تورکیا لە هەفتەیەکدا 9/12 تا 15/12/2023

10:24
16/12/2023
کوردستان مۆنیتەر

فۆتۆ: میدیاکان

هاوبەشی بکە

تاک
تورکیا ئەگەر تیمارکەرە، با تیماری سەری خۆی بکات

مستەفا قەرەسوو ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبردنی کۆما جڤاکێن کوردستان KCK باس لەوە دەکات، تورکیا ئەگەر ڕاست دەکات لەبری بەردانی دیلەکانی حەماس با ئەندامانی میت کە لای پەکەکە دیلن ئازاد بکات.
قەرەسوو لە لێدوانێکیدا بۆ میدیای نزیک لە پەکەکە ئاماژەی بەوە داوە، لە کاتێکدا تورکیا هەوڵی نێوەندگیری بۆ ئاڵوگۆڕی دیلەکانی حەماس و ئیسرائیل دەدات، هیچ هەواڵێکی دوو ئەندامی دەزگای هەواڵگری نیشتیمانی وڵاتەکەی (میت) ناپرسێت، کە لەلای پەکەکە بەدیل گیراون.
ئەو بەرپرسەی کەجەکە باسی لەوە کردووە، "لەبری ئەوەی تورکیا ئەوەندە خەم بۆ برا فەلەستینییەکانی دەخوات، با بێت ١٠ نەخۆشی بێتاوان لە زیندانەکانیدا ئازاد بکات و دوو ئەندامەکەی میت وەربگرێتەوە".[1]

کورتکراوەی هەدەپ دەکرێت بە دەم
پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (هەدەپ) (HEDEP) بە ناچاری کورتکراوەی ناوەکەی دەگۆڕێت بە (دەم پارتی DEM).
ڕۆژی سێ شەممە ١١ی کانوونی یەکەم وتەبێژی دەم، ئایشەگیول دۆغان Ayşegül Doğan لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا گۆڕینی کورتکراوەی ناوی پەرتەکەیانی ڕاگەیاند و ئاماژەی بەوەدا، "دوای هەڵبژاردنەکانی ئایاری ئەمساڵ لە کۆنگرەی نائاسایی هەدەپە-دا بە ناچار ناوی حزبەکەمان گۆڕی بۆ هەدەپ، بەڵام دوای ئەوەی لەلایەن دادگای باڵای تورکیاوە ڕێگری لەو کورتکراوەیە کرا، ئێستا ناوەکەیمان وەک دەم پارتی جێگیر کردووە".
بەگوێرەی بڕیارێکی دادگای باڵای تورکیا کە لە ٢٣ی تشرینی دووەم دەرچووە، "لەبەرئەوەی کورتکراوەی هەدەپ، کورتکراوەی هادەپ بەبیری خەڵکی دەهێنێتەوە، هادەپ-یش کورتکراوەی پارتی دیموکراسی گەل Halkın Demokrasi Partisi بووە، بۆیە ڕێگە بە کورتکراوەی (هەدەپ) نادرێت".[2]
هادەپ لە ١١ی ئایاری ١٩٩٤ دامەزراوە و لە ١٣ی ئازاری ٢٠٠٣ بە بەهانەی ئەوەی "بووە بە ناوەندی چالاکی نایاسایی" لەلایەن دادگای دەستووری تورکیا داخراوە. هەر لە بڕیارەکەی دادگای باڵادا هەدەپ/دەم ناچارکراوە گۆڕانکاری لە چەند ماددەیەکی پەیڕەوی ناوخۆشیدا بکات.
کورتکراوە نوێیەکەی ئەم پارتە کوردییە (دەم) لە کوردی ڕەسەنەوە وەرگیراوە و دوو مانای هەیە، یەکەمیان بە واتای دەمی مرۆڤ دێت کە زمانی تێدایە و بەهۆیەوە ئاخاوتنی پێ دەکات و گوزارشت لە بۆچوون و مامەڵەی ئازادییەکانی خۆی پێ دەکات. لە هەمان کاتدا (دەم DEM) لە زمانی کوردی/ لەهجەی کرمانجی سەروو بە واتای (هەناسە، کات، سات) دێت.
دانانی دەستەواژەی دەم وەک ئاماژەیەک بۆ (ئێستا، دەوران، ساتەکان) دێت. یەکێک لە مەبەستە سەرەکییەکانی بەرپرسانی پارتەکە لە دانانی دەستەواژەی دەم، بریتییە لە گۆڕانکاری لە سەردەم و قۆناغێکەوە بۆ قۆناغێکی دیکە. بە تایبەت لە دۆخێکدا کە تورکیا و باکووری کوردستان ئامادەکاری دەکات بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەکان. بەرپرسانی دەم دەیانەوێت دەمی قەییوم بگۆڕن بۆ دەمی نوێنەری ڕاستەقینەی خەڵکی. واتە قۆناغی سەرۆک شارەوانی سەپێنراو (قەییوم) بگۆڕن قۆناغێک لە دوای هەڵبژاردنی شارەوانییەکان، بەجۆرێک سەرۆک شارەوانییەک کە بە دەنگی راستەقینەی هاوڵاتیان کاروباری شارەوانییەکان بەڕێوە ببات.
ئایشەگیول دۆغان جەختی لەوە کردەوە، "ئێمە دەمانتوانی تانە لە بڕیارەکەی دادگای باڵا بدەین، بەڵام لەبەر هەستیاری دۆخەکە بۆ ئەوەی بێبەش نەبین لە بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکان و دەسەڵات ئەم دەرفەتە نەقۆزێتەوە، بڕیارمان دا کورتکراوەی پارتەکەمان بگۆڕین".[3]    
بەهۆی مەترسی داخستنیەوە پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) لە هەڵبژاردنەکانی ئەمساڵدا لەژێر چەتری پارتی چەپی سەوز (یەسەپە)دا بەشداری هەڵبژاردنەکانی کرد. دوای شکست و کەمبوونەوەیەکی بەرچاوی ژمارەی کورسییەکانیان لە پەرلەمان هەدەپە و یەسەپە کۆنگرەیان بەست، هەدەپە بڕیاریدا بەتەواوی بچێتە ناو یەسەپە-وە، یەسەپە-ش لە کۆنگرەکەیدا ناوەکەی گۆڕا بۆ هەدەپ.

