كۆنگرە چارەنووسی ڕابەری بزووتنەوە یەكلایی دەكاتەوە

03:37
02/10/2023
ناوخۆیی

فۆتۆ: تاک

هاوبەشی بکە

تاك

 

لێکترازانی براکان

بەر لە ساڵێک لە ڕۆژی (2/10/2022) لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا، کامیلی حاجی عەلی، کە ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەو حزبە ئامادەی بوون، خۆی بە ڕابەری بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان ناساند و سەرجەم گۆڕانکارییەکانی ناو کۆنگرەی دوانزەی ڕەت کردەوە کە لە (5 شوباتی 2022) بەڕێوەچوو. ناوبراو وتی "لە کۆنگرەدا ئەو تاکە کاندیدی ڕابەری گشتیی بزووتنەوە بووە، کەچی دوور لە کاری دامەزراوەیی و پەیڕەویی، ئەو بە ڕابەری حزبەکە هەڵنەبژێردراوە". ئەمە سەرەتای لێکترازانی بزووتنەوەی ئیسلامیی بوو بۆ دوو باڵ، یەکێکیان بە ڕابەرایەتی عیرفان عەلی عەبدولعەزیز، ئەوی تر بە ڕابەرایەتی کامیل حاجی عەلی، هەردووکیان بە ناوی هەمان حزب و لەژێر هەمان ئاڵادا بانگەشەی شەرعیەتیان دەکرد.
لە ماوەی ساڵێکدا کێشمەکێشمی هەر دوو باڵەکە لە ڕێگەی دانوستان و یاساوە یەکلایی نەبووەوە، هەرچەندە باڵی کامیلی حاجی عەلی لە (ئایاری 2023) بڕیاریاندا لە سلێمانی کۆنگرە ببەستن، بەڵام ڕێگەیان پێ نەدرا و دواجار لە باخچەیەک کۆبوونەوە و بەیعەتیان بە کامیل حاجی عەلی دا وەکو ڕابەری بزووتنەوە، ئەمەش هیچ بنەمایەکی یاسایی نەبوو، لەلایەن هیچ دامەزراوەیەکی یاساییەوە بە تایبەتیش کۆمسیۆن دانی پێدا نەنرا، هێندەی کەف و کوڵێکی ڕاگەیاندن بوو، هێندە یاسایی نەبوو، بۆیە دواجار بە بڕیاری کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، هەر دوو باڵەکەی بزووتنەوە پابەند کران بە بەستنی کۆنگرەی دامەزراندن بە بەشداری هەر دوو باڵەکە پێکەوە، دوای سێ جار دواخستن، دواجار ڕێکەوتی (30/9/2023) بۆ بەستنی کۆنگرە دیاری کرا، بە بڕیاری کۆمسیۆن ئەو دوو هەزار ناوەی کە ساڵی (2016) لەلایەن ئەو حزبەوە ڕادەستی کۆمسیۆن کراوە بۆ وەرگرتنی مۆڵەت، کرایە بنەما بۆ مافی بەشداربوون، بەپێی ڕێنماییەکانی فەرمانگەی پارت و ڕێکخراوە سیاسییەکان سەر بە کۆمسیۆن لە ئەگەری بەشداری (1150) کەس لەو ناوانە کۆنگرە شەرعیەتی هەیە، بەڵام لە ڕۆژی دیاریکراودا کەمتر لەو ڕێژەیە لە هۆڵی کۆنگرە لە سلێمانی ئامادەبوون، بەمەش بە بڕیاری کۆمسیۆن کۆنگرە نەبەسترا و مۆڵەتی (10) ڕۆژ درایە هەر دوو باڵەکە تا لەسەر ڕۆژێک ڕێکبکەون بۆ بەستنی کۆنگرە و لەم گەڕەدا ئامادەبوونی (250) کەس و بەرەو ژوور لە هەر دوو باڵەکە شەرعییەت دەدات بە بەستنی کۆنگرە.

