شارۆ
شاهۆ
مانگی
تەممووزی ئەمساڵ لە شاری کەرکوک لە کاتی گەڕانەوەم بۆ سلێمانی سەرنجم چووە سەر
پەیکەرە گەورەکەی پێشمەرگە کە لە سەرەتای شارەکە دانراوە. لەبری ئاڵای کوردستان
ئاڵای عێراقی پێوە بوو. ئەوە بوو سەرنجی زۆری ڕاکێشام و بڕیارم دا بێلایەنانە
خوێندنەوەیەکی فرەلایەن بۆ مێژووی ئەو شارە و ڕەگ و ڕیشەی گرفتەکانی بکەم.
خۆشبەختانە
بەخت یاوەرم بوو کتێبێکی زۆر تایبەت و گرنگم دەست خست، کە ئەویش کتێبی (کەرکوک-
شاری ئاگر)ی نووسەری فنلەندی و دۆستی کورد کریستینا کۆڤیونێن بوو.
کتێبێک
کە پڕە لە گێڕانەوەیەکی تێروتەسەلی زانستیی ڕووداوەکانی کەرکوک لە ڕابردوو و
ئێستادا بە تایبەتی ڕووداوەکانی ١٦ ئۆکتۆبەر. کتێبەکە تەواو بێلایەنانە نووسراوە و
ئەرکی ساڵانێکی زۆری کارکردنە کە ئەم کارکردنە زانستی و ڕۆژنامەوانییە ئەستەمە لە
ڕۆژنامەنووسی خۆماندا بیدۆزیتەوە. تەواوی شیکاری و گێڕانەوەکانی بە ئارامی و
ڕەنجکێشییەکی زۆرەوە نووسیوەتەوە. تەنانەت زۆر جار ژیانی لە مەترسی جددیدا بووە
کاتێک چاوپێکەوتنە ڕۆژنامەوانییەکانی ئەنجام داوە.
گرنگترین
ئەو بابەتانەی کە لەم کتێبەدا ئاماژەی پێدراوە:
١. پرۆسەی بەعەرەبکردن یەکێکە
لە شابابەتەکانی ناو ئەم کتێبە، کە چۆن و بۆ پرۆسەی بەعەرەبکردن ڕووی داوە.
دەستپێکی بەعەرەبکردن لە ساڵی ١٩٣٩ دەگێڕێتەوە کە چۆن عێراقی پاشایەتی بە
ڕاگواستنی ٥٠٠٠ هەزار خێزان لە هۆزی عوبەیدی لە بەعقوبە و دیالەوە بۆ حەویجە
هەوڵیان داوە دیمۆگرافیای ناوچەکانی کەرکوک بگۆڕن. بەڵام ساڵانی ترسناکی ئەم
پرۆسەیە ساڵی ١٩٦٣ دەست پێ دەکات بە هاتنە سەر حوکمی بەعسییەکان.
بەعسییەکان
زۆر دڵڕەقانە و بە خێرایی پرۆسەکەیان سەرپێ خستووە، تەنیا لە ساڵانی ١٩٧٨ بۆ ١٩٨٨
لە میانەی پرۆسەی ئەنفالدا (٧٩٩) گوندی کوردنشین لە پارێزگای کەرکوک بە یەکجاری
خاپوور دەکەن. بەکارهێنانی داتا دەورێکی گرنگ دەبینێت لەم کتێبەدا، بەگوێرەی ئەو
داتایانەی کە لەم کتێبەدا خراونەتە ڕوو، لە ساڵی ١٩٥٧ ڕێژەی دانیشتوانی عەرەب لە
کەرکوک تەنیا ٢٨.٢٪ بووە، بەڵام بە دەستپێکی پرۆسەی تەعریبی بەعسییەکان لە ساڵی
١٩٧٧ ڕێژەی عەرەب لە شارەکەدا بۆ لە ٤٤.٤١٪ هەڵدەکشێت، بەگوێرەی سەرژمێری ئەو
کاتە. بە جۆرێک ڕێژەی کوردەکان هەر لەو ساڵەدا ٤٨.٣٪ دادەبەزێت بۆ ٣٧.٥٣٪. سەرباری
ئەم پرۆسەیە دەستکاری یەکە کارگێڕییەکان کراوە، بە جۆرێک قەزای چەمچەماڵ و کەلار
لە پارێزگای کەرکوک دادەبڕن و دەیخەنە سەر پارێزگای سلێمانی. دووزخورماتوو دەخەنە
سەر پارێزگای سەڵاحەدین، کفریش بۆ سەر پارێزگای دیالە. لە کاتێکدا لە سەردەمی
دەوڵەتی عوسمانیدا هەر یەکە لەو ناوچانە سەر بە پارێزگای کەرکوک بوون!
