تورکیا لە هەفتەیەکدا 2/12 تا 8/12/2023

11:30
12/12/2023
کوردستان مۆنیتەر

فۆتۆ: میدیاکان

هاوبەشی بکە

تاک
هەدەپ بەتەنیا بەشداری هەڵبژاردنی شارەوانییەکان دەکات

وتەبێژی هەدەپ ئایشەگیول دۆغان Ayşegül Doğan بەشداریکردنی پارتەکەیانی بە سەربەخۆ لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ٣١ی ئازاری ٢٠٢٤ ڕاگەیاند و ئاماژەی بەوە داوە، بڕیارەکەیان "دەرەنجامی سەدان کۆبوونەوەیە لەگەڵ ئەندام و ڕێکخستنەکانی هەدەپ و گوێگرتنە لە خواست و داواکاری لایەنگرەکانی".
دۆغان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا باسی لەوە کردووە، "بڕیارەکە بە زۆرینەی دەنگی مەکتەبی سیاسی دەرکراوە و بۆ ئەو مەبەستەش پڕکردنەوەی فۆڕمی داواکاری بۆ کاندیدبوون لەسەر لیستی هەدەپ بۆ سەرۆکایەتی و ئەنجومەنی شارەوانییەکان دەستی پێ کردووە".
وتەبێژەکەی هەدەپ لەڕێگەی بەکارهێنانی دەستەواژەی "ستراتیژی پارتەکەمان لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکاندا تەنیا بەدەستهێنانی زۆرترین دەستکەوتە بۆ کورد و هەدەپ لە تورکیادا، ئەم کارە نە هەوڵدانە بۆ شکستپێهێنانی کەس و لایەنێک، نە هەوڵدانە بۆ سەرخەستنی کەس و لایەنێکی دیکە"، پەیامی سەربەخۆبوونی هەدەپ-ی لە بڕیار و هاوپەیمانێتییەکانی بەرەی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنی تورکیای ڕاگەیاند.[1] 
ئەمەش دوای ئەوە دێت لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ٢٠١٩دا بە ئامانجی شکستپێهێنانی کاندیدەکانی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە) لە شارە گەورەکانی ئیستەنبوڵ، ئەنقەرە، ئیزمیر، بوڕسا و ئەنتالیا هەدەپە/ هەدەپ کاندیدی بەربژێر نەکرد و داوای لە ئەندام و لایەنگرانی کرد دەنگ بە کاندیدەکانی بەرەی ئۆپۆزسیۆن و پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) بدەن.
هەرچەندە بەهۆی ئەم بڕیارەوە کاندیدەکانی جەهەپە سەرکەوتن و ئاکەپە شکستی خوارد، بەڵام لە چوارچێوەی گشتیدا ئاکەپە زیاتر بەرەوپێش دەڕوات و سەرکەوتنی کاندیدەکانی جەهەپە-ش دەسکەوتێکی بۆ کورد و هەدەپ تێدا نەبوو. لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆمار-ی ئەمساڵیشدا بە ئامانجی سەرخستنی کەمال کلیچدارئۆغڵو کاندیدی بەرەی ئۆپۆزسیۆن و جەهەپە، لەلایەن هەدەپە/ هەدەپ-ەوە بەربژێر بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار ڕانەگەیەنرا و داوا لە ئەندام و لایەنگرانی هەدەپ کرا دەنگ بە کلیچدارئۆغڵو بدەن. سەرەڕای دۆڕانی کاندیدەکەی ئۆپۆزسیۆن، دەرکەوت لە خولی دووەمی هەڵبژاردنەکاندا لەپێناو بەدەستهێنانی پشتیوانی ئومیت ئۆزداغ Ümit Özdağ سەرۆکی پارتی زەفەر، کە بە پارتێکی فاشیستی تورکیا دادەنرێت، کلیچدارئۆغڵو چەندین بەڵێنی بە ئۆزداغ داوە، کە زۆرینەیان دژ بە کورد و مانەوەی هەدەپ بوون.[2]   

