ئێران لە هەفتەیەکدا 20/11 تا 27/11/2023

11:31
28/11/2023
کوردستان مۆنیتەر

فۆتۆ: میدیاکان

هاوبەشی بکە

تاک
ئێران لە عێراق
هێرشەکانى مقاوەمەى ئیسلامى لە عێراق

- مقاوەمەى ئیسلامی لە عێراق ڕایگەیاند، هێرشێکی بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کردووەتە سەر  هێزەکانی ئەمەریکا لە بنکەی ئاسمانی عەین ئەسەد لە عێراق، گرووپەکە لە 18ی تشرینی یەکەمەوە 64 هێرشی کردووەتە سەر هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق و سوریا، دوایین جار گرووپەکە لە 17ی ئەم مانگە هێرشیان کردە سەر بنکەی ئاسمانی عەین ئەسەد.

- مقاوەمەى ئیسلامی لە عێراق ڕایگەیاند لە ٢١ی ئەم مانگە دوو هێرشی مووشەکیان کردووەتە سەر پێگەیەکی ئەمەریکا لە شەدادی لە پارێزگای حەسەکە لە سوریا.

- مقاوەمەى ئیسلامی لە عێراق ڕایگەیاند دوو هێرشی بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کردووەتە سەر بنکەی ئاسمانی حەریر وەک تۆڵەسەندنەوەیەک لە ئۆپەراسیۆنەکانی ئیسرائیل لە کەرتی غەززە. مقاوەمەى ئیسلامی لە عێراق لە ١٨ی تشرینی یەکەمەوە ١١ هێرشی کردووەتە سەر هێزەکانی ئەمەریکا لە بنکەی ئاسمانی حەریر.

- مقاوەمەى ئیسلامی لە عێراق لە 23ی ئەم مانگە بەرپرسیارێتی شەش هێرشی بۆ سەر هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق و سوریا گرتە ئەستۆ. مقاوەمەى ئیسلامی لە عێراق لە ١٨ی تشرینی یەکەمەوە ٧٤ هێرشی کردووەتە سەر هێزەکانی ئەمەریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

مقاوەمەى ئیسلامی لە عێراق ڕایگەیاند لە ٢٣ی ئەم مانگە دوو هێرشی کردووەتە سەر هێزەکانی ئەمەریکا لە سوریا، گرووپەکە ڕایگەیاند کە بە چەند مووشەکێک هێرشی کردووەتە سەر  بنکەى کۆنوکۆ لە سوریا، هەروەها بە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان هێرشی کردووەتە سەر هێزەکانی ئەمەریکا لە نزیک بنکەى عومەر، لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا.  گرووپەکە لە ١٨ی تشرینی یەکەمەوە شەش هێرشی بۆ سەر کۆنوکۆ و سێ هێرشى بۆ سەر عومەر ئەنجامداوە.

- مقاوەمەى ئیسلامی لە عێراق ڕایگەیاند، کە لە ٢٣ی ئەم مانگەدا بە دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشی کردووەتە سەر هێزەکانی ئەمەریکا لە بنکەی ئاسمانی عەین ئەسەد. گرووپەکە لە ١٨ی تشرینی یەکەمەوە ٢١ هێرشی کردووەتە سەر بنکەی ئاسمانی عەین ئەسەد.

- مقاوەمەى ئیسلامی لە عێراق ڕایگەیاند، لە ٢٣ی ئەم مانگە بەفڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشی کردووەتە سەر هێزەکانی ئەمەریکا لە نزیک فڕۆکەخانەی هەولێر، ئەو گرووپە لە ١٨ی تشرینی یەکەمەوە حەوت هێرشی کردووەتە سەر فڕۆکەخانەی هەولێر.

وەڵامى هێرشەکانى مقاوەمەى عێراق لە لایەن ئەمەریکاوە
لە 21 تشرینی دووەم فڕۆکەیەکى ئەمەریکی لە جۆرى AC-130 ، ئۆتۆمبیلێکى کەتیبەکانى حزبوڵڵاى کردە ئامانج لە نزیک ئەبوغرێب لە عێراق لە بەرامبەر هێرشی مقاوەمەى ئیسلامی لە عێراق بۆ سەر بنکەی ئاسمانی عەین ئەسەد. بە پێی بەیاننامەکەى مقاوەمەى ئیسلامى لە عێراق، لە هێرشەکەى ئەمەریکا کەسێکى دیارى کەتیبەکانى حزبوڵڵا کوژراوە  بەناوى (فضل العلي المكسوسي).

