هەڵوێستی ئیسلامییەكانی باشووری كوردستان بەرامبەر شەڕی حەماس و ئیسرائیل

03:47
25/10/2023
ناوخۆیی

فۆتۆ: تاک

هاوبەشی بکە

تاك

 بەرەبەیانی (7 تشرینی یەکەمی 2023) بۆ فەلەستینی و ئیسرائیلییەکان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕۆژێکی جیاواز بوو، باڵی سەربازی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی ئیسلامیی (حەماس) هێرشێکی بەرفراوانی ئاسمانی، دەریایی و زەمینی کردە سەر ئیسرائیل، هێرشەکە لە چەند ڕووەوە پێشهاتێکی نوێ و جیاواز بوو بۆ ناوچەکە، کە ڕەنگە گۆڕانکاریی گەورە و ڕیشەیی لە ناوچەکە دروست بکات، هەڵوێستی وڵاتان و هێزە سیاسییەکان لەمەڕ ئەو پێشهاتە جیاوازە، هەریەکە و لە چوارچێوەی دونیابینی، بەرژەوەندی و ستراتیژی خۆی لێی دەڕوانێت، لەو نێوەندەدا هێزە ئیسلامییەکانی کوردستانیش هەڵوێستی خۆیان خستووەتە ڕوو.