"ئێرە کوردستانە"، کردی بە کاندیدی هەڵبژاردنی شارەوانییەکان
ئەو دوکاندارە کوردەی لە پارێزگای سێرتی باکووری کوردستان بە مێرال ئاکشنەر Meral Akşener سەرۆکی پارتی باش İyi Partiی وت "ئێرە کوردستانە،" بووەتە بەربژێری پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (هەدەپ) بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە شارۆچكەی میسرجی سەر بە پارێزگای سێرت.[3]
ڕۆژی هەینی ٢٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢١، کاتێک سەرۆکی پارتی باش کە پارتێکی ڕاستڕەوی نەتەوەپەرستی تورکیایە، سەردانی شارۆچکەی میسرجی کرد و چووە نێو بازاڕ، جەمیل تاشکەین Cemil Taştekin پێی گوت، "نکۆڵی لە زمانمان دەکرێت، نکۆڵی لە ناسنامەمان دەکرێت، نکۆڵی لە کوردستان دەکرێت، ئەوانەی لێرەن هەموو کوردن، ئەو شوێنەی ئێستا ئێوە لێی وەستاون کوردستانە، بەڵام بەداخەوە لە پەرلەمان نکۆڵی لە کوردستان دەکرێت."
ئەو گرتە ڤیدیۆییە و قسەکانی تاشتەکینی دوکاندار خێرا لە تورکیا بڵاوبووەوە، هەمان ڕۆژ داواکاری گشتیی شارۆچکەی میسرج بە تۆمەتی "پڕوپاگەندەکردن بۆ تیرۆر" سکاڵای لەسەر ئەو دوکاندارە تۆمار کرد و دەستگیرکرا، بەڵام ئێوارەی هەمان ڕۆژ ئازادکرا.
لەسەر ئەو ڕووداوە، مستەفا یەنەرئۆغڵو Mustafa Yeneroğlu، پەرلەمانتاری پارتی پێشکەوتن و دیموکراسی (دەڤا) هەمان ڕۆژ تویتێکی بڵاوکردەوە و تێیدا نووسی، "لە سێرت دوکاندارێک بەهۆی بەکارهێنانی دەستەواژەی (کوردستان) بە تۆمەتی پڕوپاگەندەکردن بۆ تیرۆر دۆسیەی لەسەر تۆمارکرا و دەستگیرکرا، ئەمە ڕێک وەستانی مێشکە."
مستەفا یەنەرئۆغڵو کە لەو ساڵەدا تاکە پەرلەمانتاری پارتی پێشکەوتن و دیموکراسی بوو، بە سەرۆکایەتی عەلی باباجان لە پەرلەمانی تورکیا، ئاماژەی بەوەدا، "جێگەی قبوڵکردن نییە داواکارێکی گشتی بەپێی ناسنامەی سیاسیی کەسەکان تۆمەت هەڵبەستێت و دەزگا دادوەرییەکان بۆ ئەو مەبەستە بەکاربهێنێت".[4]