دانانى پرسە لە لایەن حەشی شەعبییەوە
هێزەکانی حەشدی شەعبی پرسەی بۆ پێنج ئەندامی کەتیبەکانى حزبوڵڵا ئەنجامدا کە لە دوو هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئەمەریکا بۆ سەر دامەزراوەکانی حزبوڵڵا  لە ٢٢ی ئەم مانگەدا کوژران.  
میلیشیاکانی سەر بە ئێران هەوڵیان دا هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمەریکا وەک ئەوە نیشان بدەن کە ئاسایشی دەوڵەتی کردووەتە ئامانج. فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمەریکا لە 22ی ئەم مانگەدا ناوەندێکی ئۆپەراسیۆنەکان و فەرماندەیی و کۆنترۆڵکردنی حزبوڵڵایان کردە ئامانج لە جورف ئەلسەخر لە پارێزگای بابل لە عێراق.

هێرشی گرووپى (ئەلزەفەرین/ الظفرين) بۆ سەر هێزەکانى ئەمەریکا
گرووپی (ئەلزەفەرین/ الظفرين) سەر بە مقاوەمەى ئیسلامی لە عێراق ڕایگەیاند، کە بە  هاوەن هێرشی کردووەتە سەر هێزەکانی ئەمەریکا لە بنکەی ئاسمانی عەین ئەسەد لە عێراق لە کاردانەوەى کوشتنی (فضل العلي المكسوسي) لەلایەن ئەمەریکاوە لە ٢١ی ئەم مانگەدا.
گرووپی ئەلزەفەرین ڕایگەیاند، کە دوو گوللە هاوەنی ١٢٠ ملم و یەک گوللە هاوەنی ٨١ ملمی ئاراستەی هێزەکانی ئەمەریکا کردووە.
گرووپی ئەلزەفەرین بڕیارى داوە ئۆپەراسیۆنی زیاتر دژی ئەمەریکا ئەنجام بدات تا دوایین سەربازی ئەمەریکی عێراق بەجێدەهێڵێت، گرووپی ئەلزەفەرین دوایین جار لە ٨ی ئەم مانگە هێرشیان کردە سەر هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق.

مقاوەمەى ئیسلامی لە عێراق خۆی لە هێرشکردنە سەر هێزەکانی ئەمەریکا بەدوور دەگرێت
ئەبو عەلا ئەلوەلائی- ئەمینداری گشتی میلیشیای کەتیبەکانى سەید شوهەداى عێراقی کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێت- بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە ئاماژە بەوە دەکات مقاوەمەى ئیسلامی لە عێراق لە کاتی ئاگربەستى نێوان حەماس و ئیسرائیل خۆی لە هێرشکردنە سەر هێزەکانی ئەمەریکا بەدوور دەگرێت.
ناوبراو ئاگربەستى وەک سەرکەوتنێک بۆ بەرەى بەرگرى ئێران دەزانێت و ڕایگەیاند، کە میلیشیا عێراقییەکان کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێن "دوژمنیان ناچار کردووە ملکەچی مەرجەکانی بەرەى بەرگرى بێت.
لە سەرەتاى ئاگر بەستەوە مقاوەمەى ئیسلامى هێرشی ئەنجام نەداوە
مقاوەمەى ئیسلامی لە عێراق لە ٢٥ی ئەم مانگە ڕایگەیاند، کە لەو کاتەى ئاگربەستى نێوان ئیسرائیل و حەماس چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، هیچ هێرشێکی دژ بە هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق یان سوریا ئەنجامنەداوە.

کەتیبەکانى حزبوڵڵا هێرشەکانى ڕادەگرێت
کەتیبەکانى حزبوڵڵا کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێت، ڕۆژی 25ی ئەم مانگە ڕایگەیاند، ڕێژەی هێرشەکانی دژی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق و سوریا کەمدەکاتەوە و هێرشەکانی دژی ئیسرائیل ڕادەگرن تا کۆتایی ئاگربەستى مرۆیی نێوان ئیسرائیل و حەماس، لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوە دراوە کە دوای کۆتاییهاتنى ئاگربەستەکە هێرشەکانی دژی هێزەکانی ئەمەریکا دەست پێ دەکاتەوە تاوەکو ئەمەریکا عێراق جێدەهێڵت.

