تورکیا لە هەفتەیەکدا 18/11 تا 24/11/2023

10:50
25/11/2023
کوردستان مۆنیتەر

فۆتۆ: میدیاکان

هاوبەشی بکە

تاک
تورکیا گەورەترین دۆستی هەولێرە، بەڵام دژی ڕۆژئاوایە

ڕۆژی دووشەممە ٢٠ی تشرینی دووەم هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا ڕایگەیاند، "ئێمە گەورەترین دۆستی هەولێرین لە ناوچەکە".
فیدان لە چوارچێوەی گفتوگۆکانی لیژنەی بودجە و پلاندانان تایبەت بە بەشە بودجەی وەزارەتەکەی ئاماژەی بەوە دا، "پەیوەندییەکانی تورکیا و هەرێمی کوردستانی عێراق هەتا بڵێی باشە و گەورەترین دۆستی هەولێریش ئەنقەرەیە". هاکان فیدان جەختی لەوە کردەوە، تورکیا دژی پەکەکە-یە و بەهیچ جۆرێک دوژمنایەتی کورد لە بەرنامەی کاری وەزارەتی دەرەوە و حکومەتدا نییە. هەربۆیە فیدان ڕخنەی توندی لە پەرلەمانتارانی پارتی دیموکراسی و یەکسانی گەلان (هەدەپ) گرت بەوەی "هەوڵدەدەن بابەتەکان بەلاڕێدا ببەن و دەیانەوێت وای نیشان بدەن دەوڵەت و حکومەت دژی کوردە".[1]
لە بەرامبەردا ئایشەگیول دۆغان پەرلەمانتاری هەدەپ و ئەندامی لیژنەی بودجە و پلاندان ڕەخنەی توندی لە وەزیری دەرەوەی تورکیا گرت و ساڵانی پێش ٢٠١٥ی بیرهێنایەوە کاتێک تورکیا چەند جارێک ساڵح موسلیمی هاوسەرۆکی پەیەدە-ی بانگهێشتی ئەنقەرە کردووە، بەڵام "ئێستا بە تیرۆریستیان دەزانێت".
دۆغان جەختی لەوە کردەوە، "هەرێمی کوردستانی عێراق و کانتۆنەکانی ڕۆژئاوا هەردووکیان کوردن، بۆچی تورکیا دەبێت بە گەورەترین دۆستی هەولێر، بەڵام لە کاتێکدا پێش ٢٠١٥ فەڕشی سووری بۆ ساڵح موسلیم ڕاخستووە، ئێستا خستوویەتییە لیستی سووری تیرۆریستانەوە".[2] 

میت بەرپرسی کەرکوکی پەکەکە لە سلێمانی دەکاتە ئامانج
بەگوێرەی هەواڵی ئاژانسی ئەنادۆڵی تورکیا لەلایەن دەزگای هەواڵگری نیشتمانی ئەو وڵاتە (میت) لە ئۆپەراسیۆنێکی تایبەتی نهێنیدا ڕەمزی ئاڤجی Remzi Avcı ناسراو بە چیا احمد Çiya Ahmedی بەرپرسی هەرێمی کەرکوکی پەکەکە لە سلێمانی کوژراوە.
لە هەواڵەکەدا بە پشت بەستن بە سەرچاوە ئەمنییەکانی میت، باس لەوە کراوە، "ڕەمزی ئاڤجی لە ساڵی ١٩٩٢ پەیوەندی کردووە بە ڕێزەکانی پەکەکە-وە لە خۆپیشاندان و ڕووداوەکانی هەڵکەندنی خەندەق لە ئامەد، عەفرین، شەنگال و گارە بەشداری چالاکییەکانی ئەو حزبەی کردووە". ئەو بەرپرسەی پەکەکە یەکێک بووە "لەو تیرۆریستانەی ناوی لە لیستی سووری داواکراوانی تورکیادا بووە".[3]

