ئێران لە هەفتەیەکدا 27/11 تا 4/12/2023

11:03
06/12/2023
کوردستان مۆنیتەر

فۆتۆ: میدیاکان

هاوبەشی بکە

تاک
ئێران لە عێراق
ستایشی مقاوەمەى ئیسلامى لە لایەن ئەبو عەلا ئەل وەلائی

ئەبو عەلا ئەل وەلائی سکرتێری گشتی کەتیبەکانى سەیدولشوهەدا لە بەیاننامەیەکدا لە ٢٩ی تشرینی دووەم ستایشی پشتیوانی گرووپەکانی مقاوەمەى عێراقی کرد لە فەلەستینییەکان.
وەلائی ئەو بەیاننامەیەی لە یادی ڕۆژی جیهانی پشتیوانى لەگەلی فەلەستین بڵاو کردەوە. وەلائی ستایشی گرووپەکانى مقاوەمەى عێراقی کرد کە توانیویانە بارگرانی لەسەر چەکدارە فەلەستینییەکان کەمتر بکەنەوە.

هەڕەشەى هێزەکانى بەرەى بەرگرى لە ئیسرائیل و ئەمەریکا
لە ٣٠ی ئەم مانگە هێزەکانى بەرەى بەرگرى هەڕەشەیان کرد کە ئەگەر دواى کۆتاییهاتنى ماوەى ئاگربەست ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی لە کەرتی غەززە دەست پێ بکاتەوە، هێرشە ناوچەییەکانیان بۆ سەر ئامانجەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیل دەست پێ دەکەنەوە. هەر لەو بارەیەوە مقاوەمەى ئیسلامی لە عێراق ڕایگەیاند، کە ئەگەر ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی لە کەرتی غەززە دەست پێ بکاتەوە، هێرشەکانیان دژی ئەمەریکا لە ناوەوە و دەرەوەی عێراق توندتر دەکەنەوە. لە 30ی ئەم مانگەش وتەبێژی سەربازی حوسییەکان ڕایگەیاند، حوسییەکان ئامادەن ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانیان دژ بە ئیسرائیل دەست پێ بکەنەوە ئەگەر ئیسرائیل هێرشەکانى لە کەرتی غەززە دەست پێ بکاتەوە.

ڕێگرى لە کاروانێکى هێزەکانى دژە تیرۆر و ئەمەریکا لە عێراق
هەژمارێکی سۆشیال میدیای عێراقی بڵاوی کردەوە، لیوای 30ی هێزەکانی حەشدی شەعبی عێراق لە 1ی کانوونی دووەم ڕێگریان لە کاروانێکی دەزگای دژە تیرۆری عێراق و هێزەکانی ئەمەریکا کردووە لە عێراق.
لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا دەردەکەوێت ئۆتۆمبێلی هێزەکانى حەشدی شەعبی کە چۆن ڕێگری لە تێپەڕبوونی ئۆتۆمبێلە سەربازییەکان دەکەن.
کەناڵێکی تێلێگرامی سەر بە بەرەى بەرگرى بانگەشەی ئەوەی کردووە کە گیرانی ڕێگاکە لە نزیک نەمرود لە باکووری ڕۆژئاوای عێراق ڕوویداوە.
لیوای 30 لە پارێزگای نەینەوا لە باکووری عێراق کار دەکات و پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ هێزەکانى مقاوەمەى ئیسلامی هەیە، لە لە نێویاندا کەتیبەکانى حزبوڵڵا، جووڵانەوەى حزبوڵڵای نوجەبا و ڕێکخراوی بەدر.
لیوای 30ی هێزەکانى حەشدی شەعبی  ناسراوە بە حەشدی شەبەک، لە ساڵی 2014 لە سەردەمی وەعد قدۆ دروست کراوە و بە پلەی یەکەم لە نەتەوەی شەبەک و تورکمانی شیعە پێکهاتووە.
ئەمەریکا و خەڵکی ناوچەکە لە دەشتی نەینەوا، لیوای 30 و وەعد قدۆ-یان تۆمەتبار کردووە بە زەوتکردن، دەستگیرکردنی نایاسایی، ڕفاندن و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ.

