ئێران لە هەفتەیەکدا 4/12 تا 12/12/2023

12:25
13/12/2023
کوردستان مۆنیتەر

فۆتۆ: میدیاکان

هاوبەشی بکە

تاک
ئێران لە عێراق
هێرشەکانى مقاوەمەى ئیسلامى بۆ سەر هێزەکانى ئەمەریکا

- لە ٣ی کانوونی دووەم، مقاوەمەى ئیسلامی لە عێراق بەرپرسیارێتی خۆى لە دوو هێرش بۆ سەر هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق و سوریا ڕاگەیاند، مقاوەمەى ئیسلامی لە عێراق لە ٣ی کانوونی دووەمەوە هێرشەکانی بۆ سەر هێزەکانی ئەمەریکا دەست پێ کردەووەتەوە دواى تەواو بوونى ماوەى ئاگربەستەکەى نێوان ئیسرائیل و حەماس.

- لە ٣ی کانوونی دووەم، مقاوەمەى ئیسلامی لە عێراق بەرپرسیارێتى خۆى ڕاگەیاند لە هێرشێک کە بەفڕۆکەی بێفڕۆکەوان کرایە سەر هێزەکانی ئەمەریکا لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا. گرووپەکە لە ١٨ی تشرینی یەکەمەوە هەشت هێرشی کردووەتە سەر گوندی سەوز لە سوریا.

- لە ٣ی کانوونی دووەم مقاوەمەى ئیسلامی لە عێراق بەرپرسیارێتى خۆى لە دوو هێرش ڕایگەیاند، کە بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کرایە سەر هێزەکانی ئەمەریکا لە بنکەی ئاسمانی عەین ئەسعەد. گرووپەکە لە ١٨ی تشرینی یەکەمەوە ٢٢ هێرشی کردووەتە سەر بنکەی ئاسمانی عەین ئەسعەد لە عێراق.

- لە ٥ و ٦ی کانوونی دووەم، مقاوەمەى ئیسلامی لە عێراق بەرپرسیارێتی خۆی لە سێ هێرش بۆ سەر پێگەکانی ئەمەریکا لە عێراق ڕاگەیاند، دوو هێرش بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ سەر هێزەکانی ئەمەریکا لە بنکەی ئاسمانی عەین ئەسعەد لە پارێزگای ئەنبار لە عێراق و هێرشێک بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ سەر هێزەکانی ئەمەریکای لە بنکەی ئاسمانی حەریر لە پارێزگای هەولێر.

- مقاوەمەى ئیسلامی لە عێراق ڕایگەیاند، کە لە ٨ی کانوونی دووەم ١١ ئۆپەراسیۆنی لە دژی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق و سوریا ئەنجام داوە. میدیاکانی ڕۆژئاوا پێشتر ڕایانگەیاندبوو کە چەکدارە نەناسراوەکان 9 هێرشیان بۆ سەر هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق و سوریا ئەنجام داوە و لە ٨ی کانوونی دووەم یەک هێرشیشیان کردووەتە سەر باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەغدا، کە بە گشتی دەکاتە ١٠ هێرش.

ئیدانە کردنى هێرشێکى هێزەکانى ئەمەریکا لەلایەن ئەبو عەلا وەلائی
ئەبو عەلا وەلائی ئەمینداری گشتی کەتیبەکانى سەیدولشوهدا لە ٥ی کانوونی دووەم لە پۆستێکیدا لە تویتەر، ئیدانەى هێرشەکەی ئەمەریکای کرد کە لە ٣ی کانوونی دووەم کردییە سەر ئەو هێزانەى کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێن.
بەپێى زانیارییەکان ئەمەریکا لە ٣ی کانوونی دووەم وەک دەستپێشخەرییەک هێرشی کردە سەر پێنج چەکداری عێراقی کە بەنیاز بوون بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرش بکەنە سەر هێزەکانی ئەمەریکا لە نزیک شاری کەرکوک.

بەرپرسی جووڵانەوەى حزبوڵڵاى نوجەبا هۆشدارى دەداتە ئەمەریکا
لە 7ی کانوونی دووەم شێخ عەلی ئەسەدی، بەرپرسی سیاسی جووڵانەوەى حزبوڵڵاى نوجەبا لە میانی چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ نیوزویک هۆشداریی دایە ئەمەریکا بۆ کشانەوەی هێزەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ئەسەدی ڕایگەیاند کە جووڵانەوەى حزبوڵڵا و مقاوەمەى ئیسلامى شەڕیان بەرفراوانتر کردووە و ئاماژەى بەوە دا کە لە لایەن بەرەى بەرگرییەوە ڕووداوى چاوەڕوان نەکراو بەڕێگەوەیە بۆ ئەمەریکا، هەروەها ڕایگەیاند، کە بەرەى بەرگرى ئامادەى شەڕێکى درێژ خایەنە.

تیرۆرکردنى دامەزرێنەرى پارتى (ئەلداعی) لە بەغدا
لە ٧ی کانوونی دووەم چەند چەکدارێکى نەناسراو فازڵ مەرسومی دامەزرێنەری پارتی (ئەلداعی) عێراقییان لە بەغدا تیرۆر کرد.
مەرسومی لە ساڵی ٢٠٠٨دا پارتەکەی دامەزراند و یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانیش هەڵوەشاندنەوەی هەموو میلیشیا چەکدارییەکانە لە دەرەوەی چوارچێوەی دەوڵەت و یاسا، هەروەها پارتەکەى داواى دامەزراندنی دەسەڵاتی دادوەری سەربەخۆى دەکرد.
لە ١٨ی کانوونی دووەم پارتی ئەلداعی هەڵمەتێکی بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی پارێزگاکان دەست پێ کرد بە دروشمی "ناسیۆنالیستەکان ڕیفراندۆم پێشنیار دەکەن".

