تاكتیكی توندڕەوی توندوتیژ بۆ كەمەندكێشكردنی جەماوەر لە ئینتەرنێت

05:11
22/11/2023
ڕانان

فۆتۆ: میدیاکان

هاوبەشی بکە

ڕانانی: مونا ئوسامە
وەرگێڕانی: تاك

گەشەی تەکنەلۆژیا و ئاسانی بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پشکی هەبووە لە دروستکردنی ژینگەیەکی بەپیت بۆ گرووپە توندڕەوەکان تا بانگەشە بۆ ئەجێندا و بیری توندڕەوی خۆیان بکەن، بەم جۆرە فەیسبووک، تویتەر (ئێکس)، یوتیوب، تێلێگرام و بەرنامەکانی تریش بوونەتە کەرەستەیەکی چالاک بۆ گرووپە توندڕەوەکان بۆ بەئەندامگرتنی ئەوانەی هاوسۆزن لەگەڵیان، ئەمەش لە ڕێگەی دەستکاریکردنی زانیاری و بڵاوکردنەوەی هەواڵی ساختە.
ڕێکخراوە توندڕەوەکان لە ڕێگەی ئینتەرنێتەوە کەم تەمەنەکان بە ئامانج دەگرن، بەهۆی ئاسانی کارتێکردنیان و کەمەندکێشکردنی سۆزیان، بەوەش توندڕەوەکان بەهۆی ئینتەرنێتەوە بوونەتە مەترسییەکی بەرچاو بۆ حکومەت و کۆمەڵگەکان و پێویستە ڕووبەڕووی ببنەوە، لەسەر ئەو بنەمایە چەندین دەستپێشخەری کراوە بۆ ڕیشەکێشکردنی تیرۆر، لەوانە هەوڵەکانی: فەیسبووک، مایکرۆسۆفت، تویتەر و یوتیوب، (Tech Against Terrorism) کە بە ئامانجی بەرەنگاربوونەوەی بەکارهێنانی تەکنۆلۆژیای زانیاری و پەیوەندییەکان بۆ ئامانجی تیرۆریستی لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە پاڵپشتی دەکرێت، بە تایبەتیش بەئەندامگرتن و کاری تیرۆریستی، ئەمە سەرەڕای پارەدارکردن، پلان و ئامادەسازی.
لەم چوارچێوەدا، ڕاپۆرتی (تاکتیکی توندڕەوی توندوتیژ لە ئینتەرنێت) کە لە 2023 لەلایەن دامەزراوەی ڕاند "RAND"بڵاوکراوەتەوە، لەلایەن توێژەران جوان نیکلسۆن، شۆن کیلینگ و ماریفۆلد بلاک ئامادە کراوە، ڕەفتار و سەکۆکانی تەکنەلۆژیا کە توندڕەوەکان لە ئینتەرنێت بە کاری دەهێنن دەخاتەڕوو، ڕاپۆرتەکە باس لەوەش دەکات کە چۆن ڕووبەڕووی چالاکیی توندڕەوەکان ببیتەوە، بە تایبەت توندڕەوی توندوتیژ بە پاساوی ئایدۆلۆژی وەکو ڕێکخراوی قاعیدە و داعش.
ڕاپۆرتەکە پشت ئەستوورە بە نموونەیەکی تێکەڵاو کە پێنج قۆناغ لە خۆ دەگرێت، بۆ نموونە: بەکارهێنانی گشتیی ئینتەرنێت، کە خستنەڕووی ناوەرۆکی توندڕەوی لە خۆ دەگرێت، دیاریکردنی ئەولەویەتی ناوەرۆکی توندڕەو، کەمکردنەوەی مەترسی و ئاشکراکردنی ناسنامەی توندڕەو، جەختکردنەوە لەسەر ناوەرۆکی توندڕەوی توندوتیژ.

