تورکیا لە هەفەتەیەکدا 25/11 تا 1/12/2023

12:59
05/12/2023
کوردستان مۆنیتەر

فۆتۆ: میدیاکان

هاوبەشی بکە

تاک
باڵیۆزی تورکیا لە عێراق لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم کۆدەبێتەوە

ڕۆژانی ٢٧-٢٨ی تشرینی دووەم عەلی ڕەزا گونەی Ali Reza Güney باڵیۆزی تورکیا لە بەغدا سەردانی هەولێری کرد و لەگەڵ هەریەک لە نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەت و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت بە جیا کۆبووەتەوە.
لە دیدارەکاندا مەهمەت یاقوت مەولود کونسوڵی تورکیا لە هەولێر هاوڕێیەتی باڵیۆزی وڵاتەکەی کردووە و گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی بارودۆخی گشتیی عێراق و پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە تاوتوێکراون، هەروەها جەخت لەسەر برەودان بە پەیوەندییەکان لە بواری ئاڵوگۆڕی بازرگانی و ئاسانکاری بۆ هاتووچۆ و گەشتکردن لە نێوان هەردوولادا کرا.
تەوەرێکی کۆبوونەوەکان تایبەت بووە بە دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان و هەر دوو لا هاوڕابوون لەسەر گرنگیى دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیا لە زووترین کاتدا. لەمبارەیەوە باڵیۆزی تورکیا ئامادەیی تەواوی وڵاتەکەی بۆ دەستپێکردنەوەی پرۆسەی هەناردە دەربڕیوە.

تا مانگی شوباتی 2024 پارتە سیاسییەکان مۆڵەتیان هەیە ناوی کاندیدەکانیان پێشکەش بکەن
کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا (کۆباهە) ڕۆژژمێری هەڵبژاردنی شارەوانییەکان (هەشا)ی ڕاگەیاند و ڕۆژی ١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤ ڕۆژژمێرەکە چالاک دەبێت.
بڕیارە هەشا لە ٣١ی ئازاری ٢٠٢٤ لە تەواوی تورکیادا بەڕێوە بچێت.
بەگوێرەی ڕاگەیەنراوەکەی کۆباهە، "ڕۆژی ٢ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤ لیستی ناوی ئەو پارتە سیاسییانە بڵاودەکرێتەوە کە مافی بەشداریکردنیان لە هەڵبژاردنەکاندا دەبێت". هەر بەگوێرەی ڕۆژژمێرەکە ٢٧ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤ پسوڵەی هەڵبژاردنەکان و ناو و لۆگۆی پارتەکان لەناو پسوڵەکەدا ڕادەگەیەنرێت، ڕیزبەندی پارتەکانیش لە پسوڵەکەدا لەڕێگەی قورعەوە دیاری دەکرێت.
ڕۆژی ٧ی شوبات پرۆسەی دەرکردن و نوێکردنەوەی کارتی دەنگدان کۆتایی دێت و تاوەکو ١١ی شوبات شوێن و بنکەی سندوقی دەنگدەران دیاری دەکرێت.
کۆباهە لە ڕۆژژمێرەکەیدا ئێوارەی ٢٠ی شوباتی وەک کۆتا کات بۆ پارتە سیاسییەکان دیاری کردووە بۆ ئەوەی لیستی کاندیدان بۆ هەشا پێشکەش بکەن. ڕۆژی ٣ی ئازار لیستی پەسەندکراوی کاندیدانی سەرۆکایەتی شارەوانی بڵاودەکرێتەوە.
ڕۆژی ٢١ی ئازار بانگەشەی هەڵبژاردن دەست پێ دەکات و تاوەکو ئێوارەی ٣٠ی ئازار بەردەوا دەبێت. لە ٣١ی ئازاری ٢٠٢٤ هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە تەواوی تورکیادا ئەنجام دەدرێت.
لە ڕۆژی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانیشدا لەپێناو بەڕێوەچوونی پرۆسەی دەنگدان بەشێوەیەکی هێمانانە ژمارەیەک ڕێکار و قەدەغەی یاسایی لەلایەن کۆباهە جێبەجێ دەکرێت. گرنگترینیشیان بریتییە لە قەدەغەکردنی ڕاگەیاندنی هەر ئەنجامێکی هەڵبژاردن لەلایەن ئاژانس و دەزگاکانی ڕاگەیاندنەوە تاوەکو کۆباهە بڕیاری ڕێگرییەکە هەڵدەگرێت.[1] 