هێرشی ئاسمانی بۆسەر قەندیل و دەوروبەری
ڕۆژی هەینی ٢٤ی تشرینی دووەم وەزارەتی بەرگری تورکیا ڕایگەیاند، ١٧ بنکە و بارەگایان لە چیاکانی هەرێمی کوردستان بۆردوومان کردووە و پیدەچێت چەند بەرپرسێکی پەکەکە لە هێرشەکاندا پێکرابن.
لە ڕاگەیەنراوەکەی وەزارەتی بەرگری کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی X بڵاوکراوەتەوە ئاماژە بەوە دراوە، "لە چوارچێوەی هێرشە ئاسمانییە بەردەوامەکاندا ١٧ مۆڵگەی تیرۆریستان لە چیاکانی قەندیل، گارە، خواکورک و مەتینا لە باکووری عێراق بۆمباران کراون و پێشبینی دەکرێت چەند بەرپرسێکی گرووپی تیرۆریستی جوداخواز (بۆتەئۆ) Bölücü Terör Örgütü (BTÖ) لە هێرشەکاندا پێوە بووبن. بەگوێرەی ڕاگەیەنراوەکە بێت، زۆربەی ئەو کەرەستە سەربازییانەی لە هێرشەکەدا بەکارهێنراون بەرهەمی تورکیا خۆی بوون و "ژمارەیەکی زۆر تیرۆریست لەناوبراون".[4]  

دادگا کورتکراوەی "هەدەپ HEDEP" پەسەند ناکات، بەرپرسانی حزبەکە دەیانەوێت بیگۆڕن
ئەنجومەنی دادوەریی تورکیا ناوی کورتکراوەی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (هەدەپ)(HEDEP)  پەسەند ناکات.
بەگوێرەی بریارەکەی ئەنجومەنی دادوەری کە ڕۆژی پێنج شەممە ٢٣ی تشرینی دووەم دەرچووە، "لەبەرئەوەی کورتکراوەی هەدەپ، کورتکراوەی هادەپ بەبیری خەڵکی دەهێنێتەوە، هادەپ-یش کورتکراوەی پارتی دیموکراسی گەل Halkın Demokrasi Partisi بووە، بۆیە ڕێگە بە کورتکراوەی (هەدەپ) پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان نادرێت".[5]
هادەپ لە ١١ی ئایاری ١٩٩٤ دامەزراوە و لە ١٣ی ئازاری ٢٠٠٣ بە بەهانەی ئەوەی "بووە بە ناوەندی چالاکی نایاسایی" لەلایەن دادگای دەستووری تورکیا داخراوە.
 بەهۆی مەترسی داخستنیەوە پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) لە هەڵبژاردنەکانی ئەمساڵدا لەژێر چەتری پارتی چەپی سەوز (یەسەپە)دا بەشداری هەڵبژاردنەکانی کرد. دوای شکست و کەمبوونەوەیەکی بەرچاوی ژمارەی کورسییەکانیان لە پەرلەمان هەدەپە و یەسەپە کۆنگرەیان بەست، هەدەپە بڕیاری دا بە تەواوی بچێتە ناو یەسەپە-وە، یەسەپەش لە کۆنگرەکەیدا ناوەکەی گۆڕا بۆ هەدەپ. ئێستاش ئەنجومەنی دادوەریی تورکیا کورتکراوەی هەدەپ پەسەند ناکات.
لای خۆیەوە هەدەپ بڕیاری داوە گۆڕانکاری لە کورتکراوەی ناوی پارتەکەدا بکات، بەجۆرێک وەک ئایشە گیول دۆغان وتەبێژی پارتەکە ڕایگەیاندووە، "هەر جۆرە تەڵە و کەمینێکی دەسەڵات پووچەڵ دەکەینەوە، بە تایبەت کاتی هەڵبژاردنەکان نزیک دەبێتەوە و پارتە دەسەڵاتدارەکانیش دەیانەوێت بە هەر جۆرێک بێت کێشە بۆ بەشداری هەدەپ لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکاندا" دروست بکەن. وتەبێژی هەدەپ لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوە دا، ناوی تەواوی پارتەکە (پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان) ناگۆڕێت، بەڵکو تەنها گۆڕانکاری لە کورتکراوەی پارتەکە (هەدەپ) ئەنجام دەدەن.[6]