ئەنجامدانى 9 هێرش بۆ سەر هێزەکانى ئەمەریکا
- بەپێی زانیارییەکانى ڕۆژنامەنوسێکى ئەمەریکی، چەند چەکدارێكی نەناسراو لە ٨ی کانوونی دووەم ٥ هێرشیان کردە سەر هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق. چەکدارەکان دوو هێرشیان کردە سەر بنکەی ئاسمانی عەین ئەسعەد لە پارێزگای ئەنبار لە عێراق. مقاوەمەى ئیسلامی لە عێراق بەرپرسیارێتی یەکێک لە هێرشەکانی لە ئەستۆ گرت، کە بە بەکارهێنانی موشەک ئەنجامدرا.  
هەژمارێکی عێراقی لە تویتەر ڕایگەیاند کە هێرشی دووەم بە مەوشەک ئەنجام دراوە.  لەلایەکى دیکەوە چەند چەکدارێکی دیکەى نەناسراو دوو هێرشیان کردە سەر فڕۆکەخانەی هەولێر لە باکووری عێراق.
- چەند چەکدارێکى نەناسراو لە ٨ی کانوونی دووەم ٤ هێرشیان کردە سەر هێزەکانی ئەمەریکا لە سوریا.
دوو هێرش بۆ سەر ناوچەی ڕومالین لە پارێزگای حەسەکە لە سوریا و هێرشێک بۆ سەر بنکەی ئەمەریکى کۆنوکۆ لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا. مقاوەمەى ئیسلامی لە عێراق بەرپرسیارێتی ئەم هێرشەی گرتە ئەستۆ، کە لە ڕێگەى مووشەکەوە ئەنجام درا.

ئەنجامدانى 9 هێرش بۆ سەر هێزەکانى ئەمەریکا لە لایەن کەتیبەکانى نوجەباوە
کەتیبەکانى حزبوڵڵا لە ٩ی کانوونی دووەم ڕایگەیاند، کە بەنیازە مەودای هێرشەکانی بۆ سەر ئامانجەکانی ئەمەریکا لە عێراق زیاد بکات.
ئەبو عەلی عەسکەری وتەبێژی کەتیبەکان پیرۆزبایی لە مقاوەمەى ئیسلامی کرد لە عێراق کە هێرشی کردە سەر باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەغدا لە ٨ی کانوونی دووەم و هۆشداری دا لەوەی کە هێرشەکە پێوەرێکى نوێیە بۆ هێرشکردنە سەر ئەمەریکا لە عێراق.
عەسکەری ڕایگەیاند، کە باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەغدا بنکەیەک بووە بۆ پلاندانان بۆ ئەنجامدانى ئۆپەراسیۆنە سەربازی و ئەمنییەکان لە ژێر پەردەى کاری دیپلۆماسیدا.

هۆشدارى وەزیری بەرگرى ئەمەریکا
لۆید ئۆستن وەزیری بەرگری ئەمەریکا لە ٩ی کانوونی دووەم لە میانی پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق دووپاتی کردەوە کە ئەمەریکا مافی تۆڵەسەندنەوەی هەیە بەرامبەر بەو ڕێکخراوە تیرۆریستییانەی سەر بە ئێران لە بەرامبەر ئەو هێرشانەى دەکرێتە سەر ئەمەریکییەکان.
ئۆستن ڕایگەیاند، لە سەرەتای شەڕی ئیسرائیل و حەماسەوە ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانى وەک کەتیبەکانى حزبوڵڵا و جووڵانەوەى حزبوڵڵاى نوجەبا زۆرینەی هێرشەکانیان بۆ سەر هێزەکانى ئەمەریکا ئەنجام داوە.

ئەگەرى بوونى ناکۆکى لەنێوان هێزەکانى بەرەى بەرگرى
لە 10ی کانوونی دووەم قەیس خەزعەلی سکرتێری گشتی عەسائیبى ئەهلی حەق لە بەیاننامەیەکی سۆشیال میدیادا پابەندبوونی خۆی بە دەرکردنی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق دووپات کردەوە.
لێدوانەکەی خەزعەلی دوای ئاماژەکانی ئەم دواییە دێت بۆ دابەشبوون لە نێوان عەسائیبی ئەهلی حەق و چەکدارانی دیکەی عێراقی کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێن لەسەر هێرش بۆ سەر هێزەکانی ئەمەریکا.
کەتیبەکانى حزبوڵڵا بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ ڕەخنەی لە هێرش نەکردنى عەسائیبی ئەهلی حەق کرد بۆ سەر پێگەکانی ئەمەریکا لەو کاتەوەی شەڕی ئیسرائیل و حەماس دەستی پێ کردووە.
هەروەها ئەندامانی عەسائیبی ئەهلى حەق بە شێوەیەکی دیار بەشدارییان لە مەراسیمی پرسەی کوژرانى پێنج چەکدارەکەی عێراق نەکرد کە لە هێرشێکى ئەم دواییەى ئەمەریکادا کوژران لە کاتێکدا زۆرێک لە گرووپە عێراقییەکانی دیکەی پشتیوانیکراو لە لایەن ئێرانەوە ئامادەبوون.