ئەردۆگان سەردانی قەتەر دەکات
ئێوارەی دووشەممە ٤ی کانوونی یەکەم، ڕەجەب تەیب ئەردۆگان سەرۆک کۆماری تورکیا گەیشتە قەتەر و لەلایەن تەمیم بن حەمەد ئالسانی میری قەتەرەوە پێشوازییەکی گەرمی لێکرا.
وەزیرانی دەرەوە، بەرگری، دارایی و ئابووری، بازرگانی، وزە و سەرچاوە سروشتییەکان هاوڕێیەتی ئەردۆگانیان کرد. جگە لە کۆبوونەوەی هاوبەشی وەفدی هەردوولا، سەرۆک کۆماری تورکیا و میری قەتەر کۆبوونەوەیەکی دوو قۆڵییان دوور لە چاوی کامێراکان ئەنجامداوە.[5]
ئەردۆگان و ئالسانی سەرۆکایەتی ٩هەمین کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای ستراتیژی تورکیا و قەتەریان کرد. دەرەنجامی کۆبوونەوەکەش بریتی بوو لە واژۆکردنی ١٢ ڕیککەوتننامە و لێکتێگەیشتنی هاوبەش لە نێوان هەردوولادا.[6]
ڕێککەوتننامەکان لە بواری سیاسەتی دەرەوە، کولتوور، کۆمەڵایەتی و خێزان، کۆمەڵگەی مەدەنی و هاوکاری خێرخوازی، پەروەردە و کردنەوەی ناوەندی فێرکردنی زمانی تورکی لە زانکۆی ئەبو حسێن لە دەوحەی پایتەختی قەتەر، سەربازی، تەکنەلۆژیا و پیشەسازی و زانیاری و توێژینەوەی هاوبەش، ئابووری، بازرگانی و هەناردەی بەرهەم بوون.[7]
ئەردۆگان لە درێژەی سەردانەکەیدا بەشداری لە ٤٤هەمین کۆنگرەی هاریکاری کەنداو-دا کرد، کۆنگرەیەک تایبەت کرابوو بە پەیوەندییەکانی وڵاتانی ئەندامی (کۆنگرەی وڵاتانی هاریکاری کەنداو) لەگەڵ تورکیادا. لای خۆشیەوە تەمیم بن حمد ئالسانی، قەتەری وەک "وڵاتی دووەمی ئەردۆگان" وێناکرد.
ئەم کارەی ئەردۆگان و حەمەد بن تەمیمی ئەمیری قەتەر ئەگەر بەشێک بێت لەو دۆستایەتی و پشتیوانییە ستراتیژییەی هەردوو وڵات بۆ یەکدی، لەلایەکی دیکەوە وەک بەشێک لە بەرنامەی کابینەی نوێی ئەردۆگان دەخوێنرێتەوە کە دوای بردنەوەی هەڵبژاردنەکانی ١٤/٢٨ی ئایاری ٢٠٢٣ و پێکهێنانی کابینەیەک کە کەسە تایبەتەکانی ئەردۆگان لە هاکان فیدان، ئیبراهیم کاڵن و مەهمەد شیمشەک ڕیبەری دەکەن.