ئەردۆگان لە هەوڵی گۆڕینی شێوازی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماردایە
ڕەجەب تەیب ئەردۆگان سەرۆک کۆماری تورکیا لە هەوڵدایە بۆ گۆڕینی شێوازی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار، بەڵام یەکەم کەس هاوپەیمانەکەی خۆی دەوڵەت باخچەلی Devlet Bahçeli سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەپەرست (مەهەپە) ڤیتۆی دژی هەوڵەکە بەکارهێناوە.
ئەردۆگان دەیەوێت لە ڕێگەی پرۆژە پێشنیازێکەوە شێوازی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار لە زۆرینەی (٥٠+١) بگۆڕێت بە (ئەو کاندیدەی زۆرترین دەنگ بەدەست دەهێنێت، ئەگەر ٥٠+١یش نەبێت.
ڕەجەب تەیب ئەردۆگان دوای گەڕانەوەی لە گەشتەکەی ئەڵمانیا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، "پێم وایە سیسمی (ئەو کاندیدەی زۆرترین دەنگ بەدەست دەهێنێت) گونجاوە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار". ئەمەش لەبەرئەوەی "سیستمی ٥٠+١ پارتەکان بە ئاڕاستەیەکی هەڵەدا دەبات، کەس نازانێت چەندێک دەنگی ڕاستیی خۆی هەیە".
لە بەرامبەردا دەوڵەت باخچەلی داوای کرد ماددەکانی دیکەی سیستمی هەڵبژاردن هەموار بکرێتەوە و هیج دەستکارییەک لە شێوازی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماردا ئەنجام نەدرێت.[7]
جگە لە مەهەپە-ی هاوپەیمانی ئاکەپە زۆرینەی بەرەی ئۆپۆزسیۆنیش لەگەڵ پەسەندکردنی بۆچوونەکەی ئەردۆگان نین، لەبەرئەوە پێناچێت بە ئاسانی ئەو پرۆژە پێشنیازە بنێردرێتە پەرلەمانەوە، بە تایبەت لە دۆخێکدا ببێتە هۆی تێکدانی پەیوەندییەکانی ئاکەپە و مەهەپە.
ئەم بیرۆکەیەی ئەردۆگان وەک هەوڵێک بۆ خۆڕزگارکردن لە بەستنی هاوپەیمانی لەگەڵ پارتەکانی دیکە لێکدەدرێتەوە، بۆیە پێشبینی دەکرێت لە دۆخێکدا ئەردۆگان و پارتەکەی ئەم پشنیارە بنێرنە سەرۆکایەتی پەرلەمان، لەگەڵیدا کار بۆ دۆزینەوەی دەرچەیەکی یاسایی بکرێت کە سێبارە ڕێگە بە خۆکاندیدکردنەوەی ئەردۆگان بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار بدات و ڕێگری لە کەسایەتی و حزبەکان بکات بۆ بەستنی هاوپەیمانی بە مەبەستی سەرخستنی کاندیدی سەرۆک کۆمار. بەمجۆرە ئەردۆگان خۆی بە تەنیا لە ساڵی ٢٠٢٨یش (ئەگەر نەمرێت) دەبێتەوە بە سەرۆک کۆمار.   

