ئێران لە هەفتەیەکدا 11/12 تا 18/12/2023

03:39
19/12/2023
کوردستان مۆنیتەر

فۆتۆ: میدیاکان

هاوبەشی بکە

تاک
ئێران لە سوریا
کردنە ئامانجى بارەگاکانى سوپاى پاسداران لە سوریا

لە 10ی کانوونی دووەم ئیسرائیل هێرشێکی ئاسمانی ئەنجام دا و بارەگاکانی سوپای پاسدارانی لە سەیدە زەینەب و فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی دیمەشق کردە ئامانج.
هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل لە 10ی کانوونی دووەم دوو ئەفسەری سوپای پاسدارانی لە سەیدە زەینەب کردە ئامانج.
میلیشیاکانی سەر بە ئێران و سوپای پاسداران، سەیدە زەینەب وەک بارەگایەک بەکاردەهێنن بۆ ئاسانکاری کردن بۆ گەیاندنى پشتیوانییەکان بۆ شوێنەکانی دیکەی سوریا.

شەڕى ئەمەریکا لە سوریا، ئێرانی بەرامبەر داعش لاواز کردووە
بێتوانایی ئێران و هاوپەیمانەکانی لە خاوکردنەوەی گەشەی داعش لە ناوەڕاستی سوریا، بەشێکی دەگەڕێتەوە بۆ گرنگى دان بە جەنگی ئیسرائیل و حەماس لەلایەن ئێرانەوە.
ئێران بەشێوەیەکی گشتى کارە لەپێشترینەکانى لە ئێستادا بەرەنگاربوونەوەی گەشەی داعش نییە لە ناوەڕاستی سوریا. داعش لە مانگی تشرینی یەکەم دەستی بەسەر کێڵگە گازییەکانی باشووری ناوەڕاستی سوریادا گرت و تا سەرەتای مانگی تشرینی دووەم ئەو ناوچانەی بەدەستەوە بوو.
هێزە لەبرییەکانى ئێران هێرش دەکەنە سەر هێزەکانی ئەمەریکا لە سوریا، ئەمەش توانای پشتیوانیکردنیان لە هاوپەیمانەکانی ڕژێمی سوریا لە دژی داعش سنووردار دەکات. ئێران دەڵێت کە ئەمەریکا داعش لە سوریا بەکاردەهێنێت بۆ بەلاڕێدا بردنی ئۆپەراسیۆنەکانی بەرەى  بەرگرى.  

هێرشی مقاوەمەى ئیسلامى بۆ سەر پێگەکانى ئەمەریکا لە سوریا
مقاوەمەى ئیسلامی لە عێراق لە 12ی کانوونی دووەم، بەرپرسیارێتی خۆی لە دوو هێرش ڕاگەیاند، کە پێگەکانی ئەمەریکایان لە کێڵگەی نەوتی عومەر و کۆنۆکۆ لە پارێزگای دێرەزوور لە ڕۆژهەڵاتی سوریا کردە ئامانج.

ئێران لە عێراق
بڵاو کردنەوەى بەیاننامەیەک لەلایەن ئەنجومەنى سیاسی حزبوڵڵاى نوجەباوە

ئەنجومەنی سیاسی جوڵانەوەى حزبوڵڵای نوجەبا لە 11ی کانونی یەکەم بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و داوای کرد کار بکرێت لە ڕووى سیاسی و سەربازییەوە بۆ دەرکردنی ئەمەریکا لە عێراق.
ئەنجومەنەکە داوای لە پەرلەمانی عێراق و حکومەتی ناوەندی و هێزە سیاسییەکانی دیکە کرد کە ئەم ئامانجە بەدیبهێنن.
هەروەها جوڵانەوەى حزبوڵڵا داوای لە حکومەتی عێراق کرد بڕیارنامەی پەرلەمانی عێراق جێبەجێ بکات  کە لە کانوونى دووەمى ٢٠٢٠ دەرکرا بۆ دەرکردنى هەموو هێزە بیانییەکان لە عێراق.
حزبوڵڵای نوجەبا بەشێکە لە مقاوەمەى ئیسلامیی لە عێراق، هاوپەیمانی میلیشیا عێراقییەکانی سەر بە ئێرانە و لە ١٨ی تشرینی یەکەمەوە ڕۆژانە هێرشی کردووەتە سەر پێگەکانی ئەمەریکا لە عێراق و سوریا.