سەرۆک کۆماری تورکیا سەردانی یۆنان دەکات
ڕۆژی پێنج شەممە ٧ی کانوونی یەکەم ڕەجەب تەیب ئەردۆگان سەرۆک کۆماری تورکیا سەردانی یۆنانی کرد و لەلایەن وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە Yorgos Yerapetritis و باڵیۆزی تورکیا لە ئەسینا Çağatay Erciyes پێشوازی لێکرا. هەریەک لە وەزیرانی دەرەوە، ناوخۆ، دارایی و گەنجینە، کولتوور گەشتوگوزار، پەروەردە، بازرگانیی تورکیا لەگەڵ چەندین بەرپرسی دیکەی حکومەت و پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکاپە) هاوڕێیەتی ئەردۆگانیان لە گەشتەکەیدا کردووە.
دوای سەردانی کاتەرینا ساکەلارۆپوڵو Katerina Sakelaropulu سەرۆک کۆماری یۆنان و گفتووگۆیەکی کورت، ڕەجەب تەیب ئەردۆگان چاوی بە کیریاکۆس میچۆتاکیس Kiryakos Miçotakis سەرۆکوەزیرانی یۆنان کەوت، لە کۆبوونەوەکەدا پەیوەندییەکانی هەردوو وڵات و دۆخی دەریای ئیجە و دەریای سپی/ناوەڕاست، دوورگەی قوبروس، گفتووگۆی لەسەر کراوە. تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە تایبەت بووە بە "ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر" و ئەنجامدانی کاروچالاکی هاوبەشی هەردوو وڵات. لەو چوارچێوەیەشدا ئەردۆگان جارێکی دیکە جەختی لەسەر "داخستنی کامپی لاڤرۆن کردووەتەوە".
کامپی لاڤرۆن Lavrion Kampı لە ساڵی ١٩٧٤ لە باشووری خۆرهەڵاتی ئەسینای پایتەختی یۆنان دروستکراوە و ئەندام و لایەنگرانی پەکەکە و هێزە چەپەکانی دیکەی تێدا نیشتەجێ کراوە و لەلایەن خاچی سووری یۆنانەوە پشتیوانی دەکرێت.[8]
ئەردۆگان دوای حەوت ساڵ لە ڕاوەستانی کۆبوونەوە و کارەکانی بەشداری لە پێنجەمین کۆبوونەوەی "ئەنجومەنی هاریکاری باڵای تورکیا و یۆنان (یەدیک) Türkiye Yunanistan Yüksek Düzeyde İşbirliği Konseyi (YDİK)" کرد.[9] دوایین کۆبوونەوەی ئەنجومەنەکە لە ٤ی ئازاری ٢٠١٦ ئەنجامدراوە.
هەر لە چوارچێوەی کۆبوونەوەی یەدیک-دا ژمارەیەک ڕێککەوتننامە و لێکتێگەیشتنی هاوبەش لە بواری پەروەردە، وزە، بازرگانی، گەشتوگوزار و گواستنەوە و گەیاندن لە نێوان هەردوو وڵات واژۆکران. هەروەها بڕیاری دامەزراندنی "دەستەی هاوبەشی ئابووری و بازرگانی Ekonomi ve Ticaret Ortak Kurulu" لە نێوان تورکیا و یۆنان دەرکرا، بۆ ئەو مەبەستەش ڕۆژی ٢٧ شوباتی ٢٠٢٤ وەفدی هەردولا لە ئیستەنبوڵ کۆدەبنەوە و گفتووگۆ دەربارەی گەشەپێدانی پەیوەندییەکانی هەردوو وڵات لە بواری بازرگانی، وزە، گواستنەوە و گەیاندن، گەشتوگوزار دەکەن.[10]
لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ئەردۆگان ئاماژەی بەوەدا، "هەردوو وڵات گفتوگۆمان دەربارەی بەرزکردنەوەی قەبارەی بازرگانی نێوان تورکیا و یۆنان کردووە لە ٥ ملیارەوە بۆ ١٠ ملیار دۆلار". ئەردۆگان باسی لەوە کرد، "هەروەک چۆن لەنێوان دوو برا-دا جیاوازی بیروڕا هەیە، بەهەمانجۆر لە نێوان دوو دراوسێدا سەرهەڵدانی جیاوازی ئاساییە". لەگەڵ ئەوەشدا ئەردۆگان جەختی لە بوونی "ئیرادە بۆ چارەسەری کێشەکان لەلایەن هەردوولاوە" کردەوە و باسی لەوە کرد "هیچ کێشەیەک لە نێوانماندا نییە کە چارەسەری نەبێت".[11]   
ئەوەی تێبینێ دەکرێت سەردانەکەی ئەردۆگان و پێشوازییە گەرمەکەی بەرپرسانی یۆنان بە ئامانجی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی ئەو دوو دراوسێیە و بەهێزکردنی پەیوەندییە ئابووری، بازرگانی و خزمەتگوزارییەکانە. هیچ ڕێککەوتن و لێکتێگەیشتنێکی هاوبەش لە بواری ئەمنی، ناوخۆ و سەربازی کە بۆ هەردوولا گرنگن واژۆ نەکراوە و ئەردۆگانیش تەنیا لە گفتوگۆکانیدا لەگەڵ سەرۆک کۆمار و سەرۆکوەزیرانی یۆناندا داوای داخستنی کامپی لاڤرۆڤ-ی کردووە و ئەوانیش وتویانە بەگوێرەی یاسا کارپێکراوەکانی یۆنان و لەژێر ڕۆشنایی یاسا نێودەوڵەتییەکان و بڕیارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکاندا مامەڵە لەگەڵ کامپەکەدا دەکەن.
کەواتە سەردانەکە هەوڵێکە بۆ چالاککردنەوەی "ئەنجومەنی هاریکاری باڵای تورکیا و یۆنان" و ئاسایکردنەوەی پەیوەندییەکان، نەک توندوتۆڵکردنی پەیوەندییەکانی هەردوولا بەجۆرێک لە ئایندەدا وەک هاوپەیمانی ستراتیژی کاربکەن.

