شەڕی غەززە و داهاتووی بەرەی بەرگری ئێران

03:19
29/11/2023
ناوچەیی

فۆتۆ: میدیاکان

هاوبەشی بکە

نووسینی: ڕاز زیمت
وەرگێڕانی: تاک

لە ١٦ ی تشرینی یەکەم حسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی ئێران پاش کۆبوونەوەی لەگەڵ حەسەن نەسروڵڵا سەرۆکی حزبوڵڵای لوبنان لە پەخشێکی ڕاستەوخۆدا بۆ کەناڵێکی تەلەفزیۆنی ناوخۆیی ڕایگەیاند ''ئەگەر ئەمڕۆ بەرگری لە غەززە نەکەین، دەبێت دواتر بەرگری لە شارەکانی خۆمان بکەین''. ئاماژەی بەوەش کرد ''بەڕێز حەسەن نەسروڵڵا وتویەتی ئەگەر ئێمە هەنگاوی خێرا نەگرینە بەر، دەبێت سبەی لەگەڵ هێزە زایۆنییەکان لە بەیرووت شەڕ بکەین''.
ئەم لێدوانەی حسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان بیرمان دێنێتەوە چۆن بەرپرسانی باڵای ئێران بە ئاشکرا پاساویان دەهێنایەوە بۆ بەشداریکردنی وڵاتەکەیان لە جەنگی ناوخۆی سوریادا دوای سەرهەڵدانی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش). لە دیدارێکیدا ساڵی ٢٠١٥ لەگەڵ بنەماڵەی ئەو سەربازە ئێرانییانەی لە شەڕی سوریا و عێراقدا گیانیان لە دەست دابوو، ئایەتوڵڵا عەلی خامنەیی وتی ''ئەوان چوون بۆ شەڕی دوژمن و ئەگەر شەڕیان نەکردایە، ئەم دوژمنە لە ناوخۆی وڵاتەکەماندا دەبوو... ئەگەر داعش نەوەستێنرایە، دەبوو لە کرماشان و هەمەدان شەڕیان لەگەڵ بکەین'' وەک ئاماژەیەک بۆ پارێزگاکانی ڕۆژئاوای ئێران.
ساڵانێکە ئێران وا خۆی دەبینێت لە ژینگەیەکی پڕ کێشەدایە، چونکە بە دەوڵەتانی شکستخواردوو، یان لاواز دەورە دراوە و بەردەوام ڕووبەڕووی بوونی هێزی بێگانە لە چواردەوری بووەتەوە، کە هەڕەشەیان بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی وڵاتەکەی دروست کردووە. ئەزموونی مێژوویی وڵاتەکە کاری کردووە لەسەر چۆنێتی ڕەچاوکردنی دۆخی ئەمنی ئێران. دوایین زەبر و زەنگی مێژوویی کە لە یادەوەری نەتەوەی ئێراندا چەسپاوە، جەنگی خوێناوی هەشت ساڵەی ئێرانە لەگەڵ عێراق لە ماوەی ١٩٨٠-١٩٨٨.
سەدام حسێن-ی دیکتاتۆری عێراق بوو شەڕی دژی کۆماری ئیسلامی تازە دروستبوو دەست پێ کرد و دەستپێشخەری کرد لە بەکارهێنانی چەکی کۆمەڵکوژ دژی ئامانجەکانی لەناو ئێراندا، لەوانەش چەکی کیمیایی. لەگەڵ ئەوەشدا زۆربەی وڵاتانی جیهان بە زۆربەی وڵاتانی عەرەبیشەوە پاڵپشتی عێراقیان دەکرد. ئەم واقیعە ئیرادەی دامەزراوە ئایینییەکانی ئێرانی بەهێزتر کرد بۆ ئەوەی هەموو هەوڵێک بدەن ئەم زەبر و زەنگە دووبارە نەبێتەوە لە داهاتوودا.