ئێران لە سوریا
کوژرانى دوو ئەفسەرى هێزەکانى قودس لە سوریا

سوپای پاسداران لە ٥ی کانوونی دووەم لە تاران ڕێوڕەسمی پرسەی بۆ دوو ئەفسەری سوپای قودسی سەر بە سوپای پاسداران بەڕێوە برد، کە لە سوریا کوژرابوون.
جێگەى ئاماژەپێدانە کە  ئیسرائیل لە ٢ی کانوونی دووەم لەهێرشێکی ئاسمانی بۆ سەر باشووری سوریا دوو ئەندامی یەکەی 340ی سەر سوپای قودسی کردە ئامانج.
ئەم یەکەیەى سوپای قودس بەرپرسیارە لە گواستنەوەی چەک بۆ هێزە لە برییەکانى ئێران لە ناوچەکە. ئەم بەرپرسانەی ئێستا و پێشووی سوپای پاسداران بەشدارییان لە مەراسیمی پرسەکەدا کردووە:
- حسێن سەلامی فەرماندەی سوپای پاسداران.
- ئیسماعیل قائانی فەرماندەی سوپای قودس.
- محەممەد حسێن نەجات فەرماندەی ناوەندى ئۆپەراسیۆنەکانی ساروڵا.
- ئیرەج مەسجدی، باڵیۆزی پێشووی عێراق و ئەفسەری سوپای قودس.
- حسێن تایب ڕاوێژکاری سوپای پاسداران و بەرپرسی پێشووی ئیتڵاعاتى سوپاى پاسداران.

کردنە ئامانجى هێزەکانى ئەمەریکا لە سوریا بە مووشەک
لە ٣ی کانوونی دووەم ١٥ موشەکی ١٢٢ ملم لە عێراقەوە ئاڕاستەی هێزەکانی ئەمەریکا کراوە لە ناوچەی ڕومالین لە سوریا. مقاوەمەى ئیسلامی عێراق و هێزەکانى دیکەى بەرەى بەرگرى تا کاتی نووسینی ئەم هەواڵە بەرپرسیارێتی هێرشەکەیان لە ئەستۆ نەگرتووە.  

ئێران لە یەمەن
کردنە ئامانجی شارى ئیلات

لە ٦ی کانوونی دووەم حوسییەکان ڕایانگەیاند، کە بە چەندین مووشەکی بالیستی شاری ئیلات لە باشووری ئیسرائیل-یان کردووەتە ئامانج.
سوپاى ئیسرائیل ڕایگەیاند، لەسەر دەریای سوور ڕێگریان کردووە لە مووشەکێکی زەوی بە زەوى حوسییەکان.
وتەبێژی حوسییەکان ڕایگەیاند کە حوسییەکان بەردەوام دەبن لە بەئامانجکردنی ئیسرائیل تا کۆتایی شەڕی ئیسرائیل و حەماس.

خستنە خوارەوەى فڕۆیەکى بیفڕۆکەوانى حوسییەکان
لە ٦ی کانوونی دووەم کەشتیی یو ئێس ئێس کارنی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی حوسییەکانی لەسەر باشووری دەریای سوور خستووەتە خوارەوە.
بەرپرسێکی ئەمەریکی بە ڕۆژنامەی تایمزی ڕاگەیاند، کە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکە لە ناوچەکانى ژێر دەسەڵاتى حوسییەکانەوە هەڵدراوە. تا ئێستا هیچ زیانێکى گیانى، یان مادى لە هێرشەکە نەکەوتووەتەوە و ڕوونیش نەبووەتەوە کە ئامانجى فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکە چی بووە.

سعودیە هانى ئەمەریکا دەدات وەڵامى هێرشی حوسییەکان نەداتەوە
بە پێی زانیارییەکان، سعودیە داوای لە ئەمەریکا کردووە کە خۆیان بگرن و وەڵامى هێرشەکانی حوسییەکان نەدەنەوە.
سەرچاوەکان ڕایانگەیاندووە کە سعودیە دڵخۆشە بە شێوازى مامەڵەکردنی ئەمەریکا لەگەڵ دۆخەکە و ئاواتەخوازە خۆی لە پەرەسەندنی زیاترى شەڕەکە بپارێزێت.
سعودیە دانوستان لەسەر ڕێککەوتنێکی ئاشتی دوولایەنە دەکات لەگەڵ حوسییەکان کە هەوڵدەدات دەرچوونی سعودییە لە شەڕی یەمەن مسۆگەر بکات.
هەوڵەکانی سعودییە بۆ هاندانی خۆگرتنی ئەمەریکا لە بەرامبەر هێرشی حوسییەکان بە مەبەستى پاراستنی ئاگربەستەکەیە.
حوسییەکان ئەمەریکا و سعودیە وەک دوو لایەنى دژ بە خۆى دەزانێت، بۆیە پێدەچێت حوسییەکان تۆڵەسەندنەوەی ئەمەریکا لە حوسییەکان وەک پێشێلکردنی ئاگربەستی نافەرمی سعودیە و حوسییەکان سەیر بکەن کە لە نیسانی ٢٠٢٢ دەستی پێ کردووە.