هەڵوێستی فەرمی ئیسلامییەکانی کوردستان

هەمان ڕۆژی هێرشەکە، عەلی باپیر سەرۆکی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان لە بەیاننامەیەکدا هەڵوێستی فەرمی ئاشکرا کرد و ڕایگەیاند "ئەوەی ئەم بەیانییە ڕوویدا لە نێوان تێکۆشەرانی فەلەستین و زایۆنییە داگیرکەرەکاندا لە دەوروبەری غەززە، جێبەجێبوونی فەرمایشتی خوای بەرزە، چونکە لەمێژە هێزە زایۆنییەکان هەڵدەستن بە کوشتن، وێرانکردن، سووتاندن، دەرکردن و جۆرەکانی دیکەی دەستدرێژی و ستەم دژی فەلەستینییەکان هەموو سنوورێکی بەزاند و جام لە سەرییەوە ڕژا و بەرهەڵستکارە فەلەستینییەکان سەبریان بڕا، بۆیە کاتی ئەو کاردانەوە هاتبوو کە بینیمان. ... لەسەر تێکڕای موسڵمانانیش پێویستە، پشتیوانی گەلی ستەمدیدەی فەلەستین بکەن بە هەرچی لە توانایاندایە، ئەگەر بە دوعایەکیش بێت".
چەند ڕۆژێک دواتر سەرۆکی کۆمەڵ لە لاپەڕەی خۆی لە فەیسبووک نووسیویەتی "هەرکەس لەم ڕۆژگارەدا پشتیوانیی لە موسڵمانانی ستەملێکراوی فەلەستین نەکات، لە بەرامبەر ستەمی جولەکە زایۆنییەکاندا، نیشانەی پرسیاری زەقی دەکەوێتە سەر لە ڕووی: موسڵمانێتی و کوردایەتیی و مرۆڤایەتیشەوە"، سەبارەت بە ڕێگەچارەی کێشەی فەلەستین عەلی باپیر دەنووسێت "گەلی جوولەکەش وەک هەر گەلێکی دیکە مافی خۆیەتی خاوەنی ئیرادە و ئیدارەی خۆی بێ، بەڵام نەک لەسەر حیسابی خەڵکی دیکە و بە زۆر و سەپاندن. چارەسەری ڕیشەیی کێشەی گەلی فەلەستین بەوە دەبێت کە لەسەر خاکی خۆی، خاوەنی قەوارە و دەوڵەتی سەربەخۆی خۆی بێت، چی دیکە پەڕاگەندە و دەربەدەر نەبێت".
هەمان ڕۆژی دەستپێکی هێرشەکەی حەماس، سەڵاحەدین محەممەد بەهادین ئەمینداری گشتیی یەکگرتوو لە لاپەڕەی خۆی لە فەیسبووک نووسی "‏خۆزگە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ حیسابی ئەوەیان دەکرد کە فشاری ستەمی حەفتا ساڵەی داگیرکاری، کوشتار و گەمارۆی زایۆنیزمەکان لە تەقینەوەیەکی وەک ئەمڕۆدا زۆر چاوەڕوان نەکراو نییە، ‏خۆزگە فەلەستینییە چەوساوەکان لە کاتی سەرکەوتندا سنووری یاسای شەرعی جەنگیان نەدەبەزاند و مافی کوژراو و دیلیان پێشێل نەدەکرد، خۆزگە ئەوانەی داکۆکی لە ئاشتی دەکەن و دژی جەنگن، لەبیری ئەوەدا بوونایە کە ئاشتی لە کاتی ستەمکاریدا زیللەت و نەشیاوە، ئاشتی لە زەمینەی دادگەری و ئازادی و یەکسانکاریدا بەجێیە و بەرهەمدارە".