سەرۆکی جەهەپە سەردانی دەم پارتی دەکات
ڕۆژی چوارشەممە ١٣ی کانوونی یەکەم ئۆزگور ئۆزێل سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) سەردانی تولای هاتیم ئۆغوڵاری و تونجەر باکرهان هاوسەرۆکانی پارتی یەکسانی و دیموکراسی (دەم پارتی)ی کرد.
هەرچەندە سەردانەکە بۆ پیرۆزبایی بووە لە هاوسەرۆکانی دەم پارتی بە بۆنەی هەڵبژاردنیان وەک هاوسەرۆکی پارتەکە و سوپاسگوزاری سەرۆکی جەهەپە بەرامبەر پیرۆزبایی هاوسەرۆکانی دەم پارتی لە سەرۆکی جەهەپە بەبۆنەی هەڵبژاردنی وەک سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری لە ٣٨هەمین کۆنگرەی پارتەکە لە ٤ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣، بەڵام ئامانجی سەرەکی و پشتی پەردەی سەردانەکە گفتوگۆکردن و ڕازیکردنی بەرپرسانی دەم پارتی بووە بۆ پشتیوانی کاندیدانی جەهەپە لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ٣١ی ئازاری ٢٠٢٤ لە شارە گەورەکانی ئیستەنبوڵ، ئەنقەرە، ئیزمیر، بوڕسا، ئەنتالیا و چەند پارێزگایەکی دیکەی تورکیا.[4]
داواکارییەکەی جەهەپە دوای ئەوە هات کە دەم پارتی لەسەر داواکاری ئەندام و لایەنگرانی بە فەرمی بریاری داوە بە سەربەخۆ بەشداری هەڵبژاردنی شارەوانییەکان بکات و لە سەرجەم شار و شارۆچکەکانی تورکیادا کاندیدی خۆی هەبێت. هەر بۆ ئەو مەبەستەش لە سەرەتای ئەم مانگەوە دەرگای پڕکردنەوەی فۆڕمی کاندیدی بۆ بوون بە کاندیدی شارەوانییەکان لەسەر لیستی دەم پارتی کرایەوە و وا بڕیارە تاوەکو ٢٠ی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت.
لە گفتوگۆکانیاندا هاوسەرۆکانی دەم پارتی داواکارییەکەی سەرۆکی جەهەپەیان پەسەند نەکردووە، ڵەگەڵ ئەوەشدا داواکارییەکە ڕەت نەکراوەتەوە و وا بڕیارە لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی دەم پارتی گفتوگۆی لەبارەوە بکرێت.[5]
بەگوێرەی لێدوانی ڕۆژانی ڕابردووی بەرپرسانی دەم پارتی و ئەو ئەزموونە تاڵەی لە ماوەی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی کۆمار و پەرلەمان لە ١٤ و ٢٨ی ئایاری ٢٠٢٣ لەگەڵ جەهەپە و کاندیدەکەی کەمال کلیچدارئۆغڵو چەشتییان، پێناچێت دەم پارتی ئامادە بێت پشتیوانی لە کاندیدانی جەهەپە بکات. ئەمە جگە لەوەی باس لە بەڵێنی نهێنی بەرپرسانی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە)ی دەسەڵاتداری تورکیا دەکرێت لە بەرامبەر بەشداری دەم پارتی بە سەربەخۆ لە سەرجەم شارەکانی تورکیادا، دوای هەڵبژاردنەکان قەییوم نەخرێتە شوێنی ئەو کەسانەی لەسەر لیستی دەم پارتی دەبن بە سەرۆکی شارەوانی.