ئەمەریکا، سوپاى پاسداران تۆمەتبار دەکات هاوکاریکردنى حوسییەکان
جۆن فاینەر جێگری ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکا ڕایگەیاند کە سوپای پاسداران بەشدارە لە پلاندانان و جێبەجێکردنی هێرش بە فڕۆکەى بێفڕۆکەوان و مووشەک لە لایەن حوسییەکانەوە بۆ سەر ئیسرائیل و کەشتییەکانی ئەو وڵاتە لە دەریای سوور.
ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز بڵاوی کردەوە کە ئێران کەشتییەکی کۆکردنەوەی زانیاری هەواڵگری لە دەریای سوور بەکاردەهێنێت بۆ یارمەتیدانى حوسییەکان بۆ دەستنیشانکردنی ئەو کەشتییانەى خاوەندارێتییەکەى دەگەڕێتەوە بۆ ئیسرائیل بۆ ئەوەى هێرشى بکرێتە سەر.

سەپاندى سزا لە لایەن وەزارەتى خەزێنەى ئەمەریکاوە
وەزارەتى خەزێنەى ئەمەریکا لە ٧ی کانوونی دووەم سزاى سەپاند بەسەر کەسێک بەناوى سەعید جەمال کە سەر بە هێزەکانى قودسی سەر بە سوپاى پاسدارانە، بەتۆمەتى ئاسانکاریکردن بۆ گواستنەوەى دەیان ملیۆن دۆلار وەک پشتیوانی دارایی بۆ حوسییەکان.
کاربەدەستانی ئەمەریکا ئەم پشتیوانییە داراییە بەردەوامەی ئێرانیان بەستەوە بە هێرشەکانی ئەم دواییەى حوسییەکان بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریاى سوور[1].

هۆشدارى وتەبێژى حوسییەکان
یەحیا سەریع وتەبێژی سەربازیی حوسییەکان لە ٩ی کانوونی دووەم ڕایگەیاند، کە حوسییەکان هێرشەکانیان بۆ سەر جوڵەى کەشتییە دەریاییەکان لە دەوروبەری دەریای سوور فراوانتر دەکەن بۆ ئەوەی هەموو ئەو کەشتیانە بگرێتەوە کە گەشت دەکەن بۆ ئیسرائیل.
یەحیا سەریع وتی، ئەگەر غەززە خۆراک و دەرمانی پێویستی پێ نەگات، هەموو ئەو کەشتییانەی لە دەریای سووردا بەرەو بەندەرەکانی ئیسرائیل دەڕۆن، بەبێ گوێدانە ئەوەى کە سەر بە چ وڵاتێکن دەکەنە ئامانج[2].

خستنە خوارەوەى فڕۆکەى بێفڕۆکەوانى حوسییەکان لەلایەن کەشتى فەڕەنسییەکانەوە
فرێگاتێکى فەڕەنسی فرە ئەرک لە ٩ی کانوونی دووەم لە کەناراوەکانی یەمەن ڕێگرى کرد لە دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی حوسییەکان.
هێرشی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی حوسییەکان دوای ئەوە دێت کە وتەبێژی سەربازی حوسییەکان لە ٩ی کانوونی دووەمدا ڕایگەیاند، کە حوسییەکان هێرشەکانیان فراوانتر دەکەن دژ بە جوڵەى کەشتییەکان لە دەریای سووردا.

ئێران لەسەر ئاستى ناوخۆ
پەیوەندییەکانى نێوان ئێران و ڕوسیا

چەند لایەنێکى دیارى نەکراو ئۆپەراسیۆنێکی زانیاری چەواشەکارییانە بەکاردەهێنن بۆ پەردەپۆشکردنى هاوکارییەکانی ڕوسیا بۆ ئێران و هێزە لە برییەکانى، لە هەوڵێکدا بۆ ڕێگریکردن لە ئیسرائیل لە پێشبردنى هێرشەکانى لەسوریا.
بەپێى زانیارى سەرچاوە میدیاییەکانی ئۆپۆزسیۆنی ڕژێمی سوریا، ڕوسیا هەوڵدەدات خۆی لە هەر جۆرە پەرەسەندنێکى شەڕ لەگەڵ ئیسرائیل بەدوور بگرێت لە ناوخۆی سوریا لە ڕێگەی هەوڵدان بۆ سنووردارکردنی هەژموونى ئێران لە باشووری ڕۆژئاوای سوریا لەڕێگەى سنووردارکردنی گواستنەوەی چەکی ڕوسیا بۆ ئێران و گرووپەکانی سەر بە ئێران.
ئەم سەرچاوانە بانگەشەی ئەوە دەکەن کە ڕوسیا و ڕژێمی ئەسەد و ئیمارات هەوڵدەدەن میلیشیاکانی سەر بە ئێران لە سنووری سوریا لەگەڵ بەرزاییەکانی جۆلان دووربخەنەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ڕوسیا لە کاتی شەڕی ئیسرائیل و حەماس پاڵپشتی ئێران و هێزەکانی سەر بە ئێرانى کردووە لە سووریا.
لە ٢ی تشرینی دووەم، فڕۆکەیەک لە جۆرى ماهان ئایر کە پەیوەندی بە سوپای پاسدارانەوە هەیە، مووشەکی دژە فڕۆکەی سەر شانی گواستووەتەوە لە تارانەوە بۆ فڕۆکەخانەی سەربازیی حەمەیمیم-ى تایبەت بە ڕوسیا و لە باکووری سوریا نیشتووەتەوە.
ڕوسیا و ئیسرائیل پەیوەندییەکی ئاڵۆزیان هەیە لە سوریا، ئیسرائیل لە ڕابردوودا پشتی بە ڕوسیا بەستووە بۆ سنووردارکردنی چالاکییەکانی ئێران لە سوریا.
لە ئێستادا ئیسرائیل دەستبەردارى ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە بووە بە هێزەکانی ڕوسیا سەبارەت بە هێرشەکانی بۆ سەر پێگەکانى سوپاى پاسداران لە سوریا.