تورکیا و عێراق بە لیرە و دینار و یۆرۆ مامەڵە دەکەن
تورکیا و عێراق ڕێککەوتوون دۆلار بشکێنن و لە سەرەتای ساڵی نوێوە مامەڵەی پێوە نەکەن. وەک بەشێک لە ڕێککەوتنەکەش عێراق بڕیاری داوە لە تەواوی مامەڵە بازرگانی و خاڵەکانی گومرگ لەگەڵ تورکیا پارەدان بەشێوەی ئەلیکترۆنی بێت و دیناری عێراقی وەربگیرێت.[12]
کۆتاییەکانی تشرینی دووەمی ئەمساڵ وەفدێکی باڵای بانکی ناوەندی و وەزارەتی دارایی عێراق سەردانی ئەنقەرەیان کرد و لەگەڵ هاوتاکانیان کۆبوونەوەی فراوانیان ئەنجامدا. ئەمەش درێژەی یەکەم کۆبوونەوەی هەردوولا بووە لە ١٥ی تشرینی دووەمدا.[13]
دواجار ڕۆژی دووشەممە ٤ی کانوونی یەکەمدا هەر دوو لا ڕێککەوتن لەسەر "بەکارهێنانی لیرەی تورکی و دیناری عێراقی و یۆرۆ لە مامەڵە بازرگانی و داراییەکانی نێوان هەر دوو لادا". ئەمەش "لەپێناو کەمکردنەوەی خواست لەسەر دۆلار لە نێوخۆی هەردوو وڵاتدا".
داتاکانی وەزارەتی بازرگانی عێراق ئاماژە بەوە دەکەن، مامەڵەی بازرگانی نێوان هەردوو وڵات زیاتر لە ٦١ ملیار دۆلارە، ئەمە جگە لە گۆڕینەوەی بەشێک لە داهاتی نەوتی عێراق لە Halk Bankی تورکیا.
بەگوێرەی هەواڵی کەناڵی دیپلۆماتیک مەگەزین لە یوتیوب، "ڕێککەوتنەکە بە ئاگاداری و ڕەزامەندی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا بووە".[14]

لە تاکە دەروازەی نێوان تورکیا و عێراق و هەرێمی کوردستان بەدرێژایی چەندین کیلۆمەتر ئۆتۆمبێل ڕێزی بەستووە
لە دەروازەی سنووریی ئیبراهیم خەلیل بەدرێژایی چەندین کیلۆمەتر ئۆتۆمبێلی تایبەت، گواستنەوەی گەشتیار و بارهەڵگر ڕیزی بەستووە، گەشتیارانیش هەندێکجار ٢٤ کاتژمێر لە دەروازەکەدا دەمێننەوە، پێدوایستییەکانی خواردن و خواردنەوە و شوێنی پشوودانیش بە ئەستەم دەست دەکەوێت.
دەروازەکە بە تاکە دەروازەی گواستنەوەی گەشتیار و بازرگانی نێودەوڵەتی دادەنرێت لەنێوان عێراق و هەرێمی کوردستان لەگەڵ تورکیادا، هەرچەندە هەردوو دەروازەی سەرزێڕی و زێت لە پارێزگاکانی دهۆک و هەولێر بوونیان هەیە، بەڵام سەختی ڕێگا و تازەیی و بچووکی ئەو دەروازانە و ڕیگەنەدان بە تێپەڕینی ئۆتۆمبێلی تایبەتی گەشتیاران و بارهەڵگر هۆکارن بۆ ئەوەی لەلایەن هاوڵاتیان و بازرگانانەوە بەکارنەهێنرێن.
قەرەباڵغی دەروازەی سنووریی ئیبراهیم خەلیل تەنیا لە دیوی هەرێمی کوردستان و عێراقەوەیە بەڕووی تورکیادا، بە پێچەوانەوە تێپەڕین لە تورکیاوە بۆ خاکی هەرێم و عێراق نزیکەی کاتژمێریکی پێویستە. بەڵام لە دیوی هەرێم و عێراقەوە تێپەڕین بۆ تورکیا ٨ بۆ ٢٤ کاتژمێری پێدەچێت و چەندین کیلۆمەتر ئۆتۆمبێل ڕیز دەبەستێت.
بەگوێرەی هەواڵی ئاژانسی میزۆپۆتامیا MA لە دیوی عێراق و هەرێمی کوردستانی دەروازەکەدا خزمەتگوزاری پێویستی خواردن و خواردنەوە  وشوێنی پشوودان چ لەلایەن حکومەت یاخود کەرتی تایبەتەوە بۆ گەشتیاران دابین نەکراوە، ئەمەش گرفتی گەورەی دروستکردووە و بووەتە هۆی بێزاریی گەشتیاران.[15] 
ئەگەر گرتنەبەری ڕێکاری توند بۆ ڕێگری لە قاچاخچێتی جگەرە، چایی، مۆبایل و ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان و گواستنەوەی بۆ تورکیا هۆکارێک بێت بۆ قەرەباڵغییەکە، کەمی کارمەندان لە دیوی تورکیا و تەسکی ڕێگای پەڕینەوە لە هەردوو دیوی دەروازەکەوە هۆکارێکی دیکەیە بۆ دروستبوونی قەرەباڵغی.  