ئەو هێزانەى لە لایەن ئێرانەوە پشتیوانى دەکرێن کار لەسەر دەرکردنى هێزەکانى ئەمەریکا دەکەن
- ئەو هێزە عێراقییانەى کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێن، هەوڵدەدەن شەڕی ئیسرائیل و حەماس بقۆزنەوە بۆ ئەوەی هەژمونى سەربازی و سیاسی ئەمەریکا لە عێراقدا نەهێڵن.
سەرکردەکانی ئێران بە شێوەیەکی بەردەوام دووپاتی دەکەنەوە کە یەکێک لە گەورەترین ئامانجە ستراتیژییەکانیان دەرکردنی ئەمەریکا و نەهێشتنى کاریگەرییەکەیەتى لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
پێدەچێت سەرکردەکانی ئێران بایەخێکى تایبەت بدەن بەدوورخستنەوەی ئەمەریکا لە عێراق بەوپێیەی کە عێراق بە گرنگ دەزانن بۆ ئاسایشی ئێران.

- ئەکرەم کەعبی سکرتێری گشتیی جوڵانەوەى نوجەبا لە 23ی ئەم مانگە بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و تێیدا داوای راگەیاندنی جەنگ و دەرکردنی ئەمەریکاى کرد لە عێراق.
کەعبی لە وەڵامی هێرشی فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمەریکا لە 22ی ئەم مانگە بۆ سەر پێگەکانى حزبوڵڵاى عێراق لە جورف سەخر لە پارێزگای بابل بەیاننامەکەی بڵاوکردەوە.

- لە میانی چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵى (عهد) کە لە ژێر کۆنترۆڵی حزبولڵا دایە، لە ٢٤ی ئەم مانگەدا، قەیس خەزعەلی ئەمینداری گشتی عەسائیبى ئەهلی حەق ڕایگەیاند، کە هێزەکانی ئەمەریکا هیچ نییەتێکیان نییە بۆ بەجێهێشتنى عێراق و بە بیانووی بەرەنگاربوونەوەی داعش پاساو بۆ بوونیان دەهێننەوە.
لە ماوەى چەند ڕۆژی ڕابردوودا، هێزەکانى سەر بە ئێران هەوڵدەدەن تیشک بخەنە سەر ئەندامێتی حزبوڵڵاى عێراقی لەهێزەکانى حەشدی شەعبی بۆ ئەوەی وا دەریبخەن کە هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمەریکا بۆ سەر پێگەکانی حزبوڵڵا، هێرش بووە بۆ سەر هێزێکى فەرمى سەر بە دەوڵەت.

- لە 25ی ئەم مانگە، عەلا رکابی، پەرلەمانتاری عێراق ڕایگەیاند کە محەمەد حەلبوسی سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی عێراق پێش ئەوەی لە 14ی ئەم مانگەدا لە کارەکەی دووربخرێتەوە ، ڕێگری کردووە لە دانیشتنی نائاسایی پەرلەمان کە تایبەت بووە بە دەرکردنی ئەلینا ڕۆمانۆڤسکی باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق.

ئێران لە سوریا
کۆبوونەوەى میلیشیاکانى ئێران لە سوریا

سەرکردەی میلیشیاکانی سەر بە ئێران لە سوریا کۆبوونەوە بۆ تاوتوێکردنی پلانەکانی وەڵامدانەوەی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمەریکا لە ناوچەکە.
ئەو سەرکردانە باسیان لە پەرەسەندن و چۆنێتی وەڵامدانەوەی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمەریکایان کردووە، بەپێی میدیایەکی ناوخۆیی دژە ئێران، ئەمەریکا سێ هێرشی لە سوریا ئەنجام داوە و گرووپ و لایەنەکانى سەر بە سوپای پاسدارانی کردووەتە ئامانج لە تۆڵەی هێرشە مووشەکى و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان بۆ سەر بنکەکانی ئەمەریکا لە عێراق و سوریا.
هێرشى میلیشیاکانی سەر بە ئێران لە مانگی تشرینی یەکەمەوە بووەتە هۆی برینداربوونی دەیان سەربازى ئەمەریکا.