هۆشدارى ئێران بە ئیسرائیل
بەرپرسانی ئێران هۆشدارییان دا لەوەی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئێران لە سووریا لە ٤ی کانوونی دووەم بێ وەڵام نامێنێتەوە.  
ناسر کەنعانی وتەبێژی وەزارەتی کاروباری دەرەوەى ئێران لە میانی یەکێک لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییە ئاساییەکانیدا لە 4ی کانوونی دووەم، ڕایگەیاند، کە ئێران وەڵامی هەر هێرشێک دەداتەوە بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی، بەتایبەتی بۆ سەر هێزە ڕاوێژکارەکانی لە سوریا.
لەلایەکى دیکەوە کەمال خەرازی سەرۆکی ئەنجومەنی پەیوەندییە دەرەکییە ستراتیژییەکان لە میانی چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی جەزیرە ڕایگەیاند، هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر بنکە ئێرانییەکان لە سوریا هەرگیز بێ وەڵام نامێنێتەوە. خەرازی ڕاوێژکاری سیاسەتی دەرەوەی عەلی خامنەیی ڕابەری باڵاى ئێرانە.

کۆبوونەوەى ڕابەرى باڵاى ئێران لەگەڵ سەرۆکى کوبا
عەلی خامنەیی، ڕابەری باڵاى ئێران لە ٤ی کانوونی دووەم لە تاران لەگەڵ میگێل دیاز گەنێل سەرۆک کۆماری کوبا کۆبووەوە، بۆ تاوتوێکردنى شەڕی ئیسرائیل و حەماس.
خامنەیی جەختی لە سەر پێویستی دروستکردنى بەرەیەکی جیهانی یەکگرتوو کردەوە لە دژی چەوساندنەوەی فەلەستینییەکان لە لایەن ڕۆژاوا و ئیسرائیل.
ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک کۆمار و محەممەد باقر قالیباف سەرۆکی پەرلەمان لە دیدارە جیاجیاکانیان لەگەڵ گەنێڵ جەختیان لەسەر لێدوانەکانی خامنەیی کردەوە.

کۆبوونەوەکانى وەزیری دەرەوەى ئێران تایبەت بە کەرتى غەززە
حسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی ئێران، 4ی کانونی یەکەم لە تاران لەگەڵ سەید بەدرولبوسەعیدی هاوتا عومانییەکەی کۆبووەوە و باسیان لە شەڕی ئیسرائیل و حەماس کرد.
ئەو دوو بەرپرسە جەختیان کردەوە لەسەر پێویستی کۆتاییهێنان بە کردەوەکانی ئیسرائیل لە کەرتی غەززە. عەبدوڵڵاهیان پێشتر لە 1 ى کانوونی دووەم لەگەڵ ئەلبوسەیعدی باسی شەڕی ئیسرائیل و حەماسی کردووە[3].

شکست پێهێنانى سزا نێودەوڵەتییەکان لەلایەن ڕوسیاو و ئێرانەوە
لە 5ی کانوونی دووەم و بەپێی زانیاری میدیاکانی دەوڵەتی ئێران، حسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی ئێران و سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی ڕوسیا ڕێککەوتن لەسەر هاوکاریکردن بۆ هەڵوەشاندنەوەى سزا نێودەوڵەتییەکان.
عەبدوڵڵاهیان و لاڤرۆڤ ئەم ڕێککەوتنەیان لە میانی کۆبوونەوەی ساڵانەی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی کەنار دەریای خەزەر لە مۆسکۆ ئەنجام داوە.

بەرفراوانکردنى هاوکارییە سەربازییەکانى نێوان ئێران و کۆمارى ئازەربایجان
دەریاوان شەهرام ئێرانی فەرماندەی هێزی دەریایی سوپاى فەرمى/ئەرتەش، لە ٤ی کانوونی دووەم گەشتێکی بۆ باکۆی ئازەربایجان کرد و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای بەرگری و سەربازی ئازەربایجان تاوتوێی فراوانکردنی هاوکارییەکانی بەرگری و دەریایی کرد. ئەو بەرپرسە لەگەڵ هاوتا ئازەربایجانییەکەی، جێگری دەریاوان سوبحان باکیرۆڤ و جەنەڕاڵ زاکیر حەسانۆڤ وەزیری بەرگری ئازەربایجان کۆبووەوە.
ئێرانی داوای زیادکردنی مەشق و ڕاهێنان و گەشتە دەریاییە هاوبەشەکانى نێوان هێزی دەریایی سوپا و ئازەربایجان کرد.
هەروەها ئێرانی و باکیرۆڤ جەختیان لەسەر پێویستی دابینکردنى ئاسایش لە دەریای خەزەر کردەوە بۆ زیادکردنی بازرگانی لە نێوان پێنج دەوڵەتەکەی کەناری دەریاى خەزەر. ئێرانی سەردانی چەندین یەکەی هێزی دەریایی ئازەربایجان و ناوەندی مەشق و ڕاهێنان کرد.
لە ساڵانی ڕابردوودا گرژی و ئاڵۆزی لە نێوان تاران و باکۆ لەسەر چەندین بابەتی جیاواز سەریهەڵداوە، لەوانە تۆمەتبارکردنی ئازەربایجان لە لایەن سەرکردەکانی ئێرانەوە بەوەى کە ڕێگە بە کارمەندانی دەزگا هەواڵگرییەکانى ئیسرائیل دەدات لە سەر خاکەکەی دژ بەئێران کار بکەن، لەماوەى چەند هەفتەی ڕابردوودا سەرکردەکانی ئێران ڕەخنەکانیان بەرامبەر بە ئازەربایجان نەرمتر کردووە[4].