ئەمەریکا داوا لە عێراق دەکات کارمەندەکانى بپارێزێت
ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە 1ی کانوونی دووەم لە میانی پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق، باسی لە هەڕەشەکانی سەر هێزەکانی ئەمەریکا کرد لە عێراق کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێت،  بلینکن داوای لە حکومەتی ناوەندی عێراق کرد، کە کارمەندانی ئەمەریکا لە عێراق بپارێزێت و بگەڕێن بەدوای ئەنجامدەرانی هێرشەکانی ئەم دواییەی دژی هێزەکانی ئەمەریکادا.

سەردانى سەرۆک ئەرکانى گشتى هێزە چەکدارەکانى ئێران بۆ بەغدا
محەمەد باقری سەرۆک ئەرکانی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئێران لە 2ی کانوونی دووەم سەردانى بەغدای کرد.
باقری لە سەردانەکەیدا لەگەڵ بەرپرسانی باڵای سەربازی و سیاسی عێراق، لە نێویاندا سوودانی و عەبدوللەتیف ڕەشید سەرۆک کۆماری عێراق کۆ دەبێتەوە.
میدیای حکومەتی ئێران بڵاوی کردەوە کە باقری لەگەڵ ئەم بەرپرسانە تاوتوێی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، پێشهاتەکانی ناوچەکە، هاوکاری بەرگری دوو لایەنە و هاوکاری سەر سنوورەکان دەکات. سەردانەکەی باقری بۆ بەغدا دوای پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی سوودانی دێت لەگەڵ بلینکن[1].

کۆتاییهاتنى ئاگربەست و دەستپێکردنەوەى هێرشەکانى مقاوەمەى ئیسلامی

- دواى کۆتاییهاتنى ماوەى ئاگربەست لە کەرتى غەززە لە 1 کانوونى یەکەم، مقاوەمەى ئیسلامی لە عێراق لە 3ی کانوونی یەکەم هێرشەکانی بۆ سەر هێزەکانی ئەمەریکا دەست پێ کردەوە و بەرپرسیارێتی خۆی لە دوو هێرش بۆ سەر هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق و سوریا ڕاگەیاند.
گرووپەکە ئاماژەی بەوەکرد كەفڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئاڕاستەی هێزەکانی ئەمەریکا لە هەولێر کردووە و چەندین مووشەکی ئاڕاستەی هێزەکانی ئەمەریکا کردووە لە حەسەکە.

- مقاوەمەى ئیسلامی لە عێراق ڕایگەیاند، لە 3ی کانوونی دووەم پێنج لە چەکدارەکانیان لە شەڕدا گیانیان لەدەستداوە، لە ڕاگەیەنراوەکەدا هۆکار و شوێنی گیان لەدەستدانەکە دیاری نەکراوە و هیچ لایەنێکیشتاوانبار نەکراوە.
سەرچاوەیەکی سۆشیال میدیای عێراقی ڕایگەیاند، ئەو پێنج چەکدارە سەربە جووڵانەوەى حزبوڵڵا بوون کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێن و لەوەدابوون بە فڕۆکەى بێفڕۆکەوان هێرش بكەنە سەر هێزەکانی ئەمەریکا لە کەرکوک.  
بەپێی زانیارییەکان پێش ئەوەى چەکدارەکان بتوانن فرۆکە بێفڕۆکەوانەکە هەڵبدەن، تەقێنراوەتەوە. بەرپرسێکی سەربازیی ئەمەریکی بە تایم ئۆفئیسرائیلی وتووە، کە ئەمەریکا پێش ئەوەى هێرشەکەى بکرێتە سەر دەستى خۆى وەشاندووە و وەک بەرگرى لە خۆى هێرشەکەى ئەنجام داوە.
کەناڵێکی  تەلەگرامى میلیشیاكانى سەر بە ئێران، ماتەمینی گێڕا بۆ کوژرانى کۆمەڵێک چەکداری مقاوەمەىئیسلامی لە عێراق و ڕایگەیاند، کە بەهۆی هێرشێکی ئاسمانی ئەمەریکاوە گیانیان لەدەستداوە.