ئێران لە یەمەن
ئیسرائیل ڕێگرى لە هێرشی حوسییەکان دەکات

ئیسرائیل لە ٢٢ی تشرینی دووەم ڕێگرى لە مووشەکێکی جۆرى کروزى حوسییەکانی کرد کە شاری ئیلاتی ئیسرائیلی دەکردە ئامانج.
ئیسرائیل ڕایگەیاند کە یەکێک لە فڕۆکە جەنگییەکانی ئێف ٣٥ ڕێگرى لە مووشەکێکی جۆرى کروزى حوسییەکان کردووە لەسەر دەریای سوور.
حوسییەکان لە ١٨ی تشرینی یەکەمەوە ڕایانگەیاندووە، کە بە پێنج هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەکی زەوی بە زەوی، ئیلات-یان کردووەتە ئامانج.

- لە ٢٥ی تشرینی دووەم حوسییەکان دەستیان گرت بەسەر کەشتییەکی بارهەڵگری ئیسرائیلدا کە ئاڵای ماڵتای هەڵکردبوو بە دەریای سووردا تێدەپەڕی. حوسییەکان تا ئێستا بە فەرمی بەرپرسیارێتی خۆیان لەو هێرشە نەگرتووەتە ئەستۆ.

خستنە خوارەوەى فڕۆکە بێفڕۆکەوانى حوسییەکان
کەشتیی ئەمەریکی تۆماس هودنەر لە ٢٣ی تشرینی دووەم چەندین فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی حوسییەکانى خستە خوارەوە.
لە ٢٢ی تشرینی دووەم سوپاى ئیسرائیل ڕێگرى لە مووشەکێکی کروز کرد کە لەلایەن حوسییەکانەوە ئاڕاستەى باشووری ئیلات کرابوو. لە ٢٢ی تشرینی دووەم وتەبێژی سەربازی حوسییەکان ڕایانگەیاند، کە بزووتنەوەکە بەردەوام دەبێت لە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانى بۆ بە ئامانجگرتنی ئیسرائیل تا ئەو کاتەی ئاگربەست ڕادەگەیەنرێتلە هەردوو کەرتى غەززە و کەناری ڕۆژئاوا.
جێگەى ئاماژە پێدانە کە حوسییەکان لە ٢٤ی تشرینی دووەمەوە لەو کاتەوەی ئاگربەستی ئیسرائیل و حەماس چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، هیچ مووشەک، یان فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانیان ئاڕاستەى ئیسرائیل نەکردووە.

هەوڵێکى نوێى حوسییەکان بۆ دەست بەسەراگرتنى کەشتییەکى ئیسرائیلی
لە 26 ئەم مانگە چەند چەکدارێکى نەناسراو لە کەنداوی عەدەن بۆ ماوەیەکی کورت دەستیان بەسەر کەشتی نەوتهەڵگری سەنتڕاڵ پارکدا گرت کە خاوەندارێتییەکەى دەگەڕێتەوە بۆ ئیسرائیل و ئاڵای لیبریای لەسەر هەڵکرابوو.
بەرپرسێکی نەناسراوی ئەمەریکی دەستبەسەرداگرتنی کەشتییەکەى بۆ میدیاکانی ڕۆژئاوا پشتڕاست کردەوە. کەشتییەکی جەنگی هێزی دەریایی ئەمەریکا وەڵامی پەیامى فریاکەوتنى سەنتەری پارکی داوەتەوە و بەدەم کەشتییە دەست بەسەردا گیراوەکەوە چووە، بەپێی ئاژانسی ڕۆیتەرز کەشتییەکە ئێستا ئازادە، هیچ گرووپێکیش بەرپرسیارێتی خۆی لە هەوڵی دەستبەسەرداگرتنی ئەو کەشتییە لە ئەستۆ نەگرتووە، هەرچەندە ئەگەر زۆرە حوسییەکان، یان چەتەی دەریایی سۆماڵی ئەو کارەیان کردبێت.
ئاژانسی هەواڵی تەسنیم کە سەر بە سوپای پاسدارانە بڵاوی کردەوە، کە دەستبەسەرداگرتنەکە چوارەمین هەوڵى دەستبەسەرداگرتن، یان هێرشکردنە سەر کەشتییە ئیسرائیلییەکانە کە لەلایەن حوسییەکانەوە ئەنجامدرابێت.