هاوکات
لە دوای ١٦ ئۆکتۆبەر هەمان پرۆسە دەست پێ دەکاتەوە، بەڵام ئەم جارە لە لایەن حەشدی
شەعبییەوە بە ڕێگای دامەزراندنی گرووپی چەکداری و تۆڕێک لە هەوڵدەر و گرووپی
جۆربەجۆر و حەشدی تورکمانییەوە، کە ئامانجەکە هەمان ئامانجی ڕژێمی پێشووە. تەواوی
ئەم پرۆسەیەش بە بڕوای کریستینا دەگەڕێتەوە بۆ وەیشوومەی بوونی نەوت لەو شارەدا کە
ستراتیژی هێزە عێراقی و تەنانەت هاوپەیمانانیش وەهایە، کە نابێت ئارام بێت.
2.
پرسی تیرۆر و دەستوەردانی وڵاتانی هەرێمی لە کەرکوک یەکێکە لەبابەتە
سەرنجڕاکێشەکانی ئەم کتێبە کە تیشک دەخاتە سەر ماندووبوونی سایکۆلۆژی
کەرکووکییەکان لەبەرامبەر پرسی تیرۆر و کوشتار. بۆ ئەم مەبەستەش چاوپێکەوتنی لەگەڵ
چەند کەسێک کردووە. زۆرێک لەو کەسانە تا ئێستاشی لەگەڵ بێت پێیان وایە ئەستەمە ئەو
دیمەنە خوێناوییانە لە یاد بکەن کە شایەتی ڕوودانی بوون.
٣.
لەناو ئەم کتێبەدا یەکنەگرتوویی سیاسی کوردی بەوردی باسکراوە و سەرنجێکی پڕبایەخی
یوست هێڵتەرمانی وەک نموونە باس کردووە، کە ئەویش ئەوەیە کە هێزی سیاسی کوردی
شکستەن لە خوێندنەوەی بیری ڕادیکالیزمی عەرەبی. لە ٢٠١٤-٢٠١٧ تەواوی دەسەڵاتی
حوکمڕانی کەرکوک لەلای کوردەکان بوو، بەڵام هەمان هەڵەیان دووبارە کردەوە، ئەویش
ئازاردان و تۆڵەسەندنەوە لە عەرەبەکان بوو، ئەویش بە دەرکردن و ڕووخانی
گوندەکانیان. بۆیە کاتێک ئەو هەستە دروست بووە لەلای عەرەبە کانی کەرکوک و
دەوروبەری کە ژێردەستەن و بەڕێزەوە مامەڵەیان لەگەڵ ناکرێت، بە هەموو هەوڵێکیانەوە
پاڵپشتی داعشیان کرد بۆ لێدان لە کوردەکان و هێزی پێشمەرگە.
٤.
پرسی ١٦ ئۆکتۆبەر لەم کتێبەدا بە شێوەیەکی زۆر زانستی شیمانە کراوە. گەڕانەوەی
هێزە عێراقییەکان بۆ کەرکوک بە ئاگاداری تەواوی هێزە کوردییەکان بووە و ئەوەی کە
جێگەی سەرنجە ئاماژە بەوە کراوە کە بەریتانیا و ئەمەریکا بەتەواوی گڵۆپی سەوزیان بۆ
هێرشی هێزە عێراقییەکان داوە، بەتایبەت بەریتانیا. بەو پێیەی کە کۆمپانیایBritish
Petroleum کارەکانی کێڵگەی نەوتی هاڤانا و بای حەسەنی ڕادەپەڕاند و لەڕووی یاسای
بەریتانیا نابێت کۆمپانیا نەوتییە بەریتانییەکان بۆ زامنی ئەمنییەتی خۆیان لەگەڵ
دامەزراوەی نادەوڵەتی مامەڵە بکەن، بۆیە دژی حکومەتی هەرێم گڵۆپی سەوزی هەڵکرد بۆ
سوپای عێراق، ئەمە لە کاتێکدا بەریتانییەکان شیکاری وردیان بۆ هەر دوو پارتی
باڵادەستی هەرێم کردبوو لەسەر ململانێکانیان و ویستیان بۆ کۆنترۆڵی چاڵە
نەوتییەکانی کەرکوک. پاشان ئێران لەو سەروبەندەدا ویستی بۆ ئەمەریکا بسەلمێنێت کە
هێزی چەندە؟! ئەویش لە بەرامبەر هەڕەشەکانی ترەمپ بۆ ئێران لە سەر بنەمای
دەستبەرداربوونی ئەمەریکا لە پاڵپشتی بۆ (ڕێککەوتننامەی ئەتۆمی ئێران JCPOA) لە ٢٠١٥ ئێران واژۆی کردبوو لەگەڵ وڵاتانی زلهێز لە نێویاندا ئەمەریکا.