فشارە بەردەوامەکانى ئەمەریکا بۆ سەر حکومەتى عێراق
بەرپرسانی ئەمەریکا بەردەوامن لە فشارخستنە سەر حکومەتی ناوەندی عێراق بۆ پاراستنی کارمەندانی ئەمەریکا لە عێراق.
ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بە سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەممەد شیاع سوودانی ڕاگەیاند، ئەمەریکا پێشبینی دەکات حکومەتی ناوەندی عێراق هەنگاوی زیاتر بگرێتەبەر بۆ ڕێگریکردن لەو هێرشانە، هەر لەو بارەوە ویلیلم بێرنزیش بەڕێوەبەری سی ئای ئەی هۆشداری دا لەوەی کە حکومەتی ناوەندی عێراق ڕووبەڕووی لێکەوتەى سەخت دەبێتەوە ئەگەر نەتوانێت ڕێگرى بکات لەهێرشەکانی سەر کارمەندانی ئەمەریکا لە عێراق.

هێرشەکانى مقاوەمەى ئیسلامى بۆ سەر هێزەکانى ئەمەریکا
- لە 11ی کانوونی دووەم مقاوەمەى ئیسلامی لە عێراق بەرپرسیارێتی خۆی ڕاگەیاند لە سێ هێرش بۆ سەر پێگەکانی ئەمەریکا لە عێراق و سوریا، مقاوەمەى ئیسلامی لە عێراق ڕایگەیاند، کە هێرشێکی مووشەکی کردووەتە سەر هێزەکانی ئەمەریکا لە شەدادی لە پارێزگای حەسەکە لە سوریا[1].
- لە 13ی کانوونی دووەم مقاوەمەى ئیسلامی لە عێراق بەرپرسیارێتی دوو هێرشی بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان گرتە ئەستۆ کە پێگەکانی ئەمەریکایان لە تەنف لە سوریا کردە ئامانج.
لە 19ی تشرینی یەکەمەوە مقاوەمەى ئیسلامى لە عێراق ڕایگەیاندووە کە هەشت هێرشی کردووەتە سەر تەنف، هەروەها مقاوەمەى ئیسلامی لە عێراق ڕایگەیاند، کە یەک هێرشی بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کردووەتە سەر هێزەکانی ئەمەریکا لە ناوچەى ڕوکبان.
- لە 14ی کانوونی دووەم، مقاوەمەى ئیسلامی لە عێراق بەرپرسیارێتی خۆى لە هێرشێک بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ڕاگەیاند، کە هێزەکانی ئەمەریکای لە سوریا کردە ئامانج.
گرووپەکە ڕایگەیاند، کە هێزەکانی ئەمەریکایان لە شەدادی لە پارێزگای حەسەکە کردە ئامانج. ئەو گرووپە لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕی ئیسرائیل و حەماسەوە 11 هێرشی کردووەتە سەر شەدادی.
- لە 15ی کانوونی دووەم مقاوەمەى ئیسلامی لە عێراق بەرپرسیارێتی خۆى ڕاگەیاند لە هێرشێکى فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ سەر هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق.
- مقاوەمەى ئیسلامی لە عێراق لە 16ی کانوونی دووەم بەرپرسیارێتی سێ هێرشی دژی هێزەکانی ئەمەریکا لە سوریا گرتە ئەستۆ.
مقاوەمەى ئیسلامی لە عێراق ڕایگەیاند کە هێرشێکیان بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کردووەتە سەر هێزەکانی ئەمەریکا لە ناوچەی ڕومالین لە پارێزگای حەسەکە لە سوریا.