ڕەزامەندی تورکیا لەسەر ئەندامبوونی سوید لە ناتۆ فریای کۆبوونەوەی ئەم هەفتەیەی برۆکسل ناکەوێت
چەند بەرپرسێکی تورکیا ڕایانگەیاندووە، پرۆسەی پەسەندکردنی داواکاری ئەندامبوونی سوید لە ڕێکخراوی پەیمانی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ) لەلایەن پەرلەمانی تورکیاوە فریای کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی ئەندامی ناتۆ لە برۆکسل لە ٢٨-٢٩ی تشرینی دووەم ناکەوێت.
هەرچەندە پاڵ جۆنسۆنPal Jonson  ڕایگەیاندووە، "ئومێدیان بە ڕەزامەندی تورکیا و مەجەرستان لەسەر ئەندامبوونیان لە ناتۆ نەبڕیوە"، بەڵام پێناچێت ئەو ڕەزامەندییە بە ئاسانی درببڕدرێت و لە کۆبوونەوەکەی ٢٨-٢٩ی برۆکسل-یشدا وەزیری دەرەوەی سوید ناتوانێت وەک ئەندامی ڕێکخراوەکە بەشداری بکات.[8]

دوای ٧ ساڵ ئێسکەکانی درایەوە بە کەس و کاری
دوای گیانلەدەستانی لە کۆڵانەکانی قەزای نسێبین (نوسەیبین)ی سەر بە پارێزگای ماردین، هەفتەی ڕابروو ئێسک و پروسکەکەی تەسلیم بە کەس و کاری کرایەوە. بەهار گۆکتەکین (ڕۆزا) ساڵی ٢٠١٦ لەکاتێکدا فەرمانی قەدەغەی هاتووچۆ لە گەڕەکەکەیاندا جێبەجێ کراوە، لە ئەنجامی پێکدادانێکی چەکداری گیان لەدەست دەدات.
هەرچەندە خێزانی ڕۆزا لە تەممووزی ٢٠١٦ بە مەبەستی وەرگرتنەوەی تەرمی کچەکەیان سەردانی نەخۆشخانەی دەوڵەت لە نسێبین دەکەن، بەڵام دوای وەرگرتنی نموونەی خوێن و ئەنجامدانی پشکنینی DNA کەس و کاری قوربانییەکە ٧ ساڵ چاوەڕێ پێ دەکەن. سەرەڕای ئەوەی خێزانەکەی ڕۆزا ٣ جار لە دادگای نسێبین داوای یاساییان بۆ وەرگرتنەوەی تەرمەکە تۆمار کردووە، بەڵام دادگا نەیتوانیوە مافەکەیان بۆ بەدەست بهێنێت.
دواجار هەفتەی ڕابردوو ئێسک و پروسکی ڕۆزا لە گۆڕستانی یەنیکۆی لە قەزای ڕێزان (باغڵار)ی سەر بە پارێزگای ئامەد تەسلیم بە کەس و کاری کرایەوە و لە گۆڕستانی گوندەکەی خۆیان نێژرا.
ئەمە نموونەی هەزاران قوربانی کوردە لە باکووری کوردستان لەلایەن سوپا و هیزە ئەمنییەکانەوە دەکوژرێن و دوای چەندین ساڵ ئیسک و پروسکیان دەدرێتەوە بە کەس و کاریان، هەندێکیشیان هێشتا هەر لە گۆڕستانی "بێناسنامەکاندا" ڕاکشاون.