ژینگەیەکی نەرم
دوو هۆکار وای کردووە کە فەزای ئەلیکترۆنی ژینگەیەکی هاندەری چالاکیی توندڕەوی بێت، ئەوانیش: بوونی ئازادی و دیموکراتی پەیوەندییەکان و تەکنۆلۆژیای نوێ، هۆشیاری و ئاگایی بەردەوامی تیرۆریستانی هاوچەرخ لە بەکارهێنانی ئینتەرنێت وەک ئامڕازێک بۆ بەدیهێنانی مەرامەکانیان. بۆیە ئینتەرنێت بووەتە پەناگەی توندڕەوەکان، تەنانەت پێش ئەوەی بەم جۆرە بەربڵاویش بێت، سوودیان لێوەرگرتووە، لەگەڵ دەرکەوتنی تۆڕە لامەرکەزی، کۆدکراو (مشفر) و تۆڕە تاریکەکان "Dark web" چالاکیی توندڕەوی توندوتیژ فراوانتر بوو.
بەپێی ڕاپۆرتەکەی ڕاند، توندڕەوەکان تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بۆ بڵاوکردنەوە و دروستکردنی بابەتی ڕاگەیاندنی تایبەت بەکاردێنن، ئەمەش بۆ کەمەندکێشکردنی شوێنکەوتوانیان تا چالاکیی واقیعی و گریمانەیی بکەن، تەنانەت هەندێک جار بە کاری دەهێنن بۆ پەرەپێدانی سەرچاوەی دارایی و کۆکردنەوەی کۆمەک، بەڵام ئاڵنگارییەکە لێرەدا ئەوەیە گۆڕانکارییە خێرا و بەردەوامەکان لە بەرنامە و سەکۆکان توانای بەدواداگەڕانی تێپەڕاندووە و ناتوانرێت بە تەواوی ڕووبەڕووی چالاکیی توندڕەوەکان لە ئینتەرنێت ببیتەوە، بۆیە دەلاقەیەک لە نێوان سیاسەتی حکومی و ناحکومی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی توندڕەوی و خۆگونجاندنی توندڕەوان لەگەڵ گەشەی تەکنەلۆژیا دەبینرێت.
سەرەڕای ئەوەش، ئینتەرنێت یارمەتیدەری گۆڕینی بەکارهێنەرانی ئاساییە بۆ توندڕەو، ئەمەش دەرەنجامی بەرکەوتنی بەردەوامی بەکارهێنەر لەگەڵ بیر و ڕەفتاری توندڕەو لە پێگە ئەلیکترۆنییەکان و بە تایبەتیش لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، دواتریش ئەو بەکارهێنەرانە خۆنەویستانە دەبنە ئەندام، بێ ئەوەی گرووپە توندڕەوە دیارەکان بەشدارییان کردبێت.