ئێران لەسەر ئاستى ناوخۆ
هۆشدارى لە کردنەوەى بەرەى نوێ دژ بە ئیسرائیل

موحسین ڕەزایی فەرماندەی پێشووی سوپای پاسداران لە 19ی تشرینی دووەم هۆشداری دا کە لە ڕۆژانی داهاتوودا بەرەی نوێ لە دژی ئیسرائیل دەکرێنەوە، هەروەها ڕەزایی هۆشداری دا کە بەرەى بەرگرى لە داهاتوودا ڕۆڵێکی گەورەتر دەگێڕێت و ئیسرائیل ناتوانێت ڕێگری لە کاردانەوەی گەنجانی موسڵمان بکات ئەگەر بەردەوام بێت لە ئۆپەراسیۆنەکانی لە کەرتی غەززە.
ڕەزایی کەسایەتییەکی دیاری ڕژێمی ئێرانە، لە نێوان ساڵانی ١٩٨٠ بۆ ١٩٩٧ وەک فەرماندەی سوپای پاسداران کاری کردووە [1].  

هەوڵەکانى ئێران بۆ ڕاگەیاندنى ئاگر بەست
- حسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی ئێران لە 20ی ئەم مانگە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ محەمەد بن عەبدولڕەحمان بن جاسم ئال سانی هاوتا قەتەرییەکەی ئەنجام دا و هەر دوو لا باسیان لە پێویستی گوشارخستنە سەر ئیسرائیل کرد لە لایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە بۆ وەستاندنی ئۆپەراسیۆنەکان لە کەرتی غەززە. هەروەها ئەو دوو بەرپرسە کۆمەڵێک بابەتی دیکەیان تاوتوێ کرد، لەوانە دەستڕاگەیشتنى ئێران بە داراییە بلۆک کراوەکانى لە بانکەکانی قەتەر.
- محەممەد موخبر جێگری یەکەمی سەرۆک کۆماری ئێران لە ٢١ی ئەم مانگە لە تاران لەگەڵ ئیگۆر لڤیتین یاریدەدەری سەرۆک کۆماری ڕوسیا کۆبووەوە و باسیان شەڕی ئیسرائیل و حەماسی کرد.
ئەو دوو بەرپرسە خوازیاری کۆتاییهێنانى دەستبەجێ بە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئیسرائیل بوون لە کەرتی غەززە.
حسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی ئێران پێشتر لە ١٩ی ئەم مانگەدا لە میانەی پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ سێرگی لاڤرۆڤ هاوتا ڕووسییەکەی، باسیان لە ئاگربەست لە شەڕکەدا کرد.

ئەگەرى دابینکردنى مووشەکى بالیسی کورت مەودا لە لایەن ئێرانەوە بۆ ڕوسیا
بەرپرسانی ئەمەریکا لە ٢١ی ئەم مانگەدا هۆشدارییان دا لەوەی کە ڕەنگە ئێران خۆی ئامادە بکات بۆ دابینکردنی مووشەکی بالیستیکی پێشکەوتووی کورت مەودا بۆ ڕووسیا.
وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکا ڕایگەیاند، کە بەرپرسانی ئەمەریکا نیگەران بوون لە ئەگەری فرۆشتنی مووشەکی ئێرانی بە ڕوسیا دوای نمایشکردنى مووشەکی عەبابیل و مووشەکی فاتح لە سەردانەکەی سێرگی شۆیگو وەزیری بەرگری ڕوسیا بۆ تاران لە ئەیلوولی ٢٠٢٣.