کۆبوونەوەى بەرپرسانى ئێران و چین بۆ تاوتوێ کردنى شەڕى حەماس
- عەلی ئەکبەر ئەحمەدیان، سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران، لە ٦ی کانوونی دووەم لە تاران، لەگەڵ لیو جیانچاو، سەرۆکی بەشی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی حزبی کۆمۆنیستی چین کۆبووەوە و شەڕی ئیسرائیل و حەماسیان تاوتوێ کرد. ئەو دوو بەرپرسە جەختیان لە هاوکاریی زیاتری نێوان وڵاتەکانیان کرد بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕەکە.
- کاربەدەستانی باڵای ئێران لە ٧ی کانوونی دووەم لەگەڵ بەرپرسی بەشی پەیوەندی نێودەوڵەتیی حزبی کۆمۆنیستی چینی، لیو جیانچاو، لە تاران کۆبوونەوە.
کەمال خەررازى سەرۆکى ئەنجومەنى پەیوەندییە دەرەکییە ستراتیژییەکان لە کۆبوونەوەکانیدا جەختى لەسەر هاوکارى نێوان ئێران و چین و ڕوسیا کردەوە بۆ دروستکردنى هاوپەیمانێتی سیستمى نوێى جیهانى، هەروەها حسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی ئێران و محەممەد موخبر جێگری یەکەمی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێرانیش بەشدارییان لە دیدارەکەدا کرد و تیشکیان خستە سەر هاوکاریی دوو قۆڵی و شەڕی ئیسرائیل و حەماس.
کاربەدەستانی ئێران و چین پشتیوانی خۆیان بۆ گەلی فەلەستین دووپات کردەوە. لیو ڕایگەیاند کە چین هەمیشە پشتگیری لە گەلی فەلەستین دەکات و لە پاڵ وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامیدا دەمێنێتەوە. موخبر بە جیا جەختی لە ئامادەیی ئێران کردەوە بۆ زیادکردنی هاوکاری ئابووری لەگەڵ چین، بە تایبەتی سەبارەت بە وەبەرهێنانی هاوبەش لە کێڵگە نەوتی و گازییەکانی ئێران[5].

کۆبوونەوەى جێگرى یەکەمەى سەرۆک کۆمارى ئێران لەگەڵ وەزیری بازرگانى عومان
محەممەد موخبر جێگری یەکەمی سەرۆک کۆماری ئێران لە 6ی کانونی یەکەم لەگەڵ قەیس بن محەممەد یوسف وەزیری بازرگانی و پیشەسازی و گەشەپێدانی عومان کۆبووەوە و باسی شەڕی ئیسرائیل و حەماسی کرد.
موخبر سوپاسی یوسفی کرد بۆ هەڵوێستی عومان بەرامبەر بە تاوانەکانی ئیسرائیل و ڕەخنەی لە دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان گرت بۆ نەگرتنەبەری ڕێوشوێنی جددی بۆ ڕاگرتنی ئۆپەراسیۆنەکانی ئیسرائیل لە کەرتی غەززە[6].

کۆبوونەوەى پوتن لەگەڵ ڕەئیسی
ڤلادیمیر پوتن سەرۆکی ڕوسیا لە 7ی کانونی یەکەم لە مۆسکۆ لەگەڵ ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆکی ئێران کۆبۆوە و تاوتوێی پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابوورییەکانی ڕوسیا و ئێرانی کرد، پوتن ڕایگەیاند، کە ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان ڕوسیا و ئێران لە ساڵی 2023 بە ڕێژەی 20% گەشەی کردووە و گەیشتووەتە سەرووی پێنج ملیار دۆلار.
پوتن ئاماژەى بەوە دا کە ڕوسیا و ئێران سەرقاڵى دروستکردنی هێڵی شەمەندەفەرن کە لە ڕێگەی ئێرانەوە ڕوسیا بە زەریای هیندستانەوە دەبەستێتەوە، هەروەها پوتن ڕایگەیاند، کە ئەو و ڕەئیسی بەنیازن لە کۆتایی مانگی کانوونی دووەمی 2023 ڕێککەوتنێک واژۆ بکەن بۆ دامەزراندنی ناوچەیەکی ئازادی بازرگانی نێوان ئێران و یەکێتی ئابووری ئۆراسیا.
بەردەوامی پێشکەوتنەکان لەسەر ڕێڕەوی باکوور-باشوور و دامەزراندنی پلان بۆ دروستکردنی ناوچەی بازرگانی ئازادی یەکێتی ئەوروپا و ئێران، پێدەچێت بەشێک بن لە بەردەوامی هەوڵەکانی ڕوسیا بۆ دەستخستنی پشتیوانی مادیی ئێرانی بۆ ئۆپەراسیۆنەکانی ڕوسیا لە ئۆکرانیا، لە هەمان کاتدا ئاسانکاری بۆ هەوڵەکانی ڕوسیا و ئێران دەکات بۆ خۆدزینەوە لە سزاکان.
پوتن هەروەها ئاماژەی بە گرنگی ئاڵوگۆڕی بیروڕاى خۆى و ڕەئیسی کرد سەبارەت بە دۆخی ناوچەکە، بە تایبەت فەلەستین و دەستخۆشی لە هاوکارییەکانی بوارى وزە و پەروەردەی ئێران و ڕوسیا کرد.