لە کابینەی نوێدا ڕێگری لە ١٠٠ هێرشی بۆمبی و چەکداری کراوە
ڕۆژی دووشەممە ٤ی کانوونی دووەم عەلی یەرلیکایا وەزیری ناوخۆی تورکیا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، لە ماوەی دەستبەکاربوونی تا ئێستا ١٠٠ هێرشی بۆمبی پووچەڵکراونەتەوە و ژمارەیەکی زۆر "تیرۆریست"یش دەستگیرکراون.
یەرلیکایا ئاماژەی بەوەدا، "لە ١ی حوزەیرانەوە تا ئێستا لە چوارچێوەی هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر ٦٠٩ تیرۆریست بێ کاریگەر کراون کە ٩٨یان سەر بە داعش بوون و ٥٠٢یان سەر بە پەکەکە/کەجەکە بوون".
وەزیری ناوخۆی تورکیا باسی لەوەشکرد، هەر لە ئۆپەراسیۆنەکاندا ڕێگری لە ئەنجامدانی ١٠٠ کردەوەی تیرۆریستی کراوە کە ٨٢یان لەڕێگەی بۆمبەوە بووە و ١٨یان هەوڵی هێرشی چەکداری بووە.[16]
بەگوێرەی وتەکانی عەلی یەرلیکایا ٤ ملیۆن و ٦١٣ هەزار و ٩٨٤ کۆچبەر بە فەرمی لای دەزگا ئەمنییەکان تۆمارکراون.[17]

پەکەکە هاوکارێکی "میت" دەکوژێت
چەكدارانی پەکەکە لە شارۆچكەی سەنگەسەر ئەو كەسەیان كوشت كە لەو ناوچەیە هاوكاری دەزگای هەواڵگری نیشتمانی تورکیا (میت)ی دەکرد.
بەگوێرەی هەواڵێکی دەزگای میدیایی بوار،[18] رۆژی ١١ی تشرینی دووەم، ئەندامێكی دەزگای میتی توركیا لە شارۆچكەی سەنگەسەر تەقەی لە كەسێك كرد كە لە دۆسییەی كوژرانی (عوسمان کۆسە) کە بەرپرسێكی باڵای میت بووە لە ڕێستورانتی هۆقەباز لە شاری هەولێر تێوەگلابوو. بەڵام ئەو كەسە بە برینداری توانی ئەندامەكەی میت بكوژێت.
لە هەواڵەکەدا باس لەوە کراوە، "ئەو كەسەی لە سەنگەسەر تەقەی كردبوو، ماوەی دوو ساڵ بوو لە شاری سلێمانی لە ئارایشتگایەكی بەناوبانگی ئەو شارە كاری دەكرد، بەڵام دواتر دەردەكەوێت ئەو كەسە كارمەندی دەزگای میتە و ئامانجی كوشتنی ئەو كەسە بووە كە لە دوای ڕووداوەكەی ڕێستورانتی هۆقەباز لە هەولێرەوە هاتووەتە سەنگەسەر. ئەگەرچی ئەو كەسە سێ گولەی بەردەكەوێت، بەڵام دەتوانێت بە برینداری كارمەندەكەی دەزگای میت بكوژێت".
بەپێی زانیارییەكانی بوار، چەند رۆژێك دوای ڕووداوی كوژرانی ئەو كارمەندەی دەزگای میت، چەكدارانی پەکەکە ئەو كەسە دەستنیشان دەكەن كە هاوكاری ئەو كارمەندەی دەزگای میتی كردووە. پاش ڕووداوەكە لەنزیك سەنگەسەر بە دەستڕێژی گولە ئەو كەسە دەكوژن، كە هاوكاری دەزگای هەواڵگری توركیای كردبوو.