ئەنجامدانى مانۆڕى سەربازى لە لایەن سوپاى پاسدارانەوە
هێزی زەمینی سوپای پاسداران دووەمین مانۆڕی سەربازی لە پارێزگای کرمان لە ٢١ی تشرینی دووەم ئەنجام دا.
هێزی زەمینی سوپای پاسداران پێشتر لە ١٩ی تەممووز مانۆڕێکی سەربازیی ئەنجام دا. محەمەد باقری سەرۆکی ئەرکانی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئێران سەرۆکایەتی ئەو مانۆڕەى ئەم دواییەیان کرد.
باقری کردەوەکانی ئیسرائیلی لە کەرتی غەززە ئیدانە کرد و جەختی لەسەر پێویستی پاراستنی ئامادەیی سەربازی کردەوە.
فیرقەی ٤١ی ساڕوڵڵا، لیوای ٢ی پیادەی سەربەخۆی صاحب الزمان و لیوای زرێپۆشی سەربەخۆی زولفەقار ٣٨ی سوپای پاسداران بەشدارییان لە مانۆڕەکەدا کرد.
هەموو ئەم یەکانە بارەگایان لە پارێزگای کرمانە. لیوای ٣٨ پێشتر لە شەڕی ناوخۆی سوریادا ڕەوانەی سوریا کرابوو، لە شەڕی پاراستنی ڕژێمی بەشار ئەسەد، زیانی بەرکەوتووە[2].

کۆبوونەوەى بەرپرسانى باڵاى ئێران لەگەڵ بەرپرسانى بەرەى بەرگرى
لە ٢٢ی ئەم مانگە بەرپرسانی باڵای ئێران، حەماس، حزبوڵڵا لە بەیرووت کۆبوونەوە و تاوتوێی ئاگربەستى چوار ڕۆژەی نێوان ئیسرائیل و حەماسیان کرد.
حسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران لەگەڵ خەلیل ئەلحەیا جێگری سەرۆکی مەکتەبی سیاسی حەماس لە کەرتی غەززە، زیاد نەخالا، سکرتێری گشتیی جیهادى ئیسلامى و نەبی بری سەرۆکی ئەنجومەنى نوێنەرانى لوبنان کۆبووەوە بۆ یارمەتیدانى سەقامگیرکردنی ئاگربەستەکە.

کۆبوونەوەى ڕابەرى باڵاى ئێران لەگەڵ وەرزشکارەکان
عەلی خامنەیی ڕابەری باڵاى ئێران لە ٢٢ی ئەم مانگە لەگەڵ کۆمەڵێک وەرزشکاری ئێرانی لە تاران کۆبووەوە و باسی شەڕی ئیسرائیل و حەماس کرد.
خامنەیی هۆشداری دا لەوەی کە دڕندەییەکانی ئیسرائیل بێ وەڵام نابێت و هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە  تەمەنى ئیسرائیل کورتتر دەکەنەوە.

کۆبوونەوەى سەرۆک کۆمارى ئێران لەگەڵ میدیاى بەرەى بەرگرى
ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک کۆماری ئێران لە ٢٢ی تشرینی دووەم چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ پێنج دەزگای ڕاگەیاندنی بەرەى بەرگرى ئەنجامدا.
چاوپێکەوتنەکەی ڕەئیسی جێگەى سەرنج بوو لەبەر ئەوەی کە بە شێوەیەکی گشتی بەرپرسانی ئێران لە یەک کاتدا چاوپێکەوتن لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر لە دەزگاکانى ڕاگەیاندن ئەنجام ناکەن.
ڕەئیسی چاوپێکەوتنی لەگەڵ کەناڵى (ئەلمەنار) ئەنجام دا کە سەر بە حزبوڵڵایە، لەگەڵ (الاتجاه) کە سەر بە کەتیبەکانى حزبوڵڵایە،  لەگەڵ کەناڵى فەڵەستین کە سەر بە جیهادى ئیسلامییە، لەگەڵ کەناڵى تەلەفزیۆنی ئەقسا کە لە لایەن حەماسەوە بەڕێوە دەبرێت و دواتر لەگەڵ کەناڵى (ئەلمەسیرە) کە لە لاین حوسییەکانەوە بەرێوەدەبرێت.
ڕەئیسی ڕایگەیاند، کە سووکایەتییەکانی ئیسرائیل بە مزگەوتی ئەقسا و کوشتنی فەلەستینییەکان پێش ٧ی تشرینی یەکەم، ئەنجامدانى ئۆپەراسیۆنی گەردەلولى ئەقسایان خێراتر کرد، هەروەها ڕەئیسی وتى، کە تا ئێستا ئیسرائیل شکستی هێناوە لە کۆتاییهێنان بە حەماس لە کەرتی غەززە و ئەمەریکاش لەگەڵ ئاگربەست نییە، لەبەر ئەوەى ترسی ئەوەی هەیە ئاگربەست شکستی ئیسرائیل یەکلایی بکاتەوە[3].