نووسینەکەی ئەمینداری گشتیی یەکگرتوو هێندەی گوزارشتە لە ڕووداوەکە، هێندە گوزارشت نییە لە هەڵوێستی فەرمی حزبەکە، بەشێکی خۆزگەکانی ناوبراو بۆ بینینی ئەو دیمەنانە دەگەڕێتەوە کە لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن بڵاوبوونەتەوە و حەماس بە پێشێلکاری تۆمەتبار دەکەن، تێبینی ئەوەش دەکرێت کە ئەو ڕۆژەی حەماس هێرشی کردە سەر ئیسرائیل، ئەمینداری گشتیی یەکگرتوو بە سەردانێکی فەرمی لە تورکیا بوو، بۆیە هەڵوێستی فەرمی یەکگرتوو دواکەوت، تا لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی حزبەکە لە (12/10/2023) بە بەیاننامەیەک هەڵوێستی فەرمی یەکگرتوو ڕاگەیەنرا، لە بەیاننامەکەدا هاتووە "سەرکردایەتی هەڵوەستەی کرد لەسەر شەڕ و ئاڵۆزییەکانی ئەم ڕۆژانەی نێوان بزووتنەوەی حەماس و ڕژێمی ئیسرائیلی داگیرکەر، جەختی کردەوە لەسەر پشتیوانی خۆی لە مافی ڕەوای گەلی فەلەستین بۆ بەرگریکردن لە خۆیان و پیرۆزییەکانی موسڵمانان، بە تایبەتی مزگەوتی ئەقسای پیرۆز کە ئەرکێکی ئایینی و شەرعییە و ڕوو دەکاتە سەرجەم موسڵمانان. هاوکات هاوسۆزی و هاوخەمی خۆی ڕاگەیاند بۆ دانیشتوانی کەرتی غەززە کە لە ژێر دڕندانەترین گەمارۆ و بۆردوومانی ئاسمانیدان، ئەوەش ئەرکێکی ئینسانی و ئەخلاقییە و ڕوو دەکاتە هەموو گەلانی جیهان"، یەکگرتوو وەک ئەرکێکی ئایینی و مرۆیی دەڕوانێتە مافی فەلەستینییەکان، ئەرکە ئایینییەکە ڕوو لە موسڵمانانە، ئەرکە مرۆیی و ئەخلاقییەکەش ڕوو لە هەموو گەلانە.
بزووتنەوەی ئیسلامیی بە ڕابەرایەتی عیرفان عەلی عەبدولعەزیز لە بەیاننامەیەکدا هەڵوێستی فەرمی خۆی ڕاگەیاند و تێیدا هاتووە "زۆر بە توندی ئیدانەی ئەو ڕەشەکوژییە دەکەین کە ڕژێمی ئیسرائیل بە فڕۆکە جەنگییەکانی هێرشی بێبەزەییانە و ناڕەوا دەکاتە سەر خەڵکی سڤیل و بێتاوانی کەرتی غەززە، کە پێچەوانەیە لەگەڵ یاسا نێودەوڵەتییەکان، کە بووە مایەی شەهید و برینداربوونی ژن، منداڵ، پیر و پەککەوتە و خەڵکی بێتاوان، ئەوەش نیگەرانی و تووڕەیی قووڵ دروست دەکات لەلایەن موسڵمانانەوە لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، کە چاوپۆشی دەکەن و بێدەنگن لە ئاست ئەو پێشێلکارییانەی کە ئیسرائیل ئەنجامی دەدات بەرامبەر هاووڵاتییانی فەلەستینی ستەملێکراو".
کامیل حاجی عەلی ڕابەری بزووتنەوەی پەیوەندی ئیسلامیی لە بەیاننامەیەکدا هەڵوێستی خۆی بەم جۆرە دەردەبڕێت "گەردەلوولی ئەقسا دڵی هەموو ستەمکارانی جیهانی ڕاچڵەکاند، کە ستەمکاری و داگیرکاری و خوێنمژینی گەلان تا سەر نابێت، .... بەتوندی ئیدانەی ئەو هێرشە ناڕەوایەی داگیرکەرانی ئیسرائیل بۆ سەر فەلەستینییەکان دەکەین کە بە دەیان خەڵکی سڤیل و بێتاوانیان کردووەتە ئامانج، لە خودای گەورە داواکارین پلەی شەهیدیان پێ ببەخشێت، هیوای سەرکەوتن بۆ گەلی ستەملێکراوی فەلەستین دەخوازین".