ڕەفتاری توندڕەوانە
ڕاپۆرتەکەی ڕاند ئاماژە بەو نامەگۆڕینەوانەی ئوسامە بن لادن دامەزرێنەری ڕێکخراوی قاعیدە و ڕێبەری پێشوو دەکات کە دەگەڕێنەوە بۆ حوزەیرانی 2002، ئەو لە نامەکانیدا جەخت لەسەر جەنگی ڕاگەیاندن دەکاتەوە وەک ئامادەسازییەک بۆ جەنگ، ئەمەش ڕەنگدانەوەی درک پێکردنی پێشوەختەی سەرکردایەتی قاعیدەیە بۆ توانای بەرفراوانی ئینتەرنێت، پاشانیش بەکارهێنانی ئەو توانایانە بۆ پاڵپشتی ئامانجی ستراتیژی و جێبەجێکردنی، بەمەش دەتوانرێت ژینگەیەک بۆ چالاکیی توندڕەوی کە پێ بە پێ لەگەڵ گەشەسەندنی تەکنەلۆژیا و بەرنامەکانی ئینتەرنێت بڕوات، بەدی بێت.
1- پێگەی ئەلیکترۆنی و پلاتفۆڕم: لە یەکەمین هەوڵەکان بۆ قۆستنەوەی ئینتەرنێت لەلایەن توندڕەوەکانەوە، دروستکردنی پێگەی (azzam.com) بوو لە 1997 کە لەلایەن خوێندکارێکی ئیمریال کۆلێج لە لەندەن دروست کرا، پێگەکە گرنگی بەو ململانێیانە دەدا کە لەو قۆناغەدا لە تەواوی جیهانی ئیسلامیی هەبوو، لەوانە: بۆسنە و هەرسک، چیچان، کشمیر و ئەفغانستان، ساڵی 2000 ڕێکخراوی قاعیدە پێگەی (maalemaljihad.com) دروست کرد، کە تا تەممووزی 2002 چالاک بوو، لە نیسانی 2003 پێگەی نوێی قاعیدە لەژێر ناوی (فارووق) کەوتە کار.
چالاکییەکانی ڕێکخراوی قاعیدە تەنیا لە بارەگای سەرەکیدا کورتهەڵنەهاتبوو، بەڵکو چالاکییەکان گوازرانەوە بۆ شانەکانی ڕێکخراوەکە لە ناوچە عەرەبییەکان، بە جۆرێک کە بەشداربوون لە دروستکردنی ڕایگشتی لە ڕێگەی ژووری گفتوگۆ و پلاتفۆڕمەکانەوە، لە کۆتاییەکانی 2003 شەپۆلێکی پێگەی ئەلیکترۆنی توندڕەو دەرکەوتن، ئەمەش لە سەروبەندی جەنگی عێراق بوو، لەوانە: پلاتفۆڕمی ئەنسار (الانصار)، ئیخلاس (الاخلاص)، بەڕاق (البراق)، فیردەوس (الفردوس) و شموع ئیسلام (شموع الاسلام).
2- تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان: لەگەڵ دەرکەوتنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی وەکو فەیسبووک، تویتەر و ئینستاگرام، توندڕەوەکان ئەو تۆڕانەیان قۆستەوە، لەو ڕێگەیەوە شێواز و ڕێگای نوێیان بەکارهێنا بۆ دروستکردنی کاریگەری لەسەر ڕووداوەکان و بوونیادنانی تۆڕێکی بەرفراوانی پەیوەندی لەگەڵ جەماوەر، لێرەدا دەکرێت ئاماژە بە داعش بکرێت کە لە نێوان ساڵانی 2013- 2015 باڵێکی ڕاگەیاندنی پێشکەوتووی بوونیاد نا، پەیوەندییەکی پتەوی لەگەڵ جەماوەر دروست کرد، بەو هۆیەوە ژمارەیەکی زۆر کەسی کردە ئەندام و چەکداری خۆی و پارێزگاری پەیوەندی لەگەڵ جەماوەرە جیهانییەکەی کرد.
3- بەرنامەی تێلێگرام: لەگەڵ دروستبوونی بەرنامەکە، گرووپە توندڕەوەکان و لە سەروو هەمووشیانە داعش چەندین گرووپ و کەناڵی گشتیی (کراوە بوو بۆ هەموو کەس دەیتوانی بچێتە ناوی) و تایبەتی (پێویستی بە داواکردن، یان پێدانی لینکی تایبەت بوو) کردەوە، بەکارهێنەر دەیتوانی بچێتە ناو ئەو کەناڵانە و توندڕەوەکان تایبەتمەندی ڕۆبۆتی نەناسراویان بۆ بڵاوکردنەوەی بابەتەکان بەکارهێنا، لە نێوان ساڵانی 2016- 2017 تێلێگرام بووە سەکۆی سەرەکی داعش و توندڕەوە توندوتیژە پەیوەستەکانی پێوەی، گرووپە تایبەتەکان لە بەرنامەکەدا توانایان هەبوو بۆ ماوەیەکی درێژ لە چالاکیی بەردەوام بن بێ ئەوەی ئاشکرا بن، یان گرووپەکەیان بسڕێتەوە، تا ئێستاش تویتەر ژینگەیەکی بەهێز و لەباری ئاشکرایە بۆ توندڕەوەکان لەپێناو گەیشتنی خێرا و بەرفراوان بە جەماوەر بەراورد بە تێلێگرام.
4- تۆڕی لامەرکەزی و تۆڕی تاریک: سروشتی تۆڕە لامەرکەزییەکان (لە چەندین تەکنیک پێکدێت بە بەکارهێنانی کۆدی کراوە کە ئامانج لێی لاوازکردنی جڵەوکردنییەتی لەلایەن ناوەندێکی دیاریکراو لە ئینتەرنێت) وای کردووە ببێتە ئامڕازێکی چالاک ئەو بابەتەی بڵاو دەکرێتەوە، ناتوانرێت بە سانایی بسڕێتەوە، بۆ نموونە لە 2014 داعش زنجیرەیەک هەژماری لەسەر سێ سەکۆی لامەرکەزی دروست کرد، لە تشرینی یەکەمی 2017 و 2018 ڕێکخراوی داعش هەژماری تری لە چەند سەکۆیەکی تر لە (Element، Rocket.Chat، ZeroNet) دروست کرد.
هەر لەو چوارچێوەدا، تۆڕی تاریک ئاستێکی بەرزتری ئاسایشی کەسیی بۆ بڵاوکردنەوەی بابەت دەستەبەر دەکات، بۆیە ناوەندەکانی ڕاگەیاندنی داعش لە 2021 لە هەر دوو پێگەی (Surface Web، Dark Web) بۆ ئەرشیفکردن، بڵاوکردنەوەی بەیاننامەی فەرمی، وێنە و ڤیدیۆ چالاک بوون، نموونەی ئەو کەناڵانەی داعش لە تۆڕی تاریک (اساس إعلام، أخبار المسلمین، الرائد).

