوخۆ" ناچێتە ناو شەڕی ئیسرائیل و حەماسەوە، ئەمەش بۆى هەیە ئەندامانی دیکەی بەرەى بەرگرى لە پشتیوانی بەردەوامی ئێران دڵنیا بکاتەوە.
ئاژانسی ڕۆیتەرز لە 15ی ئەم مانگەدا بڵاویکردەوە، عەلی خامنەیی ڕابەری باڵای شۆڕشی ئیسلامیی ئێران لە میانی کۆبوونەوەکەی لە گەڵ ئیسماعیل هەنیە سەرۆکی مەکتەبی سیاسی حەماس، ڕاگەیاندبوو کە ئێران "دەستوەردانێکی ڕاستەوخۆ" لە شەڕەکەدا ناکات.
خامنەیی هەروەها فشاری خستە سەر هانیە بۆ بێدەنگکردنی ئەو ئەندامانی حەماس کە داوا دەکەن ئێران و حزبوڵڵا بە تەواوی بەشداری شەڕی دژی ئیسرائیل بکەن.

ئێران: ئەوەی بۆ ئەم شەڕە پێویست بێت دەیکەین
ئیسماعیل قائانى فەرماندەی سوپای قودسی سوپای پاسداران نامەیەکی بۆ محەمەد زەیف سەرۆکی سەربازی حەماس نارد و جەختی لە پشتیوانی ئێران کردەوە بۆ حەماس و ڕایگەیاند " ئێران ئەوەى پێویست بێت لەم شەڕە مێژووییەدا بیکات، دەیکات". میدیای دەوڵەتی ئێران بە شێوەیەکی بەرفراوان نامەکەیان بڵاوکردەوە.
ئێران لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕی ئیسرائیل و حەماسەوە بە شێوەیەکی بەرفراوان لەگەڵ هێزە لەبرییەکانى و میلیشیا هاوبەشەکانی لە بەرەى بەرگرى هەماهەنگی کردووە. ئێران سەرەڕای ئەوەش ئاسانکاری بۆ فراوانکردنی شەڕەکە کردووە بۆ عێراق و لوبنان و سوریا بە ئاڕاستەکردن و هاندانی هاوبەشەکانی لەم وڵاتانە بۆ هێرشکردنە سەر ئامانجەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیل لە سەرتاسەری ناوچەکەدا، بۆیە لێدوانەکەی خامنەیی، کە دەڵێت ئێران ڕاستەوخۆ ناچێتە ناو شەڕەوە و لێدوانەکەى قائانى بۆ پشتیوانی بەردەوام لە بەرەى بەرگى، دژ بەیەک نین بەو پێیەی ئێران لە ڕێگەی بەرەى بەرگرییەوە دەستی لە شەڕەکەدا هەیە.

ئێران لەگەڵ ڕوسیا و کازاخستان کۆدەبێتەوە
عەلی باقری جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران لە ١٦ی ئەم مانگە لە تاران لەگەڵ هاوتا ڕوسی و کازاخستانییەکەى سێرگی ڕیابکۆڤ و ئەلیبەک باکایڤ بە جیا لە تاران کۆبووەوە. باقری لەگەڵ ڕیابکۆڤ باسی پێشهاتە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان، دانوستانە ناوەکییەکان، پرسە ئابوورى و کۆمەڵایەتییەکانى کرد.
لەگەڵ باکایڤ-یش باسی لە هاوکاری زانستی و کولتووری نێوان ئێران و کازاخستان کرد. باقری لە دیدارەکەی لەگەڵ باکایڤدا ڕووماڵی شەڕی ئیسرائیل و حەماسی کرد و ڕایگەیاند، کە دەبێت هەموو وڵاتانی موسڵمان فشار بخەنە سەر ئیسرائیل بۆ ئەوەی شەڕەکە ڕابگرێت.
ڕیابکۆڤ و باکایێڤ بە جیا چاوپێکەوتنیان لەگەڵ مەهدی سەفاری جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ کاروبارى دیپلۆماسی و ئابووریی کرد[3].

وەزیرانی دەرەوەی ئێران و فەڕەنسا کۆبوونەوە
حسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری کاروبارى دەرەوەی ئێران لە 16ی ئەم مانگە لەگەڵ کاترین کۆلۆنا هاوتا فەڕەنسییەکەی لە جنێڤی سویسرا کۆبووەوە.
عەبدوڵڵاهیان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس (تویتەر) نووسیویەتی کە ئەو و کۆلۆنا "گفتوگۆیەکی ڕاشکاوانە و گرنگ"یان کردووە.
کۆلۆنا هۆشداری دا بە ئێران کە شەڕەکە زیاتر فراوان نەکات، بەتایبەتی بۆ لوبنان. کۆلۆنا سەرەڕای ئەوەش داوای ئازادکردنی دەستبەجێی چوار هاووڵاتی فەڕەنسی کردووە کە لە ئێران دەستبەسەرن[4].