سەرکردە ئیسلامییەکان چی دەڵێن؟

جگە لە هەڵوێستی فەرمی هەر چوار حزبە ئیسلامییەکەی باشووری کوردستان، سەرکردە و کادیرە باڵاکانی ئەو حزبانەش لە لاپەڕە و هەژماری خۆیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەڵوێستی خۆیان دەربڕیوە، ئەحمەد وەرتی سەرکردە لە بزووتنەوەی پەیوەندی دەنووسێت "ئەوەی ئێستا لە فەلەستین ڕوو دەدات، بە تایبەت ئەو وەرچەرخانە گەورەیەی ڕوویدا لە شێوازی ڕووبەڕووبوونەوە لە نێوان حەماس و قەوارەی جولەکە، ئەنجامی حەتمی فشار، ستەم، چەوساندنەوە و ڕقی پەنگخواردووی حەفتا ساڵەی داگیرکاری، کوشتار و گەمارۆی بەردەوامی زایۆنیزمەکانە دژ بە خاک و خەڵکی فەلەستین".
محەممەد ئەحمەد سەرکردەی یەکگرتووی ئیسلامیی لە هەژماری خۆی نووسیویەتی "ئەوە زیاتر لە حەفتا و پێنج ساڵە، فشاری جۆراوجۆر لە خەڵکی فەلەستین دەکەن، خاکیان داگیر دەکەن، ئاوارە و دەربەدەریان دەکەن، دەیانکوژن، زیندانی سی ساڵ و چل ساڵیان دەکەن، دوای ئەوەی چەندان ملیۆنیان لێ ئاوارەی وڵاتان کرد، هەر هەموویان پێچانە شاری غەززە و بەری ڕۆژئاوا، دواتر لە یەکیان دابڕین، هەر تەسلیم نەبوون و نەڕووخان و کۆڵیان نەدا، چونکە بڕیاری جیهادی مقاوەمەتیان دابوو. ئەوە بوو هێزێکی تێکۆشەری وەک حەماس پێشەنگی کردن و سەرکردایەتییەکی خاوەن بیروباوەڕ و فیداکارییان بۆ خۆیان هەڵبژارد و دەسەڵاتدارێکی شکڵی ناڕاستگۆ و نادڵسۆز و ئەمانەت نەپارێزیان وەدەرنا".
ئەبووبەکر هەڵەدنی سەرکردەی یەکگرتوو لە هەژماری خۆی نووسیویەتی "غەززە دەستە خوشکی سنە، دەرسیم، هەڵەبجە و کۆبانێ، هەمان دەردیسەری وێرانی تۆپ، فڕۆکە و خومپارە، دونیای بێدەنگی دیموکراسی و مافی مرۆڤ تێیدا شەرمەزارە، غەززە هێمای مەزڵوومیەتی نەتەوەیەکی بندەستی داگیرکراو".
ناسک تۆفیق ئەندامی پەرلەمان لە خولی سێیەم لە فراکسیۆنی یەکگرتوو نووسیویەتی "هەمیشە کورد هاوخەمی فەلەستینییەکان بووە. هەر لە سەردەمی سەرکردەی دیاری کورد سەڵاحەدینی ئەیووبی و دوای ئەویش چەندین شەهیدی داوە، لە ساڵی ١٩٤٨، لە فەلەستین گەڕەک هەیە بەناوی گەڕەکی کوردەکان".
سەعید هەرکی سەرکردەی کۆمەڵی دادگەری نووسیویەتی "لە کاتێکدا هەموو ئەوروپا پشتگیری جولەکە دەکەن بۆ کۆمەڵکوژی هاووڵاتییانی غەززە، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بە شانازییەوە دەڵێت، من وەک جولەکەیەک هاتووم هاوکاری کەسوکاری خۆم بکەم لە ئیسرائیل، کە چەندین ساڵە منداڵ، ژن و بێ دەسەڵاتەکان کۆمەڵکوژ دەکەن، دەسەڵاتدارە عەرەبەکانیش دەڵێن فەلەستینییەکان تیرۆریستن بە ماڵ و منداڵەوە با لەناویان بەرن".