دوا پەیامی بەر لە کۆنگرە

محەممەد بازیانی وتەبێژی بزووتنەوە (باڵی کامیلی حاجی عەلی) ڕۆژی (29/9/2023) لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک نووسی "ئێمە وەک ئەنجومەنی شوورای بزووتنەوەی ئیسلامی و ڕابەرەکەمان کاک حاجی کامیل هەموو هۆکارەکانمان پیادە کردووە بۆ سەرکەوتن لە کۆنگرەی دوانزەی بزووتنەوەی ئیسلامی، تەنها کارێک ماوە دوعا و پاڕانەوە لە خوای گەورە کە پشتیوانمان بێت و ئەو سەرکەوتنەمان پێ ببەخشێت". هەمان ڕۆژ عیرفان عەلی عەبدولعەزیز لە تۆمارێکی ڤیدیۆییدا داوای لە ئەندامانی بزووتنەوە کرد بە گڕ و تینەوە بەشداری کۆنگرە بکەن، هاوکات داوای لێبوردنی لەو ئەندامانەش کرد کە ناویان لە لیستەکەدا نییە و بەهۆی ڕێکارەکانی کۆمسیۆن ناتوانن بەشداری کۆنگرە بکەن.

هۆڵی کۆنگرە و قووڵبوونەوەی ململانێ

محەممەد بازیانی وتەبێژی بزووتنەوە (باڵی کامیلی حاجی عەلی) ڕۆژی (30/9/2023) لەبەردەم هۆڵی کۆنگرە لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی ڕایگەیاند "1070 کەس لە ناوی هۆڵی کۆنگرەدان، بەپێی یاسای کۆمسیۆن دەبێت لە نیوە زیاتر ئامادە بن، بۆیە ڕێژەی یاسایی تەواو نەبووە و کۆنگرە ناکرێت"، ناوبراو تۆمەتی زیادکردنی ناوی دایە پاڵ باڵی عیرفان عەلی عەبدولعەزیز، بەڵام عەبدوڵڵا وەرتی وتەبێژی بزووتنەوە (باڵی عیرفان عەلی عەبدولعەزیز) دەڵێت "ئەو ناوانەی زیادکراون، ئەندامانی سەرکردایەتی، ئەندامی مەکتەبەکان و ئەندامی مەڵبەند و کادیری پێشکەوتووی بزووتنەوەی ئیسلامین، ناویان لە لیستەکە نەبووە، چوار مانگ پێش ئێستا پێشکەش بە کۆمسیۆن کراون و ناوەکان بە ڕێکاری یاسایی کۆمسیۆندا تێپەڕیون، چونکە ئەو لیستە شەش ساڵ پێش ئێستا پێشکەش بە کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق کراوە". دوای شکستی بەستنی کۆنگرە، سۆشیاڵ میدیای باڵی کامیلی حاجی عەلی بڵاویان کردەوە کە ئەوان بایکۆتی کۆنگرەیان کردووە، چونکە باڵی عیرفان عەلی عەبدولعەزیز خەڵکیان با نایاسایی هێناوەتە ناو کۆنگرە.
بەگوێرەی زانیارییەکان باڵی عیرفان عەلی عەبدولعەزیز ئامادەکاری پێشوەختیان کردبوو بۆ کۆنگرە، ئەوانەش کە چووبوونە ناو هۆڵی کۆنگرە زۆرینەی سەر بەو باڵە بوون، باڵی کامیلی حاجی عەلی هەرچەندە وایان ڕاگەیاند ئامادەسازی تەواویان کردووە، بەڵام لەبەردەم هۆڵی کۆنگرە ئەندامانی خۆیان ڕاگرت بچنە ناو هۆڵی کۆنگرە تا ژمارەی یاسایی تەواو نەبێت، ئەوان گرەویان لەسەر پەکخستنی کۆنگرە کرد، چونکە دڵنیابوون لەگەڵ تەواوبوونی ڕێژەی یاسایی لە گەڕی یەکەمدا شکست دەهێنن.