کۆبوونەوەى وەزیری دەرەوەى ئێران لەگەڵ بەرەى بەرگرى
حسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران لە ڕۆژانی 22-23ى ئەم مانگە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای لوبنان، حزبوڵڵا، حەماس و قەتەر کۆبووەوە بۆ تاوتوێکردنى ئاگربەستى  چوار ڕۆژەی نێوان ئیسرائیل و حەماس.
عەبدوڵڵاهیان لە 22 و 23ی تشرینی دووەم لەگەڵ نەجیب میقاتی سەرۆکوەزیرانی لوبنان و حەسەن نەسروڵڵا سکرتێری گشتیی حزبوڵڵا لە بەیرووت کۆبووەوە.
عەبدوڵڵاهیان لە میانی دیدارەکەیدا لەگەڵ میقاتی جەختی لەسەر پێویستی "ئاگربەستی تەواوەتی" کردەوە.
عەبدوڵڵاهیان لە کاتی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ نەسروڵڵادا ڕێککەوتنی ئاگربەستى نێوان ئیسرائیل و حەماس وەک نیشانەیەک بۆ "بێدەسەڵاتی" ئیسرائیل لێکدایەوە.
عەبدوڵڵاهیان لە 23ی ئەم مانگەدا لەگەڵ ئیسماعیل هەنیە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی حەماس و محەممەد بن عەبدولڕەحمان بن جاسم ئال سانی، وەزیری دەرەوەی قەتەر لە دەوحە کۆبووەوە.
سەردانی عەبدوڵڵاهیان لە 23ی ئەم مانگە بۆ دەوحە، سێیەم سەردانی عەبدوڵڵاهیانە بۆ قەتەر لە دوای دەستپێکردنی شەڕ لە نێوان ئیسرائیل و حەماس لە ٧ی تشرینی یەکەمەوە. عەبدوڵڵاهیان و هەنیە ڕایانگەیاند کە ئەمەریکا و ئیسرائیل "ناچاربوون" ئاگربەست قبوڵ بکەن بەهۆی شکستهێنانیان لە بەدەستهێنانی سەرکەوتنی سەربازی لە کەرتی غەززە.
هەنیە سوپاسی ئێرانی کرد بۆ هەوڵ و پشتیوانییە تایبەتەکەی ئێران بۆ وەستانى شەڕ و لە لایەکى دیکەوە ئاگربەستەکەى وەک سەرکەوتنێکی سیاسی بۆ بەرەى بەرگرى لێکدایەوە.

وەزیری دەرەوەى ئێران کار بۆ جێگیرکردنى ئاگربەستەکە دەکات
حسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی ئێران هەوڵدەدات فشار بخاتە سەر ئیسرائیل بۆ درێژکردنەوەی ماوەى ئاگربەستەکە بۆ ماوەى چوار ڕۆژ و هۆشداری دا لەوەی کە شکستی ئیسرائیل لەم کارەدا دەبێتە هۆی بەرفراوانتر بوون و چڕتر بوونەوەی شەڕەکە.
عەبدوڵڵاهیان لە ٢٣ی تشرینی دووەم و لە میانی دیدارەکەیدا لەگەڵ ئال سانی هۆشداری دا لەوەی "دۆخی ناوچەکە توندتر دەبێتەوە" ئەگەر ئیسرائیل بەردەوام بێت لە هێرشەکانی بۆ سەر کەرتی غەززە دوای کۆتاییهاتنی ماوەى ئاگربەستەکە[4].

هێرشی سوپاى پاسداران بۆ سەر کەشتییەکى ئیسرائیل
بەئەگەرى زۆر سوپای پاسداران لە ٢٤ی ئەم مانگە لە کەنداوی فارس هێرشێکی کردووەتە سەر کەشتییەکی بارهەڵگر کە خاوەندارێتییەکەى دەگەڕێتەوە بۆ ئیسرائیل و ئاڵای ماڵتای لەسەر هەڵکراوە.
ئەسۆشییەتد پرێس لە 25ی ئەم مانگە بڵاوی کردەوە، بەرپرسانی ئەمەریکا گومانیان لە سوپای پاسداران هەیە کە هێرشەکەى ئەنجام دابێت.
لە ٢٥ی تشرینی دووەم، کەناڵى مەیادین کە سەر بە حزبوڵڵایە هەواڵی هێرشەکەی بڵاوکردەوە.
میدیای دەوڵەتی ئێران هەواڵەکانی ئەلمەیادینیان سەبارەت بە هێرشەکە بڵاوکردەوە، بەرپرسان و میدیاکانی ئێران ڕەتیان نەکردەوە کە ئێران دەستوەردانی کردبێت لە هێرشەکەدا.