تورکیا زیندانی زیاتر دروست دەکات
لە چوارچێوەی پشکی وەزارەتی داد لە بودجەی گشتی ساڵی ٢٠٢٤ی تورکیادا ١٢ زیندانی دیکە دروست دەکرێت. بەگوێرەی ڕاپۆرتی تایبەت بە بودجەی ساڵانەی، وەزارەتی دادی ئەو وڵاتە پلانی "دروستکردنی ١٢ زیندانی لە ساڵی ٢٠٢٤" داناوە.
بودجەی گشتی ٢٠٢٤ی تورکیا لە ٢٠ی تشرینی یەکەم تاوەکو ٢٤ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣ لەلایەن لیژنەی پلان و بودجەی پەرلەمانەوە گفتوگۆی لەسەر کرا و بڕیارە لە ١١ی کانوونی یەکەمدا دانیشتنی پەرلەمانی لەسەر بکرێت. لەگەڵ بوونی سەرنج و ڕەخنەی زۆری پەرلەمانتاران بە تایبەت فراکسیۆنی پارتی یەکسانی و دیموکراسی (هەدەپ) لەسەر پشکی وەزارەتەکانی بەرگری و سەرۆکایەتی کۆمار و دەزگای هەواڵگری نیشتمانی (میت)، پلانی وەزارەتی دادیش بۆ دروستکردنی ١٢ زیندانی دیکە لەو ٢٠٠ ملیار لیرەیەی (٧ ملیار دۆلار) کە وەک پشکی وەزارەتەکە بۆ ساڵی ٢٠٢٤ تەرخان کراوە، ڕەخنەی توندی لێگیرا. بەجۆرێک نەک بودجەی تورکیا بە "بودجەی جەنگ Savaş Bütçesi" وێنا بکرێت، بەڵکو وەک "بودجەی جەنگ و داپڵۆسین و زیندانیکردن" وێنا دەکرێت. ئەمە جگە لەوەی لە ڕاپۆرتی وەزارەتەکەدا باس لە "پێویستی دروستکردنی ٨ زیندانی دیکە لە ساڵی ٢٠٢٥" کراوە.
جێگای ئاماژەیە لە ساڵی ٢٠١٩دا ٢٦ زیندان، لە ساڵی ٢٠٢٠دا ٢٣ زیندان، لە ساڵی ٢٠٢١دا ٣٢ زیندان و لە ساڵی ٢٠٢٣دا ١٩ زیندان لە تورکیا دروستکراون. بەمجۆرە تا ئێستا ٢٨٥ زیندان لە تورکیادا بوونیان هەیە. ئەمەش ئەگەر لەلایەک ئاماژە بێت بۆ زیادبوونی ڕووداوە تاوانکارییەکان، ئەوا لەلایەکی دیکەوە هەوڵەکانی دەسەڵات بۆ کۆتوبەندکردنی ئازادی ڕادەربڕین ئاشکرا دەکات. لە هەردوو بارەکەشدا بێتوانایی حکومەت لە دابینکردنی ژیانێکی ئاسودە بۆ هاووڵاتییان تاکو پەنا بۆ تاوان نەبەن و خەمساردیی لە هوشیارکردنەوەی هاووڵاتییان و ترس لە فەراهەمکردنی مەودای ئازادی ڕادەربرێن دەخوێنرێتەوە.[2]