٥.
زۆر بە وردی لەم کتێبەدا باس لە هەژموونی ئێران و تورکیا کراوە لە دەستوەردان لە
عێراق و بەتایبەت کەرکوک. هەر دوو دەوڵەت بۆ ئەوەی نەکەونە بەر ڕەخنەی کۆمەڵگای
نێودەوڵەتی و بنەڕەتنامەکانی تایبەت بە جەنگ و ململانێی سەربازی، سوودیان لە
دروستکردنی ئەکتەری نادەوڵەتی و میلیشیاکان بینیوە. بەتایبەت تورکیا کە ڕاستەوخۆ
نەیشاردووەتەوە کە پاڵپشتی میلیشیا تورکمانییەکان دەکات. ئەوەی جێگەی سەرنجە
دووفاقی تورکیا زۆر بەوردی ئاماژەی پێدراوە کە لە ٢٠١٧دا کاتێک داعش هێرشی کردە
سەر کەرکوک، تورکیا ئامادە نەبوو تورکمانەکان بپارێزێت، کەچی تورکمانەکان هەر
سوورن لەسەر ئەوەی تورکیا پاڵپشتیانە! بەڵام ئەم پاڵپشتییە زیاتر تێیدا تورکمان
وەسیلەیە، نەوەک ئامانج. هەرچی سەبارەت بە گرووپە شیعەکانە زۆر بەڕوونی باسی
کردووە کە لە ژێر چەتری تۆڕێکی جاڵجاڵۆکە ئاسا گردبوونەتەوە، کە بە حەشدی شەعبی
ناسراوە و بە حەتمی بوونەتە ڕێگر لە بەردەم پێکەوەژیان و زیادبوونی گرژی و
ناسەقامگیری لە کەرکوک، ئەوەی وەک مەترسی نیشان کردووە قۆناغەکانی بەیاساکردنی ئەم
هێزە نادەوڵەتییانەیە لە چوارچێوەی دامەزراوەی دەوڵەتی و لۆبیکردنی ئێران بۆیان
لەناو حکومەتی مەرکەزیدا!
٦.
ئەوەی لەم کتێبەدا کە لەلام گرنگ بوو باس لە ئازاری کاکەییەکانی کەرکوک دەکات کە
دووچاری ماڵوێرانی و کوشتارێکی زۆربوونەتەوە لەلایەن داعشەوە، کە هیچی کەمتر نەبوو
لەوەی بەرامبەر ئێزیدییەکان کرا. بەگوێرەی داتاکانی ئەم کتێبە بە تەنها لە نێوان
تشرینی یەکەمی ٢٠١٧ تا ئابی ٢٠١٨، ٢٥٠ کاکەیی بەدەستی داعش کوژراون بە هۆکاری
بۆشایی ئەمنی، بە جۆرێک کە لە زۆر شوێندا ئاماژە بەوە دەکات هێزەکانی سەر بە سوپای
عێراق و حەشد چاویان غافڵ کردووە لە جموجۆڵی داعش لە ناوچە جێناکۆکەکان بۆ ئەوەی
دانیشتوانی ڕەسەنی ئەو ناوچانە نەتوانن بگەڕێنەوە ناوچەکانیان بە هۆکاری بوونی
مەترسی لەسەر ژیانیان.
ئەوەی
بەگشتی لەم کتێبەدا تێی گەیشتم هێز و پارتی سیاسی کوردی ناتوانێت خاوەن ئیرادەی
خۆی بێت، چونکە نەیتوانیوە یەکێتی بوونێکی سیاسی و دامەزراوەیی دروست بکات. کە هەر
درێژە پێدەری گرێی جەنگی چاڵدێران و بیری تەسکی خێڵەکییە لە پرۆسەی حوکمداری و
پەیوەندی سیاسی و دیپلۆماسیدا. هەتاکو لەم گرێیەش ڕزگاری نەبێت، ناتوانێت دروێنەی
دەستکەوتی ستراتیژی بکات لە ناو دەوڵەتی عێراقدا.
#ئێران
#ئەمەریکا
#باشووری_کوردستان
#تیرۆر
#داعش_و_گرووپە_توندڕەوەکان
#عێراق
#کەرکوک
بینێرە لە ڕێگەی