ئەبووبەکر کاروانی سەرکردەی یەکگرتووی ئیسلامیی، لە دوو وتاردا شیکاری بۆ ڕووداوەکانی غەززە کردووە و دەنووسێت "ئەوەی ڕووی داوە بەرەنجامێکی سروشتیی مێژوو و کەڵەکەبوونی داگیرکاری و هاتنە سەرکاری حکومەتێکی ڕاستڕەوی توندڕەوە لە تەلئەبیب، بەڵام بەتوندیش بە ململانێکان و پرۆژە و نەخشەی جەنگە بڕیارلێدراوەکانی ناوچەکە و گۆڕانکارییە چاوەڕوانکراوەکانەوە بەستراوەتەوە".
لە وتارێکی تردا کاروانی دەنووسێت "بۆ ئێمەی کورد لە ناوچەکەدا، بێلایەن بوون لەو جەنگەی لە ئارادایە، بەتایبەتیش لە ئەگەری پەرەسەندنیدا، تا ئەوپەڕی ئەوەی پێمان دەکرێت عاقڵانەیە، بەڵام هاوکات پشتیوانیکردن لە مافی گەلی فەلەستین، بۆ چارەسەرکردنی کێشەکەی و دامەزراندنی دەوڵەتی فەلەستین و داواکردنی کۆتاییهێنان بە جەنگ، خوێنڕێژی و توندوتیژی، هەروەها ڕەتکردنەوەی سیاسەتی بەئامانجگرتنی مەدەنییەکان، ئابڵۆقەدان، برسی و تینووکردنیان، کە دژ بە سەرەتا ئینسانییەکان و یاسای گشتی نێودەوڵەتی ئینسانییە. ئەرکێکی ئەخلاقی و پارێزگاریکردنە لە بەرەی ناوخۆیی و میسداقیەتی مەسەلەی ڕەوای کوردستان و کێشەی کورد، داوای پشتیوانی لێ کردنیان و لێسەندنەوەی کەرەستەی پڕوپاگەندە، لەدەست بەرامبەری ناحەز بە پرۆژەی کوردستانی و مافەکانی نەتەوەی مەزنی کورد و گەلی کوردستان لە دەوروبەرمان، ئەوەش واتای پێویستی جیاکردنەوەی مەسەلە و گەلی فەلەستین، گرووپە چەکدارە فەلەستینییەکان و ئەو جەنگەی ئێستایە لە یەکتر، لە کاتی هەڵویستگرتنی سیاسیدا".
ئیسماعیل بۆسکانی سەرکردەی کۆمەڵ نووسیویەتی "ئەو گەمارۆیەی ئیسرائیل لەسەر غەززە دایناوە ماوەی 16 ساڵە هیچ هێزێک نەیتوانیوە لایدات، کە بە هەموو پێوەرێکی یاسایی و مرۆیی نادروستە. بۆیە هیچ کاتێک ئیسرائیل شەڕی ڕانەگرتووە بەرامبەر فەلەستین بەتایبەت غەززە تا بوترێت ئەو دەستدرێژی کراوەتە سەر".
سەباح قارەمانی کادیری پێشکەوتووی کۆمەڵ نووسیویەتی "منیش موسڵمانم مافی خۆمە، پشتگیری برا و خوشکەکانم دەکەم لە غەززە".
عەبدوڵڵا پێنجوێنی سەرکردەی کۆمەڵی دادگەری نووسیویەتی "کێشەی فەلەستین و غەززە کێشەیەکی عەقیدەییە، نەک نەتەوەیی، بۆیە موسڵمان دەبێت پێی ناخۆش بێت، ئاگای لە داواکاری دینەکەی بێت کە دەڵێت، موسڵمانت خۆش بوێت لە هەر زمان و ڕەنگ و نەژادێک بێت، ڕقت لە بێباوەڕان و ستەم لێ کراوان بێت با کوردیش بێت، ئەمە دینە ئەگەر دەتەوێت ئەگەرنا لە هەڵەدایت".