بە هۆی پەرلەمانتارانی کوردەوە جارێکی دیکە قەیرانی مافی زمانی دایک لە پەرلەمان سەرهەڵدەداتەوە
هەفتەی ڕابردوو لە چوارچێوەی دانیشتنەکانی پەرلەمانی تورکیا تایبەت بە بودجەی ٢٠٢٤ی ئەو وڵاتە، پەرلەمانتارانی کورد بە زمانی کوردی دەستیان بە قسەکانیان کرد، هەرچەندە کەمتر لە ٣٠ چرکە سڵاویان بۆ پەرلەمانتاران و دەنگدەرانیان نارد، بەڵام هەر زوو لەلایەن سەرۆکی پەرلەمان نوعمان کورتوڵموش-ەوە ئاگادارکرانەوە کە ئەو قسانەی لە سەرەتاوە کردوویانە "بە زمانی تورکیش دەری ببڕن".
لە چوارچێوەی گفتوگۆکانی تایبەت بە بودجەی ساڵی داهاتووی تورکیا هەریەک لە تونجەر باکرهان هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی) و چیغدەم ئوچار هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی هەرێمەکان (دەبەپە) و پەرلەمانتاری دیکەی کورد بە کوردی دەستیان بە قسەکردن کرد.[6] جگە لە کاردانەوەی توندی بەشێک لە پەرلەمانتاران، هەر زوو سەرۆکی پەرلەمان قسەکانی بەو پەرلەمانتارە کوردانە دەبڕی و ئاماژەی بەوە دەدا، "بەگوێرەی ماددەی ٣ی دەستووری تورکیا زمانی فەرمی لەم وڵاتە تورکییە و ئێرەش ئەنجومەنی گەورەی نیشتمانیی تورکیایە، جگە لە زمانی تورکی لە دامەزراوە فەرمییەکاندا بە هیچ زمانێکی دیکە قسە ناکرێت، داوا لە پەرلەمانتاری بەڕێز دەکەم، ئەو دەستەواژانەی دەریبڕی وەریبگێڕێت بۆ تورکی بۆ ئەوەی سەرجەم پەرلەمانتاران و ئێمەش تێبگەین".
لای خۆیشییەوە بەریتان گیونەش پەرلەمانتاری ماردینی دەم پارتی لە کاردانەوەیدا بەرامبەر ڕێگری لە وتەیەکی کورت بە زمانی دایک ڕایگەیاند، لە چوارچێوەی سیاسەتەکانی کودەتا شکستخواردووەکەی ١٥ی تەمموزی ٢٠١٦ چەندین دامەزراوەی تایبەت بە زمانی کوردی بە نایاسایی داخراون، لە سایتی فەرمی دامەرزاوەی زمانی تورکیا-دا هیچ بەشێکی تایبەت بە زمانی کوردی نییە، ڕێگری دەکرێت لە دامەزراندنی "کوردی ئەلیکترۆنی E-Kürtçe"، ڕێگە بە خوێندن بە زمانی دایک نادرێت، پێمان بڵێن مافی کورد لە چیدا دەستەبەر کراوە؟[7]
دەربڕینی چەند دەستەواژەیەک بە زمانی دایک لەلایەن ژمارەیەک پەرلەمانتارەوە و کاردانەوەی توندی بەشێک لە پەرلەمانتارانی دیکە و هەوڵی ڕێگری لەلایەن سەرۆکی پەرلەمانەوە، جارێکی دیکە هەڵوێستی نەرێنیی بەرامبەر بە کورد و قەیرانی دیموکراسی و مافەکانی لە تورکیادا نوێکردەوە. 

