ئێران لەبەر حەوت هۆکار لە پێناو حەماسدا ناجەنگێت

07:20
16/12/2023
ناوچەیی

فۆتۆ: میدیاکان

هاوبەشی بکە

نووسینی: ئارەش رئیسی نەژاد
وەرگێڕانی: تاک

لەگەڵ دەستپێکردنیدا، جەنگی غەززە وەک ئەگەری پێشبینیکردنی ڕووبەڕووبوونەوەیەکی ڕاستەوخۆ لە نێوان ئێران و ئیسرائیلدا لێکدانەوەی بۆ دەکرا. حزبوڵڵا بەردەوامە لە هەڕەشەکانی بۆ کردنەوەی بەرەیەکی نوێ لەو جەنگەدا و کەسایەتییە دەمارگیرە ئێرانییەکان پێشوازی دەکەن لە دەستوەردانی ڕاستەوخۆی وڵاتەکەیان لەو جەنگەدا. مانگی ڕابردوو (جەواد زەریف)ی وەزیری پێشووی دەرەوەی ئێران ئاماژەی بە نامەیەک کرد کە لە لایەن بەرپرسە دەمارگیرەکانەوە نێردراوە بۆ ڕابەری باڵای ئێران وەک هەوڵێک بۆ قایلکردنی ڕابەری باڵا بە ڕووبەڕووبوونەوەی ئیسرائیل لەو جەنگەدا لە پێناو حەماس.
بەڵام ئەگەری جەنگێکی ناوچەیی بەرفراوان کەمە. سەرباری ئەو دروشمانەی لە لایەن دەمارگیرە ئێرانییەکانەوە دەوترێنەوە، واقیعی بیرکردنەوەی ستراتیژیی ئێران پتر واقیعێکی وریاییە. لانی کەم ئێران لەبەر حەوت هۆکار خۆی بە دوور دەگرێت لە هەڵگیرساندنی جەنگێک بەرامبەر بە ئیسرائیل لە پێناو حەماسدا.
یەکەم، کۆماری ئیسلامیی ئێران ناتوانێت هانی کۆمەڵگە بدات بەشدار بن لە جەنگێکی نوێدا بەو چەشنەی لە ساڵانی 1980 لە جەنگی دژ بە عێراقدا ئەنجامی دا. لە نێو چەند هۆکارێکی دیکەدا، بەگەڕخستنێکی بێوچانی تەوژمی مرۆیی بوو کە بەرەنگاری سوپای عێراقی بووەوە و بەغدای ناچار کرد لە خاکی ئێران بکشێتەوە. بەڵام چەند دەیەیەک پاش ئەو جەنگە، پشتیوانیی کۆمەڵگە بۆ سیستمی سیاسیی ئێران بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە. دوابەدوای خۆپیشاندانەکانی ساڵی پار، هاوکات لەگەڵ ئەو قەیرانە ئابوورییەی کە بەشێک لە هۆکارەکانی دەگەڕێتەوە بۆ ئابڵۆقەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان، ناڕەزایەتی لە ناو گەنج و چینی ناوەڕاستی شاردا هەڵدەقوڵێت.
دووەم، فراکسیۆنی میانڕەو لە نێو حکومەتی ئێرانیدا هۆشداری داوە دژ بە دەستوەردانی ڕاستەوخۆی ئێران لەو جەنگەدا. لە ڕاستیدا جەنگی غەززە بووەتە هۆی قووڵکردنەوەی درزە سیاسییەکانی ناو تاران. دەمارگیرە ئێرانییەکان بە چەشنێک هەڵسەنگاندن بۆ مەترسییەکان دەکەن وەک ئەوەی تێکشکانی حەماس بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی پەیوەست بێت بە داڕمانی دواتری حزبوڵڵا و سەرەنجام هێرشێکی سەربازی بۆ سەر ئێران دەست پێ بکات. هەر لەبەر ئەم هۆکارەیە کە ئەوان پشتیوانی هێرشکردنە سەر بنکەکانی ئەمەریکا لە عێراق و سوریا