پەیوەندى وەزیری دەرەوەى ئێران بە بەرپرسی جیهادى ئیسلامى لە فەڵەستین
لە ٨ی کانوونی دووەم، حسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی ئێران لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ زیاد ئەلنەخەلا سکرتێری گشتیی جیهادى ئیسلامى، باسی شەڕی ئیسرائیل و حەماس کرد، عەبدوڵڵاهیان باسی لە هەوڵە دیپلۆماسییەکانی ئێران کرد بۆ پشتیوانیکردن لە فەلەستینییەکان، لەوانەش دیداری سەرۆک ئیبراهیم ڕەئیسی لەگەڵ ڤلادیمێر پوتن سەرۆک کۆماری ڕوسیا لە مۆسکۆ لە ٧ی کانوونی دووەم. نەخەلا ڕاپۆرتێکی سەبارەت بە دوایین پێشهاتەکانی شەڕەکە و سەبارەت بە خۆڕاگری تەواوی گرووپە فەلەستینییەکان پێشکەش کرد بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە و بەرگریکردن لە کەرتى غەززە.

سەردانى وەزیری دەرەوەى سوریا بۆ ئێران
- حسێن عەرنوس سەرۆک وەزیرانی سوریا ڕۆژی ٨ی کانوونی دووەم سەردانى تارانى کرد بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەیەک سەبارەت بە هاوکارییە ئابوورییە دووقۆڵییەکان، عەرنوس لە ماوەی سێ دیدارەکەیدا کە ڕۆژێک دەخایەنێت، بڕیارە کۆبێتەوە لەگەڵ ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک کۆمارى ئێران، عەلی ئەکبەر ئەحمەدیان سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئێران و محەممەد باقر قاڵیباف سەرۆکی پەرلەمان سەرۆکی پەرلەمانی ئێران.
- کاربەدەستانی باڵای ئێران لە ٩ی کانوونی دووەم لە تاران لەگەڵ حسێن عەرنوس سەرۆک وەزیرانی سوریا باسیان لە شەڕی ئیسرائیل و حەماس کرد و محەممەد موخبر جێگری یەکەمی سەرۆک کۆماری ئێران لە ماوەی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ عەرنوس خوازیاری کۆتاییهێنان بە تاوانەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیل بوو لە کەرتی غەززە و ڕەخنەی لە دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان گرت لەسەر بێ هەڵوێستییان.
محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە میانی دیدارەکەی لەگەڵ عەرنوس، هێرشەکەی حەماس لە ٧ی تشرینی یەکەمى بە خاڵی وەرچەرخانێکی گەورە دانا بۆ بەرەى بەرخۆدانی ئێران و ستایشی کرد.

هەڵمەتە دیپلۆماسییەکانى وەزیری دەرەوەى ئێران
حسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی ئێران لە میانەی پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ئالێنا بوربۆک وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا لە ٩ی کانوونی دووەمدا باسی شەڕی ئیسرائیل و حەماسی کرد.
عەبدوڵڵاهیان جەختی کردەوە لەسەر پێویستی دۆزینەوەی چارەسەری سیاسی دەستبەجێ بۆ ململانێکان.
ئێران بەردەوامە لە گوشارەکانی بۆ سەر ئەمەریکا و ئیسرائیل بۆ دامەزراندنی ئاگربەستی هەمیشەیی بە هۆشداریدان لەوەی کە نەکردنی ئەو کارە دەبێتە هۆی خێراتربوونی شەڕی ئیسرائیل و حەماس.
حسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران لە ٩ی کانوونی دووەم لە میانی پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری دا لەوەی کە ئەگەری زۆرە شەڕ فراوانتر بێت و هەرێمەکە لەدەست دەربچێت و بتەقێتەوە ئەگەر ئەمەریکا و ئیسرائیل بەردەوام بن لە پشتیوانیکردنی ئۆپەراسیۆنی سەربازی بۆ سەر کەرتی غەززە.
محەممەد باقری، سەرۆک ئەرکانی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئێران، بە هەمان شێوە لە ٩ی کانوونی دووەم هۆشداری دا لە درێژەدان بە تاوانەکانی ئیسرائیل دژی فەلەستینییەکان لە کەرتی غەززە.