ئامانجی یەکەمی کۆماری ئیسلامی زامنکردنی مانەوەی ڕژێمەکەیەتی لە دژی هەڕەشە ناوخۆیی و دەرەکییەکان، هەر لەم چوارچێوەیەشدا سیاسەتی ئاسایشی خۆی لە قاڵب داوە و سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی کردووە بە هێڵی بەرگری پێشەوە. لەشکرکێشی ئەمەریکا لە ساڵی ٢٠٠٣ بۆ سەر عێراق، شەڕی ناوخۆی سوریا لە ساڵی ٢٠١١ و سەرهەڵدانی داعش لە ساڵی ٢٠١٤ نیگەرانییەکانی ئێرانی لە دوو دەیەی ڕابردوودا زیاتر کردووە. ئەم ڕووداوانە بناغەی دامەزراندنی (بەرەی بەرگری)یان داڕشت، کە ئامڕازێکی گرنگە بەلای ئێرانەوە بۆ ڕاگرتنی دوژمنەکانی و فراوانکردنی هەژموون و دەسەڵاتی خۆی لە دەرەوەی سنوورەکانی. ڕژێمی بەشار ئەسەد لە سوریا، حزبوڵڵای لوبنان، میلیشیا شیعەکان لە عێراق و سوریا و یەمەن، هەروەها حەماس و جیهادی ئیسلامی فەلەستینی بریتین لە نموونەکانی بەرەی بەرگری لە ژێر سەرکردایەتی تاراندا.
دەتوانین ئەم پەرەسەندنە وەک دەربڕینی ئەو چەمکە سەیر بکرێت کە لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا لەناو نوخبەی سیاسی و ئەمنی ئێراندا ڕەگ و ڕیشەی داکوتاوە. لەم چوارچێوەیەشدا گرنگییەکی زیاتر دراوە بە فراوانکردنی چالاکییەکان و کاریگەرییەکانی ئێران زۆر دوور لە سنوورە سیاسی و جوگرافییەکانییەوە بۆ مەبەستی بەرزکردنەوەی توانای مامەڵەکردنی ئێران لەگەڵ هەڕەشە دەرەکییەکاندا.
وەک شێوازێک بۆ کەمکردنەوەی هەڕەشەکان لە زووترین کاتدا، ئێران لە دەیەی ڕابردوودا ستراتیژی (بەرگری پێشەوە)ی گرتووەتەبەر، کە بە ستراتیژی بەرگری هێرشبەرانە ناسراوە و پشت دەبەستێت بە کۆنترۆڵکردنی هەڕەشەکانی سەر ئاسایشی نیشتمانی ئێران لە ڕێگەی مامەڵەکردن لەگەڵ دوژمنەکانی لە دوورترین شوێن لە سنوورەکانییەوە. جێگری سەرۆک ئەرکانی گشتی هێزە چەکدارەکانی ئێران، مەسعوود جەزائیری، پێویستی هەبوونی چەمکی بەرگریی هێرشبەرانەی ڕوون کردەوە بە ئاماژەدان بەوەی دوژمنانی ئێران کە لە لایەن ئەمەریکاوە سەرکردایەتی دەکرێن، ستراتیژێکی سەربازییان گرتووەتەبەر لەسەر بنەمای سەپاندنی گەمارۆ بەسەر کۆماری ئیسلامی ئێراندا. لە ئەنجامدا ئەرکی ئێرانە ئەم گەمارۆیە بشکێنێت لە هەر شوێنێک بێت. مەسعوود جەزائیری ئاماژە بەوە دەکات ''یەکێک لەو شێوازانەی ئەمەریکییەکان و دوژمنانی شۆڕش بەکاریان هێناوە، زیادکردنی ئامادەیی خۆیان بووە لەناو وڵاتانی دراوسێی ئێراندا. ئەگەر ئێرانییەکان لە دەرەوەی سنوورەکانی وڵاتەکەیان شەڕ نەکەن، ناچار دەبن لە سنوورەکانی وڵاتەکەدا شەڕ بکەن. مەحاڵە چاوەڕێی دوژمنان بکەیت نزیک بنەوە دواتر مامەڵەیان لەگەڵ بکەیت؛ دەبێت لە نیوەی ڕێگەدا بیانوەستێنیت''.