دەست بەسەر موڵکی ٨٢ کۆمپانیا و کەسایەتیی نزیک لە پەکەکە دەگیرێت
تورکیا دەست بەسەر موڵک و سامانی ٢٠ کۆمپانیا و ٦٢ کەسایەتیی نزیک لە پەکەکەدا دەگرێت و پارەکانیشیان بلۆک دەکات. ئەو کەسایەتی و دامەزراوانە لە وڵاتانی ئەوروپا، ئوسترالیا و ئاسیا و ژاپۆن بوونیان هەیە.
بڕیارەکە ڕۆژی چوارشەممە ٢٩ی تشرینی دووەم لەلایەن وەزارەتی دارایی و گەنجینەی تورکیاوە "لەپێناو ڕێگری لە دابینکردنی پارە و سامان بۆ گرووپە تیرۆریستییەکان" دەرچووە و لەڕۆژنامەی فەرمی ئەو وڵاتەدا بڵاوکراوەتەوە.
ئەو دامەزراوانەی دەست بەسەر سامان و موڵکەکانیاندا گیراوە، سەرجەمیان لەلایەن کوردەکانەوە خاوەندارێتی دەکرین و لە وڵاتانی ئەڵمانیا، سوید، ئوسترالیا، بەلجیکا، بەریتانیا، دانیمارک، فەرەنسا، سویسرا، ژاپۆن، ئیتالیا، نەرویج، عێراق و سوریا نیشتەجێن.
مانگی سوری کوردی/ کوردستانی Heyva Sora Kurdı/ Kurdistanı یەکێکە لەو ڕێکخراوانەی کە لە سوریا وعێراق و هەرێمی کوردستان چالاکی هەیە و ناوی لە لیستی سزادراواندایە.[3]

تورکیا پێویستی بە هەرێمی کوردستانە
خاوەنکارێکی ئامەد ڕایگەیاند، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە بواری ئابووریدا پێویستی بە تورکیا هەیە و تورکیاش پێویستی بە هەرێمی کوردستانە.
ئۆزگور محەممەدئۆغلۆ خاوەنکاری دیاری باکووری کوردستان و ئامەد لە چاوپێکەتنێکیدا ئاماژەی بەوەدا، "داوامان لە ئەنقەرە کردووە گەشتی ئاسمانی راستەوخۆی نێوان دیاربەکر و هەولێر دەست پێ بکاتەوە  بۆ برەودان بە جووڵەی بازرگانی و ئابووری نێوان هەر دوو لا".
 لەو چاوپێکەتنەدا کە ڕۆژی دووشەممە ٢٧ی تشرینی دووەم بڵاوکرایەوە ئۆزگور باسی لەوە کرد، ئەمساڵ ڕێژەی هاوردەکردن لە ئامەد بۆ باشووری کوردستان 20% کەمی کردووە، بازرگانانیش داوایان لە ئەنقەرە و بەغدا کردووە ئاسانکاری بۆ  بەرزکردنەوەی ئاستی بازرگانی لەنێوان باکوور و باشووردا بکەن، بە هۆکاری ئەوەی ئامەد پشت بە هەناردەکردنی بەرهەمەکانی بۆ هەرێمی کوردستان دەبەستێت.
ئۆزگور محەممەدئۆغلۆ، ئاماژەی بەوەش کرد، پێشتر بە بەهای نزیکەی ١٤٠ ملیۆن دۆلار کەلوپەل لە دیاربەکر هەناردەی هەرێمی کوردستان دەکرا، بەراورد بە ساڵی رابردوو رێژەکە 20% دابەزیوە.
بە تێڕوانینی ئۆزگور، بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین لە تورکیا و چوون و هاتنەوەی بارهەڵگرەکان لەو وڵاتەوە بۆ هەرێمی کوردستان، نرخەکانی بەرز کردووەتەوە. ئەو خاوەنکارە وتی: گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان هەولێر و ئامەد وەستاوە، ئێمە داوامان لە دەسەڵاتدارانی ئەنقەرە کرد ئەو گەشتە ئاسمانییانە دەست پێ بکەنەوە بۆ گەشەپێدانی ئاستی ئابووری و گەشتیاری نێوان باکوور و باشووری کوردستان.
خاوەنکارەکەی ئامەد جەختی لەوە کردەوە، "ئەنقەرە تاوەکو ئێستا داواکەی رەت نەکردووەتەوە، بەڵام گرفتی تەکنیکی هەیە لە نەبوونی فڕۆکەی چوون و هاتن و ئاگاداریان کردووین لە ئایندەیەکی نزیک ئەو کێشە تەکنیکییە چارەسەر دەکەین". ئۆزگور پێی وایە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێویستی بە باکووری کورستان و تورکیایە، ئامەد و تورکیاش پێویستی بە هەرێمی کوردستانە. وتیشی: "90% ئابووری دیلۆک بە هۆی هەرێمی کوردستانەوە گەشەی کردووە و ئەوەش کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر ئابووری تورکیا دروست کردووە" .[4]