- میلیشیای عێراقی ئەسحابی کەهف بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ هەڕەشەی ئەنجامدانی هێرشی زیاتری کرد بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەک بۆ سەر هێزەکانى ئەمەریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەم لێدوانە لە کاتێکدایە کە میلیشیا عێراقییەکانی دیکەی سەر بە ئێران بە هەمان شێوە پەیامیان ناردووە کە ئەوان دوای کۆتاییهاتنی ئاگربەستى مرۆیی نێوان ئیسرائیل و حەماس هێرشەکانیان بۆ سەر هێزەکانی ئەمەریکا دەستپێدەکاتەوە.

ئێران لە یەمەن
کردنە ئامانجى کەشتییەکى ئیسرائیلی لە لایەن حوسییەکانەوە

حوسییەکان لە ٢٧ی ئەم مانگە بە دوو مووشەکی بالیستی کەشتى (MV Central Park)یان کردە ئامانج، دوای ئەوەی کەشتیی (USS Mason) هێزی دەریایی ئەمەریکا هەوڵی ڕفاندنی کەشتییەکەى لە کەنداوی عەدەن هەڵوەشاندەوە و پێنج ڕفێنەرەکەشی دەستگیرکرد.
فەرماندەیی ناوەندی ئەمەریکا (CENTCOM) لە ٢٧ی تشرینی دووەم ڕایگەیاند کە ڕێگریان لە دوو مووشەکی بالیستی کردووە کە لە ناوچەکانى ژێر دەسەڵاتى حوسییەکان ئاڕاستەى کەشتى (MV Central Park) کرابوو. تا ئێستا دیار نییە کێ بەرپرسیار بووە لە هەوڵى ڕفاندنی کەشتییە ئیسرائیلییەکە لە کەنداوی عەدەن لە ٢٦ی ئەم مانگە.
ژەنەڕاڵ پات ڕایدەر وتی، هەوڵی ڕفاندنی کەشتییەکە پێدەچێت لەلایەن چەتە دەریاییە سۆماڵییەکانەوە ئەنجام درابێت، نەک حوسییەکان، هەرچەندە ئاماژەی بەوەش کرد کە سوپای ئەمەریکا بەردەوامە لە هەڵسەنگاندنی ناسنامەی ڕفێنەرەکان.

خستنە خوارەوەى فڕۆکەیەکى بێفڕۆکەوانى حوسییەکان
کەشتی ئەمەریکی USS Carney لە 29ی ئەم مانگە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی حوسییەکانی خستە خوارەوە کە لە یەمەنەوە هەڵدرابوو.
مەهدی ئەلمەشات سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای سیاسی یەمەن لە 29ی ئەم مانگە هۆشداری دا لەوەی کە هێرشەکانى ئەمەریکا هەڵوێستمان ناگۆڕێت بەرامبەر شەڕی ئیسرائیل و حەماس.

تەقینەوە لە جبەخانەیەکى حوسییەکان
لە ٣٠ی ئەم مانگە تەقینەوەیەک لە دامەزراوەیەکی سەربازی حوسییەکان لە شاری سەنعا لە یەمەن ڕوویدا، کە پێ دەچێت بنکەیەکى مووشەکی بێت، گرتە ڤیدیۆییە ناوخۆییەکان دەریدەخەن کە دوکەڵێکى گەورە لە ناوچەی جەبەل عەتانی شاری سەنعا بەدی کراوە.
میدیاکانی ئیسرائیل بە پشتبەستن بە زانیارییەکانى میدیای سعودی، ڕایانگەیاندووە کە هێرشێکی مووشەکی بووەتە هۆی تەقینەوەکە لە کۆگایەکی مووشەکی حوسییەکان.
ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی حوسییەکان ڕایگەیاند، کە تەقینەوەکە بەهۆی تەقینەوەى پارچەیەکی نەتەقاوەوە بووە لەناو یەکێک لە جبەخانەکانیان کە دەکەوێتە ناوچەیەکی شاخاوییەوە.
لە لایەکى دیکەوە لە ٣٠ی ئەم مانگە سکرتێری ڕۆژنامەوانی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا ڕایگەیاند، سوپای ئەمەریکا ئەو بنکە سەربازییەى حوسییەکانی لە یەمەن نەکردووەتە ئامانج.