کوردی تێدا نییە، وتاری هەینی و جەژنەکان بە ٨ زمان دەخوێنرێنەوە
سەرۆکایەتی کاروباری ئایینی تورکیا بڕیاری داوە خزمەتگوزاری خوێندنەوەی وتاری هەینی و جەژنەکان بە ٨ زمان دەستەبەر دەکات، بەڵام زمانی کوردیی تێدا بەردەست نییە، ئەمەش بووەتە جێگای ڕەخنەی کوردەکان. ڕۆژی هەینیی ڕابردوو ٨ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣ لە چوارچێوەی پرۆژەی هاوبەشی بەدیجیتاڵیکردنی سەرۆکایەتی کۆمار و سەرۆکایەتی کاروباری ئایینی تورکیا، بڕیار درا خزمەتگوزاری وتاری هەینی و جەژنەکان بە زمانەکانی تورکی، عەرەبی، ئینگلیزی، ئەڵمانی، فەڕەنسی، ئیسپانی، ئیتاڵی و ڕوسی فەراهەم بکرێت.[8] بەڵام دانەنانی زمانی کوردی لەنێو ئەو زمانانەدا کاردانەوەی ناوەندە ئایینی و کوردییەکانی لێکەوتەوە.
لای خۆیەوە ئەحمەد یڵماز سەرۆکی لقی ئامەدی سەندیکای ئایینی تورکیا ڕایگەیاندووە، لە باکووری کوردستان ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتییان تورکی نازانن، ئەگەر دەوڵەت دەیەوێت ئەو کەسانە لە وتاری هەینی و جەژنەکان تێبگەن، پێویستە وتارەکان بە کوردی بخوێنرێتەوە. یڵماز جەختی لەوە کردووەتەوە، "خوێندنەوەی وتاری هەینی و جەژنەکان بە کوردی کرمانجی سەروو لەگەڵ زازاکی زۆر بەسوودترە لەوەی بە تورکی بێت".[9]

شەقامی شێخ سەعیدی پیران لە نێوان پشتیوانیی کورد و کاردانەوەی نەژادپەرستانی تورکدا
ناونانی شەقامێک بەناوی شێخ سەعیدی پیران لەلایەن سەرۆکایەتی شارەوانی ئامەد، کاردانەوەی توندی تورکە نەژادپەرستەکانی لێ دەکەوێتەوە، لە بەرامبەردا دەم پارتی و کوردەکان پشتیوانی توندی بریارەکە دەکەن، ئەمەش بووەتە ڕۆژەڤی باکووری کوردستان و تورکیا.[10]
سەرەڕای کاردانەوەی بەرپرسی پارتە سیاسییە نەژادپەرستەکان، هەڵوێستی پێشکەشکارێکی بەناوبانگی تەلەفزیۆنی و پەرلەمانتارێکی پارتی باش گۆمەکەی شڵەقاندووە.
هەرچەندە شارەوانی ئامەد لەلایەن قەییومەوە بەڕێوە دەبرێت، لەگەڵ ئەوەشدا سوورن لەسەر ناونانی شەقامەکە بەناوی شێخ سەعیدەوە.
بەڵام هەڵوێستی توندی سالیم ئەنساریئۆغڵو Salim Ensarioğlu پەرلەمانتاری ئیستەنبوڵی پارتی باش İyi Parti بە پشتیوانیکردن لە بڕیارەکەی شارەوانی ئامەد  بە ناوهێنانی شێخ سەعیدی پیران "وەک کەسایەتییەکی بەنرخی ناوچەی باشووری ڕۆژهەڵاتی تورکیا" (باکووری کوردستان) کاردانەوەی توندی بەرپرسانی پارتەکەی بەدوای خۆیدا هێنا و لیژنەی تایبەت بە لێکۆڵینەوە لە ناوبراو پێکهێنرا و بڕیار درا بدرێت بە ئەنجومەنی دیسپلینی پارتەکە. بەرپرسانی پارتی باش بە بەهانەی لادان لە بنەماکانی نەتەوەپەرستیی تورکیا ساڵی ٢٠١٧ لە پارتی بزووتنەوەی نەتەوەپەرست (مەهەپە)  جیابوونەوە و پارتی باش-یان وەک پارتێکی نەتەوەپەرستی فاشیست دامەزراند. ڕۆژی هەینی ١٥ی کانوونی یەکەم سالیم ئەنساریئۆغڵو جیابوونەوەی لە پارتەکەی ڕاگەیاند،[11] هەروەها چاوەڕێ دەکرێت بەرپرس و ئەندامانی لقی ئامەدی پارتی باش بە کۆمەڵ لەم هەفتەیەدا واز لە حزبەکەیان بهێنن.
لەلایەکی دیکەوە بەکارهێنانی دەستەواژەکانی "کەسایەتییەکی بێ حەیسییەت، بێ شەرەف، سوک و ڕەزیل کە بە پشتیوانی ئینگلیزەکان لە سەرەتای دامەزراندنی کۆماردا هەڵگەڕانەوەی ئەنجام داوە و لە دەوڵەت یاخی بووە" بۆ شێخ سەعیدی پیران لەلایەن فاتیح ئاڵتاڵی Fatih Altaylı پێشکەشکاری بەناوبانگی کەناڵی Habertürk کاردانەوەی توندی ناوەند و پارتە سیاسییە کوردییەکانی بەدوای خۆیدا هێنا.[12] تەنانەت بەشێک لە دامەرزاوە و بەرپرسە سیاسییە تورکەکانیش ڕەخنەی توندیان لەو هەڵوێستەی ئاڵتاڵی گرت. لای خۆیشییەوە سەندیکای پارێزەرانی تورکیا لە دادگا داوای یاسایی لەسەر فاتیح ئاڵتاڵی تۆمار کردووە و بە تۆمەتی ناوزڕاندن و سوکایەتی بە کەسایەتی و پیرۆزییەکانی کۆمەڵگە تۆمەتباری کردووە.[13] 