میلیشیایەکى سەر بە ئێران دژی هێرشکردنە سەر بارەگا دیپلۆماسییەکانە
میلیشیای عێراقی (فەیلەقى وەعد ئەلسادق/ فیلق الوعد الصادق) کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی لێ دەکرێت، لە بەیاننامەیەکدا لە 11ی کانوونی دووەم دژایەتی خۆی بۆ بەئامانجگرتنی نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکان ڕاگەیاند.
ئەو گرووپە نووسیویەتی کە نێردە دیپلۆماسییەکان بەرپرس نین لە هەڵسوکەوتی ڕژێمە سیاسییەکانیان.
ئەم بەیاننامەیە دوای هێرشی مووشەک و هاوەنی میلیشیا عێراقییەکانی سەر بە ئێران دێت بۆ سەر باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەغدا لە ٨ی کانوونی دووەم. فەیلەقى وەعد ئەلسادق بەشێکە لە مقاوەمەى ئیسلامی لە عێراق کە هاوپەیمانییەکی میلیشیا عێراقییەکانە کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێن.

ئێران داوادەکات عێراق پەلە بکات لە دادگاییکردنى بکوژانى قاسم سلێمانى
بەرپرسانی دادوەری ئێران و عێراق باسیان لە لێپێچینەوە لە ئەنجامدەرانی هێرشە ئاسمانییەکەی مانگی یەکی ساڵی ٢٠٢٠ی ئەمەریکا کرد، کە بووە هۆی کوژرانی قاسم سلێمانی فەرماندەی سوپای قودسی سەر بە سوپای پاسداران.
کازم غەریب عەبادی جێگری سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری ئێران بۆ کاروباری نێودەوڵەتی لە 5ی کانوونی دووەم لە میانی کۆبوونەوەی بەرپرسانی دادوەری عێراق لە تاران، داوای لە دەزگای دادوەری عێراق کرد، لێکۆڵینەوەکانی خۆی لە هێرشە ئاسمانییەکە خێراتر بکات.
کەتیبەکانى حزبوڵڵا، مستەفا کازمى سەرۆک وەزیرانی پێشووى عێراق تۆمەتبار دەکات بەوەی هاوکاری ئەمەریکای کردووە لە هێرشە ئاسمانییەکەدا.[2]

هادى عامرى داوا دەکات هاوپەیمانى نێودەوڵەتى لە عێراق دەربکرێت
هادی عامری سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی بەدری عێراقی کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێت، لە 12ی کانونی یەکەم و لە میانی وتارێکی بانگەشەی هەڵبژاردندا لە واست، داوای لە حکومەتی ناوەندی عێراق کرد، هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتی ئەمەریکا لە عێراق دەربکات.
عامرى جەختی لەوە کردەوە کە سوپای عێراق و هێزەکانی حەشدی شەعبی و پۆلیسی فیدراڵی دەتوانن بەبێ پشتیوانی دەرەکی بەرگری لە عێراق بکەن، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە هێزەکانی ئەمەریکا چی تر پێویست نین بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش.
ئەم لێدوانەی عامری دوای ئەوە دێت کە لیژنەی ئاسایش و بەرگری پەرلەمانی عێراق لە ٦ی کانوونی دووەم ڕایگەیاند، کە بڕیارنامەیەکی بۆ دەرکردنی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق داڕشتووە. سەرۆکی ئەم لیژنەیە ئەندامی ڕێکخراوی بەدرە.

کەتیبەکانى حزبوڵڵا پاڵپشتى لە پاڵێوراوەکانى "الصالحین" و "جیهادییەکان" دەکات
کەتیبەکانى حزبوڵڵاى عێراقی کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێت، لە 12ی کانوونی دووەم ڕایگەیاند، لە هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی پارێزگاکان لە 18ی کانوونی دووەمدا پشتگیری لە کاندیدەکانی "الصالحین" و "جیهادییەکان" دەکەن.
کەتیبەکانى حزبوڵڵا ئەو پاڵێوراوانەى وەک کەسانێک پێناسە کرد کە "خزمەتگوزاری پێشکەش دەکەن" بە هاووڵاتییانی عێراق و داکۆکی لە مافەکانیان دەکەن.