ئێران لەسەر ئاستى ناوخۆ
کۆبوونەوەى وەزیری دەرەوەى ئێران و هیندستان

وەزیری دەرەوەی ئێران لە 27ی ئەم مانگە لەگەڵ هاوتا هیندییەکەی لە تاران کۆبووەوە و باسی شەڕی ئیسرائیل و حەماسی کرد. ئەو دوو بەرپرسە جەختیان لەسەر پێویستی بەردەوامی دابینکردنی یارمەتییە مرۆییەکان کرد بۆ کەرتی غەززە[2].

هەوڵەکانى ئێران بۆ درێژکردنەوەى ماوەى ئاگربەست
بەرپرسانی ئێران بەردەوامن لە هەوڵەکانیان بۆ فشارخستنە سەر ئیسرائیل بۆ درێژکردنەوەی ماوەى ئاگربەست و هۆشداریان دا لەوەی کە شکستی ئیسرائیل لە درێژکردنەوەی ماوەى ئاگربەست، دەبێتە هۆی پەرەسەندنى شەڕەکە.
ئەندامێکی ئەنجومەنی دیاریکردنى بەرژەوەندییەکانى ڕژێمی ئێران و فەرماندەی پێشووی سوپای پاسداران هۆشداری دا لە "تۆڵەسەندنەوەی توند" لە ئەگەر بەردەوامبوونى  ئیسرائیل لەسەر ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانى لە کەرتی غەززە.
هەروەها وەزیری بەرگری ئێران وتى کە ئەمەریکا و ئیسرائیل باجێکی زۆر قورستر دەدەن ئەگەر ئیسرائیل بەردەوام بێت لەسەر ئەنجامدانى ئۆپەراسیۆنەکانی.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە میانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا جەختی کردەوە لەسەر خواستی ئێران بۆ جێبەجێکردنى ئاگربەستێکی هەمیشەیی.
حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی ئێران هۆشداری دا لەوەی ئەمەریکا و ئیسرائیل ڕووبەڕووی "دەرئەنجامی توند" دەبنەوە ئەگەر نەتوانن ئاگربەستێکی هەمیشەیی بهێننە ئاراوە[3].

هاوکارییە سەربازییەکانى نێوان ڕوسیا و ئێران
لە ماوەى چەند هەفتەی ڕابردوودا، هاوکارییە سەربازییەکانی ڕوسیا و ئێران تادێت زیاتر قووڵ دەبێتەوە.
مەهدی فەرەحی جێگری وەزیری بەرگری ئێران لە 28ی ئەم مانگە ڕایگەیاند، مۆسکۆ ڕەزامەندی دەربڕیوە لەسەر فرۆشتنی فڕۆکەی جەنگی Su-35، هەلیکۆپتەری هێرشبەری Mi-28 و فڕۆکەی ڕاهێنەری شەڕکەری Yak-130 بە ئێران.
سەرکردەکانی ئێران لە مێژە هەوڵی بەدەستهێنانی فڕۆکەی پێشکەوتوو دەدەن لە ڕوسیا و پێدەچێت پرۆسەکە دواکەوتنی دووبارە بەخۆیەوە ببینێت. بەرپرسانی ڕوسیا لە ئێستادا ڕێککەوتنەکەیان پشتڕاست نەکردووەتەوە. گواستنەوەی فڕۆکە پێشکەوتووەکانی ڕوسیا بۆ ئێران ئەگەر هەیە چەند مانگێک، یان زیاتر بخایەنێت تا تەواو دەبێت.
سەرکردەکانی ئێران لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٢ەوە چەندین جار ئاماژەیان بەوە کردووە کە بەم زوانە فڕۆکەی پێشکەوتوو لە ڕوسیا وەردەگرن، بەبێ ئەوەی هێشتا هیچیان بەدەست گەیشتبێت.
بە هەمان شێوە ڕوسیا لە ساڵی ٢٠٠٧دا ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر فرۆشتنی سیستمی بەرگری ئاسمانی ئێس ٣٠٠، بەڵام تا ساڵی ٢٠١٦ سیستمەکە بەست ئێران نەگەیشت.