تاکتیکی ئەلیکترۆنی
ڕێکخراوە توندڕەوەکان لەپێناو گەیشتن بە جەماوەر و بەشداریپێکردنیان لە توندڕەوی توندوتیژ تاکتیکی جۆراوجۆر پەیڕەو دەکەن، ئەمەش ئازادی ئەنجامدانی مانۆڕ لە بەرامبەر ڕێوشوێنی دژەکانیان پێ دەدات، هەروەک جۆرێک لە نەرمی لە سیستمەکەدا دەستەبەر دەکات، لەو تاکتیکانە:
1- سەرقاڵکردن و پەرشکردن: ئامانج لەمەش پاراستنی هەژماری توندڕەوەکانە لە شیکاری خوارزمی بەهۆی زیرەکی دەستکردەوە، بۆ نموونە پەرشکردنی دەق (بەکارهێنانی سیمبول لە جیاتی پیت)، پەرشکردنی بینین (بەکارهێنانی وێنەی گومڕاکەر بۆ شاردنەوەی ناسنامە)، پەرشکردنی هەژمار (بەکارهێنانی ناوی خوازراو).
2- ئاسایش و هەڵبژاردنی پلاتفۆڕم: توندڕەوەکان تاکتیکی شاردنەوەی ناسنامە بەکاردێنن، بۆ نموونە تۆڕی تایبەت و ئیمەیڵی کۆدکراو (مشفر) و (TOR) و پلاتفۆڕمێک کە کەمتر سنووردارە، لەوانە تێلێگرام و تۆڕە لامەرکەزییەکان.
3- پەیوەستکردنی ژینگەی تۆڕەکان: توندڕەوەکان لە نێوان پلاتفۆڕمە جیاوازەکان هەمان بابەت لە هەمان کاتدا بڵاو دەکەنەوە، بەمەش خۆدەپارێزن لە ڕێکارەکانی پلاتفۆڕمەکان و ناوەرۆکە بڵاوکراوەکە بۆ ماوەیەکی زۆرتر دەمێنێتەوە.
توندڕەوەکان ناوەرۆکی جۆاروجۆر و بەشێوەی بەردەوام بەرهەم دەهێنن، تا پارێزگاری لە جەماوەری بە ئامانج گیراو بکەن و کەسانی نوێش کەمەندکێش بکەن، تا وا لە جەماوەر بکەن ئەو ناوەرۆکە دووبارە بڵاو بکەنەوە، بەمەش دۆخێک لەبار بۆ کارلێکی جەماوەر دروست دەکەن، بە شێوەیەکی گشتیش گۆڕان لە بەکارهێنێکی ئاساییەوە بۆ توندڕەو پلەبەندییە و ئەزموونێکی کەسییە.