زیانەکانی هێرشی تورکیا بۆسەر ڕۆژئاوا یەک ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە
هێرشەکانی تورکیا لە ماوەی ٦ مانگی ڕابردوودا بۆسەر ڕۆژئاوای کوردستان زیانی یەک ملیار دۆلاری لەو ناوچەیە داوە و ٢ ملیۆن و نیو هاووڵاتیش بێ کارەبا بوون.
بە گوێرەی هەواڵی ڕۆژنامەی یەنی یاشام تورکیا لە ٤ی تشرینی یەکەمەوە دەست لە هیچ ناپارێزێت و لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بیرە نەوتەکان، وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا، بەنزین و ئاو لە ڕێگەی فرۆکەی جەنگی و درۆنەوە دەکاتە ئامانج، بەو هۆیەشەوە ژمارەیەکی زۆر دامەزراوە زیانی گەورەیان پێگەیشتووە و ژێرخان و سەرخانی ناوچەکە وێران بووە.  هەروەها داهاتی گەجینەی کانتۆنەکانی ڕۆژئاوا دوای هێرشەکان بۆ ٥٤٠ میار دۆلار کەمی کردووە.[5]

ڕاپرسییەک: لە ٢٠٢٤دا ئابووری تورکیا خراپتر دەبێت
زیاد لە نیوەی هاووڵاتییانی تورکیا پێیان وایە دۆخی ئابووری وڵاتەکەیان لە ساڵی٢٠٢٤دا "بەراورد بە ئێستا خراپتر دەبێت" و گەورەترین کێشەش ئابووری و بێکارییە.
بەگوێرەی دەرەنجامەکانی ڕاپرسییەکی ناوەندی توێژینەوەکانی ساڕۆس Saros Araştırma ٪57.5ی بەشداربوانی ڕاپرسییەکی تایبەت بە دۆخی ئابووری پێیان وایە "لە ساڵی ٢٠٢٤دا ئابووری تورکیا بەرەو خراپتر دەڕوات" و 11.4٪ لەو باوەڕەدان دۆخەکە وەک خۆی دەمێنێتەوە.
لەو ڕاپرسییەدا کە لە ٣٠ شاری گەورەی تورکیا بە بەشداری ٢ هەزار و ٢٦٠ کەس ئەنجام دراوە، 23.7٪ی بەشداربوان پێیان وابووە دۆخەکە "باشتر دەبێت"، هەرەها 7.3٪ی بەشداربوانیش بۆچوونیان دەرنەبڕیوە.
لەلایەکی دیکەوە 70٪ی بەشداربوانی ڕاپرسییەکە لەو باوەڕەدان گرنگترین کێشەی وڵاتەکەیان ئابوورییە، 6.2٪ پێیان وایە کێشەی بێکاری، 1.2٪ کەمی مووچەی خانەنشینییان بە گرنگترین کێشە داناوە، هەروەها 19.8٪ی بەشداربوان بە ڕێژەی جیاواز (دادپەروەری، جەنگ، ئاوارەکان، پەروەردە، ئەمن و ئاسایش، خودی حکومەت، تیرۆر)یان بە گرنگترین کێشەی وڵات دیاری کردووە.[6]