دەکەن لە لایەن بریکارە شیعەکانی ئێرانەوە. ئەم جیهانبینییە تەواو پێچەوانەی جیهانبینیی بەرپرسە میانڕەوەکانە، بە تایبەتی (زەریف)، کە بەردەوام هۆشداریی داوە سەبارەت بە لێکەوتە وێرانکەرەکانی ئەگەری دەستوەردانی ئێران لە جەنگێکدا بەرامبەر بە ویلایەتە یەکگرتووەکان، بە بۆچوونی زەریف ئەگەر ئێران هەڵوێستێکی پتر ڕادیکاڵ بنوێنێت لە پرسی غەززەدا، ئەوا دەکرێت ئەو هەڵوێستە ببێتە هۆی سەرهەڵدانی ناکۆکییەکی کوشندە دژ بە ویلایەتە یەکگرتووەکان، ئەوەش دۆخێکە ئیسرائیل پێشوازیی لێ دەکات و سەرباری پەراوێزخستنی لە لایەن حکومەتەکەی ئیبراهیم ڕەئیسیی ئێرانەوە، زەریف هێشتا کاریگەرییەکی بەرچاوی هەیە لە نێو توێژی نوخبەی سیاسیی کۆماری ئیسلامیی ئێران و تەنانەت لە نێو کۆمەڵگەی ئێرانیشدا.
سێیەم، شکستی بەرچاوی ئیسرائیل لە ڕێگریکردن لە هێرشەکانی حەماس لە 7ی تشرینی یەکەمدا نابێتە هۆی گۆڕانی حیساباتی ستراتیژیی تاران بەرامبەر بە ئیسرائیل. سەرباری پشتبەستنی ئیسرائیل بە تەکنەلۆژیای پێشکەوتووی بەرگری، وەک سیستمی بەرگریی مووشەکی (کڵاوەی ئاسنین)، حەماس توانی گورزێکی سەربازی و هەواڵگریی بەرچاو لە ئیسرائیل بوەشێنێت و بەم چەشنە سیاسەتی ڕێگریکردنی ئیسرائیلی تێکشکاند، بەڵام ئەوە نابێتە هۆی گۆڕانی تێڕوانینی ئێران سەبارەت بە ئیسرائیل، یان سەبارەت بە دینامیکی دەسەڵات لە ناوچەکەدا. هەرچەندە ئۆپەراسیۆنەکەی حەماس بووە هۆی لەرزاندنی ستراتیژە متمانەپێکراوە لەمێژینەکەی ڕێگریکردنی ئیسرائیل، بەڵام دەرفەتێک بۆ ئێران دابین ناکات تاکو لە ڕێی بەکارهێنانی هێزی مووشەکەوە ڕووبەڕووی ئیسرائیل ببێتەوە. بە پێچەوانەوە، دەشێت ئێران لەو باوەڕەدا بێت کە ئیسرائیل وا هەست دەکات سەرلەنوێ دامەزراندنەوەی سیاسەتی ڕێگریکردن ئەولەویەتێکی وجودیی بێت و شایەنی ڕووبەڕووبوونەوەی چەندین مەترسیی گەورەی سەربازی و سیاسی بێت.
چوارەم، بە پێچەوانەی حیکمەتی نەریتییەوە، نە حەماس بریکاری ئێرانە و نە حزبوڵڵا، دروستترە وەک هاوپەیمانە نا-دەوڵەتییەکانی ئێران تەماشا بکرێن. هیچ پەیوەندییەک نییە لە نێوان تاران و حەماسدا کە لە پلەبەندی سەرەوە تا خوارەوەدا بە دی بکرێت. تەنانەت کاتێک حەماسیش کردارەکانی خۆی هاوڕێکی ئێران دەکات، دەکرێت نەخشەڕێگەی ئەنجامدانی ئەو کردارانە جوودا بێت، بەو چەشنەی لە کاتی شەڕی ناوخۆی سوریادا ئەنجامیان دا کاتێک حەماس پشتیوانیی لە لایەنە یاخییە سوننییەکان دژی ئەسەد دەکرد. دەزگای هەواڵگریی ئەمەریکی و ئیسرائیلی پێشنیازی ئەوە دەکەن کە بەرپرسە باڵاکانی ئێران ئاگاداری ئەو ئۆپەراسیۆنەی حەماس