عێراق ڕایگەیاند کە ژمارەیەک تاوانبارانی هێرشەکەی ٨ی کانوونی دووەمیان دەستگیر کردووە
یەحیا ڕەسووڵ وتەبێژی سەربازی عێراق ڕایگەیاند، کە دەزگا ئەمنییەکانی عێراق ژمارەیەک  تاوانبارانیان دەستگیر کردووە کە بەرپرسن لە هێرشەکەی ٨ی کانوونی دووەم بۆ سەر باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەغدا.
ڕەسووڵ پێشتر لە 9ی کانوونی یەکەم ڕایگەیاند، کە تیمێکی لێکۆڵینەوە لەگەڵ دەسەڵاتە خۆجێییەکان کار دەکات بۆ دەستنیشانکردن و دەستگیرکردنی ئەو کەسانەی بەرپرسیارن لە هێرشەکان.
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق فەرمانی دا بە دامەزراندنی گرووپێک بۆ لێکۆڵینەوە لە هێرشەکانی 9ی کانوونی دووەم. بەرپرسانی ئەمەریکا داوایان لە حکومەتی ناوەندی عێراق کردووە کە کارمەندانی ئەمەریکا لە عێراق بپارێزێت.

کۆبوونەوەى فالح فەیاز لەگەڵ پارێزگاى نەینەوا
لە 15ی کانوونی دووەم، فالح فەیاز بەرپرسی هێزەکانى حەشدی شەعبی لەگەڵ عەبدولقادر دەخیل پارێزگاری کاتی نەینەوا کۆبووەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر باشترکردنی ئاسایشی پارێزگاکە بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پارێزگاکان، کۆبوونەوەی فەیاز و دەخیل لە چوارچێوەی چالاکییەکانی دیکە کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێت لە نەینەوا، جێگەی سەرنجە، دەخیل پێشتر وەک سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای ئاوەدانکردنەوەی موسڵ کاری کردووە.
ئەندامانی کەتیبەکانى حیزبوڵڵا یاوەری دەخیل-یان کردووە لە پارێزگای نەینەوا دوای ئەوەی وەک پارێزگاری بە وەکالەت دەستنیشان کرا. فەوجەکەی ٢ی لیوای ٤٧ی سەر بە کەتیبەکانى حزبوڵڵا لە ١٤ی کانوونی دووەم ڕەوانەی شنگال کراون لە پارێزگای نەینەوا. ئەم فەوجە یەکەکانی تری لیوای ٤٧ بەهێز دەکات کە لە کاتی هەڵبژاردنەکانی پارێزگاکاندا ئاسایشیان بۆ ناوەندەکانی دەنگدان دابین دەکرد.

ئەکرەم کەعبی پاساو بۆ هێرشەکەى سەر باڵوێزخانەى ئەمەریکا دەهێنێتەوە
ئەکرەم کەعبی سکرتێری گشتیی حزبوڵڵاى نوجەبا بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە و ڕەوایەتی بەخشی بە بەرگرى لە دژی ئەمەریکا لە عێراق دوای دەستگیرکردنی چەند کەسێک پەیوەست بە هێرشەکەی 8ی کانونی یەکەم بۆ سەر باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەغدا.
یەحیا ڕەسوڵ فەرماندەی هێزە چەکدارەکان عێراق لە 14ی کانونی یەکەم ڕایگەیاند، هێزە ئەمنییەکانی عێراق ئەو کەسانەیان دەستگیرکردووە کە پەیوەندییان بەو هێرشانەوە هەبوو کە باڵیۆزخانەی ئەمەریکایان کردە ئامانج بە مووشەک و هاوەن.
ئالینا ڕۆمانۆڤسکی باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق سوپاسی محەممەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی عێراقی کرد بۆ دەستگیرکردنی ئەو کەسانەی کە بەرپرس بوون لە هێرشکردنە سەر باڵیۆزخانەکە.
هێزە ئەمنییەکانی عێراق لە ١٤ی کانوونی دووەم چەند چەکدارێکی کەتیبەکانى حزبوڵڵا و جوڵانەوەى حزبوڵڵای نوجەبا-یان دەستگیر کرد بە هۆى ڕۆڵیان لە هێرشە مووشەکییەکانی ٨ی کانوونی دووەم بۆ سەر باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەغدا. بەرپرسێکی باڵای ئەمنی عێراق لەو بارەوە ڕایگەیاندووە کە میلیشیاکان "هێڵەکانیان بەزاندووە" و دۆخەکە زۆر مەترسیدارە.