ئاکەپە سەرۆکایەتی شارەوانی سێ شاری باکووری کوردستان دەدات بە هوداپار
میدیاکانی تورکیا بڵاویان کردووەتەوە، لەچوارچێوەی رێککەوتننامەی کۆمار، پارتی بانگەوازی ئازد (هوداپار) بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە هیچ شوێنێک کاندیدی نابێت و پشیوانی لە کاندیدەکانی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە) دەکات.
بەگوێرەی هەواڵێکی ڕۆژنامەی جمهوریەت کە ٢٩ی تشرینی دووەم بڵاوکراوەتە، "لە بەرامبەر پشتیوانی هوداپار لە کاندیدەکانی ئاکەپە، ئەردۆگان بەڵێنی کاندیدکردنی ٣ کەسی لە هوداپار بۆ سەرۆکی شارەوانی لە باکووری کوردستان دەربڕیوە".[7]
لەلایەکی د. مستەفا پێکۆز مامۆستا لە زانکۆی دیجلە باسی لەوە کردووە، "لەوانەیە لە چەند شوێنێک کە ئاکەپە دڵنیایە لە بردنەوە کەسانی هوداپار کاندید بکات بۆ سەرۆکایەتی شارەوانی".[8]
پشتیوانی بێ مەرجی هوداپار لە ئاکاپە و ئەردۆگان تازە نییە، بەڵام کاندیدکردنی چەند کەسێکی هوداپار لە لیستی کاندیدانی ئاکەپە نوێیە. لە هەڵبژاردنەکانی ١٤ی ئایاری ئەمساڵیشدا هوداپار پشتیوانی تەواوی بۆ ئەردۆگان و پارتەکەی دەربڕی، لە بەرامبەردا ٤ بەرپرسی هوداپار لە لیستی ئاکەپە کاندید کران و هەر چواریشیان دەرچوون.

لە وان و بەتلیس ٤٣ کەس دەستبەسەر دەکرێن
هێزە ئەمنییەکان لە وان و بەتلیس هەڵمەتێکی گەڕان و پشکنینیان ئەنجام دا و بە تۆمەتی "ئەندامێتی و یارمەتیدانی گرووپی تیرۆریستی" بەلایەنی کەمەوە ٤٣ کەسیان دەستبەسەر کرد.
بەگوێرەی هەواڵی ئاژانسی میزۆپۆتامیا ڕۆژی سێ شەممە ٢٨ی تشرینی دووەم لە قەزاکانی خیزان (هیزان) و تەتوان (تاتڤان)ی سەر بە پارێزگای بەتلیس و چەند گوندیکی دەوروبەریان هێرشکراوەتە سەر ماڵەکان و ژمارەیەک هاووڵاتی دەستبەسەر کراون.
لە هەواڵەکەدا باس لەوە کراوە، لە گوندەکان سەرەتا سەربازان گەمارۆی گوندەکانیان داوە و پاشان هێزە ئەمنییەکان هەڵمەتی گەڕان و پشکنین و دەستبەسەرکردنی هاووڵاتییانیان دەست پێ کردووە.
لەلایەکی دیکەوە لە ناوەندی پارێزگای وان و قەزاکانی وێسان (گەڤاش) و ڕێگای ئارموشە (ئیپەکیۆڵو) هەڵمەتی گەڕان و پشکنین بۆ سەر ماڵەکان و دەستبەسەرکردنی هاووڵاتییان ئەنجام دراوە.
سەرەڕای ئەوەی ژمارەیەک ئافرەت و هاووڵاتی بەتەمەن لەنێو دەستبەسەکراواندا بوونیان هەبووە، بەڵام بە بیانووی "نهێنی بوونی پرۆسەی لێکۆڵینەوەکان" ڕێگە نەدراوە پارێزەریان بۆ دابین بکرێت و چاوپێکەوتنیان لەگەڵ کەس و کاریشیاندا لێ قەدەغە کراوە.[9]