ئێران: بەرەى بەرگرى بە سەرکەوتوویی ئیسرائیلی ناسەقامگیر و گۆشەگیر کردووە
محەممەد ڕەزا ئاشتیانی وەزیری بەرگری و لۆجستیکی هێزە چەکدارەکانی ئێران لە ١٨ی تشرینی دووەم ئاماژەی بەوە دا کە بەرەى بەرگرى لە دوای هێرشی ٧ی تشرینی یەکەمەوە بە سەرکەوتوویی ئیسرائیلی ناسەقامگیر و گۆشەگیر کردووە.
ئاشتیانی جەختی لەوە کردەوە کە هێرشی گەردەلولى ئەقسا کۆچی جولەکەکانی بۆ ئیسرائیل کەمکردووەتەوە و قەیرانی ئابووری و سیاسی و ئەمنی بۆ ئیسرائیل دروستکردووە، هەروەها ڕایگەیاند کە شەڕەکە هەستی دژە ئیسرائیلی لە سەرانسەری جیهاندا دروست کردووە و متمانەی حکومەتی ئیسرائیلی تێکداوە.
ئاشتیانی لە کۆتاییدا ئاماژەی بەوەدا کە شکستە سەربازی و هەواڵگرییەکانی ئیسرائیل لە ٧ی تشرینی یەکەم دەرفەت دەڕخسێنن بۆ هێرشی داهاتوو لە دژی ئیسرائیل[5].

خامنەیی پشتیوانی ڕۆژئاوای بۆ ئیسرائیل لە دژى فەلەستینییەکان ئیدانە کرد
عەلی خامنەیی ڕابەری باڵاى شۆڕشی ئیسلامیی ئێران لە ١٩ی تشرینی دووەم سەردانی پێشانگای هەمیشەیی هێزی ئاسمانیی ئێرانى کرد لە زانکۆی زانست و تەکنەلۆجیای فڕۆکەوانیی عاشورا لە تاران.
خامنەیی پشتیوانی ڕۆژئاوای بۆ ئیسرائیل لە دژى فەلەستینییەکان ئیدانە کرد و داوای لە دەوڵەتە موسڵمانەکان کرد کە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل بپچڕێنن، هەروەها خامنەیی سەردانى بەشی چەکە تازە بەرهەمهێنراوانەى کرد لە دامەزراوەکەدا، لەوانە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی شەڕکەری شاهید-١٤٩ و مووشەکی کروزی هایپەرسۆنیکی فاتح-٢[6].

[1] https://www.criticalthreats.org/analysis/iran-update-november-13-2023
[2] https://www.criticalthreats.org/analysis/iran-update-november-14-2023?mkt_tok=NDc1LVBCUS05NzEAAAGPb64UB1YrrR6vDB5YkHUz5tP0_Hyigm4_XrjacmqlbRDxI6JlvFaS39RBF8pYS-2pNYjMdJ5HJ8RdOlqYWy-M6zqKsBfG1XmghObiJ0WroDa7NGH9
[3] https://www.criticalthreats.org/analysis/iran-update-november-16-2023?mkt_tok=NDc1LVBCUS05NzEAAAGPed9TXd6MwlEXgTmBSzNP3fKM6K-0YdaBzGGo6irRWBScRNtzu3TogQkNQTGB-i451QfK6zYWEmLBYmdHGM4t0mI8cShCLvuJ5ycoRl6_T2-3jU72
[4] https://www.criticalthreats.org/analysis/iran-update-november-17-2023?mkt_tok=NDc1LVBCUS05NzEAAAGPfxNyyWqAKL1VSs5A7EJklw2fTC9o3efz-JAI6KR3TiSKrpioyjWmfxJj1TLQ3jhtrqaUHstKLbzBFKnSz4QHI98J7Mryai2dDJqAzV7gRmeUWxVe
[5] https://www.criticalthreats.org/analysis/iran-update-november-18-2023-65595a9fe2024
[6] https://www.criticalthreats.org/analysis/iran-update-november-19-2023-655aade0c5170?mkt_tok=NDc1LVBCUS05NzEAAAGPiYlZ6jwsdEczWTU1cbPVT5eq6e72CYwglUA52gTP7x2v56nQahWwA3w-uPRuHWiQagGnObeYqgj99ajHBFGpJbY0g6PkBEN7ixQnf4LJb63Tx_ss

#ئێران
بینێرە لە ڕێگەی