دەستگیرکردنی دوو کەسایەتی تۆڕ کۆمەڵایەتییەکان سەری کێشاوە بۆ قەیرانێکی گەورەی کۆمەڵایەتی و ئەمنی
دەستگیرکردنی دیلان پۆڵات Dilan Polat و ئەنگین پۆڵاتEngin Polat  بووە بە ڕۆژەڤی تورکیا و سەری کێشاوە بۆ قەیرانێکی گەورەی کۆمەڵایەتی و ئەمنی.
دیلان و ئەنگین کە هاوسەری یەکدین لە تورکیا یەکێک بوون لەو کەسایەتییانەی کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان شوینکەوتەیەکی زۆریان هەبووە و ناوبانگێکی گەورەیان پەیدا کردووە. بەهۆی بڵاوکردنەوەی گرتەی ڤیدیۆیی ژیانی تایبەتی خۆیانەوە ملیۆنان شوێنکەوتەیان لە ئینیستاگرام و تیکتۆک پەیدا کردووە، لە تویتەریش X سەدان هەزار شوینکەوتەیان بۆ دروست بوو. پاشان لەڕێگەی ڕیکلامی بازارگانییەوە بوون بە خێزاێکی دەوڵەمەندی ئەو وڵاتە.
سەرەتای مانگی تشرینی یەکەم دیلان و ئەنگین بە تۆمەتی سپیکردنەوەی پارە دەستبەسەرکران و لێکۆڵینەوەی دادوەریی دەستی پێ کرد.[9]
دەستگیرکردنی ئەو دوو گەنجە سەری کێشاوە بۆ قەیرانێکی گەورەی کۆمەڵایەتی و ئەمنی و دارایی، بەجۆرێک ڕۆژانە کەسایەتی دیکەی بەناوبانگی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە تورکیا دەستگیر دەکرێن کە بە شێوازی جۆراوجۆر شوێنکەوتەکانی خۆیانیان خەڵەتاندووە. ئەمە جگە لەوەی ڕۆژانە کارمەندانی "ناوەندی جوانی Güzellik Merkezleri" کە خاوەندارێتییەکەی بۆ خێزانی پۆڵات دەگەڕێتەوە دەستگیر دەکرێن. بەگوێرەی دوایین هەواڵ ژمارەی دەستگیرکراوان لە کەیسی پۆڵات گەیشتووەتە ١٦ کەس.
لەلایەکی دیکەوە دەستگیرکردنی پۆڵات و هاوڕێ و هاوکارەکانیان وەک بەشێک لە هەڵمەتی پاکتاوکردنی سولەیمان سۆیلۆ وەزیری پێشووی ناوخۆی تورکیا لەلایەن عەلی یەرلیکایا وەزیری ئێستای ناوخۆی ئەو وڵاتە دەخوێنرێتەوە. هەروەها گومان دەکرێت کەسانی دەوڵەمەند و دەستڕۆیشتووی دیکەش لە کەسی پۆڵاتدا تێوە بگلێن، ئەمەش لەبەرئەوەی قەبارەی ئەو پارەیەی لەلایەن کۆمپانیاکەی پۆڵات-ەوە سپیکراوەتەوە، لەسەرووی توانای ئەوانەوەیە.
دادگا بە گشتی تۆمەتی "سپیکردنەوەی داهات، ڕێکخستنی کاروباری بلیتی یانسیب بەشێوەی نایاسایی" داوەتە پاڵ پۆڵات و هاوڕێ و هاوکارەکانی.



[1] https://kuzey24.com/hakan-fidan-erbilin-bolgedeki-en-buyuk-dostu-turkiye/
[2] https://www.youtube.com/watch?v=6DFZxhkObEU
[3] https://www.aa.com.tr/tr/gundem/mit-teror-orgutu-pkknin-sozde-kerkuk-sorumlusu-terorist-remzi-avciyi-irakta-etkisiz-hale-getirdi/3053019
[4] https://twitter.com/tcsavunma/status/1728115549194891717?t=TItMAygFAGiZ7uFAiyx1Ig&s=09
[5] https://yeniyasamgazetesi5.com/hedep-yargitaya-hangi-kumpasi-yaparsaniz-yapin-demokratik-siyasete-kararlariyiz/
[6] https://www.ozgurpolitika.com/haberi-yeni-kumpas-da-asiliyor-183754
[7] https://t24.com.tr/haber/50-1-tartismasi-erdogan-in-hedefinde-kucuk-ittifak-ortaklari-mi-var,1140134
[8] https://www.voaturkce.com/a/turkiye-natoya-isvecin-uyelik-onayinin-bakanlar-toplantisina-yetismeyecegini-iletti/7366941.html
[9] https://www.birgun.net/haber/dilan-engin-polat-sorusturmasi-tutuklu-sayisi-16-ya-yukseldi-485835

#تورکیا
بینێرە لە ڕێگەی