ئەبووبەکر سدیقی سەرکردەی کۆمەڵ نووسیویەتی "ئەمڕۆ ڕۆژی تۆڵە بوو، تێکۆشەران و کەڵە موجاهیدەکان و پاڵەوانەکانی حەماس تۆڵەی خۆیان لە داگیرکەر و ستەمکاران دەکەنەوە، داواکارین لە خودای تۆڵەسێنەر سەریان بخات، بەڵام جەبان و فسفس پاڵەوانی وا هەیە خۆی دەشارێتەوە و خۆی گووم دەکات، هەتا ناوەکەشی لە ترسا دەگۆڕێت، پاڵەوان خودا سەری دەخات، فسفس پاڵەوانیش ژێر دەخات، ئەمە سوننەت و ڕێبازی خودایە".
عەبدولستار مەجید پەرلەمانتاری خولی پێشووی کۆمەڵ نووسیویەتی "نزیک بە سەد ساڵە بە دەستلەپشتدان و پشتیوانی ئەمریکا و خۆرئاوا، ڕژێمی زایۆنی خاکی فەلەستین داگیر دەکات و سڵ لە هیچ کوشتار و تاوان و تیرۆرێک ناکاتەوە، لە ڕاستیدا کوردیش هەمان کێشەی فەلەستینی هەیە، هەر دوو لامان دوو گەلی چەوساوە و ژێردەستەین، مێژووی هەر دوو لامان پڕە لە خوێن و کۆمەڵکوژی. هیوادارم هەم فەلەستینییەکان بگەنە مافی خۆیان و ئەو وەرەمە شێرپەنجەییەی ناوی لێ نراوە ئیسرائیل، خوای گەورە تەفروتونای بکات و کۆتایی بێت، هەم ئێمەش کۆتایی بە میحنەت و نەهامەتییەکانمان بێت و بگەینە ئەو ئامانجەی کە قوربانیمان لەپێناویدا داوە".
محەممەد حەکیم وتەبێژی کۆمەڵی دادگەری نووسیویەتی "قەوارەی زایۆنیزم بەرجەستەی کوفر، داگیرکاری و ستەمە، هەر گەلێکی ستەمدیدەی خاوەن خاکی داگیرکراو مافێکی ڕەوایە داکۆکی لە خۆی بکات. هەموو گەلێکی موسڵمانی دەبێت بە سەرکەوتنی گەلانی ستەملێکراو دڵخۆش بن، وەکو چۆن بە ناڕەحەتییەکانیان ناڕەحەت دەبن، ژێردەستەیی، ستەم، بەندکردن، کوشتن و گرتنیش بۆ موسڵمانان ڕۆژێک هەر دێتە کۆتایی".
فارووق عەلی سەرکردەی کۆمەڵی دادگەری نووسیویەتی "دۆزی فەلەستین کێشەی گەورەی جیهانی ئیسلامە، پەیوەست نییە تەنیا بە عەرەب و فەلەستینییەکان و دانیشتوانی غەززەوە، پشتیوانیکردن و هاوسۆزی بۆیان بە بەشێک لە بیروباوەڕی ئیسلامەتیمانی دەزانین، ئەگەر ئەوە تاوان بێت شانازی پێوە دەکەین و خۆمانی لێ بێبەری ناکەین، ئەوەی پێویستە شەرم بکات ئەوانەن پشتیوانی لە داگیرکەر دەکەن، هەموو کەس دەزانێت حەماس و بزووتنەوە جیهادییەکانی فەلەستین زۆر جیاوازن لە داعش، مەگەر کەسێک بە یەکیان بشوبهێنێت حەڵاڵزادە نەبێت".
مونیرە عەلی عەبدولعەزیز سەرکردەی بزووتنەوەی ئیسلامیی نووسیویەتی "پێویستە هەموو موسڵمان و مرۆڤێکی خاوەن ویژدان ئەو ڕاستییە بزانێت کە کێشەی فەلەستین کێشەی هەموومانە، پرسێکی گشتگیر و عەقیدەیی و ئیمانییە و پەیوەندی بە هەموو موسڵمانانی جیهانەوە هەیە، لەمپەڕی دونیا بۆ ئەوپەڕی دونیا، دەبێت هەموومان پشتگیریان بکەین بۆ لابردنی ئەو ستەم و داگیرکارییەی نزیکەی سەدەیەکە بە ئەنقەست بەرامبەریان دەکرێت".