چەمکی بەرگری پێشەوە لەگەڵ چەمکی "قووڵایی ستراتیژی" پێکەوە لایەنێکی سەرەکی ستراتیژی ئێران پێکدەهێنن بە ئامانجی پڕکردنەوەی کەم و کورتی توانا سەربازییە تەقلیدییەکەی. هەرچەندە ئەم چەمکە تازە نییە، بەڵام گرنگییەکەی لە ماوەی دەیەی ڕابردوودا زیادی کردووە بەهۆی ئەو هەڵچوونە ناوچەییەی دوای بەهاری عەرەبی ساڵی ٢٠١١ دروست بوو.
دامەزراندنی بەرەی بەرگری توانای ئێرانی بەهێزتر کردووە بۆ فراوانکردن و قووڵکردنەوەی ستراتیژییەکەی لە ناوچەکەدا. ئەویش لەڕێگەی بەهێزکردنی ئەو گرووپانەی کە دڵسۆزن بۆ ئێران و پابەندن بە ئایدۆلۆژیا و ستراتیژییەکەی دژی زایۆنی و ئەمەریکییەکان، لەگەڵ دامەزراندنی بنکەی سەربازی بۆ گرووپەکانی بەرەی بەرگری و دروستکردنی هاوپەیمانی لەگەڵ وڵاتانی هاوئایدۆلۆژیای خۆی. ئامانج لە گەیشتن بە قووڵایی ستراتیژی ئەوەیە کە ئێران بتوانێت گۆڕەپانی شەڕ لە دژی دوژمنەکانی لە دەرەوەی سنوورەکانی فراوانتر بکات و هێڵی بەرگریی دوور لە سنوورەکانی دروست بکات. ئەم ستراتیژە هەوڵ دەدات گۆشەگیری ئێران کەم بکاتەوە و ڕێگری بکات لە ئەگەری ڕوودانی هێرش لەلایەن ئیسرائیل و ئەمەریکاوە، هەروەها توانای هێرشکردن دەدات بە تاران لە کاتی هێرشکردنە سەری.
شەڕی غەززە یەکەم تاقیکردنەوەی بەرچاوی ئاستی هاوکاری نێوان پێکهاتەکانی بەرەی بەرگرییە بە سەرکردایەتی ئێران. ئەمە یەکەم جار نییە کە پلەی پابەندبوونی نێوان ئەندامانی بەرەکە تاقی بکرێتەوە. پەرەسەندنی ڕووداوەکانی سەر سنووری ئیسرائیل لە لە مانگی نیساندا، بە تایبەتی گرژییەکانی قودس و چالاکبوونی گۆڕەپانەکانی غەززە، لوبنان و بەرزاییەکانی جۆلان لەلایەن حەماسەوە، بە شێوەیەکی کاریگەر لەلایەن ئێران و بریکارەکانییەوە سوودی لێ وەرگیراوە وەک دەرفەتێک بۆ پێشخستنی چەمکی "نزیکبوونەوەی گۆڕەپانەکان" و بۆ بەرزکردنەوەی توانای ڕێگریکردن لە ئیسرائیل. بەڵام بۆ یەکەم جار شەڕی غەززە ئێستا مەترسییەکی گەورە بۆ سەر یەکێک لە پێکهاتە سەرەکییەکانی بەرەی بەرگری دروست دەکات. هەر بۆیە تاقیکردنەوەیەکی گرنگە بۆ توانای بەرەنگاربوونەوەی ئیسرائیل.
لە سەرەتای سەرهەڵدانی شەڕ لە ٧ی ئۆکتۆبەرەوە، ئێران هەڕەشەکانی بەرامبەر ئیسرائیل چڕتر کردووەتەوە. بەڵام پێدەچێت ئێران دوودڵ بێت لە کردنەوەی بەرەیەکی تەواو لە نێوان حزبوڵڵا و ئیسرائیلدا، چونکە ئەمە دەتوانێت زیانێکی زۆر بە حزبوڵڵا و تەنانەت خودی ئێرانیش بگەیەنێت. هەروەها دەتوانێت ببێتە هۆی دەستوەردانی سەربازی ئەمەریکا. لێدوانەکانی بەرپرسانی باڵای ئێران ئاماژە بەوە دەکەن کە مەرج نییە ئێران بڵاوەپێکردنی حزبوڵڵا لە هەڵمەتێکی سەرتاسەری دژ بە ئیسرائیل وەک تاکە بژاردەی وەڵامدانەوەی دەستبەجێ سەیر بکات. لەم قۆناغەدا پێدەچێت ئێران پێی باشتر بێت لە ڕێگەی میلیشیا شیعەکانی لایەنگری ئێران لە عێراق، سوریا و یەمەن هەنگاو دژی ئیسرائیل بگرێتەبەر.