ڕێکاری بەرەنگاربوونەوە
ڕاپۆرتەکەی ڕاند پێشنیاری شیکاری زیاتر بۆ ڕەفتاری توندڕەوەکان لە ئینتەرنێت دەکات، تا سیما دیارەکان لە قۆناغە جیاوازەکان بەڕوونی دەربکەوێت، هەروەک پێشنیار دەکات چاودێری ڕەفتاری توندڕەوەکان لە هەر دوو قۆناغی چالاکیی و سستی بکرێت، تا شێوازی ئەو گۆڕانەی بەسەریاندا دێت لە هەر قۆناغێکدا ڕوون ببێتەوە، هەروەک پێویستە چاودێری و شیکاری ژینگەی ناوخۆیی و دەرەکی توندڕەوەکان بکرێت.
پێویستە هاوکاری و هەماهەنگی لە نێوان گرووپەکانی تایبەت بە چاودێری توندڕەوی و تیرۆر بکرێت، زانیاری ئاڵوگۆڕ بکەن و هۆشیاری زیاتر بڵاو بکەنەوە، چالاکیی توندڕەوی توندوتیژ لە ئینتەرنێت دوور لە ڕووداو و کێشەکانی تر ڕوونادات، بۆیە پێویستە ستراتیژی بەرەنگاربوونەوەی توندڕەوی بابەتەکانی تریش لە خۆ بگرێت، لەوانە: بڵاوکردنەوەی زانیاری گونجاو و دروستکردنی متمانە لە نێوان دەزگاکان.

پوختە
ڕاپۆرتەکەی ڕاند تێدەکۆشێت لە ڕەفتاری توندڕەوی توندوتیژ لە تۆڕەکانی ئینتەرنێتدا تێبگەین، ئەو سیستمە ئینتەرنێتییەی بە جۆراوجۆری پلاتفۆڕم و داهێنانی تەکنەلۆژیا تایبەتمەندی جیاوازی بە توندڕەوەکان بەخشیوە، ئەوان لەناو تۆڕەکانی ئینتەرنێت دەگەڕێن ئەو شوێنانە بدۆزنەوە بۆ بڵاوکردنەوەی بابەتەکانیان کە ئەمانی زۆرتری تێدایە و ئاڵنگاری کەمتریان تووش دەکات.
ڕاپۆرتەکە بەوە کۆتایی دێت کە دەخوازێت تێڕوانینێکی قووڵ و گشتگیرتر لە توندڕەوی توندوتیژ لە ئینتەرنێتدا بداتە خوێنەر، جا توندڕەوییەکە بە پاڵنەری ئایدۆلۆژی بێت، یان پاڵنەری ڕەگەزپەرستی، ئەم تێگەیشتنە قووڵەش وا لە بڕیاربەدەستان دەکات بیر لە چارەسەری جیاواز و نوێ بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ توندڕەوی توندوتیژ لە ئینتەرنێت و ئاڵنگارییەکانی بەردەمی بکەنەوە.


سەرچاوە
https://futureuae.com/ar-AE/Mainpage/Item/8716

#داعش_و_گرووپە_توندڕەوەکان
بینێرە لە ڕێگەی