کۆبوونەوەى سەرۆک وەزیرانی سوریا لەگەڵ بەرپرسانى ئێران
بەرپرسانی باڵای ئێران لە 10ی کانونی یەکەم لە تاران لەگەڵ حسێن عەرنوس سەرۆک وەزیرانی سوریا کۆبوونەوە و باسیان لە شەڕی ئیسرائیل و حەماس کرد.
ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک کۆمارى ئێران بەشانازییەوە باسی لەوە کرد جەنگکەکە بووەتە هۆى بەرفراوان بوونى هەژموونى بەرەى بەرگرى لە جیهاندا.
عەلی ئەکبەر ئەحمەدیان، سکرتێری ئەنجومەنی ئاسایش، ستایشی بوونى یەکێتی بەرەى بەرگرى کرد لە دژی ئیسرائیل. عەرنوس لە ٩ی کانوونی دووەم لەگەڵ جێگری یەکەمی سەرۆک کۆماری ئێران و محەممەد باقر قاڵیباف سەرۆکی پەرلەمانی ئێران کۆبووەوە[7].

پەیوەندى تەلەفونى ئێران لەگەڵ نوێنەرى باڵاى یەکێتى ئەوروپا
لە ١٠ی کانوونی دووەم حسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی ئێران لە نامەیەکدا بۆ جۆزێپ بۆرێل نوێنەری باڵای یەکێتیی ئەورووپا بۆ کاروباری دەرەوە و سیاسەتی ئاسایش داوای لە ئەوروپا کرد کردەوەی کاریگەر بگرێتەبەر بۆ ئاسانکاری بۆ ئاگربەستی هەمیشەیی لە شەڕی ئیسرائیل و حەماس.
عەبدوڵڵاهیان هەروەها داوای ڕەچاوکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان و پێشکەشکردنی یارمەتییە مرۆییەکان کرد بۆ کەرتی غەززە.
عەبدوڵڵاهیان هۆشداری دا لە ئەگەری فراوانبوونی ململانێکان ئەگەر ئیسرائیل بەردەوام بێت لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی لە کەرتی غەززە.  

هەوڵى ئێران بۆ تیرۆرکردنى هاووڵاتییە ئیسرائیلییەکان لە یۆنان
لە ١٠ی کانوونی دووەم هێزە ئەمنییەکانی قوبرس دوو کەسی بە ڕەگەز ئێرانییان دەستگیر کرد بە بیانوى ئەوەی گوایە پیلانیان دانابوو بۆ تیرۆرکردنی ئیسرائیلییە دیارەکانی ناو قوبرس.
ئیسرائیل ڕایگەیاند کە هاوکاری ئۆپەراسیۆنی ناسینەوە و دەستگیرکردنی ئەو کەسانەى کردووە.


[1]https://www.criticalthreats.org/analysis/iran-update-december-8-2023?mkt_tok=NDc1LVBCUS05NzEAAAGP62IYDNIMS2m406Br8JApgKTF6vQ6mZJGL_LtbnhVPnMyIQNEJkc3vpMFgUyu6YxIaQ-zEz0JCHJbLFJeytNtRJF7qC4IYQV2EoSB_Ctco0TaxSlj
[2]https://www.criticalthreats.org/analysis/iran-update-december-9-2023?mkt_tok=NDc1LVBCUS05NzEAAAGP8KP3EXZ51dqduVSoeuKKmlZ4pl_VNYWt_IQgHofsz0QBu8nDbIkL6yZKrxkxEDsSDYipHo7rLBdyT053rsEs6igSvQ8NVg-cUBGnCUX2drqGRHxd
[3] https://www.criticalthreats.org/analysis/iran-update-december-4-2023?mkt_tok=NDc1LVBCUS05NzEAAAGP1vHZ2TkeoQ8rhDNSAKQWz3qMfi1KrBKOM6OUfADv5r33UIGfKfDMx2HK-61WtaS23xu_NXeOchMQsHCA69ytSKkfutNc3PuLTWHvHr0xuZOx2czV
[4] https://www.criticalthreats.org/analysis/iran-update-december-5-2023?mkt_tok=NDc1LVBCUS05NzEAAAGP27gXfQENFjObawtQp16rOeSsp2AEzvpkcc-bdVKIBTpYdJ_1OdxYFeeWS9WcoEFZCF7ECH-j314G-xxxsSewxqV_KQ3FE597Uqdz1IitnQcMJTmG
[5] https://www.criticalthreats.org/analysis/iran-update-december-7-2023?mkt_tok=NDc1LVBCUS05NzEAAAGP5i40XehUzXeFySIdFpbDIDPgVPVDBx3Mhf-S2bCif6wkyIKnLSa7gq1sMDdgCsnBfVcdnHVFhILNzzU8HsR7oNMbQ9TaQjbog6jMZhN7ycpgBqDR
[6] https://www.criticalthreats.org/analysis/iran-update-december-6-2023?mkt_tok=NDc1LVBCUS05NzEAAAGP4SMfT1rLvCQp44kQohUkqsy3SAhg3ekQQDwl5pVjk3p1SO9dNyM9XpsdldCza1rTDRQifTxdaJQTWlHEW6JIA9fznmz8gLt346uaatoiEtPUqmd0
[7] https://www.criticalthreats.org/analysis/iran-update-december-10-2023?mkt_tok=NDc1LVBCUS05NzEAAAGP9YWm6u5sQrhlBDndZzPC6mRiY38Tr_-UNnkhpXHMJfCmoM2shCxAud53GUXmViu0LgS5kKhgo-RwaoTlTmCr9UqhNb1jKaZYHqzpaexsCwo56fHV

#ئێران
بینێرە لە ڕێگەی