سەرەڕای ئەوەش، هەڵسەنگاندن و ڕەچاوکردنەکانی تاران ڕەنگە گۆڕانکاری بە سەردا بێت لەگەڵ بەردەوامبوونی جەنگی غەززە، بە تایبەت ئەگەر ئیسرائیل لە ڕووی سەربازییەوە سەرکەوتنێک بە دەست بهێنێت لە توانایدا بێت هەڕەشە لەسەر مانەوەی حەماس، یان تواناکانی لە غەززە بکات. ئەم کێشەیەی ڕووبەڕووی ئێران دەبێتەوە ئاسان نییە. لە لایەکەوە ترس هەیە لە قوربانیدان بە توانا ستراتیژییەکانی حزبوڵڵا و مەترسی ڕووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ ئەمەریکا. لە لایەکی دیکەشەوە ترس هەیە لە ڕووخانی حەماس و گۆڕانی هاوسەنگی هێزی ناوچەیی و زیانگەیشتن بە ئێران و بەرەی بەرگری.
ئەگەر ئێران بڕیاری پەرەپێدانی شەڕەکە بدات، یان نا، ململانێی غەززە ڕووداوێکی گەردەلوولاوییە و کاریگەری ستراتیژی لەسەر غەززە و تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبێت. لەناوبردنی تواناکانی حەماس ڕەنگە نەک تەنیا کاریگەری لەسەر داینامیکی دەسەڵاتی نێوان ئیسرائیل و حەماس لە غەززە هەبێت، بەڵکو کاریگەری لەسەر هاوسەنگی هێز لە داهاتووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیشدا دەبێت، کە کێبڕکێی لەسەرە لە نێوان بەرەی بەرگری بە سەرکردایەتی ئێران و هاوپەیمانی هێزە نێودەوڵەتی و ناوچەییە میانڕەوەکان.
لەم قۆناغەدا ڕەنگە ئێران خۆشحاڵ بێت بە دەستکەوتەکانی حەماس و وەک نیشانەیەکی دیکەی لاوازی ئیسرائیل و بەهێزی بەرەی بەرگری بیخاتە ڕوو. هەروەها کاربەدەستانی ئێران جەخت دەکەنەوە لەسەر ڕاپۆرتەکانی تایبەت بە وەستانی هەوڵەکانی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان سعودیە و ئیسرائیل و وەک بەڵگەیەکی دیکە لەسەر سەرکەوتنی هەوڵەکان باسی دەکەن بۆ پووچەڵکردنەوەی ئەو پەرەسەندنە. بەڵام ئێران ئاگاداری ئەوەشە ئەگەر ئیسرائیل سەرکەوتنی سەربازی بە دەست بهێنێت و حەماس شکست بهێنێت ڕەنگە دوای جەنگەکە واقیعێکی سیاسی نوێ دەربکەوێت و پێگەی ناوچەیی ئێران لاواز ببێت.
ڕەنگە ئێران بتوانێت پێگەی خۆی لە ناوچەکەدا بپارێزێت تەنانەت بەبێ ئەوەی غەززە لەژێر کۆنترۆڵی حەماسدا بێت، بەڵام دوای ململانێکان ئێران ڕەنگە بۆی دەربکەوێت کە حزبوڵڵا (بە باڵی ستراتیژی پەسەندکراوی تاران دادەنرێت لە ناوچەکەدا) ڕووبەڕووی کاردانەوەی ئیسرائیل دەبێتەوە، تەنانەت ئەگەر خۆشی بە دوور بگرێت لە بەشداریکردن لە ڕووبەڕووبوونەوەی سەرتاسەری لەگەڵ ئیسرائیل و بتوانێت جبەخانە و مووشەکەکانی بپارێزێت.