باجی چارەسەرنەکردنی کێشەی کورد ٤ ترلیۆن دۆلار بووە
ئۆزتورک تورکدۆغان Öztürk Türkdoğan پارێزەری دۆسیەی کۆبانی Kobani Davası ڕایگەیاند، "باجی چارەسەرنەکردنی کێشەی کورد لە ماوەی ٤٠ ساڵی رابردوودا ٤ ترلیۆن دۆلار بووە".
لە کاتێکدا داعش هێرشی کردبووە سەر کۆبانی، هاووڵاتییانی باکووری کوردستان بە پشتیوانی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) و سەرکردەکانی لە ٦-٨ی تشرنی یەکەمی ٢٠١٤ خۆپیشاندانی فراوانیان بۆ پشتیوانی لە کۆبانی و ڕۆژئاوای کوردستان ئەنجام دا. 
لە ئەنجامی هێرشی پۆلیس و هێزە ئەمنییەکان بۆ سەر خۆپیشاندەران ٢٥١ کەس گیانیان لەدەستدا و ژمارەیەکی زۆریش بریندار بوون، ئەمە جگە لەوەی ١٠٨ کەس لە بەرپرسانی سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسی هەدەپە کە سەڵاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەلداغی هاوسەرۆکیان لە نێودا بوو لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتی دەستگیر کران. لەو ڕێژەیەش ١٨ کەسیان لە زیندان بە دەستبەسەری هێڵرانەوە و ئەوانی دیکەیشیان "تا یەکلابوونەوەی دۆسیەکەیان لە دادگا" بە کەفالەت ئازاد کران،  سەرەڕای سزادانی هاوسەرۆکانی هەدەپە و ژمارەیەکی زۆر لە بەرپرس و ئەندامانی ئەو حزبە و چەندین هاووڵاتی ئاسایی، بەڵام هێشتا پرۆسەی دادگاییکردن لەژێر ناونیشانی "دۆسیەی کۆبانێ" بەردەوامە.
 ئۆزتورک تورکدۆغان لە دانیشتنی ڕۆژی هەینی ١ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣د ئاماژەی بەوەدا، لە تورکیادا "هێشتا ئایدۆلۆژیای کۆنی بەڕێوەبردنی دەوڵەت ئامادەیی هەیە، لەبری ئەوەی واز لەو ئایدۆلۆژیایە بهێنرێت و سوپاسی ئەو کەسانە بکرێت کە ئێستا لە زیندانەکان توند کراون، کەچی هێشتا هاووڵاتی دیکەی ئەم نیشتمانە رووبەڕووی دادگا و زیندانەکان دەکرێنەوە".[10]