ئێران لە یەمەن
هێرشی حوسییەکان بۆ سەر کەشتییەکان

- حوسییەکان لە 11ی کانوونی دووەم هێرشێکیان بەمووشەکی دژە کەشتیی کردە سەر کەشتیی نەرویجی STRINDA لە دەوروبەری باب ئەلمەندەب.
وتەبێژی حوسییەکان هێرشەکەی لە 12ی کانوونی دووەم ڕاگەیاند، ناوەندى سەرکردایەتى ئەمەریکا CENTCOMڕایگەیاند، کە لە دەرەنجامى هێرشەکە ئاگر کەوتووەتەوە، بەڵام زیانى گیانى نەگەیاندووە، هەروەها ڕایگەیاند کە کەشتیی USS Mason دوای هێرشەکە هاوکاری کەشتییەکەى کردووە. هەروەها کەشتیی فرێگاتی فرە ئەرکی FREMMی فەرەنسی ناسراو بە لانگودۆک ڕایگەیاند کە لە 11ی کانوونی دووەم ڕێگرى کردووە لە هێرشێکى فڕۆکەى بێفڕۆکەوان بۆ سەر کەشتی STRINDAلەکاتی گەشتێکى لە کەناراوەکانی یەمەن. حوسییەکان ڕایانگەیاند کە تانکەرەکە نەوتی دەگوازتەوە بۆ ئیسرائیل و حوسییەکان تانکەرەکەیان کردووەتە ئامانج دوای ئەوەی تیمەکەی هۆشدارییەکانیان پشتگوێ خست.
- حوسییەکان لە ١٣ی کانوونی دووەم دوای ئەوەی نەیانتوانی کەشتییەک، بڕفێنن دوو مووشەکی بالیستی دژە کەشتییان ئاراستەی کەشتییەک کرد کە ئاڵای دوورگەکانی مارشال-ى لەسەر هەڵکرابوو. ئیسحاق هێرزۆگ، سەرۆکی ئیسرائیل لە 13ی کانوونی دووەم ڕایگەیاند کە حوسییەکان لە دەریای سووردا هێڵیان بەزاندووە. هێرزۆگ داوای بەهێزکردنی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی کرد لە دەریای سوور بە سەرۆکایەتی ئەمەریکا بۆ ئەوەی ڕێگری لە حوسییەکان بکەن کە مەترسی لەسەر بازرگانی نێودەوڵەتی دروست بکەن.
- حوسییەکان لە 14ی کانوونی دووەم، لە نزیک باب ئەل مەندەب هێرشێکی مووشەکییان ئەنجامدا و کەشتییەکى کۆنتێنەری میرسک جەبەل طارق-یان کردە ئامانج کە خاوەندارێتییەکى دەگەڕێتەوە بۆ دانیمارک و ئاڵای هۆنگ کۆنگ-ی لەسەر هەڵکرا بوو. وتەبێژی سەربازی حوسییەکان ڕایگەیاند کە حوسییەکان فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانیان هەڵداوە بۆ ئەوەی کەشتییەکە بکەنە ئامانج، هەرچەندە هیچ بەڵگەیەک نییە پشتگیری لەم ڕاگەیاندنە بکات. فەرماندەیی ناوەندی ئەمەریکا ڕایگەیاند کە هیچ بریندار و زیانێک لە هێرشە مووشەکییەکە نەکەوتۆتەوە. بە پێی زانیارییەکان کەشتییەکە بەرەو شاری جددە لە سعودییە لە جوڵەدابووە.
- حوسییەکان لە ١٦ی کانوونی دووەم هەڵمەتی هێرشەکانیان بۆ بەئامانجگردنی ڕاستەوخۆی ئیسرائیل چڕکردەوە نەک کەشتییە نێودەوڵەتییەکان لەبەر ئەوەى ئەگەر هەیە بەئامانجەکەى خۆیان گەیشتبێتن کە ئەویش ڕاگرتنی جوڵەى کەشتیوانییە لە ڕێگەی دەریای سوورەوە. وتەبێژی حوسییەکان ڕایگەیاند کە لە ١٦ی کانوونی دووەم لە ڕێگەى دەیان فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە ئیلاتی ئیسرائیل-یان کردە ئامانج.
- پێدەچێت هەڵمەتی حوسییەکان دژ بە جوڵەى کەشتیوانی تا ئێستا کاریگەرییە خوازراوەکەی بەدەستهێنابێت. دوو کۆمپانیای زەبەلاحی کەشتیوانی MSC  کە بنکەکەی لە سویسرایە و گرووپی کەشتیوانی فەرەنسی  CMA CGM، لە 16ی کانوونی دووەم دوای هێرشەکانی حوسییەکان هاتوچۆى کەشتییەکانیان لە دەریای سووردا ڕاگرت. کۆمپانیا گەورەکانی کەشتیوانی نێودەوڵەتی، وەک ماێرسک و هاپاگ-لۆید، لە 15ی کانوونی دووەم کارەکانیان لە دەریای سووردا ڕاگرت. بە تەنیا ماێرسک نزیکەی لەسەدا 17ی جوڵەى کەشتیوانی جیهانی پێکدەهێنێت.
- هەڵمەتی هێرشی دژە کەشتیوانی حوسییەکان بەردەوامە لە گەیشتن بە یەکێک لە کاریگەرییە خوازراوەکانی کە بریتییە لە تێکدانی هاتوچۆی ئەو کەشتییانەى کە بەرەو ئیسرائیل لە جوڵەدان. کۆمپانیای کەشتیوانی ئۆریێنت ئۆڤەرسیز کۆنتێنەر لاین (OOCL) کە بنکەکەی لە هۆنگ کۆنگە، لە 17ی کانوونی دووەم ڕایگەیاند کە دەستبەجێ گواستنەوەی کاڵاکان بۆ ئیسرائیل و بە پێچەوانەوە ڕادەگرێت. کۆمپانیا زەبەلاحەکانی کەشتیوانی جیهانی، وەک کۆمپانیای کەشتیوانی دەریای ناوەڕاست، CMA CGM، Maersk، و هاپاگ-لۆید، پێشتر ڕایانگەیاندبوو کە ئۆپەراسیۆنەکانیان لە دەوروبەری دەریای سوور ڕادەگرن[3].