وەزارەتی بەرگری تورکیا "کوشتنی ٨ ئەندامی پەکەکە"ی ڕاگەیاند
هێرش و ئۆپەراسیۆنەکانی وەزارەتی بەرگری تورکیا لەژێر دروشمی "تیرۆریست لەکوێ بێت ئامانجمان لەوێیە" بەردەوامە. ڕۆژی چوارشەممە ٦ی کانوونی یەکەم وەزارەتی بەرگری تورکیا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی X ڕایگەیاند، "لە باکووری عێراق لەو ناوچانەی کە ئۆپەراسیۆنی چنگ-قوفڵ Penç-Kilitی تێدا ئەنجامدەدرێت لە هێرشێکی ئاسمانیدا ٨ تیرۆریست لەناوبراون".[19] 




[1] https://www.youtube.com/watch?v=I1p45nBroeE
[2] https://youtu.be/3jPu0ymYdcs?si=5PZvEUFcb52QE_Gv
[3] https://www.rudaw.net/sorani/kurdistan/051220238
[4] https://www.voaturkce.com/a/aksenere-burasi-kurdistan-diyen-esnaf-gozaltina-alindi/6291089.html
[5] https://youtu.be/inNVa1KRip0?si=6AB7VAXQxSpA5PnK
[6] https://www.aljazeera.net/news/2023/12/4/
[7] https://youtu.be/IkpfDUNQJj4?si=g2Btex6JqFYKNV_0
[8] https://www.aa.com.tr/tr/pg/foto-galeri/2023127161258_cumhurbaskani-erdogan-yunanistanda
[9] https://youtu.be/w4uMP9q5aL8?si=p18tW9-BZWTEXhjC
[10] https://turkish.aawsat.com/d%C3%BCnya/t%C3%BCrkiye/4715261-t%C3%BCrkiye-ve-yunanistan-y%C3%BCksek-d%C3%BCzeyli-i%CC%87%C5%9Fbirli%C4%9Fi-konseyi-kapsam%C4%B1nda-bir-dizi
[11] https://www.youtube.com/watch?v=w4uMP9q5aL8
[12] https://youtu.be/n2DUU2ZF6NQ?si=8SIjSGA-6n6vlqbK
[13] https://www.rudaw.net/turkish/business/271120231
[14] https://youtu.be/vtEKnCrE5yc?si=8DQZhvBqPjV_gnkH
[15] http://mezopotamyaajansi35.com/GUNCEL/content/view/226227?page=2
[16] https://www.voaturkce.com/a/yerlikaya-son-6-ayda-82-bombali-eylem-engellendi/7384696.html
[17] https://twitter.com/AliYerlikaya/status/1731933819442212909?t=ryfgEPyBa6_pMgGTougzPw&s=09
[18] https://www.bwar.news/?per=posts&pewakraw=view&id=7549
[19] https://twitter.com/tcsavunma/status/1732362259966411093?ref_src=twsrc%5Etfw%7Ctwcamp%5Etweetembed%7Ctwterm%5E1732362259966411093%7Ctwgr%5E3704a7a21d1565d51a7c27166eb67b8cf50e4647%7Ctwcon%5Es1_&ref_url=https%3A%2F%2Fwww.aa.com.tr%2Ftr%2Fgundem%2Fpence-kilit-operasyonu-bolgesindeki-hava-harekatinda-8-pkkli-terorist-etkisizlestirildi%2F3074777

#تورکیا
بینێرە لە ڕێگەی