سەرۆکی یەکێتی پزیشکان لادەبرێت و قەیوم دەخرێتە شوێنی
بەهۆی ئەوەی داوای کردووە "لێکۆڵینەوەی ورد دەربارەی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لەلایەن سوپای تورکیاوە لە باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان" ئەنجام بدرێت، شەبنەم کۆڕوڕ فینجانجی Şebnem Korur Fincancı سەرۆکی یەکێتیی پزیشکانی تورکیا لە ئەرکەکەی دوورخرایەوە و کەسێک وەک قەیوم لە جێگاکەی دانراوە.
لادانی فینجانجی ساڵێک دوای داواکاریی هەریەک لە ڕەجەب تەیب ئەردۆگان سەرۆک کۆماری تورکیا و سەرۆکی ئاکاپە و دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەپەرست (مەهەپە) هات. ئەو دوو سەرۆکە، دوای لێدوانەکانی فینجانجی دەربارەی بەکارهێنانی کیمیایی لەلایەن سوپای تورکیاوە داوایان کرد "بەزووترین کات داواکاری گشتی دەست بە لێکۆڵینەوە لە سەرۆکی یەکێتیی پزیشکان بکات".
ئەردۆگان لەبری بەدەمەوەچوونی داواکارییەکەی فینجانجی و لێکۆڵینەوە لە "بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لە ئۆپەراسیۆنەکاندا دژی تیرۆریستان"، داوای دەستبەجێ کارابوونی داواکاری گشتیی لەو دۆسییەیەدا کرد. لەلایەکی دیکەوە دەوڵەت باخچەلی داوای کرد پاشگری تورک Türk لە ناوی (سەندیکای پزیشکانی تورک Türk Tabipler Birliği) بکرێتەوە، ئەمەش تەنیا بەهۆی لێدوانی سەرۆکی یەکێتییەکەوە.[11]

لە پەراوێزی لوتکەی جیهانی کەشوهەوا، ئەردۆگان و عالیەڤ چاویان بە مەسرور بارزانی دەکەوێت
ڕۆژانی ١-٢ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣ ڕەجەب تەیب ئەردۆگان سەرۆک کۆماری تورکیا و ئیلهام عالیێڤ سەرۆک کۆماری ئازەربایجان و نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی سەرۆکی حکموەتی هەرێم بەشدارییان لە لوتکەی جیهانی کەش و هەوا لە دوبەی کرد.[12]
لە پەراوێزی لوتکەکەدا ئەو چوار سەرکردەیە کۆبوونەوە و یەکتربینینی سەرپێییان ئەنجام داوە. بەگوێرەی میدیاکان لە کاتێکدا تورکیا پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵ سلێمانی بڕیوە و بەردەوامە لە بۆردوومان و داگیرکردنی خاکی کوردستان، ئازەربایجانیش لە نوێترین بڕیاریدا پێدانی ڤیزای بە هاووڵاتییانی سلێمانی قەدەغە کردووە، کەچی سەرۆکی هەرێم و حکومەت بە خەندە و پێکەنینەوە دانیشتن و گفتوگۆیان لەگەڵ دەکەن.[13]   


[1] https://www.demokrathaber.org/ysknin-secim-takvimi-resmilesti
[2] http://mezopotamyaajansi35.com/GUNCEL/content/view/225728?page=3
[3] https://www.resmigazete.gov.tr/eskiler/2023/11/20231129-7.pdf
[4] https://www.kurdistan24.net/ckb/story/247281
[5] https://yeniyasamgazetesi5.com/turkiyenin-hedef-aldigi-rojavada-hasar-1-milyar-dolari-asti/
[6] https://kuzey24.com/saros-arastirma-2024te-ekonomi-daha-kotu-olacak/
[7] https://www.cumhuriyet.com.tr/turkiye/cumhurda-yerel-ittifakinda-sona-gelinirken-30-buyuksehirde-3-2146021
[8] http://mezopotamyaajansi35.com/GUNCEL/content/view/225387?page=2
[9] http://mezopotamyaajansi35.com/GUNCEL/content/view/225454
[10] http://mezopotamyaajansi35.com/GUNCEL/content/view/225778?page=2
[11] https://www.voaturkce.com/a/ttb-kayyum-atanmasi-karari-tepkilerle-karsilandi/7379203.html
[12] https://www.youtube.com/watch?v=QdXClEOKTSc
[13] https://www.youtube.com/watch?v=ZtX-R8yA2is

#تورکیا
بینێرە لە ڕێگەی