پەیوەندییەکانى نێوان سەرۆک کۆمارى ئێران لەگەڵ هاوتا تورکییەکەى
ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک کۆماری ئێران و ڕەجەب تەیب ئەردۆگان سەرۆک کۆماری تورکیا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لە ٢٦ی ئەم مانگە باسیان لە شەڕی ئیسرائیل و حەماس کرد.
هەر دوو لا جەختیان لەسەر پێویستی زۆرترین هاوکاری نێوان وڵاتەکانیان لە بەرامبەر شەڕەکەدا کرد.
سەردانە پلان بۆ داڕێژراوەکەی ڕەئیسی بۆ ئەنقەرە لە ٢٨ی ئەم مانگەدا بەهۆی هۆکاری دیارینەکراوەوە هەڵوەشایەوە. میدیاکانی سەر بە سوپای پاسداران بڵاویان کردەوە کە ڕەئیسی بڕیارە لە سەرەتای مانگی کانوونی دووەمدا سەردانی ئەنقەرە بکات.

کۆبوونەوەى خامنەیی لەگەڵ ئەندامانى هێزەکانى بەسیج
عەلی خامنەیی ڕابەری باڵاى ئێران لە ٢٩ی تشرینی دووەم لە میانى کۆبوونەوەى لەگەڵ ئەندامانی هێزەکانى بەسیج لە تاران باسی شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماسى کرد.
خامنەیی بانگەشەی ئەوەی کرد کە هێرشی حەماس لە حەوتی تشرینی یەکەم بۆ سەر ئیسرائیل جوگرافیایەکی سیاسی نوێی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دروستکرد و بووە هۆى کەمکردنەوەى هەژموونى ئەمەریکا لە هەرێمەکە.
خامنەیی هەروەها باسی لە شکستەکانی ئەمەریکا کرد لە ساڵانی ڕابردوودا لە عێراق، لوبنان و سوریا.

پێشنیارێکى سعویە بۆ ئێران
سعودییە پێشنیاری زیادکردنی وەبەرهێنانەکانی کردووە لە ئابووری ئێراندا ئەگەر بتوانێت دەست بەسەر بریکارەکانیدا بگرێت و ڕێگری بکات لەوەی شەڕی ئیسرائیل و حەماس بگۆڕێت بۆ ململانێیەکی ناوچەیی.
بەپێى زانیارییەکان ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک کۆماری ئێران و محەممەد بن سەلمان شازادەی جێنشینی سعودییە لە میانی دیدارەکەیاندا لە پەراوێزی کۆنفرانسی هاوبەشی کۆمکاری عەرەبی و ڕێکخراوی هاوکاری ئیسلامی لە شاری جەددە لە 11ی ئەم مانگە، تاوتوێی ئەگەری پەیوەندی قووڵتریان کردووە.
هەر بەپێی زانیارییەکان، سعودییە کار دەکات لەگەڵ ڕێکخراوی هاوکاری ئیسلامی و ئەمەریکا بۆ ڕێگری کردن لە ئێران تا شەڕی ئیسرائیل و حەماس نەقۆزێتەوە بۆ بەهێزکردنی بەرەى بەرگرى لە ناوچەکە[4].

نزیکبوونەوەى فڕۆکەیەکى بێفڕۆکەوانى ئێرانى لە کەشتییەکى ئەمەریکی
لە 28ی تشرینی دووەم فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئێرانی بە شێوەیەکى ناپیشەگەرانە لە کەشتی فڕۆکەهەڵگری ئەمەریکی USS Dwight D. Eisenhower  نزیک بووەوە لە کەنداوی فارس.
لە ٢٦ی تشرینی دووەم دەریاوان عەلی ڕەزا تەنگسیری فەرماندەى هێزى دەریایی ئێران لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تەلەفزیۆنی دەوڵەتی ئێران داوای لە هێزی دەریایی ئەمەریکا کرد لە کەنداوی فارس، کە بە شێوەیەکی عەقڵانی ڕەفتار بکەن.