لە ئێستاوە دەنگێک لە ئیسرائیلدا هەیە بانگەشە دەکات بۆ گۆڕینی دۆخی ئەمنی و ڕووبەڕووبوونەوەی حزبوڵڵا پاش جەنگەکە. بۆ نموونە ئەڤیگدۆر لیبەرمان سەرۆکی پارتی ''ئیسرائیل بیتنا'' داوای کرد هەنگاوی یەکلاکەرەوەتر لە دژی حزبوڵڵا لە لوبنان بگیرێتەبەر. وەزیری پێشووی بەرگری توندڕەو ئاماژەی بەوە کردووە "ناتوانین شەڕەکە تەواو بکەین بەبێ ئەوەی حزبوڵڵا دوور بخەینەوە لە سنوورەکانمانەوە. کەس ناگەڕێتەوە بۆ ئەو گوندانە لە نزیک سنووری ئیسرائیل، کە ئێستا زۆربەیان لەلایەن لوبنانییەکانەوە چۆڵکراون''. هێزەکانی بەرگری ئیسرائیل لە ئێستادا سەرنجیان لەسەر شەڕەکانی کەرتی غەززەیە، لە سەرەتای سەرهەڵدانی شەڕەوە تا ئێستا دەیان چەکداری حزبوڵڵایان کوشتووە و زیانێکی بەرچاویان گەیاندووە بە پێگەکانی حزبوڵڵا و دامەزراوە سەربازییەکانی لە سەر سنوورەکان.
لە دوای جەنگ، ئێران پێویستی بەوە دەبێت لە خۆی بپرسێت ئایا تۆڕێکی سنووردارتر و داخراوتر لە پرۆکسییەکانی بەسە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە ئاسایشییەکانی لە گۆڕانی دۆخی ناوچەکەدا؟ ئەگەر وەڵامی ئەم پرسیارە نەرێنی بێت، ڕەنگە ئێران هەڵسەنگاندن بکات بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی دیکەی ستراتیژی، بەتایبەت بژاردەی ئەتۆمی کە لە دەیەکانی ڕابردوودا پەرەی پێ داوە بۆ ڕاگرتنی دوژمنەکانی و هێشتنەوەی ڕژێمەکەی. خامنەیی هەوڵ دەدات بەربەستی بەدەستهێنانی ئەتۆمی سەربازیی تێپەڕێنێت بۆ دابینکردنی ڕێگرییەکی کاریگەر دژی دوژمنانی ئێران، لە هەمان کاتدا گەرەنتییەک بە دەست بهێنێت بۆ بەردەوامبوونی ڕژێمەکەی.
تا ئێستا ئێران بە فەرمی بڕیاری خێراکردنی بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی نەداوە. بەڵام ڕەنگە لەگەڵ زیادبوونی هەستکردنی بە هەڕەشەکان، تاران گۆڕانکاری بکات لە ستراتیژی وڵاتەکەیدا لەسەر بنەمای هەڵسەنگاندنێک کە تەنها پشت بە پرۆکسییەکانی نەبەستێت، بەڵکو توانای ئەتۆمی سەربازی بە دەست بهێنێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی دوژمنەکانی. لەو کاتەوە دۆناڵد ترەمپ کشانەوەی وڵاتەکەی لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی ئێران ڕاگەیاندووە لە ساڵی ٢٠١٨، پێشێلکردنی بەندەکانی ڕێککەوتنەکە لەلایەن تارانەوە بووەتە هۆی بەرەوپێشچوونێکی بەرچاو لە بەرنامە ئەتۆمییەکەیدا. بەمەش ئێران نزیکتر بووەتەوە لە تێپەڕاندنی بەربەستی بەدەستهێنانی ئەتۆمی سەربازیی و بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی. لە ڕابردوودا ئێران ستراتیژی ئەتۆمی خۆی گۆڕیوە. ڕەنگە جارێکی تر هەمان کار بکاتەوە.

سەرچاوە:  ئەنجومەنی ئەتلەسی
https://www.atlanticcouncil.org/blogs/iransource/gaza-iran-resistance-axis-hamas-hezbollah-israel/

#ئێران #ئیسرائیل #ئەمەریکا #تیرۆر #تورکیا #داعش_و_گرووپە_توندڕەوەکان #دۆسیەی_ناوەکی_ئێران #سوپای_پاسداران #سوریا #عێراق #فەڵەستین #وڵاتانی_عەرەبی
بینێرە لە ڕێگەی