لە چاوەڕوانی گەڕی دووەمی کۆنگرە

دوای دواخستنی کۆنگرە، عیرفان عەلی عەبدولعەزیز لە لێدوانیدا بۆ ڕۆژنامەنووسان وتی "کۆمسیۆن پێیان ڕاگەیاندووین ئەمڕۆ (30/9/2023) ژمارەی ئەوانەی هاتبوونە ناو هۆڵی کۆنگرە 70 کەسی کەمتر بوو لە ژمارەی پێویست کە دەبوو 1150 کەس ئامادە بێت، بۆیە دەبێت لە ماوەی 10 ڕۆژدا کۆنگرە بکەین و بەپێی ڕێنمایی کۆمسیۆن بۆ گەڕی نوێ لە 250 کەس بەرەو ژوور ئامادە بێت دەتوانرێت کۆنگرەکە بکرێت"، وەک توانجێکیش بۆ محەممەد بازیانی وتەبێژی باڵی کامیلی حاجی عەلی وتی "ئەو کەسە نە قنچکی سیرە، نە سەلکی پیازە".
لە بەرامبەردا، شوورای بزووتنەوەی ئیسلامیی (باڵی کامیلی حاجی عەلی) لە بەیاننامەیەکدا ڕۆژی (30//9/2023) باڵی عیرفان عەلی عەبدولعەزیز بە چەندین خروقات تۆمەتبار دەکات، هەروەک لە بەشێکی بەیاننامەکەدا هاتووە "بزووتنەوەی ئیسلامیی بەرهەمی خوێن و ئارەقە و خەبات و جیهادی دەیان ساڵەی هەزاران ڕۆڵەی بە ئەمەکی ئیسلام و کوردستانە، بەڵام بەداخەوە ڕۆژ بە ڕۆژ بەرەو لاوازی و بچووک بوونەوە دەبرێت، بەتایبەت لەلایەن کوڕ و منداڵەکانی مامۆستا مەلا عەلی بە ڕەحمەت بێت، هەموو ئۆباڵی شکست و دۆڕان و دواکەوتنەکان لە ئەستۆی ئەواندایە کە بزووتنەوەکەیان کردووەتە قوربانی پۆست، کورسی، دەسەڵات، قۆرخکاری، مل نادەن بۆ حەق و پابەند نابن بە یاسا و ڕێسا حیزبییەکان".
ئەوەی تێبینی دەکرێت، ئەوانەی ناویان لە لیستی (2) هەزار کەسەکەدایە کە ساڵی (2016) ڕادەستی کۆمسیۆن کراوە و ئەو ناوانەش کە بە ڕەزامەندی کۆمسیۆن زیادکراون، زۆرینەیان سەر بە باڵی عیرفان عەلی عەبدولعەزیز-ن، پێگەی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ڕێکخراوەیی عیرفان عەلی عەبدولعەزیز بەراورد بە ڕکابەرەکەی بەهێزترە، باڵی کامیل حاجی عەلی جۆرێک لە شپرزەیی و ناڕێکخراوەییان پێوە دیارە، تێکڕای ئەم هۆکارانە ئەگەری سەرکەوتنی عیرفان عەلی عەبدولعەزیز بەهێزتر دەکەن، هاوکات لە ڕێگەی چەند کەسایەتییەکەوە دانوستان لە نێوان هەر دوو باڵەکەدا هەیە و پێشنیاری پۆستی سەرۆکی ئەنجومەنی شوورا بۆ کامیل حاجی عەلی کراوە، ناوبراو ئەوەی ڕەت کردووەتەوە، ئەگەر دانوستانەکان ئەنجامێکی نەبێت و بەم جۆرە کۆنگرە بکرێت، بە ئەگەری زۆر مەرگی سیاسیی کامیلی حاجی عەلی لێ دەکەوێتەوە و ناوبراو گرەو لەسەر یارییەکی دۆڕاو دەکات.

 

 

#باشووری_کوردستان #بزووتنەوەی_ئیسلامی
بینێرە لە ڕێگەی