پەیوەندى تەلەفۆنى سەرۆک ئەرکانى هێزە چەکدرەکانى ئێران لەگەڵ وەزیری بەرگرى سعودییە
لە 30ی ئەم مانگە، محەممەد باقری سەرۆک ئەرکانی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئێران، لە میانی پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ خالید بن سەلمان ئال سعود وەزیری بەرگریی سعودیە تاوتوێی فراوانکردنی پەیوەندییە سەربازییەکانی ئێران و سعودیەى کرد، هەروەها هەر دوو لا باسیان لە پرسگەلێکی گرنگ کرد لە جیهانی ئیسلامیدا، لەوانە شەڕی ئیسرائیل و حەماس.

پەیوەندى وەزیری دەرەوەى ئێران بە هاوتا ئیماراتیەکەیەوە
لە ٣٠ی ئەم مانگە، حسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری کاروباری دەرەوەی ئێران لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ شێخ عەبدوڵڵا بن زاید ئال نهیان هاوتا ئیماراتییەکەی، ڕەخنەی لە حکومەتی ئیماراتی گرت کە میوانداری ئیسحاق هێرزۆگی ئیسرائیلی کردووە لە کۆنفڕانسێکى تایبەت بە گۆڕانى کەشوهەوا.
میدیاکانی سەر بە سوپای پاسداران باسیان لەوە کردووە کە ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک کۆماری ئێران وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بە ئامادەبوونی هەرزۆگ بەشداری کۆنفرانسەکەی نەکردووە.

ئەنجامدانى مانۆرێکى هاوبەش لە نێوان سوپاى ئێران و عومان
لە ٣٠ی ئەم مانگە، هێزی دەریایی سوپای پاسداران و سوپاى فەرمى ئێران لەگەڵ هێزی دەریایی شاهانەی عومان لە گەرووی هورمز و کەنداوی عومان مانۆڕێکی دەریایی هاوبەشیان ئەنجام دا.
میدیاکانی ئێران بڵاویانکردەوە کە هێزە دەریاییەکان لە چوارچێوەی مانۆڕەکەدا چاودێری هاتوچۆی دەریاییان کردووە. ئێران و عومان لە ساڵانی ڕابردوودا چەنیدن جار مەشقی هاوبەشیان ئەنجام داوە[5].

کۆبوونەوەى فەرماندەى هێزى دەریایی سوپاى پاسداران لەگەڵ جێگرى سەرۆک ئەرکانى عومان
عەلی ڕەزا تەنگسیری فەرماندەی هێزی دەریایی سوپای پاسداران لە 1ی کانوونی دووەم لەگەڵ فەریق حەمید بن عەبدوڵڵا ئەلبەلوشی جێگری سەرۆک ئەرکانی هێزە چەکدارەکانی عومان لە بەندەر عەباس لە پارێزگای هورمزگان کۆبووەوە.
تەنگسیری جەختى کردەوە کە وڵاتانی ناوچەکە دەبێت ئاسایشی گەرووی هورمز بپارێزن و بوونى وڵاتانی ڕۆژئاوایی لە کەنداوی فارسدا ناکۆکی دەخەنە نێوان وڵاتانی موسڵمانى ناوچەکە[6].

بەرەى بەرگرى وەڵامى توندى ئیسرائیل دەدەنەوە
حسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی ئێران لە 1ی کانوونی دووەم پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ بەدر ئەلبوسەیدی هاوتا عومانییەکەی ئەنجام دا.
عەبدوڵڵاهیان ڕایگەیاند، کە سەرکردەکانی بەرەى بەرگرى لە ٢٢ی تشرینی دووەم پێیان وتووە، ئەگەر ئیسرائیل لە کەرتی غەززە ئۆپەراسیۆنەکانى دەست پێ بکاتەوە، وەڵامێکی توندیان دەبێت بۆى.

ئێران و چین و ڕوسیا مانۆڕى دەریایی ئەنجام دەدەن
دەریاوان شەهرام ئیرانی فەرماندەی هێزی دەریایی سوپاى فەرمى ئێران/ئەرتەش ڕایگەیاند، کە ئێران و چین و ڕوسیا لە چوارچێوەى جێبەجێکردنى پلانى پشتێنەى ئاسایشی دەریایی بۆ ساڵى 2024، مانۆڕێکی دەریایی ئەنجام دەدەن.
دوایین جار ئەو سێ وڵاتە لە مانگی ئازاری ٢٠٢٣ مانۆڕێکی دەریاییان لە کەنداوی عومان ئەنجام دا وەک بەشێک لە پشتێنەى ئاسایشی دەریایی سێ قۆڵی کە ساڵی ٢٠١٩ لەلایەن  ئەو سێ وڵاتەوە دامەزراوە.