تێڕوانینی سەلەفییەكان

لەناو سەلەفییەکانیشدا چەند وتاربێژێكیان هەڵوێستی خۆیان دەربارەی غەززە دەربڕی، عەبدوللەتیف ئەحمەد مستەفا وتاربێژی مزگەوتی بەهەشت هەندێک دوعا و ئایەتی قورئانی داناوە و وتارێکی پێشتری خۆشی داناوە کە باسی فەلەستین دەکات. لە بەشێکی وتارەکەیدا دەڵێت "کێشەی فەلەستین کێشەی گەلێکی موسڵمانە بەرامبەر جولەکەی داگیرکەر، دەبێت بگەڕێینەوە بۆ ئایینەکەمان و پشتیوانی موسڵمانانی فەلەستین بکەین، ئەمەش بەو مانایە نییە خۆمان بدەینە دەست کەسانی تر و بەناوی جیهادەوە بمانفرۆشن، ئەگەر هیچمان لەدەست نەیەت، دەبێت دوعا بۆ ستەملێکراوانی فەلەستین بکەین".
ئەو دوو وتاری هەینی لەژێر ناونیشانی (چی بكەین بۆ موسڵمانانی ستەملێكراوی غەززە) و (كارەساتی غەززە لە نێوان ئازار و ئومێد) بۆ قسەكردن دەربارەی غەززە تەرخان كرد.
لە بەشێكی وتاری یەكەم ڕەخنە لە حەماس دەگرێت و دەڵێت "ئەوەی ئیمان لەدڵی بێت بە پەرۆشە بۆ موسڵمانان لە غەززە، كە لەلایەن جولەكەی داگیركەری بێ دینی خوێنڕێژ چیان بەسەر دێت، بەڵام نابێت بیانویەكیان بدرێتە دەست كە غەززە وا لێبكەن، ئەوان لە شارێك دەژین ئاو، كارەبا، ئینتەرنێت و ژیانیان لەژێردەستی ئیسرائیلە، چۆن دەبێت كارێك بكەیت لێیان بپاڕێیتەوە نەخۆشخانە بۆردومان نەكەن، بەهۆی ئەم ڕووداوەوە كە گەورەترین ئاواتی جولەكە هاتەدی و بیانویان درایە دەست تا كاولكاری بكەن".
لە وتاری دووەمیشدا دەڵێت "هاتنی جولەكە بۆ فەلەستین هەر لە سەرەتاوە ستەمە، بەڵام موسڵمان دەبێت عاقڵ بێت، بابەتەكە زۆر لەوە گەورەترە، دەبێت موسڵمان ئارام بگرێت، ئەم شەڕە پیلانێكی گەورەیە، ئامانجەكە تێوەگلاندنی موسڵمانانی ئەهلی سوننەیە".
لە چاوپێكەوتنێكی تەلەفزیۆنیشدا دەڵێت "من بۆم بگونجێت دەچمە فەلەستین و ئەوەی دەكرێت جیهادە، بەڵام ئەوەی دەكرێت جەنگێكی هاوسەنگ نییە، كە ئێمە ڕەخنە دەگرین لە دروستكردنی شەڕ، بە وتاری حەماسی ئەركی سەرشانی موسڵمانانی غەززە سووك نابێت، ئیسلامییەكان پێیانناخۆشە كە ڕەخنەیان لێدەگرین، حەماس ئامڕازێكە شەڕی پێهەڵگیرسێنرا، پیلانەكە زۆر لەوە گەورەترە، حەماس جیهاد دەكات، بەڵام لە هەنگاوەكەیان هەڵەن".
هەڵۆ حەڕەشید یەكێكی ترە لە وتاربێژە دیارەكانی سەلەفی لە سلێمانی، دەربارەی ڕووداوەكانی غەززە لە چاوپێكەوتنێكدا بۆچوونی خۆی لەوبارەوە دەردەبڕێت و دەڵێت "ئەوەی ئێستا ڕوودەدات ململانێی فارس و ڕۆمە، بە جەنگی ئیسلام و كافری نازانم، بە جیهادی نازانم، حەماس نوێنەرایەتی ئەهلی سوننە ناكات، خۆیان داوەتە پاڵ ئێران و بوونەتە هاوپەیمانی ئەو وڵاتە". ناوبراو لە لاپەڕەی خۆی چەند بابەتی تری داناوە و بۆ پاڵپشتی قسەكانی تا بیسەلمێنێت حەماس سەر بە ئێرانە.
مەلا سیروان ئەشقەر یەكێك لە ڕێبەرانی سەلەفی مەدخەلی وتارێكی كورتی چەند خولەكی لە تیكتۆك بڵاو كردووەتەوە، تێیدا دەڵێت "ئەوە چەندەمین جارە حەماس و ئیسرائیل بەشەڕ دێن، ئەم شەڕە هەمووی زیانە، وڵاتی موسڵمانان وێران بوو، هەموو كوژران، فەتوای زانایان هەیە كە پێان دەڵێن دانیشن و وا مەكەن، بەڵام ئەوان بە قسەی زانایان ناكەن، مەسەلەكە شیعەی رافیزەیە كە ئەوانی هانداوە وا بكەن، ئەوە گەمژەییە، جیهاد نییە".