ئێران لەسەر ئاستى ناوخۆ
ئەنجامدانى مانۆرێکى سەربازى لە کرماشان

لە ڕێکەوتی ١١ی کانوونی دووەم هێزی زەمینی سوپای پاسداران لە قەسری شیرین لە پارێزگای کرماشان مانۆڕێکی سەربازی ئەنجامدا. لە مانۆڕەکەدا هێزەکانى سوپاى پارێزگاکانی هەمەدان، ئیلام و کرماشان و بنکەی ئۆپەراسیۆنی نەجەف ئەشرەف بەشدارییان کرد.
مانۆڕەکە مەشقی شەڕی ئەلیکترۆنی و تاقیکردنەوەی سیستمی ڕادار و پەیوەندییەکان و ئەرکەکانی سیخوڕی لەخۆگرتبوو. بەرپرسانی باڵای سەربازیی ئێران لە 11ی کانونی دووەم جەختیان لەوە کردەوە کە ئامانجی ئەو مانۆڕە ئامادەکردنی هێزەکانی ئێرانە بۆ ئەوەی بتوانن ڕووبەڕووی هەر هەڕەشەیەکی داعش ببنەوە کە لە عێراقەوە سەرچاوە بگرێت.
محەممەد پاک پوور فەرماندەی هێزى زەمینی سوپای پاسداران ڕایگەیاند، کە چەکدارەکانى داعش هێشتا لە پارێزگای دیالە لە عێراق چالاکن و هێزەکانی ئێران دەبێ بتوانن بەرپەرچی هەڕەشەکانی ئەم گرووپە بدەنەوە.
عەلی شادمانی یەکێک لە فەرماندەکانى بنکەى خاتەم ئەنبیا ڕایگەیاند،  کە ئێران لە ڕۆژئاوای وڵات ڕووبەڕووی هەڕەشەی ئەمنی دەبێتەوە، لەو ناوچانەى کە تیرۆریستەکان دەتوانن بچنە ناو ئێرانەوە.