نەبوون. لە ناوەڕاستی مانگی تشرینی دووەمدا، تۆڕی هەواڵی ڕۆیتەرز ڕایگەیاند، کە ئایەتوڵڵا عەلی خامنەیی ڕابەری باڵای ئێران بە ئیسماعیل هەنیە سەرۆکی حەماسی وتووە، لەبەر ئەوەی حکومەتی ئێرانی بە هیچ جۆرێک ئاگادار نەکراوەتەوە لەو هێرشەی بۆ سەر ئیسرائیل ئەنجام دراوە، هەر بۆیە حکومەتی ئێران ناچێتە نێو ئەو جەنگەوە لە پێناو ئەو گرووپە فەلەستینییەدا.
پێنجەم، هاوبەشە ستراتیژییەکانی ئێران لە مۆسکۆ و پەکین پشتیوانیی تەواوەتی خۆیان بۆ حەماس دەرنەبڕیوە. ئێران لە سایەی سیاسەتی "ڕووکردنە ڕۆژهەڵات"دا هەوڵی داوە خۆی هاوڕێک بکات لەگەڵ چین و ڕووسیادا و دووچاری ڕق و کینە دەبێتەوە ئەگەر بێت و پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵ ئەو وڵاتانەدا بشێوێنێت. لە ڕاستیدا تاران هەمان ئەو سیاسەتە لە غەززە پەیڕەو دەکات کە بە کاری هێنا بۆ جێبەجێکردنی نەخشەڕێگەی "چاوەڕوانکردن و تەماشاکردن"ی ڕووسی-چینی بەرامبەر بە داگیرکردنی کابول لە لایەن تاڵیبانەوە دوو ساڵ لەمەوپێش. ئامانجی ئێران بریتییە لە خۆبەدوورگرتن لە پەراوێزخستنی ئێران لە قەیرانە نێودەوڵەتییە سەرەکییەکاندا.
شەشەم، باوەڕێکی قووڵ لە نێو بڕیاربەدەستە کاریگەرەکانی ئێراندا هەیە کە دەڵێن شێخنشینە عەرەبییەکان لە کەنداوی فارس پێشوازی دەکەن لە جەنگێکی بەرفراوان لە نێوان ئێران و ئیسرائیلدا. ئێران بەو هیوایەیە کە وڵاتانی عەرەب لە دەرەنجامی جەنگێکی فراوانتر پەیوەندییەکانی خۆیان لەگەڵ ئیسرائیلدا بپچڕێنن، بەڵام ڕێی تێناچێت سیناریۆیەکی وەها ڕوو بدات. ڕایگشتیی عەرەبی ڕکێفێکی زۆر کەمی هەیە بەسەر سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەکانیاندا و سەرکردەکانی عەرەب زۆر لە مێژە حەماس وەک بریکارێکی گێرەشێوێنی ئێرانی دەبینن و دڵخۆش دەبن ببینن ئیسرائیل بە یەکجاری حەماس هەڵبوەشێنێتەوە.
کۆتا هۆکار و گرنگترین هۆکار کە کاریگەریی هەیە لەسەر خۆبەدوورگرتنی بەرچاوی ئێران لە تێوەگلانییەوە لە جەنگ بریتییە لە دیدگای دیاریکراوی خامنەیی بەرامبەر بە ناکۆکییە ناوچەییەکان. بە پێچەوانەی تێڕوانینی باوی ڕۆژئاواوە، ڕابەری باڵای ئێران لە ڕوانگەیەکی واقیعبینییەوە نەخشەڕێگەی کاردانەوە بەرامبەر بە ناکۆکییە ناوچەییەکان دادەنێت، نەک لە ڕوانگەیەکی ئایدیۆلۆژییەوە. پاش خزمەتکردنی وەک سەرۆک کۆماری ئیسلامیی ئێران لە کاتی جەنگی وێرانکەری ئێراندا بەرامبەر عێراق، خامنەیی زۆر بە وردی ئاگاداری لێکەوتەکانی جەنگە، بە تایبەتی جەنگێک دژ بە ویلایەتە یەکگرتووەکان. ئەم هۆشیارییە وای کردووە ئێران کاردانەوەیەکی تا