ڕووماڵی شەڕەكە

دەزگاكانی ڕاگەیاندنی حزبە ئیسلامییەكان، بەشێوەی چڕ ڕووماڵی شەڕی حەماس و ئیسرائیل دەكەن، بە نموونە كەناڵی ئاسمانی پەیام زمانحاڵی كۆمەڵی دادگەری لە یەكەم ڕۆژی شەڕەكە (10) هەواڵ و ڕاپۆرتی لەوبارەوە بڵاو كردووەتەوە، كەناڵی سپێدە زمانحاڵی یەكگرتووی ئیسلامیی (12) هەواڵ و ڕاپۆرتی بڵاو كردووەتەوە، هاوكات لە سۆشیال میدیا چەندین لاپەڕە و كەناڵی ڕاگەیاندنی ئیسلامییەكان هەواڵی شەڕی غەززە بڵاودەكەنەوە، لەبەر سانسۆر لە فەیسبووك كەمتر وێنە و ڤیدیۆ بڵاو دەكەنەوە و كورتەیەكی هەواڵەكە، یان مانشێتەكەی دادەنێن و بۆ بڵاوكردنەوەی وێنە و ڤیدیۆ سوود لە كەناڵی تێلێگرام وەردەگرن، بە گشتی لە بڵاوكردنەوەی هەواڵەكان لایەنگری بۆ حەماس و فەلەستینییەكان و دژایەتی ئیسرائیل بەڕوونی دیارە.

پوختە

بە وردبوونەوە لەوەی خرایە ڕوو، سەبارەت بە هەڵوێستی حزب و کەسایەتییە ئیسلامییەکان دەکرێت سەرنج لەم خاڵانە بدرێت:
1- هەڵوێستی هەر چوار حزبە ئیسلامییەکە لە هەر دوو ڕەهەندی ئایینی و ستەمکارییەوە سەرچاوەی گرتووە، ئایینداری کە هاوئایینی موسڵمانێتییە و دەبێت هاوسۆزی بۆ موسڵمانانی فەلەستین دەربڕن، ستەمکاریش کە ئیسرائیل پێشێلکاری مافی گەلێک و ڕێککەوتن و بڕیارە نێودەوڵەتییەکانی کردووە و ڕازی نییە بە دروستکردنی دەوڵەتی فەلەستین و پێدانی ماف پێیان.
2- هەڵوێستی سەرکردە و کادیرانی پێشکەوتووی حزبەکان هەمان تێڕوانینی ئایینی و ستەمکارییە، بەڵام لایەنی ئایینی زەقترە.
3- جگە لە ئەبووبەکر کاروانی کە دوو وتاری شیکاری لەسەر ڕووداوەکانی غەززە نووسیوە، هیچ سەرکردە و کادیرێکی تری حزبە ئیسلامییەکان شیکارییان بۆ ڕووداوەکان نەکردووە، بەڵکو نووسینەکانیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان جۆرێکە لە هاوسۆزی بۆ فەلەستینییەکان و حەماس و لایەنی سۆزداری بەسەر زۆربەیدا زاڵە.
4- سەرکردە و کادیرانی پێشکەوتووی کۆمەڵی دادگەری بەراورد بە وانی تر بابەتی زۆرتریان لەسەر ڕووداوەکانی چەند ڕۆژی ڕابردووی فەلەستین بڵاو کردووەتەوە.
5- بەشێک لە سەرکردە و کادیرە باڵاکان، بەیاننامەی فەرمی حزبەکانیان، هەواڵی سەرکەوتن و هێرشەکانی حەماس، ئایەتی قورئان کە گوزارشتە لە جولەکە، یان قوربانیدانی موسڵمانان، یان سەرکەوتنی موسڵمانان، دوعا و بابەتی کەسانی تریان هاوبەشی (share) کردووە.
6- دەزگاکانی ڕاگەیاندنی حزبە ئیسلامییەکان ڕووبەرێکی بەرفراوانیان بۆ ڕووماڵی جەنگەکە تەرخان کردووە.
7- سەلەفییەكان هەنگاوەكەی حەماس بە هەڵە دەزانن كە شەڕی هەڵگیرساندووە، ڕووداوەكە بە پیلانێكی گەورە دادەنێن، هەندێكیشیان حەماس بە كرێگرتە و هاوپەیمانی ئێران و بەرەی شیعە هەژمار دەكەن.

 

 

#ئیسرائیل #باشووری_کوردستان #فەڵەستین #یەکگرتوو #کۆمەڵی_دادگەری #بزووتنەوەی_ئیسلامی
بینێرە لە ڕێگەی