پەیوەندییە دەرەکییەکانى ئێران لە گەڵ هاوتا ڕووسى و چینییەکەى
حسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی ئێران لە پەیوەندییە تەلەفۆنییە جیاجیاکانیدا لەگەڵ هاوتا ڕووسی و چینییەکەی لە ١١ و ١٢ی کانوونی دووەم باسی لە شەڕی ئیسرائیل و حەماس کرد.
عەبدوڵڵاهیان و سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی ڕووسیا جەختیان لە سەر پێویستی ئاگربەستی خێرا و هاوکاری نێودەوڵەتی کردەوە بۆ هاووڵاتییانی مەدەنی لە کەرتی غەززە. هەروەها وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا ڕایگەیاند، کە هەردوو وەزیرەکە ڕێککەوتن لەسەر خێراکردنی کارکردن لەسەر ڕێککەوتنێکی دوولایەنەی نوێ و گەورەی دیارینەکراو.
مۆسکۆ و تاران لە ساڵانی ڕابردوودا هاوبەشی ستراتیژی خۆیان بە شێوەیەکی بەرچاو قووڵتر کردووەتەوە.
لە میانی پەیوەندییەکەیدا لەگەڵ وانگ یی وەزیری دەرەوەی چین، عەبدوڵڵاهیان هۆشداری دا لەوەی ئەگەر ئیسرائیل هێرشەکانی بۆ سەر کەرتی غەززە ڕانەگرێت، ئەگەری ئەوە هەیە کە تەقینەوەیەک لە ناوچەکە ڕووبدات و هەموو لایەنەکان کۆنترۆڵ لەدەست بدەن.
عەبدوڵڵاهیان ئاماژەی بەوەش کرد، ئەمەریکا ناتوانێت لەو مەترسییە تێبگات کە ڕەنگە شەڕی ئیسرائیل و حەماس لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بڵاوبێتەوە.

کۆبوونەوەکانى وەزیری دەرەوەى ئێران
- حسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی ئێران لە 8ی کانونی یەکەم لەگەڵ ئیسماعیل هەنییە سەرۆکی مەکتەبی سیاسی حەماس باسی شەڕی ئیسرائیل و حەماس کرد و میدیاکانی ئێران بڵاویان کردەوە کە هەنییە ڕایگەیاندووە، کە میلیشیا فەلەستینییەکان توانای شەڕکردنیان هەیە بۆ ماوەى چەندین ساڵ. عەبدوڵڵاهیان دووپاتی کردەوە کە هێزەکناى بەرەى بەرگرى لە ناوچەکەدا لەسەر بنەمای بەرژەوەندییەکانی خۆیان مامەڵە دەکەن، نەک بەرژەوەندى ئێران.
- حسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی ئێران لە ١٣ی کانوونی دووەم لە میانی کۆڕبەندی جیهانی پەنابەران لە جنێڤ لەگەڵ هاوتاکانی لە وڵاتانی سعودییە، کوێت، ئوردن و لوبنان کۆبوونەوەی جیاوازی ئەنجامدا.
عەبدوڵڵاهیان داوای ئاگربەستی دەستبەجێی کرد بۆ شەڕی ئیسرائیل و حەماس و تیشکی خستە سەر پێویستی زیادکردنی پشتیوانی مرۆیی بۆ فەلەستینییەکان لە غەززە، ئەمەش بە بەشێک لە هەوڵەکانی ئێران دادەنرێت بۆ کۆکردنەوەی پشتیوانی لە دژی ئیسرائیل لە نێو جیهانی عەرەبی و ئیسلامیدا[4].

ئێران هۆشداری دەداتە ئەمەریکا لە دەریارى سوور
محەممەد ڕەزا ئاشتیانی وەزیری بەرگری و لۆجستیکی هێزە چەکدارەکانی ئێران لە ١٤ی کانوونی دووەم هۆشداری دایە ئەمەریکا لە تێوەگلان لە دەریای سوور.
ئاشتیانی ئەو بڕیارەی ئەمەریکای بۆ دروستکردنی هێزێکى دەریایی فرەنەتەوەیی لە دەریای سووردا بە گەمژانە وەسف کرد و ڕایگەیاند، کە ڕووبەڕووی کێشەی نائاسایی دەبێتەوە، هەروەها ڕایگەیاند کە لەناوچەکەدا ئیتر جێگەى هێزە بیانییەکان نابێتەوە.