نزیکبوونەوەى فڕۆکەى بێفڕۆکەوانى ئێران لە کەشتییەکى ئەمەریکی
لە ٢ی کانوونی دووەم فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانى ئێران بەشێوەیەکى هەڕەشە ئامێز نزیک بووەوە لە کەشتیی فڕۆکە هەڵگری ئەمەریکی USS Dwight D. Eisenhower لە کەنداوی فارس.
هێزە چەکدارەکانی ئێران لە ٢٨ی تشرینی دووەم بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هەڕەشەیەکى دیکەى هاوشێوەیان دروستکرد بۆ سەر کەشتیی USS Dwight D. Eisenhower، پێشتر عەلی ڕەزا تەنگسیری فەرماندەی هێزی دەریایی ئێران داوای لە هێزی دەریایی ئەمەریکا کرد کە بە شێوەیەکی عەقڵانیڕەفتار بکەن لە کەنداوی فارس.

بەردەوامى گوشارە سیاسییەکانى ئەمەریکا
ئێران بەردەوامە لەسەر گوشارەکانی بۆ سەرئەمەریکا و ئیسرائیل بۆ جێگیرکردنى ئاگربەستی هەمیشەیی و هۆشداری ئەوە دەدات کە نەکردنی ئەو کارە دەبێتە هۆی پەرەسەندنى شەڕەکە.
حسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران لە 3 ى کانوونى یەکەم لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ جۆزێپ بۆرێل، نوێنەری باڵای سیاسەتی دەرەوە و سیاسەتی ئاسایشی یەکێتیی ئەوروپا، هۆشداری دا لە ئەگەری فراوانبوونی ململانێکان، ئەگەر ئیسرائیل بەردەوام بێت لەسەر ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی لە کەرتی غەززە.
لە ٢ی کانوونی دووەم ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک  کۆمارى ئێران لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ فومیۆ کیشیدا سەرۆکوەزیرانی ژاپۆن، باسی لە شەڕی ئیسرائیل و حەماس کرد.
ڕەئیسی ئیدانەی هێرشی ئیسرائیلى کرد بۆ سەر کەرتی غەززە و ڕەخنەی لە بێهەڵوێستی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی گرت لە وەستاندنی تاوانەکانی ئیسرائیل[7].

کوژرانى دوو ئەفسەر هێزەکانى قودس لە سوریا
بەپێی زانياری میدیاكانی ئیسرائیل ئەو دوو ئەفسەرەی سوپای پاسداران کە لە هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل لە ٢ی کانوونی دووەم کوژران، ئەندامی یەکەی ٣٤٠ی هێزی قودسی سوپای پاسداران بوون.
ئیسرائیل لە ٢ی کانوونی دووەم هێرشێکى ئاسمانی لە باشووری سوریا ئەنجام دا، لەو شوێنەى کە سوپای پاسداران بوونێکى بەهێزى هەیە.
یەکەی ٣٤٠ بەرپرسیارە لە پێشکەشکردنی پشتیوانی سەربازی تەکنیکی و ڕاهێنان بە هێزەکانى بەرەى بەرگرى.




[1] https://www.criticalthreats.org/analysis/iran-update-december-2-2023
[2] https://www.criticalthreats.org/analysis/iran-update-november-27-2023
[3]https://www.criticalthreats.org/analysis/iran-update-november-28-2023
[4] https://www.criticalthreats.org/analysis/iran-update-november-29-2023
[5] https://www.criticalthreats.org/analysis/iran-update-november-30-2023-6569315598267
[6] https://www.criticalthreats.org/analysis/iran-update-december-1-2023
[7]https://www.criticalthreats.org/analysis/iran-update-december-2-2023

#ئێران
بینێرە لە ڕێگەی