هۆشدارى ئێران سەبارەت بە گرتنى گەرووى هورمز
موجتەبا زوننوور جێگری سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە ٢٥ی ئەم مانگە هۆشداری دا کە ئێران دەتوانێت ئەو کەشتیانە ڕابگرێت کە بە گەرووی هورمزدا تێدەپەڕن ئەگەر ئاسایشی نەتەوەیی ئێران بکەوێتە مەترسییەوە.
پێشتر زوننوور وەک جێگری نوێنەری عەلی خامنەیی ڕابەری باڵای شۆڕشی ئیسلامیی ئێران لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٨-٢٠١١ لە سوپای پاسداران کاری کردووە.

سەردانى بەرپرسێکى سوپا بۆ تونێلەکانى حەماس لە غەززە
عیزەتوڵڵا زەرغامی وەزیری میراتى کولتووری و گەشتیاری و بەرپرسی پێشووی سوپای پاسدارانی ئێران لە میانی چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تەلەفزیۆنی دەوڵەتی ئێران لە ٢٠ی ئەم مانگەدا ڕایگەیاند، کە پێشتر سەردانی تونێلەکانی حەماسی لە کەرتی غەززە کردووە و چەکدارانی حەماسى فێر کردووە کە چۆن مووشەکی فەجر-٣ی بەکار بهێنن، کە دروستکراوی ئێرانە.
زەرغامی لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا ئەندامی سوپای پاسداران بووە و لە نێوان ساڵانی ١٩٨٢-١٩٨٦ وەک بەرپرسی پەخشی ڕادیۆیی سوپای پاسداران کاری کردووە[5].

بەردەوامى هەوڵەکانى ئێران بۆ درێژکردنەوەى ئاگربەست
لە 25ی ئەم مانگە حسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی ئێران لە میانەی پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ هاکان فیدان هاوتا تورکەکەی هەوڵەکانی درێژکردنەوەی ئاگربەستى نێوان ئیسرائیل و حەماسى تاوتوێ کرد.
عەبدوڵڵاهیان داوای لە تورکیا کرد لەگەڵ وڵاتانی دیکەی موسڵمان کردەوەی بەهێزتر بۆ پشتیوانی لە فەلەستینییەکان ئەنجام بدەن.

ڕۆڵى ئێران لە ئازادکردنى بارمتە تایلەندییەکان
لە ٢٣ی ئەم مانگە پارنپری باهیدها نوکارا جێگری سەرۆکوەزیرانی تایلەند لە میانی کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ عەلی باقری، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران لە بانکۆک، سوپاسی هەوڵەکانی ئێرانی کرد بۆ ئاسانکاری بۆ ئازادکردنی بارمتە تایلەندییەکانی لە لاى بزووتنەوەی حەماس.
حەماس لە نێوان 24-25 مانگی تشرینی دووەم ١٤ هاووڵاتیی تایلەندی ئازاد کرد، هەروەها باقری لە سەردانەکەیدا بۆ بانکۆک لەگەڵ جێگری وەزیری دەرەوەی تایلەند و سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی و سەرۆکی پەرلەمان کۆبووەوە، ناوبراو لە میانی دیدارەکانی لەگەڵ ئەم بەرپرسانەدا باسی لە زیادکردنی پەیوەندییە ئابووری و ئەمنییەکانی ئێران کرد لەگەڵ تایلەند[6].

[1] https://www.criticalthreats.org/analysis/iran-update-november-20-2023
[2] https://www.criticalthreats.org/analysis/iran-update-november-21-2023
[3] https://www.criticalthreats.org/analysis/iran-update-november-22-2023
[4] https://www.criticalthreats.org/analysis/iran-update-november-24-2023
[5] https://www.criticalthreats.org/analysis/iran-update-november-25-2023
[6]https://www.criticalthreats.org/analysis/iran-update-november-26-2023?

#ئێران
بینێرە لە ڕێگەی