چەکدارەکانى جیش العدل 11 سەربازى ئێرانى دەکوژن
چەکدارانی جیش العدل کە گرووپێکی سەلەفی-جیهادی بەلووچە، لە 15ی کانوونی دووەم بە دوو قۆناغ هێرشیان کردە سەر بنکەیەکی پۆلیس لە ناوچەی ڕاسک، لە پارێزگاى سیستان و بەلوچستان کە لانیکەم ١١ کوژراو و هەشت بریندارى لێکەوتەوە.
لە کاتی هێرشەکەدا، دوو چەکداری جیش العدل کوژران. جیش العدل لە ٨ی تەمموزدا هێرشێکی هاوشێوەی بۆ سەر بنکەیەکی پۆلیس لە زاهدان، سیستان و پارێزگای بەلوچستان ئەنجامدا کە بووە هۆی کوژرانی دوو ئەفسەر.

کۆبوونەوەى جێگرى وەزیرى دەرەوەى ئێران لەگەڵ هاوتا چینی و سعودییەکەى
جێگری وەزیری کاروباری دەرەوەی ئێران لە ١٥ی کانوونی دووەم لەگەڵ هاوتا چینی و سعوودییەکانی لە پەکین باسی شەڕی ئیسرائیل و حەماسی کرد.
جێگری وەزیری دەرەوەی هەر سێ وڵات جەختیان لە سەر پێویستی ئاگربەستی خێرا لە کەرتی غەززە و سەربەخۆیی دەوڵەتی فەلەستین کردەوە. ئامانجی گشتیی ئەو دیدارە تاوتوێکردنی پێشکەوتنەکانی ئەم دواییە بوو لە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و سعودییە بە نێوەندگیری چین[6].

ئێران پێی وایە ئیسرائیل لە پشت هێرشەکەى سیستان و بەلوچستانەوەیە
ئێران، ئیسرائیل بە هۆکاری هێرشەکەی ١٦ی کانوونی دووەم دەزانێت کە کرایە سەر بنکەیەکی پۆلیس لە پارێزگای سیستان و بەلوچستان.
ئەحمەد وەحیدی، وەزیری ناوخۆی ئێران ڕایگەیاند، لە میانی سەردانەکەیدا بۆ شوێنی هێرشەکە ڕایگەیاند کە ئیسرائیل پشتیوانی لەو گرووپە چەکدارانە دەکات کە دەیانەوێت پشێوی لە پارێزگای سیستان و بەلوچستان دروست بکەن.

بڵاوکردنەوەى بەیاننامەیەکى هاوبەش لە لایەن ئێران وچین وسعودییەوە
ئێران، چین و سعودییە لە 16ی کانوونی دووەم بەیاننامەیەکی هاوبەشیان بڵاو کردەوە و داوایان کرد دەستبەجێ ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئیسرائیل لە کەرتی غەززە کۆتایی پێ بهێنرێت.
هەروەها لە بەیاننامەکەدا داوای دابینکردنی یارمەتییە مرۆییەکان و دروستکردنی دەوڵەتێکى فەلەستینی سەربەخۆیان کردووە.
ئەم بەیاننامەیە دوای سەردانەکەی جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران دێت بۆ پەکین لە ١٥ی کانوونی دووەم بۆ تاوتوێکردنی شەڕی ئیسرائیل و حەماس و پرۆسەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانى نێوان ئێران و سعودییە[7].





[1] https://www.criticalthreats.org/analysis/iran-update-december-11-2023
[2] https://www.criticalthreats.org/analysis/iran-update-december-12-2023
[3] https://www.criticalthreats.org/analysis/iran-update-december-17-2023
[4] https://www.criticalthreats.org/analysis/iran-update-december-13-2023
[5] https://www.criticalthreats.org/analysis/iran-update-december-14-2023
[6] https://www.criticalthreats.org/analysis/iran-update-december-15-2023
[7] https://www.criticalthreats.org/analysis/iran-update-december-16-2023

#ئێران
بینێرە لە ڕێگەی