ڕادەیەک هەڵسەنگێنراوی هەبێت دوابەدوای کوژرانی ژەنەراڵ قاسم سلێمانی سەرکردەی پێشووی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران لەسەر دەستی ویلایەتە یەکگرتووەکان. ئەو جۆرە ڕەفتارە هاوڕێکە لەگەڵ تێکڕای ستراتیژیی خامنەیی بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ قەیرانە ناوچەییەکاندا. زیاد لە دوو دەیە لەمەوپێش، کاتێک چەند دیپلۆماتکارێکی ئێرانی لە لایەن یەکەم ئیمارەتی تاڵیبانەوە لە باکووری ئەفغانستاندا کوژران و هەست و سۆزی جەماوەریی ئێران مەیلێکی زۆری هەبوو بە ئاڕاستەی دەستوەردانێکی گەورەدا، خامنەیی و حەسەن ڕۆحانی، کە ئەو کات بەرپرسی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی بوو، هاوکاربوون لە ڕێگریکردن لە تەشەنەسەندنی گرژی و ئاڵۆزییەکان.
ئەم حەوت هۆکارە پەیوەستە ڕوونی دەکەنەوە بۆچی کۆماری ئیسلامیی ئێران خۆی بە دوور دەگرێت لە تێوەگلانییەوە لە جەنگ لە پێناو حەماسدا. بەڵام پێدەچێت جەنگی غەززە ببێتە هۆی خێراترکردنی بەرنامەی ناوکیی ئێران. چەندین دەنگی بەهێز لە ئێراندا هەیە، بە شێوەیەکی گشتی لە بەرەی دەمارگیرەکاندا، کە دەڵێن کاریگەرترین ئامڕازی وڵات بۆ ڕێگریکردن لە تێکشکانی حەماس پەیوەستە بە بڕیاری ئێرانەوە بۆ هەوڵدانی تەواوەتی وڵات بۆ پەیداکردنی توانا ناوەکییەکان. ئەوان پێیان وایە کارتی سەرەکیی ئێران بریتییە لە هەڕەشەی پەرەپێدانی چەکە ناوەکییەکان و بەم چەشنە دەربڕینی پشتیوانییەکی گرنگ بۆ هاوپەیمانەکانی ئێران، هاوشێوەی ئەو پشتیوانییەی لە ڕابردوودا ئێران بۆ حکومەتی ئەسەد لە سوریا دەریبڕی. ئەم جۆرە بیرکردنەوەیە تەوژمێکی بەرچاوی پەیدا کرد کاتێک (ئێلیاهۆ)ی وەزیری زیاد لە ڕادە نیشتمانپەروەری وەزارەتی کەلەپووری ئیسرائیلی "وەک بژاردەیەک" پشتیوانیی خۆی دەربڕی بۆ هاویشتنی "جۆرێک لە چەکی ئەتۆمی" بۆ کەرتی غەززە "بۆ ئەوەی هەموان بکوژرێن".
هیچ کام لەم خاڵانە بەو مانایە نایەن کە ئێران ئامادەیە دەستبەرداری حەماس بێت، ئەو گرووپەی کارتی ستراتیژیی ئێرانە لە غەززە. لە بری ئەوەی بێ هیچ کاردانەوەیەک بوەستێت، پێدەچێت تاران بەردەوام بێت لە فشارکردنە سەر ئیسرائیل و ویلایەتە یەکگرتووەکان، ئەوەش لە ڕێی حزبوڵڵا و بریکارە شیعەکانی ئێرانەوە لە عێراق و سوریا، بە بێ ئەوەی بهێڵێت ئەو ناکۆکییە تەشەنە بسەنێت بۆ جەنگێکی ناوچەیی بەرفراوان.


سەرچاوە:
https://foreignpolicy.com/2023/12/04/iran-hamas-gaza-israel-regional-war/

#ئێران #داعش_و_گرووپە_توندڕەوەکان #فەڵەستین #ئیسرائیل #وڵاتانی_عەرەبی
بینێرە لە ڕێگەی