سێ لە بەرپرسانی سزادراوی حەماس لە تورکیان
سێ کەس لەو ٨ کەسەی لەلایەن ئەمەریکاوە سزای دارایی خراوەتە سەریان لە تورکیان.
دوای ئەوەی ٨ بەرپرسی حەماس لەلایەن وەزارەتی دارایی و گەنجینەی ئەمەریکاوە بە تۆمەتی کارکردن بۆحەماس و دابینکردنی دارایی و پشتیوانی لە چالاکییە تونڕەوییەکانی حەماس سزای دارایی خرایە سەریان، دەرکەوتووە ٣ لەو کەسانە لە تورکیا نیشتەجێن.
بە گوێرەی سەرچاوەکانی هەواڵ هەریەک لە منصور یعقوب نصرالدین نوێنەری حەماس لە قودس، جیهاد محمد شاکر نوێنەری حەماس لە تورکیا و مەهمەت کایا کە سەرمایەدارێکی بەناوبانگە و چەندین ساڵە بڕە پارەی زۆر بۆ حەماس دەنێرێت، ناویان لە لیستی سزادراوانی ئەمەریکادایە و لە تورکیا نیشتەجێن.[14]



[1] https://www.rudaw.net/turkish/kurdistan/131220232
[2] https://yeniyasamgazetesi5.com/hedep-yargitaya-hangi-kumpasi-yaparsaniz-yapin-demokratik-siyasete-kararlariyiz/
[3] https://www.youtube.com/watch?v=3FheyVYNX3E
[4] https://twitter.com/i/broadcasts/1DXxyjzvQbEKM?t=vhKweLNdymxuwqCHUYblRQ&s=09
[5] https://t24.com.tr/haber/gozler-parti-meclisi-toplantisinda-dem-parti-nin-gundeminde-chp-nin-is-birligi-teklifi-ile-akp-ile-pazarlik-tartismalari-var,1143287
[6] https://www.youtube.com/watch?v=MNnG3ZS-VXc
[7] https://yeniyasamgazetesi5.com/dem-partili-gunes-kurtce-konusup-karsiligini-dovizlerle-gosterdi/
[8] https://www.aa.com.tr/tr/gundem/diyanet-isleri-baskanliginin-cuma-ve-bayram-hutbeleri-8-dilde-e-devlette/3076794
[9] https://kuzey24.com/diyanet-senden-hutbe-cikisi-bolge-illerinde-kurtce-olmali/
[10] https://yeniyasamgazetesi5.com/bakirhan-seyh-said-kurt-halkinin-onuru-ve-degeridir/
[11] https://www.ntv.com.tr/turkiye/son-dakika-haberiiyi-partili-salim-ensarioglu-partisinden-istifa-etti,RnKT_hco-U2cxagwYSbxZQ
[12] https://www.youtube.com/watch?v=pH8KhZC2wSQ
[13] https://yeniyasamgazetesi5.com/seyh-saide-hakaret-eden-fatih-altayli-hakkinda-suc-duyurusu/
[14] https://www.kurdistan24.net/tr/story/94306-ABD-ve-%C4%B0ngiltere%27den-Hamas%27a-yeni-yapt%C4%B1r%C4%B1m:-%C3%9C%C3%A7-isim-T%C3%BCrkiye%27den

#تورکیا
بینێرە لە ڕێگەی